وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا دەکات.   مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت: ''ئەمریکا پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکات کە بەم دواییە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا راگەیێندرا بۆ تێکەڵکردنی باکووری رۆژهەڵات بۆ نێو سووریایەکی یەکگرتوو".   وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا پشتیوانی واشنتن بۆ قۆناخی راگوزەری سیاسی لە سووریا دووپاتدەکاتەوە بە جۆرێک حکومەتێکی نامەزهەبی متمانەپێکراو دروستبکرێت وەک باشترین رێگە بۆ رێگریکردن لە شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە سووریا.   مارکۆ روبیۆ دەشڵێت، ''ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو بڕیارانە دەکەین کە لەلایەن دەسەڵاتدارییەتیی کاتی سووریا دراون بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە تووندوتیژییە خوێناوییەکەی ئەمدواییە لە دژی پێکهاتەکان".

  ئاژانسى ڕۆیتەرز، ئەمرۆ سێ شەممە، بڵاویکردەوە دانیشتوانی کۆمەڵگەی بەدەوی دەڵێن دانیشتوانی ئیسرائیلی چەکدار سەدان مەڕیان دزیوە. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کە تێیدا بەدەوییەکانی ناوچەکە ڕایانگەیاندوە کە هێرشیان کراوەتە سەر و هەراسانکراون. ئەم جۆرە هێرشانە لە ناوچەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە زیادیان کردووە بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن قەبارەی ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی لە نزیک عەین ئەلعوجە لە باکووری شاری ئەریحا لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە زۆر زیاتر بووە لە هەموو شتێک کە پێشتر ڕویداوە. هانی زاید، دانیشتووی ئەو کۆمەڵگایە، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە لە هێرشەکەدا ٧٠ مەڕی لەدەستداوەو دەڵێت: "ئەمە گەورەترین دزینى مەڕ بوو کە هەبووە". دوای چەندین ساڵ ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی، بیرۆکەی چونە لاى  پۆلیس بۆ یارمەتیدان و هاتووچۆ هیچی دیکەی لێنەکەوتەوە. "پۆلیس هیچ ناکات، هەرگیز لە هیچ شتێکدا یارمەتیمان نەداوە. ئەگەر پێیان بڵێیت دانیشتووەکە مەڕەکانت دەبات، دەپرسن 'دڵنیای ئەوەی هی تۆیە؟'". دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن نزیکەی هەزار و ٥٠٠ مەڕ و بزن لەلایەن دانیشتووانەوە بردراون، کە ئاژەڵەکانیان لە گوندەکەوە لەژێر چاوی پۆلیس و سەربازەکاندا لێخوڕیوە یان سواری ئۆتۆمبێلی پیکاب بوون. بەیاننامەیەکی پۆلیسی ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕووداوەکە بەو شێوەیە ڕوویداوە کە باسکراوە. سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەدا و گروپێکیش نوێنەرایەتی دانیشتوانی ناوچەکەشیان نەکرد. دانیشتوانی ناوچەکە و گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دۆڵی ئوردن کە ناوچەیەکی تاڕادەیەک کەم دانیشتوانە و نزیکە لە ڕووباری ئوردن، ئێستا لە ژێر فشاری دانیشتوانی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت. بۆ زۆرێک لە مەڕدارە بەدەوییەکان، لەدەستدانی مەڕێک بە مانای لەدەستدانی هەر ڕێگەیەک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانە.  وەک زۆرێک لە فەلەستینییەکان، مەڕدارە نیمچە کۆچەرییەکان لە عەین ئەلعوجە پێیان وایە ئامانجی گەورەتر ئەوەیە کە ناچاریان بکرێت لە خاکەکە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی ئیسرائیل بدەن.

  ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. لەکاتێکدا هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 ڕێککەوتنیان هەیە و هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی دوو فەرمانبەرانی نەناردووە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەندین بڕیار دراون، بەڵام هیچ یەکێک لەو بڕیارانە پەیوەندیان بە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هاوڵاتیانى کوردستانەوە نەبووە. هەموو سێشەممەی هەفتەیەک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆی ئەو پرسانە دەکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان ژیانی خەڵکەوە هەیە. لەلایەکى دیکەوە، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە داوای دووبارەکردنەوەی وردبینی لە لسیتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ئەوەى ئاشکرا کرد "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە لیستی مووچەی ناردووەتەوە بۆ وردبینی، سەرباری ئەوەی لیستەکە گرفتی نەبووە".   ئەو لیستەی داوای وردبینی کراوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیاربوو بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو، کەمترە لەو بڕەی حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بۆ هەرێمی کوردستانی نارد، کە 958 ملیار دینار بوو

دانیشتووانی هەڵەبجە لە بەیاننامەیەكی هەشت خاڵیدا بەزمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، داواكاریی و گرفتی شارەكەیان ئاراستەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كرد و داوای ئاوڕدانەوە و خزمەتكردنی زیاتر بۆ شارەكەیان دەكەن و قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسووکاری شەهیدان بکرێتەوە. ئەمڕۆ، لە مەزاری شەهیدان لە هەڵەبجە، كەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی و دانیشتووانی هەڵەبجە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە خستنەڕووی چەند داواکارییەکیان ئەنجامدا و بە هەرسێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی داواکارییەکانیان گەیاند بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان. ئاهەنگ فەخرەدین، بەیاننامەی توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییەکەدا خوێندەوە و ئاراستەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كرد و وتی: پێویستە حكومەتی هەرێم هەنگاوی كرداری بنێت لە خزمەتكردنی كەسووكاری شەهیدان و منداڵانی ونبوو و بریندارانی چەكی كیمیایی، لە دابینكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، تایبەتمەندی هەڵەبجە و قوربانیدانی خەڵكەكەی لەبەرچاو بگیرێت، نەك ڕێژەی دانیشووان، هەروەها حكومەتی هەرێم وەك پارێزەری خەڵكی هەڵەبجە و كوردستان فشار لە حكومەتی عێراق بكات، تاوەكوو بەرپرسیارێتییەکانی لە بەرامبەر قوربانیدانی هەڵەبجە و ئەو تاوانانەی بەرامبەری كراوە جێبەجێبكرێت، بەتایبەت قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوانی ئەو تاوانە و بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمابارانی هەڵەبجە. هەر لە داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجەدا ئەوەش هاتووە، دابینكردنی بوودجەیەكی تایبەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، دادگایكردنی ئەو كۆمپانیایانەی هاوكاریی ڕژێمی بەعسیان كردووە لە دابینكردنی غازی كیمیایی و كۆمەڵكوژدنی خەڵكی شارەكە، دەركردنی بڕیارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژە ڕاوەستاوەكانی هەڵەبجەوە، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی پەیوەستن بەكەسووكاری شەهیدان و قوربانییانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە. لەو داواكارییە هەشت خاڵییەی هەڵەبجەییەكان باسیان لەوەشكرد، دابینكردنی بوودجەیەكی ساڵانەی پێویست بۆ چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی، كە بەهۆیەوە بەشێكیان لەبێ‌ چارەسەرییدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەكاربهێنێت بۆ هاندانی وڵاتانی مرۆڤدۆست و ئاشتییخوازی جیهان، بۆ ناساندنی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە وەك تاوانی جینۆساید، پەرلەمانی داهاتووی هەرێم یەكەم كاریان پرۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانی كیمیاباران هەڵەبجە بێت تائێستا ئەو كارە نەكراوە. لەكۆتایی بەیاننامەكەشیاندا، داوایان لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و ئەوانەی پەیوەندی دۆستانەیان هەیە لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی عێراقدا کردووە، هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، جگە لەوەش داوا لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و حزبە سیاسییەكان، نووسەران، ڕۆشنبیران، كەسایەتییە ئاینییەكان و كەسووكاری شەهیدان دەکەین بەشداریی لە مەراسیمی ١٦ـی ئاداردا بکەن.

هاوسەرۆکێکی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ و مێژووییە و نەورۆزی ئاشتی دەبێت. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع، لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت.  سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە.  تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە." ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد.  بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، ڕێککەوتنامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان گونجاوە،" و دووپاتیشی کردەوە "نەورۆزی ئەمساڵ لە پێناو گەیشتنی کورد لە سووریا بە مافەکانی و بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە پێناو کۆتاییهێنانی توندوتیژی زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، شاندی دەم پارتی دەستی بە گەڕێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.  پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

  ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکاران ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە سەبارەت بە فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە نزیک لە پلەی بۆمب کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە - فەرەنسا، یۆنان، پەنەما، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمریکا داوای لێکرا. هەروەها دەیانەوێت ئەنجومەنەکە تاوتوێی پابەندبوونی ئێران بکات بۆ پێدانی بە ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان - ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "زانیارییەکانی پێویست بۆ ڕوونکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە ماددە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکان کە لە چەندین شوێنی ئێراندا دۆزراونەتەوە. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەک بۆ لێدوان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە پلان بۆ داڕێژراوەی نەدایەوە. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری داوە، بەڵام "بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش" پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر دەکات بۆ تا ٦٠% پاکی، کە نزیکە لە ئاستی نزیکەی ٩٠%ی پلەی چەک. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەڵێن لەژێر هیچ بەرنامەیەکی مەدەنیدا پێویست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ئاستە بەرزە ناکات و هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ئەو کارەی نەکردووە. ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە.

  هاوکات لەگەڵ رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و تەنها شەوی رابردوو زیاتر لە 70 موشەکی ئاڕاستەی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین کردووە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ چڕتربوەتەوە و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپەوە بە چڕیی ناوچەکە بۆردومان دەکات. لە بەرەی قەرەقۆزاخ، سوپای تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی جەرافی سەر بە شارۆچکەی سیرین ئەنجامداوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنیان کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، هەشت گوندی سنوری قەرەقۆزاخی کردوەتە ئامانج. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و تانکەکانی و بە چەکی قورس و هاوەن و تۆپهاوێژەوە بە هەڕەمەکی بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە و لایەنی کەم 70 موشەک لە ناوچەکە کەوتوەتەوە و زیانێکی زۆری ماڵی بەر دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووە. لەبەرەی بەنداوی تشرینیش، تورکیا بەبەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی باشور و باکوری بەنداوی تشرینی کردووە و بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و بەهۆیەوە ئاگر لە ماڵی چەند هوڵاتییەک کەوتوەتەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش چەند جارێک ناوەندی بەنداوی تشرینیان بۆردوکان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی هەسەدە، شەوی رابردوو دووبارە فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی، شوێنی کرێکارانی بەنداوی تشرینیان بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوەکەیدا بڵاوی کردوەتەوە، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەبەردەوامی لەسەر ئاسمانی کۆبانێ و عەین عیسا و سیرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەسوڕێنەوە و ناوچەکە بەجێناهێڵن. ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو (10ی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە..

  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئادار‌، نموونه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بوو له‌سه‌ر بنه‌مای لێكگه‌یشتن و دانوستان. هەروەها ئەوەشدەخاتەڕو یه‌كڕیزی و ته‌بايى، گه‌ره‌نتيی ڕاسته‌قینه‌ن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان و داهاتووی نه‌وه‌كانمان.  لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانى هاتووە: داوا له‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین په‌ند له‌م ئه‌زموونه‌ وه‌ربگرن و به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن،. دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێم؛ ئه‌مڕۆ يادى په‌نجا و پێنج ساڵه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ ڕابه‌رايه‌تيى بارزانيى نه‌مر بووه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و وێستگه‌یه‌كی مێژوویى و گرنگى خه‌باتى گه‌لى كوردستان و یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رميی داننان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانيدا، هه‌روه‌ها بنه‌مای یاسایی بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستامان داڕشت، به‌ شێوه‌يه‌ك هيچ ده‌سه‌ڵاتێكى عێراق نه‌توانێت جارێكى تر نكۆڵى له‌ مافه‌كانمان بكات. له‌م یاده‌ شكۆداره‌دا، به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ئه‌و نه‌به‌ردانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازادی و مافه‌كانی گه‌ل و نيشتماندا گیانیان به‌خشی. سڵاو له‌ بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان‌ و گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه، ده‌كه‌ين. ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ى ئادار‌، نموونه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بوو له‌سه‌ر بنه‌مای لێكگه‌یشتن و دانوستان، به‌ڵام دواتر ده‌سه‌ڵاتی عێراق لێى پاشگه‌ز بووه‌‌وە و له‌ ئه‌نجامدا، چه‌ندین ده‌یه‌ ململانێ و شه‌ڕى لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى و ئازار هیچی ترى بۆ عێراق نه‌هێنا. ئه‌مڕۆش، عێراق هێشتا باجی پابه‌ندنه‌بوون به‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ و به‌ بنه‌مای هاوبه‌شيی ڕاسته‌قینه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی ده‌دات. وانه‌ و ئه‌زموونه‌كانى‌ مێژوو ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ سه‌قامگیری به‌دی نایه‌ت ته‌نيا له‌ ڕێگه‌ی ديموكراسى، كه‌ دروشمى شۆڕش بوو، ڕێزگرتن له‌ فره‌یی، كاری هاوبه‌ش و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌نێوان هه‌موواندا، نه‌بێت. یه‌كڕیزی و ته‌بايى، گه‌ره‌نتيی ڕاسته‌قینه‌ن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان و داهاتووی نه‌وه‌كانمان. بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین په‌ند له‌م ئه‌زموونه‌ وه‌ربگرن و به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، بۆ چه‌سپاندنی فیدراڵی، پاراستنی مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه‌. داهاتووی عێراق له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، به‌هێزكردنی هاوبه‌شيی ڕاسته‌قینه‌ و بنیاتنانی وڵاتێكدایه‌ كه‌ ئاسایش، سه‌قامگیری و دادپه‌روه‌ری تيایدا باڵاده‌ست بێت. هه‌ر شكۆدار بێت یادی ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار، دروود بۆ گیانی پاكى شه‌هیدان. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی غازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت.  حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "عێراق هەنگاو بەرەو قەتەر و شانشینی عومان دەنێت بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێرانی." سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوور ئاماژەی بەوەش کرد "وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی غازی ئێرانی، حکوومەتی عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی بەکرێ دەگرێت. هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە کە جێگرەوەی گونجاو بۆ نەمانی غازی ئێرانی بدۆزێتەوە." بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی دەفرۆشتە عێراق، بەڵام ڕۆژی شەممە، 08-03-2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ماوەی چەندان ساڵە ئەمەریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵ بدات کەمتر پشت بە غازی ئێران ببەستێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا. بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشارە" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.

مەسرور بارزانی، ڕایدەگەیەنێت بەرخودانی چەندین ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی، حكوومەتی ئەوسای عێراقی ناچار كرد، ڕێكەوتننامەیەكی مێژوویی لەگەڵ كورد دا مۆر بكات. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دووپاتی دەکاتەوە، گەلی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە پێویستیشی دەزانێت، کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێن.  سێشەممە، 11-03-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970 بڵاو کردەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە "ئەمڕۆ یادی دەسکەوتێکی گرنگ و مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتمانیمان، بارزانیی نەمر دەکەینەوە." سەرۆک وەزیران لەم یادەدا دووپاتی دەکاتەوە "گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری گەیشتنە بە مافە ڕەواکانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە، بەڵام بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و دەستبەرداریان نابێت." مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لە چارەسەریی بنەڕەتی و یەکجارەکی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ "لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان" دەکاتەوە.   

ئەمڕۆ دانوستانەكانی وەفدی ئەمریكا و ئۆكراین لە شاری جدەی سعودیە دەستپێدەكات و سەرۆكی ئۆكراینیش دەڵێت، دانوستانەكان بنیاتنەر دەبن. ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی جددەى سعودیە، پلانێک بۆ ئاگربەستی بەشەکی لەگەڵ ڕووسیا پێشکەشی ئەمریکا دەکات، ئەمەش دەستپێشخەرییەکە کە کیێڤ هیوادارە کۆشکی سپی بەدەستبهێنێتەوە، کە لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی، داوای ئیمتیازات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵە دەکات. بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە پێشوازی لە سەرۆكی ئۆكراین كرد و باسیان لەدوایین پێشهاتەكانی جەنگ كرد. جێنشینی سعودیە جەختیشی كردەوە لەسەر پابەندی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆكراین.  هاوكات زیلینسكی رایگەیاند، دانوستانەكانی وەفدی وڵاتەكەی و ئەمریكا بنیاتنەر دەبن و تیشك دەخاتە سەر گرەنتییە ئەمنییەكان. هاوكات ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش گەشبینە بە ئەنجامی ئەو دانوستانە و وتی، ئەگەر چاوەڕێی ئەنجامی ئەرێنی نەبوونایە ئامادەی كۆبوونەوەكە نەدەبوون.  بەپێی ئەو وەردەكاریییانەشی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، كۆبوونەوەكە ئاستی ئامادەیی ئۆكراین ئاشكرا دەكات بۆ سازشكردن بۆ مۆسكۆ لەپێناو كۆتاییهێنان بەجەنگ . هەروەها ئاشكرای دەكات كە ئۆكراین تا چەند جدییە لە باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارەكەی ترەمپ. دانوستانەکان لە سعودیە گرنگترین ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت لە دوای گڕژەیە شۆککەرەکەی کۆشکی سپی لە ٢٨ی شوباتدا، کاتێک ترەمپ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیای توندوتیژی کرد بەهۆی ئەوەی بە ناپاکی ئەمریکی دەیبینی. زێلێنسکی کە لەو کاتەوە نامەیەکی داوای لێبوردنی بۆ ترەمپ ناردووە، بۆ دیداری شازادەی جێنشینی سعودیە گەشتێکی کردووە بۆ شاری جدە لە دەریای سوور، بەڵام گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ سێ لە یاریدەدەرە باڵاکانی جێهێشتووە.  

