ــ 25% باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەداو مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن ــ تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. وڵاتانى چین و کەنەدا، هەرەشە لەئەمریکا دەکەن و دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بڕیارانەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگەیاند کە وتویەتى باجى گومرگیی زیاتر بەسەر چین و مەکسیک و کەنەدا دەسەپێنێت. ترەمپ ڕایگەیاندووە لە رۆژى سێ شەممەوە، 25%ـی باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن، لەگەڵ باجی 10% لەسەر سەرچاوەکانی وزەی کەنەدا، تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاڵاکان لە چینەوە 10% باجیان دەخرێتەسەر، ئەمە جگە لە باجەکانی ئێستا. لای خۆیەوە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لە وتارێکی بە وشەی تونددا، ڕایگەیاند کە کەنەدا باجی گومرگی بەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان دەسەپێنێت وەک وەڵامێک بۆ ئەو بەرهەمانەی کە پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو. ترۆدۆ وتى: ئێمەش بەرێژەی 25% باج بەسەر کەلوپەلی ئەمریکادا دەسەپێنین، لەڕۆژى سێ شەممەوە جێبەجێى دەکەین. سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەوەشى وت: یەکەم کۆمەڵەی باج بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەسەر کەلوپەلی واشنتن دەبێت، کۆمەڵەی دووەمیش بە بەهای 86 ملیار دۆلار دەبێت و لە ماوەی سێ هەفتەدا جێبەجێدەکرێت. لاى خۆشیانەوە وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیەندراوێکدا وتى، "رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی هاوشێوە بۆ پاراستنی مافەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان دەگرینەبەر". راشیگەیاند، چین قایل نییە و بەتوندی دژی بڕیارەکەیە، لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا لە دژی واشنتن تۆمار دەکات. کەنەدا و مەکسیک و چین، پێکەوە زیاتر لە 40%ـی هاوردەکردنی ئەمریکا پێکدەهێنن.

بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە. سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان  گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق. لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.

کەسایەتی بەناوبانگ و پاشاى تیک تۆک خابی لەیم، وەک نوێترین باڵیۆزی نیازپاکی یونیسێف لە سەنیگال دەستنیشانکرا. دوای سەردانێکی چوار ڕۆژە بۆ سەنیگال کە لەم ماوەیەدا لەگەڵ منداڵان و گەنجان کۆبووەوە کە سەرکردایەتی گۆڕانکاری ئەرێنی دەکەن لە کۆمەڵگاکانیاندا. لام  دواى هەڵبژاردنى بۆ ئەو پۆستە، وتی: شانازییەکی ڕاستەقینە کە وەک باڵیۆزی نیازپاکی یونیسێف دەستنیشانکرام و بەشێک بم لە ڕێکخراوێک کە گرنگى بە مافەکانی منداڵان دەدات لە پێش هەموو شتێکەوە، دەزانم کە هەموو منداڵان دەتوانن گەشە بکەن کاتێک شوێن و دەرفەتیان پێدەدرێت. لە سەردانەکەیدا بۆ سەنیگال، لام لە پەناگەیەکی شاری داکار چاوی بە منداڵانی سەر شەقامەکان کەوتووە، لەوێ وەرزشی لەگەڵدا کردووە و چیرۆکەکانى بیستووە کە چەندیان لە توندوتیژی و دەستدرێژی ڕزگاریان بووە. هەروەها سەردانی قوتابخانەیەکی کردوە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستیان بە تەکنەلۆژیای یارمەتیدەر دەگات بۆ فێربوون و گەشەکردن، لامیش لەگەڵ منداڵانی نابینا یاری تۆپی پێی کردووە. خابی لەیم، سەنگالی-ئیتاڵی تەمەن ٢٤ ساڵ، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە سۆشیال میدیا دەستی بە گەشتەکەی کرد. لەو کاتەدا لە کارگەیەک لە ئیتاڵیا کاری دەکرد، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە کارەکەی لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سادە لە تیک تۆک، بە خێرایی بەناوبانگ بوو بە ڤیدیۆکانی کە تێیدا بە بێدەنگی و گاڵتەجاڕی گاڵتە بە "هاکەکانی ژیان" دەکات و کێشەکانی خەڵک بە شێوەیەکی سادە چارەسەر دەکات. ناوبانگی خابی لەیم سنوورەکانی لە ئەپی تیک تۆکدا بەزاندووە، بەو پێیەی بووەتە ڕوخساری چەند براندێکی بەناوبانگ.

