هاوڵاتی بازرگانێکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا لە دەروازەکان بڕی پێنج هەزار دینار زیادەمان لێوەردەگیرێت و بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان پێبدەن. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، یەکێک لەو بازرگانانەی کە هاتووچۆی ئێران دەکات کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشتر کاتێک هاتووچۆمان دەکرد بڕێکمان وەک گومرگ لێوەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا پێنج هەزار زیادەمان لێوەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان بدەنێ". ئاماژەی بەوشکرد، "ئێمە پرسیارمان کردووە دەڵێن ئەو پارەیە بۆ حکومەتی عێراقییە، بەڵام پێمان ناڵێن وەرگرتنی پارەکە بۆ چ مەبەستێکە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە". ئەو بازرگانە ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت هیچ ئاسانکارییەکمان بۆ ناکات بگرە رۆژ بە رۆژ ئەرکەکانی سەرشانی بازرگانان زیاتر دەکەن". هەروەها ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هیچ گومرگێک زیادنەکراوە و پێدەچێت ئەو پارەی وەردەگیرێت تایبەت بێت بە زیادکردنی خزمەتگوزارییەک، ئەگەرنا بڕی گومرگ هەر وەک خۆیەتی".

هاوڵاتی شەوی رابردوو لە گەڕەکی شاخکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەوی رابردوو تەرمی منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان لە گەڕەكی شاخكێ لە دهۆك بە كوژراوی دۆزراوەتەوە. بەڵام تائێستا هۆكاری كوژرانی نەزانراوە.  بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژرانەكەی تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی داد كراوە، پۆلیسی دهۆكیش دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە بە مەبەستی هۆکاری کوژرانەکەی.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ دوو رۆژە چین دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی بازنەیی بە دەوری تایواندا کردووە. سوپای چین دەڵێت، ئەم مانۆڕە سەربازییە توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان دەردەخات. مانۆڕە سەربازییەکەی ئەم جارەی چین دوای چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونی لای چینگ، سەرۆکی تایوانە کە چین بە "پەڕگیرێکی مەترسیدار" ناوی دەبات. رۆژی دووشەممە، 20ی ئادار، ئەو سەرکردە تایوانییە لە گوتاری دەستبەکرابوونەکەیدا داوای لە چین کرد هەراسانکردنی زیاتری تایوان رابگرێت و ئاماژەی بەوەکرد لە دوای دەستپێکی سەرۆکایەتی شی ژین پینگ زیاتر بووە. رۆژی هەینی 24-5-2024، سوپای چین رایگەیاند، "بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە هەردوولای تایوانەوە بەردەوامە بۆ دەرخستنی توانامان لە زاڵبوون و هێرشکردنی هاوبەش و داگیرکردنی ناوچە سەرەکییەکانی دورگەکە". چین ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانۆڕەکەیان "سزایە بۆ هەر کارێکی پەڕگیر بۆ سەربەخۆیی تایوان". سەرۆکی تایوان رایگەیاندووە، جێگەی داخە چین هەڕەشە لە حکومەتی دیموکراسیی تایوان دەکات و ئەوەشی باسکردووە ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییان لە ئەگەری هێرشی ئەو زلهێزەی جیهان. لە مانۆڕ هێزی دەریایی، ئاسمانی و تۆپهاوێژەکانی چین بەشدارن و لە گەرووی تایوان، چواردەوری باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی تایوان بەڕێوەدەچێت. چین تایوان وەک بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەبینێت، ئەمە لەکاتێکدایە هەرگیز بەڕێوەی نەبردووە؛ هەروەک چەندین جار باسی لەوەکردووە، لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن بەرپرسانی تایپییەوە داگیری دەکات.

هاوڵاتی 47 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کردووە بۆئەوەی هەموارکردنەوەی دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەعێراق، بە شێوەیەک تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە بکرێتە 63 ساڵ. لەناوەرۆکى پرۆژەى هەموارەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە گرنگى بەژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێش بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە. بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ. کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لەعێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە. هەر لەسەر ئەم پرسە یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لەچەند رۆژى رابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لەهەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دادگەی لاهای فەرمانی بە ئیسرائیل کرد "بە زووترین کات" لە رەفەحی باشووری غەززە بکشێتەوە. ئەوەش بە هۆکاری ئەوپەڕی خراپیی دۆخی مرۆیی خەڵک کە بە "کارەساتبار" ناوی برد. رۆژی هەینی 24-5-2024، نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری رایگەیاند، "ئیسرائیل پێویستە بە زووترین کات پەلامارە سەربازییەکەی و تەواوی جموجووڵەکانی لە پارێزگای رەفەح راگرێت". بڕیاری دادگە باڵاکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای داواکاری ئەفریقای باشوور بوو بۆ گرتنەبەری رێکاری توند لە دژی ئەو کارەی ئێستا ئیسرائیل لە فەڵەستین دەیکات. دادگەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە و هەروەها خاڵی سنووری نێوان غەززە و فەڵەستین کە دەکەوێت شاری رەفەحەوە بکاتەوە. نەبیل ئەبو رودەینە، گوتەبێژی دەسەڵاتی فەڵەستین رایگەیاندووە، "سەرۆکایەتییەکەمان پێشوازی لەو بڕیارە دەکات لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری داویەتی، کە نوێنەرایەتی خواستێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی جەنگە گشتگیرەکەی سەر غەززە". بەسام نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی لاهای دەکەن و "داوا لە هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیست دەکەن واز لە لەشکرکێشییە سەربازییەکەی بۆ سەر رەفەح بهێنێت". بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، "دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەرکات و هەر شوێنێک پێویست بێت، پابەندە بە بەردەوامبوون بە شەڕەوە بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، هەروەها تاوەکو بەڵێنی ئاسایش بە هاووڵاتییەکانی بدات". شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە 7ی هەمان مانگ پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1139 هاووڵاتی ئیسرائیلی و بیانی، منداڵ و پۆلیس و ئاسایشیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا خواستی وایە سنوورە ئاوییەکەی لە دەریای باڵتیک فراوانبکات، ئەمەش کاردانەوەی وڵاتانی باڵتیک و سکەندەناڤیای لێکەوتووەتەوە و خەریکە کێشەی جیۆسیاسی گەورە دروستدەکات. رۆژی سێشەممە 24-5-2024، رووسیا رەشنووسێکی لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگرییەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، مۆسکۆ نیازی وایە دووبارە نەخشەی سنووری ئاویی لە دەریای باڵتیک دابڕێژێتەوە. بە گوێرەی نوسرقوێک کە وەزارەتی بەرگری رووسیا لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، رووسیا پلانی وایە سنوورە ئاوییەکانی لە کانوونی دووەمی 2025 لەگەڵ فینلاند و لیتوانیا لە دەریای باڵتیک فراوان بکات. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، رووسیا دەیەوێت بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی لیتوانیا و فینلاند بۆ خۆی کۆنترۆڵ بکات. هەر دوای کەمێک بەبێ دیاربوونی هۆکارەکەی، ماڵپەڕەکە نوسراوەکەی سڕییەوە. گابرێلوس لاندسبێرگس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "ئەمە هەراسانکردنێکی ئاشکرای ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە و پێویستە وەڵامێکی پێویست و توند بدرێتەوە". ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەو بارەیەوە دەڵێت، "رووسیا ناتوانێ تاک لایەنانە سنوورەکەی لەم رێگەیەوە بگۆڕێت". ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، رووسیا هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی لەو کارەی نییە و تەنیا دەیەوێت "بەروونی" سنووەکان دیاری بکرێتەوە. ئێلینا ڤالتۆنین، وەزیری دەرەوەی فینلاند لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر رووسیا دەیەوێت سنوور بگۆڕێت، ئەوا پێشێلی دەقێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و تەواوی جیهان لە دژی رووسیا دەبن". دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاندووە، هیچ ئاڕاستەیەکی سیاسی لە "پێشنیازەکەی" وەزارەتی بەرگری رووسیادا نەبووە. دەشڵێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە ناوچەی باڵتیک هەیە و بۆ هەموو وڵاتان باشترە روونتر سنوورە ئاوییەکانیان بزانن. لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، سوێد و فینلاند کە لە مێژوویاندا بێ لایەنی خۆیان لە نێوان هەردوو جەمسەری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی جیهان پاراستبوو، بوونە ئەندامی ناتۆ.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر هەبوونی دەستێکی تاوانکار لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆکی وڵاتەکە و حەوت کەسی دیکە نەدۆزیوەتەوە. درەنگانێکی رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، میدیای فەرمی ئێران راپۆرتێکی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بە ئەنقەست خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەدۆزیوەتەوە. راپۆرتەکە دەڵێت، هەلیکۆپتەرەکە دوای ئەوەی لەسەر زەوییەکی لێژ بە زەویدا کێشاوە، ئاگری گرتووە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە هیچ کونێکی فیشەکیان لەسەر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە نەدۆزیوەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، هەلیکۆپتەرەکە لەسەر ئەو رێچکەیە رۆشتووە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و بە هیچ جۆرێک رێچکەی خۆی جێنەهێشتووە. راپۆرتەکە دەڵێت، دوایین جار پەیوەندی لە نێوان هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران و دوو هەلیکۆپتەرەکەی یاوەری کراوە، نزیکەی یەک خولەک و نیو پێش رووداوەکە بووە. رۆژی یەکشەممە 19ی ئاداری ئەمساڵ، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەریان گیانیان لەدەستدا. تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی خراپی کەشوهەواوە رۆژێک دواتر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە و سەرنشینەکانیان دۆزییەوە کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدابوو. سوپای ئێران دەڵێت، هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر ماوە لە رووداوەکە بکرێت.

هاوڵاتی تائێستا نۆ هەزار و 384 حاجی عێراقی لەڕێی وشكانی و ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە مەككە و مەدینە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024 دەسەڵاتی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار حاجی گەیشتوونەتە سعودیە و 27 و 29ی ئەم مانگەش یەكەم و دووەم كاروانی حاجیانی هەرێم بەرەو سعودیە بەڕێدەكەوێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پشكی عێراق بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج، 33 هەزار و 690 حاجییە، پشكی هەرێمی كوردستانیش دەكاتە چوار هەزار و 685 حاجی، یەكەم كاروانیان لەڕێگەی وشكانی و دووەم كاروانیان لەرێگەی فڕۆكەوە بۆ سعودیە بەڕێدەكەوێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی بنکۆڵکاری بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە جەنگی ئۆکراینا رابگرێت و ئاگربەست رابگەیێنێت، بەو مەرجەی ئۆکراینا و رۆژئاوا ئامادەبن لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن. رۆژی هەینی 24-5-2024، ئاژانسی رۆیتەرس راپۆرتێکی تایبەت بە شەڕی ئۆکراینا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، گفتووگۆی لەگەڵ 5 بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشووی نزیک لە پووتین کردووە سەبارەت بە ئاگربەست لە ئۆکراینا. رۆیتەرز دەڵێت، سێ لە بەرپرسەکان گوتوویانە، پووتین تەنانەت نیگەرانە لە بیروڕای دژ بە ئاگربەستی بەشێک لە راوێژکارەکانی و لای وایە کاریگەریی رۆژئاوایان لەسەرە بۆ ئەوەی رێگە لە وەستانی شەڕەکە بگرن. یەکێک لەو بەرپرسانە گوتوویەتی، "پووتین دەتوانێت شەڕ بکات هەرچەندێک بیەوێت، بەڵام ئامادەیە ئاگربەستیش بکات بۆ وەستانی جەنگەکە". ئەو بەرپرسە لە رابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ پووتین کاری کردووە و ئاگای لە گفتووگۆ زۆر نهێنییەکانی کرێملن و وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەیە. هیچ کام لەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت. دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لەبارەی دۆسیەکەوە رایگەیاندووە، ئەوان لەمێژە خواستی خۆیان بۆ گفتووگۆ دەربڕیوە، دەشڵێت، وڵاتەکەیان "جەنگێکی هەتا هەتایی ناوێت". دووان لە سەرچاوەکانیش باسیان لەوە کردووە، پووتین بڕوای وایە ئەوەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە لە جەنگەکەدا بەسە بۆ ئەوەی سەرکەوتن و بردنەوە بە گەلی رووسیا رابگەیێنیت و جەنگەکە رابگرێت. هەروەها دوای ئەوەی وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم و بۆ شەش ساڵی داهاتوو هەڵبژێردراوەتەوە، پووتین لای وایە پێویستە لەم ماوەیەی وەک سەرۆکی رووسیا ماویەتی، سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینا نەبێت و کۆتایی پێبێنێت. لەلایەکی دیکەوە سێ لە سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، پووتین تێگەیشتووە لەوەی ئەگەر بیەوێت پێشڕەوییەکی دیکەی بەرچاو لە جەنگی ئۆکراینا بکات، پێویستە دووبارە سەرباز لە تەواوی وڵاتەکەوە ئامادەبکات بۆ جەنگ، ئەوەش خواستی سەرکردە دێرینەکەی رووسیا نییە. ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بە رژدی باسی لەوە کردووە، بە هیچ جۆرێک ناچێتە گفتووگۆوە و کۆتایی جەنگی ئۆکراینا ئەو کاتە دەبێت کە تەواوی ئەو زەوییانەی رووسیا کۆنترۆڵی کردووە بە کریمیاشەوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینا. لە 2022شدا رەشنووسێکی واژۆکرد کە هەموو گفتووگۆیەک لەگەڵ پووتیندا بە "ئەستەم" دادەنێت. ئۆکراینا لە شووباتی 2022ـەوە لەلایەن رووسیاوە هێرشی کراوەتە سەر و بە رووبەری کریمیاوە کە لە 2014دا کۆنترۆڵی کردووە تا ئێستا 18٪ی خاکەکەی لە ژێر دەستی رووسیادایە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی چالاکبوونی بای ڕۆژئاوا کە خێرایی لە 25 کلم بۆ 45 کلم دەبێت لە کاتژمێرێکدا بە پێی ناوچەکان بەو هۆیە لە دەرنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە 24-25/ 5 /2024 خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان دەگرێتەوە". ئەو شارەزای کەشناسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "شە]پۆلەکە لاواز بۆ مامناوەند دەبێت و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگڕێتەوە".

هاوڵاتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، سێ درۆنیان خستە خوارەوە کە لە لایەن " مقاومەی ئیسلامی عێراق" ەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون. بەپێی راگەیاندنی سوپای ئیسرائیل، دوو درۆن لە ئاسامانی "شاری ئیلات" باشووری ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. درۆنی سێهەم لە سەر شاری "سەفد" لە باکووری ئیسرائیل خراوەتە خوارەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ژمارەیەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە گەرمەی جەنگی غەززەدا، بەرپرسایەتی دەیان هێرشی درۆنی گرتۆتە ئەستۆ کە کراوەتە سەر ئیسرائیل و هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل زۆربەیانی خستووەتە خوارەوە".  لەم راپۆرتەدا هەروەها باس لەوە کراوە، بەشێکی زۆر لەو بانگەشانەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەربارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل زێدەڕۆیی تێدایە، بەڵام تەنها یەکجار توانیان هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل لە شاری ئیلات و زیانی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی هاوکات لەگەڵ رێ و رەسمی ناشتنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە مەشهەد، ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی پێنج شەممە 23ی ئایاری 2024، یەکەم راپۆرتی خۆی دەربارەی کەوتنە خوارەوەی ئەو کۆپتەرەی رەئیسی پێ بووە بڵاو کردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نیشانەی بەرکەوتنی فیشەک یان شتی هاوشێوە بە هەلیکۆپتەرەکەوە نەبینراوە، ئاماژە بەوەشکراوە، کۆپتەرەکە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەر بەرزای کەوتووە و ئاگری گرتووە. ئەوەش هاتووە، بە هۆی خراپی کەشوهەوا و دۆخی ناوچەکەو سەرماوە، ماوەیەکی زۆری بردووە بەوەی بتوانرێت شوێنی رووداوەکە بدۆزرێتەوە. رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی جارێکی دیکە بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان". بەپێی زانیارییەکان، وەستایەکی ئیزوگام لە کۆگاکەدا کاری کردووە و هۆکاری ئاگرەکە ئەو پەرەمێزە بووە کە بەکاری هێناوە و لەئێستادا لە %70ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە ئاگرەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەهۆی تەقینی غازەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگای غازی نەورۆز لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تۆرنادۆیەک کە لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکای داوە، تاوەکو ئێستا 5 کەسی کوشتووە و دەیان کەسیشی بریندارکردووە. ئەمە جگە لەوەی دەیان خانووی وێرانکردووە و ئەوەندە بەهێز بووە ئۆتۆمبێلی لە زەوی دابڕیوە. رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، تۆڕنادۆیەکی بەهێز بە شارۆچکەی گرین فیڵددا لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا تێپەڕی و بەدوای خۆیدا وێرانکارییەکی گەورەی جێهێشتووە. ئەمە جگە لە زیانە مادی و گیانییەکان. پۆلیسی فریاکەوتنی شارۆچکەکە رایانگەیاندووە، "بەهۆی تۆرنادۆکەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 35 کەس برینداربوون". باس لەوەشکراوە، نەخۆشخانەی شارۆچکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێک لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکانی دیکە. تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 800 تۆرنادۆ لە ئەمریکای داوە، شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رووداوی تۆرنادۆ لە ئەمریکا ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات. ساڵانە لە ئەمریکا بە تێکڕا 80 کەس بە تۆڕنادۆ دەمرن و لانیکەم 1500 کەسیش بریندار دەبن.

هاوڵاتی  ئاگری كارگەی غازی سەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. ئێوارەی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە کارگەیەکی غاز لە سەر ڕیگای کەرکوک- هەولێر کەوتەوە، لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نێردران.  لەم بارەیەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئاگرەكەی كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. شاخەوان سەعید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتیشی، ئاگرەكەی نێو كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی لە ئەركدا بوون. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئەوەی خستەڕوو، " بەهۆی رووداوەكەوە پاسەوانی كارگەكە و براكەی و شۆفێری بارهەڵگرێك بە سووكی برینداربوون".