هاوڵاتی - وڵاتی ڕوسیا 70 زەمالەی خوێندن بۆ هاوڵاتیانی هەرێم ڕادەگەیەنێت -هەرکەسێک مەرچەكانی تیایە با داواکاری لە ڕێگەی لینكەكەوە پێشکەش بكات - پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.   ‌وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وڵاتی رووسیا 70 زەمالەی خوێندنى بۆ هاوڵاتیانى هەرێم تەرخانكردووه. وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەكەینەوە، کە وڵاتی ڕوسیای فیدراڵ ٧٠ زەمالەی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥_٢٠٢٦ڕادەگەیەنێت، بەمەبەستی خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا). رونیشيكردەوە هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن: https://education-in-russia.com ئاماژەشیكرد کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە: http://Scholarship.digital.gov.krd ئەو پێشکەشکارانی فەرمانبەری حکومەتن ئەگەر زەمالەی ڕووسیا بەدەستبهێنن بەڵام مەرج و ڕێنماییەکانی ئاماژە پێکراوی خوێندنەکانی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.   مەرجەکانی پێشکەشکردن:   بەکالۆریۆس: - پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. - پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت. - بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو بەڕێزانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانیستیان لە (٧٥%) کەمتر نەبێت. - کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەی وردەکاری زیاتر سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن.   ماستەر: - پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. - پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو سال خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. - پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت. - پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت). - کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. - کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.   دکتۆرا:   - پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. - پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. - دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە ٧٠٪ کەمتر نەبێت. - داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت). - کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. - کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن ولاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

هاوڵاتی -لە بەغدا سزای لەسێدارەدان بۆ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان دەركرا. - بڕی 23ی گیلۆ گرام ماددەی ئەمفیتامینی هۆشبەریان پێگیراوە. دادگای تاوانەكانی كەرخ لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان دەركرد، بە تاوانی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە. ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری باڵا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند هەردوو تاوانبار بڕی 23ی گیلۆ گرام لە ماددەی ئەمفیتامینی هۆشبەریان پێگیراوە، كە لەدەرەوەی عێراق هێناوێنا بەمەبەستی ئەوەی بازرگانی پێوەبكەن و بیفڕۆشن بە ئالودەبووان. رونیشیكردەوە بڕیاری دادگاكە پشتی بە یاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارێكتەرە عەقڵیەكانی ژمارە 50ی ساڵی 2017 بەستووە. بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە زیادبوندایە و عێراق و هەرێمی كوردستانیش بونەتە یەكێك لەو شوێنانەی مەترسی زیادبوونی بازرگانیكردن و فڕۆشتن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانی لێدوكرێت. 

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ - دەتوانم زۆرێك لە رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان پەكبخەم تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ. - گۆڕانكاری سەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا كارێكی پێویست و گرنگە. - بەڵێنەكانم قسەی بەتاڵنین و دەتوانم بیانهێنمە دی   دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە بەنیازی گۆڕانكاریە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا، بە شێوەیەكی بنەڕەتی. ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند گۆڕانكاری سەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا كارێكی پێویست و گرنگە. بەڵێنیشی داوە بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان یان پەكخستنیان بە شێوەیەكی گشتی، لەنێویاندا لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمنی ناتۆ. دووپاتیشیكردەوە كە قسەكانی بەڵێنی بەتاڵ نین و سەرۆكەكان ئازادیەكی بەرفراوانیان هەیە لە سیاسەتی دەرەوەدا و دەتوانن بچنە نێو زۆرێك لە رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان یان تاكلاییانە هەڵیبوەشێننەوە. دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكان توانی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدەستبهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، دوای ئەوەی  بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا توانى له كاندیدی كۆماریەكان كامالا هاریس بباتەوە.

هاوڵاتی - هێزەکانی هاوپەیمانان هاوكاری داراییان خستە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە. - سبەی هاوكاری دارایی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت.   هێزەکانی هاوپەیمانان هاوكاری داراییان خستە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگی تشرینی یەكەم. وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە هاوپەیمانان هاوكاری داراییان خستوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگی (تشرینی یەكەم)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون سبەی ئەو هاوكارییە دابەش دەکرێت. رونیشیكردەوە دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون وسبەی پێنج شەممە 7ی (تشرینی دووەم) ، هاوکاری بۆ مانگی (تشرینی یەكەم) دابەش دەکرێت. نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگە مانگانە سودمەند دەبێت لە هاوکاری دارایی هاوپەیمانان و بڕیارە ئەو هاوكارییە تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتو بەردەوام بێت.

