بکوژی سێ هاوڵاتییەکەی قەڵادزێ دەستگیرکرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین رایانگەیاند، ئەو کەسە دەستگیرکراوە کە لەرۆژی ٧ی ئەم مانگە سێ هاوڵاتی قەڵادزێی کوشت، تۆمەتبارەکە بۆ سنوری کۆڕێی سەر بە قەزای شەقڵاوە رایکردووە و لە ماڵێکدا خۆی حەشاردابوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەهاوبەشی راگەیاندراوێکیان سەبارەت بە دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ هاووڵاتییەکەی قەڵادزێ بڵاوکردەوە کە لە شەوی پێنج شەممە، 7ی ئەیلوولی 2023، لە قەڵادزێ سێ کەسی لە یەک کات و شوێندا کوشت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرابکرێت".
هەروەها باس لەوەش کراوە کە بەپێی زانیارییەکانیا، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایکردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەر بە قەزای شەقڵاوە و "لە ماڵێك خۆی حەشارداوە."
هاوکات دەشڵێن، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ناسنامەی بکوژەکە، تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنوورەکە تواندرا دەستگیر بکرێت کە "ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی 1994 پیشەی پێشمەرگە دانیشتوی سنوری قەزای پشدەرە."

