ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازى لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن سبەینێ دووشەممە، گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموودى سلێمانى ئامادەبن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە سبەینێ گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەین لەژێر دروشمی (ڕۆژی وەفا و پشتیوانی) ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی؛ سبەینێ دووشەممە 3/ 2/ 2025 خۆپیشاندانێکی گەورە و بەرفراوان بە ئاڕاستەی خێوەتگەی هاوپیشە مانگرتووەکانمان ئەنجامدەدەین. داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان و هاووڵاتیانی ویژدان زیندوو و بەهەڵوێستی سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەین؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموود (لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود) ئامادەبن. ئامادەبوونتان پشتیوانی و وزە و هێز و نیشاندانی وەفای ڕاستەقینەیە بۆ مانگرتووانی هاوپیشەمان. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا. لهڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا دەدرێن، ناشەرعین، چونکە بە بێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک ئەنجامدراون. ئیدارەکە ئاماژەی بە کۆنگرەی “سەرکەوتن” کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو و بە ناشەرعی ناوی برد، چونکە دەڵێت، زۆرێک لە بەشداربووان تیرۆریست بوون و نوێنەرایەتی خەڵکی سوریا و ژنان و گەنجانیان تێدا نەبوو. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بێ بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی گەلی سوریا و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات. ئیدارەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد، کە لەو هەڵەیە تێبگەن و هەموو سوورییەکان لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتیدا کۆبکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دیموکراتیک. ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو. ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە. هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022 پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووهمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا، کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانەو هێزو دەستکەوتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی ئەوەندە هەیە کەڕێگە بە هیچ وڵاتێک نەدات هێرش بکاتە سەری هێزو توانا سەربازیەکانی ئێرانیش تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەس و وڵاتیک نییە. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی بەرگری و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی، سەرۆک کۆمار ئێران وتی: ئەم دەستکەوتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی هەرچییەکیان بوێت بەرامبەر خاکی ئێران بیکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەم دەستکەوتانە بە مەبەستی بەرگری لە نیشتمان و شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە نین. مەسعود پزیشکیان پێیوابوو، هیچ وڵاتێک بەهۆی دەستکەوتە بەرگرییەکانییەوە ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە هیچ وڵاتێک ناوێرێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەى. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی زلهێزە بیانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاری هەرسین، پارتی واقع بینە بۆیە هیچ بەیاننامەو قسەیەکى نییە لەسەر ئەو مانگرتنەى مامۆستایان، پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی خۆیان بەشێكن لە مەكینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكە لەوەدایە ئەوانەی بەشێكن لە حكومەتەكە ئەچن بۆناو مانگرتووەكان و دەبن بە دەمڕاست و محامی ئەوانەی مانیانگرتووە بۆ موچەكانی خۆیان ، بۆیە ئەگەر ئێمە وەكو پارتی بەیاننامە دەربكەین هیچ شتێك نیە جگە لە دووفاقی ئەوە عەیبە لە سیاسەتدا. بەرپرسى لقى چوارى پارتى ئەوەشى وت: هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و موچەش حەقی شەرعی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی موچەی راگرتووەو ناینێری حكومەتی هەرێم نیە، وەزیری دارایی حكومەتی بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون. لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا. ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن. بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت." چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن. عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون. گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.
لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بڕیاریانداوە بەپێ بەڕێبکەوون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە. ماوەى دوو رۆژە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ ئەو بەپێ ڕۆشتنەو بڕیارە سبەینێ دووشەممە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێبکەون. سەردار مەلیحە، سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دوو رۆژە بانگەوازەکەمان کردووەو تائێستا ١٢ کەس ئامادەیی خۆى دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممەبە پێ بەڕێدەکەون بۆ سلێمانی. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە. شەوى ڕابردوو تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند. دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی. دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان". بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت. خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە شەو ڕۆژ سەردانیان دەکرێت.
