سودانی: بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند سورن لەسەر پابەندبوون بە یاساى بودجە و لەسەر بنەماکانی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکى هەرێم دەکەن، دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکانی کۆبونەوەی وەزیری دارایی هەرێم و هاوتا عێراقییەکەی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، محەممەد شیاع سودانی لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە پشکی هەرێم دەنێرن.
سودانی باسی لەوەش کرد، چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراق دەکەن، بەڵام لەو دۆسیەیەدا زمانی ژمارە لەئارادایە.
پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق %12.6 کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێم رێککنەکەوتوون لەسەر یەکلایکردنەوەی ئەو بابەتە و هەردوولا یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندییەکانیان بە یاسای بودجە و رێککەوتنەکانەوە جێبەجێ نەکردووە.
بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێمەوە، کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێم دەڵێت، ناتوانێت موچە بدات بەهۆی ئەوەی پارەی پێویستی لەبەردەست نییە.
حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە 500 ملیار دینارە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە بەپێی بڕیارێکی بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.

