هاوڵاتی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەری گشتیی هەن، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و 496 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 146 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". جومانە غەلای لەبارەی دەنگدەرانی دهۆکەوە وتی، "لە دهۆک 926 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن تاوەکو 3ی تەموزی 2024، 738 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان دەرهێناوە". بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆن بێت، کۆی گشتیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار دەنگدەرە و تاوەکوو ئێستاش دوو ملیۆن و 901 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە. بەپێی ئەو وادەیەبێت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر دەکات. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، بە مەبەستی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی 69 رۆژ دەبێیت هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەغدا رایگەیاندووە، تاوەکو وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە تەواو نەکرێت پارە نانێرێت بۆ مووچە.

هاوڵاتی  ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "ئەو هەواڵانەی باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ پارێزگای كەركوك, دوورن لە راستیەوە, هیچ شتێكمان لەوبارەیەوە پێ رانەگەیەندراوە، هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتویەتی، " ئومێد دەكەین سودانی سەردانی كەركوك بكات و كێشەكانی چارەسەربكات، چونكە دواخستنی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت لەڕووی وەزیفە، پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانەوە". جێگای ئاماژەیە، تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا یان هەڵبژاردنی پارێزگار، هیچ رێككەوتنێكی عەرەب یان كورد لە ئارادنییە بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی.

هاوڵاتی گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا رایگەیاند "کە رۆژی دووشەممە دەست لەکار کێشانەوەکەم پێشکەش بە سەرۆکی کۆمار دەکەم". رۆژی یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024، گابریال ئاتال، سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، كه‌ سبه‌ینێ نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی راده‌ستی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا، چه‌پڕه‌وكان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا. لەم بارەیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، له‌وكاته‌ی كه‌ ئه‌نجامی به‌رایی ئاماژه‌ به‌ پێشڕه‌ویی چه‌پڕه‌وه‌كان به‌سه‌ر هاوپه‌یمانی ماكرۆن و راستره‌وه‌كان ده‌ده‌ن، ئاتالی سه‌رۆك وه‌زیر رایگه‌یاندوه‌ كه‌ سبه‌ی به‌یانی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاماده‌ییه‌شدا سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاندوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌رك و فه‌رمانه‌كان ناچاری بكات، ئاماده‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌منزیكانه‌ یارییه‌كانی ئۆڵۆمپیاد له‌ فه‌ره‌نسا به‌رێوه‌ده‌چێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک دەڵێت، بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە کەرکوک هەشت هاوڵاتی گەیەندرانە نەخۆشخانە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، لە دوو گەڕەکی کەرکوک سەگ پەلاماری ژمارەیەک ھاوڵاتی داوە و هەشت کەس بەو ھۆیەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. لەم بارەیەوە سامان یابە باسی لەوەکرد، بریندارەکان لە ھەر دوو گەڕەکی شۆرجە و ڕزگاریەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و سەرجەمیان چارەسەریان بۆ کراوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەرمی دارین گەیلانی تەمەن دوو ساڵ بدۆزرێتەوە، کە ئەمڕۆ لە باوەشی باوکی کەتۆتە ناو ئاو و خنکاوە. دەشڵێت، تیمەکانمان گەڕانێکی وردیان کرد بەڵام بەهۆی بچوکی منداڵەکە و سەختی شوێنەکە تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، زیاتر لە شەش تیمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بەشداری گەڕانیان کردوە. ئەوەشی خستۆتەروو، بەیانی تیمەکانمان بەردەوام دەبن لەگەڕان و بەئومێدی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە و بەخشینی تۆزێ ئارامی بە دڵی کەس و کارەکەی پشتیوان بەخودای گەورە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ تا ئێستا حەوت قوربانی خنکان لە ئاودا هەیە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هاوڵاتی هێزه‌كانی سوپا به‌ هاوكاریی یه‌كه‌ی هه‌واڵگری و ئاسایش و هه‌واڵگریی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدڕاڵی، فیته‌ره‌كه‌ی داعشیان له‌ ناحیه‌ی یوسفیه‌ی باشوری به‌غدا ده‌ستگیر کرد.  ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا رایگەیاند، داعشێكی هه‌ڵاتوویان له‌ باشوری به‌غدا ده‌ستگیركردوه‌، داعشه‌كه‌ به‌رپرسی ئۆتۆمبیله‌ بۆمبرێژكراوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ بووه‌، هه‌ربۆیه‌ نازناوی "فیته‌ر"ی له‌ناو داعشدا هه‌بووه‌. ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی راوه‌دونانی پاشماوه‌كانی داعش و وشككردنی سه‌رچاوه‌كانیان، هێزه‌كانی سوپا به‌ هاوكاریی یه‌كه‌ی هه‌واڵگری و ئاسایش و هه‌واڵگریی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدڕاڵی، فیته‌ره‌كه‌ی داعشیان له‌ ناوحیه‌ی یوسفیه‌ی باشوری به‌غدا ده‌ستگیر كردوه‌. فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا ئەوەشی خستەڕوو، فیته‌ره‌كه‌ی داعش به‌رپرس بووه‌ له‌ دروستكردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژكراو. دەشڵێت، ده‌ستگیركردنه‌كه‌شی له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی ورد بووه‌ و دوای دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی و گه‌مارۆدانی، له‌ بۆسه‌یه‌كدا ده‌ستگیركراوه‌.  

هاوڵاتی دیوانی پارێزگای نەینەوا مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە دامەزراندنی 17 ھەزار و 50 کەس بەشێوەی گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، محەمەد جاسم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 17 ھەزار کەس لە سنوری پارێزگای نەینەوا کرایەوە، کە ھەزار پلەی لەدەرەوەی رێنماییەکان بۆ سنوری شنگال تەرخانکراوە. دەشڵێت، دامەزراندنەکە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەکی 5 کەسی پێکھێناوە بۆ ئەوەی چاودێری پڕۆسەکە بکات. محەمەد جاسم ئاماژەشی بەوەکرد، پڕۆسەی دامەزراندنەکە بەپێی خاڵبەندی دەبێت و بەشێکیشی بۆ پێکھاتەکان و کەسوکاری شەھیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخانکراوە. ئەم ئەندامی ئەنجوومەنە وتیشی، لەکۆی 17 ھەزار و 50 پلەی دامەزراندن، لەدەرەوەی رێنماییەکان ھەزار پلەی دامەزراندن بۆ سنوری شنگال تەرخانکراوە بۆ ئەوەی ھانی ئاوارەکانی سنوری قەزاکە بدرێت بگەڕێنەوە. لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای نەینەوا بۆ ماوەی 30 رۆژ دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى هەرێمى کوردستان دەڵێت: لیستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئامادەکراوە لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمیش سەرجەم خانەنشینان سودمەنددەبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، سارا حەمە نەجیب، بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى سلێمانی رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیستى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ ئامادەکراوە و ئەمشەو لیستەکان ئاراستەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەکرێن. دەشڵێت، لەهاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ سەرجەم خانەنشینان سودمەند دەبن بەجۆرێک ئەو خانەنشینانەى بەر لەساڵى 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان لە 500 هەزاردینار کەمترە مووچەکانیان دەکرێتە 500 هەزاردینار و بڕى 100هەزار دینارى مانگانەى باشترکردنى بژێوى ژیانیان بۆخەرج دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەى لەدواى ساڵى 2014ەوە خانەنشین بوون دەرماڵەى ساڵانى خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێت. سارا حەمە نەجیب ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرخانەنشینێک مووچەى لە یەک ملیۆن دینار کەمتربێت لەگەڵ مووچەى خانەشینى مانگانە بڕى 100هەزار دینارى پێدەدرێت. گوتیشی، ئەو خانەنشینانەى کۆچى دواییانکردووە 100 هەزاردینار لەگەڵ مووچەى خانەنشینى دەدرێتە واریسەکانیان. لە کۆتای قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد، کۆى گشتى ئەو بڕە پارەیەى خانەنشینان کە زیاد دەبێت لەسنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر لە 28 ملیار دینارە و لیستەکان تەواوبووە و ئەمشەو ئاراستەى وەزارەتى دارایی دەکەن. سەچاوە، کەناڵ 8  

هاوڵاتی بەغدا بۆ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای چەند زانیارییەکی دیکە دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، ئەحمەد لەتیف، "گوتەبێژى هێزەکانى 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەغدا داواى زانیارى نوێى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئێمەش هەموو ئەو زانیاریانەى داواکرابوون داومانەتە وەزارەتى پێشمەرگە". گوتەبێژی هێزەکانی 70 ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەو داواکاریانەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مووچەخۆر هەیە لە هەرێمى کوردستان و لە عێراقیش مووچەى هەیە". دەشڵێت، مووچەخۆر هەیە خەڵکى عێراق نین و مووچەیان هەیە لەناو هێزە ئەمنییەکان، گوتیشى" لاى ئێمەوە هیچ گرفتێک نەبووە و سەرجەم زانیارییەکانمان رەوانە کردووە". ئاماژەی بەوەشدا، "بەغدا داواى رۆژى دامەزراندن، کۆدى مووچە، ناوى چوارى مووچەخۆر، ناوى سیانى دایکى ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و پلەی سەربازی کردووە". باسی لەوەشکرد، "وەک هێزەکانی 70 سەرجەم ئەو زانیارییانەی بەغدا داوای کردووە هەموویمان رەوانە کردووە بۆ وەزارەتى پیشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان". سەرچاوە، کەناڵ 8

هاوڵاتی دوا بەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، ییسرائیل کاتێز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بیروڕای گشتی لە ئێران لەم هەڵبژاردنەدا پەیامێکی روونی گەیاند، ئەویش ئەوەیە خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانن و دژی حکوومەتی ئایەتوڵڵاکانن". ییسرائیل کاتێز لە پەیامێکدا کە درەنگانی شەوی شەممە 6ی تەموزی 2024 بڵاویکردەوە وتی، "ئێستا دونیا دەبێت سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسنن و داوای هەڵوەشاندنەوەو راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و  راگرتنی پشتیوانی ئێران لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن، ئەمە تەنها هەلە بۆ ئەوەی لەم گۆڕانە تێبگەین". کەناڵی 14ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل کە پشتیوانی لە نتانیاهۆ دەکات لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی نووسی. سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران روانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل ناگۆڕێت، بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە ئیسرائیل ئەمە بە "خاڵێکی روون" دەبینێت لە رەوتی رووداوەکان لە ناوخۆی ئێران. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە نووسیویەتی، پاڵێوراوی ریفۆرمخوازەکان کە بووە بە سەرۆک کۆمار هەرچەند دژی حکوومەتی ئیسلامی نییە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوە قەیرانەکان لە دەرەوەو ناوخۆی ئێران و توندووتیژییەکان کەم بکاتەوە. رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" کە رۆژنامەیەکی پشتیوانی نتانیاهۆیە، سەرکەوتنی پزشکیانی وەک دەرکەوتنی تیشکێکی کەم لە رژێمی تاریکدا ناوبردووە، ئەوی وەک کەسێک ناو بردووە کە بە بەراورد لەگەڵ پاڵێوراوەکانیتر نەرم و نیانترەو رەنگە زیانی کەمتر بێت. بەمەشەوە ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، ئەگەری ئەوەی پزشکیان کاریگەری لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەبێت زۆر کەمە. ئیسرائیل هیوم نووسیویەتی، دوای رووداوی 7ی تشرینی یەکەم و و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەوە روون بۆتەوە کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵێک ئەدات زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت و لاوازی بکات. ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئاخۆ وتووێژەکان لەگەڵ رۆژئاوا دەست پێبکاتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی یان نا.  ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەگەر بۆی دەرکەوێت ئەمریکا ئامادەیی تیایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، مۆڵەت بە دەوڵەتی پزشکیان ئەدات دەست بکاتەوە بە گفتوگۆ لەو چوارچێوەیەدا کە خۆی دیاری ئەکات و پزشکیان و دەوڵەتەکەی بۆیان نییە سنوورەکان ببەزێنن. دەنی سێترینۆڤیچ، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی پێشتری بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران و سەرکەوتنی پزشکیان نووسییەتی، "دوای کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێک کە ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێرانی پێ بوو، پشتیوانیکردنی ریفۆرمخوازەکان لە پزشکیان، جارێکیتر ریفۆرمخوازەکانی زیندوو کردەوەو پاڵێوراوی بناژۆخوازی توندڕەو کە کە توندڕەوتر لە رەئیسی بوو، شکستی هێنا، بەڵام رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و پەرلەمان و سوپای پاسداران ناهێڵێن ژیانی سیاسی پزشکیان بە ئاسانی تێپەڕێت". ئەم ئەفسەرە باڵایەی بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل نووسیویەتی، دامەزراوە ئایینییەکان و کەسایەتییە ئاینییە شیعەکانی ئێران دژی بۆچوونی نەرمی پزشکیان ئەوەستنەوە، بەڵام پزشکیان لە لایەن کەسانێکی وەک حەسەن رووحانی و جەواد زەریفەوە پشتیوانی ئەکرێت کە مەرگی رەئیسی بۆ ئەوان دیارییەک بوو لە بەهەشتەوەو دەرفەتی بۆ خولقاندوون بگەڕێنەوە بۆ پانتای سیاسەتی ئێران. دەنی سێترینۆڤیچ لە کۆتاییدا نووسیویەتی، بۆ ئیسرائیل باشتر بوو جەلیلی ببوایەت بە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی باشتر سیاسەتی ئێران بخاتەڕوو. ئێستا ئیسرائیل لە باری سیاسییەوە ئالنگارییەکی لەبەردەمدایە، ئەبێ خۆی بۆ ئەم ئالنگارییە ئامادە بکات.

هاوڵاتی بەپێی ئامارە فەرمی و حکومەتییەکان، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران کە رۆژی هەینی 5ی تەمووزی 2024 بەڕێوەچوو پارێزگای سنە لە ئاستی ئێران کەمترین رێژەی بەشداریکردنی بووە لە هەڵبژاردنەکاندا و تەنها 29% خەڵکی پارێزگای سنە دەنگیان داوە.  دەنگدان لە پارێزگا کوردنشینەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: - پارێزگای سنە: 29.24%  - جەلیلی: 75 هەزار و 218  دەنگ. - پزشکیان: 164 هەزار و 905 دەنگ. - کرماشان: 42% - پزشکیان: 477 هەزار و 762 دەنگ - جەلیلی: 193 هەزار و 870  دەنگ - کۆی گشتی: 688  هەزار و 497 دەنگ - ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ): 51.3%. - جەلیلی: 191 هەزار دەنگ. -پزشکیان: 1 میلیۆن و 114 هەزار دەنگ. - کۆی گشتی: 1 میلیۆن و 318 هەزار. - پارێزگای لوڕستان 47% - پزشکیان:  395 هەزار و 380  دەنگ - جەلیلی: 362 هەزار و  861 دەنگ. - کۆی گشتی : یەک میلیۆن و 500 دەنگ. - پارێزگای ئیلام 56.78%. - پزشکیان: 180 هەزار و 4 دەنگ. - جەلیلی 84 هەزار و 875 دەنگ. - کۆی گشتی دەنگەکان: 264 هەزار و 879 دەنگ. بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیک 50% خەڵکی ئێران بەشداریان لە گەڕێ دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا کردووە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستبە نزمبوونەوە دەکات و ئەگەری نمە باران هەیە. ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە، کەشی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ کشانەوەى خۆڵبارین لە شارى سلێمانى وە پلەکانی گەرما یه‌ك بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". له‌ باره‌ی كه‌شوهه‌وای سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 8ی ته‌موزی 2024، ئاماژەی بەوەکراوە، "سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچەکانى باکوورى هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینى کەمێک نمە باران لە ناوچە سنوورییەکانى باکووری هەرێمی کوردستان". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 42 سلێمانی: 38 دهۆک: 38 کەرکوک: 43 هەڵەبجە: 41 زاخۆ: 38 سۆران: 39 حاجی ئۆمەران: 27 گەرمیان: 44

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وتەبێژی یەکەکانی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، رەنگە ئەم هەفتەیە وردبینی ئەو لیستەی نوێیەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە کە ناردوومانەتەوە بۆ بەغدا تەواوبێت و مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، لە لێدوانێکی تایبەتدا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەکەکانی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوڵاتی راگەیاند، "رەنگە ئەم هەفتەیە وردبینی ئەو لیستەی نوێیەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە کە ناردوومانەتەوە بۆ بەغدا تەواوبێت و بەغدا پارەی مووچەی هێزی پێشمەرگە بنێرێت". لەبارەی دۆخی دارایی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی پێشمەرگە ئەحمەد لەتیف وتی، "هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی پێشمەرگە ماوەی 68 رۆژ دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زۆر خستووەتەسەر دۆخی داراییان". وتیشی، "پێشمەرگە نیگەرانە کە لەلایەن حکومەتەوە مافەکانیان پێشێلدەکرێت، بۆیە ئومێد دەکەین ئەو داواکارییانەی بەغدا داوای کردبوو لە لیستەکەدا هەمووی جێبەجێ کرابێت، بۆ ئەوەی مافی پێشمەرگە وەک مووچەخۆرێک بەبێ کەموکوڕی بدرێت".

هاوڵاتی پێشمەرگەکانی لیوای 9ی پیادە دژی راگرتنی هاوكارییەکانیان و پێنەدانی مووچەکانیان گردبوونەوە و داوادەکەن وەک چۆن ئەوان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن حکومەتیش مافی خۆیان بداتێ. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای 9ی پیادە دژی پێنەدانی مووچەکانیان و راگرتنی ئەو هاوکارییەی کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بۆیان خەرجکراوە گردبوونەوە. وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، ئەوان ئەرکەکانیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک جێبەجێ دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی مووچەکانیان پێنادات، ئەو هاوکارییەشیان پێنادات کە هاوپەیمانان دەینێرێت. 28 لیوای دیکە ئەو هاوکارییە وەردەگرن کە هێزەکانی هاوپەیمانان ناردوویەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوترێت کێشە لە لیستەکانیان هەیە بەشێک لە لیواکان تائێستا هاوکارییەکانیان وەرنەگرتووە.