هاوڵاتی - كه‌شه‌كه‌ جێگیر ده‌بێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌گۆڕێت. - پله‌كانی گه‌رما به‌رز ده‌بنه‌وه‌.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم پێشبینیكرد كەش و هەوای هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاسمان نیمچه‌ هه‌ور و ته‌م ده‌بێت تا كاته‌كانی نیوه‌ڕۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری نمه‌ بارانێكی كه‌م له‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ شاخاوییه‌ به‌رزه‌كان، له‌ دوای نیوه‌ڕۆ كه‌شه‌كه‌ جێگیر ده‌بێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌گۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری دوباره‌ دروستبونه‌وه‌ی ته‌م له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا، پله‌كانی گه‌رما به‌رز ده‌بنه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی 1-2 پله‌ به‌راورد به‌ تۆماركراوه‌كانی دوێنێ. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت ، له‌گه‌ڵ دروست بونی ته‌م له‌كاته‌كانی به‌یانی زودا، پله‌كانی گه‌رما كه‌مێك به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌ به‌راورد به‌ تۆماركراوه‌كانی ئه‌مڕۆ. رونیشیكردەوە به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی ، له هه‌ولێر      22 پله‌، سلێمانی 19 پله‌، دهۆك 22 پله‌، كه‌ركوك 23 پله، هه‌ڵه‌بجه‌ 21 پله، زاخۆ 22 پله‌، حاجی ئۆمه‌ران 13 پله‌، سۆران 20 پله‌، گه‌رمیان 25 پله‌ی سیلیزی.

هاوڵاتی -  داوای ئازادكرنی ئافرەتێک دەكرێت كه لە زانکۆیەکی ئێران خۆی رووتکردبۆوە و دەستگیرکرا. - خۆڕوتكردنەوەی ئەو ئافرەتە وەك كاردانەوەیەك بووە بەرامبەر بە یاساكانی لەچككردنى زۆرەملێ‌.   ئافرەتێک لە زانکۆیەکی ئێران خۆی رووتکردبۆوە و دەستگیرکرا، ئێستاش داوای ئازادکردنی دەکرێت. چەند چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران كرد ئەو ئافرەتە ئازاد بكەن، كە دوای ئەوەی لە یەكێك لە زانكۆكانی تاران خۆی رووتكردەوە دەستبەسەركرا. چالاكوانەكان بڵاویانكردەوە، خۆڕوتكردنەوەی ئەو ئافرەتە وەك كاردانەوەیەك بووە بەرامبەر بە یاساكانی لەچككردنى زۆرەملێ‌. رۆژی شەممەی رابردوو لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڤیدیۆی ئافرەتێك بڵاوبۆیەوە كە لە زانكۆی ئازادی ئیسلامی تاران تەنها بە جلوبەرگی ژێرەوە هاتووچۆی دەكرد، لەبەرامبەردا هاوڵاتیانی ئێران ئاشكرایانكرد كە كاردانەوەی ئەو ئافرەتە بەشێك بووە لە بزووتنەوەی (ئافرەت ژیان ئازادی) كە لەلایەن زۆرێك لە ئافرەتانەوە گیراوەتەبەر دژ بەو یاسایانەی ناچاریان دەكات بە داپۆشینی قژیان و پۆشینی جلوبەركی پانوپۆر و درێژ.

عیماد جەمیل - تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەدراوە. - دوا بڕیار بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لای دەستەی دادوەریە. - دەستەی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان بە تانەكاندا دەچێتەوە و یەكلایی دەكاتەوە.   كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند دوا بڕیار بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لای دەستەی دادوەریە. عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەدراوە. وتيشى: دوای ئەوەی دەستەی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان بە تانەكاندا دەچێتەوە و یەكلایی دەكاتەوە، دواجار كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامی كۆتایی پەسەند دەكات. هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە 18 و 20ی تشرینی یەكەمی 2024 لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رێكخراو و حەوت لایانی سیاسی تانەیان لێداوە و ئاشكرایان كردووە كە خروقات و ساختەكاریەكی زۆری تیادا كراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

هاوڵاتی -چەند پاسەوانێکی ئەفسەرێكی یەکێتی هێرش دەكەنە سەر رۆژنامەنووسێك و بەسەختی برینداری دەكەن. - پاسەوانەكان بە چەقۆ و دەمانچە هێرشيان كردووەتە سەر رۆژنامەنووسەكە و بە سەختی برینداریان كردووە. - لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت.   چەند پاسەوانێکی ئەفسەرێكی یەکێتی هێرشیان كردە سەر رۆژنامەنووسێك و بەسەختی برینداریان كرد. دەزگای میدیایی بوار لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دەزگای میدیایی بوارو هەرێمی کوردستان لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی بەشێوەیەکی دڕندانە پەلەماری ڕۆژنامەنوسەكەیان داوە و بە سەختی برینداریان كردووە. رونیكردەوە پاسەوانەكان بە چەقۆ و دەمانچە هێرشيان كردووەتە سەر رۆژنامەنووسەكە و بە سەختی برینداریان كردووە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت  وژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ئەندامی یەکێتی نیتشیمانی کوردستانە و ناوی تەحسین تەها محەمەدە و بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات. داواشيان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و کونسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی كرد لە هەرێمی کوردستان کە هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسێکی کوردستانیان داوە.

هاوڵاتی محەممەد جەواد لاریجانی: - توانا زانستییەکانمان زۆر بەرزن و دەکرێت لە مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین. - لە ئێستادا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتییە لە پێشخستنی زانستی ئەتۆمی.   محەممەد جەواد لاریجانی بەرپرسی ئینستیتیوتی توێژینەوەی زانستە بنەڕەتییەکانی سەر بە وەزارەتی زانستی ئێران رایگەیاند دەتوانین له مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین. لاریجانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند لە ئێستادا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتییە لە پێشخستنی زانستی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی و لەڕووی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی وڵاتێکی زانستیین. پێشی وایە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و تەنانەت ئیسرائیلیش بە ئاشکرا دیارە و کاتێک سەرکردەکانی ئیسرائیل باس لە شەڕی وجودی دەکەن، ئەم شەڕە پاساوێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. جەختیشی لەوە کردەوە کە توانا زانستییەکانمان زۆر بەرزن و ئەگەر ڕۆژێک پێویستییەکی لەو شێوەیە سەرهەڵبدات، دەکرێت لە مەودایەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بكەین.

هاوڵاتی -له هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كامالا هاریس لە پێش دۆناڵد ترامپی ڕکابەرییەوەیەتی.   - لە كۆی حەوت ویلایەت ترامب تەنها لەیەك ویلایەت لەپێش هاریسەوەیە.   بەپێی راپرسیەكی نوێی رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز و زانكۆی سینا كە پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كراوە، لە چوار ویلایەتی ئەمریكا، كامالا هاریس لە پێش دۆناڵد ترامپی ڕکابەرییەوەیەتی. راپرسیەكە ئاشكرایكرد هاریس لە ویلایەتی نیڤادا و كارۆلینا و وێسكۆنسن و جۆرجیا لەپێش ترامپەوەیە. لای خۆیەوە سایتی ئیندپندنت بڵاویكردەوە هاریس لە نیڤادا پاڵپشتی له 49%ی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا ترامپ لە 46%ی بەدەستهێناوە، لە كارۆلیناش هاریس لە 48%ی بەدەستهێناوە لەبەرامبەر 46% بۆ ترامپ. سایتەكە رونیكردەوە، لە وێسكۆنسن هاریس لە 49%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، ترامپیش لە 47%. راپرسیەكە ئاشكرایكردوە، لە كۆی حەوت ویلایەت، ترامپ تەنها لەیەك ویلایەت ئەویش ویلایەتی ئەریزۆنایە لەپێش هاریسەوەیە بە لە 49% بەرامبەر بە لە 45%. هه‌ردو كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپی پارتی كۆمارییه‌كان و كامالا هاریسی پارتی دیموكراته‌كان به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیان له‌و ویلایه‌تانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجامی كێبڕكێكه‌ بۆ یه‌كێكیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌میان له‌به‌رده‌مدا ماوه‌. 

هاوڵاتی - بەرەی گەل و چەند لایەنێكی دیكە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكەن. - لەو هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كراوە و ئەوەی هەیە تەعبیر نیە لە دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان - تانەیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن داوە و تەواوی بەڵگەكانیان خستوەتەڕو. - هەماهەنگی نێوان ئەو لایەنانە بەردەوام دەبێت و هەڵوێستی هاوبەشیان دەبێت.   بەرەی گەل و چەند لایەنێكی سیاسی دیكە داوایانكرد ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى هەرێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌. بەرەی گەل و یەکگرتو و ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی لەسەر ئاستی مەکتەبی هەڵبژاردن لە بارەگای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان كۆبونه‌وه‌ و داوایانكرد ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌. نوێنەری ئەو لایەنانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایانگەیاند، ئێمە هاوڕابوین لەسەر ئەوەی ساختەكاری كراوە و هەریەك لە لایەنەكان لە ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تانەی خۆیان پێشەكەش كردوە لە هەولێر و سلێمانی. دووپاتیانكردەوە لەو هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كراوە و ئەوەی هەیە تەعبیر نیە لە دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان و ئیرادەی دەنگدەر دیار نیە بە ئەنجامەكانی دەنگدانەوە. رونیانكردەوە تانەیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن داوە و تەواوی بەڵگەكانیان خستوەتەڕو، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای باڵای هەڵبژاردن بە جددیەوە بەداوی تانەكانی ئەواندا بڕوات و ڕێڕەوی ئاسایی و ياساییان بۆ وەربگرێت. ئەوەشیان خستەڕو، هەماهەنگی نێوان ئەو لایەنانە بەردەوام دەبێت و بۆ سەرجەم پرسەكانی بواری هەڵبژاردن و هەرپرسێكی دیكەی پەیوەنديدار كە دێتەپێشەوە دادەنیشن و هەڵوێستی هاوبەشیان دەبێت.

هاوڵاتی سيستانى: - دەبێت عێراقییەکان کار بکەن بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق. - دەبێت رێگری بكرێت لە دەستوەردانی دەرەکی بە سەرجەم شێوازەکانی و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.     عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق رایگەیاند دەبێت عێراقییەکان، بەتایبەت دەستەبژێری هۆشیار، پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕبوون و کار بکەن بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، عەلی سیستانی لەکاتی پێشوازیکردن لە محەممەد حەسسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووکان لە عێراق رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕبوون و کار بکەن بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی باشتر، بەڵام ئەوە نایەتەدی بەبێ رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بە سەرجەم شێوازەکانی و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.  سیستانی رونیكردەوە، دەبێت عێراقییەکان، بەتایبەت دەستەبژێری هۆشیار، پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕبوون و کار بکەن بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق، کە هەمووان تیایدا بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندوویی بژین، بەڵام ئەوە نایەتەدی بەبێ دانانی پلانێکی زانستی و کرداری بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستپاکی و رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بە سەرجەم  شێوازەکانی، چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی لە سەرجەم ئاستەکان.  لەو کۆبوونەوەیەدا سیستانی باسی لەو ئاڵنگارییە گەورانە کردووە کە ئێستا عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی محەممەد حەسسان بوو لەگەڵ عەلی سیستانی لەدوای ئەوەی 15ی تەممووز بە فەرمی وەکو نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستنیشان کرا.

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی: - تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکان بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات. - ساختەکارییەكان گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان. - پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ.   لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل  و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری رایانگەیاند ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی. لاهۆر شێخ جەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری هەولێر، پێشوازیمانکرد لە مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری  ولە دیدارێکی دۆستانەدا، پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە. وتيشى: هەردولا هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیشمان کردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و  شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات. رونیكردەوە لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دوپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن.

مونا قەهوەچی - ئەو رۆڵەی بە توركمانەكان دراوە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نييه. - داوا دەكەین دوو پۆستمان پێبدرێت لە كابینەی داهاتوویی حكومەتی هەرێمی كوردستان.   پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند ئەو رۆڵەی بە توركمانەكان دراوە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نييه. مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەو پێگە و رۆڵەی بە توركمانەكان دراوە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی چاوەڕوانیماندا نەبووە و وەك پێویست نەبووە. داوايشيكرد دوو پۆستی خزمەتگوزاری لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت بە پارتی چاكسازی توركمان تاكو بتوانن خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بە هاوڵاتیان بكەن. وتيشى: بەمافی خۆمانی دەزانین كە یاریدە دەرێكیشمان لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەبێت و نوێنەرایەتی توركمانەكان بكەین.

هاوڵاتی -  دابارین لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێمى كوردستان به‌رده‌وام دەبێت. - پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە وخێرایی با  لەسەر خۆ- مامناوەند دەبێت   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینیكرد دابارین بەشێوەی نمەباران لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت. بەڕێوەبەرایەتیەكە بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکان، لەکاتەکانی دواینیوەڕۆ دابارین بەشێوەی نمەباران لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەبارێت هەندێکات بۆ تاوەباران و بروسکە دەگۆڕێت کاریگەری لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی دەمێنێتەوە بەشێوەی نمەبارانی کەمی پچڕپچڕ لەناوچە شاخاوییەکان. رونیكردەوە، پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بە (2-3) پلە بەراورد به تۆمارکراوەکانى دوێنێ، خێرایی با  لەسەر خۆ- مامناوەند دەبێت و له‌ نێوان 10 بۆ 20 كیلۆمه‌تردا ده‌بێت، ئاڕاسته‌ی با باكوری خۆرئاوا دەبێت، مەوداى بینین لەنێوان  8 بۆ 9 کیلۆمه‌تر دەبێت، بەڵام لە کات و شوێنی دابارین لە نێوان 5 بۆ 7 کیلۆمه‌تر دەبێت. باسی له‌وه‌شكرد‌، سبەی سێشەممە ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ نمەبارانی کەم کەم لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پاشان بۆ کاتەکانی ئێوارە کاریگەری لاواز دەبێت بەرەو ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.

هاوڵاتی - ئیسرائیل هۆشداری داوە بە بەغدا كە پێویستە كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان بكات. - ئیسرائیل چەند ئامانجێكی عێراقی دەستنیشان دەكات. - ئێران سەرقاڵی گواستنەوەی مووشەكی بالستیە بۆ عێراق.   چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاشكرایانكرد ئێران سەرقاڵی گواستنەوەی مووشەكی بالستیە بۆ عێراق. رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلیەوە بڵاویكردەوە مانگە دەستكردەكان چاودێری تارانیان كردوە كە خەریكی گواستنەوەی مووشەكی بالستین بۆ ناو خاكی عێراق، بەمەبەستی بەكارهێنانیان بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل. رۆژنامەكە رونیكردەوە ئیسرائیل چاودێری بارودۆخەكە دەكات و ئەو ئامانجانە دەستنیشان دەكات كە پەیوەندیان بەو میلیشیانەوە هەیە كە ئێران پاڵپشتیان لێدەكات، سەرەڕای دەستنیشان كردنی چەند ئامانجێكی عێراقی. بەپێی رۆژنامەكە ئیسرائیل هۆشداری داوە بە بەغدا كە پێویستە كۆنتڕۆڵی میلیشیاكان بكات و رێگایان نەدات خاكی عێراق بۆ هێرشكردن بەكار بهێنن.

هاوڵاتی -  قەیوم بۆ گەورە شارەوانییه‌كانی مێردین و ئێلیهـ و خەلەفەتی لە باکوری کوردستان دانرا. - هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا. - فەرمانی وەزارەتی ناوخۆى توركيا لەبارەی دانانی قەیوم گەیاندراوەتە ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین.   وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومی بۆ گەورە شارەوانییه‌كانی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باکوری کوردستان دانا.  میدیای فه‌رمی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، به‌بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا،  قەیوم بۆ گەورە شارەوانییه‌كانی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باکوری کوردستان دانراون. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، چواری تشرینی دووەم) هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیووم گەیاندووەتە ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین.  بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا.   ئەحمەد تورک، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی، هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین."  پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانانی بۆ ماوی 10 رۆژ قەدەخە کرد.  لەلایەکی دیکەوە، بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانیی ئێلیهـیش دانراوە. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندراوەتە گوڵستان سۆنووک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ بە قەیووم دانراوە.  لە پارێزگای رووها، قەیووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی دانرا و لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.   ئەم سێ شارەوانییەی قەیوومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـن.

هاوڵاتی - بانكی بازرگانی عێراق واژۆكردنی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ هه‌ژماری من بۆ ته‌وتینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕاده‌گه‌یه‌نێت. - گرێبەستەكە به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێنماییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌.   بانكی بازرگانی عێراق (TBI) واژۆكردنی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌یه‌كی (هه‌ژماری من) بۆ (ته‌وتین)ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت و به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ش، ئه‌و گرێبه‌سته‌ له‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیه‌ بۆ ته‌وتینی موچه‌. بانكی بازرگانی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، گرێبه‌ستێكیان واژۆكردوه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی هه‌ژماری من بۆ ته‌وتینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان بانكه‌كه‌یان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێنماییه‌كانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌ بۆ پێویستی به‌شداریكردنی بانكی بازرگانی عێراقی له‌ پڕۆسه‌ی ته‌وتینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق. لەلایان خۆیەوە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم بڵاویكردۆته‌وه‌، بانکی بارزگانیی عێراق گرێبەستی بەشداریی لەگەڵ پرۆژەی "هەژماری من" کرد و بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من کردوە تاکو لە پرۆژەکەدا بەشدار بن، کە تایبەتە پرۆسەی تەوتینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی زریانه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشوری ئیسپانیاوه‌ گه‌یشته‌ 213 كه‌س، له‌ كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیانیش تا ئێستا بێسه‌روشوێنن. ده‌زگای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ئیسپانیا بڵاویكرده‌وه‌، تیمی فریاگوزاری له‌ زۆرترین زیانلێكه‌وتوی ناوچه‌ی ڤالێنسیا له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاندوه‌، 213 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. لای خۆیه‌وه‌ پێدرۆ سانچێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا  ڕایگه‌یاند، پێنج هه‌زار سه‌رباز و پێنج هه‌زار پۆلیسی دیكه‌ بڵاوه‌پێده‌كرێن، له‌ كاتێكدا حكومه‌تی ناوه‌ندی ئیسپانیا له‌ مه‌درید ده‌ڵێت، له‌ ئێستادا زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 600 سه‌رباز له‌ زۆرترین ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كانی نزیك ڤالێنسیا جێگیركراون. كه‌شوهه‌وای خراپ به‌رده‌وامه‌ له‌ كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاستی ئیسپانیا، ئاگادارییه‌كی پرته‌قاڵی كه‌ دوه‌م به‌رزترین ئاسته‌ له‌ ئێستادا له‌ به‌شێك له‌ ڤالێنسیا كاری پێده‌كرێت، له‌نێویاندا ناوچه‌ی كاستێلۆن، كه‌ پێشبینی بارانێكی به‌خوڕ ده‌كرێت. هه‌وڵه‌كانی ڕزگاركردن پێی ناوه‌ته‌ شه‌شه‌مین ڕۆژی خۆیه‌وه‌، گه‌ڕان به‌ تایبه‌تی له‌ تونێل و ژێرزه‌وی و شوێنی وه‌ستانی ئۆتۆمبێلی و ئه‌و باڵه‌خانانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر لافاوه‌وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.