رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێت: هێزەکانی سوریا خەڵك لە باڵخانەكانەوە فڕێدەدەنە خوارەوەو مەترسی پاكتاوی رەگەزی هەیە. ر ۆژنامەكە بەریتانیەكە ئاماژە بەوەدەكات: دوای شەڕێکی خوێناوی کە چەند رۆژێکی خایاند، سوپای سوریا  دوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب گرت و بەهۆیەوە دەیان كەس کوژراون و وێرانکردنێكی فراوانی ناوچە نیشتەجێبونەکان و ئاوارەبوونی هەزاران كەس و دەستگیركردنی 300 کەسیشى بەدواداهات ، كە هەڕەشەی کوشتنیان لەگەڵدا بووە، بەپێی راپۆرت و بەڵگەی بینراو. ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دانیان بەو رۆڵە یەكلاكەرەوەیەدا ناوە کە هێزە کوردییەکان لە شکستپێهێنانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیویانە، ئەمەش مەترسی دروستکردووە کە ئاوارەكردنیان یان چەكداماڵینیان، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپانە. راشیدەگەیەنێت: کوردانی ناوچەی رۆژهەڵات، چ لە چوارچێوەی سوریا و چ لە ئێران، روبەڕوی مەترسیی زیاتر دەبنەوە: یەکێکیان لە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پێشوی رێکخراوی قاعیدە و ئەوی دیکەشیان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کە سەرکوتکارییەکانی لە ناوچە کوردییەکان پەرەپێداوە لە گەرمەی  نائارامییە مەدەنییە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتەدا. گرتە ڤیدیۆییە نیگەررانكەرەكان لە حەلەب مەترسی تایبەتی لێکەوتووەتەوە، رۆژنامەی زە ئیکسپرێس کاردەکات لەسەر لێكۆڵینەوە لە دروستيی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە، لە گرتەكاندا دەردەكەوێت جەنگاوەرێكی ژنی كورد لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدرێت، گەڕەکەکان وێران دەکرێت، هێزەکانی سوریا و چەکدارە کوردەکان تەقە لەیەك دەكەن، خێزانەکان پەنا بۆ ژێرزەمینەکان دەبەن و هەزاران کەسیش ناچار دەکرێن ماڵەکانیان جێبهێڵن یان چۆڵی بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران ئەو هێڵە سورەی بەزاندووە كە من بۆم داناوە و خەڵکی بێتاوانی کوشتووە، من ئەمە زۆر بە جدی وەردەگرم، سوپاش دیراسەی ئەمە دەكات، ئێمە بیر لە بژاردەی زۆر بەهێز دەکەینەوە، لەوانەش بژاردەی سەربازی. ترەمپ لە ناو فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی وتی: هەموو كاتژمێرێك پێشهاتە نوێکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانم پێدەگات، بەم نزیکانە بڕیار دەدەم. ترەمپ ئەوەشی ئاشكراكرد: تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتۆن كردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبونەوە لەو بارەیەوە لە ئارادایە، بەڵام بەدووری نەزانی پێش ئەو كۆبونەوەیە رێوشوێن بگیرێتەبەر. ئەوە لەكاتێكدایە،  رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە: ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە سەبارەت بە بژاردە بەردەستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران گفتوگۆ دەكات.

سەرچاوەکان باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەو دوو بەرپرسە لە پەیوەندییەکدا باسیان لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کردووە، لەوانە دۆخی ئێران. بە گوێرەی فۆکس نیوز ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە "ئامادەباشییەکی بەرزدا" بووە. ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران پێیان ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیانەوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە دۆخی غەززە، پێشهاتەکانی سوریا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە کە ناوەکانیان نەهاتووە، ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، دۆخی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە کردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ و ڕوبیو هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئامادەی گفتوگۆکە بووە، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکایی تەنها پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئامادەنەبوو وردەکارییەکان بخاتەڕوو. هاوکات باراک ڕاڤید، سەرپەرشتیاری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیوەندییە گفتوگۆیەکی ڕۆتینی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی زیاتر بووەتەوە. ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕژێم پەنا بۆ توندوتیژیی بەربڵاو ببات، ئەمەریکا وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەداتەوە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران وەڵامی راستەوخۆی دەبێت و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو ئیسرائیل لە مەودای ئامانجەكانی ئێراندا دەبن. قالیباف لە میانی وتەیەكدا لە دانیشتنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، دوژمنی بە قۆستنەوەی داخوازییەکانی گەلی ئێران و ئەنجامدانی شەڕێكی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لە ناوەوە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا شكستی هێنا. باسی لەوەش کرد: وڵاتەکەی لە ئێستادا لە چوار بەرە لەگەڵ دوژمنی زایۆنی و ئەمریکا شەڕیكی سەرتاسەری بەڕێوە دەبات. قالیباف جەختی لەوە کردەوە: ئاسایشی بەردەوام مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابوری، وتیشی: ئەوانەی ئەو شەڕە تیرۆریستیەیان خولقاندووە، بژێوی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ زۆر بە توندی روبەڕوی ئەم شەڕە تیرۆریستییە دەبێتەوە.  ئاماژەی بەوەشدا: سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی فەرمی خۆی بۆ ئەو شەڕە راگەیاندووە، بەڵام ئێران روبەڕوی دەبێتەوەو پووچەڵی دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و بەرپرسانی ئاگاداری ڕۆژئاوا، ئاشکرای کرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" کردووە پلانێکی گشتگیر بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند ئامادە بکەن.  بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا لەوانە سەرۆک ئەرکانی هاوبەش دژی ئەم پلانە وەستاونەتەوە. ئەوان هۆشداری دەدەن؛ ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕەزامەندی کۆنگرێس بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئەمەریکا تێوەگلانی ململانێیەکی ناپێویست دەکات لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی، بەتایبەتی دانیمارک کە خاوەنی سەروەری یاساییە بەسەر ئەو خاکەدا. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن بازنەی نزیکی ترەمپ، بە سەرۆکایەتی ستیڤن میلەر ڕاوێژکاری سیاسی، هاندەری سەرەکی ئەم پلانەن. ئەوان دوای ئەوەی گرتنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان وەک سەرکەوتنێکی گەورە وەسف کرد، ئێستا پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا بە خێرایی کۆنترۆڵی گرینلاند بکات، پێش ئەوەی ڕووسیا یان چین پێگەی ستراتیژی لەو ناوچە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان بەدەستبهێنن. دیپلۆماتکارانی بەریتانیا پێیان وایە ترەمپ لە ڕێگەی ئەم جۆرە جووڵە دەرەکییانەوە دەیەوێت سەرنجی دەنگدەران لە کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لابدات، بەتایبەت لە کاتێکدا مەترسی لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس لە ئارادایە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات؛ هەر کردەوەیەکی سەربازی دژی گرینلاند، ترەمپ دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. دیپلۆماتکاران دەڵێن؛ ئەمە دەبێتە هۆی "داڕمانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناوەوە"، چونکە ناتۆ لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری وڵاتانی ئەندام دامەزراوە، نەک هێرشکردنە سەریان. بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارە کتوپڕە، فەرماندە سەربازییەکان هەوڵیان داوە سەرنجی ترەمپ بۆ ئامانجی دیکە ڕابکێشن کە کەمتر مەترسیدار بن، وەک؛ ڕووبەڕووبوونەوەی "کەشتییە تارماییەکانی ڕووسیا" (ئەو تۆڕە کەشتییەی سزاکان دەبڕن). لەگەڵ تاوتێکردنی بژاردەی هێرشکردنە سەر ئێران. ڕۆژنامەی دەیلی مەیل ئاماژە بەوە دەکات؛ دیپلۆماتکاران لە "کێبڵە نهێنییەکاندا" باسیان لەوە کردووە؛ بەکارهێنانی فشار یان هێز بۆ جیاکردنەوەی گرینلاند لە دانیمارک، دەبێتە هۆی دروستبوونی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی کە تێیدا متمانەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریکا بە تەواوی لەناودەچێت.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا (بە نوێنەرایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ) لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و وردەکاریی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکای ئاشکرا کرد:  دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە سزاکانی سەر سوریا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدات" بە حکومەتە نوێیەکە بۆ بوژانەوە و سەقامگیری. تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: ئەمڕۆ بەناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ وبیۆ وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەو ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوومەوە، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب هەنگاونان لە قۆناغی گواستنەوەی مێژوویی سوریا. باراك لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: سەرۆک ترەمپ پێی وایە ئەم ساتە نمایندەی دەرفەتێکی سەرەکی دەکات بۆ سوریایەکی نوێ، دەوڵەتێكی یەکگرتوو کە هەموو پێكهاتەكانی بە عەرەب، کورد، دروز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان، ئاشوری و ئەوانی دیکەشەوە، بە ڕێز و شكۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشدارییەکی ماناداریان پێبدرێت لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ئاسایشدا، بە داننان بەم دەرفەتە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدرێت بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت. حکومەتی ئەمریکا پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سوریا دەکات و پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع ،  ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سوریا کردووە، لەوانەش لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی پێداگری پۆڵاین و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە قوربانیدانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەمیشەیی لە دژی تیرۆر زۆر گرنگ بووە. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی سوریا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی یەکگرتن دووپاتکردەوە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژۆکرابوو، کە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا بە شێوەیەک دابین دەکات کە مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکێتی و سەروەری سوریا بەهێز بکات. پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە پێدەچێت تەحەدای مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکەن، بە قووڵی نیگەرانکەرن، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەوپەڕی دان بەخۆگرتن پیادە بكەن و دەستبەجێ واز لە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان بە پێی رێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسانی ٢٠٢٥، لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.  توندوتیژی هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەدەست هاتووە و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کەس ناکات.  تیمی روبیۆ لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بونیادنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنی هەمەلایەنە و بەرپرسیارانە- پرۆسەیەک کە ڕێز لە یەکێتی سوریا بگرێت، بنەمای یەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری دووپات بکاتەوە و پشتگیری لە ئامانجی یەک سوپای نیشتمانی شەرعی بکات. ئامانجی کۆتایی سوریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتووە لە ناوخۆدا و لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئاشتی بژی،  کە یەکسانی و دادپەروەری و دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتیانی گەرەنتی بکرێت. داوا لە دراوسێکانی سوریاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پشتگیری لەم دیدە بکەن و هاوکاری و پشتیوانی پێویست پێشکەش بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ببێتە واقیع.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەڵێت، دەمانەوێت ئاشتی لە حەلەب ببینین و شەڕ کۆتایی بێت، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سوریا هەیە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبەشێکى دیکەى كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیەکەیدا وتى:   لە ڤەنزوێلا شەقامێكیان بەناوی ترەمپەوە ناوناوە، بۆیە دەمەوێت لە ئێرانیش ئەمە ببینین.  سەبارەت بە ئێرانیش وتى- ئەمە دوو جارە بە سەركردەكانی ئێران دەڵێم، دەست بە تەقە نەكەن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئەگەر ئێوە دەستپێبكەن، ئێمەش دەست بەتەقە دەكەین.

 ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت لە سیاسەتی نوێماندا، کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ دارێژراوە، دەبێت سوپای ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی پارێزەر خزمەت بکات لەنێوان هێزە جیهادییەکان و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: ♦️ بۆیە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی شاخی حەمرۆن (جەبەل شێخ) و زۆنی ئەمنی سوریای بەدەستەوەیە و لەوێوە پارێزگاری لە کۆمەڵگەکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەین. ♦️ ئیسرائیل گەرەنتی پاراستن و سەلامەتی دروزەکان دەکات لە سوریا و ناهێڵێت زیانیان پێبگات، ئەمە هاوپەیمانیەتییەکی برایەتی راستەقینەیە لەگەڵ برا دروزەکانمان. ♦️ ئەم سیاسەتە لە بەرەی پێشەوەی هەموو سنوورەکان کاری پێدەکرێت و هەرواش دەمێنێتەوە.

تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، دەربارەی دۆخی ڤەنزوێلا و گرینلاند، ڕایگەیاند: بەڵێ، یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون، ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمە. پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەم 2026، ڕۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی بڵاوی کردەوە "دوێنێ چوارشەممە، تییۆ فرانکلین، وەزیری بەرگری، لە بەردەم لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەلجیکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی ڤەنزەوێلا و گرینلاند گوتی: من کەسێکی دووڕوو نیم، بەڵێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشیل کراون. ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەخت و بە ئازارداین کە دەبێ هاوار بکەین: بابە گیان، فریامان بکەوە!" فرانکلین، گوتیشی: کردەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا و ڕفاندنی سەرۆکەکەی و هەڕەشەکانی بۆ سەر گرینلاند، بێگومان پێشێلکردنی  یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەمەش وانەیەکی سەختە بۆ ئێمەی ئەورووپایی؛ ئاشکرایە لەمەو دوا 'هێزی ڕەق' واتە توانای سەربازی،  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژێت.  وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە بڕوای من، دەبێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی گرینلاند، بە جددی وەربگیرێن، چونکە کاریگەرییان لەسەر بنەماکانی پێکهاتەی ئەمنیمان و پەیوەندییەکانیمان لەگەڵ ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە هەیە." فرانکێن، لایوایە، تەنها لەبەر ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنانی کەم لەو "هێزی ڕەق"ـە و توانای سەربازیماندا کراوە، ئێستا ئەورووپا پەراوێز کەوتووە و تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت. ئەو گوتی: ئێمە لە جیهانێکدا بەئاگا دێینەوە کە جارێکی دیکە بە ئاشکرا لەلایەن هێز و توانای سەربازییەوە دیاری دەکرێت. جیهانێک، کە تێیدا تێڕوانین و باوەڕی ئێمە بە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی، بەهەند وەرناگیرێت.  وەزیری بەرگریی بەلجیکا،  ڕەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە بەردەوام ڕەخنە لە ئەمەریکا و ڕەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازی دەستەودامانی دەبن.  فرانکلین، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرکردایەتییە لاوازەکەی ئەورووپا و بەلجیکا لە دەیەکانی ڕابردوودا ئێمەی خستووەتە چ پێگەیەکەوە؟ لە پێگەیەکدا کە بەڕاستی دەبێت بە ئاغاکەی واشنتن بڵێن: بابە، بابە گیان، تکایە بەزەیت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە! ئەمە بەئازارە، ئەمە خۆش نییە، بەڵام چیمان لە دەست دێت؟ بە بۆچوونی وەزیری بەرگریی بەلجیکا، ئەورووپا دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە یەکپارچەیی خاک و دڵسۆزی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا جێگەی گفتوگۆ نین. بەڵام ئێستا ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لە دواوەیە و ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمەریکا ببێتەوە.  فرانکلین، هەروا گوتی: ئەم دۆخە تەنیا بۆ بەلجیکا نییە، بەڵکوو زۆر وڵاتی ئەورووپایی دیکە هەن کە بە تەواوەتی ڕادەستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بوونە..  وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریمان بەردەوامە، بەڵام ئەمە کارێکی درێژخایەنە و کاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە؛ دەبێت خۆشمان لەو لێدوانانە بپارێزێن کە خاڵە لاوازەکانمان دەردەخەن و زیان بە ئاسایشیی وڵات و ئەورووپا دەگەیەنن.

لە کۆبوونەوەکانیان باسی هەسەدەیان کردووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کۆبوونەوەکانی پاریس لەنێوان تیمی دانوستانکارانی ئیسرائیل و سوریا کە بە سەرپەرشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تەلئەبیبە و داواکانی دیمەشق پشتگوێخراوە.  لەدوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی چڕ، هەر سێ لایەنی ئەمریکی-ئیسرائیلی-سوری بەیاننامەیکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و سوریا رازیبوون بە دامەزراندنی شانەیەکی پەیوەندی بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی دۆخی سەربازیی، پەیوەندی دیپلۆماسی و زیادکردنی هەلی بازرگانی، سەرجەم ئەمانەش لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت. شاندەکەی سوریا بە سەرپەرشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندەکەی ئیسرائیلیش رۆمان گۆفمان، سکرتێری سەربازی نەتانیاهۆ و گیل رایک، راوێژکاری کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی تێدا بوو. ئەمە پێنجەم خولی دانیشتنەکانی هەردوولا بوو بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەسەر سنووری وڵاتەکانیان و کەناڵی ئای24نیوزی ئیسرائیلی دەڵێت، دیمەشق لاری لەسەر ئەوە نییە ئیسرائیل نووسینگەیەکی پەیوەندی و هەماهەنگی لە دیمەشق بکاتەوە بەو مەرجەی نووسینگەکە پێگەی دیپلۆماسی هەڵنەگرێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی سوریا خۆیەتی کە نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.  پیشتر داواکاری سوریا ئەوە بوو، ئیسرائیل بکشێتەوە لەو ناوچانەی باشووری سوریا کە لەکاتی رووخانی رژێمی ئەسەد داگیریکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا نەک هەر ئەوەی بۆ جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئیسرائیل بەنیاز نییە بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە بکشێتەوە.  لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل بە قووڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریاوە و پێگە سەربازییەکانی تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورن.  بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، واشنتن لە کۆبوونەوەکانی پاریس پێشنیازی دامەزراندنی زۆنێکی ئابووری کردووە لە ناوچەکانی سەر سنووری هەردوولا و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی گوتووە، ئەم زۆنە ئابووریە کێڵگە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن و باشترین خلیسکێنەی سەر شاخی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دادەمەزرێنرێت، درووزەکانیش تێیدا بەشدار دەبن کە باشترینن لە پێشوازیکردنی گەشتیاران. چۆن باسی هەسەدە کراوە؟ بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئای24نیوزی ئیسرائیلی، تەلئەبیب داوای لە واشنتن کردووە جارێ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوابخرێت لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا تاوەکو ئیسرائیل خۆی دەگات بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتا لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە ناوچەکانی سەر سنوور.  سوریا فشارێکی زۆر لە هەسەدە دەکات لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای وڵاتەکە رازیببێت و لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین جار هێرشکرایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ئێستاس دوو رۆژە هەمان هێرش لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشەقەوە بۆ سەر ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، هەسەدەش بە پیلانی تورکیای دەزانێت و دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا حەوت کەسی سڤیل کوژراون و 52 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا نزیكەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی ئەمەریکا دەکات و داهاتەکەشی لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەكەیدا دەبێت بەو سیفەتەی سەرۆكە.  ترەمپ لە سەكۆی تروس سۆشیال نوسیویەتی: دەسەڵاتدارانی کاتیی لە ڤەنزوێلا لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوالیتی بەرز و سزادراو رادەستی ئەمریکا دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو نەوتە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت، منیش وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەو پارانە بەڕێوەدەبەم بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ڤەنزوێلاو ئەمریکا بەکاردەهێنرێن. هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ترەمپ بەنیازە رۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکاو بەرهەمهێنەرانی دیکەی ناوخۆ لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا.

سەرەڕای شەرمەزاركردنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێك لە وڵاتانی جیهانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە کاراکاس ئەنجامدرا. ترەمپ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (MSNBC)، جارێكی تر شانازیی بەو بڕیارەوە كرد كە دەریكردووە. سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانی ڤەنزوێلا ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا دەگرێت. راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٦دا وتوویەتی: دەبوو ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لەو کاتەدا دروستکرد، بەڵام دەبوو نەوتی عێراقمان لە دەستی خۆماندا بهێشتایەتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: جیاوازی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیداو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدەدات ئەوەیە، ئەمجارە ئەمریکا نەوتی ڤەنزوێلا لە دەستی خۆیدا دەهێلێتەوە.

تۆقیوون لەوەی دوای مادورۆ سەرەی ئەوان بێت ئامادەکردنی هاوڵاتی لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و رفاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە، بۆ شاری نیویۆرک، کۆمەڵێک وڵات ترسی گەورەیان لێنیشتووە کە رەنگە ببنە نێچیری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.  دەستگیرکردنی مادورۆ سەرجەم هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەروەری خاک و جەنگی گۆڕیوە و ئێستا ئیتر هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی لەژێر سەروەری خاکی وڵاتەکەی بپارێزێت. ئاماژەیەکی گەورە هەیە ئەمجارە سەرەی ئێران بێت، بەتایبەتی ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامییان هەیە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا بەرپرسانی ئێران فشارێکی گەورەیان لەسەرە هەم لەلایەن خۆپیشاندەران وهەم لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە بەتەواوی دەستیان گیراوە و بژاردەی باشیان لەبەردم نییە بۆ دەرچوون.  بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی گوتووە،  بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دوای رووداوەکانی ڤەنزوێلا ترسیان هەیە رەنگە ببنە قوربانی داهاتووی سیاسەتە تووندەکانی ترەمپ، ئێستا لە تاران ترسی ئەوە دروستبووە رەنگە ترەمپ یان ئیسرائیل کردەی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام بدەن.  هەرچەندە تا ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 22 شار و پارێزگا فراوان بوون، بەڵام هێشتا لەرووی قەبارە و ژمارەوە بچووکە و نەگەیشتووەتە ئاستی نارەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی لە 2022 بۆ 2023. تائێستا 19 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و پێشتر ترەمپ گوتی، هەر بزانین ئێران خۆپیشاندەران دەکوژێت یەکسەر دەستوەردان دەکەین و خۆپیشادەران رزگار دەکەین.  رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات و هەڕەشەی هێز بەکاربهێنێت یان هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات بەمەبەستی پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران. رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت،  تا کاتی پێش دەستگیرکردنی مادورۆ، زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بەو جۆرە لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان نەڕوانیوە کە گۆڕینی رژێم پێویست بێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. ئۆرشەلیم پۆست دەشڵێت، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بڕیاری کۆتایی درابێت لەسەر بابەتەکە و تەنها بۆچوونێکە کە دروستبووە، بەڵام وادەردەکەوێت دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بۆ ئیسرائیل بووبێتە جێی سەرسوڕمان و هێرشەکە هەموو حساباتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە گۆڕیوە. تەنها ئەمە نییە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لە دۆخێکدان کە پلانی هەڵهاتنیشیان داناوە. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پلانی داناوە بۆ مۆسکۆ هەڵبێت لە حاڵەتی ئەوەی خۆپیشاندانەکان فراوان ببن و توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نەمێنێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ لەگەڵ 20 کەس لە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکەی و راوێژکارەکانی، کە موجتەبای کوڕیشی تێدایە، فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادەکراوە و رێی دەرچوونیانە ئەگەر بزانن سوپای پاسداران شکست دەهێنێت و خۆپیشاندەران سەردەکەون. سەرچاوەکە دەشڵێت، پلانی هەڵاتنەکە ئەمانە لەخۆدەگرێت، کۆکردنەوەی سەروەرت و سامان و بردنی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان بۆ مۆسکۆ، ئەمەش هەمان تاکتیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخاوی سوریایە کە لە کۆتایی 2024 بۆ مۆسکۆ هەڵات. تەنانەت پێش رووداوەکانی ڤەنزوێلاش، ترسی ئەوە هەبوو لە 2026 ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر ئێران چونکە بە گویرەی راپۆرتێکی ئاکسیۆسی ئەمریکی، نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل هێرشەکەی پێشوویان بەدڵ نەبووە و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ لای ترەمپ باسی ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێرانی کردووە.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی دەڵێت چەند ئاماژەیەکمان بەدەستگەیشتووە دەریدەخات ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەجۆرێک دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بکات. لە هەمانکاتدا ئیسرائیلیش لەوە دەکۆڵێتەوە لابردنی مادورۆ لەسەر دەسەڵات دەکرێت ببێتە پێشینەیەک بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی دژی رژێمی ئێران. لەلایەکى دیکەوە،  رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی زانیاری لەبارەی رێککەوتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكراكردووە، لەبارەی وەشاندنی گورزی نوێ  لە ئێران، لە ئەگەری پابەندنەبونی بە داواکارییەکانی ئەمەریکا، لە نێویاندا، راگرتنی پشتیوانیەكانی بۆ گروپە چەكدارەكان لە لوبنان، عێراق و یەمەن. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای لوبنانەوە بڵاویكردووەتەوە: هەڵوێستی سەرۆک "جۆزێف عەون " زیاتر مەیلی بەلای دڵنیابونە بە وریاییەوە، بەهۆی دوركەوتنەوەی دێوەزمەی  شەڕ، بەڵام ئەمە بە مانای دووركەوتنەوەی تەواوەتی نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم هەڵوێستە پاڵپشتە بە زانیاری و پێدراوەكان كە گەیشتووەتە دەسەڵاتى فەرمی لوبنان، لە دەزگا نێودەوڵەتییە باڵاکان و باڵیۆزخانەکانی رۆژئاواوە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ترەمپ و ناتانیاهۆ، لە میانی کۆبونەوەیاندا لە فلۆریدا لە 29ی مانگی رابردوو، رێککەوتون لەسەر وەشاندنی گوزری سەربازی لە ئێران ئەگەر نەیەتە پێشەوە بۆ دانوستان بە پێی مەرجەکانی ئەمەریکا، هەروەها بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەو، بەدوورگرتنی لوبنان لەم قۆناغەدا لە هەر هێرشێک کە ئاڕاستەی ئێران بکرێت. بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم بەدوورگرتنە مەرجدارە بەوەی حزبوڵا نەچێتە نێو شەڕەکەوە، بەو پێیەی هەر بەشدارییەکی ئەو حزبە روبەرشوی لێدانێکی فراوان و قوڵی ئیسرائیل دەبێتەوە کە زاحیەی باشوری بەیروت و  ناوچەی بیقاع بەتایبەتی دەکاتە ئامانج. رۆژنامەكە باسی لە هەوڵەكانی ریازيش كردووە لەگەڵ تاران بۆ چارەسەری پرسەكە، بەوپێەی سعودیە ترسێکی زۆر هەیە لەوەی هەر جەنگێک کە دژی ئێران بەڕێوەبچێت، دەبێت مایەی پشێوی و رەنگدانەوەی نەرێنی  لەسەر دەوڵەتانی کەنداو دەبێت. ئەمریکییەکانيش قەناعەتیان وایە ئەگەر ئێران بە پێی مەرجەکانیان بچێتە ناو دانوستانەوە، بە راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و راگرتنی پشتیوانی گروپە چەكدارەكان لە لوبنان و عێراق و یەمەن،عێراق و یەمەن، رەنگدانەوەی لەسەر دۆسییەی لوبنانيش دەبێت.

هاوەڵ و پشتگیریکاری سەرسەختی مەزڵوم عەبدییە ئامادەکردنی هاوڵاتی. عەمید کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانە لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەدوای ئەوەی هاوەڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد بۆ دیمەشق، بووەتە ناوێکی بەربڵاوی میدیا کوردی و عەرەبییەکان. لامبێرت کێیە؟ عەمید کیڤین جەی لامبێرت لە ساڵی 1971 لە فۆرت پۆلکی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا لە خێزانێکی سەربازی لە دایکبووە. لامبێرت لە ساڵی 1993 لە زانکۆی ساوس جۆرجیا بووەتە ئەفسەر و چەندین رۆڵی گرنگی پێدراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. ئەزموونەکانی لامبێرت زۆرن، تەنانەت راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش کردووە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 کاتێک فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80. لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، پۆستی فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئەرکە تایبەتەکانی لە عێراق و سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێدراوە. یەکەم کەسیش مەزڵوم عەبدی پیرۆزبابیی پۆستەکەی لێکرد و گوتی، بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لامبێرت دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە لەم کاتە هەستیاردا، کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە. لامبێرێتیش لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدی دا گوتبووی، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەقامگیری درێژخایەنەوە هەیە. لامبێرت، پشتگیریکارێکی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە بە سوپای سوریا. ئەوەی زۆترین چاوی چووەتەسەر سەردانەکەیەتی بۆ دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا.  ئامادەبوونی لامبیرت و هاوەڵیکردنی مەزڵوم عەبدی دەریدەخات کە گفتوگۆکان جیدین و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت وەک گەرەنتیکارێکی رێککەوتنەکە ئامادەبێت تا زامنی ئەوە بکات تێکەڵبوونی هەسەدە دەکەوێتە ئەو چوارچێوە فراوانە ئەمنییەی ئەمریکا دیاریکردووە. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی نافەرمی، مەزڵوم عەبدی و کێڤن لامبێرت بە یەک فڕۆکە سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت:  کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بوو لەچوارچێوەی دیالۆگە فەرمییەکاندا، هەردوولا رێککەوتن بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدەن لە چەند رۆژی داهاتوودا و بابەتی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا بەشێوازێکی رێکخراو تاووتوێ دەکرێت هەتاوەکو دەگەین بە ئەنجام.