هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان بە سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد. ئەمڕۆ رۆژی شەممە 6ی حوزەیرانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی نوێی ئێران کرد و رایگەیاند، "به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنییه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ ناوی خۆم و گه‌لی کوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز مه‌سعود پزشکیان ده‌که‌م، هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ ده‌خوازم". ئەوەشی وت، "له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق چاومان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی دۆستانه‌ و به‌رده‌وامیی هاریکاریی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تیی باش". بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران، مەسعود پزشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆک کۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

هاوڵاتی دوا بە دوای راگەیاندنی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 6 تەمووزی 2024، لە چواردەیەمین خولی خۆپیشاندانی سەرۆک کۆماری ئێراندا، مەسعوود پزشکیان کە لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوەو لە سەروی هەموویانەوە محەمەد خاتەمییەوە پشتیوانی دەکرا بوو بە سەرۆک کۆمار. بەڵێنەکانی پزشكیان لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردن: • پەیماننامەی ئەتۆمی ناسراو بە (بەرجام): گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی ئەتۆمی (بەرجام) یەکێک لە دروشمەکانی پزشکیان بوو. • گەمارۆکان:  کەم کردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ باشتر بوونی دۆخی ئابووری ئێران. • FATF : چوونە دەرەوەی ئێران لە لیستی رەشی FATF. • گەشەی ئابووری: بەڵێنی داوە هەموو ساڵێک 200میلیار دۆلار سەرمایەگوزاری بیانی بۆ ناو ئێران رابکێشێت. • ئازادکردنی نرخی دراوەکان: دەوڵەت تەنها دەبێت بۆ دەرمان و کاڵا گرنگەکانی تر دراو بە بەهای دەوڵەتی بدات بە بازرگانەکان. لە بەشەکانیترا ئەبێت بازاڕ نرخی دۆلار دیاری بکات. • بەنزین: بە ڕەزامەندی خەڵک نرخی بەنزین زیاد دەکات. • ئۆتۆمبێل بە ئازادی هاوردەی وڵات بکرێت. • مووچە و حەقدەست: مووچە و حەقدەستی کرێکار و کارمەندەکان زیاد بکرێن. • کەمکردنەوەی باج: باج لەو کەسانە وەرنەگیردرێت کە لە باری ئابوورییەوە لەدۆخێکی باشدا نین. • دامەزراندن: دامەزراندن بکرێتەوە لە کەرتی حکومی. • بۆرسە: بەرگرتن بە دەستێوەردانی حکوومەت لە بازاڕی بۆرسە یەکێک لە بەڵێنەکانی بوو. • خانوو: دروستکردنی خانووبەرە ئەبێت بدرێت بە دەست بازاڕەوە، نەک حکوومەت. • هەڵاوسانی ئابووری: دژی چاپکردنی پارەی بێ پشتیوانەیە لە ئێران. • باڵاپۆشی زۆرەملێ: پێویستە ژنان پەروەدە بکرێن باڵاپۆش بن نەک بە زۆر. • سانسۆر: لایەنگری سانسۆرە، بەڵام ئەبێ یاسای هەبێت. • هونەر: هونەرمەندەکان ئازاد بتوانن کار بکەن • دژی فیلتەرکردنی ئەنتەرنێتە، بەڵام چآودێری هەبێت. • نەمانی هەڵاواردن لە سیستەمی خوێندن و خوێندنی کەرتی تایبەت. • بەرگرتن بە دەرکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و گەڕاننەوەیان بۆ زانکۆ. • زیندووکردنەوەی دەریاچە (گۆلی)ورمێ.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی دوای ئەوەی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە داوای لێدەکرێت واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنێت. بایدن دەڵێت، "مەگەر تەنیا خوا بتوانێت وام لێبکات وازبهێنم". جۆ بایدن دەڵێت، "من جیهان بەڕێوەدەبەم" و کەسی دیکە لە خۆی بە شایانتر بۆ ئەو ئەرکە نابینێت. ئەمە لەکاتێکدایە، چوار ئەندامی کۆنگرێس کە سەر بە دیموکراتەکانن تاوەکو ئێستا داوایان لە بایدن کردووە واز بهێنێت. مارک وینەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، نیازی وایە گرووپێک لە ناو سیناتۆری دیموکراتەکان دروست بکات کە داوا لە جۆ بایدن بکەن واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بهێنێت. بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی لە وەڵامی ئەو گوشارانەدا دەڵێت، "سەیرکە، ئەگەر خودا بێتە خوارەوە و بڵێت، 'جۆ، لە رکابەرییەکە وەرە دەرەوە'، ئەوە دەهاتمە دەرەوە، بەڵام خودا نایەتە خوارەوە". جۆرج ستیفانۆپۆلۆس، کە لە پێشووتدا راوێژکاری باڵای بیڵ کڵینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا دەکات و لێی دەپرسێت، نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تواناتی خستووەتە ژێر گومانەوە. بایدن لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو دیبەیتە "تەنیا ئەڵقەیەکی خراپ بوو" لە زنجیرەیەک دیبەیتی دیکە. باس لەوەش دەکات، هیچ نەخۆشییەکی جیددی نییە و تەنیا ئەو شەوە هیلاک بووە. 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024ی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. جۆ بایدن لەو شەوەدا ئاستێکی کارەساتباری پێشکێشکرد و زۆرینەی وەڵامەکانی ناڕوون یان هەڵەبوون. لە دوای دیبەیتەکە راپرسی جۆراوجۆر لە ئەمریکا کرا و زۆربەی راپرسییەکان ئەوەیان نیشانداوە بایدن کەڵکی ئەوەی نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەس بەهۆی زۆری تەمەنی و تێکچوونی دۆخی هزر و بیرکردنەوەی. لە راپرسییەکدا ئەوە دەرکەوتووە، 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وابووە دۆناڵد ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و راپرسییەکی دیکەش کە لە ناو دیموکراتەکان کراوە دەڵێت، 1 لە هەر 3 دیموکراتێک لای وایە جۆ بایدن پێویستە وازبهێنێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی بزوتنەوەی حەماس دوای 16 رۆژ پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ قسەکردن لەسەر ئازدکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان پەسەندکرد. ئەمە بەبێ رازیبوونی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی تاهەتایی. لە پێشتردا حەماس مەرجی وابوو، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت ئیسرائیل بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی بێت. بەرپرسێکی دەسەڵاتی فەڵەستینی کە لە نێوەندگیرانی قەتەری و میسری نزیکە بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەم وەڵامەی حەماس بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا، ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەند بکرێت، دەکرێت سەر بۆ ئاگربەستی تەواوەتی و کۆتاییهاتنی جەنگی 9 مانگەی غەززە بکێشێت. لە لای ئیسرائیلەوە، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لەم بارەیەوە قسەیان نەکردووە و رۆژی هەینی لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو گفتووگۆکان بەردەوام دەبن و هێشتا جیاوازی لە نێوان ئەو دوو لایەدا زۆرە. بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی حەماس کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، پێشنیازەکە ئاگربەستێکی کاتی، گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە چەند بەشێکی غەززە لەخۆدەگرێت. گفتووگۆ و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە لە چەند رۆژی رابردوودا زیادیکردووە و حەماس و ئیسرائیلیش لەلای خۆیانەوە باسیان لە گفتووگۆ و بەرەوپێشچوونەکان کردووە. یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئاگربەستێک بکات. جەنگی غەززە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا 1200 کەسی کوشت و 250 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 38 هەزار فەڵەستینی کوژراون.

