هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کام لە پارت و لایەنەکان نەیانتوانی زۆرینەی 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە. ئێستا کێشەی دروستکردنی حکومەت دروستبووە و بەهۆیەوە درێژە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕیکەر درا. لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، میانڕۆ و چەپەکان لە دژی بەرەی راستڕۆی نیشتمانی یەکیانگرت و وایانکرد ئەو پارتە راستڕۆیە نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ دەسەڵاتێکی راستڕۆ لە فەرەنسا نەهاتووەتە سەر حوکم. هەردوو بەرەی نوێی گەلی چەپ، بە سەرۆکایەتی ژان میلانشۆ و پارتی ئینسێمبڵ بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن زیاتر لە 200 بەربژێریان لە بازنە جیاوازەکانی فەرەنسا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کشاندەوە، تاوەکو بەربژێری سەرەکی بتوانێت لە بەربژێری پارتی بەرەی نیشتمانی بباتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ پارتە زۆرینەکان بەم جۆرە بوو، پارتی بەرەی نوێی گەلی چەپ 182 کورسی، پارتی ئینسێمبڵی میانڕۆ 168 کورسی، پارتی پارێزگارەکان 46 کورسی و پارتی بەرەی نیشتمانی و هاوپەیمانانی 143 کورسی، هەرچی پارتی دیکەیە 38 کورسی. ئێستا رکابەرییەکە لە نێوان پارتی دەسەڵات، ئینسێمبڵ و هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەلی ئەوپەڕی چەپە. هیچ کام لەو دوو پارتە بەبێ هاوپەیمانیکردنی یەکدی یان هاوپەیمانیکردنی بەرەی نیشتمانی راستڕۆ ناتوانن حکومەت پێکبهێنن. تەواوی ئەو سێ هاوپەیمانێتییە سەرەکییەش دژی یەک و جیاواز بیردەکەنەوە. هەربۆیە حکومەتی فەرەنسا وا زوو پێکنایەت و بەهۆیەوە درێژە بە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر درا. هۆکاری یەکگرتنی میانڕۆ و چەپەکان ئەوەیە، حکومەتێکی راستڕۆ بۆ فەرەنسا مەترسی گۆڕانی تەواوەتی سیاسەتی ئابووری، سەربازی و دەرەوەی ئەو وڵاتەی لێبکەوێتەوە. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ پارتێکی راستڕۆ دەسەڵاتی لە فەرەنسا نەگرتووەتە دەست و راستڕۆکان لەلایەن پارتەکانی دیکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە رەچەڵەکپەرست، دژە کۆچبەر و دژە ئیسلامن. هەروەها بەوەش تۆمەتبار دەکرێن، ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، کاردانەوەیان بەرامبەر کارەکانی رووسیا نەرمتر دەبێت و تا رادەیەکی زۆر دژە رۆژئاوایین و هاریکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا کەمدەکەنەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بە گوێرەی چاودێریکاری کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژوودا. هەروەک، 13 مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ساڵەکانی پێش خۆیاندا گەرمترین بوون. کارلۆ بوێنتێمپۆ، بەڕێوبەری ناوەندی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس دەڵێت، "ئەمە زیاترە لە تەنیا ژمارەیەکی سەیر، ئەمە گۆڕانێکی گەورە و دیار لە کەشوهەواکەمان نیشاندەدات". باس لەوەش دەکات، ئەگەر بەم تاوەی ئێستا زەوی گەرمببێت، لە داهاتوودا ریکۆردی زیاتری گەرما دەبینین. کارلۆ دەڵێت، بەهۆی دەردانی گازی زیانبەخشەوە بۆ بەرگەهەوا، ئەمە پێشبینیکراو بوو. پلەی گەرمای بەرزتر لە چاو تەواوی ساڵەکانی پێشوودا لە ئەمریکا، سعودیە، هیندستان و مەکسیک و دەیان وڵاتی دیکە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پلەی گەرمیی تەواوی جیهان رووی لە بەرزبوونەوەی زیاترە. بەهۆی ئەو گۆڕانە گەورەیەی کەشوهەواوە، کارەساتی سروشتیی وەک لافاو لە کینیا، چین، بەرازیل، ئەفغانستان، رووسیا و فەرەنسا روویانداوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس مردوون و برینداربوون. جگە لە پلەی گەرمای ناوچە وشکانییەکانی زەوی، پلەی گەرمای زەریاکانیش گەشتوونەتە بەرزیی و ریکۆردی نوێ. زەریای ئەتلانتیک، باکووری زەریای هێمن و زەریای هیندی لەو ئاوانەن کە پلەی گەرمییان بەراورد بە پێشووتردا زۆر بەربووەتەوە. زەریاکان 75٪ی زەوی پێکدەهێنن و 90٪ی گەرمیی زەوی هەڵدەمژن، بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاکان لای زاناکان وەک دیاردەیەکی مەترسیدار تەماشا دەکرێت. پلەی گەرمای زەوی لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار کە ئەویش 1.64 پلەی سلیزی بەرزترە لە پێش شۆڕشی پیشەسازی. ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێککەوتننامەی پاریسی 2015، 196 وڵات لەسەر ئەوە رێککەوتن هەوڵ بۆ هێشتەوەی پلەی گەرمای زەوی لە ژێر 1.5 پلەی سلیزی بخەنەگەڕ.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق بانگێشتی فهرمیی ئاراستهی سهرۆك كۆماری ههڵبژێردراوی ئێران كرد. ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی تەمووزی 2024، محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق لهپهیوهندیهكی تهلهفۆنیدا بانگهێشتی مهسعود پزیشكیان سهرۆك كۆماری نوێی ئێرانی كرد تاوهكو سهردانی عێراق بكات بهمهبهستی گفتوگۆكردن لهسهر ژمارهیهك دۆسیهی گرنگی ههردوو وڵات. هەر لەم بارەیەوە نوسینگهی راگهیاندنی سهرۆك وهزیرانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئهمڕۆ دووشهممه محهمهد شیاع سودانی پهیوهندییهكی تهلهفۆنی لهگهڵ مهسعود پزیشكیان سهرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران ئهنجامدا و لهمیانهی پهیوهندیهكهدا، سودانی پیرۆزبایی وهرگرتنی پۆستی سهرۆك كۆماری ئێرانی لێكرد و ههروهها پیرۆزبایی سهركهوتنی كۆماری ئیسلامی له بهڕێوهبردنی ههڵبژاردنهكان له ماوهیهكی كورتدا و له قۆناغێكی گرینگدا كرد كه حكومهت و گهلی ئێران روداوی دڵتهزێنهكهی هێلیكۆپتهرهكهیان بهسهرهات كه لهئهنجامدا سهرۆك كۆماری ئێران وهزیری دهرهوه و یاوهرهكانیان گیانیان لهدهستدا. لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، جهختكرایهوه لهسهر بهردهوامی ههوڵهكانی هاوكاری هاوبهش له كهرته جیاوازهكان و دۆسیه ئابوری و ئهمنییهكان به شێوهیهك كه بهرژهوهندییهكانی ههردو وڵاتی دراوسێ و خۆشگوزهرانی گهلهكانیان بهرز بكاتهوه. لە بەشێکی تری راگەیندراوەکەشدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، بانگێشتی فهرمیی ئاراستهی سهرۆك كۆماری ههڵبژێردراوی ئێران كرد بۆ سهردانیكردنی عێراق، بهمهبهستی چهسپاندنی پهیوهندییهكان و گفتوگۆكردن لهسهر كۆمهڵێك دۆسیهی گرنگ. لای خۆیهوه مهسعود پزیشكیان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سودانی دهربڕی و جهختی لهسهر پهرۆشی وڵاتهكهی كردهوه بۆ فراوانكردنی هاوكارییهكان و پشتیوانیكردن له لێكتێگهیشتنه دولایهنهكان له زۆر بواردا به شێوهیهك كه ههوڵهكانی سهقامگیری ههردو وڵات و ناوچهكه بهرزبكهنهوه.
هاوڵاتی چالاکوانێکی کورد لە ئەوروپا بڵای کردەوە، ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە ئاوی ئیتالیا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن، دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان 26 کەس دەبێت. رەنج پشدەری چالاکەوانی کورد لە ئەوروپا سەبارەت بە گیرخواردنی چەندین کۆچبەری کورد لە ئاوەکانی ئیتاڵیا و داوای رزگار کردنیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ماوە چوار رۆژە 26 کۆچبەری کورد لە ئاوی ئیتاڵیا گیریان خواردووە و داوایی بەهاناوەچوون دەکەن،هەروەها داوا دەکەن هێزی دەریایی ئیتاڵیا بچێت بەهانایانەوە. باس لەوەش دەکات، لەنێویان ئەو کۆچبەرە کوردانەی گیریان خواردووە ژن و منداڵ هەیە، ماوەی چوار رۆژیشە لەئاودان . ئەو چالاکوانە دەشڵێت: دوای ئاگاداربوونمان لەبارو دۆخی ئەو کۆچبەرانە، پەیوەندیمان کرد بەرێخراوەکانی ئیتاڵیاو رۆت کرۆسی ئیتالی و هیزی کۆست گارد بۆ رزگارکردنیان، چاوەڕوان دەکرێت پاش کەمێکی تر رزگار بکرێن .
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی بەڕێوبەری بەشی پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ریگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 400 هاوڵاتی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان رەگەزی نێرن. عەبدول وەهاب عسام بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی دادوەری لەوەزارەتی تەندرووستی عێراق سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ گیانیان لەدەستداوە، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت. عەبدول وەهاب عسام رایگەیاند، بەپێی ئاماری پزیشکی دادی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 384 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە تۆمارکراون، 61 کەسیان رەگەزی مێ بوون، ئەوانەی دیکەش رەگەزی نێر بوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، بریندارییەکانی رووداوی هاتوچۆ زۆر سەختن، بۆیە رووداوەکانی هاتووچۆ بەڵایەکە بووەتە جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەک بۆ هەموو کۆمەڵگا. جێگای ئاماژەیە، رووداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق یەکێکە لە هۆکارە هەرە دیارەکانی مردنی مرۆڤ، هەندێک جار ژمارەی قوربانیەکانی رووداوی هاتووچۆ زیاترە لە قوربانییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. چاودێران هۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆ دەگەڕێننەوە بۆ کۆنی و خراپی رێگاوبانەکان و نەبوونی هێمای ئاگادارکردنەوە، ئەمە جگە لە پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێکارەکانی سەلامەتی. ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵی 2023 بە بەراورد بە ساڵی 2022 کەمێک زیادی کردووە، بەو پێیەی ساڵی رابردوو 11 هەزار و 552 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە، لە کاتێکدا ساڵی 2022 دا 11 هەزار و 523 رووداو بووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی تەمووزی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لێكتێگەیشتن و بەرە و پێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد لە لیو جیون كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە چین جیۆجینگ بەرپرسی بەشی سیاسی و جودیمەن بەرپرسی بەشی ئابوری و بازرگانیی كونسوڵخانە. دەشڵێت، لە دیدارێكدا گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان كراو پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەت و كونسوڵخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێندرا. باس لەوەش دەکات، لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر چاكسازیەكانی وەزارەتی دارایی لە بواری رێكخستنەوەی باج و گومرگ و بانك و خانەنشینی و بەدیجیتاڵكردنی دام و دەزگاكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان خستەڕوو. لە بەشێكی تری دیدارەكەدا ئاوات شێخ جاناب باسی لە کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و رایگەیاندووە، لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێك وردبینی لە خەرجی و داهات بكرێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و رادەستكردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و بەردەوامی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
هاولاتی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە نیازن سبەینێ كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و تێیدا تاوتوێی ئەو لە شكركێشییە و داگیركەرییەی دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر سنوورى دهۆك بكەن. محەمەد شەمەری ئەندامی لیژنەی ئەمنیی و بەرگری پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سبەی دەستپێكی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەبێت، هەروەها لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانیش كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر لەشكركێشییەكانی ئەم دواییەی دەوڵاتی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق. ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەیان دوای كۆبوونەوەی سبەینێ هەڵوێست و بڕیار و راسپاردەی دەبێت سەبارەت بەو دەستدرێژییە مەترسیدار و گەورەیەی توركیا، هەروەها لە كۆبوونەوەكەیاندا میوانداری ژمارەیەك بەرپرسیش دەكرێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت لەبارەى چەند پرسێک، كە تایبەتن بە سەروەری عێراق. جێگەی ئاماژەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەوڵەتی توركیا هێزێكی زۆری هێناوەتە ناوچە سنوورییەكانی ئامێدی.
هاوڵاتی هێزەکانی رووسیا 40 مووشەکیان ئاراستەی چوار ناوچەی شارى کیێڤ کرد و یەکێک لە شوێنانەی کراوەیە ئامانج نەخۆشخانەیەکی منداڵانە. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2024، ئیدارەی سەربازی کێیڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا 40 مووشەکیان ئاراستەی چوار ناوچەی شارى کیێڤ کرد و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 41 کەس بوونەتە قوربانی، کە 10 لەوانە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، یەکێک لە شوێنانەی کە رووسیا کردوویەتییە ئامانج لە شاری کیێڤ نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە منداڵان کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدان. ئەوەشی وتووە، “تائێستاش ژمارەی وردی قوربانییەکان نادیارە”، دەشڵێت، “لە ئێستادا هەمووان هاوکارن بۆ لابردنی داروپەردووەکە و دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووەکەدان".
هاوڵاتی لە قەزای دوزخورماتوو کوڕ و باوکێک لەکاتی چوون بۆ راوەماسی لەلایەن چەکداری داعشەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکرا و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دوزخورماتوو ئاماژەی پێکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024 لە دەریاچەی زەرگە دەستڕێژی گولـلە لە دوو کەس کراوە و کوژراون. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسە کە بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەکە بە رەگەز عەرەبن و باوک و کوڕن و لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقەیان لێکراوە.
هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئەیوب محەمەدی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەستداوە و شەش کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە سنوورییەکانی ئێران لە نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بە هۆیەوە حەوت کۆڵبەر برینداربوون. وەک ئاماژەی پێدراوە، یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە ناوی ئەیوب محەمەدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها شەش کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی ئەیوب مورادی، مەسیح مورادی، مەهدی بەشارەتی، مێهران عەبدی، پەیمان وەیسی و سەمیع زارعی برینداربوون کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی زیران سەر بە شاری جوانڕۆ بوون.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەری گشتیی هەن، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و 496 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 146 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". جومانە غەلای لەبارەی دەنگدەرانی دهۆکەوە وتی، "لە دهۆک 926 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن تاوەکو 3ی تەموزی 2024، 738 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان دەرهێناوە". بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆن بێت، کۆی گشتیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار دەنگدەرە و تاوەکوو ئێستاش دوو ملیۆن و 901 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە. بەپێی ئەو وادەیەبێت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر دەکات. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، بە مەبەستی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی 69 رۆژ دەبێیت هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەغدا رایگەیاندووە، تاوەکو وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە تەواو نەکرێت پارە نانێرێت بۆ مووچە.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "ئەو هەواڵانەی باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ پارێزگای كەركوك, دوورن لە راستیەوە, هیچ شتێكمان لەوبارەیەوە پێ رانەگەیەندراوە، هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتویەتی، " ئومێد دەكەین سودانی سەردانی كەركوك بكات و كێشەكانی چارەسەربكات، چونكە دواخستنی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت لەڕووی وەزیفە، پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانەوە". جێگای ئاماژەیە، تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا یان هەڵبژاردنی پارێزگار، هیچ رێككەوتنێكی عەرەب یان كورد لە ئارادنییە بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی.
هاوڵاتی گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا رایگەیاند "کە رۆژی دووشەممە دەست لەکار کێشانەوەکەم پێشکەش بە سەرۆکی کۆمار دەکەم". رۆژی یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024، گابریال ئاتال، سهرۆك وهزیرانی فهرهنسا رایگهیاند، كه سبهینێ نامهی دهسلهكاركێشانهوهی رادهستی ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی وڵاتهكهی دهكات، ئهوهش دوای ئهوه دێت كه له گهڕی دووهمی ههڵبژاردنه پهرلهمانییهكهی ئهو وڵاتهدا، چهپڕهوكان سهركهوتنیان بهدهستهێنا. لەم بارەیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردهوه، لهوكاتهی كه ئهنجامی بهرایی ئاماژه به پێشڕهویی چهپڕهوهكان بهسهر هاوپهیمانی ماكرۆن و راسترهوهكان دهدهن، ئاتالی سهرۆك وهزیر رایگهیاندوه كه سبهی بهیانی نامهی دهستلهكاركێشانهوهكهی ئاراستهی سهرۆك كۆمار دهكات. لهگهڵ ئهو ئامادهییهشدا سهرۆك وهزیران رایگهیاندوه ئهگهر ئهرك و فهرمانهكان ناچاری بكات، ئامادهیه له پۆستهكهیدا بمێنێتهوه، بهتایبهت كه بهمنزیكانه یارییهكانی ئۆڵۆمپیاد له فهرهنسا بهرێوهدهچێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک دەڵێت، بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە کەرکوک هەشت هاوڵاتی گەیەندرانە نەخۆشخانە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، لە دوو گەڕەکی کەرکوک سەگ پەلاماری ژمارەیەک ھاوڵاتی داوە و هەشت کەس بەو ھۆیەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. لەم بارەیەوە سامان یابە باسی لەوەکرد، بریندارەکان لە ھەر دوو گەڕەکی شۆرجە و ڕزگاریەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و سەرجەمیان چارەسەریان بۆ کراوە.