گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: بەهۆی هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، کارۆڵاین لێڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی ھۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و پەیوەندیی و گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ھەبووە و بە وەردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. هەروەها گوتی: سەرۆک ئەمەریکا ھۆشداری توندی دایە بەرپرسانی ئێران و هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بۆ سەرۆک کۆمار ماونەتەوە. گوتەبێژی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری توندی داوەتە تاران لە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، ئەنجامی قورسی دەبێت.
هاوڵاتی راپرسییەکی نوێی کەناڵی سی ئێن ئێن دەریدەخات، سێ لەسەر چواری خەڵکی ئەمریکا دژی ئەوەن وڵاتەکەیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بدات. بەپێی راپرسییەکە، تەنها یەک لەسەر چواری ئەمریکییەکان پشتگیری ئەوە دەکەن حکومەتی ئەمریکا دەستبەسەر گرینلاندا بگرێت و 75٪ـی دژی ئەو هەنگاوەن. راپرسییەکە بە بەشداری هەزار و 209 کەس لەنێوان 9-12ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو بەشداربووانەی سەر بە پارتی کۆمارییەکانن یان مەیلیان بۆ پارتەکە هەیە نیوەیان لەگەڵ بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا نین بۆ دەستبسەرداگرتنی گیرنلاند. دیموکراتەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو دژی هەنگاوەکەن و ٩٤٪ـی لایەنگرانی پارتەکە رەتیدەکەنەوە. لەو کاتەوەی بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ چەندینجار باسی کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاندی کردووە و لەنوێترین لێدوانیشیدا گوتی، "هەر شتێک کەمتر لە کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند قبووڵکراو نییە." ترەمپ هۆکاری دەستبەرداگرتنی گرینلاند بۆ ئەوە دەگەرێنیتەوە کە وڵاتەکە خاوەنی کانزای بەنرخە و سنووری لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەگەر ئەمریکا دەستیبەسەردا نەگرێت، ئەوا رووسیا یان چین کۆنتڕۆڵی دەکەن. تەنانەت راپرسییەکە دەریدەخات ئەمریکییەکان نیگەرانن لە هەوڵی پاوانخوازی ئەمریکا چونکە نزیکەی شەش کەس لە هەر 10 کەسێک پێیانوایە ترەمپ زۆر زیادڕۆیی کردووە لە هەوڵی فراوانبوونی هەژموونی ئەمریکا. هاوکات، زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەربازیدا کردووە. نزیکەی 57٪ـی بەشدرابووانیش پێیانوایە سیاسەتەکانی ترەمپ سیمای ئەمریکایان لە سەرانسەری جیهاندا ناشرینکردووە.
هاوڵاتی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار ئەمریکا دەستی بە فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا کرد دوای دەستگیرکردنی نیکولاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. بەپێی هەواڵەکەی سی ئێن ئێن کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دایناوە، واشنتن بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یەکەم کاروانی نەوتی ڤەبزوێلای فرۆشتووە. ئەم فرۆشتنە بەشێکە لە گرێبەستێکی فراوانتری نەوتی وڵاتەکە بە بەهای دوو ملیار دۆلار. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، داهاتی فرۆشتنەکە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، کە بە پلەی یەکەم لە قەتەر جێگیرکراون، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارانە و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی . بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا زیاتر ببێت. فرۆشتنی نەوتی ڤەزوێلا هەنگاوێکی بەرچاوە لە بەشداریکردنی نوێی واشنتۆن لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە. لەئێستادا چەندین کۆمپانیای بازرگانی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای وزە کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە نەوتی خاوی ڤەنزوێلا. لەو کاتەوەت واشنتن مادوۆری دەستگیرکردووە، دۆناڵد ترەمپ بەروونی رایگەیاندووە پلانی ئەوەیە نەوتی ڤەنزوێلا بفرۆشێت و دەڵێت، پیشەسازی نەوتی ئەمریکا بە بەهای ١٠٠ ملیار وەبەرهێنان لە نەوتی ڤەنزوێلا دەکات. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمریکا هیرشیکی بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامدا و تێیدا نیکۆلاس مادورۆی دەستگیرکرد، دواتر گواستییەوە بۆ نیویۆرک بە چوار تۆمەتی جیاواز دادگایی دەکرێت.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپی رایانگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر ئێران و میدیای ئەمریکاش بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت هێرشەکە سنووردار بێت بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراو. رۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، دوو بەرپرسی ئەورووپا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەگەری هەیە ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکیش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە و دەڵێن، هێرشەکە بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراوە، لەوانە بنکە و بارەگا ئەمنییەکان، پڕۆگرامی ئەتۆمی و سیستەمی مووشەکی بالیستی. ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە یان بڕیوە. چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە. جگە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک ئەندامی ئەو یەکێتییە دژایەتییان بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ خۆپێشاندانەکان و کوشتنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەربڕیووە.
لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان، وەڵامێکی تووندی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە. رۆژی چوارشەممە 14-01-2026 گرام لە پەیامێکدا لە ئێکس، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سیناتۆر ریش (سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران) دەربڕی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا. گرام ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار دەکەینەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت." ئەم سیناتۆرە باڵایەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، راپۆرتی باوەڕپێکراوی پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی سوپای سووریا و تورکیا رەنگە بەرەو پێشڕەویی زیاتر بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکان. گرام گوتی: "پێموایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکان." گرام جەختی کردەوە، هەرچەندە پشتگیری لە پێدانی دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا دەکات، بەڵام "قبووڵی هیچ هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان ناکات." ئەو وەک "هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش" وەسفی کوردەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکان لە ساڵانی رابردوودا "پەیوەندییەکی توکمەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە." لینزی گرام پەیامەکەی بە هۆشدارییەکی روون بۆ دیمەشق و ئەنقەرە کۆتایی پێهێنا و نووسی: "ژیرانە بژاردەکانتان هەڵبژێرن." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شاری حەلەب لە هەفتەی رابردوودا شاهیدی پێکدادانی خوێناوی بوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون. لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن دیمەشق و کورد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە ناو حکومەتی نوێدا، بەڵام پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، نیگەرانییەکانی لە واشنتن زیاتر کردووە.
ئەمیر موسەوی، دیپلۆماتكارو شرۆڤەكاری ئێران دەڵێت: چاوەڕوان دەكەین ئەمریكا گورزی سەربازی لە دامەزراوە نەتەوتیەكان لە باشوری ئێران و فرۆكەخانەكان بوەشێنێت لەگەڵ وەشاندنی گورز لە كارخانەی دروستكردنی موشەك، ئامانجی یەكەمیش لە ناوبردنی ئیمام خامنەئییە. موسەوی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "رەشید" ئاماژەی بەوەكرد: وێستگەكانی كارەباش دەبنە ئامانج هێرشەكانی ئەمریكا، تەنانەت ئەگەری گەورە هەیە ئەمریكا گورزی ئەتۆمی لە ئێران بوەشێنێت. قسەكانی ئەو دیپلۆماتكاری ئێرانیە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكل لە دویان هەڕەشەیدا لە ئێران وتی: دۆئەگەر تاران دەست بکات بە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران، ئەمریکا کردەوەی زۆر بەهێزی دەبێت. ترەمپ چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" رایگەیاند: واشنتن بێدەنگ نابێت ئەگەر ئێران پەنا بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ببات. وتیشی: کاتێک ئەوان دەست دەکەن بە کوشتنی هەزاران کەس و ئێستا باسی لەسێدارەدانم بۆ دەکەن، دەبینین دەرەنجامەکەی بۆ ئەوان چۆن دەبێت، من هەموو کۆبونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران رادەگیرێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب هاتە دەنگ و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی وڵاتەکە، دانبەخۆدابگرن و لەبری توندوتیژی، بە نیازپاکییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە بارەی دۆخی حەلەب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە نزیکەوەی چاودێری پەرەسەندنەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین. دەشڵێت: داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین خۆیان لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژ کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر بە دوور بگرن و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانە گرنگەکان بکە کاری هەرە لە پێشینەیان. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەردەوام داوا لە لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکەین بە نیازێکی باش بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە بگەنە ڕێگەچارەسەرێکی دیپلۆماسی. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتیشی دەکاتەوە، بوونی سووریایەک ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی، دەبێتە هۆی فەراهەمبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر و ئاوەدانتر. جەختیشی دەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سووریا بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە.
لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو ئەمە وتەى سەربازێکى وڵاتى ڤەنزوێلایەو باسى شەوى ئەو هێرشەدەکات کە ئەمریکا کردیە سەر وڵاتەکەى. سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە. بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە کە کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانێکی ڤەنزوێلی وردەکاریی هێرشەکەی خستووەتەڕوو. پاسەوانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بێ ئەوەی یەک سەربازیشیان لێ بکوژرێت، سەتان سەربازی لایەنی بەرامبەریان کوشتووە و تەکنەلۆژیایەکیان بەکارهێناوە کە وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ئەرکدا بووین، لەناکاو سیستمی رادارەکان هەموویان بێ هیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوتن. دواتر ژمارەیەکی زۆر درۆنمان بینی بەسەر سەنگەرەکانماندا دەفڕین و نەماندەزانی چی بکەین." بە گوتەی پاسەوانەکە، دواتر تەنیا نزیکەی 20 سەربازی ئەمریکی بە هەشت هەلیکۆپتەر دابەزینە خوارەوە، بەڵام چەکی زۆر بەهێزیان پێبووە. ئەو دەڵێت: "شەڕ نەبوو، بەڵکو کوشتارگە بوو. ئێمە سەتان کەس بووین بەڵام هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونمان نەبوو، ئەوان بە وردی و خێراییەکی زۆر تەقەیان دەکرد." چەکە نهێنییەکە چی بوو؟ سەبارەت بەو چەکەی کە "ترسێکی گەورەی" دروستکردووە، پاسەوانەکە دەڵێت: "لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو. هەستم دەکرد سەرم لە نێوەوە دەتەقێتەوە." کاریگەریی چەکەکە خێرا و ترسناک بووە: "هەموومان لووتمان تووشی خوێنبەربوون بوو، هەندێک رشانەوەیان بوو بە خوێن. کەوتینە سەر زەوی و نەماندەتوانی بجوڵێین. تەنانەت دوای وەستانی شەپۆلە دەنگییەکەش نەماندەتوانی هەستینەوە." لێڤیت پۆستەکەی بە کۆمێنتی "دەست لە کارەکەت هەڵگرە و ئەمە بخوێنەرەوە" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا ئەم چیرۆکە پشتڕاست دەکەنەوە یان نا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا، لە هێرشەکەی 3ـی کانوونی دووەمدا نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام روون نییە چەندیان بەو چەکە نهێنییە بانگەشەکراوە گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ساڵانێکە خاوەنی "چەکی وزەی ئاراستەکراو"ـە وەک مایکرۆوەیڤ یان لەیزەر بۆ لەجووڵەخستنی ئامانجەکان، بەڵام رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت. سەرچاوەکە دەڵێت خوێنبەربوون، ئازار، سووتانەوە و لەکارکەوتنی جەستە بەشێکن لە نیشانەکانی کاریگەریی ئەو چەکانە و "دەیان ساڵە وەشانی جیاوازی ئەو چەکانەمان هەیە." پاسەوانە ڤەنزوێلییە رزگاربووەکە هۆشداری دەدات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شەڕی ئەمریکا بکات. ئەوان نازانن ئەمریکا توانای چی هەیە. دوای ئەوەی بینیم، قەت نامەوێت جارێکی دیکە لە بەرەی دژی ئەوان بم." پاسەوانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوە و هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی مەکسیکیش "لە لیستەکەدایە"، ترسێکی گەورەی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و "ئەوەی لێرە روویدا زۆر شت دەگۆڕێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دوپاتکردەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. ترەمپ وتیشی، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتییان، بڕیاریداوە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تاران هەڵوەشێنێتەوە و تا سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ڕانەگیرێت، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک ئەنجام نادات.
سوپاسالاری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەی خاکەکەی ناکات. ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، "بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی مێژوویی خۆیان لە شەڕی 12 رۆژیدا، ئەمریکا و رژێمی زایۆنی تیرۆریستانی داعشیان نارد بۆ ئەم میلـلەتە مەزنە، ئەم بەکرێگیراوانە کە لە ئاژەڵە کێوییەکان خراپتر بوون، بە ناڕەوا خەڵک و ئەفسەرانی ئەمنییان شەهید کرد." عەبدولڕەحیم موسەوی دەشڵێت، "ئێران سازش لەسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ناکات." سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "پاسەوانانی ئەمنیی ئێران رێگە نادەن هیچ تیرۆریستێکی تاوانکاری داعش لەلایەن هەر دەسەڵاتێکی خۆبەزلزانەوە پەروەردە دەکرێن، بێتە مەیدان." عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسی بەشداریی خەڵکی کرد لە خۆپێشاندانی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل. قسەکانی سوپاسالاری ئێران دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 12-01-2026، لە 16یەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، حکومەت لایەنگرانی خۆی بردە سەر شەقامەکان. ئەوەش لە کاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە. بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، بەبێ نەرمی نواندن رووبەڕووی ناڕازییان دەبنەوە.
رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێت: هێزەکانی سوریا خەڵك لە باڵخانەكانەوە فڕێدەدەنە خوارەوەو مەترسی پاكتاوی رەگەزی هەیە. ر ۆژنامەكە بەریتانیەكە ئاماژە بەوەدەكات: دوای شەڕێکی خوێناوی کە چەند رۆژێکی خایاند، سوپای سوریا دوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب گرت و بەهۆیەوە دەیان كەس کوژراون و وێرانکردنێكی فراوانی ناوچە نیشتەجێبونەکان و ئاوارەبوونی هەزاران كەس و دەستگیركردنی 300 کەسیشى بەدواداهات ، كە هەڕەشەی کوشتنیان لەگەڵدا بووە، بەپێی راپۆرت و بەڵگەی بینراو. ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دانیان بەو رۆڵە یەكلاكەرەوەیەدا ناوە کە هێزە کوردییەکان لە شکستپێهێنانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیویانە، ئەمەش مەترسی دروستکردووە کە ئاوارەكردنیان یان چەكداماڵینیان، رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپانە. راشیدەگەیەنێت: کوردانی ناوچەی رۆژهەڵات، چ لە چوارچێوەی سوریا و چ لە ئێران، روبەڕوی مەترسیی زیاتر دەبنەوە: یەکێکیان لە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پێشوی رێکخراوی قاعیدە و ئەوی دیکەشیان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کە سەرکوتکارییەکانی لە ناوچە کوردییەکان پەرەپێداوە لە گەرمەی نائارامییە مەدەنییە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتەدا. گرتە ڤیدیۆییە نیگەررانكەرەكان لە حەلەب مەترسی تایبەتی لێکەوتووەتەوە، رۆژنامەی زە ئیکسپرێس کاردەکات لەسەر لێكۆڵینەوە لە دروستيی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە، لە گرتەكاندا دەردەكەوێت جەنگاوەرێكی ژنی كورد لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدرێت، گەڕەکەکان وێران دەکرێت، هێزەکانی سوریا و چەکدارە کوردەکان تەقە لەیەك دەكەن، خێزانەکان پەنا بۆ ژێرزەمینەکان دەبەن و هەزاران کەسیش ناچار دەکرێن ماڵەکانیان جێبهێڵن یان چۆڵی بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران ئەو هێڵە سورەی بەزاندووە كە من بۆم داناوە و خەڵکی بێتاوانی کوشتووە، من ئەمە زۆر بە جدی وەردەگرم، سوپاش دیراسەی ئەمە دەكات، ئێمە بیر لە بژاردەی زۆر بەهێز دەکەینەوە، لەوانەش بژاردەی سەربازی. ترەمپ لە ناو فرۆكەكەیدا بە رۆژنامەنوسانی وتی: هەموو كاتژمێرێك پێشهاتە نوێکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانم پێدەگات، بەم نزیکانە بڕیار دەدەم. ترەمپ ئەوەشی ئاشكراكرد: تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتۆن كردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبونەوە لەو بارەیەوە لە ئارادایە، بەڵام بەدووری نەزانی پێش ئەو كۆبونەوەیە رێوشوێن بگیرێتەبەر. ئەوە لەكاتێكدایە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە: ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە سەبارەت بە بژاردە بەردەستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران گفتوگۆ دەكات.
سەرچاوەکان باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەو دوو بەرپرسە لە پەیوەندییەکدا باسیان لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کردووە، لەوانە دۆخی ئێران. بە گوێرەی فۆکس نیوز ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە "ئامادەباشییەکی بەرزدا" بووە. ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران پێیان ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیانەوە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە کە تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە دۆخی غەززە، پێشهاتەکانی سوریا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێران. هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە کە ناوەکانیان نەهاتووە، ناتانیاهۆ و ڕوبیۆ، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، دۆخی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە کردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ و ڕوبیو هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمەریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئامادەی گفتوگۆکە بووە، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمەریکایی تەنها پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئامادەنەبوو وردەکارییەکان بخاتەڕوو. هاوکات باراک ڕاڤید، سەرپەرشتیاری ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیوەندییە گفتوگۆیەکی ڕۆتینی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی زیاتر بووەتەوە. ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕژێم پەنا بۆ توندوتیژیی بەربڵاو ببات، ئەمەریکا وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەداتەوە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران وەڵامی راستەوخۆی دەبێت و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو ئیسرائیل لە مەودای ئامانجەكانی ئێراندا دەبن. قالیباف لە میانی وتەیەكدا لە دانیشتنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، دوژمنی بە قۆستنەوەی داخوازییەکانی گەلی ئێران و ئەنجامدانی شەڕێكی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لە ناوەوە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا شكستی هێنا. باسی لەوەش کرد: وڵاتەکەی لە ئێستادا لە چوار بەرە لەگەڵ دوژمنی زایۆنی و ئەمریکا شەڕیكی سەرتاسەری بەڕێوە دەبات. قالیباف جەختی لەوە کردەوە: ئاسایشی بەردەوام مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابوری، وتیشی: ئەوانەی ئەو شەڕە تیرۆریستیەیان خولقاندووە، بژێوی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ زۆر بە توندی روبەڕوی ئەم شەڕە تیرۆریستییە دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا: سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی فەرمی خۆی بۆ ئەو شەڕە راگەیاندووە، بەڵام ئێران روبەڕوی دەبێتەوەو پووچەڵی دەکاتەوە.
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و بەرپرسانی ئاگاداری ڕۆژئاوا، ئاشکرای کرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" کردووە پلانێکی گشتگیر بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند ئامادە بکەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا لەوانە سەرۆک ئەرکانی هاوبەش دژی ئەم پلانە وەستاونەتەوە. ئەوان هۆشداری دەدەن؛ ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕەزامەندی کۆنگرێس بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئەمەریکا تێوەگلانی ململانێیەکی ناپێویست دەکات لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی، بەتایبەتی دانیمارک کە خاوەنی سەروەری یاساییە بەسەر ئەو خاکەدا. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن بازنەی نزیکی ترەمپ، بە سەرۆکایەتی ستیڤن میلەر ڕاوێژکاری سیاسی، هاندەری سەرەکی ئەم پلانەن. ئەوان دوای ئەوەی گرتنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان وەک سەرکەوتنێکی گەورە وەسف کرد، ئێستا پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا بە خێرایی کۆنترۆڵی گرینلاند بکات، پێش ئەوەی ڕووسیا یان چین پێگەی ستراتیژی لەو ناوچە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان بەدەستبهێنن. دیپلۆماتکارانی بەریتانیا پێیان وایە ترەمپ لە ڕێگەی ئەم جۆرە جووڵە دەرەکییانەوە دەیەوێت سەرنجی دەنگدەران لە کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لابدات، بەتایبەت لە کاتێکدا مەترسی لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس لە ئارادایە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات؛ هەر کردەوەیەکی سەربازی دژی گرینلاند، ترەمپ دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. دیپلۆماتکاران دەڵێن؛ ئەمە دەبێتە هۆی "داڕمانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناوەوە"، چونکە ناتۆ لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری وڵاتانی ئەندام دامەزراوە، نەک هێرشکردنە سەریان. بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارە کتوپڕە، فەرماندە سەربازییەکان هەوڵیان داوە سەرنجی ترەمپ بۆ ئامانجی دیکە ڕابکێشن کە کەمتر مەترسیدار بن، وەک؛ ڕووبەڕووبوونەوەی "کەشتییە تارماییەکانی ڕووسیا" (ئەو تۆڕە کەشتییەی سزاکان دەبڕن). لەگەڵ تاوتێکردنی بژاردەی هێرشکردنە سەر ئێران. ڕۆژنامەی دەیلی مەیل ئاماژە بەوە دەکات؛ دیپلۆماتکاران لە "کێبڵە نهێنییەکاندا" باسیان لەوە کردووە؛ بەکارهێنانی فشار یان هێز بۆ جیاکردنەوەی گرینلاند لە دانیمارک، دەبێتە هۆی دروستبوونی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی کە تێیدا متمانەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریکا بە تەواوی لەناودەچێت.