ــ 25% باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەداو مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن ــ تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. وڵاتانى چین و کەنەدا، هەرەشە لەئەمریکا دەکەن و دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بڕیارانەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگەیاند کە وتویەتى باجى گومرگیی زیاتر بەسەر چین و مەکسیک و کەنەدا دەسەپێنێت. ترەمپ ڕایگەیاندووە لە رۆژى سێ شەممەوە، 25%ـی باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن، لەگەڵ باجی 10% لەسەر سەرچاوەکانی وزەی کەنەدا، تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاڵاکان لە چینەوە 10% باجیان دەخرێتەسەر، ئەمە جگە لە باجەکانی ئێستا. لای خۆیەوە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لە وتارێکی بە وشەی تونددا، ڕایگەیاند کە کەنەدا باجی گومرگی بەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان دەسەپێنێت وەک وەڵامێک بۆ ئەو بەرهەمانەی کە پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو. ترۆدۆ وتى: ئێمەش بەرێژەی 25% باج بەسەر کەلوپەلی ئەمریکادا دەسەپێنین، لەڕۆژى سێ شەممەوە جێبەجێى دەکەین. سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەوەشى وت: یەکەم کۆمەڵەی باج بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەسەر کەلوپەلی واشنتن دەبێت، کۆمەڵەی دووەمیش بە بەهای 86 ملیار دۆلار دەبێت و لە ماوەی سێ هەفتەدا جێبەجێدەکرێت. لاى خۆشیانەوە وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیەندراوێکدا وتى، "رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی هاوشێوە بۆ پاراستنی مافەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان دەگرینەبەر". راشیگەیاند، چین قایل نییە و بەتوندی دژی بڕیارەکەیە، لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا لە دژی واشنتن تۆمار دەکات. کەنەدا و مەکسیک و چین، پێکەوە زیاتر لە 40%ـی هاوردەکردنی ئەمریکا پێکدەهێنن.
بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە. سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق. لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.
کەسایەتی بەناوبانگ و پاشاى تیک تۆک خابی لەیم، وەک نوێترین باڵیۆزی نیازپاکی یونیسێف لە سەنیگال دەستنیشانکرا. دوای سەردانێکی چوار ڕۆژە بۆ سەنیگال کە لەم ماوەیەدا لەگەڵ منداڵان و گەنجان کۆبووەوە کە سەرکردایەتی گۆڕانکاری ئەرێنی دەکەن لە کۆمەڵگاکانیاندا. لام دواى هەڵبژاردنى بۆ ئەو پۆستە، وتی: شانازییەکی ڕاستەقینە کە وەک باڵیۆزی نیازپاکی یونیسێف دەستنیشانکرام و بەشێک بم لە ڕێکخراوێک کە گرنگى بە مافەکانی منداڵان دەدات لە پێش هەموو شتێکەوە، دەزانم کە هەموو منداڵان دەتوانن گەشە بکەن کاتێک شوێن و دەرفەتیان پێدەدرێت. لە سەردانەکەیدا بۆ سەنیگال، لام لە پەناگەیەکی شاری داکار چاوی بە منداڵانی سەر شەقامەکان کەوتووە، لەوێ وەرزشی لەگەڵدا کردووە و چیرۆکەکانى بیستووە کە چەندیان لە توندوتیژی و دەستدرێژی ڕزگاریان بووە. هەروەها سەردانی قوتابخانەیەکی کردوە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستیان بە تەکنەلۆژیای یارمەتیدەر دەگات بۆ فێربوون و گەشەکردن، لامیش لەگەڵ منداڵانی نابینا یاری تۆپی پێی کردووە. خابی لەیم، سەنگالی-ئیتاڵی تەمەن ٢٤ ساڵ، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە سۆشیال میدیا دەستی بە گەشتەکەی کرد. لەو کاتەدا لە کارگەیەک لە ئیتاڵیا کاری دەکرد، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە کارەکەی لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سادە لە تیک تۆک، بە خێرایی بەناوبانگ بوو بە ڤیدیۆکانی کە تێیدا بە بێدەنگی و گاڵتەجاڕی گاڵتە بە "هاکەکانی ژیان" دەکات و کێشەکانی خەڵک بە شێوەیەکی سادە چارەسەر دەکات. ناوبانگی خابی لەیم سنوورەکانی لە ئەپی تیک تۆکدا بەزاندووە، بەو پێیەی بووەتە ڕوخساری چەند براندێکی بەناوبانگ.
ئەمەریکا داوا لە ئۆکرانیا دەکات بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا ئاگربەستی کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەنجام بدات. کیت کێڵاگ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتی شەڕدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکرانیاو ڕووسیا لە چاوپێککەوتنێکدا وتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئۆکرانیا کە لە ماوەی جەنگەکەدا لەگەڵ ڕووسیادا دواخرابوون دەبێت " ئەنجام بدرێن." کێڵاگ وتی: زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتێکدا کە لە جەنگدا بوون هەڵبژاردنییان ئەنجام داوە. پێم وایە ئەوە گرنگە کە ئەوانیش هەڵبژاردن بکەن. پێم وایە ئەوە باشە بۆ دیموکراسی. ئەوە جوانی دیموکراسییەکی پتەوە." ترامپ و کێڵاگ هەردووکییان وتوویانە کە کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ نێوەندگریکردن لە ڕێککەوتنێکدا لە ماوەی چەند مانگی یەکەمی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی ئەمەریکادا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، کە ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا دەستیپێکرد. دوو کەسی نزیک لە بابەتەکەوە و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا کە ئاگاداری پێشنیاری هەڵبژاردنەکەیە وتییان پلانەکەی سەرۆک ترامپ هێشتا کاری لەسەر دەکرێت و هیچ بڕیارێکیش لەو بارەیەوە نەدراوە، بەڵام کیلۆگ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا باسییان لەوە کردووە فشارییان خستووەتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ڕازی ببێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ئاگربەستدا لەگەڵ ڕووسیادا. دوو کەسەکەی نزیک لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپەوە وتییان بەرپرسەکانی سەرۆک ترامپ مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا سەرەتا هەوڵی ئاگربەستێکی سەرەتایی بدەن پێش ئەوەی هەوڵی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بدەن یان نا. ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت، ئەوا براوەی ئەو هەڵبژاردنە بەرپرس دەبێت لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ڕووسیادا. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی زێلێنسکی دەبووایە لە ساڵی 2024 دا کۆتایی بهاتایە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەپێی یاسای سەربازیی ناکرێت ئەنجام بدرێن، ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2024 دا ئەو یاسا سەربازییەی سەپاند. دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا وتییان واشنتن لە ساڵی 2023 و 2024 دا باسی لە پرسی هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیادا.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پێویستە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ وردبینی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم ئەنجامبدرێت، هاوکات ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن تەیف سامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێم جێهێشتبێت بەناڕاست دەزانێت. لە بەیاننامەیەكى ڕۆژنامەوانیدا، وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیرى دارایی تەیف سامی كۆبوونەوەكەی بەجێنەهێشتووە، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی یەكلاكردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم. هاوکات ئاماژە بەوەدەکات، ئەو تۆمەتانە ناڕاستن، تەیف سامی بەشداری سەرجەم ئەو كۆبوونەوانەی كردووە كە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون، بەو پێیەی كۆبوونەوەكان شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە كە مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیان زامن بكات. وەزارەتى دارایی لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن بەگوێرەی كۆنتڕۆڵە یاسایی و داراییە كارپێكراوەكان و هەروەها بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا كردوە لەگەڵ شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی هەرێم و ستاف و كارمەندە پێشكەوتووەكانی، هەروەها ئامادەبوونی ستافی پێشكەوتوو لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی. وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە كۆبوونەوەیەكى دیکە لە وەزارەتی دارایی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم بتوانرێت ڕاستەوخۆ وردبینی بكرێت و پشتڕاست بكرێتەوە، هەروەها بتوانرێت هەمواركردنی پێویست بە زووترین كات ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەوەشى وت: كاركردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی وەزیر و لیژنە تەكنیكیەكانی هەردوولا لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەمەبەستی وردبینی و ئاشتكردنەوەی داتای مووچەی مەدەنی خانەنشینان، گرێبەستەكان بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و سەرچاوەكانی هەواڵ كرد كە دڵنیای دروستی لێكۆڵینەوە لە زانیارییەكانی دەسەڵاتە فەرمیەكان بكەن،هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵی نادورست كە رەنگە بەشێوەیەكی ناڕەوا ڕای گشتی بوروژێنێت.
حکوومەتی عێراق تاوتوێی سەردانێکی فەرمیی وەزیری دەرەوە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی سیاسی لەسەر کرانەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا هەیە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارێکی کورد ئامۆژگاری بەغدای کرد بەڕووی سووریادا بکرێتەوە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێرق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریشیدا لە بوونی 10 بۆ 12 هەزار ئەندامى داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ڕەنگە مەترسی ئەمنیی بۆ دروستبکەن عێراق ئەگەر ئازاد بکرێن. وتیشى: ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری هاوبەشمان. فواد حسێن، بوونی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای نەبوونی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق لە ئێستادا" پشتڕاستکردەوە و "رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ سوریا وەک بەشێک لە جددی" ئاشکرا کرد هەنگاوەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات لەچەند گفتوگۆکانی نێوان وەزیری عێراق و هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دۆخی سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی دەکەن، بەپێی داتاکانی حکومەت. هەر لەو پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە “لە بەرژەوەندی عێراقدایە مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای سوریادا بکات”، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لەم دۆخەدا هەیە وڵاتی دراوسێ “ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات”. زێباری لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی شام، بە تایبەتی: ئوردن، سعودیە، کوەیت، قەتەر، فەلەستین، لوبنان، عومان، و بەحرەین.”
مامۆستایان و فەرمانبەران، داوا لە هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکان دەکات سبەینێ یەکشەممە، بکرێتە ڕۆژێکى فراوانى ناڕەزایی دەربڕین، هاوکات هەڕەشەى ئەوەش دەکەن گیانی هەر مامۆستایەکى مانگرتوو بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە. ئەمڕۆ پێنج رۆژە مامۆستایان لەژێر خێمەیەکدان لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگۆتووەکان لە سلێمانى، بەهۆى ساردى کەش و هەواو درێژە کێشانى مانگرتنیان لەخواردن، تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە. عوسمان گوڵپى وتەبێژى خێمەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دەڵێت: پێنج ڕۆژە ئەو مامۆستایانە لێرەن، یاداشتێکمان بە زمانى عەرەبى و ئینگلیزى فەرەنسى داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێرەمان وەک شوێنێکى ڕەمزیمان هەڵبژاردووە یوئێن لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداو چاوەڕوانى وەڵامى ئەوانین. وتەبێژەکەى مامۆستایانى مانگرتوو، وتیشى: داواکارم هاوڵاتیان سبەینێ بکەنە رۆژێکى فراوانى خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەبەردەم خێمەى مانگرتوواندا، لەکاتژمێر دەى بەیانیەوە تا ئێوارە لێرە بمێننەوە، تەمەننادەکەین کۆبونەوەکەى سبەێنێ پەرلەمانى عێراقیش چارەسەرێکى پێبێت بۆ مووچەخۆرانى هەرێم، ئەگینا ئێمە بەردەوام دەبین. هاوکات هەر لەو کۆنگرەیەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو چوار داواكاری سەرەكیان خستەڕوو، بریتین لە (رێزگرتن لە كەسێتی تاك و سەوەركردنی یاسا، بەر لەمووچە شکۆ گرنگترە، بە نیشتمانی كردنی موچەو دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی، ئەمە بەر لەوەى خەڵک داواى بکات حکومەت خۆى دابینیبکردایەو نەیانکردایەتە ململانێى سیاسى. هەروەها دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، بۆ موچەخۆران، له ساڵی 2016وه ڕاگیراوه، ههروهها ئهو مامۆستا وانهبێژانهی كه لابراون بگهڕێنرێنهوه بۆ سهر كارهكانیان. عوسمان گوڵپى ئەوەشى وت: ژیانی ئهو مامۆستایانهی كه مانیان له خواردن گرتوه له مهترسیدایه، بهڵام جگه له بهردهوامبون هیچ بژاردهیهكی دیكهمان نیه و بهردهوام دهبین، گیانی مانگرتوویەكمان بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە.
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامەو چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان بەرەو تەواو بوون دەچێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دارایی و ئابورى هەرێم، دەڵێن: ئەمرۆ شەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٥، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەشاری بەغداد بەردەوامی هەیە. هەروەها وەزارەتى دارایی ئەوەش دەخەنەڕوو لەو چوارچێوەیەشدا تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا بەڕێوەچوو. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە. ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.
