ئەم دانیشتنەی پەرلەمان دەبێتە سەرەتای کردنەوەی گرێ کوێرەکان یان هێندەی تر رێگەکانی پێکهێنانی حکومەت دوردەخاتەوە و بە تونێلێکی تاریکی دەگەیەنێت؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بڕیارە رۆژی دوو شەممە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت، بەپێی مادەى 47ـی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانیش یەکەم دانیشتن بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەکرێت و هەر لەو دانیشتنەدا ئەندامانى نوێ سوێندى یاسایی دەخۆن. لە مادەى 48 یشدا هاتووە، بە رێگەى دەنگدانى نهێنى سەرۆک و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان لە هەمان دانیشتندا هەڵدەبژێردرێن. بە گوێرەى مادەى چوارى یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێمیش، لە ماوەى 30 رۆژ لە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتی، دەبێت پەرلەمان دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم بکاتەوە. رونیش نییە ئایا ئەو دانیشتنە دەبێتە سەرەتای هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ یاخود هێندەی تر رێگاکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاڵۆزتر و دوورتر دەخاتەوە؟ یاخود دانیشتنەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان حزبە براوەکان ناچار دەکات سازشی زیاتر بۆ یەکتر بکەن. تا ئێستا هیچ جۆرە رێکەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان نەکراوە؛ تا سەرۆک و جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێرن، بەوەش بە دڵنیاییەوە دانیشتنی پەرلەمان بە کراوەیی بۆ کاتێکی نادیار دەمێنێتەوە. لەسەر ئاستی حزبیش سەردان و کۆبوونەوەکان بۆ لای یەکتر دەستی پێکردووە و هەر یەک لە یەکێتی و پارتی شاندی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ڕاگەیەندراو و لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لە دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان تا ئێستا تەنها زانیاری گشتی بڵاو دەکەنەوە و بە هیچ جۆرێک روخسار و ناوەرۆکی کابینەی نوێ دیار نییە. بۆ لێکتێگەیشتنیش رۆژی شەممە یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکەش نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی، ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان. پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا پێویستە یه‌ك حكوومه‌ت، یه‌ك په‌رله‌مان و یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ هەبن. ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جیاواز لە کۆی حزبەکانی تر هێڵی سوری بۆ ئەو کەسە داناوە کە پارتی بە نیازە جارێکی تر بیکاتەوە بە سەرۆکی حکومەت، بافڵ تاڵەبانی سوێندیشی خوارد بێ ئۆکەی یەکێتی پۆستی بەرێوەبەری گشتیش وەرناگرێت، ئەو سوێندە و کۆی بەڵێنەکانی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دانوستان و سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی بەرەو رێگەیەکی داخراو بردووە. تا ئێستاش باس لە چەندین سیناریۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکرێت، بەڵام تەنها سیناریۆی بەشدابوونی پارتی و یەکێتی لە کابینەی ١٠ لۆژیکییە و کۆی ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتییش لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و شێوازی بەرێوەبردنی حکوت لە کاتێکدایە دانیشتوانی هەرێم دوچاری چەندین قەیرانی کوشندە بونەتەوە لە نەبوونی موچە و کۆی خزمەتگوزاریەکانی تر و هەقی خۆیانە بپرسن؛ لە کارنامەی حکومەتی داهاتوودا ئایا جارێکی تر هەر باس لە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان دەکرێت، یان ئەمجارە بەجدی خاڵ دەخرێتە سەر پیتەکان و قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات.

ئێران  ئەم جەنگە بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەقەڵەم دەدات ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی، شەڕ و پێکدادانەکان لە سوریا دەستیپێ کردەوە، ئەوەش دوای چەند ساڵێک لە ئاگربەستی ناچاری و رانەگەنراو لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت، دوای ئەوەی چەکدارەکانی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر شارەکانی حەلەب و ئیدلیب، سوپای سوریاش دەڵێت لانی کەم ٤٠٠ چەکداریان کوشتووە، چەکدارانی تەحریر شامیش ئاماژە بەوە ئەکەن رێگەی سەرەکی نێوان حەلەب دیمەشقیان کۆنترۆڵ کردووە لەگەڵ نزیکەی ٦٠ گوند و چەکدارەکانیان چونەتە ناو نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی شاری حەلەبەوە. دەستپێکرنەوەی شەڕ و پێکدادانەکانیش راستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر ناوچە کوردیەکان دەبێت، لەوبارەیەوە فەرهاد شامی بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: هەرچییەک ڕووبدات، ئێمە ئەولەویەتێکی نیشتمانی و ئەخلاقیمان هەیە، ئەویش پاراستنی گەلەکەمان و ناوچەکانمانە، بۆیە بەپێی پێویستی پاراستنی گەلەکەمان دەستوەردان دەکەین. هاوکات جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی روسیا لە سوریا ئۆلیگ ئاکناسیوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لە هێرشەکەی چەکدارانی بەرەی نوسرە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان لانی کەم ٤٠٠ چەکدار بە هاوکاری هێزی ئاسمانی روسیا کوژراون. لە بەربەرچدانەوەی ئەم هێرشە نوێیەی چەکدانی تەحریر شام هێزی ئاسمانی روسیا رۆڵی سەرەکی هەبووە و دەستبەجێ فرۆکە جەنگییەکانی بۆردومانی بەرفراوانی میلشیاکانی کردووە، پێدەچێت مۆسکۆ رێگە نەدات سوریا ببێتەوە بە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان. بەپێی زانیارییەکانیش لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە ١٣ هێرشیان کردۆتە سەر سوپای سوریا ١٢ هێرشیان بۆ سەر شاری ئیدلیب و هێرشێکیش بۆ سەر شاری حەلەب بووە و لەو هێرشانەدا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا دەڵێت: هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ریفی حەلەب و ئیدلیب پێشێلکردنی رێکەوتنی ئاستانەیە، و هەرجۆرە دواکەوتنێکیش لە بەرەنگاربوونەوەیان ناوچەکە دوچاری خولێکی نوێی شەڕ و پێکدادان و ناسەقامگیری دەکاتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: ئەو پەلامارە نوێیە بەشێکە لە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە. هاوکات مەرسەدی سوری دەڵێت چەکدارەکانی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکان بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی دەسەڵاتیان هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە و چەندین گوندیان لە دەوروبەری شارەکانی ئیدلیب و حەلەب کۆنتڕۆڵ کردووە، بە گوتەی خۆشیان مەبەستیانە ئامادەکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناوچەکانیان. هاووڵاتییانی شارەکانی حەلەب و ئیدلیبیش مەترسی ئەوەیان هەیە، جارێکی تر شەڕەکە فراوانتر بێت و هاوشێوەی جەنگی نێوخۆیی ساڵی 2011 ببێتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە. دوای نزیکەی ١٣ ساڵ لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا و کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان، ئێستا ئەو وڵاتە دابەشبووە بەسەر چوار بەشدا بەشێکی وڵات لە لایەن کوردەوە حوکمڕانی دەکرێت بەشێکی تریشی لەلایەن هێزە جیهادییەکان و بەشێکیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، بەڵام تا ئێستاش نزیکەی لەسەدا ٧٠ی وڵات لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دایە کە لەلایەن روسیا و ئێران پشتیوانی تەواوی لێ دەکرێت. هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە روسیا بەڵێنی پێداون هاوکاری زیاتری سەربازی پێشکەش بە سوپای سوریا بکات و رێگە نەدات شاری حەلەب بکەوێتە دەست ئەو چەکدارانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن. سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکانیش لە سوریا بە تایبەت لە هەردوو شاری حەلەب و ئیدلب هاوکاتە لە گەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان ئەوەش بەروونی دیارە دەستی دەرەکی لە پشت دەستپێکردنەوەی جەنگەکەن، ئێرانیش کە قوتبێکی روداوەکانی ناو سوریایە ئەو شەڕە بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناودەبات، سەرچاوەکانی هەواڵیش باس لەوە دەکەن کە تورکیا دەستی سەرەکی هەیە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان و مەبەستی بەهێزبوونی زیاتری پێگەی خۆیەتی بۆ ئەگەری هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.

گریگۆری ڕاسپۆتین ئەو پیاوەی کە دەسەڵات نەیتوانی بیکوژێت! ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەو پیاوە ڕووسە عارف و تەڵەکەبازەی کە ژیانێکی هێندە سەیروسەمەرەی هەبووە، تا ئەمڕۆش مێژوونووسانی سەرسام کردووە و لەسەری دەنووسن. ساڵی ١٨٦٩ لە گوندێکی سیبیریا لە دایک بوو، منداڵی و قۆناغەکانی سەرەتای ژیانی، سەرنجڕاکێش نەبوون، تا ئەو کاتەی بانگەشەی کۆمەڵێک ئەزموونی سەیری ڕووحانی دەکات. دواتر بە سەرتاسەری ڕووسیادا گەشت دەکات و بە قسە و بانگەشە سەیرەکانی، هەوادار و شوێنکەوتوویەکی زۆر کۆ دەکاتەوە کە بڕوایان بەوە بوو ڕاسپوتین توانای کۆمەڵێک کاری موعجیزەئاسای هەیە. بەناوبانگترین پەیوەندی راسپوتین لەگەڵ بنەماڵەی ئیمپراتۆری ڕووسیا بوو. لە ساڵی 1905، بە تسارینا ئەلێکساندرا ئاشنا بوو، کە زۆر بەپەرۆش بوو بۆ چارەسەرکردنی کوڕە نەخۆشەکەی بە ناوی تسارێڤیچ ئەلێکسێی. گوتار و قسە پڕ لە تەلیسم و تەڵەکەبازانەکەی ڕاسپۆتین بۆ ئەلێکسی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئازار و شیفابەخشین وایان لە ئەلێکساندرا کرد بڕوا بکات کە ئەو لە لایەن خوداوە نێردراوە، ئەمەش دەسەڵاتێکی زۆری بەخشییە ڕاسپۆتین لەناو خێزانی شاهانەدا. تا وای لێ هات ڕاسپۆتینی شەیتان و تەڵەکەباز، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری دادگای ڕووسیادا گرت و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە پشتەوە بە نهێنیی وڵات بەڕێوە دەبات و توانای دەستکاریکردنی سیاسەتی ڕووسیای هەیە.   بەڵام راسپوتین کەسێکی پیرۆز و بە ئەخلاق و لەخواترس نەبوو، بەڵکە بە بەدڕەوشتی و کارە چەپەڵانەکانی بەناوبانگ بوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان چەندان پەیوەندی سێکسی هەبووە، هەندێکیان لەگەڵ هاوسەری کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگای ڕووسیا. توانای ڕاسپۆتین لە ڕازیکردن و فریودانی خانمانی ڕووس، بە تایبەتیش خانمانی خێزانی شاهانە، وایان لە خەڵک کردبوو پێیان وابێت کە هەر بە ڕاستی ئەم پیاوە خاوەنی هێزی سەروسرووشتییە. ساڵی ١٩١٦ کۆمەڵێک خانەدان کە چیتر بەرگەی ئیشە چەپەڵانەکانی ئەویان نەدەگرت، بڕیان دا کە بیکوژن. هەوڵیان دا ژەهرخواردی بکەن، بەڵام ژەهرەکە کاری تێ نەکرد، بۆیە بڕیاریاندا بە چەقۆ هێرش بکەنە سەری، ئەمەشیان هەر سەری نەگرت، لە کۆتاییدا تەقەیان لێ کرد و چەند فیشەکێکی بەرکەوت دواتریش دەکەوێتە ناو ڕووبارێکەوە. دواتر کە تەرمەکەی دەدۆزنەوە، پزیشکان بۆیان دەردەکەوێت کە هۆکاری مردنەکەی وەستانی دڵی بووە بەهۆی ساردیی ئاوی ڕووبارەکەوە. تا ئێستاش چەندان نهێنیی و ڕاستی نەزانراو هەن سەبارەت بە ژیانی ئەم کەسایەتییە کە مێژوونووس و لێکۆڵەڕان هەوڵی دۆزینەوە و ئاشکراکردنیان دەدەن.        

چۆن دەکرێت پیاوێک پاسپۆرتی وڵاتێکی پێ بێت و خەڵکی هیچ شوێنێکیش نەبێت؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی چیرۆکی پیاوی تاورد ڕووداوێکی نائاساییە کە لە ساڵی ١٩٥٤ لە فڕۆکەخانەی هانێدا لە تۆکیۆی ژاپۆن ڕوویدا. ئەم چیرۆکە پڕ لە نهێنییە پەیوەندی بە پیاوێکەوە هەیە کە بە پاسپۆرتێکەوە لە وڵاتێکەوە بە ناوی تاورد گەیشتە فڕۆکەخانە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە نەناسرابوو و لەسەر هیچ نەخشەیەک دەرنەکەوت. ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا؟ بەیانییەک پیاوێکی ئەوروپی کە جل و بەرگێکی جوانی لەبەردا بوو و پێدەچوو تەمەنی لە سییەکاندا بێت، گەیشتە فڕۆکەخانەی تۆکیۆ و پاسپۆرتەکەی پێشکەش بە کارمەندانی پێشوازی کرد. دوای پشکنین کارمەنندەکان سەریان سوڕما، چونکە پاسپۆرتەکە لەلایەن وڵاتێکەوە دەرچوو بوو بەناوی "تاورد"ەوە، نەتەوەیەک کە کارمەندانی پشکنین نەیانتوانی لەسەر هیچ نەخشەیەک بیدۆزنەوە. پیاوەکە بە چەند زمانێک قسەی دەکرد، لەوانە فەرەنسی و ژاپۆنی و بەڵگەنامەکانیشی ڕاستەقینە دەردەکەوتن، چونکە ڤیزەی وڵاتانی دیکەشی لەسەر بوو کە پێشتر گەشتی کردبوو بۆیان. کارمەندەکان بەهۆی ئەو دۆخەوە سەریان لێ شێوا و پۆلیسیان ئاگادارکردەوە. دواتر پۆلیسەکان پیاوەکەیان دەستبەسەر کرد تا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا بکەن. بۆ شەوەکەی لە هۆتێلێکدا لە نزیک مەتاڕ لە ژێر چاودێریدا هێشتیانەوە و پاسەوانەکانیان ڕاسپارد بە وردی چاودێری بکەن و دڵنیابن لەوەی لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە. بەڵام بەیانیەکەی کاتێک  دەرگای ژوورەکەی دەکەنەوە دەبینن پیاوەکە لە ژوورەکەیدا نەماوە! دوای ئەوەی هەموو ژوور و ڕاڕەوەکانی هۆتێلە دەپشکنن هیچ نیشانە و ئاماژەیەک لە پیاوەکە و شێوازی هەڵهاتنەکەی نادۆزنەوە ودەبینن هەموو کەلوپەلەکانیشی بە پاسپۆرت و جانتای جلەکانیشییەوە دیار نەماون. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەیەوە ئەنجامیانداوە چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە لەسەری لەوانەش: سەرنجڕاکێشترین بۆچوون ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕەهەندێکی جێگرەوە یان گەردوونێکی هاوتەریبەوە هاتووە، بەم پێیەش بێت تاورد وڵاتێکی ڕاستەقینەیە و پیاوەکە بە هەڵە پەڕیوتەوە بۆ ناو واقیعی ئێمە و دوای لێپرسینەوە، گەڕاوەتەوە بۆ جیهانەکەی خۆی.   بۆچوونێکی دیکە دەڵێت: ڕەنگە پیاوەکە گەشتیارێکی ناوکات بووبێت، لە داهاتووەوە یان قۆناغێکی تری کاتەوە هاتووە. هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەو پیاوە سیخوڕ بووە و ناسنامە و بەڵگەنامەکانی هەڵبەسترابوون. بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە تەواوی ڕووداوەکە فێڵ یان تێنەگەیشتن بووە، هەرچەندە ڕەفتاری ئارام و ڕاستیی بەڵگەنامەکانی پێچەوانەی ئەم بۆچوونانە دەسەلمێنن. سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، پیاوی تاورد تا ئێستا وەک نهێنیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. هیچ بۆچوون و لێکۆڵینەوەیەکی یەکلاکەرەوە نییە ڕاستی و دروستی ئەم ڕووداوە بسەلمێنێت و ئەمەش وای کردووە وەک یەکێک لە ڕووداو و نهێنییەکانی جیهان بناسرێت.

تایبەتمەندی گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە لە چیدایە و چۆن خزمەتی هونەری کوردی کردووە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی هونەرمەندی دەنگخۆشی موكریان و شاری مەهاباد، (ئیبراهیم كەریم عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)، کە نازناوی  ‌(ئیبراهیمی قادریی)ی لێ نراوە، لە گوندێكی هەڵكەوتەی نێوان دوو شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان ( مەهاباد و بۆكان) لە گوندی ( عیسا كەند) لە 26-4-1934 لە خانەوادەیەكی جوتیاری خانەدان و هونەردۆست چاوی بە سروشتی جوانی گوندەكەیان هەڵهێناوە‌. لە دواین چاوپێكەوتنیدا ئیبراهیم قادریی دەڵێت "لەسەر وەسیەتی بابم كە گوێم لێدەبوو ڕێگری لەوە ناكات گۆرانی بڵێم، ساڵی 1951دەستم بە گوتنی گۆرانی كرد". هونەرمەند ئیبراهیمی قادری باس لەو ڕۆژگارە دەكات كە دەناسرێت و تێكەڵاو بە خەڵكی و ئەو دنیا جوان و شیرینەی گۆرانی وتن بووە و دەڵێت: زۆرینەی ئەو هونەرمەندانەی کە گۆرانی فۆلکلۆرییان وتووە، هیچکامیان دەرچووی هیچ قوتابخانەیەكی هونەری نەبوون، بەڵکو بەو ئامێرە ڕەسەن و سادانەوە ( دەهۆڵ و زوڕنا، باڵەبان، جووزەله و زەڕب) حەوت شەو و حەوت ڕۆژ، بێ ماندووبوون زەماوەند و داوەت و شاییان گێڕاوه و شادی و خەنده و جووڵە و بزەیان خسووەتە سیما و دڵی گوێگر و بیسەرانی ئەو ئاهەنگانەوە.  دیارترین گۆرانییەكانی كە لە باشووردا دەبیستراو جێی ڕەزامەندی گوێگران بوون، گۆرانی ( هەنار هەنار هەنارە، ئەی گوڵم ڕوو لە كوێ كەم، لێوت خوێنی گەشمە، شەهێن و شەهلا، هەی دكتۆر، شەمامه و خاڵخاڵ ، ئەو كراسە گوڵ هەنارە و دەیانی دیكە). شایەنی باسە لەناو گۆرانییە میللیەکاندا، گۆرانییەکانی ئیبراهیمی قادری خاوەن تایبەتمەندی و ڕیتمێکی کوردانەی پڕ لە ڕەسەنایەتین، کە وادەکەن ئەو کەسانەی لەگەڵیدا هەڵدەپەڕن و ئاهەنگ دەگێڕن، جۆشوخرۆشێکی گەرم و لێوان لێو لە شادییان تێبگەڕێ و بە جوڵەی جەستەیان فۆڕمێک لە پێداگری و پابەندی بە خاک و کولتوری دێرینەی کوردانەوە بەرجەستە بکەن. ئەم هونەرمەندە هەرچەندە ئاستی خوێندەواری كەم بووە، بەڵام سوودی زۆری لەهۆنراوەی شاعیران ( هەژار، هێمن، هێدی، حاجی هاشمی نانەوازادەگان، وەفایی، مستەفا بەگی كوردی، شەریف، سوارەی ئیلخانیزادە و چەندانی تر)..وەرگرتووه و ئاوازی لەسەر داناون و بەدەنگە خۆشەكەی وتوونی. لە ساڵی (1974) هونەرمەند لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی كرماشانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان لە بەرانبەر بەخشش و كارە هونەرییەكانی پێدەبەخشرێت. هونەرمەند ئیبراهیمی قادری، خاوەنی كەسایەتییەكی بەرز و خۆشەویست بووە و لە ماوەی ژیانی هونەریدا لەگەڵ زۆر لە هونەرمەندان پێكەوە گۆرانییان وتووە، لەوانە (حەسەن زیرەك، ڕەسوڵی نادری، سەید محەمەدی سەفایی، عەلی گڵێنانی، سەید عەلی سەردەشتی، قادر مامەندی و ئەحمەد شەنگە و ئیسماعیل سەردەشتی). لە دوای ڕاپەڕینی باشوری كوردستان لە ساڵی (1991) و هاتنەدی بارودۆخێكی جیاواز لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و كرانەوەی سنوور لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوور، هونەرمەند لە ساڵی (2003) بە یاوەری هونەرمەندی شمشاڵژەنی گەورە ( قالە مەڕە ) و لە ساڵی (2006) و دواین جار لە ساڵی (2014) هاتووەتە باشووری كوردستان و لە شاری سلێمانی و هەولێر، لەلایەن بەشێك لە كەناڵەكانەوە بانگهێشت كراوە و بەرنامەی هونەری لەو كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكان تۆماركردووە. هونەرمەند ئیبراهیم قادریی هونەرمەندی ناسراوی كورد، دوانیوەڕۆی سێشەممە لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. بە وتەی “کەمال موحیبی” کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی وتوویەتی: "ئیبراهیم قادریی چوار ساڵە تووشی نەخۆشیی زەهایمەر بووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش دۆخی تەندروستی خراپتر بووە تا دوێنێ بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کردو و ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمەکەی لە شاری مهاباد بە خاك سپێردرا.    

چۆن توانی ببێتە فەڕمانڕەوای بەتڵیمۆس؟ گێڕانەوە مێژوویەکان چۆن باسی ئەم خاتوونە هەڵکەوتووە دەکەن؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی  شاژنە کلیۆپاترای حەوتەم دوا فیرعەونی میسر بوو، یەکێکە بووە لە کەسایەتییە سەرنجڕاکێشەکانی شانشینی بەتلیمۆس. کلیۆپاترا لە 69ی پێش زایین لەدایک بووە، یەکێک بووە لە ژەنەڕاڵەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی کە دوای مردنی ئەسکەندەر بووەتە فەرمانڕەوای میسر. کلیۆپاترا لە ساڵی 51ی پێش زایین لەسەر تەختی پاشایەتی شان بە شانی برا بچووکەکەی، بەتلیمۆسی سێزدەهەم کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا بوو، هاوبەشی حوکمڕانی دەکرد، سەرەتای حوکمڕانییەکەی بە گێژاوی سیاسی و ململانێی دەسەڵاتی خێزانییەوە بەڕێ کرد.  کلیۆپاترا بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی هەوڵیدا خۆی لەگەڵ کەسایەتییە بەهێزەکانی ڕۆمانیادا یەک بخات، چونکە میسر لەژێر کاریگەری ڕۆمانیادا بوو، یەکەم بەریەککەوتنی بە ڕۆمانیا لە کاتێکدا بوو کە جولیۆس قەیسەر لە ساڵی 48ی پێش زایین سەردانی میسری کرد. لە کاتی شەڕی ناوخۆی ڕۆمەکاندا بەدوای پۆمپیۆدا ڕۆیشت. کۆبوونەوەی نێوان کلیۆپاترا و قەیسەر شتێکی ئەفسانەییە، بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، کلیۆپاترا بە دزییەوە چووەتە ناو کۆشکی قەیسەرەوە و بە سۆز و ژیرییە نائاساییەکەی، قەیسەری بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. دواتر قەیسەر پشتگیریی کلیۆپاترای کردووە تا لە شەڕی ناوخۆدا، شکست بە بەتلیمۆسی برای بهێنێت. کلیۆپاترا سەرکەوتوو بوو و تاجی فەرمانڕەوای کرایە سەری  و وەک تاکە فەرمانڕەوای میسر دەستنیشانکرا، دواتر کەس نەیزانی برا بچووکەکەی چۆن مرد. کلیۆپاترا پەیوەندیی لەگەڵ فەرماندەیەکی ڕۆمانی بە ناوی مارک ئەنتۆنی دەبەستێت. بەیەکەوە هەوپەیمانییەکی ترسناک پێکدەهێنن، دواتر کوڕێک بە ناوی قەیسەر (بەتلیمۆسی پازدەهەم) دێنننە دنیاوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە میراتگری قەیسەرە. قەیسەر لە ساڵی 44 پێش زایین دەکوژرێت و کلیۆپاترا بەبێ یار و هاوپەیمانێکی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە. کلیۆپاترا و مارک، هەردووکیان لە ساڵی 30 پێش زایین کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەڵام ئەفسانەکان دەڵێن: کلیۆپاترا بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی جۆرێک لە ژەهری ماری بەکار هێناوە، هەرچەندە ئەم بابەتە تا ئێستاش مشرومڕی زۆری لەسەرە و یەکلا نەبووەتەوە. مردنی کلیۆپاترا بە واتای کۆتاییهاتنی شانشینی بەتلیمۆس و سەربەخۆیی میسر بوو. کلیۆپاترا نەک هەر کەسێکی شارەزای ستراتیژی بوو، بەڵکوو بووە هێمای دەسەڵات و کولتوری میسریش. کەسێکی خوێندەوار بووە، شارەزاییەکی باشی لە چەند زمانێکدا هەبووە و زۆر لێزانانە، حوکمی میسری ئەوکاتەی کردووە. تاکوو ئێستاش، چیرۆکی کلیۆپاترا ئیلهام و بیرۆکە بۆ چەندان کاری ئەدەبی و هونەری و سینەمایی لێوەردەگیرێت.  

هاونیشتیمانیان ئەمجارەش لەسەرژمێریدا پەرۆشی خۆیان بۆ نەتەوەى كورد دەربڕی بەرپرسەكان هەڵوێستی كەركووكیان لەبەرچاو دەگرن؟ یان سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بەكار دەهێنن؟! ئامادەکردنی: هاوڵاتی ڕۆژی 20ی مانگی 11ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدرێت، تیمەکانی سەرژمێری سەرقاڵی پرۆسەکەن و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان، کە لە 17ی مانگەوە پرۆسەی گەڕان بە گەڕەکەکاندا دەستی پێکردووە و ولە قۆناغی کۆتاییدا، ڕۆژەکانی 20 و 21 ی مانگ قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت، بەمەبەستی مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا و بەڕێوەچوونی ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دروست. بەشێکی زۆر لە خاوەن سەرنج و چاودێرانی سیاسی  ترسیان لەم سەرژمێریە هەیە و پێیان وایە لێدانە لە پێگەی هەرێم و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردە، چونكە عەرەبێكی زۆر هاوردەی ناوچەكانی ماددەی 140 كراون و كوردێكی زۆرى ناوچەكانی ماددەی 140 دانیشتووی هەرێمی كوردستانن. بەرپرسە كوردەكان داوا لە کەرکوکییەکان دەکەن لەهەر شوێنێکن ئەم چەند کاتژمێرەی کە ماوە بگەنەوە شاری کەرکوک و بەشداربن لە سەرژمێری گشتیی دانیشتوواندا و داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان زامن بکەن. محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد و داوای لە هاوڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن و پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن. سودانی رایگەیاند، سەرژمێری تەنها داتا و کەڵەکەکردنی ژمارە نییە، بەڵکو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و راستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان. وتیشی، "باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات." لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەر هاوڵاتییەک بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کەرکوک و شوێنی مانەوەی نەبێت هاوکاریی دەکەن. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت هاوڵاتییان ئەوە بزانن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی و ئێمە وەک حکومەت هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەکەین". بەپێی دوایین زانیارییەکان كەركووكیەكان بەلێشاو دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ خۆناونووسكردنیان لە كركووك و ئەمەش بەوتەی بەرپرسان لە بەرژەوەندی كورد دەشكێتەوە، بەڵام ئاخۆ بەرپرسانی كورد ئەو هەڵوێستەی هاونیشتیمانیانی كەركووك لەبەرچاو دەگرن، یان هەر وەك جارانی پێشوو، تەنها سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بەكار دەهێنن؟!

چی دەزانیت لەبارەی ئەو کارەساتە ئەتۆمییەوە کە لە ساڵی ١٩٨٦دا ڕوویدا؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لە ٢٦ی نیسانی ١٩٨٦دا جیهان شایەتحاڵی یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی ئەتۆمی بوو لە مێژوودا، ئەویش کارەساتی چێرنۆبڵ بوو. وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبیل دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی پریپیات لە باکوری ئۆکرانیا کە ئەوکات بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤیەت، تەقینەوەیەکی کارەساتباری بەخۆیەوە بینی کە بڕێکی زۆر مادەی تیشکدەرەوەی ئاڕاستەی ناو ژینگە کرد. ئەم کارەساتە نەک هەر مەترسییەکانی وزەی ئەتۆمی ئاشکرا کرد، بەڵکو هاوکات کەموکوڕیەکانی وەڵامدانەوەی حکومەتی سۆڤیەتیشی بۆ قەیرانەکە ئاشکرا کرد. کارەساتەکە لە کاتی تاقیکردنەوەی سەلامەتی درەنگانی شەودا لەسەر ڕیاکتۆر ٤ی کارگەی چێرنۆبیل ڕوویداوە. تاقیکردنەوەکە بۆ پچڕانی کارەبا و دیاریکردنی ئەوەی کە تۆرباینی ڕیاکتۆرەکە دەتوانێت کارەبا بەرهەمبهێنێت بۆ ساردکردنەوەی ناوکەکە، داڕێژرابوو. بەهۆی تێکەڵەیەک لە دیزاینی ڕیاکتۆرەکەدا، بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبەر و پرۆتۆکۆڵی سەلامەتی ناتەواوەوە، تاقیکردنەوەکە بە شێوەیەکی ترسناک هەڵەی تێدا کرا. بەرهەمی هێزی ڕیاکتۆرەکە زۆر دابەزی، دواتر بەرزبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراو لە گەرما و پەستاندا. تەقینەوەی هەڵمیی  دەفری ڕیاکتۆرەکەی شکاند و قاپە کۆنکرێتیییەکەی هەڵفڕی و پاشماوەی تیشکدەرەوەکانی بڵاوکردەوە بۆ ناو بەرگەهەوا. تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بوو کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بینای ڕیاکتۆرەکەدا و دەردانی گەردیلە تیشکدەرەکانی وەک یۆد و سیزیۆم و سترۆنتیۆمی تیشکدەر، کە ناوچەیەکی فراوانی ئەوروپایان پیس کرد و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی بێئەندازە وێرانکەر بوون. لە کاتی تەقینەوەکەدا دوو کرێکاری کارگەکە گیانیان لەدەستدا و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دوای ڕووداوەکە ٢٨ کرێکاری فریاکەوتن بەهۆی توندی تیشکەکانییەوە گیانیان لەدەستدا. دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت درەنگ دانیان بە قەبارەی کارەساتەکەدا نا، تا دوو ڕۆژ دواتر لە سویددا کاریگەریی بەرزبوونەوەی تیشکدانەوە دۆزرایەوە، لەوێوە جیهان لەو کارەساتە ئاگادار کرایەوە. پاشان کەوتنەخوارەوەی تیشکدەر لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوبووبووەوە، ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی دراوسێی لێکەوتەوە. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ناوچە پیسبووەکانی دەوروبەری چێرنۆبیل چۆڵکران، لەنێویاندا شاری پریپیاتی کە نزیک بوو لە شوێنی کرێکارانی کارگەکەوە. کارەساتی چێرنۆبڵ لێکەوتەی دوور مەودای هەبوو، چ بۆ هێزی ئەتۆمی و چ بۆ خودی یەکێتی سۆڤیەتیش. چونکە نهێنی و خراپی بەڕێوەبردنی سیستەمی سۆڤیەتی ئاشکرا کرد. هەروەها پیشەسازی ئەتۆمی جیهانی ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی زیاتر بووەوە، ئەمەش بووە هۆی بەهێزتربوونی ڕێساکانی سەلامەتی و خاوبوونەوەی بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی نوێ. ئەمڕۆ چێرنۆبڵ وەک هێمایەکی مەترسیی وزەی ئەتۆمی ماوەتەوە و میراتەکەی بەردەوامە لە داڕشتنی مشتومڕەکاندا سەبارەت بە سیاسەتی وزە و پاراستنی ژینگە لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها بە یادهێنەرەوەی ئەو ساتە تاریکانەیە کە هێزی تەکنەلۆژی و توانا مرۆییەکان دەستەوسان دادەمێنن بە دیار کارەساتەکانەوە. بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە وزانە بکرێت، کە بچوکترین هەڵەکردن لە ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنیاندا ڕەنگە کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

چۆن دەتوانرێت ئاڕاستەکانی چەپ و ڕاست لە مرۆڤدا دیاری بکرێت؟ جیاوازی چەپدەستەکان و ڕاستدەستەکان چییە و توێژینەوەکان چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی چەند توێژەرێکی ئەمریکی لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە ئەنجامی پشکنینی مێشک دەریدەخات کەسانی چەپ دەست یاخود چەپە، بە شێوەیەکی جیاوازتر بیردەکەنەوە لە کەسانی ڕاستە. چونکە ئەو کەسانە زیاتر لای ڕاستی مێشکیان چالاکترە بۆ ئەنجامدانی هەندێک ئەرکەکانیان. شارەزایان پێیان وایە ئەم جیاوازییە لە کارکردنی مێشکدا دەتوانێت داهێنان ئاسانتر بکات. ئێریک زیلمەر، مامۆستای دەروونناسی دەمارەکان لە زانکۆی درێکسێل لە ئەمریکا دەڵێت: کەسانی چەپ دەستەکان کەمتر دابەشبوونی مێشکیان نیشان دەدەن لە چاو ڕاست دەستەکان. جگە لەوەش دەڵێت؛ مێشکی مرۆڤ دابەش دەبێت بەسەر دوو(نیوەگۆی چەپ و ڕاست) کە هەر نیوەیەک بەرپرسە لە کۆمەڵێک ئەرک، نیوەگۆی چەپ بە گشتی پەیوەستە بە قسەکردن، نووسین، ژمێریاری، زمان و تێگەیشتنەوە، لە کاتێکدا نیوەگۆی ڕاست کۆنترۆڵی داهێنان و لێهاتوویی و ڕیتم و میوزیک و دەربڕینی هونەری دەکات. بە پێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٠ دەرکەوتووە کە چەپ دەستەکان لە کاتی سەیرکردنی دەموچاودا هەردوو نیوەگۆی چەپ و ڕاستی مێشکیان بەکاردەهێنن. بەڵام بۆ دەستڕاستەکان لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ناسینەوەی دەموچاو تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر لای ڕاستی مێشک وەستاوە و نیوەگۆی چەپ بەکار ناهێنن. کاتینا باجاج، توێژەری دەروونناسی کلینیکی و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای Daydreamers دەڵێت: "ئەمە دەرفەت بۆ چەپدەستەکان دەڕەخسێنێت کە زیاتر خەیاڵەکانیان بەکاربهێنن، چونکە ئەمە دەتوانێت یارمەتیان بدات بۆ پەرەپێدانی داهێنان". توێژەران بە تەواوی نازانن بۆچی نزیکەی ١٠%ی دانیشتوانی جیهان چەپەن. بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە چۆن و کەی کەسی ڕاستە یان چەپە دیاری بکرێت. لە توێژینەوەیەکدا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی پێشبینی حەزی منداڵ بکەن بە چاودێریکردنی ئەوەی کە حەزی لە جوڵەی کام دەستە لە سکی دایکیدا. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کەسانی ڕاستە جیاوازن لە کەسانی چەپە لە ڕووی ناهاوسەنگی مێشکەوە لە ١٠ ناوچەی دیاریکراوی مێشکدا. لە هەر ١٠ ناوچەکەی مێشکدا، مادەی خۆڵەمێشی نیوەگۆی ڕاست لە چەپدەستەکاندا تاڕادەیەک گەورەتر بووە لەوانەی کە ڕاستەن، ئەمەش پەیوەندی بە زیادبوونی سەرچاوە دەمارییەکانەوە هەیە بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ئەو نیوەگۆیە لە کۆنترۆڵکردنی دەستی چەپدا. هەروەها زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە جینات کاریگەری لەسەر دەستی ڕاست و چەپیش هەیە و پەیوەندی بە کەمی سیمیتری مێشکەوە هەیە لە بوارەکانی پەیوەست بە زمانەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لەو جینانەی کە لەم بابەتەدا بەشدارە بریتییە لە NME7، چونکە ئەم جینە کاریگەری لەسەر پێگەی ئەندامەکانی لەش وەک دڵ و جگەر هەیە. بە بڕوای فرانک، ڕەنگە ڕاستەکان و چەپەکان لە ماوەی گەشەکردنی مێشکی مرۆڤدا تا ڕادەیەک پەیوەندییان هەبووبێت و مێژوویەکی پەرەسەندنی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە چەپ دەستەکان بە تواناترن، چونکە ئەوانەی چەپەن بەشی لای ڕاستی مێشکیان چالاکانەتر کار دەکات.

چی دەزانیت لەبارەی کۆمەڵکوژی خوارزمییەکانەوە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لە ساڵی 1220، مەغۆلەکان هێرشێکی بەرفراوان دەکەنە سەر ئیمپراتۆریەتی خوارزمی، هێزەکانی جەنگیزخان شاری ئورگنچی دەگرن، کە یەکێک بوو لە دوایین قەڵاکانی فەرمانڕەوایانی خوارزمی. پاش گەمارۆیەکی دڕندانە و بەرگرییەکی زۆری خوارزمییەکان، مەغۆلەکان شارەکە داگیر دەکەن. لە ئاکامدا، یەکێک لە قێزەونترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دروست دەبێت و تێیدا، 70,000 دیل دەکوژرێن. ئەم دیلانە بە پلەی یەکەم لە سەرباز و خەڵکانی مەدەنی پێک هاتبوون و لە دوای پاشەکشەی هێزی خوارزمییەکانەوە جێمابوون. گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی شێوازی کوشتنیانەوە هەیە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بە شێوەیەکی ئێجگار دڕندانە و بێویژدانانە کوژراون. هەندێکیان بەکۆمەڵ، بە شمشێر و تیر و چەکی تر کوژراون، هەرچی ئەوانی تریش بوون، بە زیندوویی نێژراون یان وەک قەڵغان لە جەنگەکاندا بەکار هێنراون. ئامانجی مەغۆلەکان تەنها تۆڵەسەندنەوە نەبوو، بەڵکو ناردنی پەیامێکی ڕوون و ترسناک بوو: هەر کەسێک بە ڕووی مەغۆلەکاندا بوەستێتەوە، دووچاری چارەنووسێکی کارەساتبار دەبێتەوە. کوشتنی 70,000 کەس لە ئورگنچ تەکنیکێک بوو کە مەغۆلەکان بۆ دروستکردنی ترسی دەروونی بەکاریان هێنا. سوپاکەی جەنگیزخان زۆر پشتی بەوە دەبەست کە لە ڕێی دروستکردنی ترس و تۆقەوە و پێش ئەوەی بچێتە مەیدانی جەنگ، بە تەواوی ورە و ئیرادەی دژمنەکانی بشکێنێت. هەواڵی ئەم کۆمەڵکوژییە نامرۆڤانەیە و شێوازی کوشتنی دیلەکان، هەر زوو بە ناوچەکەدا بڵاو بووەوە و ترسێکی زۆری لە دڵی نەیارانی مەغۆلدا چاند.     ئورگنچ بە تەواوی لەناوچوو. مەغۆلەکان بینا و ژێرخانی شارەکەیان وێران کرد و کولتووری ئەو ناوچەیەیان سڕییەوە. ئیدی ئەم شکستە، بەرە بەرە کۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی خوارازمی هێنا و مەغۆلەکانیش بە سەرکردایەتیی جەنگیز خان، زیاتر پەلیان بەرەو ئاسیای ناوەڕاست هاویشت.    

سود و زیانەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێییە چییە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی دەستەواژەی «زیرەکیی دەستکرد» لەمڕۆدا زۆر بەکاردێت بەشێوەیەک زۆر کەس هەن دەترسن لەوەی رۆژێک بێت و ئامێر و رۆبوتە زیرەکەکان کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و بەسەرماندا زاڵ بن، راستە هێشتا ئەو واقیعە دوورە، بەڵام ئایا زیرەکیی دەستکرد چییە؟ لەڕووی گەشەسەندنەوە بە کوێ گەیشتووە؟ زیرەکی دەستکردبریتییە لە تیۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر کە توانای هەبێت چارەسەری کێشەکان بکات و هەندێک ئەرک ئەنجام بدات کە پێویستی بە زیرەکی مرۆڤە، بۆ نموونە تێگەشتن لە کەسی بەرامبەر، ئەنجامدانی گفتوگۆ، و دەیانجۆر چالاکی دیکە و هەموو ئەو شتانەی کە پێویستی بە مرۆڤ و ژیرییەکەی هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات. زیرەکیی دەستکرد ئەو زیرەکییەیە کە ئامێر و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر پیشانی دەدات، بەجۆرێکە هاوشێوەی توانا هزرییەکانی مرۆڤە، وەکو توانای فێربوون و گەیشتنە ئەنجام و کاردانەوە دەربارەی ئەو دۆخانەی لە ئامێرەکەدا بە بەرنامە نەکراوە، هەروەها زیرەکیی دەستکرد بە واتای ئەو کەرتە ئەکادیمییە دێت کاردەکات لە دروستکردنی کۆمپیوتەر و ئەو بەرنامانەی توانای ئەوەیان هەیە رەفتاری زیرەکانە بنوێنن. جۆن مەکارسی کە ساڵی 1955 ئەم دەستەواژەیەی داناوە دەڵێت: زیرەکیی دەستکرد بریتییە لە زانست و ئەندازیاریی دروستکردنی ئامێری زیرەک.  لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە لەو بوارەدا روویداوە و تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» دیارترین سیمایەتی، کاری بریتییە لە پەرەپێدانی تۆڕی دەماریی دەستکرد شێوەی کارکردنی وەکو مێشکی مرۆڤ وایە، واتا توانای ئەوەی هەیە ئەزموون و تاقیکردنەوە و فێربوون و پەرەپێدانی خودی خۆی بکات بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ. تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» سەلماندی توانای ئەوەی هەیە وێنەکان بناسێتەوە و لە رستەکان تێبگات و وەریانگێڕێت بۆ زمانی دیکە، لەگەڵ چەندان توانای تر کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی هاندا بە تایبەتی فەیسبووک و گۆگڵ تاوەکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن و لێکۆڵینەوەکانیان لەو بوارەدا چڕبکەنەوە بەبێ گوێدانە ئەو هۆشدارییانەی دەدرێت لەبارەی ئەوەی رەنگە گەشەسەندنی زیرەکیی دەستکرد هەڕەشە بێت بۆ مرۆڤایەتی.   مێژووی زیرەکی دەستکرد مێژووی زیرەکی دەستکرددەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم. کاتێک هێزەکانی ئەڵمانیا ئامێری ئینیگمایان بەکارهێنا بۆ کۆدکردن و ناردنی نامە بە شێوەیەکی پارێزراو و زانای ئینگلیزی ئالان تورینگ هەوڵی شکاندنی ئەو کۆدانەی دەدا. تۆرینگ و تیمەکەی ئامێری بۆمبیان دروستکرد کە ئەو مەتەڵەی چارەسەر کرد. هەردوو ئامێری ئینیگما و بۆمب بنچینەی فێربوونی ئامێرن کە یەکێکە لە لقەکانی ژیری دەستکرد. تۆرینگ ئامێرێکی بە زیرەک دادەنێت کە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤێکدا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی قسەکردن لەگەڵ ئامێرەکە پێبدات و ئەمەش پرسی بنەڕەتی زیرەکی دەستکردە، واتە دروستکردنی ئامێرێک کە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و بڕیار بدات و مامەڵە بکات.   داهاتووی زیرەکی دەستکرد لەلایەکی دیکەوە تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی خێرا پەرەدەستێنن و ساڵ بەساڵ ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە جیۆفری هینتۆن لێکۆڵەر لەبواری زیرەکیی دەستکرد لە کۆمپانیای گۆگڵ و زانکۆی تۆرنتۆ باس لەوە دەکات لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیرەکیی ئامێرەکان هاوشانی زیرەکیی مرۆڤ دەبێت. شایەنی باسە ئەم لێکۆڵەرە لەپشت پەرەپێدانی بەرنامەی گۆگڵی زیرەکی ناسراو بە «ئەلفانگۆ» وە بوو کە توانی لە پاڵەوانی یاری «گۆ» بەرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رای وایە نابێت لە زیرەکیی دەستکرد بترسین، چونکە هەر تەکنیکێکی نوێ جێی مەترسی دەبێت ئەگەر بەخراپی بەکاربهێنرێت و مەسەلەکە پەیوەستە بەشێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ تەکنەلۆجیادا بەشێوەیەک بۆ مرۆڤ زیانبەخش نەبێت. هاوکات مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و سەرۆکی فەیسبووک رای وایە ئەو ئامێرانەی زیرەکیی دەستکردیان هەیە رۆژێک لە رۆژان هەستە مرۆییەکانیان دەبێت وەکو بینین و هەستکردن تەنانەت لە مرۆڤیش زیاتر. 

چی دەزانیت لە بارەی چیرۆکی ئەو سیخوڕەوە کە مامۆستای فڕوفێڵ و خۆگۆڕین بووە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی سیدنی ڕایڵی ئەو کەسایەتییە سەیروسەمەرەیەی کە ژیانی دەڵێی ڕۆمانێکە. لە ساڵی 1874 لە ڕووسیا لەدایک بووە و یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییە گوماناوییەکانی ناو دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان. بنەچە و ڕەچەڵەکی ئەم سیخوڕە بە تەواوی ڕوون نییە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە خێزانێکی جوولەکە لەدایک بووە، هەندێکی تر دەڵێن لە ڕاستیدا ئۆکراینی بووە. هەر لە منداڵییەوە، شەیدای جیهانی سیخوڕی و سەرکێشی بووە، هەر ئەمەش وای لێ دەکات کۆچ بکات بۆ بەریتانیا و لەوێ دەست بە کارەکانی بکات. ڕایڵی مامۆستای فڕوفێڵ و خۆگۆڕین بوو. ئەم سیخوڕە، لە یەک کاتدا، هەڵگری دەیان نازناوی جیاواز بووە، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ڕوخسار و ڕەفتاری خۆی بەپێی هەلومەرج و دۆخێکی دیاریکراو بگونجێنێت. تێکەڵ بە چینێکی دیاریکراوی دەسەڵاتداری ئەوکاتی لەندەن دەبوو و لە هەمان کاتیشدا لە پشتەوە، چالاکیی تری ئەنجام دەدا. ڕایڵی تەکتیکزانێکی مەزنی جەنگ بووە. لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ڕایلی بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانیا کاری دەکرد، چەندان ئەرکی مەترسیداری ئەنجام داون، بۆ نموونە  دزەکردن بۆ ناوچەکانی دوژمن و کۆکردنەوەی زانیاریی گرنگ. توانای سەرسووڕهێنەری ئەو لە فریودان و بەجێگەیاندنی ئەرکی مەحاڵ، وای لێ کرد کە وەک ئەستێرەیەک لەناو جیهانی سیخوڕاندا بدرەوشێتەوە. لە ساڵی ١٩١٨ ڕایڵی لە کودەتای دژ بە حکوومەتی بەلشەڤیکەکانەوە گلا و دەکرێ بڵێین ئەمە بوێرانەترین کاری ئەو بووە، هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو پلانی بۆ کوشتنی لینین داڕشت، هەرچەند لەم کارەیدا شکستی هێنا، بەڵام ئەمە بوێری و چاونەترسیی ڕایڵی دەردەخست لەوەی کە سڵ لە هیچ کارێک ناکاتەوە. لە کەیسێکدا، ڕایڵی بەرپرسێکی ڕووسی قایل دەکات کە بەرەو بەریتانیا هەڵبێت و بەڵێنی دەداتێ کە لەوێ پارێزراو دەبێت و هیچی لێ ناکرێت، بەڵام هێندە نابات و هەر ئەوەندەی ئەم بەرپرسە پێ دەنێتە بەریتانیا، دەکوژرێت. ئەم ڕووداوە دیوێکی تری دزێو و دڕندانەی ڕایڵی سیخوڕمان نیشان دەدات. ژیانی سەرکێشانەی ڕایڵی لە ١٩٢٥دا کۆتایی دێ، بەڵام بە شێوازێکی تەمومژاوی. پاش زنجیرەیەک سەرکێشیی سەیروسەمەرە، ڕایڵی لە لایەن سیخوڕەکانی سۆڤیەتەوە دەستگیر دەکرێت، بەڵام کەس نازانێت کە دواتر چی لێ دەکەن و وردەکاریی مردنەکەی نادیارە. هەندێکیان دەڵێن لە سێدارە دراوە، هەندێکی تر پێیان وایە هەڵاتووە، بەهەرحاڵ، کۆتایی و دیارنەمانی ڕایڵی تا ئێستەش، هەر بە نەزانراوی ماوەتەوە.

لە ئەفریقای باشوور، ئاژەڵان زیاتر لە مرۆڤ دەترسن وەک لە شێر توێژینەوەیەک دەیسەلمێنێت، دەنگی مرۆڤ لای ئاژەڵان سامناکترین دەنگە   ئامادەکردنی: هاوڵاتی زیاتر لە 10,000 نموونە، نیشانی دەدەن کە ٪95 ئاژەڵەکان زیاتر لە دەنگی مرۆڤ دەترسن، وەک لە نەڕەی شێر. سەرەڕای هێز و خێرایی و توانای شێرەکان بۆ ڕاوکردن، توێژینەوەیەکی تازە دەری خستووە کە ئاژەڵەکانی ساڤانای ئەفریقا زیاتر لە مرۆڤ دەترسن وەک لە شێر. مایکل کلینچی زیندەوەرزان لە زانکۆی وێستێرنی کەنەدا دەڵێت: شێرەکان دەبێت تۆقێنەرترین ئاژەڵ بن، چونکە زۆرترین ئاژەڵی دڕندە و بەکۆمەڵ ڕاو دەکەن. حاڵەتەکە بەم جۆرەیە، ئەگەر ئاژەڵێک شیردەر بێت، ئەوا بە نەخۆشی یان برسییەتی نامرێت، بەڵکو لە لایەن ئاژەڵێکی تری دڕندەوە ڕاو دەکرێت، جا تا ئەم ئاژەڵە شیردەرە قەبارەی گەورەتر و سامناکتر بێت، ئەوا دژەکەشی بە هەمان شێوە گەورەتر دەبێت. شێرەکان گەورەترین ئاژەڵی ڕاوکەری وشکانین لەسەر ئەم هەسارەیە و بۆیە دەبێت ترسناکترین بن. ئێمە ئەم بەراوردە دەکەین تا بزانین کە ئایا مرۆڤ لە تۆقێنەرترین و بەسامترین ئاژەڵی دارستان سامناکترە؟ پاش وەرگرتنی 10,000 تۆماری کاردانەوەی ئاژەڵی کێوی، زانایان بۆیان دەرکەوت کە ٪95 ی ئاژەڵەکان زیاتر لە دەنگی مرۆڤ دەترسن وەک لە نەڕەی شێر. ئەو بیرۆکە باوەی کە دەگوترا ئاژەڵان لەگەڵ مرۆڤدا ڕاهاتوون و هەست بە سەلامەتی دەکەن، بە تەواوی ڕاست نییە و ئەم بەڵگانە پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێن.   تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی وێستێرن تۆماری دەنگی جۆراوجۆریان بۆ ئاژەڵان لێدا لە چاڵەکانی پارکی نەتەوەیی کروگەر لە ئەفریقای باشوور. تەنانەت لە ناوچەیەکی پارێزراودا کە بە ژمارەی شێرەکانی ناسراوە، ئاژەڵەکان کاردانەوەی توندتریان بەرانبەر دەنگی مرۆڤ هەبوو و نیشانی دەدەن کە مرۆڤ وەک هەڕەشەیەکی گەورە تەماشا دەکرێت. زانێت دەڵێت: "پێم وایە بڵاوبوونەوەی ترس لە کۆمەڵگەی شیردەرانی ساڤانا بەڵگەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ کاریگەریی ژینگەیی مرۆڤ. نەک تەنیا بەهۆی لەدەستدانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و لەناوچوونی جۆرەکان، کە هەموویان هۆکارگەلی گرنگن، بەڵکو تەنیا بەهۆی بوونی ئێمەوەیە، کە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار دەردەکەوین لای ئەوان.  ."      

تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان 20 دۆلارە ئایا كێشەكانی فرۆشتنی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارە سەر دەڕوات؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵە پەسەند کرد كە تایبەتە بە تێچوی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی هەموارەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان له بودجەدا بڕی 16 دۆلارى دیاریكردووە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم، بەڵام تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە ئێستادا له هەرێمى كوردستان ٢٠ دۆلارە. ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (١٢/دوەم/ج)  لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە 13ی ساڵی 2023 پەسەند کرد و بەپێی ئەم هەموارە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی 16 دۆلار خەرجدەکات بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم کە بڕەکەی لە یاسای بودجە بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە، بەمەرجێک لەلایەن کۆمپانیای (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت پشتبەست بە بڕگە و مادەكانى یاسای بودجە. هەموارەکە بڕی ئەو 16 دۆلارە بۆ تێچوی بەرمیلێک وەک پێشینە ئەژمار دەکرێت لە سەرەتادا تا ئەوکاتەی لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستنیشان دەکرێت خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە بەرکاربونی هەمواری یاساکە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بە جیا دەکات. یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لە ماوەی رابروود زۆری تێچوی  بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بوو، کە لەیاسای بودجە بە تێکڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێم بە شەش دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکراوە، جگە لە جیاوازی نیوان گرێبەستە نەوتییەکانی هەردولا، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و عێراق. راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە نزیکەی سالێک و حەوت مانگە بەردەوامە، زیانی دارایی زۆری گەیاندوە بە ئابوری هەرێم و عێراق، بەڵام لە ئێستادا ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ پەسەند دەكرێت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، بەپێی وتەی مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ٢٠ دۆلارە و بەرمیلێك نەوت بە ٣٥ دۆلار دەفرۆشرێت. لە ٢٥ی ئادارای ٢٠٢٣ەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە بە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا هیچ هەڵوێستێك و كاردانەوەیەكی نەبووه بەرامبەر بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و دیار نیە كێشە نەوتیەكانی نێوانیان چارە سەر دەبێت یان بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، یان ئاڵۆزتر دەبێت. جۆری گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بە ناشارەزایی كراوە و شیرینیەكی زۆر لەبەرامبەریدا وەرگیراوە و سەرلەبەری پڕۆسەكانی گەڕان و پشكنین و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی ستاندارە جیهانیەكانەوە بوون، ئەمەش بۆتە هۆی زۆری تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم. كاتێك كێشەكان ئەگەنە چارەسەر بە ئاگاداری حكومەتی عێراق گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم نوێبكرێنەوە.

ئایا چەكەكانی پێشمەرگە، چەكی دەوڵەتن؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەی عێراق لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ UN نەخشە ڕێگای داهاتوی ئارامی و ئاسایشی داهاتوی عێراقی بەستەوە بە کۆنترۆلکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و بۆ ئەم ئەرکەش لە بری سیاسیەکان و حیزبەکان داوای لە دەستەبژێری کۆمەڵگە کرد ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ. سیستانى لەکاتى پێشوازیکردن لە محەممەد حەسسان نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووکان لە عێراق رایگەیاند دەبێت عێراقییەکان، بەتایبەت دەستەبژێرى هۆشیار، پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕبوون و کار بکەن بۆ هێنانەکایەى داهاتوویەکى باشتر بۆ عێراق، کە هەمووان تیایدا بە ئاسایش و سەقامگیرى و گەشەسەندوویی بژین، بەڵام ئەوە نایەتەدى بەبێ دانانى پلانێکى زانستى و کرداری بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەسەر بنەماى دەستپاکى و رێگرى لە دەستوەردانى دەرەکى بە سەرجەم  شێوازەکانى، چەسپاندنى دەسەڵاتى یاسا، سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت و بنەبڕکردنى گەندەڵى لە سەرجەم ئاستەکان. دوابەدوای داواكەی سیستانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری خۆی بۆ داواكەی سیستانی راگەیاند، ئەمەش لە كاتێكدایە ناوچەكە بەگرژی و ئاڵۆزیدا تێپەڕدەبێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس زۆر پەرەی سەندووە و پەلی هاوێشتووە بۆ عێراق و گروپە چەكداریەكانی عێراق كە ناسراون بە بەرەی موقاوەمەی عێراق زیاتر لە جارێك لە خاكی عێراقەوە، ئیسرائیل و هێزەكانی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج  و زەرەروزیانی گیانیان پێگەیاندون و ئیسرائیلیش هۆشداری داوەتە عێراق و رایگەیاندوە كە وەڵامی دەبێت و ئەو گروپانە دەكاتە ئامانج. هەڵوێستەكەی سیستانی سەبارەت بە کۆنترۆلکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە، کاریگەری لەسەر چەکی پێشمەرگەش دەبێت، بەو پێیەی ئەو هێزە هێزی دەوڵەت نیيه و سەر بە دوو حزبن و زیاتر لە جارێكیش سەركردەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگەیان بە میلیشیا و بە نایاسایی ناوبردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن و دەرئەنجام ئەو چەكانەی پێشمەرگەش بە چەكی دەرەوەی دەوڵەت هەژمار دەكرێن.   سیناریۆكانی كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە لەدوای داواكەی سیستانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە و پشتگیریكردنی حكومەتی عێراقی لە داواكەی، بێگومان هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەتی عێراق دەبێت كۆنتڕۆڵكردنی ئەو چەكانە بێت، بە تایبەتی چەكی ئەو میلیشیا و گروپانەی لە دەرەوەی یاساوە چەكداركراون و بونەتە هۆی تێوەگلانی عێراق لەو جەنگانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە، ئەمەش هەلێكی زێڕینە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، تاكو بەو بیانووە كۆنتڕۆڵی چەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بكەن. ئەگەرچی مەبەستەكەی سیستانی روون و ئاشكرایە و داوای كۆنتڕۆڵكردنی ئەو چەكانە دەكات كە میلیشیاكان بەكاری دەهێنن و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر عێراق، بەڵام چەكەكانی پێشمەرگەش چەكی دەوڵەت نین و هێزی حزبین، بۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق هەر جۆرێك لەو هەنگاوانە بگرێتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنى چەك، ئەگەرێكی زۆر هەیە یەكێك لە سیناریۆكان كۆنتڕۆڵكردنی چەكی پێشمەرگە بێت.