ئەمەریکا داوا لە ئۆکرانیا دەکات بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا ئاگربەستی کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەنجام بدات. کیت کێڵاگ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتی شەڕدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکرانیاو ڕووسیا لە چاوپێککەوتنێکدا وتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئۆکرانیا کە لە ماوەی جەنگەکەدا لەگەڵ ڕووسیادا دواخرابوون دەبێت " ئەنجام بدرێن." کێڵاگ وتی: زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتێکدا کە لە جەنگدا بوون هەڵبژاردنییان ئەنجام داوە. پێم وایە ئەوە گرنگە کە ئەوانیش هەڵبژاردن بکەن. پێم وایە ئەوە باشە بۆ دیموکراسی. ئەوە جوانی دیموکراسییەکی پتەوە." ترامپ و کێڵاگ هەردووکییان وتوویانە کە کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ نێوەندگریکردن لە ڕێککەوتنێکدا لە ماوەی چەند مانگی یەکەمی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی ئەمەریکادا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، کە ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا دەستیپێکرد. دوو کەسی نزیک لە بابەتەکەوە و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا کە ئاگاداری پێشنیاری هەڵبژاردنەکەیە وتییان پلانەکەی سەرۆک ترامپ هێشتا کاری لەسەر دەکرێت و هیچ بڕیارێکیش لەو بارەیەوە نەدراوە، بەڵام کیلۆگ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا باسییان لەوە کردووە فشارییان خستووەتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ڕازی ببێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ئاگربەستدا لەگەڵ ڕووسیادا. دوو کەسەکەی نزیک لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپەوە وتییان بەرپرسەکانی سەرۆک ترامپ مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا سەرەتا هەوڵی ئاگربەستێکی سەرەتایی بدەن پێش ئەوەی هەوڵی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بدەن یان نا. ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت، ئەوا براوەی ئەو هەڵبژاردنە بەرپرس دەبێت لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ڕووسیادا. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی زێلێنسکی دەبووایە لە ساڵی 2024 دا کۆتایی بهاتایە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەپێی یاسای سەربازیی ناکرێت ئەنجام بدرێن، ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2024 دا ئەو یاسا سەربازییەی سەپاند. دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا وتییان واشنتن لە ساڵی 2023 و 2024 دا باسی لە پرسی هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیادا.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند،  پێویستە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ وردبینی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم ئەنجامبدرێت، هاوکات ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن تەیف سامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێم جێهێشتبێت بەناڕاست دەزانێت. لە بەیاننامەیەكى ڕۆژنامەوانیدا، وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیرى دارایی تەیف سامی كۆبوونەوەكەی بەجێنەهێشتووە، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی یەكلاكردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم. هاوکات ئاماژە بەوەدەکات، ئەو تۆمەتانە ناڕاستن، تەیف سامی بەشداری سەرجەم ئەو كۆبوونەوانەی كردووە كە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون، بەو پێیەی كۆبوونەوەكان شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە كە مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیان زامن بكات. وەزارەتى دارایی لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن بەگوێرەی كۆنتڕۆڵە یاسایی و داراییە كارپێكراوەكان و هەروەها بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا كردوە لەگەڵ شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی هەرێم و ستاف و كارمەندە پێشكەوتووەكانی، هەروەها ئامادەبوونی ستافی پێشكەوتوو لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی. وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە كۆبوونەوەیەكى دیکە لە وەزارەتی دارایی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم بتوانرێت ڕاستەوخۆ وردبینی بكرێت و پشتڕاست بكرێتەوە، هەروەها بتوانرێت هەمواركردنی پێویست بە زووترین كات ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەوەشى وت: كاركردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی وەزیر و لیژنە تەكنیكیەكانی هەردوولا لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەمەبەستی وردبینی و ئاشتكردنەوەی داتای مووچەی مەدەنی خانەنشینان، گرێبەستەكان بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و سەرچاوەكانی هەواڵ كرد كە دڵنیای دروستی لێكۆڵینەوە لە زانیارییەكانی دەسەڵاتە فەرمیەكان بكەن،هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵی نادورست كە رەنگە بەشێوەیەكی ناڕەوا ڕای گشتی بوروژێنێت.

حکوومەتی عێراق تاوتوێی سەردانێکی فەرمیی وەزیری دەرەوە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی سیاسی لەسەر کرانەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا هەیە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارێکی کورد ئامۆژگاری بەغدای کرد بەڕووی سووریادا بکرێتەوە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێرق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریشیدا لە بوونی 10 بۆ 12 هەزار ئەندامى داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ڕەنگە مەترسی ئەمنیی بۆ دروستبکەن عێراق ئەگەر ئازاد بکرێن. وتیشى: ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری هاوبەشمان. فواد حسێن، بوونی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای نەبوونی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق لە ئێستادا" پشتڕاستکردەوە و "رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ سوریا وەک بەشێک لە جددی" ئاشکرا کرد هەنگاوەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات لەچەند گفتوگۆکانی نێوان وەزیری عێراق و هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دۆخی سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی دەکەن، بەپێی داتاکانی حکومەت. هەر لەو پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە “لە بەرژەوەندی عێراقدایە مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای سوریادا بکات”، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لەم دۆخەدا هەیە وڵاتی دراوسێ “ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات”. زێباری لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی شام، بە تایبەتی: ئوردن، سعودیە، کوەیت، قەتەر، فەلەستین، لوبنان، عومان، و بەحرەین.”

مامۆستایان و فەرمانبەران، داوا لە هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکان دەکات سبەینێ یەکشەممە، بکرێتە ڕۆژێکى فراوانى ناڕەزایی دەربڕین، هاوکات هەڕەشەى ئەوەش دەکەن گیانی هەر مامۆستایەکى مانگرتوو بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە.  ئەمڕۆ پێنج رۆژە مامۆستایان لەژێر خێمەیەکدان لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگۆتووەکان لە سلێمانى، بەهۆى ساردى کەش و هەواو درێژە کێشانى مانگرتنیان لەخواردن، تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە. عوسمان گوڵپى وتەبێژى خێمەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دەڵێت: پێنج ڕۆژە ئەو مامۆستایانە لێرەن، یاداشتێکمان بە زمانى عەرەبى و ئینگلیزى فەرەنسى داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێرەمان وەک شوێنێکى ڕەمزیمان هەڵبژاردووە یوئێن لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداو چاوەڕوانى وەڵامى ئەوانین. وتەبێژەکەى مامۆستایانى مانگرتوو، وتیشى: داواکارم هاوڵاتیان سبەینێ بکەنە رۆژێکى فراوانى خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەبەردەم خێمەى مانگرتوواندا، لەکاتژمێر دەى بەیانیەوە تا ئێوارە لێرە بمێننەوە، تەمەننادەکەین کۆبونەوەکەى سبەێنێ پەرلەمانى عێراقیش چارەسەرێکى پێبێت بۆ مووچەخۆرانى هەرێم، ئەگینا ئێمە بەردەوام دەبین. هاوکات هەر لەو کۆنگرەیەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو چوار داواكاری سەرەكیان خستەڕوو، بریتین لە (رێزگرتن لە كەسێتی تاك و سەوەركردنی یاسا، بەر لەمووچە شکۆ گرنگترە، بە نیشتمانی كردنی موچەو دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی، ئەمە بەر لەوەى خەڵک داواى بکات حکومەت خۆى دابینیبکردایەو نەیانکردایەتە ململانێى سیاسى. هەروەها دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، بۆ موچەخۆران، له‌ ساڵی 2016وه‌ ڕاگیراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و مامۆستا وانه‌بێژانه‌ی كه‌ لابراون بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانیان. عوسمان گوڵپى ئەوەشى وت: ژیانی ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ مانیان له‌ خواردن گرتوه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ به‌رده‌وامبون هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان نیه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین، گیانی مانگرتوویەكمان بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە.

وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامەو چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان بەرەو تەواو بوون دەچێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دارایی و ئابورى هەرێم، دەڵێن: ئەمرۆ شەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٥، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەشاری بەغداد بەردەوامی هەیە.   هەروەها وەزارەتى دارایی ئەوەش دەخەنەڕوو لەو چوارچێوەیەشدا تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا بەڕێوەچوو. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە.  ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.

هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١

ــ ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکەرم بەردەوامە لیواکانی قاسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ شەممە سێ بارمتەى  رادەستى خاچى سور کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل،  یەکێکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکییە. لە ١٤هەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە کەرتی غەززە ڕێکارەکانى چوارەمین گروپى بارمتەکان ئاڵوگۆڕکرا، هەر یەکە لە ئوفەر کاڵدرۆن و یاردەن بیباس کە وەک دیل لەبەردەست حەماس'دا بوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران، بەڵگەنامەی تایبەت بە ڕادەستکردنی دیلەکانی واژۆکرا. دەزگاى زیندانەکانى ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە دەستیان بە ڕێکارەکانی ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە دوای ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل ڕوودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکارم لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامن و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچە و شارۆچکەیەک لەوانە نابلوس و خابرۆن و ڕامەڵڵا. دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەڵێن ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی دەیان زیندانی لە خولی چوارەمی ئاڵوگۆڕەکاندا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی وەجبەی چوارەمی ڕێکەوتنەکە ناوی زیندانییەکان ڕادەستی زیندانییەکان دەکات، ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن”. هەروەها 54 زیندانی بە سزای جیاوازو و سزای هەتاهەتایی. ١١١ زیندانی لە کەرتی غەززە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکراون. بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە فەلەستینیەکان لەوان هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکداری بریندار، بۆ یەکەمجار لە دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ میسر گەشت بکەن.

پۆلیسى سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت، بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركراوە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵاتوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیس دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. شەوى ڕابردوو لە گەڕەکی کازێوەی سلێمانی، شەڕە چەقۆ لە نێوان دوو هەرزەکار دروست بووە کە دراوسێی یەکتر بوون، یەکێکیان ئەو دیکەیانی بریندار کردووە و پاشان گیانی لەدەستداوە. بەپێى زانیاریەکان، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئەو گەنجە لەدایکبووی ساڵی 2008 بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیسى سلێمانى بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا  بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا. شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. لە ئێستادا تۆمەتبار ( ل، ت، ح ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست. حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

 سەبارەت بە پرسی مووچە و هەمواری یاسای بودجە، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد.   بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا دەستیپێکرد. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە.  ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.

فڕۆکەیەکی بچووکی گواستنەوەی پزیشکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فیلادلفیا کەوتەخوارەوەو خۆی کێشا بە چەند باڵەخانەیەکدا و بەهۆیەوە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێک ئاگریان گرت. تۆڕی هەواڵی بى، بى سى بڵاوی کردەوە؛ فڕۆکە فریاگوزارییەکە منداڵێک نەخۆش و پێنج کەسی دیکەی تێدابووە، دوای ماوەیەکی کەم لەدەستپێکردنی گەشتەکەی لە ناوچەیەکی نیشتەجێ بوونی فیلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتوەتە خوارەوە. تیمەکانی فریاکەوتن بەپەلە گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لە کاتێکدا دانیشتووان شەقامەکانیان قەرەباڵغ کرد کە پڕ بوون لە پاشماوەی ئاگرین و پارچەی فڕۆکەکە. شێرڵ پارکەر، سەرۆکی شارەوانیی فیلادێلفیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل بەهۆی رووداوەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان لەبەردەست نییە."   بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، چەند کەسێک لە دەوروبەری رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بریندار بوون. روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، دوای دوو رۆژ دێت لە رووداوی پێکدادانی فڕۆکەیەکی بازرگانی و هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی لە نزیک واشنتۆنی پایتەخت، کە بەهۆیەوە 60 سەرنشین و 4 کەس لە تیمی فڕۆکەکە و سێ سەربازی ناو هەلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتى وەزارەتی نەوتى عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆیان کردووە، هاوکات بوونی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانی پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک. باسم محەمەد خزه‌یر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، ئەمڕۆ هەینى ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت پلانێکی تایبەتی داڕشتووە 4 ئامانجی لەخۆگرتووە کە ئامانج لێی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە، دووەم، داخستنی دۆسێی غازی سووتاو، سێیەمیش گەڕان بەدوای کێڵگە نوێیەکانی غازدا کە بڕێکی زیاتری غاز زیاد دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتن بە ئامانجی چوارەم کە عێراق لە هاوردەکارێکەوە دەگۆڕێت بۆ هەناردەکاری غاز". ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10ی 1، وەزیری نەوت بەردی بناغەی پڕۆژەی خێراکردنی غازی لە کێڵگەی ئارتاوی دانا لە چوارچێوەی گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کە بریتین لە پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئارتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ٦ کێڵگەی گرنگدا بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ٣٠٠ ملیۆن و قۆناغی دووەم ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد. باسم محەمەد خزه‌یر، هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئەوەکرد پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای دیزاینکردنی 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و توانای کارپێکردنی 5 ملیۆن بەرمیل.  چوارەم پڕۆژەی گرنگ، بۆ یەکەمجار لە عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆرە ، وێستگەیەک دەبێت بە توانای هەزار مێگاوات لە چوار قۆناغدا، هەر قۆناغێک 250 مێگاوات، و تا کۆتایی ساڵی 2025 دەست بە کاردەکات قۆناغی یەکەمی خزمەتگوزارییەکە.