سیناتۆرێکی ئەمریکی: تەیف سامی مووچەی کوردانی عێراق نادات، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات سیناتۆرێکی کۆماریی ئەمریکا دەڵێ تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئەمە چارەسەر دەکات.   جۆ وێڵسن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوا دەکات "گەنجینەی ئەمریکا چیدیکە سزادانی بانکی رافیدەین دوانەخات" کە بە گوتەی ئەو، "ملیاران دۆلار بۆ میلیشیا عێراقییەکان سپی دەکاتەوە."   کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ناوی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیشی هێناوە و دەڵێ "تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات. ئەمە دەبێت کۆتایی پێبێت، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات."   ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 11ـی ئاداری 2025ـە و هێشتا عێراق مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.

وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و سەرۆککۆماری کاتی سووریا کراوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا.   دووشەممە 10-03-2025 فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە دیمەشق کرا. بۆیە قسە لەسەر رێککەوتنەکە ناکەن.   ئەو وتەبێژە وتیشى: دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، ئەوکات بۆچوونی خۆمان لەسەر رێککەوتنەکە رادەگەیەنین.   ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.  رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.    لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات." بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.    هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.  بەگوێرەی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی جۆری ئاپاچی لە سەرووی ناوچەی سوخنە لە گوندەواری حمس بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی زەمیر لە گوندەواری دیمەشق فڕیوە.    ئەو فڕۆکەیە شاندێکی هەدەسەی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بردووە بۆ پارێزگای گوندەواری دیمەشق.  سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ شەرع باس لە راگرتنی گرژی لە ناوچەی کەناری دەریا و هاوکاریکردنی زەرەرمەندان کرا   بەر لە رێککەوتنەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان، لەوانەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی گروپێکی کوردی (کە مەبەستی مەزڵووم عەبدییە)، کە لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت. سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی منبج و بەنداوی تشرین، ئەحمەد شەرع بە ئاژانسە بەریتانییەکەی راگەیاندبوو، دەیەوێت ئەم بابەتە بە دانوستاندن و دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چارەسەر بکات.

  مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتین نییە، بەبێ دەستکەوت بۆ هەردوولا، گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان روسیا و ئۆکراین ئەستەمە. لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی سێشەممە وتووێژەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا لە شاری جددەی سعودیە دەست پێبکات، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، هیوادارم کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆکراینییەکان بە باشی بەڕێوەبچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە فڕۆکەکەیدا لە ڕێگەی سعودیە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، گەشبینین بە کۆبوونەوەکەی سبەینێ و سوپاسگوزارین بۆ سعودیە کە میوانداری کۆنفرانسەکەی کرد. ناوبراو زیادی کرد: دەتوانین بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا دەست پێ بکەین و دواتر هەنگاو بنێین بۆ دانوستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەریتانیا و فەڕەنسا ڕۆڵێکی ئەرێنییان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیادا بینیوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەست لە ئۆکرانیا بەبێ ئیمتیازاتی هەردوولا ڕوونادات. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین دیارینەکراوە. جگە لەوەش وەزیری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئەمریکا ئامرازەکانی خۆی هەیە بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا و هیوادارین سوودیان لێ وەرنەگیرێت. ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە سەردانی سعودیە دەکات لە ڕاگەیەندراوێکی تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ڕوبیۆ لە 10 تا 12ی ئازار لە شاری جددە دەبێت و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئۆکراینیەکانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی "پێشکەوتن بەرەوپێشبردنی ئامانجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا".

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک  بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، ڕێگریی یاسایی هەیە. فەرمانگەى میدیاو زانیارى حکومەتى هەرێم ڕاگەیەندراوەکەى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت  شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین کە ڕێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، چەند جارێک سەردان و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی عێراقی فیدراڵ، کە تێیدا داواکاریی گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەمان پێشکەش کردووە و پێداگیر بووین کە مافی داراییان زامن بکرێت و پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.  بەڵام شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین کە ڕێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. لەمبارەیەشەوە ئەم ڕێگرییە یاساییەیان لە کۆنووسدا واژۆ کردووە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ کراوە. سامان سیوەیلی  گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان