هاوڵاتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، سێ درۆنیان خستە خوارەوە کە لە لایەن " مقاومەی ئیسلامی عێراق" ەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون. بەپێی راگەیاندنی سوپای ئیسرائیل، دوو درۆن لە ئاسامانی "شاری ئیلات" باشووری ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. درۆنی سێهەم لە سەر شاری "سەفد" لە باکووری ئیسرائیل خراوەتە خوارەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ژمارەیەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە گەرمەی جەنگی غەززەدا، بەرپرسایەتی دەیان هێرشی درۆنی گرتۆتە ئەستۆ کە کراوەتە سەر ئیسرائیل و هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل زۆربەیانی خستووەتە خوارەوە".  لەم راپۆرتەدا هەروەها باس لەوە کراوە، بەشێکی زۆر لەو بانگەشانەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەربارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل زێدەڕۆیی تێدایە، بەڵام تەنها یەکجار توانیان هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل لە شاری ئیلات و زیانی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی هاوکات لەگەڵ رێ و رەسمی ناشتنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە مەشهەد، ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی پێنج شەممە 23ی ئایاری 2024، یەکەم راپۆرتی خۆی دەربارەی کەوتنە خوارەوەی ئەو کۆپتەرەی رەئیسی پێ بووە بڵاو کردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نیشانەی بەرکەوتنی فیشەک یان شتی هاوشێوە بە هەلیکۆپتەرەکەوە نەبینراوە، ئاماژە بەوەشکراوە، کۆپتەرەکە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەر بەرزای کەوتووە و ئاگری گرتووە. ئەوەش هاتووە، بە هۆی خراپی کەشوهەوا و دۆخی ناوچەکەو سەرماوە، ماوەیەکی زۆری بردووە بەوەی بتوانرێت شوێنی رووداوەکە بدۆزرێتەوە. رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی جارێکی دیکە بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان". بەپێی زانیارییەکان، وەستایەکی ئیزوگام لە کۆگاکەدا کاری کردووە و هۆکاری ئاگرەکە ئەو پەرەمێزە بووە کە بەکاری هێناوە و لەئێستادا لە %70ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە ئاگرەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەهۆی تەقینی غازەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگای غازی نەورۆز لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تۆرنادۆیەک کە لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکای داوە، تاوەکو ئێستا 5 کەسی کوشتووە و دەیان کەسیشی بریندارکردووە. ئەمە جگە لەوەی دەیان خانووی وێرانکردووە و ئەوەندە بەهێز بووە ئۆتۆمبێلی لە زەوی دابڕیوە. رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، تۆڕنادۆیەکی بەهێز بە شارۆچکەی گرین فیڵددا لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا تێپەڕی و بەدوای خۆیدا وێرانکارییەکی گەورەی جێهێشتووە. ئەمە جگە لە زیانە مادی و گیانییەکان. پۆلیسی فریاکەوتنی شارۆچکەکە رایانگەیاندووە، "بەهۆی تۆرنادۆکەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 35 کەس برینداربوون". باس لەوەشکراوە، نەخۆشخانەی شارۆچکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێک لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکانی دیکە. تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 800 تۆرنادۆ لە ئەمریکای داوە، شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رووداوی تۆرنادۆ لە ئەمریکا ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات. ساڵانە لە ئەمریکا بە تێکڕا 80 کەس بە تۆڕنادۆ دەمرن و لانیکەم 1500 کەسیش بریندار دەبن.

هاوڵاتی  ئاگری كارگەی غازی سەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. ئێوارەی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە کارگەیەکی غاز لە سەر ڕیگای کەرکوک- هەولێر کەوتەوە، لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نێردران.  لەم بارەیەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئاگرەكەی كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. شاخەوان سەعید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتیشی، ئاگرەكەی نێو كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی لە ئەركدا بوون. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئەوەی خستەڕوو، " بەهۆی رووداوەكەوە پاسەوانی كارگەكە و براكەی و شۆفێری بارهەڵگرێك بە سووكی برینداربوون".

هاوڵاتی بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکرێت لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان.  ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024, وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان هەڵسا بە ناردنی ناو و زانیاریی ( 453 ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکی TBl. وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم رایگەیاند: " لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( 453 ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان". ئەوەیشی خستۆتەڕوو،"حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات".

هاوڵاتی ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگه‌یاند،”كه‌ بودجه‌ی‌ 2024 هیچ ده‌قێكی نوێی تێدا نییه‌و هیچ ده‌قێكش هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه”‌.
 ئه‌مڕۆ 23ی ئایاری 2024، لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سازدا تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2024.

 لە بارەوە د.نه‌رمین مه‌عروف له‌ ئەندامی لیژنەی دارای لە پەرلەمانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە‌: "ئه‌م بودجه‌یه‌ ته‌نها بریتییه‌ له‌ چه‌ند خشته‌یه‌ك كه‌ بڕی داهات و خه‌رجییه‌ خه‌مڵێندراوه‌كانی بۆ ساڵی 2024 تێدا خراوه‌ته‌ڕوو، پشتبه‌ست به‌ بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی 77ی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ كه‌ پارساڵ په‌سه‌ندكرا، بۆ هه‌رسێ ساڵه‌كانی (2023، 2024، 2025)".

 د. نەرمین مەعروف، ئەوەشی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌هه‌مان شێوه‌ی پارساڵ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو به‌ سێ ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ و به‌ نرخی 70 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك خه‌مڵاندنی بۆ كراوه‌ و به‌مانه‌وه‌ی نرخی ئاڵوگۆڕی 1300 دینار به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ك دۆلار".

 ڕۆژی سێشه‌ممە 21ی ئایاری 2024 پرۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2024 له‌ دوای په‌سه‌ندكردنی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گه‌یشته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی.  

هاوڵاتی بە سەرۆكایەتیی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و ئەندامێتیی نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی کەرکوک لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری دروستکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە23ی ئایاری 2023, بە سەرۆکایەتی لیوا عەلی متشەر، جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و ئەندامێتیی نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی کەرکوک لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک پێکهێنرا.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر بڕێکی مادەی هۆشبەردا گرت و دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتنیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر رایگەیاند، "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، رۆژی رابردوو لە پارێزگای هەولێر دوو تۆمەتبارمان دەستگیرکرد بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستمان گرتووە بەسەر 20 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆرى کریستاڵ، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان تا رۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ 580 تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە لەو ژمارەیە 328یان لە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەرەوە تێوەگلاون".

هاوڵاتی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەلەبژاردنەکانی عیراق رایدەگەیەنێت، ژمارەی نوێ دەدرێتە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و وادەی ئەنجامدانیشی ئاشکرادەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەلەبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "دواى گەڕانەوەى پێنج کورسى کۆتا گۆڕانکارى لە کورسى پارێزگاکان دەکرێت و کورسیەکانی پارێزگای هەڵەبجەش هیج گۆرانکاریەکی بەسەردا نایەت، کۆمیسیۆنیش دەتوانێت لە مانگى تشرینى یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی نوێ دەدرێتە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و وادەی ئەنجامدانیشی ئاشکرا دەبێت و سەرلەنوێ تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێرەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنەکان دەکرێت". ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق تەمەنی کۆمیسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ و تاوەکو 6ی کانونی دووەمی 2025 درێژکردەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لەكاتی دزیكردنەكەدا، تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیر بكرێت". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێستا تۆمەتبار (ب، ل، ع) لەدایكبووی 2003، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لە لێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە، كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر، دزیی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە".

هاوڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو حەوت خەڵات لە یەک کاتدا بەدەستدەهێنێت، لەڕێگەی بەرنامەکانی دوا زەنگی زەوی، تێکست، بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر و بەڵگەفیلمی خانووی زەوی. رووداو لە خولی 45ی راگەیاندنی خەڵاتەکانی تێلی دا، لەنێوان 13 هەزار رکابەر لە 56 وڵاتی جیهانەوە، توانی 7 خەڵاتی زێڕین، زیوین و برۆنزی بباتەوە، رووداو لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای نێوداری جیهان دا بووە براوەی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی تێلی، لەوانەش: مێتا، نێتفلێکس، ناسا، فۆکس نیوز، بی بی سی، ئێن بی سی نیوز، ئێم تی ڤی، جەزیرە، سکای نیوز عەرەبیە، شەرق و چەندان دەزگا و کۆمپانیای نێوداری دیکە. لیژنەی داوەریی ئەم ساڵی خەڵاتی تێلی لە 200 جێبەجێکاری دەزگا و کۆمپانیا نێودارەکان پێکهاتبوو.   دامەزراوەی خەڵاتی ساڵانەی تێلی، لە ساڵی 1979 دامەزراوە و ساڵانە خەڵات دەداتە باشترین بەرهەمە ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەکان، دامەزراوەی خەڵاتی تێلی دەڵێت "براوەکانی خەڵاتی تێلی نوێنەرایەتیی کاری هەندێک لە رێزدارترین دەزگاکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکەرەوەکان دەکەن لە سەرانسەری جیهان دا". ئەماندا نیدهام، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتەکانی تێلی لە نامەیەک دا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی رووداو خواست.   بەرنامەی دوا زەنگی زەوی، خەڵاتی زێڕینی لە چوارچێوەی بەرنامە ژینگەییەکان بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتی بەرنامەکانی ژینگە و دارستان دا بردەوە، بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی) لە وەرزی رابردووی رووداو دا بایەخی بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەدا، ئەڵقەی تایبەت بە زۆنگاوەکانی جیایش لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، خەڵاتی بەدەستهێناوە.   بەرنامەی تێکست خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی تەندروستیی گشتی و سەلامەتی دا بەدەستهێنا. بەرنامەی (نێکست)ی رووداو بایەخ بە پێشکەوتنەکانی جیهان دەدات لە بوارە جیاوازەکان دا و باسی ئاییندە دەکات، هەروەها بەڵگەفیلمی خانووی سپی خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دا بەدەستهێنا. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، چیرۆکی خانووێکە لە شاری موسڵ کە ژمارەیەک ژنی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە تێیدا دەستبەسەرکرابوون.  بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی بڕۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کولتوور و شێوازی ژیان دا بردەوە. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، باسی هەنگوینێکی تایبەت لە وڵاتی نیپاڵ و چۆنیەتی دەرهێنانی لە شاخ و کاریگەرییەکەی دەکات.  عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو، لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو 7 خەڵاتەی تێلی دەڵێت "ئەم خەڵاتانە نیشانەی ئاستی بەرزی کارکردنی هاوکارانی رووداوە، هەروەها بەڵگەی جیهانین لەسەر ئاستی بەرزی بەرهەمی رووداو. ئەم خەڵاتانە ناوی رووداو و میدیای کوردییان بردووەتە ریزی گەورەترین دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە، ئەو پێشەنگییە بۆ رووداو شانازییەکی گەورەیە".    

هەوراز حوسێن هاوڵاتی وارشۆ وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون. هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون. جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات. "ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان. هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت. جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە". هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت". هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە. دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین. یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل. "چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟" لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە. سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە. ئەمشەو چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی ناوچەکانی هەرێمی بە ملم بڵاوکردەوە، کە بەمجۆرە بووە: بامەڕنی 0.4 بازیان1.2 دەربەندیخان0.2 هەولێر دڵۆپ حاجی ئۆمەران 0.8 هەڵشۆ 0.2 خەبات 8.8 مانگیش 4 سۆران 0.4 پێنجوێن 8.2 رەواندز 0.2 شەمامک 5.8 سلێمانی 3 چەمچەمال دڵۆپ زاخۆ دڵۆپ

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا دەستی بە مانۆڕی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کرد کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدانەکەی راگەیاند. مانۆڕەکەی مۆسکۆ وەک ئاگادارییەکە بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا کە نەکەن دەستێوەردانی زیاتر لە شەڕی ئۆکراینادا بکەن. درەنگانێکی رۆژی سێشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی فراوان لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە کردووە کە هاوسنووری ئۆکراینایە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، مانۆڕەکە پێی ناوەتە بەشێک لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکرایناشەوە کە ئێستا رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام ئاماژە بە شوێنی بەڕێوەچوونی بە دیاریکراوی نەکراوە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مانۆڕەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی سەرباز و چەکە ئەتۆمییە تاکتکییەکانی رووسیایە بۆ دڵنیابوون لە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بۆ سەر سەروەریی خاکی رووسیا دەکرێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، مانۆڕەکە وەڵامێکە بۆ "لێدوانە دنەدەر و هەڕەشەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا". سەرەتای ئەم مانگە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بەڕێوەچوونی مانۆڕە ئەتۆمییەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پەیامی دەستێوەردان و بەشداریکردنی راستەوخۆی شەڕی ئۆکراینایان بڵاودەکردەوە؛ لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی رووسیا و دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوو لەو بەرپرسە رۆژئاواییانەن کە "هەڕەشەی" بەشداریکردنی زیاتر و راستەوخۆی جەنگی ئۆکراینایان لەگەڵ رووسیا کردووە. ماکرۆن رایگەیاندبوو ئامادەیە سەربازی فەرەنسی بۆ ئۆکراینا بنێرێت و کامیرۆنیش گوتی، ئۆکراینا مافی ئەوەی هەیە مووشەکەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی وێرانکەر کە رووبەری وێرانکارییەکەی لە چەکی ئەتۆمیی گەورە کەمترە و دیاریکراوە. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تەنیا ئەو رووبەرە وێران بکات کە بەکاربەرەکەی بۆی دیاری دەکات. رووسیا ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ پێشڕەویکردنی زیاتر لە جەنگی ئۆکراینا دەکات. هەرچی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواشە بە روونی بە مۆسکۆیان گوتووە ئەوە تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئەوانە.