هاوڵاتی -یەکێتی له‌ دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا سکاڵا دژ بە هەژماری من تۆمار دەكات - سكاڵاكە لەبەرژەوەندی تەوتینكردنى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماركراوە   فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق له‌ دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا سکاڵایان لەسەر هەژماری من و رێگریکردن لە تەوتین تۆمارکرد‌. بڕیار ڕه‌شید، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ تیمی یاسایی یه‌كێتی و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە په‌رله‌مانی عێراق، سکاڵایان له‌سه‌ر هه‌ژمارى من تۆماركردوە. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، سكاڵاكه‌ له‌ دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا لەسەر هەژماری من و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی تەوتین تۆمارکراوه‌. مەکتەبی سیاسی یەکێتی له 24ی ئه‌م مانگه‌ پرۆژەی هه‌ژماری منی ڕەتکردەوە و بڕیاریدا هەمو نوسینگەکانی پلاتفۆڕمەکە لە بانکە حکومییەکان لە سلێمانی دابخرێن. دادگای باڵای فیدڕاڵی لە 21ی شوباتی ئه‌مساڵ بڕیاری خۆی لە دۆسیەی موچەی هەرێمی کوردستان دەرکرد و حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستانی پابەند کرد بە خۆجێیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە حکومییەکان، بەمەرجێک لە بودجەی هەرێم ببڕدرێت.

هاوڵاتی - عێراق ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هەرێمی کەم کردەوە - رێژەكە له ٧٠٠ هەزار تۆنەوە بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن كەم كراوەتەوە - هۆكاری كەمكردنەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بودجە و نه‌بوونی سایلۆی پێویست   حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كەم بكاتەوە له ٧٠٠ هەزار تۆنەوە بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن، بۆ هەر تۆنێکیش بڕی ٨٥٠ هەزار دیناری دیاری کردووە. وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی کاربەرێکەری هه‌رێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ئه‌م ساڵ به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی عێراق سێ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار تۆن گه‌نم وه‌رده‌گیرێت، له‌و ژماره‌یه‌ش ٤٠٠ هه‌زار تۆن وه‌ک به‌شی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه، بۆ هەر تۆنێکیش بڕی ٨٥٠ هەزار دیناری دیاری کردووە. رونیشیكردەوە هۆكاری كەمكردنەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بودجە و مانه‌وه‌ی پاره‌ی جوتیارانی عێراق و هه‌رێم لای حكومه‌ت، كه‌ تا ئێستاش ٩٠٣ ملیار دینار لای ماوه‌ته‌وه‌ و خه‌رج نه‌كراوه‌، سەرەڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی سایلۆی پێویست بۆ عه‌مباركردنی گه‌نمی زیاتر، له‌كاتێكدا هێشتا شەش ملیۆن تۆن گه‌نمی ساڵی ڕابردوو له‌ناو سایلۆكان ماوه‌ته‌وه‌. چەندین ساڵە كێشەی كڕینی گەنم و شایستەكانی جووتیارانی عێراق بە تایبەتی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و چارەسەرێكی گونجاوی بۆ دانەنراوە.

هاوڵاتی - كۆمسیۆن دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم كردەوە - تەنها بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ دەرگای تانەدان كراوە دەبێت - نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە كوردستان و بەغدا تانەی لایەنەكان وەردەگرن       كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كردەوە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمڕۆ دەرگای تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كرایەوە و تاكو یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو ٣ـی تشرینی دووەم، هەر لیست و كاندیدێك كە بە ئەنجامەكان ڕازی نییە، دەتوانێت لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژدا تانە لە ئەنجامەكان بدات. رونیشیكردەوە، تانەی لایەنەكان لە نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان و نووسینگەی بەغداش وەردەگرێت. لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕێوەچوو، تێیدا هەزار و ١٩١ کاندیدی سەربەخۆ و لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانیان کرد، دوێنێش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە وناوی كاندیدە سەركەوتووەكانی ڕاگەیاند. لەلایان خۆیەوە فێنك ئەحمەد سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل رایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رەتدەكەنەوە و سكاڵا تۆمار دەكەن. سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل دوێنێ‌ لە لێدوانێكدا رایگەیاند ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەرانی بەرەی گەل نيه و لەسەر پێشێلكاریەكان و ئەنجامی هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار دەكەن.

هاوڵاتی - هێنانە كایەی سێ ‌ ناحیەی تازه‌‌ له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك - فەرمانەكە  له‌ ڕۆژى واژۆكردنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت - ئه‌و سێ ناحیه‌ تازه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆى فراوانكردن و بره‌ودانى زیاتر به‌ خزمه‌تگوزاریى گشتى   نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به فه‌رمانێكى هه‌رێمى بڕيارى هێنانه‌كايه‌ى هه‌رسێ ناحيه‌ى (شاريا و مسێريك و ته‌ناهى) له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك دەركرد. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پاڵپشت به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى و له‌به‌ر ڕۆشناییى نوسراوێكى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌پێى یاساى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رچوه‌ و له‌ ڕۆژى واژۆكردنیه‌وه‌، جێبه‌جێ ده‌كرێت. بەپێی بەیاننامەكە هێنانه‌كایه‌ى ئه‌و سێ ناحیه‌ تازه‌یه‌ له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك، ده‌بێته‌ هۆى فراوانكردن و بره‌ودانى زیاتر به‌ خزمه‌تگوزاریى گشتى و پێشكه‌شكردنى ئاسانكاریى زیاترى كارگێڕى بۆ هاوڵاتیانى ئه‌و سێ ناوچه‌یه.

ئامادەكردنی هاوڵاتی: - بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانى عێراق هەڵيژێردرێت - تائێستا فڕاكسیۆنە سیاسیەكان نەگەیشتونەتە هیچ رێكەوتنێك سەبارەت به هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق - هەوڵێك هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق بە دوو رێگا - هەڵنەبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشێلكاری دەستور و یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانه   دوای نزیكەی ساڵێك لە مشتومڕ و چاوەڕوانی، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت. زیا هیندی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان هەڵدەیژێردرێت. لەلایان خۆیەوە عارف حەمامی پەرلەمانتاری عێراق دووپاتیكردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگە كە ماوەیەكی زۆرە ئەم بابەتە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، چونكە ناكرێت پەرلەمان بەبێ‌ سەرۆك بەردەوام بێت، بەڵام تائێستا فڕاكسیۆنە سیاسیەكان نەگەیشتونەتە هیچ رێكەوتنێك سەبارەت بەم بابەتە. عەدنان جحێشی ئەندامی فڕاكسیۆنی موبادەرە ئاشكرای كرد هەوڵێك هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق بە دوو رێگا، یەكەمیان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دەچنە گێبڕكیەوە و كامیان زۆرترین دەنگیان بە دەستهێنا پۆستەكە وەردەگرێت، رێگاكەی تریش ئەوەیە عیساوی و مەشهەدانی بكشێنەوە و كاندیدی یەكلاكەرەوە دەستنیشان دەكەن یان پڕۆگرامی ناوخۆی پەرلەمان هەموار دەكەنەوە. تاڵب معماری ئەندامی فڕاكسیۆنی تەقەدوم  وتی: ئێمە وەك فڕاكسیۆنی تەقەدوم بە 55 پەرلەمانتارەوە رێكەوتووین لەسەر یەك كەسایەتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و چوارچێوەی هەماهەنگیش پاڵپشتمانە. ئەحمەد روبەیعی سەرۆكی فڕاكسیۆنی نەهجی وەتەنی رایگەیاند تاكو ئێستا گفتوگۆكان لە نێوان فڕاكسیۆنە سیاسیەكان بەردەوامن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ پەرلەمانی عێراق و هیوادارین لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا ئەم بابەتە یەكلایی بكەینەوە. محەمەد مەجید ساعدی پارێزەر و پسپۆڕی یاسایی دەڵێت: هەڵنەبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشێلكاری دەستور و یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پڕۆگرامی ناوخۆی ئەنجومەنەكەیە و دەبوو لە دوای ئەوەی بە رەسمی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ئاگادار كرایەوە بە كۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشوو، راستەوخۆ لەیەكەم دانیشتندا سەرۆكێكی بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردایە.

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری ڕایگەیاند لەپرۆسەی هەڵبژاردن گەلی کوردستان سەرکەوت، وتیشی ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین. بارزانی ڕاشیگەیاند، تازە تەواو ئێمە هەڵبژاردنمان کردووە، ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین دەبێ ئێمە پێکەوە کار بکەین، ئەوەی لەبەردەم ئێمەیە زۆر زۆر گەورەترە لەوەی رۆیشتووە، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رۆڵی خۆی لە پەرلەمان ببینێت، بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریی حکومەت و چاودێڕیی ئەدای حکومەت، ئێمەش ئەوها سەیری دەکەین: هەندێک لەم حیزبانە دێنە دەسەڵات؛ هەندێکیش دەمێننەوە و دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەمانە دوژمنی یەک نین، نە دەسەڵات دوژمنی ئۆپۆزیسیۆنە و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دوژمنی دەسەڵاتە؛ دوژمنداری نییە، رکابەری سیاسیی هەیە، بەڵام ئێمە دوژمن نین. سەرۆکی هەرێم وتیشی من پێموایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەن، 72٪ی خەڵکی کوردستان بەشدارییان کردووە لە هەڵبژاردن، ئەمە پەیامە.. خەڵکی کوردستان پەیامی ئەوەی دا "ئێمە ئەو سیقەیەمان بە ئێوە دا، دەبێ ئێوەش لە چاوەڕوانی ئەو سیقەیە بن کە ئێمە بە ئێوەمان داوە". وتیشی دەبێ هێزە سیاسییەکان درک بەوە بکەن کاکە هەڵبژاردن تەواو بوو، قسەکانمان کرد و هەریەک بەشبەحاڵی خۆی هەوڵی دا بە بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵک رازی بکات، خەڵکیش دەنگی دا بۆ ئەو لایەنەی کە مەبەستی بووە و دەیەوێ. تازە تەواو! مانەوەمان لەم دۆخە زەرەرە، چونکە خەریکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا روودەدا، ناکرێ جارێکی دیکە ئێمە میللەتی خۆمان بێهیوا بکەین. دەبێ بە زووترین کات (من دەزانم چەندە) هەوڵبدەین حکومەتێک دروست بکەین و لایەنەکان دەست بە قسە بکەن و ئەمە هەموو خۆی پرۆسەیەکە. هاوکات جەختیشیکردەوە لەوەی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە دڵێکی فراوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن. بەپێی یاسا دەبێ سەرۆکی هەرێم داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، ئێمە هەموو ئەو پرۆسەیە دەکەین. من پێموایە حیزبە سیاسییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردووە بەوەی لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ بکەن. من بۆ ئەنجامەکان نازانم؛ بەڵام خۆ ژمارەکان ئاشکرایە: کێ دەتوانێت لەگەڵ کێ قسە بکات و ئەمە مەعلومە، کورسییە و ژمارەیە، تۆ لەوە زیاتر هیچت بەدەستەوە نییە، بەپێی ئەو ژمارانە دەبێ حکومەتێکی هاوپەیمانیی بێت. هەروەها وتیشی ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن دروست دەکرێ؟ پێموایە دەبێ هێزەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە بێت؛ چونکە هیچ هێزێک بەتەنیا خۆی ئەوەندە کورسییەی نییە کە بتوانێت ئەم ئیشە بکات و بە دڵنیایی دەبێ لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هاوپەیمانێتی دروست بکات و ئەوەی کە موهیمە دەبێ حکومەتێک بە زووترین کات دروستبکرێت، ئەو حکومەتەی کە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕێی دەکات، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە لە کوردستان و بۆ پێگەکەشی گرنگە لە بەغدا.

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیکردنی لە سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو کۆمسیۆنیش ڕایدەگەیەنێت پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو. لەڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوار شەممە سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردۆتەوە هاتووه‌ "، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موو ئه‌و تيمانه‌ى كۆمسيۆن كرد كه‌ سه‌رپه‌رشتيى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان كرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان به‌ڕێوه‌ برد. هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یندراوه‌كه‌ نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و كارى كۆمسيۆن و بۆ پشتيوانى و هاريكاريى سه‌رۆك وه‌زيرانى فيدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ستايشى خزمه‌ت و ماندووبوونيانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كرد. هه‌روه‌ها داكۆكیى له‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو. ئەوەشخراوەتەڕوو کە سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاريكاريى كۆمسيۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش، به‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشیى لێ كردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن. لاى خۆيانه‌وه‌ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پيرۆزباييى سه‌ركه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنيان له‌ نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستايشى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌يان كرد، كه‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پرۆسه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ شێوه‌يه‌ك کە جارى يه‌كه‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هيچ تانه‌يه‌كى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار ناكرێت. ڕۆژی 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو کە تا ئێستاش ئەنجامەکانی بووەتە مایەی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان.

هاوڵاتی ئازاد محەمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ڕایگەیاند، سیستمی کارکردنی تەکسییەکان لەسەری ساڵی نوێوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و شۆفێرانی تەکسی پابەند دەکرێن بە پەیڕەوکردنی سیستمێكی نوێوە. سەرۆکی سەندیکای شۆفێران لەبارەی گۆڕانی سیستمی كاركردنی تەکسی لە هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێكەوتنێك لە نێوان کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كراوه بۆ هێنانی سیستمی تەکسی مەتر بۆ هەرێمی کوردستان. رونیشیكردەوە، بەپێی سیستمەکە هاوڵاتیان دەتوانن بە تەلەفۆن یان لەرێگای ئاپێکی تایبەتەوە داوای تاکسی بکەن، سەرەڕای بەستنی ئامێرێک لە ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان تاكو بەپێی کیلۆمەتر کرێی تەکسی وەربگیرێت و لەدوای دانانی سیستمەکە، سیتییەکان بەپێی گەورەیی و بچووکیان تاکسی تایبەتیان بۆ دابیندەکرێت و هاوڵاتیان دەتوانن بەکاریانبهێنن. داواشی لە شوفێرانی تەكسی كرد كه بە شێوازی خۆ ویستانە ناوی خۆیان لە کۆمپانیاکە تۆماربکەن بەمەبەستی جێبەجێكردنی سیستمەكە، بەڵام لەدوای گەیشتنی سیستمەکە لەسەرجەم شارەکانی هەرێم شۆفێران پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستمەکەوە.

هاوڵاتی    سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەینێ پێنجشەممەی بڵاوکردەوە کارنامەکە تەنیا یەک بڕگە لەخۆ دەگرێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە. پێشوتر ڕۆژی دوو شەممەی ڕابووردوو چوارچێوەی هەمئاهەنگی شیعەکان ڕایگەیاندبوو پێنجشەممە دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. لایەنە سوونییەکان هێشتا ناکۆکی خۆیان لەسەر ئەو پۆستە بەلادا نەخستووە. پێشووتر 6 لایەنی سوونە بەسەرۆکایەتی حزبەکەی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمان ڕایانگەیاندبوو یان دەبێت هەموو لایەنەکانی تر کاندیدەکانیان بکشێننەوەو مەحمود مەشهەدانی بکەنە سەرۆک، یاخود هەر لایەنەو کاندیدی خۆی پێشکەشبکات و بڕواتە دەنگدانەوە.  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشکی سوونەکانە، پێشتر محەممەد حەلبووسی سەرۆک بوو، بەڵام بەبڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی 14 تشرینی دووەمی 2023 لەکارلادرا.

بەرەی گەل: -ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رەتدەكەینەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین - ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەرانی بەرەی گەل نيه - پێشێلكاریەكی زۆر كراوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - كۆمسیۆن و یۆنامیمان لە پێشێلكاریەكان ئاگادار كردوەتەوە     فێنك ئەحمەد سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل رایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رەتدەكەنەوە و سكاڵا تۆمار دەكەن. سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل لە لێدوانێكدا رایگەیاند ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەرانی بەرەی گەل نيه و لەسەر پێشێلكاریەكان و ئەنجامی هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار دەكەن. باسی لەوەشكرد پێش هەڵبژاردن جموجۆڵی گوماناویان دەبینی و كۆمسیۆن و یۆنامیان لێ‌ ئاگادار كردۆتەوە و هەروەها لە رۆژانی هەڵبژاردنیشدا ترس و تۆقاندن و پێشێلكاری زۆر كراوە. رونیكردەوە، ئێمە بەم ئەنجامان رازی نین و دەنگی دەنگدەرانی ئێمە نیە و گۆڕانكاریەكی زۆری بەسەردا هاتووە و سكاڵا تۆمار دەكەین لە دادگای هەڵبژاردن و بە دواداچون دەكەین بۆ دەنگەكانمان. باسی لەوەشكرد كه لە رۆژی هەڵبژاردن لە هەر چوار بازنەكە سكاڵايان كردوە سەبارەت بەو پێشێلكاریانەی كە كراوە وەك بردنە ژوورەوەی موبایل و چونە ژورەوەی خەڵك لەگەل دەنگدەردا، سەرەڕای چەند پێشێلكاریەكی تر و سكاڵای ئێستاشمان لەسەر ئەنجامی دەنگدانە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندوە.

غالب محەمەد بۆ هاوڵاتى: - یەكێتی و پارتی رێگربوون لە جێبەجێكردنی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان   - ئەگەر تەوتین جێیەجێ بكرێت هاوڵاتیانی هەرێم لە سەد قەرزی جۆراو جۆر سود مەن دەبن - یەكێتی و پارتی فشاریان لە موچەخۆران كردوە و بە زۆر فۆڕمی هەژماری منیان پێ پڕكردونەتەوە  - هەژماری من شتێكی فاشیلە و كێشەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەرناكات  - بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كێشەی موچە كۆتایی پێدێت    غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند یەكێتی و پارتی رێگربوون لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. غالب محەمەد لە لێدوانێكی تایبەتدا بە هاوڵاتی راگەیاند تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كیشەی موچەخۆرانی كوردستان چارەسەر دەكات كە لە 2014وە بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام یەكێتی و پارتی رێگربوون لە جێبەجێكردنی تەوتین. وتیشی: تاكو پێش دوو مانگیش یەكێتی فشاری دەخستە سەر فەرمانبەران و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و  سەربازەكان و بە زۆر فۆڕمی هەژماری منیانی پێ پڕدەكردەوە هاوشێوەی پارتی. رونیشیكردەوە هەژماری من شتێكی فاشیلە و كێشەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەرناكات، بەڵام ئەگەر عێراق راستەوخۆ موچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ،لەكێشە و گرفت جیادەبێتەوە و دەچێتە ناو سیستمی موچەی عێراقەوە، هەر وەك چۆن بە موچە خۆرێكی بەسرە دەدرێت بە هەمان شێوە بە موچە خۆرێكی هەرێمیش دەدرێت لەكاتی خۆیدا بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە. غالب محەمەد لە درێژەی قسەكانی بۆ هاوڵاتی ئاشكرای كرد ئەو بانكانەی كە بەشداری لە تەوتین دەكەن بانكە فیدڕاڵیەكانە و بە سەد جۆر قەرز دەدەن و هاوڵاتیانی هەرێمیش دەتوانن سود مەنبن لەو وەرگرتنی ئەو قەرزانە.

هاوڵاتی-   ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2024، قۆناغێکی دیکەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە سایلۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەرایەتی سایلۆکانی سلێمانی، ئاگادارییەکی ئاراستەی ئەو جوتیارانە کردووە، کە گەنمیان ڕادەستی سایلۆکردووە بۆ ئەوەی لە پسوولەی ژمارە 1417 تاوەکوو 1473 سەردانی هۆبەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان. قۆناغی پێشووی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی سلێمانی لە سێشەممە 24ی ئەیلوولی 2024، لە بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی سایلۆکانی سلێمانی لە شارەدێی پیرەمەگروون بەڕێوەچوو. شایەنی باسە ئەمساڵ، لەکۆی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراق بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کە تێکڕاکەی 700 هەزار تۆن بوو، پشکی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکە 282 هەزار تۆن بوو، کە دەکاتە %40 کۆی گەنمی کڕاوەی هەرێمی کوردستان.  

هاڵاتی ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک لە پێگەی سەربازیی لە ئێران دەکەین، ئەوە دەستدرێژی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەتایبەتی بنەمای پێشگرتن لە هەڕەشەکان، یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکپارچەی خاکی و سەروەری نیشتمانی دەوڵەتەکان. دەشڵێت، هەروەک چۆن لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەندان جار جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئێران پێی وایە بە پشت بەستن بە مافە دەستوورییەکانی خۆی، مافی بەرگری شەرعی لە خۆی هەیە، وەک لە مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە. لە بەشێکی بەیاننامەکەشدا هاتووە، بە پشتبەستن بە هەموو توانا ماددییەکانی خۆی و گەلەکەی لە پێناو بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ژیان و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەی، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و دەستەجەمعی دووپات دەکاتەوە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو وڵاتانی ئاشتیدۆست لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە کرد. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، گومانی تێدا نییە، بەردەوامی داگیرکاری و پێشێلکاری نایاسای و تاوانکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بە گەلی فەلەستین و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر لوبنان بە پشتیوانی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای هۆی سەرەکی گرژی و نا ئەمنیی لە ناوچەکەدا پێک دەهێنن. ناوبراو جەختی لە هەنگاوی خێرا و بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید، شەڕ و دەستدرێژی دژی غەززە و لوبنان و سنووردارکردنی سوپای ئیسرائیل کردەوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، پیشبینی دەکرێت، لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، هەورە تریشقەی بەهێز زۆرینەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە. دەستەی کەشوهەوای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی پێشبینییەکان، هەینی داهاتوو باران دەست پێ دەکات و ئەگەری هەیە سێ ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام بێت

هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئامانجی تورکیا کۆتاییهێنانە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەگەر لە هێرشەکانی بەردەوامبێت وەڵامیان دەبێت. ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، پەیامێکی لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و ئەشکرایکرد، ئامانجی هێرشەکانی تورکیا کۆتاییهێنانە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەەشی خستۆتەڕوو، هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوەکانی ئەنقەرەوە نییە، کە تیایدا هێرشکرایە سەر ناوەندێکی سەربازیی سوپای تورکیا. ئاماژەی بەوەشدا، هیچ چالاکییەکیان لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامنەداوە و ئەگەر تورکیاش لەسەر هێرشەکانی بەردەوامبێت، وەڵاممان دەبێت.