هاوڵاتی - بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دۆناڵد ترەمپ بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش کامالا هاریسەوەیە. - ترەمپ 247 دەنگی كۆمەڵەی هەڵبژاردنەكانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 210 بۆ كامالا هاریس.   دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكان توانی بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدەستبهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا. بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكان لەپێش كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتیەكانەوەیە. ڕۆژی 5-11-2024 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران و سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەنجامدرا، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دۆناڵد ترەمپ بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش کامالا هاریسەوەیە. ئەنجامەكان دەریدەخەن ترەمپ 266  دەنگی كۆمەڵەی هەڵبژاردنەكانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 194 بۆ كامالا هاریس، بەڵام دەنگەكان بەردەوام گۆڕانكاریان بەسەرداهێت و پێشبینی دەكرێت دۆناڵد ترەمپ زۆر لەپێش كامالا هاریسەوە بێت.

هاوڵاتی - لە خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی گەرمە یاری دەكات - یاریەكە لە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.   سبەینێ‌ رۆژی چوارشەممە 6/11/2024 كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ لە خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق، یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی گەرمە  یاری دەكات. یاریەكە لە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل بەڕێوەدەچێت. شایانی باسە یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لەسەر ئەركی لاهوڕ شێخ جەنگی سەرۆكی بەری گەل و سەرۆكی یانەی نەورۆز درووستكراوە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان.

هاوڵاتی دژەتیرۆری عێراق - لە مانگی تشرینی یەكەم بە دەیان تیرۆریستمان كوشتووە. - 32 حەشارگەی تیرۆریستەكانمان وێرانكردووە و 19 تیرۆریستمان دەستگیركردووە.   دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند لە مانگی تشرینی یەكەم 30 تیرۆریستمان كوشتووە و 19ی تریشمان دەستگیركردووە. دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە لە كۆی چالاكیەكانی مانگی تشرینی یەكەمی 2024، چل و دوو ئەركمان جێبەجێكردووە و 19 تیرۆریستمان دەستگیركردووە. رونیكردەوە دەزگای دژەتیرۆری عێراق  لە ماوەی ئەو مانگەدا 30 تیرۆریستی كوشتووە و 32 حەشارگەی باندە تیرۆریستیەكانی وێرانكردووە. قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دوێنێ‌ رایگەیاند وڵاتەکەی هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەیشاردەوە کە تاوەکو ئێستا تیرۆر هەڕەشەیەکی جیهانییە، تەنیا لە رێگەی بەرقەرارکردنی سیستمێکی کاری تەواوکاری و هاوکاری نێودەوڵەتی لەنێو دەبرێت، عێراقیش توانی جەنگی تیرۆر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.

هاوڵاتی كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ريى‌ - بایكۆتكردنی‌ په‌رله‌مان بڕیاری‌ كۆتایی كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری-یه‌. - ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیزاین كراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ مافی‌ خۆمان نییه‌     كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ رایگەیاند هەرچەندە پارتی نیگەرانی دەربڕیوە لە كشانەوەمان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر بڕیارەكەمان. محه‌مه‌د حه‌كیم وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند پارتی شاندێكی باڵای ناردووە بۆ لای عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە بڕیاری كشانەوەمان لە پەرلەمانی هەرێم. وتيشى: سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵ‌ بۆی‌ روونكردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ساخته‌كاریمان لێكراوه‌ و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیزاین كراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ مافی‌ خۆمان نییه‌، به‌ڵگه‌یه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ و تانه‌مان له‌ ئه‌نجامه‌كان داوه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه‌ بۆیه‌ ناچاربووین ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌ربگرین و بایكۆتی‌ په‌رله‌مان بكه‌ین. ئاشكراشیكرد كه‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵ‌ به‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی‌ راگه‌یاندووه‌‌ بایكۆتكردنی‌ په‌رله‌مان بڕیاری‌ كۆتایی كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری-یه‌ و سوورن لەسەر بڕیارەكەیان. كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كه‌ له هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سێ‌ كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه،‌ بڕیاریداوه‌ به‌شداری‌ په‌رله‌مانی نوێ نه‌كات و بكشێته‌وه‌.

هاوڵاتی -هەفتەیەک مۆڵەت به مامۆستاى کوردی کەرکووک دراوه بۆ پڕکردنەوەی فۆرمى هەژماری من. - نزیکەی 1500 مامۆستا و فەرمانبەر فۆرمی هەژماری من یان پڕنەکردووەتەوە. - ئەگەر پڕی نەكەنەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن لەوەی کێشە بۆ مووچەکانیان دروست بکرێت.   بەڕێوەبەرایەتی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند هەفتەیەک مۆڵەت به مامۆستا و فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دراوه بۆ پڕکردنەوەی فۆرمى هەژماری من. کامەران عەلی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند نزیکەی 1500 مامۆستا و فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ماون کە هێشتا فۆرمی هەژماری من یان پڕنەکردووەتەوە و هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدراوە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە. وتيشى: ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە فۆرمی هەژماری من یان پڕنەکردووەتەوە ئاگادارمان کردوونەتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا فۆرمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەگەرنا دواتر خۆیان بەرپرسیار دەبن لەوەی کە لە وەزارەتی داراییەوە کێشە بۆ مووچەکانیان دروست بکرێت. رونیشیكردەوە نزیکەی 3000 مامۆستا و فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە دوو قۆناخ فۆڕمی هەژماری من یان بۆ وەرگرتنی کارتی (تی بی ئای) پڕکردووەتەوە و نزیکەی 1500 مامۆستا و فەرمانبەر ماون کە ئەو فۆرمانە پڕبکەنەوە.  لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كێشە لەسەر هەژماری من لە نێوان پارتی و یەكێتی درووستبوە و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكات و پارتیش بە بەشێك لە تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناوی دەبات، لەكاتێكدا زۆربەی لایەنەكان پێیان وایە هەژماری من ناچێتە بواری تەوتینەوە.

هاوڵاتی - لەخاكی عێراقەوە ئەمڕۆ شەش جار هێرش كراوەتەسەر ئیسرائیل. - هێرشەكان بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان كراوەتەسەر باشوری ئیسرائیل. - سێ لەهێرشەکان بۆ سەر حەیفا بوە.   بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق چەندین هێرشی درۆنی جۆراوجۆری لەخاكی عێراقەوە كردە سەر باشوری ئیسرائیل. بەرەكە لە هەژماری خۆی لە تیلیگرام بڵاویكردەوە ته‌نها ئه‌مڕۆ شه‌ش جار بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردوەتە سەر باشوری ئیسرائیل و سێ لەهێرشەکانی بۆ سەر حەیفا بوە، هەروەها دوو هێرشی دیکە بۆ سەر باکورو هێرشێکیش بۆسەر باشوری ئیسرائیل بوە. رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاشكرای كردبوو ئیسرائیل چاودێری بارودۆخەكە دەكات و ئەو ئامانجانە دەستنیشان دەكات كە پەیوەندیان بەو میلیشیانەوە هەیە كە ئێران پاڵپشتیان لێدەكات، سەرەڕای دەستنیشان كردنی چەند ئامانجێكی عێراقی. بەپێی رۆژنامەكە ئیسرائیل هۆشداری داوە بە بەغدا كە پێویستە كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان بكات و رێگایان نەدات خاكی عێراق بۆ هێرشكردن بەكار بهێنن.

هاوڵاتی - كه‌شه‌كه‌ جێگیر ده‌بێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌گۆڕێت. - پله‌كانی گه‌رما به‌رز ده‌بنه‌وه‌.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم پێشبینیكرد كەش و هەوای هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاسمان نیمچه‌ هه‌ور و ته‌م ده‌بێت تا كاته‌كانی نیوه‌ڕۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری نمه‌ بارانێكی كه‌م له‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ شاخاوییه‌ به‌رزه‌كان، له‌ دوای نیوه‌ڕۆ كه‌شه‌كه‌ جێگیر ده‌بێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌گۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری دوباره‌ دروستبونه‌وه‌ی ته‌م له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا، پله‌كانی گه‌رما به‌رز ده‌بنه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی 1-2 پله‌ به‌راورد به‌ تۆماركراوه‌كانی دوێنێ. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت ، له‌گه‌ڵ دروست بونی ته‌م له‌كاته‌كانی به‌یانی زودا، پله‌كانی گه‌رما كه‌مێك به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌ به‌راورد به‌ تۆماركراوه‌كانی ئه‌مڕۆ. رونیشیكردەوە به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی ، له هه‌ولێر      22 پله‌، سلێمانی 19 پله‌، دهۆك 22 پله‌، كه‌ركوك 23 پله، هه‌ڵه‌بجه‌ 21 پله، زاخۆ 22 پله‌، حاجی ئۆمه‌ران 13 پله‌، سۆران 20 پله‌، گه‌رمیان 25 پله‌ی سیلیزی.

