هاوڵاتی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ کەمپێکی ئاوارەکان لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەزە کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتۆتەوە. بە پێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەزە کە رۆژی دووشەممە 27ی ئایار، ئاماری نوێی کوژراو و بریندارەکانی راگەیاندووە، بە هۆی هێرشەکانی پێرێ 45 کەس کوژراون کە 23 کەسیان ژن و مناڵن و 149 کەسیش بریندار بوون. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم کەمپە، ناڕەزایەتی زۆری لە جیهانی بەدوایی خۆێیدا هێنا بە تایبەتیش ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، لە راگەیاندراوێکدا، رایگەیاند بە پێی زانیاری ورد، بینایەکی حەماس بە شێوەی ورد و گونجاو کراوتە ئامانج. جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، نیگەرانی خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان دەربڕی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی:" ئەو هەواڵانەی دەربارەی رەفەح بڵاو ئەبنەوە بووە بە هۆی ترساندنم و نیگەرانم لەو رووداوەی روویداوە“. ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، رۆژی دووشەممە 27ی ئایاری 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی،" هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دەبێت رابگیردرێت، لەبەر ئەوەی هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ کەسانی مەدەنی بوونی نییە و کەسانی مەدەنی گیانیان لە مەترسیدایە". هەر لەسەر ئەم پرسە ژمارەیەکی تر لە وڵاتانی ئەورووپی لەوانە نەرویج و ئیسپانیا، هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان لە رەفەحیان شەرەمەزار کردووە. وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی:" ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە پێشێلکاری بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی دەربارەی راگرتنی هێرش بۆ سەر رەفەح، ناچار ئەبێت هەنگاوی گونجاو هەڵبگرین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو رێکاری یاسایی بگیردرێتە بەر". رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیاش دوێنێ 27ی ئایاری 2024، بەڵێنی داوە وڵاتەکەی هەموو کارێک ئەکات بۆ ئەوەی نتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت دەربارەی هێرش بۆ سەر رەفەح. ئەردۆگان ئیسرائیلی بە "تیرۆریست" ناوبرد و باسی لەوە کرد ئەم هێرشەی ئیسرائیل دوای ئەوەهاتووە، دادگای نێونەتەوەیی داوای لە ئیسرائیل کردووە کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشەی شەرمەزار کردووە و داوای ئەوەی کردووە بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی کە داوای راگرتنی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەحی کردبوو، دەستبەجێ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. سعوودیەش رایگەیاند، هێرش بۆ سەر خێمەی ئاوارەکان لە باکووری رۆژئاوای رەفەحی شەرمەزار کردووە و خوازیاری راگرتنی هێرشەکان بووە لە لایەن ئیسرائیلەوە. وڵاتی قەتەریش، یەکێک لە وڵاتانی نیوانگیر لە جەنگی غەزە، روانگەی جیهانی لەوە ئاگادار کردۆتەوە هێرش بۆ سەر رەفەح هەوڵەکان بۆ گەیشت بە ئاگربەست و گۆڕینەوەی بارمتەکان شکست پێ ئەهێنێت. پێشتریش وتەبێژێکی ئەنجەمی ئاسایشی کۆشکی سپی بە تایمزی ئیسرائیلی راگەیاندبوو، ئەمریکا نیگەرانی ئەو هەواڵانەیە دەربارەی رەفەح بڵاو ئەبنەوەو خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە دەربارەی ئەم هێرشە. پێرێ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی کردۆتە سەر جبالیا لە باکووری کەرتی غەزە و بنکەیەکی هەواڵگری حەماسی کردۆتە ئامانج. ئەم هەواڵە دوای ئەوە بڵاو بۆوە کە حەماس بۆ یەکەمجار لە 6 مانگی رابردوودا بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەمپی رەفەح و بە 12 مووشەک رەفەحی کردە ئامانج.

هاوڵاتی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، رایگەیاند، ئامادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتن بەو مەرجەی گەرەنتی ئەوە بدرێت كە پارەی پێشتر و داهاتوویان پێدەدرێت. ئەمڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئامادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتن بەو مەرجەی گەرەنتی ئەوە بدرێت كە پارەی پێشتر و داهاتوویان پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكات". باسی لەوەشکردووە "کە ناوەڕۆکی چەند راپۆرتێکی میدیایی رەتدەکەنەوە، گوایە بەهۆی پێداگری و مەرجەكانی ئەوانەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە، دەشڵێت كە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەوان و حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵدا ئەنجامنەدراوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، " ئامادەیە لەگەڵ هەولێر و بەغداد پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكات و داواش  دەکات گفتوگۆی سێقۆڵیش بکرێت لەگەڵ هەرێم و بەغداد بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك تا هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق-توركیاوە دەستپێبكاتەوە".