هاوڵاتی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا بە مەسعود پزیشکیان دەڵێت، "پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاکانی نێوانمان دووپاتدەکەینەوە". ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووزی 2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە تویتێکدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد بەهۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا و بوونی بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نێشتیمانی کوردستان: بەڕێز دکتۆر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى نوێى ئێران ‏بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ‏لەم دەرفەتەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و برایەتیی لەمێژینەی نێوان گەلی کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاکانی نێوانمان دووپاتدەکەینەوە. ‏ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە لە بوارە جیاوازەکان و گەشەپێدانی هەماهەنگییەکان. ‏ دڵنیاین کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست. ‏بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هاوڵاتی بەهۆی ئەوەی کۆمپانیایەکی تایبەت باجی لەسەر پشکنینی ئاژەڵان لە کوشتارگەی ئاژەڵەکان زیادکردووە ئەمڕۆ هیچ ئاژەڵێک لە سلێمانی سەرنەبڕا. ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووزی 2024، گۆشتفرۆشانی سلێمانی نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەسەر ئەوەی کۆمپانیایەک کە هیچ زانیارییان لەسەری نییە دوای باجیان لێدەکات. باج وەرگرتن لە لایەن کۆمپانییاکەوە گۆشتفرۆشانی نیگەرانکردووە و دەڵێن، ماوەی چوار رۆژ دەبێت کۆمپانیایەک هاتووە و پێمان دەڵێت دەبێت بۆ هەریەکە لە سەربڕینی ئاژەڵ دوو هەزارمان پێبدەن و لە بەرامبەر رەشە وڵاخیش 10هەزار دینار. گۆشت فرۆشان دەشڵێن، ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی ئاژەڵەکان سەردەبڕین لە لایەن پزیشکی ڤێرتەرنەری پشکنینیان بۆ دەکرێت و بڕە پارەیەکمان لێوەردەگرن، لە ئێستاشدا ئەم کۆمپانیایە دەیەوێت لەدوایی ئەوەی پێشتر جارێک پارەمانداوە بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان بۆ جاری دووهەم برە پارەیەکیش بە ئەوان بدەین. ئەوەشیان خستەڕوو، هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەم کۆمپانیایە نییە ئایا سەر بە حکومییە یاخود ئەهلی، تەنها ئەوەندە دەزانن هاتووە بۆ دووکانەکانیان و دوای باجیان لێدەکات لە بەرامبەر ئاژەڵ دوو هەزار دینار و رەشەوڵاخیش 10 هەزار دینار .

هاوڵاتی عەلی خامنەی دەڵێت، گەلی ئێران توانی سەرۆک کۆماری دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن. ئەمڕۆ شەممە، 6ی تەمووزی 2024، عەلی خامنەی رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنێکى ئازاد و روون لە ئێران بەڕێوەچوو. دەشڵێت، توانیمان لەماوەیەکى کورت و یاساییدا سەرۆککۆمارى ئێران هەڵبژێرین. هاوکات بەبۆنەی بوونی بەسەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی پیرۆزبایشی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ بۆ گەڕیی دووهەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران بەڕێوەچوو لە نێوان مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی تێیدا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14هەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 6ی تەمووزی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆک کۆماری نوێی ئێران و رایگەیاند، "بەهیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان."   مەسرور بارزانی دەشڵێت، "بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش." ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئیران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کورستان و عێراقە. جێگەی ئاماژەیە، بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14هەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

هاوڵاتی مەزهەر محەمەد ساڵح، دەڵێت، بانکی ناوەندی چارەسەری دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دەکات، کە چەند رۆژێکە لەنێو عێراق هەیە. ئەمڕۆ شەممە، 6ی تەمووزی 2024، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئابوورى رایگەیاند، ئێستا عێراق دەتوانێت 100%ى پێویستى دراوى بیانى دابین بکات بۆ ئەو دراوەى پێویستە بۆ دەرەوە. دەشڵێت، یەدەگى دراوی عێراق پاڵپشتى نرخی دینارە، کە ئێستا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار. ئەم راوێژکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکى ناوەندى چارەسەرى ئەو دابەزینى نرخی دینارە دەکات کە چەند رۆژێکە لەنێو عێراق هەیە. مەزهەر محەمەد ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای ئەوەى لە ساڵى رابردوودا زۆرینەى مامەڵە نێوخۆییەکان و گرێبەستەکان کران بە دینار، بازاڕى دراو کاریگەرییەکى ئەوتۆى لەسەر دۆخى گشتى نەما و تەنیا 10%ى تێکڕاى مامەڵەى خواست و خستەڕووى دۆلار پێکدێنێت. جێگەی ئاماژەیە، دوو هەفتەیە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و 100 دۆلارى ئەمریکى گەیشتووەتەوە نزیکەى 150 هەزار دینار. سەرچاوە، رووداو

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووزی 2024، سەعید جەلیلی، کاندیدی نەریتخوازان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژارنەکان لە لێدوانێکیدا بە میدیاکانی ئێرانی و راگەیاند ''کەسێک کە هەڵبژێردراوی خەڵکە، دەبێ رێزی لێ بگیرێت و بە هەموو توانامان هاوکاریی بەرەوپێشچوونی بکەین''.  رکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە نێوان ریفۆرمخوازان و نەریتخوازان، ئەو دوو بەرە دژ بە یەکە بوو کە لە کۆتاییدا جارێکی دیکە دەسەڵات کەوتەوە دەستی ریفۆرمخوازەکان. جێگەی ئاماژەیە، لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی هەینی 5 تەمووزی 2024 بەڕێوەچوو، سێ جار دەنگدان درێژ کرایەوە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەو بەکاتی تاران بەردەوام بوو. لەم بارەیەوە، موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران وتی، لە 30 ملیۆن و 573 هەزار و 931 دەنگ، پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و سەعید جەلیلیش بە 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ، رکابەرییەکەی دۆڕاند.

هاوڵاتی مەسعود پزیشکیان دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەڵێت، ''ئێمە دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.'' ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووزی 2024، بەربژێری ریفۆرمخوازان دوای سەرکەوتنی لە گەڕی دووەمی 14 هەمینی خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران قسەی بۆ میدیاکان کرد و ئەوەی خستەڕوو، "نەریتخوازان برای ئێمەن". مەسعود پزیشکیان دەشڵێت، نەریتخوازان، برای ئێمەن و تەنیا ناکۆکیمان لەسەر دەسەڵاتە، ئەگەر بۆ رەزامەندیی خودا کار بکەین، شەڕمان نابێت. جێگەی ئاماژەیە، ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14 هەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان لە بەرامبەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران براوەی رکابەرییەکە بوو.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووز، ناوەندی هەڵىژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، مەسعوود پزشکیان زۆرترین دەنگی بە دەست هێناوەو بووە بە سەرۆککۆماری ئێران بۆ ماوەی 4 ساڵ. موحسن ئیسلامی بەڕێوەبەری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بە رۆژنامەنووسەکانی راگەیاند، لە کۆی 30 میلیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگ ، مەسعوود پزشکیان 16 میلۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی هێناوە. لە بەرامبەردا سەعید جەلیلی 13 میلیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگی هێناوە. بە پێی ئامارە حکومییەکان لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا نزیک 50% خەڵک بەشدارنیان کرد، ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی ئامارە فەرمییەکان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران کە رۆژی 28ی حوزەیران بەڕێوەچوو کەمتر لە 40% خەڵک بەشداریان کردبوو.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە، بەرپرسێكی ئەمریكاش دەڵێت، پێشنیازەكەی حەماس دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات. میدیا جیهانییەکان لە بارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگر بەست لە غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ئاماژە بەوەشکراوە، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بایدن بە ناتانیاهۆی راگەیاندوە، کاتی رزگارکردنی ژیانی زیندانییەکان هاتووە، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرکراون. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بەرۆژنامەكەی وت: پێشنیازەكەی بزووتنەوەی حەماس كە بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردوە دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، دەتوانرێت لەوچوارچێوەی ئەو پێشنازە ئاڵوگۆڕی دیلەكان بكرێت. نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای دڵنیاكردووەتەوە کە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل شاندێکی دانوستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی مۆساد دەنێرێت بۆ دۆحە. بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و ئازادكردنی دیلەكان، چەند مانگێكە هەریەك لە میسر و قەتەر و ئەمریکا دەستپێشخەری دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتون بە رێككەوتن لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی حەماس داوا دەكات کۆتایی بە جەنگە بهێنێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە بكشێتەوە، هەروەها ئیسرائیل رەتی دەكاتەوە و كاتێك بەئاگر بەست رازی دەبێت، كە تەواوی بزووتنەوەی حەماسی لەناوبردبێت. ئەمڕۆش ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان لەگەڵ سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس کۆبویەوە و دوایین پێشهاتەكانی و دانووستانەكانی ئەو پێشنیازانەی خراوەتەڕوو بۆ وەستاندنی شەڕی كەرتی غەزە تاوتوێ كرد، هەردوولا جەختیان لە یەكڕیزیی هەڵوێست و بەردەوامی هەماهەنگی مەیدانیی و سیاسیی كردەوە. لە بەرەبەیانی 7ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە کیێر ستارمێر دەکەم، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، چاوم لە هاوبەشیی بەردەوامە لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی بەریتانیا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی بەریتانیا و پیرۆزبای لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا رایگەیاند، "بەناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پیرۆزبایی لەکیێر ستارمێر دەکەم، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا". دەشڵێت:" چاوم لە هاوبەشیی بەردەوامە لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی بەریتانیا". جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لەبەریتانیا، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن. بۆ پێکهێنانی حکومەت پارت و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە، پارتی کرێکار بە سەرکردایەتیی کیێر ستارمێر زۆر لەوە زیاتری هێنا.

هاوڵاتی سەرۆکی بەرەی گەل پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی کیێر ستارمێر سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەکات، بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا. نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە بارەی پیرۆزباییان لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، پیرۆزباییەکی گەرم بەتایبەتی ئاراستەی بەڕێز کیێر ستارمێر و بەگشتی پارتی کرێکاران دەکەین، بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی تۆماریان کرد لە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیادا. ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان و بەریتانیا مێژوویەکی هاوبەشی دوور و درێژیان هەیە و ئێمەش زۆر بە پەرۆشەوە لە توانای ئێوە وەک سەرۆک وەزیران دەڕوانین بۆ بەردەوامیدان بە دۆستایەتیی نێوانمان و بۆ باشتر خزمەتکردن بە خەڵکی هەردوو وڵاتەکەمان لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستە بە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانمان. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی كرێكارانی ئەو وڵاتە سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكە بەدەستهێنا و كۆتایی بە 14 ساڵ حكومڕانی پارتی پارێزگاران هێنان پارتەكە لە كۆی 650 كورسی پەرلەمان 326  كورسی بەدەستهێناوە.