هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، کە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان کۆتایی هاتووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق به رۆژنامهی سهباح-ی راگهیاندووە "درێژكردنهوهی تهمهنی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق لهلایهن پهرلهمانهوه دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بە هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و كۆمسیۆن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی تانە لە بڕگەی دوەمی سیستمی تۆمارکردن دەدات، لایەنە نوێیەکان دەرفەتیان دەبێت بۆ خۆتۆماركردن تا لهرێگهیهوه بهشداری ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بكهن". وتوشیەتی، "هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی وادەی نوێین کە دیاری دەکرێت". ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو وادەیەکی نوێ دیاریبکات.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی چواری ئەمساڵی هاوڵاتییان دەکریت، ئاماژە بەوەشدەکات، گۆڕانکاری لە هەندێک مادە کراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە مادە خۆراکەکانی چوارەم سەبەتەی خۆراك بەسەر بریکارەکاندا دابەشدەکرێت، دوای ئەوەی سەرجەم مادەکان گەیشتە بریکارەکان دابەشی دەکەن بەسەر هاوڵاتییاندا". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک گۆڕانکاری لە مادەکانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان کراوە و بەشە برنج لە سێ کیلۆوە بۆتە دوو کیلۆ و نیو بۆ هەرکەسێک، هەروەها لەبری لەتکەنۆک نیسک دابەشدەکرێت کە بڕەکەی کیلۆیەکە بۆ هەرکەسێک و شەکر و زەیت و دۆشاویش وەک خۆی دابەشدەکرێن".
هاوڵاتی ژینا مودڕس گورجی، رۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە، سزای 21 ساڵ زیندانی بەسەردا داسەپا. دادگای شۆڕشی شاری سنە، ژینا مودڕس گورجی بە تۆمەتی "pێکهێنانی دار و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی رووخاندنی حکومەت"ی بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادا، هەروەها بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حزب و دەوڵەتە دوژمنەکان" بە 10 ساڵ زیندان و بە تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا داسەپاندووە، کە بە گشتی دەکاتە 21 ساڵ زیندانی، هەروەها سزا دراوە بەوەی دوور بخرێتەوە بۆ زیندانی هەمەدان. پارێزەرەکانی ژینا مودڕس گورجی ناڕەزایەتی خۆیان دژ بەم سزا قورسە دەربڕێوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە، نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە.
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاگاداری ئەوکەسانە دەکاتەوە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە هاوسەرگیریان نەکردووە، کە لەکاتی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت جگە لە کارتی نیشتیمانی خۆیان پێویستە کارتی نیشتیمانی باوکیشیان پێ بێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو گۆڕانکارییە لە مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانەیە، کە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە ، کارتی زانیاریان بەناوی باوکیانە و هاوسەرگیریان نەکردووە.
هاوڵاتی مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکاریکردن لە خشتەی یاسای بودجەی 2024 بەپێی یاسای 13ی ساڵی 2023ی یاسای بوجەی گشتی سێ ساڵەوە بووە بە تایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کورتھێنانی بودجەوە. ئەم ڕاوێژکارە ئەوەشی خستۆتەڕوو، گۆڕانکاریکردن لە خشتە داراییەکانی بودجە بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی کورتھێنانە. وتیشی: چەند رێکارێک دانراون بۆ ڕێکخستنی داھاتی نانەوتی و تێچووی خەرجی وەبەرھێنان، سنورێکیش دانراوە بۆ ئەوەی داھاتی ناوخۆی زیادبکرێت ئەوەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی چەند پڕۆژەیەکەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار لە بودجەدا جێگریکراوە، بەڵام نرخی ئێستا لەسەرو 70 دۆلارە و ڕێژەی گۆڕانکاری رێگەپێدراو تا 16% پەسەند کراوە لە نرخەکەیدا و پێویستە ھاوسەنگی لە نێوان ھەناردەکردن و بەڕێوەبردنی نەوتدا رابگیرێت
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بۆ خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، مەرجە نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت. ئەمڕۆ شەممە25ی ئایاری 2024، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بۆ خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، مەرجە نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت و داهاتەکەشی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێندرێتەوە.
هاوڵاتی دوو محاویلە لە گەڕەکی مامۆستایان لە کارکەوتن بەهۆی کۆتر و پشیلەیەک، دواتر لهلایهن كارهبای رۆژئاوای سلێمانییهوه كێشهكه چارهسهر كرا. ئەمڕۆ شەممە، 25ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە،” لە سنوری پارکی ئازادی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان لەلایەن تیمەکانیانەوە پشکنین بۆ هەردوو محاویلەی ژمارە (2 و 6)ی گەرەکی مامۆستایان کرا و کێشەکانیان چارەسەرکرا ". ئەوەش خراوەتەڕوو، محاویەی ژمارە 2 لەسەر فیدەری 65 بەهۆی باڵندەیەکەوە کێشەی بۆ دروست بوو، محاویلەی 6یش لەسەر هەمان فیدەر بەهۆی پشیلەیەکەوە دووچاری کێشە بوو، کێشەکان چارەسەرکرا و کارەبا گەڕایەوە بۆ هاوڵاتییان و هاوبەشانی کارەبا.
هاوڵاتی بڕیارە سبەی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پرسی بودجەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "سبەی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024 لیژنەی دارایی بە مەبەستی تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 میوانداری تەیف سامی، وەزیری داداریی و شاندێکی وەزارەتەکە دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزیری دارایی لەبارەی خشتەکانی بودجەی 2024 وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە و دیارترین ئەو پرسیارانەش کە ئاڕاستەی دەکرێت هۆکاری کەمبوونەوەی بودجەی پارێزگاکان و زیادبوونی بودجەی وەزارەتەکان و چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانە کە 64 ترلیۆن دینارە".
هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوی کشتوکاڵی هەولێری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پێویستە ئامێری ئاگرکوژێنەوە لەنێو دەڕاسەکە هەبێت، دەبێت هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت، شۆفێر لە هێڵی کارەبا وشیار بێت. رێنماییەکان: 1- پێویستە ئامێری ئاگرکوژێنەوە CO2 (6 کگم) لە ناو دەڕاسەکاندا هەبێت. 2- نابێت بە هیچ شێوەیەک لەحیمکردن لە ناو کێلگەی گەنم و جۆ ئەنجام بدرێت. 3- وشیاربوونی شوفێری دەڕاسە لە کاتی بوونی هێڵی کارەبا لە ناو کێڵگە. 4- چاککردنی رێگای نێوان توخوبەکان و ڕێگای چوون بۆ سەر زەوییەکان بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی. 5- پێویستە هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە کاتی ئیشکردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی روودانی هەر ئاگرێک بتوانن بە زووترین کات هەوڵی کونترۆڵکردنی بدەن.
هاوڵاتی لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە، کە دابەشکردنی ئاو بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوەستێت. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024, بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، "بەهۆی گواستنەوەی بەشێک لە بۆری ئاوی هێڵی سەرکی 12ی شەقامی 40 مەتری فیدڕاڵی، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی ئاو دەوەستێت". لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە رۆژەکانی (27-28-29)ی ئایاری 2024 واتە رۆژانی (دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە) دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی (گردی، سەرباغ، حاجی قادر(جمعیە)، فیدڕاڵی، شەوگێراوە، سەیران سیتی، ناوداران، گردی عەرەبیان، ئەندازیاران، بەشێک لە گەڕەکی کەکۆن، ماڵەکانی هەردوو بەری شەقامی 40 مەتری، زانست) دەوەستێت، بەڵام لە ڕۆژانی (25-26)ی ئایار دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێت و بەپێی بەرنامەی رۆژانە ئاو دابەش دەکرێت". ئەوەش خراوەتەڕوو، "گەڕەکەکانی (فلکەی گردی، شەقامی هەرمۆتە نزیک گەڕەکی کە کۆن، گردی عەرەبیان و شاری ناوداران) ئاویان پێ نادرێت، چونکە ئاویان لە رێگەی ئەم هێلە سەرکییەوە بۆ دەگوازرێتەوە".
هاوڵاتی بازرگانێکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا لە دەروازەکان بڕی پێنج هەزار دینار زیادەمان لێوەردەگیرێت و بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان پێبدەن. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، یەکێک لەو بازرگانانەی کە هاتووچۆی ئێران دەکات کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشتر کاتێک هاتووچۆمان دەکرد بڕێکمان وەک گومرگ لێوەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا پێنج هەزار زیادەمان لێوەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان بدەنێ". ئاماژەی بەوشکرد، "ئێمە پرسیارمان کردووە دەڵێن ئەو پارەیە بۆ حکومەتی عێراقییە، بەڵام پێمان ناڵێن وەرگرتنی پارەکە بۆ چ مەبەستێکە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە". ئەو بازرگانە ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت هیچ ئاسانکارییەکمان بۆ ناکات بگرە رۆژ بە رۆژ ئەرکەکانی سەرشانی بازرگانان زیاتر دەکەن". هەروەها ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هیچ گومرگێک زیادنەکراوە و پێدەچێت ئەو پارەی وەردەگیرێت تایبەت بێت بە زیادکردنی خزمەتگوزارییەک، ئەگەرنا بڕی گومرگ هەر وەک خۆیەتی".
هاوڵاتی شەوی رابردوو لە گەڕەکی شاخکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەوی رابردوو تەرمی منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان لە گەڕەكی شاخكێ لە دهۆك بە كوژراوی دۆزراوەتەوە. بەڵام تائێستا هۆكاری كوژرانی نەزانراوە. بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژرانەكەی تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی داد كراوە، پۆلیسی دهۆكیش دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە بە مەبەستی هۆکاری کوژرانەکەی.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ دوو رۆژە چین دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی بازنەیی بە دەوری تایواندا کردووە. سوپای چین دەڵێت، ئەم مانۆڕە سەربازییە توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان دەردەخات. مانۆڕە سەربازییەکەی ئەم جارەی چین دوای چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونی لای چینگ، سەرۆکی تایوانە کە چین بە "پەڕگیرێکی مەترسیدار" ناوی دەبات. رۆژی دووشەممە، 20ی ئادار، ئەو سەرکردە تایوانییە لە گوتاری دەستبەکرابوونەکەیدا داوای لە چین کرد هەراسانکردنی زیاتری تایوان رابگرێت و ئاماژەی بەوەکرد لە دوای دەستپێکی سەرۆکایەتی شی ژین پینگ زیاتر بووە. رۆژی هەینی 24-5-2024، سوپای چین رایگەیاند، "بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە هەردوولای تایوانەوە بەردەوامە بۆ دەرخستنی توانامان لە زاڵبوون و هێرشکردنی هاوبەش و داگیرکردنی ناوچە سەرەکییەکانی دورگەکە". چین ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانۆڕەکەیان "سزایە بۆ هەر کارێکی پەڕگیر بۆ سەربەخۆیی تایوان". سەرۆکی تایوان رایگەیاندووە، جێگەی داخە چین هەڕەشە لە حکومەتی دیموکراسیی تایوان دەکات و ئەوەشی باسکردووە ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییان لە ئەگەری هێرشی ئەو زلهێزەی جیهان. لە مانۆڕ هێزی دەریایی، ئاسمانی و تۆپهاوێژەکانی چین بەشدارن و لە گەرووی تایوان، چواردەوری باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی تایوان بەڕێوەدەچێت. چین تایوان وەک بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەبینێت، ئەمە لەکاتێکدایە هەرگیز بەڕێوەی نەبردووە؛ هەروەک چەندین جار باسی لەوەکردووە، لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن بەرپرسانی تایپییەوە داگیری دەکات.
هاوڵاتی 47 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کردووە بۆئەوەی هەموارکردنەوەی دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەعێراق، بە شێوەیەک تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە بکرێتە 63 ساڵ. لەناوەرۆکى پرۆژەى هەموارەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە گرنگى بەژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێش بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە. بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ. کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لەعێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە. هەر لەسەر ئەم پرسە یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لەچەند رۆژى رابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لەهەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دادگەی لاهای فەرمانی بە ئیسرائیل کرد "بە زووترین کات" لە رەفەحی باشووری غەززە بکشێتەوە. ئەوەش بە هۆکاری ئەوپەڕی خراپیی دۆخی مرۆیی خەڵک کە بە "کارەساتبار" ناوی برد. رۆژی هەینی 24-5-2024، نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری رایگەیاند، "ئیسرائیل پێویستە بە زووترین کات پەلامارە سەربازییەکەی و تەواوی جموجووڵەکانی لە پارێزگای رەفەح راگرێت". بڕیاری دادگە باڵاکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای داواکاری ئەفریقای باشوور بوو بۆ گرتنەبەری رێکاری توند لە دژی ئەو کارەی ئێستا ئیسرائیل لە فەڵەستین دەیکات. دادگەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە و هەروەها خاڵی سنووری نێوان غەززە و فەڵەستین کە دەکەوێت شاری رەفەحەوە بکاتەوە. نەبیل ئەبو رودەینە، گوتەبێژی دەسەڵاتی فەڵەستین رایگەیاندووە، "سەرۆکایەتییەکەمان پێشوازی لەو بڕیارە دەکات لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری داویەتی، کە نوێنەرایەتی خواستێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی جەنگە گشتگیرەکەی سەر غەززە". بەسام نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی لاهای دەکەن و "داوا لە هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیست دەکەن واز لە لەشکرکێشییە سەربازییەکەی بۆ سەر رەفەح بهێنێت". بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، "دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەرکات و هەر شوێنێک پێویست بێت، پابەندە بە بەردەوامبوون بە شەڕەوە بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، هەروەها تاوەکو بەڵێنی ئاسایش بە هاووڵاتییەکانی بدات". شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە 7ی هەمان مانگ پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1139 هاووڵاتی ئیسرائیلی و بیانی، منداڵ و پۆلیس و ئاسایشیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.