هاتوچۆی سلێمانی: لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٨٩ کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند ئەمساڵ نزیکەی 600 روداوی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی رویداوە و لە ئەنجامی ئەو روداوانەشدا 89 کەس گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، "هۆکاری روداوەکان تیژڕەوی شۆفێران و پابەند نەبوونە بە خێرایی دیاریکراو."
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماری روداوەکانی هاتوچۆی لە شەش مانگی ئەمساڵدا خستەڕوو و رایگەیاند، "583 روداوی هاتوچۆ ریانداوە کە تێیدا 89 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 189 کەسییش برینداربوون."
بەهمەن عەبدوڵا دەڵێت، هۆکاری سەرەکی ئەو روداوانە "تیژڕەویی شۆفێران و پابەندنەبوونیانە بە خێرایی دیارکراو" لەسەر شەقامەکان.
بەپێی ئامارەکەی شەش مانگی ئەمساڵ روداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی زیادیان کردووە چونکە بەپێی وتەی وتەبێژی هاتوچۆy سلێمانی بەدرێژایی ساڵی رابردوو 593 روداوی هاتوچۆ رویانداوە، بەڵام تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا ژمارەکە نزیک بووەتەوە لە ژمارەی ساڵی رابردوو.

