گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تادێت زیاتر دەبن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەواژۆی  شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، كە دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵ نەكراوە و دەوامیش ناكات، بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لە پۆستەكەی دوردەخاتەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش لە پشكی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە پابەندبن بەو بڕیارەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی دەنگی ئەمریكی، عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی، بە نوسراوی ژمارە (16799) لە ڕۆژی 22ی (ئاب/8)ی 2023 عەمید نزار قادر مەجید، بەڕێوەبەری موچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان، كە لە تیمی یەكێتییە دورخستوەتەوە.

لەبارەی بڕیارەكەوە، عەمید نزار قادر بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندوە،"بڕیارەكە لەسەر ئەوەیە كە من لێپرسراوی موچەم و پەیوەست نابم بەو بڕیارەوە كە باس لە دابەشكاری بودجەی هێزە هاوبەشەكان دەكات بە ڕێژەی 57 بە 43؛ بۆیە ئەو بڕیارە لە دژم دراوە".

لەوەڵامی نوسراوەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی پلەدارەکەی یەکێتی، لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی یەکێتی بەنوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی کردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەفسەرەکەی بە نایاسایی وەسفکردووە و ڕەتیکردووەتەوە پابەندبن پێوەی.

لە نوسراوەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە بە ژمارە 3028 و لە بەرواری 28/8/2023 ئاڕاستەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە کراوە و وێنەیەکی تایبەت دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، هاتووە، "فەرمانی لابردنی ئەو ئەفسەرە لەدەسەڵاتی جەنابتان نییە و فەرمانەکەش نایاساییە."

بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە بڕیارەکە یاساییە و بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، "دوور خستنەوەی ئەو ئەفسەرە لەسەر بنەمای لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ئێمە هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نادەین."

سەبارەت بە یاسایی بوون یان نەبوونی بڕیارەکەی بریکاری وەزیر سەبارەت بە دوورخستنەوەی عەمید نزار قادر، پسپۆڕێکی یاسا دەڵێت بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، بریکاری وەزیر ناتوانێت بە واژوی وەزیر بڕیار بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار