راپۆرتی: BBC وەرگێڕانی: هاوڵاتی پێنج گروپی چەکداری فەڵەستینی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل چوونەپاڵ حەماس پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠ەوە پێکەوە راهێنانی سەربازییان کردووە. ئەو گروپانە لەغەززە چەندین راهێنانی هاوبەشییان کردووە کەزۆر بەنزیکەیی هاوشێوەی ئەو تاکتیکانە بوون لەهێرشە کوشندەکە بەکارهێنرا – لەوانە لەناوچەیەکدا کەتەنیا یەک کیلۆمەتر لەدیوارە بەربەستییەکەی ئیسرائیلەوە دوورە – ئەو گروپانە راهێنانەکانیشیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەمیانی ئەو مەشقانەدا، چەکدارەکان راهێنانیان لەسەر بردنی بارمتە، هێرشکردنەسەر خانوو و هەروەها بەزاندنی بەرگری ئیسرائیل کردووە، کەدواهەمین مەشقیان ٢٥ رۆژ پێش هێرشەکە ئەنجامداوە. بی بی سی چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە کەپیشانی دەدەن چۆن حەماس لایەنەکانی ناو غەززەی یەکخستووە تا رێگەشێوازەکانی شەڕکردنیان کاریگەرترو باشتر بکەن و لەکۆتایشدا هێرشێک ئەنجامبدەن بۆ سەر ئیسرائیل کەناوچەکەی بەرەو جەنگ برد. «نیشانەی یەکگرتوویی» لە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، مەشقێکی لەچوارچیوەی چوار مەشق و راهێنان راگەیاند بەناوی «کۆڵەکەی بەهێز» کەوتی «پەیامێکی بەهێزو نیشانەی یەکگرتویی»ە لەنێوان لایەنە جیاوازە چەکدارەکانی غەززە. وەک بەهێزترین گروپی چەکداری غەززە، حەماس زاڵترین هێز بوو لەهاوپەیمانیەتییەکدا کە ١٠ لایەنی چەکداری تری فەڵەستینی یەکخست لەمەشقێکی هاوشێوە-جەنگیدا کە لەلایەن «ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش»ەوە چاودێری دەکرا. ئەم ژوورە لەساڵی ٢٠١٨دا دامەزرا بۆ هەماهەنگی لەنیوان گروپەکانی غەززە لەژێر فەرمانی یەک ناوەندی بڕیاردا. پێش ٢٠١٨ حەماس بەفەرمی هەماهەنگی لەگەڵ گروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی دروستکرد کەدووەمی گروپی چەکداری غەززەیە. ئەم گروپەش لەلایەن بەریتانیاو ئەمریکاوە بەرێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدراوە. حەماس لەململانێکانی پێشوودا هاوشانی گروپی تری چەکداری شەڕی کردووە، بەڵام مەشقەکەی ٢٠٢٠ وەک پروپاگەندە خرایەڕوو کە بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی کۆمەڵێکی زۆری گروپی تر یەکخراون. سەرکردەی حەماس رایگەیاند یەکەم مەشق رەنگدانەوەی «ئامادەیی هەمیشەیی» گروپە چەکدارەکانە. راهێنانەکەی ٢٠٢٠ یەکەم مەشقی هاوبەش بوو لەچوار مەشق کە لەماوەی سێ ساڵدا ئەنجامدرا کەهەریەکەیان وەک بەڵگە بەڤیدیۆی دەستکاریکراوە لەچەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرانەوە. بی بی سی ١٠ گروپی جیاوازی دەستنیشانکردووە کەگروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیشی تێدایە، ئەمەش بەناسینەوەی پەڕۆکانی سەریان و دروشمەکانیان کەهاوشانی حەماس لەکاتی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەستوویانە لەو ڤیدیۆیانەی لەتیلیگرامەوە بڵاویانکردووەتەوە. دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، پێنج لەو گروپانە چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کەبانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەشدارییانە لەهێرشەکەدا کردووە. سێ گروپی تریش بەیاننامەیان لەتیلیگرام بڵاوکردەوە کە بەشدارییان کردووە. سێ لەو گروپانە – جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، کەتیبەی موجاهیدین و هەروەها کەتیبەی ناسر سەڵاحەدین – بانگەشەی ئەوەیانکرد کەهاوشانی حەماس بارمتەی ئیسرائیلییان گرتبێت. لەکاتێکدا ئەم گروپانە بیری ئایدۆلۆجی جیاوازییان هەیە هەر لەئیسلامی توندڕەو بۆ میانڕەو، بەڵام هەموویان ئامادەیی ئەوەیان نیشاندا کە توندوتیژی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنن. بەیاننامەکانی حەماس چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کەیەکگرتوویی گروپە چەکدارە جیاوازەکانی غەززە دەربخات. حەماس باسی لەوەکرد ئەو گروپانە هابەشی یەکسانین لەمەسقەکاندا، بەڵام بەردەوام حەماس خۆی رۆڵی سەرکردایەتی هەبووە لەپلانەکان بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل. ڤیدیۆکانی مەشقی یەکەم فەرماندەی دەمامکداری پیشاندەدا لەژێرزەمینێکدا کەخەریکی راهێنانەکەن و بەهەڵدانی کۆمەڵێک مووشەک دەستپێدەکەن. ڤیدیۆکان دواتر دەچنەسەر چەکداری پڕچەککراو کەپەلاماری تانکێکی ناڕاستەقینە دەدەن کەئاڵای ئیسرائیلی لەسەرە، دواتر کەسێکی ناو تانکەکە دەگرن و وەک زیندانی رایدەکێشن. جگە لەمانەش هێرش دەکەنەسەر چەند باڵەخانەیەکی دروستکراو. بەڵگەمان هەیە لەڤیدیۆکان و چەندین شایەتحاڵ کەهەردوو تاکتیکەکە لەگرتنی سەربازو مەدەنی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بەکارهێنراون کاتێک هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی ٢٤٠ بارمتەش رفێندران. راگەیاندنی بە جیهان راهێنانی دووەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەنزیکەیی ساڵێک دوای راهێنانی دووەم ئەنجامدرا. ئەیمان نۆفاڵ، یەکێک لەفەرماندەکانی کەتیبەی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس، رایگەیاند کە ئامانجی راهێنانەی لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ «جەختکردنەوەیەکە لەیەکگرتوویی لایەنەکانی بەرگری.» فەرماندەکەی حەماس وتی کە مەشقەکان پەیامێکە بۆ «دوژمن کە دیوارو رێکارە ئەندازیاریەکانیان لەسەر سنوری غەززە پارێزگارییان لێناکات». بەیاننامەیەکی تر حەماس لەو کاتەدا باسی لەوەکرد کە «مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان» ئامانجیان ئەوەیە «هاوشێوەی ئازادکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی نزیک غەززە بکەن». کە مەبەست لێی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیلە نزیک سنوری غەززە. راهێنانەکە لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دووبارە کرایەوەو وێنە پروپاگەندەکان دەریدەخست کە چەکدارەکان راهێنان لەسەر چۆڵکردنی باڵەخانەکان و پەلاماردانی تانکەکان دەکەن کەدەردەکەوێت لەبەنکەیەکی سەربازیدا ئەمە دەکرێت. رهێنانەکان لەناو ئیسرائیلدا لەمیدیاکاندا بڵاوکرانەوە، بۆیە شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە بەوردی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە چاودێری نەکراون. سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ تێکدانی چالاکییەکانی حەماس. لەنیسانی ٢٠٢٣، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی ئەو شوێنەی کرد کە بۆ مەشقی یەکەمی «کۆڵەکەی بەهێز.» چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە، سەربازانی چاودێری نزیک لەغەززە هۆشدارییان لەجوڵەی نائاسایی درۆن دابوو هەروەها حەماسیش خەریکی راهێنان بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی چاودێری دروستکراوو هاوشێوە کەهاوشێوەی ئەو بنکە سەربازییانەن کەسەربازە ئیسرائیلییەکان تێیدا جێگیرن، بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل وتەی ئەو سەربازانە پشتگوێخراوە. جەنەراڵ ئەمیر ئەڤیڤی، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، «زانیاری هەواڵگری زۆر هەبوون کەئەوان خەریکی ئەو راهێنانەن، دووجار هەموو ڤیدیۆکان بڵاوکراونەتەوەو هەموو ئەو مەشقانە تەنها چەند سەد مەترێک لەپەرژینەکەی ئیسرائیلەوە دوورن»، بەڵام باسی لەوەشکرد کەهەرچەندە سوپا ئاگای لەو راهێنانانە بوو بەڵام «نەیانبینوە کە راهێنان بۆ چی دەکەن». دەرکەوتن بەڕۆژی رووناک حەماس هەولی زۆریداوە کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی مەشقەکان واقیعی بن. لەساڵی ٢٠٢٢، چەکدارەکان راهێنانی ئەوەیان دەکرد کەچۆن پەلاماری بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل بدەن (کە خۆیان دروستیان کردبوو بۆ مەشقکردن)  و ئەو بنکە دروستکراوە گاڵتینەیە ٢.٦ کیلۆمەتر لەخاڵی سنوری بەیت حانونەوە دوور بوو. ئەو خاڵە سنورییە لەنێوان غەززە و ئیسرائیلدایەو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە. بی بی سی ئەو شوێنەی دیاریکردووە لەباکوری غەززە کە تەنها ٨٠٠ مەتر لەپەرژینە دیوارییەکەی ئیسرائیلەوە نزیکە. هەتا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەو شوێنەی حەماس لەنەخشەی «بینگ»دا هەبوو. ئەو کەمپی راهێنانە تەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەتاوەرێکی چاودێری ئیسرائیلەوە دوور بوو. ئەو بنکە دروستکراوە چەند مەترێک قووڵکراوە لەئاستی زەوییەوە بۆ ئەوەی دیار نەبێت لەچاوی ئۆتۆمبێلە گەڕۆکە چاودێرییەکانی ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەو دووکەڵەی لەتەقینەوەکانەوە بەرزبوونەتەوە بەدڵناییەوە شوێنەکەی ئاشکرا کردووەو سوپای ئیسرائیل بەوە ناسراوە کەچاودێری ئاسمانی بەکاربهێنێت. حەماس ئەو شوێنەی بەکارهێناوە بۆ راهێنان کرد لەسەر پەلاماردانی باڵەخانە و رفاندنی بارمتەو لەناوبردنی بەربەستە ئەمنییەکان. بی بی سی بە بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکردو زانیاری بڵاوکراوە توانیویەتی ١٤ شوێنی راهێنان لە نۆ ناوچە بدۆزێتەوە بەدرێژایی کەرتی غەززە. تەنانەت حەماس دووجار لەشوێنێکدا راهێنانی کردووە کەتەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەناوەندی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دوورەو لە ڤیدیۆیەکدا لەپشتەوە دەردەکەوێت کە ڤیدیۆی بەرپرسێکی ئاژانسەکە لەکانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. زەمینی، دەریایی، ئاسمانی لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لەچەناڵی تیلیگرامی خۆی چەند وێنەیەکی چەکدارانی بڵاوکردەوە کە بەجلوبەرگی سەربازی یەکپۆشییەوە بوون و خەریکی دانانی بنکەی چاودێری سەربازیی بوون بەدرێژایی بەربەستی غەززە. دوای دوو رۆژ راهێنانی چوارەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» ئەنجامدراو تا ٧ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەو تاکتیکانەی کەدەبوو لەهێرشەکەدا بەکارهێنرابان راهێنانیان لەسەر کرا. لە راهێنانەکاندا چەکدار دەبینرێن کە هەمان ئەو پیکابە تۆیۆتایانە بەکاردەهێنن کە لەکاتی هێرشەکدا بەئیسرائیلدا تێدەپەڕین. ڤیدیۆ پروپاگەندەکان ئەوەی پیشان دەدا کە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەر باڵەخانەی دروستکراوە و ئامانجی گاڵتینە. بەڵام حەماس ئەو راهێنانانەی بڵاونەکردەوە کەچەکدارەکانی بە مۆتۆرسکیل و پاراگلایدەرەوەن لەڤیدیۆ پروپاگەندەکانیان لەمەشقی «کۆڵەکەی بەهێز.» دوای سێ رۆژ لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، حەماس ڤیدیۆیەکی راهێنانی بڵاوکردەوە کە لەناوبردنی پەرژین و بەربەستەکانی پیشاندەدا تاماتۆرسکیلەکان پێیدا تێپەڕن، ئەمەش تاکتیکێک بوو کە بەکاریانهێنا بۆ گەیشتن بەنشینگەکانی باشوری ئیسرائیل. لەڕۆژی هێرشەکەشدا، ڤیدیۆیەکی مەشق و راهێنان بڵاوکرایەوە کەچەکدارەکانی حەماس بەسەر  کیبوتز (کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی) ئیسرائیل دەنیشنەوە (کە خۆیان دروستیانکردبوو بۆ راهێنان). ئەو ناوچە دروستکراوە لەشوێنێکدایە کەدەکەوێتە باکوری خاڵی سنوری رەفەح لەباشوری غەززە. بی بی سی ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کەئەو ڤیدیۆیە لەدەوروبەری ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ تۆمارکراوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی پاراگلایدەرەکان ساڵێکە زیاترە داڕێژراوە. سوپرایزەکە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، وا دەخەمڵێندرا کەحەماس خاوەنی ٣٠ هەزار چەکدار بێت لەکەرتی غەززە ئەمەش بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەفەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلەوە وەرگیراون. حەماس تائێستا بەهێزترین گروپە لەگروپە چەکدارەکانی فەڵەستین، تەنانەت بەبێ پشتگیری گروپەکانی تر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیازی حەماس لەیەکخستنی گروپە جیاوازەکان بۆ ئەوە بووە کەپشتگیری فراوان لەنێو غەززەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. پێشتر سوپای ئیسرائیل وا مەزەندەی دەکرد کەهەزار و ٥٠٠ چەکدار هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە. لەسەرەتای ئەم مانگەوە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە کەئێستا سوپای ئیسرائیل بڕوای وایە ژمارەکە نزیکە لە سێ هەزار. ژمارەکە هەرچەنێک بێت، مانای ئەوەیە کەژمارەیەکی زۆر کەم لەتەواوی ژمارەی لایەنە جیاوازەکان بەشدارییان کردووە. ناتوانرێت ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە کەژمارەی راستەقینەی ئەو چەکدارانە چەند بوون لەگروپە بچووکترەکان کە لەهێرشەکەدا  یان مەشقی «کۆڵەکەی بەهێزدا» بەشداربوون. لەکاتێکدا حەماس خەریکی کۆکردنەوەی پشتگیری بوو پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، هیشام جابر، جەنەڕالێکی پێشوو لەسوپای لوبنان کەئێستا شیکەرەوەیەکی ئەمنییە لەناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیراسات و توێژینەوە، بروای وایە تەنها حەماس ئاگاداری پلانی کۆتایی بووە و «رەنگە لەڕۆژی هێرشەکەدا داوایان لەگروپەکانی تر کردبێت بەشداری بکەن.»

عەممار عەزیز 11 ساڵە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك لەچاوەڕوانی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكدان، یەكێك لەهاووڵاتیانی دهۆك دەڵێت تەواوكردنی ئەو فڕۆكەخانەیە بووە بەخەون، پارێزگاری دهۆكیش باس لەوەدەكات دیزانێكی نوێ بۆ پڕۆژەكە كراوە. بەردی بناغەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لەسنوری قەزای سێمێل دانراو ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی  گەورە وەسف كرا، بەڵام 11 ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10%ی  پرۆژەكە جێبەجێ‌ كراوەو هێشتا لەسەدا 90%ی ماوەتەوە، ئەوەی تەواویش كراوە تەنها دیزاینەكەیەتی، لەكاتێكدا بودجەی پرۆژەی فڕۆكەخانەكە لەساڵی 2012 بڕی 450 ملیۆن دۆلار بووەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێداكراوە. «تەواوكردنی فرۆكەخانەی  دهۆك بووەتە خەون و  بڕواناكەم بەچاوی خۆم ببینم ، چونكە ئەوەندەی  قسەی لەسەركراوە  هیچ هەنگاوێكی كردەییمان نەبینیوە « ئەمە قسەی نەواف میكائیل ، هاووڵاتیەكی شاری دهۆكە. بەڵام دوای تێپەربوونی 11 ساڵ بەسەر پرۆژەی دانانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك ، هێشتا دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ، جارێ‌ دیارنیە كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت . «بەدڵنیاییەوە تەواوكردنی پرۆژەكە سوودێكی یەكجار گەورە دەگەیەنێتە هەموولایەك، جووڵەیەكی بازرگانی باش لەپارێزگای دهۆك دروستدەكات كەهەموو كەسێك سوودی لێی وەردەگرێـت، لەهەمانكاتیشدا لەجیاتی ئەوەی خەڵكی پارێزگای دهۆك بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوە سەردانی فرۆكەخانەكانی هەولێر یان سلێمانی بكەن ئەوە لەشارەكەی خۆیان گەشت دەكەن، هیوادارم چیتر ئەم پرۆژەیە دوانەخەن و بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی بكەن». نەواف میكائیل وای وت بەوتەی قایمقامی سێمێل دوو كێشە لەبەردەم فڕۆكەخانەی دهۆك هەبوون ئەوانیش چارەسەركراون خەلیل مەحمود ، قایمقامی قەزای سێمێل لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: كێشەیەكی گەورەی بەردەم فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ئەویش قەرەبووكردنەوەی زەوی ئەو خەڵكانەیە كە بەر فرۆكەخانەكە كەوتوون، هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە. وتیشی: خاڵی دووەم لیژنەكانی تەكنیكی كە لە 2021ەوە پێكهێنراون تائێستا بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان، پێش ماوەیەك داوایان لەئێمە كرد لەسنوری ناحیەی باتێل شوێنێكیان بۆ دابین بكەین تائەو خۆڵەی لەشوێنی فرۆكەخانەکە دەردەهێنرێت فڕێبدرێت ئێمەش شوێنێكمان بۆ دابینكرد». « لەدوایین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ قەزای سێمێل و شوێنی فرۆكەخانەكە ئەوەی من لێم بینیی زۆر جددیە لەتەواوكردنی پرۆژەكە، هەركاتێك ئیشە تەكنیكیەكان و دیزانەكە تەواو بوو و لەهەمووی گرنگتر پارەی بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت». خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل وای وت. لەئەیلولی  2021 مەسرور بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەوو گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سێمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند: لەكابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك دەرچووەو بڕێك بودجەی بۆ دابینكراوە كەمێك ئیشی لەسەر كراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن . پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدووساڵ لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەت دیزاینی تازەی فرۆكەخانەكە تەواو بووەو وابڕیارە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تاوەكو دووبارە بەپێی دیزانەكە كار لەسەر پرۆژەكە بكرێت . ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، لەپەراوێزی كوانفرانسێ‌ مێپس كە لەزانكۆی ئەمریكی دهۆك بەڕێوەچوو وتی :» بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم ئەوە رابگەیەنم  دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەو كۆمپانیایەی كەگرێبەستی هەبوو لەگەڵ حكومەت تەواو بووەو لەم رۆژانەدا بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دوای دیزاینەكە دەچینە قوناغێكی تر». پەیامنێری هاوڵاتی زیاترلە 10 رۆژ چاوەڕێی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانی كرد تاوەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە لەسەر فڕۆكەخانەكە بۆی ناردووە. پێشتر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایگەیاندبوو: لەم رۆژانەدا مزگێنی خۆش دەدەینە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك، دیزاینێكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت بۆ فڕۆكەخانەكە كراوەو رەوانەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە. هاوكات دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاندبوو: پرۆژەكە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم دیزاینكردنەوەی پڕۆژەكەیەو قۆناغی دووەمیش جێبەجێكردنیەتی كە لەسەر نزیكەی هەزار هێكتار زەوییەو بڕی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلاری بۆ دابینكراوە.  لەلایەن خۆشیەوە ماجد سەید، جێگیری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری هونەری بەهاوڵاتی وت : ئەگەر وەزیری گۆاستنەوەو گەیاندن ئەو قسانەی كردبێت دیارە ئەو زیاتر دەزانێت، من ئاگاداری هیچ شتێك نیم، نازانم كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دەكرێت».

شەنای فاتیح بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە، بەجۆرێک هەندێک رۆژ کەمتر لەهەشت کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، وەزارەتی کارەباش  هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات دەگەڕێنێتەوە. وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لەڕۆژی (١٥)ی ئەم مانگەوە کەمبووەتەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تاكۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواودەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کارو ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە. هاوکات، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانییەوە  کاتژمێری کارکردنی موەلیدەکان زیادیان کردووە، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چەند خشتەیەک لەسەر داواکاری هاووڵاتیان دانراوە بەشێکی ٢٤ کاتژمێرییەو داواکراوە هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت موەلیدەکان بخرێنە کارو نرخ کێشە نییە، ئەوانە رۆژانە زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێت. وتیشی: بەشێکی تر هەیە لەکاتژمێر ٦:٣٠ تا ٨:٣٠ی بەیانی کارەبا هەیە، کاتژمێر سێ تا چواری عەسر پشوویەک بەموەلیدەکان دەدرێن، لەکاتژمێر چوارەوە تایەکی شەو کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمانیش رۆژانە زیاتر لە ١٢ کاژمێر کارەبایان پێدەدرێت. کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدە لەهەولێر زیاترە بەراورد بەسلێمانی، بۆ نموونە مانگی رابردوو لەشاری سلێمانی ١٦٠ کاتژمێر موەلیدەکان کاریان کردبوو، بەڵام لەهەولێر ٣٠٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەبووە. قارەمان مەولوود وای وت. تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە خشتەی کارکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانمان هەیە، ئەویش لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ هەشتی بەیانی، هەروەها کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ یەکی شەو. وتیشی: ناتوانین بڵێین ئەوەندە کاتژمێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاووڵاتیان،  لەبەرئەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت و کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی جێگیر نییە. سەبارەت بەمانگی رابردوو، تاریق سەمین وتی: مانگی تشرینی یەکەم لەشاری سلێمانیدا ١٦٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەش لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم نرخەکە زیاد دەکات. پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی هێشتا نەتوانراوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابینبکرێت  بۆ هاووڵاتیان ، لەكاتێكدا سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید خراونەتە کار. عەلی حەمە ساڵح، پەلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان،  لەنووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوەدەکات کەدانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین نزیکەی ٤٢٪ ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ٣٣.٥٪ ی کارەبایان پێدەدرێت، شاری هەولێر٤٢.٥٪ی پێدەدرێت و شاری دهۆکیش ٢٤٪. پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانیەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت». وتیشی:» بەرهەممان دیار نییەو چاوەڕێی سووتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سووتەمەنی باشتربێت، هەروەها دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین».

سەركۆ جەمال دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسلێمانی دەستگیركراون‌و سزای ساڵێك زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، دەستگیركردنەكەیان پەیوەندی بە كەیسی نەشتەرگەریی هاووڵاتییەكەوە هەیە کە گیانی لەدەستداوە، سەندیكای پزیشكان هەوڵی ئازادكردنی پزیشکەکان دەدات و دەڵێت ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە نەخۆشی دڵی هەبووە، كەسوكاری هاووڵاتییەکەش ئەوە رەتدەكەنەوەو دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نەخۆشی دڵی نەبووە .وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەکە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.   وتەی هەریەك لەسەندیكای پزیشكان و كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەیەكتر جیاوازن رۆژی 25-11-2023 لقی سلێمانی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای پزیشكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە‌و نووسیویەتی:» لەسەرەتای بابەتەكەوە لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێزان لەوەزارەتی دادو بەڕێزان لەدادگای پیاهەڵچوونەوەی سلێمانی بەمەبەستی پیاچوونەوەی بڕیارەكەو ئازادكردنی ئەو دوو پزیشكە بەڕێزە لەزووترین كاتدا». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئەو دوو پزیشكەی كەدەستگیركراون، یەكێكیان پزیشكی نەشتەرگەریی گشتی‌و ئەوی تر پزیشكی بێهۆشكارییە، هەریەكەیان سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی پزیشكەكان تانەیان لەبڕیارەكە داوەو تەممیزیان كردووەتەوەو نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر بڕیاری دادگا بۆ زیندانیكردنیان دەرچووەو كەیسەكە لەدادگای سلێمانییە. وەك سەندیكای پزیشكان دەڵێت :» ئەم دوو پزیشكە، چوار ساڵ  لەمەوبەر نەشتەرگەریی بچوككردنەوەی گەدەیان بۆ هاووڵاتییەک بەناوی (فەیسەڵ) كردووەو گیانی لەدەستداوە، كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەدادگا سكاڵایان تۆماركردووە‌و لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، دادگا دوو پزیشكەكەی تۆمەتباركردووە بە «كەمتەرخەمی»، بەتایبەتیش لەوەدا هاووڵاتییەکە پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە. تەندروستی سلێمانی دەڵێت ئەوان دەستتێوەردانیان لەدۆسیەكەدا نەكردووە هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەڵام ناوبراو رایگەیاند:»تەندروستی سلێمانی دەستتێوەردانی لەدۆسیەكە نەكردووەو سەندیكای پزیشكان ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكەیە».   پزیشكێك لەسەندیكای پزیشكان زانیاری بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند ئەندامێكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانەوە كرد هیچ یەكێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە بەفەرمی لێدوان بدەن، یەكێك لەئەندامانی سەندیكا كەخۆی پزیشكە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ هاوڵاتی كردو وتی:»ئەو كەیسە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوەو نەشتەرگەرییەكە لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەنجامدراوە (ناوی نەخۆشخانەكە لەلای هاوڵاتی پارێزراوە)، لەلایەن هەردوو دكتۆر هیواو دكتۆر عامر كەیەكەمیان پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارییە، بەڵام ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە نەخۆشی دڵی هەبووە». ئەو سەرچاوەیە لەسەندیكای پزیشكان وتیشی:»ئەو هاووڵاتییە یەكسەر دوای نەشتەرگەرییە بەماوەیەكی كەم گیانی لەدەستداوە، بۆ لێكۆڵینەوەش ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە براوەتە پزیشكی دادی و لەڕاپۆرتی پزیشكی دادیی هۆكاری مردنەكە نووسراوە «گەورەبوونی دڵ» كەئەوەش بەو مانایەی پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە». «هیچ نەشتەرگەرییەك بەبێ واژۆی نەخۆش ئەنجام نادرێت، بەڵام كێشەیەكی یاسایی هەیە كەهەر نەشتەرگەرییەكی گەورە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەكە قەڵەو بێت یاخود تەمەنی زۆربێت دەبێت ئیكۆی دڵ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی كراوە سۆنەری دڵەكە ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكەی نەكراوە كەچووەتە بەردەم پزیشكی نەشتەرگەری و بێهۆشكاری، دەبوو ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكە بكرێت و تێپەڕیوە»، ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان وای وت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:»پزیشكی بێهۆشكار وتوویەتی لەوكاتەدا فشاری خوێنی نەخۆشەكە 16 بە 9 بووە كە لەوە زیاتریش هەبووە كێشەی نەبووەو نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام كێشەی ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە دڵ گەورەبوون بووەو لەئیكۆكەشدا ئاماژەیەكی روونی نەداوە بەپزیشكەكان كەنەشتەرگەرییەكە ئەنجام نەدەن، لەسەرەتاشەوە گومانی ئەوە كراوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەكی بووبێت». بەوتەی ئەو سەرچاوەیە «سەندیكا داوای كردووە بڕیارەكە رابگیرێت چونكە ئەو پزیشكانە مامۆستای زانكۆن و هەڵەكەش بەئەنقەست ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوایان لەوەزارەتی تەندروستی و داد كردووە چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە». هەردوو پزیشكەكە بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان لەئێستادا لەزیندانن و سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووەو سەرەتاش سكاڵاكە لەوەزارەتی تەندروستی تۆماركراوە.   سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی دەڵێت دۆسیەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایەو داوای تەممیزكراوە هاوكات سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» یەكێك لەدكتۆرەكان پزیشكی نەشتەرگەری گشتییەو ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارە، هەفتەی رابردوو بڕیارەكە دەرچووەو دكتۆرەكان داوای تەممیزیان كردووەتەوە گوایە ئەوان كەمتەرخەم نین». سەرچاوەكە وتیشی:»دادگای تەممیز سەیری دۆسیەكە دەكاتەوەو جارێ وردەكاری دیكە لەوبارەیەوە بڵاوناكرێتەوە تابڕیاری كۆتایی دادگا دەرنەچێت».   برای ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەری بچوكکردنەوەی گەدەی بۆ كراوە قسە بۆ  دەكات فەیسەڵ موشیر ناوی هاووڵاتییەیە كە گیانی لەدەستداوە، هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە ئەسعەد موشیر كە برا گەورەیەتی، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رووداوە بۆ 5-11-2017 دەگەڕێتەوە نەك 2016، براكەم هیچ نەخۆشییەكی دڵی نەبووەو دەیانەوێت ئەوە بكەن بەپاساو، ئێستاش دادگا بڕیاری زیندانیكردنی ساڵێكی بۆ پزیشكەكان دەركردووە». وتیشی:»براكەم هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبووە تەنها ویستوویەتی كێشی خۆی دابەزێنێت و گەدەی ببڕێـت، لەدادگا پزیشكەكان بەشەڕهاتن لەسەر ئەنجامی پشكنینەكان، دوو كاتژمێر بوو براكەم مردبوو ئینجا خوێنیان لێگرتووە بۆ پشكنین، من وای بۆ دەچم براكەم هەر بەمردوویی نەشتەرگەری بۆكراوە هەرچەندە پزیشكی دادوەریش سەرەتا هەمان شتیان وت بەڵام دواتر راپۆرتەكەیان بەشێوەیەكی تر كردووە». «حەوت ساڵ دەبێت ئەو پزیشكانە نەهاتوونەتە لای ئێمە هەر بڵێن داوای لێبوردن دەكەین ئەو رووداوە روویداوە لەكاتێكدا هەرئەوكات سكاڵامان تۆماركردووە، من دەستخۆشی لەدادوەرەكە دەكەم كەبڕیارەكەی دەركردووە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك رازی نین ئەو پزیشكانە ئازاد بكرێن». ئەسعەد موشیر برای فەیسەڵی كۆچكردوو وای وت.   وەزارەتی تەندروستی لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات لەلایەن خۆشیەوە د.سەركار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەبارەت بەو دۆسیەیە پێكهێناوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و هەركات گەیشتینە ئەنجام بەڕای گشتی رایدەگەیەنین».   زانیاری لەبارەی نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە د.كارزان محەمەد تاهر پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەبارەی نەشتەرگەری بچوككردنەوەی گەدەوە دەڵێت: ئەو نەشتەرگەرییە بەئامێری هەناوبینی( laparoscope)  دەكرێت، خوێنی كەم لێدەڕوات، ئازاری كەمە، سكی نەخۆشەكە ناشیرین ناكات، زوو لەسەر جێگە هەڵدەسێتەوە، زوو دەست بەچالاكی دەكاتەوەو زوو چاكدەبێتەوە. دەشڵێت: لەنەشتەرگەریەكەدا بە ٤-٥ كونی ١سم و نیو سم، دەچیتە ناو سكی نەخۆشەكەوە، سەرەتا بەئامێری تایبەتی وزەدار، گەدە لەپەردە چەوری ناوسك جیادەكەیتەوە، دوای ئەوە نزیكەی ٨٠٪ی گەدە لەمسەر بۆ ئەوسەر بەئامێری ستاپلەر ( stapler) دەبڕێت و دەیدورێتەوە، نزیكەی ٢٠٪-٢٥٪ دەهێڵێتەوە. ئەو پزیشكە باس لەوەشدەكات دوای نەشتەرگەریەكە کەسەکە وەك جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و كێشی دادەبەزێت بەهۆی بچووكردنەوەی گەدەوە، بەخواردنێكی كەم گەدە پڕدەبێت و کەسەكە زوو هەست بەتێربوون دەكات.

سەركۆ جەمال گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، توركیاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكەكەیەوە دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەو قازانجەی دەیكات. رۆژی 27-11-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكە باڵیۆزی توركیاش لەعێراق گەیشتە هەرێم و دەستی بەكۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرەكییش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو. لەدوایین سەردانیدا وەفدی هەرێم لەبەغدا كە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، پێكهاتبوو لەهەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون‌و (خالید هادی چاوشلی) راوێژكار لەئەنجومەنی وەزیران. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەم وەفدە بۆ سێ تەوەری سەرەكی چووەتە بەغداد كەئەوانیش   پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانن. مانگی 11ی ئەمساڵ وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری نەوت سەردانی هەولێری كرد بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە كە لە 25ی ئازاری رابردوەوە راوەستاوە، وەفدی حكومەتی عێراق لەهەولێر چەند پێشنیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، بەوتەی ئەندامێکی وەفدەكە كەهاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە پرسی دەستكاریكردنی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم یەكێك لەبابەتە گرنگەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەهەرێم لەگرێبەستی «هاوبەشی لەبەرهەم»ەوە بگۆڕێت بۆ «هاوبەشی لەقازانج»، ئەمەش بابەتێكە كە كۆمپانیاكانی نەوت رەتیدەكەنەوە، بۆیە وەك سەرچاوەكە باسی دەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاتی دەوێت و پێویستە دانوستانی زیاتری لەبارەوە بكرێت. وەك پشتڕاستكردنەوەیەك بۆ وتەی ئەو سەرچاوەیەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەمیدیا عێراقیەكانی وتووە:» بەرپرسەكانی كەرتی نەوتی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی كوردی عێراق كۆدەبنەوە، بڕیارە گفتوگۆی هەمواری گرێبەستەكان بكرێتەوە كە تیشك دەخاتەسەر دوایین هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باكور لەڕێگەی توركیاوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتەڕوو:» دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە لەمانگی ئازارەوە راگیراوە، پەیوەستە بەگفتوگۆكان لەسەر گرێبەستەكان  كەگرێبەستی بەشداریكردنە لەبەرهەم و دەبێت بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلی دابەشكردنی قازانج، لەكاتێكدا ئەگەر بگەینە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان ئەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە». بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بگەنە رێككەوتن، دەشڵێت «كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر بەردەوامیی كاركردن لەهەرێمی كوردستان بەبێ گرفت هەیە». رۆژی 27-11-2023 عەلی رەزا گوینای باڵیۆزی توركیا لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، دواتر مەسرور بارزانی رایگەیاند: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لەزووترین كاتدا. پاشانیش باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دواتر سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كورستانیش، باڵیۆزی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنەوە دووپات كردەوە، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی توركیای كردو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێرو بەغدا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین. مەسرور بارزانی رۆژێك دوای كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراق رایگەیاند: وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ماون، لەبەغدادن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجەو دواكەوتنی موچەی خەڵكی هەرێم بدۆزنەوە‌و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی. وتیشی: بۆ بابەتی نەوت‌و غاز پێویستمان بەداڕشتنی یاسایەكی فیدراڵی پێشكەوتوو، لەسەر بنەمای دەستور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی تر مەسەلەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە، ئەمە هەمووی دەبێت بەدەستكەوت، نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق. 23 ی ئەم مانگە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، رایگەیاند:» لەڕووی تەكنیكیەوە كێشەیەكی وانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبودجەی عێراقدا هەشت هەزارو 690 دینار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت دیاریكراوە، كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بەرهەمبهێنن». وتیشی:»بۆیە داوای زیادكردنی ئەو پارەیە كراوە تاكۆمپانیاكان بتوانن دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق داوای چەند داتایەكیان لەئێمە كردووە ئێمەش ئەو داواكاریەمان جێبەجێكردووە، چاوەڕوان دەكەین پێش سەرەتای مانگی 12 ی ئەمساڵ گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستپێبكاتەوە». بەوتەی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانیان لەهەرێم كردووە لەگەڵ زانیاری لەبارەی كێڵگەكانی نەوت لەهەرێم و ئەوەشیان رادەستكراوەو هیواخوازن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە چارەسەر بكرێت. كەمال محەمەد باس لەوەشدەكات «لە 25ی 6ی ئەمساڵەوە تائێستا بەردەوام 80 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق كراوە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕێك پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەدوای «رێگەچارە»یەكدا دەگەڕێن، هاوكات باس لەوەشدەكات لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم، وەفدەكەی عێراق تێبینی تەكنیكییان زۆربووە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد داوایان لەمحەمەد شیاع سودانی كردووە شێوازی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیی لەهەرێم گۆڕانكاری تێدا بكرێت. مەسرور بارزانی لەدوایین راگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی 11-12-2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە». وتیشی:»لەقسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باش‌و وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە». لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا. وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە. رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو. لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی. بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە كە جگە لەكێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە  توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كەئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات. تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە. زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات، ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە. هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە.

دلێر عەبدوڵڵا بڕیارە ساڵی ئایندە كێشەو گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كۆكن لەسەر ئەو پرسە،  بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراقی پرۆژە یاسایەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دیاری بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند كە تاكە رێگەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، هەمواری یاسای بودجەیەو هەمووان هەوڵی ئەوە دەدەن ساڵی ئایندە كێشەی مووچە بنەبڕ بكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەکانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.  

سەركۆ جەمال چوار ساڵە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش كۆتاكان ناكۆكن، ئێستاش لەچاوەڕوانی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەكێتی پێی وایە پێكهاتەكان لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێندرێن، بۆیە سكاڵای لەسەر كورسی كۆتاكان ئەنجامداوە، پارتیش قسەكردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، توركمانەكانیش سكاڵاكەی یەكێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێكدەدەنەوەو پەنایان بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵی وڵاتان بردووە. لەڕۆژی 2-5-2023 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیستی رافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكیان لەدژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو تۆماركرد، لەسكاڵاكەدا داوا دەكەن هەمواری ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی هەموارەكە هەڵبوەشێتەوەو بگەڕێنرێتەوە سەر بنەڕەتەكەی. زیاد جەبار، وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان سكاڵاكەی تۆماركردووەو پاشانیش ئامانج شەمعون وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری كریستیانەكان بەهەمانشێوە سكاڵای لەسەر یاساكە تۆمار كردووە. زیاد جەبار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو سكاڵایە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمەو بەهیچ شێوەیەك دژی هیچ پێكهاتەو لایەنێك تۆمار نەكراوە، چوار ساڵە ئێمە لەهەوڵداین كێشەی كۆتاكان چارەسەر بكەین كە لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریاندەهێنێت». وتیشی:»پێشتریش بەتوركمانەكانمان وتووە نابێت رێگەبدەن هیچ لایەنێكی سیاسی بەكاریان بهێنێت، بەڵكو خۆیان بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لەپەرلەمانی كوردستان، سكاڵاكەش تەنها لەسەر كورسی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو بەشێكی لەسەر ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانە». «لەعێراق بۆ هەر 100 هەزار كەسێك یەك نوێنەر دەچێتە پەرلەمان، بۆیە پێویستە لەهەرێمی كوردستانیش بەوشێوەیە بێت، دووان لەماددەكانیش پەیوەندی بەكۆمسیۆن و بایۆمەتری و كارتی دەنگدانەوە هەیە، بەڵام پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درایە دەست كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو سكاڵایانەی پەیوەستە بەو پرسانەوە كۆتایی هاتووە». زیاد جەبار وای وت. ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق لەدانیشتنی داهاتوو كەدواخراوە بۆ 3-12-2023 سكاڵاكە پەسەندبكات، ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسییەوە دەبێتە 105 كورسی، بەوەش كورسی توركمانەكان و كورسییەكی ئەرمەنەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێتەوەو تەنها پێنج كورسی پێكهاتەی مەسیحیەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەمێنێتەوە. هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی توركمان و ئەندامانی پەرلەمان لەلیستی توركمانی كرد لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە. بەڵام مونا قەهوەچی، كە لەسەر لیستی كۆتای توركمانەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وەك سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربوو، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی لایەنە توركمانەكانی سەبارەت بەسكاڵاكەی یەكێتی لەدادگای فیدراڵی راگەیاند. قەهوەچی لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا دەڵێت:» دەرئەنجامی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە توركمانیەكان و رێكخراوەكانی توركمان ئەوەیە كەگرنگە سیستەمی كۆتا وەك خۆی بمێنێت و پاشەكشێی لێنەكرێت، جگە لەوەی لایەنە توركمانیەكان لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردین لەوكاتەی دیاریكراوە بەڕێزگرتن لەڕاو بۆچوون و مافی پێكهاتەكان». سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتیشی:»داوای هاوكاری و پشتیوانی لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كەڕێگە نەدەن رۆڵی پێكهاتەكان لەهەرێمی كوردستان بچووك بكرێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن نابێت مافیان پێشێل بكرێت». «سیستەمی كۆتا لەلایەن توركمانەوە بۆیە قبوڵ كراوە چونكە تائێستا لەعێراق و هەرێمی كوردستان سەرژمێرییەكی گونجاو ئەنجام نەدراوەو رێژەی راستەقینەی پێكهاتەی توركمان دیارینەكراوە، بۆیە پێكهاتەی توركمان داوای پاڵپشتی و هاوكاری لەنەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵگەری سەرجەم وڵاتان لەهەرێمی كوردستان دەكات رێگری بكەن لەپێشێلكردنی مافی پێكهاتەی توركمان و رێگەش نەدرێت هیچ لایەنێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دەستتێوەردان لەمافی پێكهاتەی توركمان لەهەرێم بكات، هەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نەمانی كورسی كۆتای توركمان كۆتایی پێكهاتەی توركمانە، ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ناسنامەو مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسی نەتەوەیی توركمانە كەبەشێكە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان». مونا قەهوەچی وادەڵێت. پێشتر سەبارەت بەبڕیارەكە، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كەدادگاكە دەیدات». پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2005، یەك هەڵبژاردن كرا كەساڵی 1992 بوو. لەساڵی 2004 یاساكە هەمواركراو ماددەی 9ـی لادرا كەباسی لەوە دەكرد، «هەرێمی كوردستان لەچەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت بەمەرجێك لەچوار ناوچە تێنەپەڕێت»و كرایە یەك بازنەی هەڵبژاردن. ئەو ماددەیە یەكێكە لەو ماددانەی تانەیان لێدراوە. بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. ماددەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان. ماددەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بەكاندیدەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات، كە رێژەیەك ژنی تێدابێت لە 30% كەمتر نەبێت. ماددەی 36: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سكاڵاكەی سەری كۆتایی هاتووە. د.شۆڕش حەسەن، پسپۆڕی دەستووری پێی وایە دادگای فیدراڵی سەیری ئەوە دەكات كەئەو دەقە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوری عێراق یاخود نا، بەڵام هیچ شتێكی لەبەردەستدا نییە بۆ بڕیاردان. ئەو پسپۆڕە دەستورییە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»دەستوری عێراق تەئكید لەوەدەكاتەوە كەدەبێت پەرلەمان هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پێكهاتەكان و ئەمەش لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو یاسا جێگیركراوە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سەرژمێرییەك نییە لەهەرێم ژمارەی پێكهاتەكان روون بكاتەوە، بۆیە دانانی پێنج كورسی بۆ توركمان رەنگە كەم نەبێت». وتیشی:» پێویستە یاساكە وای لێبكرێت دیاری بكات لەناوچەیەك توركمان یاخود هەر پێكهاتەیەك چەند كورسییان پێویستە، بۆیە هەڵەی یاساكە ئەوەیە، جگە لەوەی 111 كورسی تەرخانكراوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، لەكاتێكدا ئەوە زۆرە چونكە تاژمارەی پەرلەمانتاران كەمتر بێت كاراتر دەبێت». د.شۆڕش حەسەن دەشڵێت:» ئەوەی لەهەرێمی كوردستان بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە هەڕەمەكییەو پێویستە جارێكی دیكە یاساكە بگۆڕێت بەپێی سەردەم بگونجێنرێت، بۆیە بەڕای من لەهەر پارێزگایەك هەڵبژاردن بازنەیەك بێت باشترە تا خەڵك بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت و بۆ ساختەكاریش زووتر كۆنترۆڵ دەكرێت». «لەهەرێمی كوردستان كێشەمان هەیە، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەریش كۆنن، چەندین جار هەمواركراون ئەمەش كەموكوڕییەكی گەورەیە پاش 30 ساڵ پێویستە یاسایەكی نوێ دابنێیت، ئەوەش فەوزایەكی تەشریعی دروستكردووە، ئەگەر پەرلەمانی نوێ لەهەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا پێویستە یەكەم كاری ئەوەبێت، جگە لەوەش نەبوونی دەستور  كەموكوڕییەكی گەورەیە چونكە  ئەگەر دەستور شتێكی دیاریكرد ناتوانرێت دەستكاری بكرێت و دەبێت بۆ هەموو كێشەكان بگەڕێیتەوە بۆ دەستور «. د.شۆڕش حەسەن وای وت. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی دڵنیایە لەوەی سكاڵاكەی لەدادگای فیدراڵی ئەنجامی دەبێت و ئەوەشی بەپارتی راگەیاندووە تاپێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەبارەی كورسی پێكهاتەكانەوە رێككەوتن ئەنجامبدەن، بەڵام پارتی رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە هیچ رێككەوتنێك ئەنجامبدات و بەیەكێتی راگەیاندووە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن. لەكۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی كوردستان، بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ 31-12-2023 درێژكرایەوە، لەكاتێكدا 6-11-2022 تەمەنی خولەكە كۆتایی دەهات. رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بەنادەستووری دانا، بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بەپووچەڵ دەژمێردرێن، لەناویاندا شەش یاساو بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، كە بەپێی بڕیارەكە، پارتی پێی وابوو كۆمیسیۆن كاراكراوەتەوە، یەكێتیش رەتی دەكردەوەو ئەمەش ناكۆكیی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد. پێشتر سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات بۆ تۆماركردنی لیست و قەوارەكان، چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت». رۆژی 19-11-2023، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  رایگەیاند: 38 پارتی سیاسی بۆیان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەو حزبانە بەشێكیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان هەیەو بەشێكی دیكەشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركراون. وتیشی: لەو 38 حزبە 17 حزبیان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، هەروەها 21 حزبیشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2015 تۆماركراون.

عەممار عەزیز شەش ساڵە بینای بنكەی تەندروستی لەدایكبوون لەناحیەی رۆڤیای سەر بەقەزای بەردەڕەش لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان تەواوبووە، بەڵام تائێستا نەكراوەتەوەو هیچ منداڵێكی تێدا لەدایك نەبووە. بنكەكە لە 1_ 7 _ 2017 بەفەرمی كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی دابیننەكردنی پێداویستیە پزیشكییەكان و ستاف، دوای بڕینی شریتی كردنەوەكەی، تائەمڕۆ دەرگاكەی بەداخراوی ماوەتەوە، ئەمەش هاووڵاتیانی نیگەران كردووە . عیماد رەشید، دانیشتووی ناحیەی رۆڤیایە بەهاوڵاتی وت: باوەڕناكەم لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت بنكەیەكی تەندروستی بەهەموو ئامێرو شتەكان دابین بكرێت و بەڕووی خەڵكدا نەكرێتەوە، پێش دروستكردنی بنكەكە داواو تكای ئێمە ئەوەبوو بنكەیەكی تایبەت بۆ لەدایكبوون دروستبكرێت، شەش ساڵە بنكەكە لەڕووی بیناوە تەواوبووە بەڵام هیچ هاووڵاتییەك سوودی لێوەرنەگرتووە. وتیشی : سەدان حاڵەتی لەدایكبوون لەسەنتەری ناحیەی رۆڤیاو دەوروبەری هەبووە، لەوانەش لەماڵی خۆمان، ناچاربووینە روو لەسەنتەری بەردەڕەش یان ئاكرێ‌ بكەین. «ئاكرێ‌ نزیكەی 22 خولەك بەئۆتۆمبێل لێمان دوورە بەهەمانشێوە سەنتەری بەردەڕەش 15 خولەك لێمان دوورە، دەیانجار داوامانكردووە بنكەكە بكرێتەوە بەڵام بێسوود بووە، لەكاتێكدا سەدان دەرچووی پزیشكی لەبوارە جۆراوجۆرەكان خوێندنی خۆیان تەواوكردووەو لەماڵ دانیشتوون بۆچی حكومەت ئەوانە بەگرێبەست یان بەهەمیشەیی لەو بنكەیە دانامەزرێنێت». عیماد رەشید وادەڵێت. بەڕێوەبەری ناحیەكە باس لەهۆكاری نەكردنەوەی ئەو بنكەیە بۆ هاوڵاتی دەكات مەنهەل سورچی، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا  بەهاوڵاتی  وت: بنكەكە لەڕووی بیناوە هیچ كێشەی نیەو بەشێوازێكی  رێكوپێك دروستكراوە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە بنكەكە پێویستی بەزیاتر لە 30 پزیشك و كارمەندو پەرستار هەیە، تائێستا حكومەت هیچ كەسێكی بۆ ئەم بنكەیە دابین نەكردووە، بۆیە بەداخراوی ماوەتەوەو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی دهۆك بەردەوام لەسەر خەتین تائەم كێشەیە چارەسەربكەن بەڵام تائێستا هیچ كەسێك بۆ ئەم بنكەیە دانەمەزرێندراوە. بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش دەڵێت داوای  كارمەندیان كردووە دكتۆر خدر ساڵح، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: لەگەڵ بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك قسەمان كردووەو بەنووسراوێكی فەرمی داوای دانانی كۆمەڵێك كارمەندمان كردووە، لەوانەش  سێ  كارمەندی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، كارمەندانی تەندروستی هەشت تا 10 كەس، پەرستار هەشت تا 10 كەس، لەگەڵ پاسەوان و دابینكردنی چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن، نووسراوەكەمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كردووە بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە. بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش وتیشی: هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو بنكەیە بەزووترین كات بەڕووی خەڵكدا بكرێتەوە، چونكە لەئێستادا فشارێكی زۆر لەسەر سەنتەری بەردەڕەش و ناوەندی ئاكرێ‌ هەیە، ئەگەر ئەم بنكەیە بكرێتەوە هاووڵاتیانیش ئەو رێگا دوورە نابڕن. ناحیەی رۆڤیا سەر بەقەزای بەردەڕەشەو ژمارەی دانیشتوانی 52 هەزار كەسەو لە 48 گوند پێكهاتووە، 21 كیلۆمەتر لەناوەندی قەزای ئاكرێ-وە دوورە، هاووڵاتیانی ناحیە بۆ حاڵەتەكانی لەدایكبوون یان دەبێت بچنە سەنتەری قەزای بەردەڕەش یان ناوەندی ئاكرێ‌ و شارەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی لەناحیەی رۆڤیا بنكەیەكی تری تەندروستی هەیە، بەڵام وەكو پێویست دەرمان و پزیشك و كارمەندی نیەو بیناكەشی كۆنە.

شەنای فاتیح بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، كارو چالاكییەكانی وەزارەتەكە لەسەرجەم سێكتەرەكانی تایبەت بەوەزارەتەكەی بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو بەنداوانەی كەوەزارەتەكە دەڵێت كابینەی نۆیەم تەواوی كردوون زۆرینەیان لەسەردەمی كابینەكانی پێشوودا بودجەیان بۆ تەرخانكراوە، بەشێكی زۆریشیان هەر لەكابینەكانی پێشوودا تەواوكراون، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەم لەقەڵەمدراون. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٩ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنرا و وەزیرەکانی کابینەکە سوێندنی یاساییان لە پەرلەمان خوارد و دەستبەکاربوون. وەک لە ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەردەکەوێت، بەشێکی زۆر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی پێشتردا بەردی بناغەیان دانراوە و تەنانەت هەندێکیان لەپێش کابینەی نۆیەمەوە تەواو بوون بەجۆرێک ١٤ بەنداو لە پێش ساڵی ٢٠١٩ تەواو بووە کە پێش پێکهێنانی کابینەی نۆیەمە، بەڵام بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراوە. لەو ١٤ بەنداوە لە سنوری پارێزگای هەولێر چوار بەنداو، لە سنوری پاریزگای سلێمانی سێ بەنداو، لە سنوری پارێزگای دهۆک یەک بەنداو و لە سنوری ئیدارەی گەرمیان شەش بەنداو بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراون. بەشێك لەئامارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەمشێوەیەیە كەتێیدا باس لەبەنداوەكان دەكات بەنداوەكانی سنووری پارێزگای هەولێر: ١- بەنداوی جەلی لەكۆیە، بەگوژمەی ١٠ ملیارو ٧٢٩ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار دینار لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٣ تەواوبووە. ٢- بەنداوی دێگەڵە لەكۆیە، بەگوژمەی شەش ملیارو ٢٣٧ هەزارو ١٨٥ هەزار دینار لە شەشی كانوونی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٤ تەواوبووە  . ٣- بەنداوی حەمادۆك لەكۆیە، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ١٤٢ هەزارو ٤٢٥ دۆلار لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ تەواوبووە. ٤- بەنداوی كۆدەڵە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی دوو ملیارو ٧٧٤ ملیۆن و ٢٦٩ هەزار دینار لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٥ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٥- بەنداوی چەمرگە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی سێ ملیارو ٧٥٧ ملیۆن و ١٩٢ هەزار دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ تەواوبووە. بەنداوەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی: ١- بەنداوی شیوەسوور لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٥٨٥ هەزارو ١٦٠ دینار لەحەوتی نیسانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی هەشەزینی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی سێ ملیارو ٨٦٤ ملیۆن و ١٣١ هەزارو ١٥٢ دینار لەسێی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ تەواوبووە لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٣- بەنداوی چەمی سمۆر لەقەرەداغ، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٤٤٢ ملیۆن و ٨٢٣ هەزارو ٨٣٦ دینار لەسێی تەموزی ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ تەواوبووە. ٤-  بەنداوی دێوانە لەقەرەداغ، بەگوژمەی ٢٦ ملیارو ٢٨٠ ملیۆن و ١٠٠ هەزارو ٩٠٠ دینار لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو تەواوبوونی تائێستا لەپڕۆسەدایە. بەنداوەكانی سنووری پارێزگای دهۆك: ١- بەنداوی بێدۆهی لەدهۆك، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٧٨٧ ملیۆن و ٥٣٤ هەزار دینار لە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی ئابی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی خەنەس لەشێخان، بەگوژمەی نۆ ملیارو ٢١٨ ملیۆن و ٤٨٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تەواوبووە. بەنداوەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان: ١- بەنداوی باوە شاسوار لەكفری، بەگوژمەی هەشت ملیارو ١٩٠ ملیۆن دینار ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی حەسەن كەنووش لەگەرمیان، بەگوژمەی دوو ملیۆن و ٤٤١ هەزارو ١٤٥ دۆلار لە ١٤ی ئابی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٣ تەواوبووە . ٣- بەنداوی هەڕاوە لەچەمچەماڵ، لەنۆی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەوابووەو گوژمەی تەواوبوونەكەی نادیارە، لەسەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو هەر لەسەردەمی كابینەی شەشەمیشدا تەواوبووە. ٤- بەنداوی قادركەرەم لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ٦٢٣ هەزارو ٢٠ دۆلار لە٢٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی نیسانی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٥- ئاوە سپی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١٥ ملیۆن و ٩٢٨ هەزارو ٩٧.١٠٢ دۆلار لەسێی تشرینی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٦- بەنداوی ویری قادركەرەم لەكفری، بەگوژمەی ٩٨٦ ملیۆن و ٧١٧ هەزار دینار لە حەوتی نیسانی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تەمموزی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٧- بەنداوی توەجار لەكەلار، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٨٠٠ ملیۆن دینار لەپێنجی ئایاری ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تەواوبووە. لەسەر ئەم پرسە هاوڵاتی پەیوەندی بەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە كرد تا لەهۆكاری ئەوە بپرسن بۆچی ئەم پڕۆژانە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەقەڵەمدراون، بەڵام هیچكامێكیان وەڵامیان نەدایەوە. هاوكات، چەند بەنداوێكیش كەژمارەیان ١٤ بەنداوە تائێستا لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان، بەڵام هیچكامێكیان بەرواری تەوابوونیان لەسەر نییە لەكاتێكدا لەكابینەكانی پێشوودا بەردی بناغەیان دانراوە، ئەوانیش: ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای هەولێر كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی گۆمەسپان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی ٩٥ ملیارو ٢٨ ملیۆن و ٧٨٢ هەزار دینار لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٢- بەنداوی ئاقوبان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٥٥ ملیۆن و ١٨٤ هەزارو ٦٨٦ دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٣- بەنداوی شەوگێر لەكۆیە، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٦٣٠ ملیۆن و ١٦ هەزار دینار لە ١٨ی ئاداری ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٤-بەنداوی بانووی تاڵەبان لەكۆیە، بەگوژمەی هەشت ملیارو ٩٨٦ ملیۆن و ٦١ هەزارو ٥٥٣ دینار لەشەشی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوە، لەیەكی نیسانی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٥- بەنداوی نازەنین لەكۆیە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٣٥ ملیۆن و ٩٠٨ هەزارو ٤٢٤ دینار لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوە ، بەپێی نوسراوی ژمارە ٢٠١٣ لەیەكی ئاداری ٢٠٢٣ جەخت لەكۆمپانیا كراوە بۆ دەستبەكاربوونەوە لەنزیكترین ماوەدا.  ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی سورقاوشان لەدوكان، بەگوژمەی ١٣ ملیارو ٣٤٥ ملیۆن و ١٤٠ هەزارو ٨٨٠ دینار لەدووی حوزەیرانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٢- بەنداوی زەلان لەشارباژێڕ، بەگوژمەی ٢٥ ملیارو ١٧٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٣٢٨ دینار لەدووی شوباتی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی ئابی ٢٠١٥وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٣- بەنداوی چەقچەق دوو لەناوەندی سلێمانی، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٨٩ ملیۆن و ٩٧٥ هەزارو ٧٠ دینار لە١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی كانوونی دووەمی ٢٠١٦وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٤- چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، بەگوژمەی دوو ملیارو ٢٣٦ ملیۆن و ٤٥٨ هەزارو ٤٩٠ دینار لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای دهۆك كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی صینە دوو لەئامێدی، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٢٦٣ ملیۆن و ٦٠ هەزارو ٧٠٠ دینار لەسێی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٢- بەنداوی گەلی بەنداوا لەسێمێل، بەگوژمەی حەوت ملیارو ١٨٧ ملیۆن و ١٩٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە ٢٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ئەو بەنداوانەی سنووری ئیدارەی گەرمیان كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی باوەنوور لەكەلار، بەگوژمەی ٢٤٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن و ٥٠ هەزارو ٦٦٦ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی تەمموزی ٢٠٢٠ كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. ٢- بەنداوی باسەڕە لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ٩٨ ملیارو ٦٠٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٦١١ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٣- بەنداوی خۆرنەوازان لەكفری، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٥٠٨ ملیۆن و ٥٢٩ هەزارو ٧٩٥ دینار لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. چەند پڕۆژەیەكیش تەنها دیراسەو دیزاینیان تەواوبووەو نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەك دەستكەوتی كابینەی نۆیەم هەژماركراوان، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەشبوون: ١- پارێزگای هەولێر ١٦ پڕۆژە ٢- پارێزگای سلێمانی ١٣ پڕۆژە ٣- پارێزگای دهۆك پێنج پڕۆژە ٤- پارێزگای هەڵەبجە یەك پڕۆژە ٥- ئیدارەی گەرمیان چوار پڕۆژە ٦- ئیدارەی راپەڕین سێ پڕۆژە

هاوڵاتی رۆژی شەممە ١٨ی تشرینی دووهەم، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند لە ماوەی مانگێکدا لەنێوا  (١٨/١٠/٢٠٢٣) بۆ ١٨/١١/ ٢٠٢٣، لەعێراق و سوریا ٦١ جار هێرش کراوەتەسەر بنکەکانیان ، ٢٩ هێرشیان لەعێراق و ٣٢ هێرشیان لەسوریا بووە. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند بەشی زۆری هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەم هێرشانەوە ٦٠ هاووڵاتی ئەمریکی بەسووکی برینداربوون. بەپێی راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، لەماوەی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە، ١٥٠ جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا. رۆژی ١٦ی تشرینی دووهەم، سابرینا سینک جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند لەدوای ٧ی تشرینی یەکەم و دەستپێکی جەنگی حەماس- ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق زیاتر بووەو ئەم وتەبێژەی کۆشکی سپی، لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد ئەم هێرشانە لەلایەن هێزەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و سوریا ئەنجامدەدرێن. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدرێت زانیاری دەربارەی ژمارەیەک لەو گرووپانە بخرێنەڕوو کەوەک پارێزەرەکانی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەناسرێن و دژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لەسوریاو عێراق چالاکی دەکەن. کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئەم دەستەیە ساڵی ٢٠٠٧ و لەشاری عەممارە لەباشووری عێراق و لەیەکگرتنی چەند تاقمێکی میلیشیا پێکهات کەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن دروست ببوون. ئەم تاقمانە بریتی بوون لە لەشکری ئەبولفەزل ئەلعباس، کەتیبەکانی کەربەلا، زەید بن عەلی، عەلی ئەکبەرو سەجاد. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق خۆی وەک «رێکخراوی جیهادی ئیسلامی بەرگریکار» دەناسێنێت و لەماڵپەڕی فەرمی خۆیاندا نووسیویانە « ویلایەتی فەقیه « باشترین رێگایە بۆ « دەسەڵاتدارێتی ئیسلام لەسەردەمی غەیبەت»دا، کە ئاماژەیە بەباوەڕی شیعەکان کەئیمامی مەهدی، ئیمامی دوانزەیەمی شیعەکان لەغەیبەتدایە و پێش کۆتایی جیهان دێتەوەو دەسەڵاتی جیهان دەگرێتە دەست. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق پەیوەندی رێکخراوەیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیەو شکستپێهێنانی پلانە ئەمریکی- ئیسرائیلییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئەرکی خۆیان دەزانن. چەکدارەکانی ئەم تاقمە لەیەکەم دەستە چەکدارەکان بوون کە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لەساڵی ٢٠١١ دژ بەخۆپیشاندەران وەستانەوەو هەوڵیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد داوە. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، بەپێچەوانەی گرووپە میلیشیا شیعەکانی تری عێراق، هەیکەلی ریکخراوەیی دیاریکراویان نییە. ئەحمەد موحسن فەرەج ئەلحەمیداوی، رێبەری ئەم گرووپە دەکات، کەسێک کە تائێستا هیچ وێنەو ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەتەوە. ئەبو مەهدی موهەندس، کەوێڕای قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری سوپای قودس، لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، یەکێک بوو لەدامەزرێنەران و فەرماندەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق. کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق باڵی سیاسی نییە، بەڵام بەشێکن لەهێزەکانی بەرەی یەکگرتووی میلیشیا شیعەکان کە بەحەشدی شەعبی دەناسرێن. ئەم تاقمە بەرپرسیاریەتی دەیان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا و هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا گرتووەتە ئەستۆ. ئەم تاقمە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە. کەتیبەکانی حزبوڵڵا جگە لەعێراق بنکەیان لەسوریاو لەپارێزگای دێرەزوور هەیە لەڕۆژهەڵاتی سوریاو لەو بنکانەوە زۆرجار هێزەکانی ئەمریکایان لەسوریا کردووەتە ئامانج. ساڵی ٢٠١١ خەمڵێندراوە کە  ١٠ هەزار کەس چەکداری ئەم گرووپەن و هەر چەکدارێک مانگانە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار وەردەگرێت، بەڵام دەستپێکی جەنگی داعش و هەروەها پەیوەستبوونیان بەحەشدی شەعبی وایکردووە لەئێستادا ژمارەیان زۆر زیاتر بێت و مووچەی مانگانەشیان زیاترە. بزووتنەوەی ئەلنجەبا (النجبا) بزووتنەوەی النجبا، وێڕای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، رۆڵێکی گرینگیان هەبوو لەجەنگی سوریاو بەتایبەت لەشەڕی شاری حەلەب، لەساڵی ٢٠١٥. ئەم تاقمەش سەر بەهێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانەو لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و چەک و چۆڵ دەکرێت و هەروەها لەلایەن سوپای پاسدارانەوە راهێنانیان پێدەکرێت. بزووتنەوەی النجبا، پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو گرووپانەی تری نزیک ئێران. دامەزرێنەری ئەم گرووپە (اکرم الکعبی)یە، کەپێشتر یەکێک بوو لەفەرماندە دیارەکانی (جیش المهدی)، گرووپێکی شیعەی سەر بەموقتەدا سەدر. (اکرم الکعبی) دوای جیابوونەوە لەم گرووپە، پەیوەست بوو بەگرووپی (عصائب اهل حق)ەوە و دواتر بزووتنەوەی النجبای دامەزراند. ئەمریکا ساڵی ٢٠١٥ بزووتنەوەی النجبای خستە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام ئەمە نەبوو بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەم رەوتەی سەر بەئێران. مانگی تشرینی ٢٠١٥ (اکرم الکعبی) لەگفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی :» ملکەچی هەر فەرمانێکە کە لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەربکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەم فەرمانە رووخانی دەوڵەتی عێراق یان بەشداریکردن بێت لەجەنگی دەرەوەی سنوورەکان بێت». عەسائیبی ئەهلی حەق گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق، کەدامەزرێنەرەکەی (قەیس خەزعەلی)یە وەک «بەرگری ئیسلامی لەعێراق» ناوی دەبات، لەدڵی رەوتی سەدرەوە لەدایکبوو. دامەزرێنەرو رێبەرایەتییەکەی بەشێکبوون لەکادێرەکانی رەوتی سەدر بەڵام لەم رەوتە جیابوونەوە. ئامانجی ئەم گرووپە، وەستانەوەیە دژی داگیرکاری ئەمریکا لەعێراق. ئەم گرووپە بەرپرسایەتی بەشێکی زۆر لەهێرشەکان دژی هێزە ئەمریکاییەکان لەعێراقیان گرتووەتە ئەستۆ. ساڵی ٢٠٠٤و دوای ئەوەی باڵی سەربازی رەوتی سەدر کە بە(جیش المهدی) ناسراوە، لەگەڵ  دەوڵەتی کاتی عێراق و سوپای ئەمریکا رێککەوت و ئاگربەستیان راگەیاند، بەناڕەزایەتی بەم رێککەوتنە لەم گروپە جیابووەوەو بەردەوامبوو لەجەنگ دژی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق. ئەم گروپە سەرەتا هەر لەعێراق چالاکی دەکرد، بەڵام دواترو دوای ٢٠١١، بەشێکی لەچالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ سوریا. هێزەکانی ئەم گروپەش لە جەنگی ناوخۆی سوریا بەشداریان دەکردو پشتیوانییان لە حکومەتی ئەسەد کرد. عەسائیبی ئەهلی حەق وێڕای گروپەکانی تری سەر بەئێران لەلیستی ئەو رێکخراوانەدان کە لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسراون. مانگی ٣ی ٢٠٠٧ راگەیەندرا کە نزیک بەسێ هەزار چەکداری هەیە، بەڵام مانگی ٦ی ٢٠١١ راگەیەندرا بەشی زۆری هێزەکانیان عێراقیان جێهێشتووەو کەمتر لە ١٠٠٠ کەس لەهێزەکانیان لەعێراق ماونەتەوە. رێکخراوی بەدر رێکخراوی بەدر، وەک دایکی هەموو گروپە شیعەکان لەعێراق دەناسرێت و سەر بەکۆماری ئیسلامییە و راستەوخۆ لەسوپای پاسداران فەرمان وەردەگرن. ئەم رێکخراوە، رێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییە. رێکخراوی بەدر ساڵی ١٩٨٢ لەئێران و لەژێر چاودێری، محەممەد باقر الحکیم و  لەلایەن سوپای پاسدارانەوەو وەک لقی سەربازی (المجلس اڵاعلی للپورە الإسلامیە فی العراق- ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لەعێراق) دامەزرا. ئەندامانی ئەم گروپە ئەو هاووڵاتییە شیعە عێراقیانەی دژبەری سەدام حسێن بوون کە نیشتەجێی ئێران بوون و هەروەها بەشێک لە دیلە جەنگییەکانی جەنگی ئێران- عێراق کەشیعە بوون بوو ( تۆبەکارەکان) ناویان دەبرا. رێکخراوی بەدر، لەجەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی ئەرتەشی عێراق شەڕیانکرد. لەو سەردەمەدا ئەبو مەهدی موهەندس، یەکێک بوو لەفەرماندە باڵاکانی رێکخراوی بەدر. لەئێستادا هادی عامری، وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دەناسرێت. دوای رووخانی سەدام حوسێن لەساڵی ٢٠٠٣، گرووپی بەدر وەک رێکخراو خۆی ناساندو ناوی خۆی گۆڕی بۆ ( رێکخراوی بەدر بۆ بونیادنانەوەو گەشەپێدان). ساڵی ٢٠١٢ لەمجلس اسلامی عراق جیابووەوەو پاڵێوراوی خۆی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. لەساڵی ٢٠١٤ ژمارەی هێزەکانیان بە ١٠ هەزار کەس خەمڵێندرا کەهەزارو ٥٠٠ کەسیان شانبەشانی هێزەکانی سوپای پاسداران لەسوریا دژی دژبەرانی بەشار ئەسەد دەجەنگان. کەتیبەکانی سەید شوهەدا ساڵی ٢٠١٣ و بەناو پارێزگاری لەمەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکان لەهەموو دونیا دامەزرا. لەشەڕی ناوخۆی سوریا بەشداریکردوەو پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد کردووە. لە سوریا بنکەکانیان زیاتر لەباشوری دیمەشق بووەو پارێزگارییان لەمەزارگەی زەینەب دەکرد. ئەم گروپە هەروەها ٢٠١٤ لەشەری الشیخ مسکین دا بەشداریکردووە. کەتیبەکانی سید الشهدا، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ رێکخراوی بەدر هەیە. سەرایا خۆراسانی سەرایا خۆراسانی، ساڵی ١٩٩٥ لەئێران و لەلایەن حەمید تەقەوی یەکێک لە ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە دامەزرا. دواتر تەقەوی ساڵی ٢٠١٥ و لەسەردەمی شەڕی داعش لە تکریت، لەلایەن داعشەوە کوژرا. رەگی ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ کەتیبەی کەڕاڕ کەساڵی ١٩٨٦ و لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێران دامەزرا. ئەم کەتیبەیە شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی سوپای عێراق شەڕی دەکرد. ئەم کەتیبەیە لەلایەن یاسن ئەلموسەوی، یەکێک لە یاریدەدەرەکانی محەممەد باقر ئەلحکیمەوە بەڕێوە دەبرا. بەڵام ساڵی ١٩٩٥ ئەم کەتیبەیە گەورەتر بوەو لەلایەن حەمید تەقەوییەوە ناوی نرا سەرایا خوراسانی. دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن، بەشێک لەم رێکخراوە حزبێکی سیاسییان دروستکرد بەناوی « گلیعە الخراسانی» و لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی وەک بەشێک لەبەرەی یەکگرتووی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی بەشدارییان کرد. ساڵی ٢٠١٣ سرایا الخراسانی، وەک لقی سەربازی حزبی گلیعە الخراسانی، ناسرا. هێزەکانی ئەم گروپە بەشداریان هەبوو لەجەنگی ناوخۆی سوریا بۆ بەرگریکردن لە بەشار ئەسەد. ئەم گروپە لۆگۆی سوپای پاسدارانی لەسەر ئاڵاکەی خۆی داکوتاوەو بەئاشکرا خۆی بەشوێنکەوتووی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەناسێنێت و رایانگەیاندووە لەسوپای پاسداران و عەلی خامنەیی فەرمان وەردەگرن. ژمارەی هێزەکانی بە سێ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و لەچوار یەکەی سەربازی پێکهاتوون. یەکەکانی نوخبە مانگی ٥ی ٢٠٢١ ، رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد ئێران سەدان کەسی لە هێزەکانی  میلیشاکانی خۆی هەڵبژاردوەو لەڕێگای ئەوانەوە، یەکەی بچووکتری نوخبەی دروستکردووە. لەم راپۆرتەی رۆیتەرزدا ئاماژە بەوە دراوە ئەندامانی گروپە نوخبەکان ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەی زۆر نهێنی لەلایەن ئەفسەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە ر‌اهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و سیخوڕی و هەروەها شەڕی سایبەری. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە ئێران دەیەوێت قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە لە رێکخستنی تاقمەکانی سەر بەخۆی دوای مردنی قاسم سلێمانی، لەبەرئەوەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای هێزەکانی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، ئەو بڕشت و کاریگەرییەی قاسم سلێمانی نییە لەناو ئەم گروپانەدا. لەلایەکەوە بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەم تاقمە نوخبەو بژاردەیە کەمتر دزە دەکرێتە ناویان و بەهۆی لێهاتووییان لەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باشتر دەتوانن لە بەرژوەندییەکانی دوژمنانی تاران بدەن. بەپێی هەندێ راپۆت، ئەم تاقمە راستەوخۆ لەلایەن ئەفسەرەکانی سوپای قودسەوە بەڕێوە دەبرێت و بەرپرس و فەرماندەی عێراقی نییەو سەرجەم فەرماندەو بڕیاردەرەکانی ئێرانین. ئەم تاقمە لەسوریا و عێراق چالاکییان هەیەو دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسوریا و عێراق ئۆپەراسیۆنیان هەیە. بەڵام تائێستا کەسە یەکەمەکانی ئەم رێکخراوە نەناسراو ماونەتەوە. بەشێکی تر لەو هێزانەی کە سەر بەئێرانن بریتین لە: 1-قوات اسد اللە الغالب في العراق والشام 2-سرایا الزهرا 2-سرایا السلام 3-حزب اللە الثائرون 3-لواء ابوالفضل العباس 4-لواء کفیل زینب 5-لواء عمار بن یاسر 6-کتائب درع الشیعە

دلێر عەبدوڵڵا پارتی دیموكراتی كوردستان، لەهەولێرەوە بانگەشە بۆ لیستەكەی كەركوكی دەكات و جیاواز لەحزبەكانی تر، لەدەرەوەی كەركوكەوە كاندیدەكانی ناساند، سەركردەیەكی ئەو حزبەش رایگەیاند كەزۆرینەی دەنگدەرانی كەركوكی پارتی لەشاری هەولێرن بۆیە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانیان لەو شارەدا كردووە، چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە كە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ پارتی و نەدەبوو ئەو كارە بكات. بانگەشەی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردو جیاواز لەحزبەكانی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێرەوە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی رێكخست و لەبری ئەوەی لەكەركوك كە بەدڵی كوردستان پێناسەی دەكات بانگەشە دەستپێبكات، لەشاری هەولێرەوە خۆی بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا ئامادەكرد. بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەبچێت، كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی و گرنگی پارێزگاكە، بەچەند لیست و قەوارەیەك بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكات، ئەوەش مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی كورد دروستكردووەو رەنگە هۆكارێك بێت بۆ پەرتەوازەیی دەنگی كورد لەو هەڵبژاردنەدا. پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك پارتێكی سەرەكی ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان دەكات، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەكرا. ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی لەدەرەوەی كەركوك ئەنجامداو لەشاری هەولێرەوە دەستی بەبانگەشە كرد، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی سەركردەو كادیری پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «بەو حوكمەی هەندێك دەنگدەری كەركوك لەهەولێرە، لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە هاتوونەتە هەولێر لەكاتێكدا لەئەسڵدا كەركوكین و شەرعیەتی دەنگدانیان لەهەولێر هەیە، بۆ ئەوەی كاندیدەكانمان بەمانیش بناسرێن و روونكردنەوەیان پێبدرێت و هانبدرێن و بانگهێشتبكرێن. ئەگەرنا لەبنەڕەتدا مەركەزی بانگەشەكردن لەكەركوكە، بەڵام بەو حوكمەی لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەر دەنگدەرێكی زۆرمان هاتووەتە هەولێر بۆیە لەوێ ئەو ئاهەنگە كراوە». ئەنجامدانی ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی پارتی لەهەولێر، ئەو حزبەی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردووەتەوە، چاودێران پێیان وایە كە عەیبەیەكی گەورەیەو نەدەبوو پارتی ئەو كارە بكات، لەوبارەیەوە لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «من پێمخۆشە لەكاوێزی مەلا پەروێز ببپرسیت كە لەم ماوەیەدا رەئی خۆی لەسەر سیاسەتی پارتی لەكەركوك خستەڕوو، چونكە زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت پارتی وازی لەكەركوك هێناوە. ئەم سیاسەتە هەڵەیە، پارتی كە كەركوك بەدڵی كوردستان دەزانێت بۆ بەجێیهێشتووە؟ بۆیە من باوەڕم وایە ئەمە كارێكی خراپە، دەبوو لەقەڵای كەركوك ئەو ئاهەنگەی بكردایە نەك هەولێر، چونكە ئەوێ هیچ ئەرزشێكی نییە بۆ كەركوك». لەماوەی رابردوودا پارتی شەڕی گەڕانەوەی دەكرد بۆ كەركوك، بەهۆی داواكردنی بارەگای سەركردایەتی كەركوك كە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزێكی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەرداگرت، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبە لەكەركوك ئەنجامدراو بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و چەندانی تر برینداربوون، بەڵام دواتر بەبڕیارێكی ئەو حزبە پاشەكشە لەو داوایە كراو بارەگاكەی پێشكەشی زانكۆی كەركوك كرد. هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی كەركوكەوە ئەو ئاهەنگە لەهەولێر سازكراوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە رۆژی دووشەممە تەقە لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرا، كە لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی پێدراوە، لەوبارەیەوە عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هۆكاری ئەمنی بەشێك بووە لەو بڕیارە، چونكە پارتی هێزێكی كاریگەرەو دوژمنان هەمیشە لەبۆسەدان بۆی، هەنگاوی داهاتوومان لەكەركوك دەبێت و متمانەی تەواومان بەدەنگدەرانی كورد هەیە». رۆژی دووشەممە 20/11/2023 چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد لەشاری كەركوك، ناوبراو لەڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە كەخەڵكی كەركوك لەوە دڵنیادەكەنەوە كەئەم هێرشە هاوشێوەی هێرشەكانی پێشوو لەخزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك رایانناگرێت. پارتی لەم هەڵبژاردنەدا دەیەوێت زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، چاوی لەوەیە كورد متمانەی پێبدات و رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بكاتە دەرفەت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوكییەكان، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی بەهاوڵاتی وت «لەدوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە، پارتی چەندین هەڵوێستی هەبووە كەخزمەت بووە بەكەركوكییەكان، بۆیە متمانەمان هەیە كەدەنگێكی زۆری كەركوكییەكان بۆ پارتیمان بێت. ئێمە پێمان وایە كورد پێویستی بەوەیە دەنگی یەك بێت، پێش پارتی ئێمە چاومان لەوەیە كورد زۆرینە بهێنێت، بەڵام هەڵوێستەكانی پارتی پاش رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر ئەو راستییەمان بۆ رووندەكاتەوە كە پارتی دەتوانێت زۆرینەی دەنگەكان كۆبكاتەوە». لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد بەسێ هاوپەیمانێتی لەپارێزگای كەركوك بەشداری دەكات، هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك، هاوپەیمانێتی پارتی و حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی یەكێتی و شیوعی. جگەلەوەش نەوەی نوێ بەجیا بەشداری دەكات. هەروەها هەریەكە لەحزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان داوە. 

شەنای فاتیح ٧٠ رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت و تائێستا چارەنووسی پڕۆسەکە لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نادیارە، مامۆستایان ئامادەنین بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش باس لەوەدەکات  کاتی بایکۆت شکاندن نادیارە. بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دیاریکرا، بەڵام بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەو هۆیەوە تائێستا چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لەو سنوورانەدا نادیارە. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا هیچ شتێک دیار نییە سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دەوام، حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوەو هیچ بەڵێنێکیشی نەداوە، نە باسی پلە بەرزکردنەوەو نە باسی موچە نەدراوەکان ناکات. وتیشی: کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ کەیەکێکی دیکەیە لەکێشەکان و تائێستا هیچ وادەیەک دانەنراوە بۆ دامەزراندنیان، ئەمانە وایانکردووە کە مامۆستایان  هێشتا سووربن لەسەر بایکۆتکردن و نەچوونەتەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن. « نازانین پڕۆسەکە چی لێدێت و هەفتەیەکی دیکە مانگێکی دیکە یان ئەم وەزرە هەمووی بایکۆت بێت کەس ئەوە نازانێت و روون نییە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی لەسنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە نزیکەی ٦٠ هەزار مامۆستان». عەتا ئەحمەد وای وت. وتەكانی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەكاتێكدایە، بەشێکی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کەهەڕەشە لەبەشێکی مامۆستایان کراوە. سەبارەت بەو پرسە عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:  ئاگادارنیم هەڕەشە لەمامۆستایان کرابێت، دەشگونجێت هەبێت بەڵام من ئاگاداری نیم. وتیشێ: تەنها هەندێک بەڕێوەبەر بەسەربەخۆیی بەمامۆستایانی پۆلی ١٢یان وتووە ئەگەر نەیەنەوە میلاکیان دەگوازنەوە، ئەمانە هەیە بەڵام وەک هەڕەشەی بەزۆر بردنەوەی مامۆستا بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن شتی وام نەبیستووەو ئاگادارنیم، هەڵوێستیشمان تا ئەم ساتەوەختە وەک خۆیەتی. مامۆستایەكی ناڕازیی دان بەوەدادەنێت فشاریان لەسەرە بەڵام دەشڵێت «فشارەكە جددی نییە». محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەردەوامین لەبایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، فشارەکە جدی نییە چونکە ناڕەزایەتییەکە زۆرترە بەبێ دەستکەوتیش کەجێبەجێکردنی داواکارییەکانمانە ئامادەنین بایکۆت بشکێنین. «داواکارییەکانمان بریتین لەدامەزاراندنی مامۆستایانی وانەبێژو دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەو پێدانی موچە لەکاتی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی موچە فەوتاوەکان».محەمەد کەمال وای وت. هاوکات، رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیاری سزای هیچ کەسێکمان نەداوە تەنها داوای دەستپێکردنەوی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە، ئەوەش وەک ئەرکێکی دڵسۆزانەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی رادەبینین. وتیشی: راستە دۆخی دارایی هەموومان بەو شێوەیەیەو مامۆستایان زیانیان پێگەیشتووە ئەوان شایەنی ژیانێکی باشترن، شایستەییەکانی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەدراوە، بۆیە پشتگیری داوای مامۆستایانین و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموومان پێکەوە کاردەکەین تامامۆستایان شایستە داراییەکانیان وەربگرن. « دەزانین مامۆستایان زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام نامانەوێت ئەو زیانە لەخوێندکاران و پڕۆسەی خوێندندا قووڵتر ببێتەوە، هەرکاتێک بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ گرێبەستکردنیان گرەنتییە و مافی مامۆستایانی میلاکیش جێبەجێ دەبێت و دڵنیایی دەدەینە خوێندکارانی پۆلی ١٢ش کەمافیان نافەوتێت».  وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت. وتەكانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە تەنیا لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ١٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن كە سەرجەمیان داوای دامەزراندن دەكەن. پێشتر ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاندبوو بەم نزیكانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن مووچەو بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی عێراق راستەوخۆو لەڕێگەی كارتی بانكییەوە موچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات.

سەركۆ جەمال   بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و ژمارەی فەرمانبەران، بەنزیكەیی هەر خێزانێك مووچەخۆرێكی كەرتی گشتی بەردەكەوێت، بەوپێیەش نزیكەی 20٪ی دانیشتوانی هەرێم سەرچاوەی سەرەكی بژێوییان ئەو موچەیەیە كەوەریدەگرن، ئێستاش چارەنووسی ئەو مووچەیە لەدەستی حكومەتی عێراقدایە. ئەو قەرزەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێت دوو گوژمەی نێردراوەو تەنها یەك گوژمەی ماوە، بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی كۆتا گوژمەی قەرزە 700 ملیاریەكە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرچاوەكە سەبارەت بەناردنی سێ گوژمەی دیكە لەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەسەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لەسەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە بێئاگایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت»ئەوە پەیوەستە بەو پاكتاوەی دەبێت لەكۆتایی ساڵ لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامبدرێت». دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، بەشێوەیەك لەهەموو بۆنەیەكدا كەقسە دەكەن داوای ناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم دەكەن، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم چەندین جارو جێگرەكەشی چەند جارێك داوایان لەبەغدا كردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا بنێرێت، تەنانەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی دیدارێكدا لەدهۆك رایگەیاند «فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لەهەرێم لەدۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەعێراق». ئەوەش لەكاتێكدایە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رۆژی 20-11-2023  رایگەیاند: 700 ملیار دینارەكە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو وەفد نانێرین بۆ داواكردنی مووچە بەڵكو هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی مووچە دەدەین لەگەڵ بەغدا. وتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمی كردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت، داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان كردبوو، تەرازووی پێداچوونەوەشیان بۆ نێردراوە.» بەپێی رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر كە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت كە تائێستا دوو گوژمەی گەیشتووەو تەنها یەك 700 ملیار ماوە بگات. حكومەتی هەرێم گوژمەكانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت خەرج كردووە. پیشەوا هەورامانی لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەكە وتی: بەپێی وادە دەبێت تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەكە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كەبڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بكرێت. تائێستا روون نییە كە بۆ مانگەكانی 10 و 11 و 12 چ میكانیزمێك بەكاردەهێنرێت بۆ دابەشكردنی مووچە و حكومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێكی نەداوە كە قەرزی تر بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت. لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» سەبارەت بەبەشی سێیەمی 700 ملیار دینارەكە شتێكی یەكلاكەرەوەیە كەهەر دەبێت كۆتایی ئەم مانگە بنێردرێت، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم (میزانی مراجەعە) رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات». وتیشی:» بەڵام بۆ مووچەی مانگەكانی دیكە كەوتووەتە سەر ئەو پاكتاوە داراییەی كە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەبێت بكرێـت لەكۆتایی ساڵدا بۆ ئەوەی لەپشكی هەرێمی كوردستان ئەوەی دەمێنێتەوە لەو قەرزانەی كەوەریگرتووەو لەگەڵ لێدەركردنی خەرجی حاكیمەو سیادی ئەوكات هەرچەندی لێ بمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت ئەگەریش بەشنەكات دەچێتە سەر پشكی هەرێم لەساڵی 2024 ئەمەش كاتێك دەردەكەوێت كە لەكۆتایی ساڵ ئەو پاكتاوە داراییەی هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت». پێشتر مەریوان قەرەنی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ لەپەرلەمانی‌ عێراق رایگەیاندبوو لەكۆبوونەوەی‌ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق، دوو پرسیاری خستووەتە بەردەم كەهەردووكیان تایبەت بوون بەو دوو نامەیەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كەئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە. جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق روونیشیكردووەتەوە لەبارەی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی (خەرجی فعلی) كەبووەتە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجە، بە محەمەد شیاع سوودانی راگەیاند هەڵوێستی لەسەر ئەمە چییە؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی وتوون» نامەكانمان بەدەستگەیشتووەو كاریشمان لەسەر كردوون، بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایەو لەگەڵ ئەوەین ئەو بڕگەیە هەمواربكرێتەوەو چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردنین و هەمواركردنەوەكەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانەو هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەكەین». بەوتەی مەریوان قەرەنی، لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ بۆ هەرێم سودانی وتوویەتی:» بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لەناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی تریش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێدراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، ئەو پارەیەی لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دیاریكرابوو تا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن زۆر كەمترە لەپێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەو تەنانەت ئەو 700 ملیار دینارەشی دیاریكراوە، هێشتا كەمترە لەو پارەیەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی». وەك جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باسیكردووە سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی‌ لەوەش كردووەتەوە كە لایەنەكانی راسپاردووە تاڕۆژی یەكی‌ مانگی داهاتوو، بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینارە بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان كەپێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو. لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم، لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان. دوای دوو رۆژ لەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، واتە بۆ هەر مانگێك 700 ملیار دینار تائێستاش دوو گوژمەی ئەو پارەیەی ناردووە. پێش سەردانی ئەو وەفدە باڵایە چەند جارێك وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو وردبینییان بۆ لیستی موچەو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە. لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند، تامانگی ئاداری 2023 بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەیەك لەدادگای ناوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان ناچاربوو فرۆشتنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ رابگرێت و تائێستاش هەرچەندە هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە بەڵام هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە. چارەنووسی سێ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە 2023 بەنادیاری دەمێنێتەوە  حكومەتی هەرێم لەمساڵدا توانای خەرجكردنی (9) موچەی دەبێت بەبڕی (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار لەكۆی (11 ترلیۆن‌و 328 ملیار) دیناری كۆی ساڵەكە، بەوپێیە لە 2023دا چارەنووسی (2 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دیناری موچەی سێ مانگی موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە، كەدەكاتە (25%)ی تێكڕای خەرجی موچەی موچەخۆران. حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (944 ملیار) دینارە بۆ خەرجی موچەی (ملیۆنێك‌و 255 هەزار) موچەخۆر، تائێستا كە لەكۆتایی مانگی (11)داین، موچەی (8) مانگ خەرجكراوەو هێشتا فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەی مانگی (9) دەكەن. ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی هاتنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكەیە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی (9)، ئەمە لەگەڵ بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان، لەم دۆخەدا موچەی مانگەكانی (10-11-12) بەنادیاری ماوەتەوە. ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن‌و 255 هەزار) كەسە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان (6 ملیۆن) كەس بێت، ئەوا (20%)ی دانیشتوان سەرچاوەی سەرەكی داهاتیان لەو موچەیەوە دێت كە لەكەرتی گشتی وەریدەگرن. بەپێی داتاكانی دەستەی ئامار، ژمارەی خێزان لەهەرێمی كوردستان (1 ملیۆن‌و 201 هەزار) خێزانە، بەم پێیە بەنزیكەیی هەموو خێزانێك موچەخۆرێكی بەردەكەوێت.

هاوڵاتی دوای ٤٥ رۆژ لەشەڕو بۆردومانی بەردەوام، ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل نزیکەو دەیانەوێت کۆتایی بەجەنگ بهێنن. چەند رۆژێکە هەواڵی ئاگربەست لەمیدیا جیهانییەکاندا باسی لێوەدەکرێت و بەرپرسانی هەردوولا دەڵێن «نزیکین» لەگەیشتن بەڕێککەوتن. رۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس رایانگەیاند نزیکبوونەتەوە لەڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی. ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە نزیکن «لەگەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئاگربەست»  لەڕێی نێوەندگیری قەتەرەوە. ئیسماعیل هەنییە هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی تری حەماس بەناوی عیزەت ئەلریشق بەکەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە ئاگربەستکە بۆ ماوەی چەنێک بێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی. هاوکات رۆژی دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بەڕێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بەبزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبووەتەوە. لەڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس زیاتر لە 240 کەسی بەبارمتە گرت و لەهێرشەکەشیدا بۆ سەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل هەزارو 200 کەس کوژران. ماوەی ٤٥ رۆژە جەنگ بەردەوامەو بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس لەفەڵەستین کوژراون. ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی رۆژی سێشەمە رایگەیاند، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی جەنگ ئەنجامداوە «بەپشتبەستن بەو بەرەوپێشچوونانەی پەیوەستن بەئازادکردنی بارمتەکانەوە». ناتانیاهۆ جگە لەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل و کابینەی حکومەتیش کۆبووەوە. پێش کۆبوونەوەکان، ناتانیاهۆ رایگەیاند هەواڵی «خۆش» بەڕێوەیە سەبارەت بەئەگەری رێککەوتن لەگەڵ حەماس لەسەر بارمتە ئیسرائیلییەکان. «ئێمە لەبەرەوپێشچوونداین لەسەر گەڕانەوە بارمەتەکان و هیوام وایە بەمزووانە هەواڵی خۆش هەبێت»، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وای وت. هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس بکرێت پێویستە لەلایەن هەرسێ دامەزراوەکەی ئیسرائیلەوە پەسەندبکرێت کە ناتانیاهۆ لەگەڵیان کۆبووەوە.   رێککەوتنەکە چۆنە؟ بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رێککەوتنەکە ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت کە لەلای حەماسن لەبەرامبەر ئازادکردنی کۆمەڵێک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لای ئیسرائیل دەستبەسەرن. رۆیەترز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەدانوستانەکان کە بەنێوەندگیری قەتەر دەکرێت، رایگەیاندووە کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەبێت و هەماهەنگیش لەگەڵ ئەمریکا کراوە لەسەر رێککەوتنەکە. لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی نزیک لەدانوستانەکەوە رایگەیاندووە کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ یان زیاترەو حەماس ٥٠ بارمتە رزگار دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی ١٥٠ زیندانی فەلەستینی و راگرنتی شەڕ کەئەمەش قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکەیە. رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە لەقۆناغی دووەمی رێککەوتەنەکە بارمتەی تری ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت. بەپێی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکە، رێککەوتنەکە بەنێوەندگیری میسرو قەتەرو چەند بەرپرسێکی میسری، کە بەپێی رۆژنامەکە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەنێوەندگیرییەکەدا، باسیان لەوە کردووە سەرکردایەتی سیاسی ئیسرائیل حەماسیس کە لەدەرەوەن رێککەوتنەکەیان پەسەند کردووەو تەنها رەزامەندی یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس لەغەززە ماوە کەپێشتر لە ٢٠١١دا خۆی زیندانی ئیسرائیل بوو و لەئاڵوگۆڕێکی دیل بەدیلدا ئازاد بوو. بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل باس لەڕێککەوتنیکی تر دەکەن کە بەشێوازێکی ترە. وێبسایتی واڵا نیوزی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس، دەیەوێت کۆتایی بەفڕینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی غەززەوە بهێنرێت. هاوکات میدیای یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات حەماس دەیەوێت رێککەوتنەکە بەجۆرێک بێت کەتەنها رۆژانە فڕۆکەکەانی ئیسرائیل بۆیان هەبێت شەش کاتژمیر بەسەر ئاسمانی باکوری غەززەوە بن. ئەم هەوڵەی حەماس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل پشتی بەهێرشی ئاسمانی بەستووەو لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە بۆردومانی بەشێکی زۆری کەرتی غەززەیان کردووە، بەتایبەتی باکوری کەرتەکە کە لەئێستادا وەک وێرانەیەک دەردەکەوێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 14 هەزار کەس کە لەماوەی جەنگدا کوژراون، پێنج هەزاریان منداڵن. کەناڵی بی بی سی لەسەر کەمکردنەوەی ئەرکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئسیرائیل لەجەنگەکەدا دەڵێت، جگە لەفڕۆکەی جەنگی، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆن کە نازاندرێت چەندن لەئاسمانی غەززەدا بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی ناسینەوەی ئامانج و هەڕەشەکانی بۆ سەر سەربازەکانی و وەستانی ‌هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەجەنگەکەدا بەربەست بۆ هەواڵگری ئسیرائیل دروستدەکات لەکۆکردنەوەی زانیاری، بەتایبەتی زانیاری لەسەر بارمتەکان. لە راپۆرتەکەی واڵ ستریت جێرناڵ باسی هەمان شت کراوەو دەڵێت، رێککەوتنەکە بەکارهێنانی درۆن لەلایەن ئیسرائیلەوە رادەگرێت، ئەمە جگەلەوە بارهەڵگری مرۆیی زیاتر لەمیسرەوە رێی پێدەدرێت بچێتە نیو غەززەوە. راوژکارێکی باڵای سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە ئەگەر رێککەوتن لەسەر بارمەتەکان ئەنجامبدرێت ئەوا لەچەند کاتژمێرێکدا لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەنددەکرێت. مارک ریگیڤ، راوێژکارێکی باڵای بنیامین ناتانیاهۆ بە رادیۆی بی بی سی راگەیاندووە، «ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، پیویستی بەبڕیاری حکومەتی ئیسرائیلە، پێموایە بەشێوەیەکی خێرا بکرێت. پێموایە چەند کاتژمێرێکی دەوێت. مارک ریگیڤ دەشڵێت رەنگە پرۆسەکە زۆرتری پێبچێت ئەگەر ئەو کەسە فەڵەستینیانەی ئازاددەکرێن سکاڵای هاووڵاتی ئیسرائیلییان لەسەر بێت، چونکە «هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان رەنگە تانە بدەن لەبڕیارەکە لەدادگای باڵای ئیسرائیل و دواتریش دادگای باڵا دادگاییەک رێکدەخات بۆ بابەتەکە و ئەمەش چەند کاتژمێرێکی پێویستە». ئێرانیش لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس هاتەدەنگ و رایگەیاند کە ئیسرائیل دەیەوێت ئاگربەست بکات بەڵام «ئەمریکا ناهێڵێت». حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیل «بەپەرۆشن بۆ راگرتنی شەڕو کۆتایهێنان بەکوژرانی سەربازەکانیان لەکەرتی غەززە بەڵام کۆشکی سپی هاوڕا نییەو ناهێڵێت». «زایۆنییەکان بەپەرۆشن بۆ ئاگربەست چونکە لەقەیراندان، بەڵام ئەمریکییەکان ناهێڵن ئەوە رووبدات، قەلەقی و پەرێشانی زایۆنییەکان زۆر لەوە کوشندەترە کە لەنێو غەززە روودەدات و دانیشتوانی غەززە سڵ لەهیچ ناکەنەوە»، فەرماندەی سوپای پاسداران وای وت.  

هاوڵاتی هەردوو کەناڵی بی بی سی بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی گومانیان هەیە لەسەر بەڵگەکانی سوپای ئیسرائیل لە پیشاندانی چەک و کەلوپەلی سەربازی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و دەڵێن، "بەڵگەکان دەستکاریکراون." سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و پێشتر لە مانگی رابردوو ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنی بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو، لەژێرزەمینی نەخۆشخانەی شیفادا ناوەندی فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە و تونێلێکی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە.  دوای رۆژێک لە چوونە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی نێودەوڵەتی سوپای ئیسرائیل، قسە دەکات و چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، چەک و کەلوپەلی سەربازی چەکدارانی حەماسن و نەخۆشخانەکەیان بەکارهێناوە.   لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و بی بی سی-دا تا بچنە نێو نەخۆشخانەکە و دیمەنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان بگوازنەوە. هەردوو کەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن شیکارییان بۆ ڤیدیۆکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دەستکاری و گۆڕانکاری لە بەڵگەکاندا بوونیان هەیە.  سی ئێن ئێن کە شیکاری بۆ ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل و دواتر گرتەکانی بی بی سی و فۆکس نیوز کردووە دەڵێت، "لە بەشێكی ڤیدیۆکەدا کە بەرپرسە سەربازییەکی ئیسرئیل دەچێتە ژورێکەوە و لە پشت ئامێرێکی ئێم ئاڕ ئای کەلوپەلی سەربازی بوونی هەیە، جانتایەک و فیشەک و تەنها یەک کڵاشینکۆف دەبیندرێت، بەڵام لە ڤیدۆکانی دوو کەناڵەکەدا کڵاشینکۆفەکان زیاد دەبن بۆ دوو کڵاشینکۆف کە نازانرێت کڵاشینکۆیفی دووەم لە کوێوە هاتووە و بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیلدا بوونی نییە." سی ئێن ئێن دەڵێت، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەکەکان خروانەتە ئەوێ پێش ئەوەی تیمە رۆژنامەوانییەکان بگەن." هاوکات بی بی سی هەمان بەڵگە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەکاتی چوونی "پەیامنێرەکەمان بۆ ژوری ئامێری ئێم ئاڕ ئایەکە دوو کڵاشینکۆف بەدیدەکرێت" لەکاتێکدا پێشتر یەک دانە بووە. بی بی سی دەڵێت، ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکەی جۆناسان کۆنریکوس دەردەکەوێت کە لە دوانیوەڕۆ گیراوە لە کاتژمێر 1:17 خولەک، بەڵام سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات ئەو کاتەی تیمە میدیاییەکان رێگەیان پێدراوە بچنە نەخۆشخانەکەوە، پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز دەڵێت: ئێستا نیوەی شەوە. بەشێکی تر لە بەڵگەکانی بی بی سی کە گومانی خستووەتە سەر ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە کە دەڵێت، سەرەتا سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڤیدیۆکەی پۆست کردووە و دواتر سڕیویەتییەوە و دواتر پۆستی کردووەتەوە، هاوکات وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەم ڤیدیۆییە بەبێ دەستکارییە و ئیدیت نەکراوە، یەک گرتەیە"، بەڵام بی بی سی لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا روونی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە دەستکاری کراوە بەوپێیەی لەو گرتەیەدا وتەبێژەکە پشتی لە کامێرایە بەڵام لەپڕێکدا دوور دەکەوێتەوە و دەچیتە دەرەوەی ژورێکی نەخۆشخانەی شیفا. بی بی سی و سی ئێن ئێن داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە کە روونکردنەوە بدات لەسەر چەکەکان کە بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپادا جیاوازی هەیە لەگەڵ ڤیدیۆی تیمە رۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل پیی وتون: بەهۆی ئەوەیە چەکی زیاتر و کەلوپەلی زیاتری تیرۆرستان لەو رۆژەدا دۆزراونەتەوە.