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی بەڵگەیەکەوە  بڵاویکردەوە، کە لە %50 داهاتی هەرێمی کوردستانی بەدەست گەیشتووە. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2024، میدیاكانى عێراق بەڵگەیەکیان بڵاوكرده‌وه‌،  كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وه‌رگرتنى 85 ملیار دینار له‌ داهاتى نانه‌وتى هه‌رێم و دانانى له‌ هه‌ژمارێكى تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دووشه‌ممه‌ 27ى ئایار، وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌،"ڕۆژی دووشەممە بڕی  هەشتاو پێنج ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024، بەشێوەی نەختینە خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". وتیشێ،"کە کۆی گشتی داهاتەکە، دەکاتە لە 50٪ داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە"

هەوراز حوسێن هاووڵاتی، وارشۆ هەزاران ئەرمەنی بە دروشمی لادانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان رژانە سەر شەقامەکان و پۆلیس 270 کەسیانی دەستگیرکردووە. خۆپێشاندانەکە لە دژی بە دەستەوەدانی زەویی ئەرمینیایە بە ئازەربایجان. رۆژی دووشەممە 24-5-2024، هەزاران خۆپێشاندەر لە تەواوی ئەرمینیا لە دژی دەسەڵاتی نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هاتنە سەر شەقامەکان و رێگەکانیان داخست. وەزارەتی ناوخۆی ئەرمینیا رایگەیاندووە، لانیکەم 273 خۆپێشاندەریان بە تۆمەتی یاساشکێنی و پشێوی نانەوە دەستگیرکردووە. هەفتەی رابردوو، یەریڤان چوار گوندی لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ ئازەربایجان دایەوە باکو، ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و حکومەتەکەیان بە لاواز ناودەبەن. لە دوای 2019ـەوە، ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو جار لەگەڵ یەکدیدا، لەسەر ناوچەی نۆگۆرنۆ قەرەباخ، چوونەتە جەنگەوە. هەردوو وڵات ئەو ناوچەیە بە هی خۆیان دەزانن، بەڵام ساڵی رابردوو ئەرمینیا ناوچەکەی رادەستی ئازەربایجان کردەوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڵێن، پێدانی ئەو ناوچەیە بە ئازەرباجیان رێگریان لە هاتووچۆکردن لێدەکات لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئەرمینیا لێ قەدەخە دەکات. هەروەها لۆمەی سەرۆکوەزیران دەکەن کە زەویی داوە بە ئازەربایجان بەبێ وەرگرتنی هیچ بەرژەوەندییەک لە بەرامبەردا. پاشینیان لە 2020دا لە جەنگی دژ بە ئازەربایجاندا شکستی هێنا و ساڵی رابردووش تەواوی ناوچەی قەرەباخی دایەوە ئازەربایجان، بەڵام دەڵێت ئەو هەنگاوەی بۆ پاراستنی ئاشتییە لەگەڵ باکو. دوای ئەوەی ساڵی رابردوو قەرەباخ رادەستی ئازەربایجان کرا، 100 هەزار دانیشتووی ئەرمەنی ئەو ناوچەیە، کۆچیان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەرمینیا کرد.

هەوراز حوسێن هاووڵاتی، وارشۆ تۆرنادۆ و زریانی بەهێز لە چوار ویلایەتی ئەمریکای دا و تاوەکو ئێستا لانیکەم 22 کەس گیانیان لەدەستداوە. هۆشداری لە کەشوهەوای خراپتر دەدرێت و 110 ملیۆن ئەمریکی لە ژێر هەڕەشەدان. رۆژی دووشەممە 27-5-2024، حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تۆڕنادۆ و هەورەبروسکەی زۆرەوە لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 21 کەس. 8 کەسیان لە ویلایەتی ئارکانساس، 7 لە تەکساس، 4 لە کنتاکی و دووانیش لە ئۆکلاهاما گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئێوارەی رۆژی دووشەممە هۆشداری لە تۆرنادۆ و هەورەبروسکەی بەهێز لە ویلایەتەکانی نیویۆرک، نیو جێرزی و پەنسڵڤینیا دراوە. فەرمانگەی کەشوهەوای نیشتمانی دەڵێت، زریانەکە رووەو باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەڕوات و کاریگەری دەخاتە سەر زیاتر لە 110 ملیۆن کەس. بە گوێرەی ماڵپەڕی پاوەر ئاوتەجی ئەمریکا، بەهۆی تۆرنادۆکانەوە سەدان هەزار هاووڵاتی ئەمریکی بەبێ کارەبا ماونەتەوە؛ تەنیا لە کنتاکی ژمارەکە 160 هەزار کەس بووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەی سەر کەمپی رەفەح رایگەیاند، هەڵەیەکی تراژیدیا بووە و مەبەستیان نەبووە هاووڵاتی سڤیل بەر هێرشەکە بکەوێت. رۆژی دووشەممە 27-5-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کنێسێت گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "لە رەفەح نزیکەی یەک ملیۆن کەسی بێ چەکمان گواستووەتەوە و هەرچەندە ئەوپەڕی هەوڵمانداوە کەسانی بێ چەک ئازار نەدەین، بەڵام هێرشێکمان هەڵەیەکی تراژیدیای لێکەوتەوە". هاوکات باسی لەوەشکرد، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و دەبێت بزانن هۆکارەکەی چیبووە. هێرشەکە رووبەڕووی رەخنەیەکی توندی رێکخراوە جیهانییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتەوە. ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی بۆ سەر دوو بەرپرسی باڵای حەماس کردووە و لە هێرشەکەدا کوژراون. هێرشەکەی دوێنێی سەر کەمپی رەفەح لانیکەم 45 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 200 کەسی دیکەشی بریندارکرد.

هاوڵاتی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان پاداشتی کۆتایی خولی پێنجەمیان وەرگرت، کە بڕەکەی 52 ملیۆن دینارە. بە پی ئەو هەواڵانەی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بڵاوکراونەتەوە،  پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان وەک پاداشتی شەش مانگی کۆتای خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕی 52 ملیۆن دیناریان وەرگرت. لە کۆتای هەر خولێکدا، پاداشتی شەش مانگی کۆتایی هەر خولێکی پەرلەمانی کوردستاندا دەدرێت بە پەرلەمانتاران، وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکە پێی دەوترێت (اکرامیە)، سەرجەم خولەکانی پێشوو ئەو پاداشتەیان پێدراوە. جێگای ئاماژەیە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندام بووە، کە  کۆی گشتی  پاداشتەکەیان 5 ملیارو 770 ملیۆن دینار دەکات، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەو پاداشتەیان رەتکردۆتەوە.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ سبەی ناوی سێ یه‌كه‌مه‌كان بۆ دامه‌زراندن ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ ئایاری‌ 2024 وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا راسپێردران بۆ خێراكردن له‌ ئاماده‌كاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كان. راشیگەیاند، "وەزارەتەكەیان كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت ئەنجامدا بۆ هەنگاوە كۆتاییەكانی ئامادەكاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر بەشەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 – 2018) تاوەكو (2022 – 2023)، كە وابڕیارە سبەی لیستی كۆتایی ناوەكانیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەم قۆناغەدا پێویستە هەمووان پێكەوە هەماهەنگ و هاوكاریی یەكتربین، بۆ ئەوەی مافی هیچ یەكێك لە سێ یەكەمەكان نەفەوتێت، بۆیە دەبێت لە تۆماركردنی ناوی چواریان و بەشەكانیان و تەواوی زانیارییەكان وردبین و نابێت هیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك لەم رووەوە هەستیپێبكرێت". دەشڵێت،"ساڵانی رابردوو بە هەوڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی توانرا سێ یەكەمەكانی ساڵانی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە 48 کاتژمێری رابردوودا لە بەغدا هێرشکراوەتە سەر دوو خواردنگەی مریشکی سوورەکراوی کنتاکی، کە بە کەی ئێف سی ناسراوە. پۆلیس ژمارەیەک گومانلێکراوی بکەری تاوانەکەیان دەستگیرکردووە. رۆژی دووشەممە 27-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک گومانلێکراویان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو خواردنگەی کەی ئێف سیی ئەمریکی دەستگیرکردووە. پۆلیس باسی لەوەکردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، بکەرانی تاوانەکە لایان وایە براندە ئەمریکییەکانی وەک خواردنگەی کەی ئێف سی پاڵپشتیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکەن. لە هێرشی یەکەمدا دوو پیاو کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون، بۆمبێکییان فڕێداوەتە بەردەم یەکێک لە لقەکانی خواردنگەی کەی ئێف سی لەسەر شەقامی فەڵەستین لە رۆژهەڵاتی بەغدا. رۆژی دووشەممە، لقێکی دیکەی کەی ئێف سی هەر لە بەغدا هێرشی کراوەتە سەر و ژمارەیەک تۆمەتبار بە داردەستەوە خۆیان کردووە بە خواردنگەکەدا و پەنجەرە و کەلوپەلەکانیان شکاندووە. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکان پێش گەیشتنی پۆلیس بە شوێنەکە هەڵاتوون. ژمارەیەک ئەفسەری پۆلیسیش کە ئەرکیان پاراستنی شوێنەکەیە سزادراون و بڕیارە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

هاوڵاتی د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتار له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگەیاند، تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێم نابێت له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم و خه‌رجی وه‌به‌رهێنان ئه‌ژماربكرێت. د.نه‌رمین مه‌عروف په‌رله‌مانتاری‌ كورد، له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی ئایاری 2024، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكانی هه‌مواری یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2024 به‌ میوانداری هه‌ردوو به‌ڕێزان وه‌زیری پلاندانان و دارایی فیدڕاڵ به‌ڕێوه‌چوو". ئەم پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو،” كه‌ تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێم له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌رجی سیادییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر خه‌رجی‌ وه‌به‌رهێنان ئه‌ژمار كراوه‌". وتیشی، "یه‌كێك له‌ تێبینییه‌كانم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌ناو یاساكه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆی ته‌رخانكراوی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ عێراق كه‌ زیاتر له 55 تریلیۆن دیناره‌ بڕی 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه‌". راشیگەیاندووە،"ئه‌م  شێوازه‌ له‌ ئه‌ژماركردنی ئه‌و خه‌رجییانه‌ بۆته‌ هۆكاری گه‌وره‌ نیشاندانی پشكی هه‌رێم و مایه‌ی گازنده‌كردنی پارێزگاكانی تری عێراق دژی هه‌رێم".

هاوڵاتی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لەبارەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، محمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی كرد بە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی كە گیراونەتەبەر بۆ بەبانكیكردنی مووچە و فەرمانی كرد پەلەبكرێت لە تەواوكردنی تۆماری داتای فەرمانبەرانی هەرێم.  ئەوەش خراوەتەڕوو ، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک وەزیران جەختی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردەوە بۆ بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان كرد لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و بانكە حكومییەكان بۆ بەبانكیكردنی مووچە. راشگەیەنراوە، محەمەد شیاع سودانی، جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی خێراكردن لە تەواوكردنی تۆماركردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێم و خۆبەدوورگرتن لە دواخستنی مووچەكانیان.

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق،  "ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". ئەمڕۆ  دووشەممە 27ی ئایاری 2024، لیژنەی دارایی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆبوونەوە، تێیدا چەند پرسێک گفتوگۆی لەبارەوە کرا. لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پرۆسەی 'تەوتین'کردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". وتیشی، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ مووچەی هێزە ئەمنییەکان نییە و ئێستا لیستیی مووچەکانیان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی تێدادەکرێت و دواتر پارەکەیان بۆ دەنێردرێت".

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاشکرایکرد گەریلاکانی ئازادیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی قەندیل خستووەتە خوارەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "گەریلاکانی ئازادیی لە کاتژمێر 3:45 خولەکى ئەم بەیانییە، لە ئاسمانی قەندیل فڕۆکەیەکی بێفرکەوانى تورکیایان خستەخوارەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "فڕۆکەکە لە جۆری (ئاکسۆنگو)ی بێفڕۆکەوانی چەک هەڵگرە، ئاکسونگور گەورەترین فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی تورکیایە، هاوشێوەی فڕۆکەکانی دیکە هەر پارچەیەکی لە وڵاتێکی ئەندامانی ناتۆوە بۆ تورکیا دابین دەکرێت و خاوەنی دوو مەکینەیە، بۆ مەبەستی چاودێری درێژخایەن، بە مەبەستى هەواڵگریی و هێرشبردن بەکاردەهێندرێت، بۆ یەکەمجار لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 رادەستی سوپای تورکیا کرا و تائێستاش چەندین دانەی لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە خراوەتەخوارەوە".

هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "شاندەکە بەدواداچوون بۆ پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵ كۆدەبنەوە". ئەم سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان كێشە بۆ جوتیارانی كورد دروستدەكەن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. لەبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئومێدەرواین ئەمە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت کە یەکەم بڕیار باس لە تەوتینکردنی و بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دووەمیش رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە‌غدا، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجۆرە هەنگاوانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەدەن". هەڵەدنی وتیشی، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی روونن و دەبێت وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و پابەندیشی خستووەتە سەرشانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی". ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمینجارە ، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەكو ئەمڕۆ، بەشێك لە داهاتی نانەوتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بکات.