هاوڵاتی -  داوای ئازادكرنی ئافرەتێک دەكرێت كه لە زانکۆیەکی ئێران خۆی رووتکردبۆوە و دەستگیرکرا. - خۆڕوتكردنەوەی ئەو ئافرەتە وەك كاردانەوەیەك بووە بەرامبەر بە یاساكانی لەچككردنى زۆرەملێ‌.   ئافرەتێک لە زانکۆیەکی ئێران خۆی رووتکردبۆوە و دەستگیرکرا، ئێستاش داوای ئازادکردنی دەکرێت. چەند چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران كرد ئەو ئافرەتە ئازاد بكەن، كە دوای ئەوەی لە یەكێك لە زانكۆكانی تاران خۆی رووتكردەوە دەستبەسەركرا. چالاكوانەكان بڵاویانكردەوە، خۆڕوتكردنەوەی ئەو ئافرەتە وەك كاردانەوەیەك بووە بەرامبەر بە یاساكانی لەچككردنى زۆرەملێ‌. رۆژی شەممەی رابردوو لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڤیدیۆی ئافرەتێك بڵاوبۆیەوە كە لە زانكۆی ئازادی ئیسلامی تاران تەنها بە جلوبەرگی ژێرەوە هاتووچۆی دەكرد، لەبەرامبەردا هاوڵاتیانی ئێران ئاشكرایانكرد كە كاردانەوەی ئەو ئافرەتە بەشێك بووە لە بزووتنەوەی (ئافرەت ژیان ئازادی) كە لەلایەن زۆرێك لە ئافرەتانەوە گیراوەتەبەر دژ بەو یاسایانەی ناچاریان دەكات بە داپۆشینی قژیان و پۆشینی جلوبەركی پانوپۆر و درێژ.

عیماد جەمیل - تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەدراوە. - دوا بڕیار بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لای دەستەی دادوەریە. - دەستەی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان بە تانەكاندا دەچێتەوە و یەكلایی دەكاتەوە.   كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند دوا بڕیار بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لای دەستەی دادوەریە. عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەدراوە. وتيشى: دوای ئەوەی دەستەی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان بە تانەكاندا دەچێتەوە و یەكلایی دەكاتەوە، دواجار كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامی كۆتایی پەسەند دەكات. هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە 18 و 20ی تشرینی یەكەمی 2024 لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رێكخراو و حەوت لایانی سیاسی تانەیان لێداوە و ئاشكرایان كردووە كە خروقات و ساختەكاریەكی زۆری تیادا كراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

هاوڵاتی -چەند پاسەوانێکی ئەفسەرێكی یەکێتی هێرش دەكەنە سەر رۆژنامەنووسێك و بەسەختی برینداری دەكەن. - پاسەوانەكان بە چەقۆ و دەمانچە هێرشيان كردووەتە سەر رۆژنامەنووسەكە و بە سەختی برینداریان كردووە. - لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت.   چەند پاسەوانێکی ئەفسەرێكی یەکێتی هێرشیان كردە سەر رۆژنامەنووسێك و بەسەختی برینداریان كرد. دەزگای میدیایی بوار لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دەزگای میدیایی بوارو هەرێمی کوردستان لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی بەشێوەیەکی دڕندانە پەلەماری ڕۆژنامەنوسەكەیان داوە و بە سەختی برینداریان كردووە. رونیكردەوە پاسەوانەكان بە چەقۆ و دەمانچە هێرشيان كردووەتە سەر رۆژنامەنووسەكە و بە سەختی برینداریان كردووە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت  وژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ئەندامی یەکێتی نیتشیمانی کوردستانە و ناوی تەحسین تەها محەمەدە و بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات. داواشيان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و کونسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی كرد لە هەرێمی کوردستان کە هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسێکی کوردستانیان داوە.

هاوڵاتی محەممەد جەواد لاریجانی: - توانا زانستییەکانمان زۆر بەرزن و دەکرێت لە مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین. - لە ئێستادا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتییە لە پێشخستنی زانستی ئەتۆمی.   محەممەد جەواد لاریجانی بەرپرسی ئینستیتیوتی توێژینەوەی زانستە بنەڕەتییەکانی سەر بە وەزارەتی زانستی ئێران رایگەیاند دەتوانین له مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین. لاریجانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند لە ئێستادا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتییە لە پێشخستنی زانستی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی و لەڕووی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی وڵاتێکی زانستیین. پێشی وایە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و تەنانەت ئیسرائیلیش بە ئاشکرا دیارە و کاتێک سەرکردەکانی ئیسرائیل باس لە شەڕی وجودی دەکەن، ئەم شەڕە پاساوێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. جەختیشی لەوە کردەوە کە توانا زانستییەکانمان زۆر بەرزن و ئەگەر ڕۆژێک پێویستییەکی لەو شێوەیە سەرهەڵبدات، دەکرێت لە مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین.