هاوڵاتی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لەبارەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، محمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی كرد بە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی كە گیراونەتەبەر بۆ بەبانكیكردنی مووچە و فەرمانی كرد پەلەبكرێت لە تەواوكردنی تۆماری داتای فەرمانبەرانی هەرێم.  ئەوەش خراوەتەڕوو ، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک وەزیران جەختی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردەوە بۆ بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان كرد لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و بانكە حكومییەكان بۆ بەبانكیكردنی مووچە. راشگەیەنراوە، محەمەد شیاع سودانی، جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی خێراكردن لە تەواوكردنی تۆماركردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێم و خۆبەدوورگرتن لە دواخستنی مووچەكانیان.

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق،  "ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". ئەمڕۆ  دووشەممە 27ی ئایاری 2024، لیژنەی دارایی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆبوونەوە، تێیدا چەند پرسێک گفتوگۆی لەبارەوە کرا. لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پرۆسەی 'تەوتین'کردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". وتیشی، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ مووچەی هێزە ئەمنییەکان نییە و ئێستا لیستیی مووچەکانیان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی تێدادەکرێت و دواتر پارەکەیان بۆ دەنێردرێت".

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاشکرایکرد گەریلاکانی ئازادیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی قەندیل خستووەتە خوارەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "گەریلاکانی ئازادیی لە کاتژمێر 3:45 خولەکى ئەم بەیانییە، لە ئاسمانی قەندیل فڕۆکەیەکی بێفرکەوانى تورکیایان خستەخوارەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "فڕۆکەکە لە جۆری (ئاکسۆنگو)ی بێفڕۆکەوانی چەک هەڵگرە، ئاکسونگور گەورەترین فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی تورکیایە، هاوشێوەی فڕۆکەکانی دیکە هەر پارچەیەکی لە وڵاتێکی ئەندامانی ناتۆوە بۆ تورکیا دابین دەکرێت و خاوەنی دوو مەکینەیە، بۆ مەبەستی چاودێری درێژخایەن، بە مەبەستى هەواڵگریی و هێرشبردن بەکاردەهێندرێت، بۆ یەکەمجار لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 رادەستی سوپای تورکیا کرا و تائێستاش چەندین دانەی لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە خراوەتەخوارەوە".

هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "شاندەکە بەدواداچوون بۆ پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵ كۆدەبنەوە". ئەم سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان كێشە بۆ جوتیارانی كورد دروستدەكەن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. لەبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئومێدەرواین ئەمە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت کە یەکەم بڕیار باس لە تەوتینکردنی و بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دووەمیش رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە‌غدا، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجۆرە هەنگاوانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەدەن". هەڵەدنی وتیشی، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی روونن و دەبێت وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و پابەندیشی خستووەتە سەرشانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی". ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمینجارە ، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەكو ئەمڕۆ، بەشێك لە داهاتی نانەوتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بکات.  

هاوڵاتی لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخان داواكراوبوون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخانەوە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی داواكراوبوون". ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ب، ب، ع / ش، ب، ع) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێن".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری قەزاکانی شارباژێڕ و قەڵادزێیان بۆردوومانکرد و تائێستا زیانەکان نەزانراون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە هاولاتی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە شاخاوییەکانی سنووری قەزای شارباژیڕیان بۆردوومانکردووە و تائێستا زیانەکان نەزانراون". هەروەها بەپێی زانیارییەکانت هاوڵاتی، هەر بەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لوتکەى کوڕیسى-یان لە چیاى ئاسۆس لە سنوورى قەزای قەڵادزێ بۆردوومانکرد و تا ئێستاش زیانە گیانى و مادییەکانى هێرشەکە نەزانراوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەزرەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە و خۆڵبارین دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (1-2 ) پلە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت, لەکاتەکانی نیوەرۆ تاکو ئێوارە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ هەیە لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە بە (2 – 3) پلەى سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی سێشەممە: هەولێر : 37 سلێمانى: 35 دهۆک : 36 زاخۆ : 37 هەڵەبجە :35 کەرکوک: 39 سۆران : 33 حاجی ئۆمەران: 24 گەرمیان : 40

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ شانشینی سعودیە بۆ جاری یەکەم دوای 12 ساڵ باڵیۆزخانەکەی لە سووریا دەکاتەوە و باڵیۆزێکیش بۆ ئەو وڵاتە دیاری دەکات. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، میدیای سعودی رایگەیاندووە، فەیسەڵ بن سعود ئال موجفیل وەک باڵیۆزی سعودیە لە دیمەشق دیاریکراوە. باڵیۆزە نوێیەکەی سعودیە لە سووریا لە راگەیێنراوێکدا سوپاسگوزاری خۆی بۆ شا سەلمان، پادشای سعودیە و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەربڕیوە. دەڵێت، شەرەفمەندبووە بە دیاریکردنی وەک باڵیۆزی سعودیە لە سووریا. لە پێشووتردا فەیسەڵ ئال موجفیل باڵیۆزی سحودیە بووە لە کامیرۆن و لە هێزی سەربازیی سعودیەشدا جەنەراڵ بووە. سعودیە لە ئاداری ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاساییکردەوە، ئەوەش دوای 11 ساڵ لە دابڕینی پەیوەندی بەهۆی سەرکوتکاری حکومەتی سووریا بەرامبەر خۆپێشاندەرانی سووریا کە لە دواتردا سەری کێشا بۆ شەڕی ناوخۆ و 500 هەزار کەس لەو کاتەوە کوژراون. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دوای بومەلەرزە بەهێزەکەی شوباتی 2023 بوو کە تورکیا، باکووری کوردستان، سووریا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستانی هەژاند. سعودیە دەستی بە ناردنی هاریکاریی مرۆیی کرد بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە و تیمی فریاکەوتنی بۆ رزگارکردنی بریندارەکان نارد. سووریا هەر دوای ئەوە گەڕایەوە نێو کۆمکاری عەرەب و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بەشداری لە لوتکەی کۆمکارەکە لە جەددە کرد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم 10 هەزار کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە بەریتانیا. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژ دوای رۆژ بەڵێنی بنبڕکردنی چوونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە دەدات. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، حکومەتی بەریتانیا ئاماری نوێی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوەلانیکەم 10 هەزار و 170 کۆچبەر تا 25ی ئەم مانگە گەیشتوونەتە بەریتانیا. ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 7 هەزار و 395 کەس بوو. گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "بەردەوامین لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ هاوکارە فەرەنسییەکانمان بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەکان و پاراستنی ژیان". ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵی گەورەی بۆ ئەوەیە رێگری لە چوونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە بکات، ئەوەش لە رێگەی ناردنی کۆچبەری نایاسایی کە دەچنە بەریتانیا بۆ بەریتانیا. مانگی رابردوو، پلانەکەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە سووناک سەرۆکایەتی دەکات کرا بڕیاردرا پەناخوازان بۆ رواندا بنێردێن. ستیفان کینۆک، بەرپرسی باڵای پارتی کاری بەریتانیا کە رکابەری سەرەکی بەریتانیان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمساڵ دەڵێت، "لەبەرئەوەی سەرنجی حکومەت لەسەر ناردنی چەند سەد کەسێکە بۆ رواندا، چاویان لەسەر هەزاران کەسی زیاتر نەماوە کە هەموو مانگێک لە نۆکەندەکەوە دەپەڕنەوە". پارتی کاری بەریتانیا بەڵێنی داوە ئەگەر دەسەڵات لەو وڵاتە بگرنە دەست، فەرماندەیی ئاسایشی سنوور دروستدەکەن و ستافی ئەو فەرماندەییەش لە پۆلیس، کارمەندی هەواڵیری و لیکۆڵەر پێکدەهێنن. ئامانجیانە بە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودوڵەتییەکان و فەرمانگە جیهانییەکان رێگری لە چوونی کۆچبەر بکەن و باندەکانی گواستنەوەی مرۆڤ بدۆزنەوە و لەناویان ببەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی گێژاوی ئاسمانەوە کە فڕۆکەکان هەندێک جار تووشی دەبن، 12 کەس لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی قەتەریدا برینداردەبن. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، هێڵی ئاسمانیی قەتەری رایگەیاند، فڕۆکەیەکیان کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی دوبلین فڕیوە، لە رێڕەوەکەیدا دووچاری گێژاو بووەتەوە و بەهۆیەوە لە ئاسماندا 12 سەرنشین برینداربوون. هێڵە ئاسمانییەکە ئەوەی روونکردووەتەوە، فڕۆکەکە لە کاتی خۆیدا نیشتووەتەوە و دووچاری هیچ کێشەیەکی گەورە نەبووەتەوە. گێژاو دۆخێکی تایبەتە کە فڕۆکەکان لە ئاسماندا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پەستانی هەواوە دووچاری دێن. لە زمانی ئینگلیزیدا بەو دۆخە دەوترت تێربڵانس. گەشتی QR017 کە بە فڕۆکەی بۆینگ 787ی دریم لاینەر کرابوو، کاژێر 1ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی دوبلینی ئێرلەندا کۆتاییهات و فڕۆکەکە بە پارێزراوی نیشتووەتەوە. فڕۆکەخانەی دوبلین باسی لەوەکردووە، لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەدا تیمەکانی فریاگوزارییان بە هانای فڕۆکەکەوە چوون و 6 سەرنشین و 6 خزمەتکاری فڕۆکە برینداربوون. باسی لەوەشکردووە، گێژاوەکەیان لەسەر ئاسمانی تورکیا تووشبووە. بە گوێرەی میدیای ئێرلەندی، گێژاوەکە کەمتر لە 20 چرکەی خایاندووە و لەکاتی دابەشکردنی خواردن و خواردنەوە بووە لە فڕۆکەکەدا. بە شێوەیەکی گشتی لەو کاتەدا سەرنشینەکان ئازادن لەوەی پشتێنی گیانپارێزییان لە فڕۆکەکەدا بکەنەوە. رووداوی گێژاوی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەری تەنیا دوای 5 رۆژ لە رووداوی گێژاوی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سەنگاپوور دێت کە لەندەنەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێکەوتبوو. فڕۆکەکە ناچار بوو لە فڕۆکەخانەی بانگکۆکی تایلاند بنیشێتەوە. بەهۆی ئەو رووداوەوە لانیکەم 20 کەس برینداربوون و پیاوێکی بەریتانیی تەمەن 73 ساڵیش گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی دکتۆر سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "دوو کەسی دانیشتووی قەزای ئاکرێ توشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون".  ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، دکتۆر سەرکار سورچی رایگەیاند، "لەمساڵدا تەنھا دوو تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، پیاوێک و ئافرەتێک، کە ھەردووکیان ئەندامی یەک خێزان بوون، پیاوەکە گیانی لەدەست دا، بەڵام ئافرەتەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست، لە نەخۆشخانە دەرکرا و بە تەندروستییەکی باش و جێگیر گەڕایەوە نێو خێزانەکەی". وتیشی، "لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان نییە."

هاوڵاتی چەند بڕیارێکی نوێ لە لایەن قائیمقامی سلێمانی دەرکرا، بەشێوازێک بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و لەهەمانکاتدا بڕی هاوردەکردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو ماسی کراوەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەخراوەتەڕوو، “بڕیاردرا لەپێناو کوالێتی و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی و گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئابوری هاووڵاتییان چەند رێکارێک بگیرێتەبەر، لەوانە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و لەهەمانکاتدا بڕی هاوردەکردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو ماسی کراوەبێت”. هەر لە راگەیانراوەکەدا هاتووە، “کە گرنگی زیاتر بە ساردکەرەوەکان و هەڵگرتنی بەروبومە سەوزە و میوە بدرێت بۆئەوەی زیاتر سود لە بەروبومی ناوخۆ وەرگیرێت، هاوکات بڕیاردرا زیادەڕەوییەکان و پاکردنەوەی ناو عەلوەی سلێمانی چارەسەر بکرێن”. ئاماژە بەوەشکراوە، “پێداچونەوە بە مۆڵەتپێدانی کێڵگە پەرەوەرییەکان و دروستکردنی هاماهەنگی زیاتر لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆیی، بەروبومە ناوخۆییەکان لەرووی کوالێتی و بڕەوە گرنگییان پێبدرێت”.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە رووداوێکی داچوونی زەویدا لە وڵاتی پاپوا نیو گینی ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستابێت و سەردان خانووش رۆچوون و رووخاون. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، سێرهان ئاکتۆپراک، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە پاپوا نیو گینی رایگەیاند، لە گوندی یامبالی لەو وڵاتە زەوی رۆچووە و کاریگەریی خستووەتە سەر 4 هەزار هاووڵاتی و ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستدابێت. داچوونەکە 150 خانووی لەگەڵ خۆیدا بردووە و 250 خانووی دیکەش بە هاووڵاتیان چۆڵکراون، هەربۆیە 1,250 هاووڵاتی ئاوارەبوون. بە گوێرەی بەرپرسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو ناوچەیە هێشتا مەترسیی داچوونی دیکەشی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن خەڵک بە مردوویی لە ژێر دارووپەردوودا دەدۆزنەوە. رووداوی داچوونی زەوییەکە هەینی رابردوو 24ی ئەم مانگە کاژێر 3ی بەرەبەیان روویداوە و خەڵکەکە لە کاتی خەودا بوون. بە گوێرەی تیمەکانی فریاکەوتن، رووبەری داچوونەکە هێندەی 4 یاریگەی تۆپی پێ دەبێت. پاپوا نیو گینی وڵاتێکە لە زەریای هێمن و دەکەوێتە باکووری ئوسترالیاوە؛ زۆرینەی خاکەکەی بە ئاو دەوردراوە، دۆخی دارایی خەڵکەکەی خراپە و بەرزترین رێژەی تاوانی لە جیهاندا هەیە.

هاوڵاتی بەشی چوارەمی پێدانی قەرز لە لایەن بانکی رەشید راگەیەنرا، کە بڕەکەی  20 ملیۆن دینارە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ئی ئایاری 2024, بانکی رەشید رایگەیاند، کە بەشی چوارەمی پێدانی قەرز دەستپێدەکەن، کە هەریەک لە گەنج، دەرچووان و ئەوانە دەگرێتەوە بەدوای کاردا دەگەڕێن و ئەو کەسانەشی دەیانەوێت قەرز لە بانکەکە بکەن. ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ وەرگرتنی قەرزەکە هاوڵاتیان دەتوانن  لەرێگای بانکەکەوە داواکاری پێشکەش بکەن و لەماوەیەکی کورتدا پارەکەیان پێدەدرێت، کە بڕەکەی 20 ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات و پێشکەشکردنەکەش تەنها لەڕێگای بانکی رەشیدەوە دەبێت و پێویستی بە هیچ ناوەندێک نییە.