وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لەبارەی بەكارهێنانی كارتی "گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق" رونكردنەوە دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی گرتنەوەی ئاو لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بڵاوكردەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە، هیچ ناكۆكیەك لەنێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو هەبێت و راشیدەگەیەنێت، "ئەو بابەتانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكراونەتەوە هیچ بنەمایەكیان نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی زۆر باشدان".
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە"بابەتێك بڵاوكراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق ، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەكانمان ڕۆژی یەك شەممە 2023/8/27 ، كۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو ، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە ، هیچ جۆرە ناكۆكیەك لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە".
وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەت پەیوەندییە ھاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن .
ئەوەش لەكاتێكدایە، نەبەز رەفعەت، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەمیدیای فەرمی پارتی راگەیاندبو، "هەرێمی كوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەكارهێناوە وەك فشار و ئاومان كردوەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتن، ئێمەش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق.

