لە دوێنێوە دوو بەلەمى کۆچبەران لە لیبیاوە بۆ ئیتالیا بەڕێککەوتوون و چارەنووسیان نادیارە، کە زیاتر لە 120 سەرنشینیان تێدایە و زۆرینەشیان خەڵکى هەرێمى کوردستانن. پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەرى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا راگەیاند، کۆچبەرەکان لە کاتژمێر 4ـى بەرەبەیانى دووشەممەوە بە دوو بەلەم کە هەریەکەیان زیاتر لە 60 سەرنشینى تێدا بووە لە لیبیاوە بۆ ئیتالیا بەڕێکەوتوون، بەڵام چارەنووسیان نادیارە. ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێکى زۆرى کۆچبەرەکان خەڵکى هەرێمى کوردستانن و لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە پەیوەندى بە کۆمەڵەکەوە کراوە و داواى هاوکارى و بەهاناوەچوونیان کردووە. بەگوتەى پێشڕەو عەبدوڵا، ئێستا زیاتر لە 400 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیان و بەنیازن بە رێگەى ئاوى خۆیان بگەیەننە ئەوروپا کە "رێگایەکى پڕمەترسییە". دوێنێ لە دەریای ئیجە بەلەمێک تێکشکا، نوێنەرى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا، گوتى "تەنیا دوو کەس رزگاریان بووە و چوار تەرمیش دۆزراونەتەوە و چارەنووسى ئەوانى دیکە نادیارە". گوتیشى "بەلەمەکە هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانى تێدا نەبووە و زۆرینەیان ئەفغانى و ئێرانی بوون". ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی یۆنان، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 25 هەزار و 799 کۆچبەر هەوڵی پەڕینەوەیان لە ئاوەکانى یۆنان داوە. بە گوتەى پێشڕەو عەبدوڵا، کۆی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی لە یۆنانەوە دیپۆرتکراونەتەوە، ژمارەیان نۆ هەزار و 300 کەس بووە و زۆرینەیان دیپۆرتی تورکیا، بولگاریا و مەکدۆنیا کراونەتەوە.
کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی بە کەشێکی ئەرێنی کۆتایی هات . ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئامادەیە بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە. زێلێنسکی دوای کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەورووپا ڕایگەیاند، داواکارییەکانی پێشووی مۆسکۆ بۆ ئاگربەست تەنها هەلومەرجی نوێی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی ئۆکرانیا ڕوونیکردەوە، "ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە داواکارییەک"، بە دیاریکردنی ئەوەی کە دەبێت لە ئاستی سەرکردایەتیدا بێت. زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچییەک ڕووبدات" دەبێت لەگەڵ پوتن کۆببێتەوە و دەستبکات بە کارکردن لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە ململانێکان، جەختیشیکردەوە کە پێشمەرجەکانی کیێڤ بۆ گفتوگۆکردن بە "100 داواکاری" لەلایەن ڕووسیاوە جێبەجێ دەکرێت. مارک ڕەوتە سکرتێری گشتی ناتۆ ئاشکرایکرد، گفتوگۆکان سەبارەت بە دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا هاوشێوەی ئەو گەرەنتیانەی هاوپەیمانیەکە بۆ وڵاتانی ئەندام دابینی دەکات، لە ئارادایە. جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی باسی لێوە دەکرێت "ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ نییە، بەڵکو گەرەنتی ئەمنییە بەپێی مادەی پێنجەم". جەختیشی لەوە کردەوە کە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لە واشنتۆن سەبارەت بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ خاکی ئۆکرانیا نەکراوە. لای خۆیەوە زێلێنسکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا کار بۆ دیاریکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دەکرێت، ئەگەری زۆرە. ئەو گەرەنتییانە یان بیرۆکە پێشنیار کراوەکان چین؟ ڕەنگە وەڵامی سەرەتایی لە پێدانی پاراستنی کیێڤدا بێت هاوشێوەی ئەو پارێزگارییەی کە لە مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆدا هاتووە، کە تێیدا هاتووە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ، هەموو ئەندامەکان ئامادەن بەشداری بەرگرییەکەی بکەن، جا چ لە ڕووی سەربازییەوە بێت، چ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بێت، یان لە ڕووی سیاسییەوە. بیرۆکەی دووەم کە لەلایەن ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێشنیار کراوە، پێکهێنانی هێزێکە کە لە "هاوپەیمانی ئامادەبووان" دروستدەکرێت بۆ ئەوەی لە ئۆکرانیا جێگیر بکرێت دوای ئاگربەست یان ڕێککەوتنی ئاشتی. کەس بە ئاشکرا شێوەی ئەم هێزەی نەخستووەتەڕوو، هەرچەندە بەرپرسانی سەربازی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فۆرمەکەی گرنگە. بیرۆکەیەک کە پێشنیار دەکرێت بریتییە لە دروستکردنی "هێزێکی ئاشتیپارێز"ی یەکگرتوو، کە پێدەچێت چەکدار بێت، کە پشتگیری و تەواوکەری ئەرکەکانی سوپای ئۆکرانیا بکات تەنها بۆ مەبەستی بەرگری. بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە کە ڕووسیا ڕابگرێت بە ناچارکردنی کرێملین بۆ ئەوەی بیر لە چوونە ناو ململانێ لەگەڵ سەربازانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بکاتەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە پێشنیارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە دەیان هەزار سەرباز دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگرییەکی باوەڕپێکراو، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز. بیرۆکەی سێیەم بریتییە لە پێکهێنانی هێزێکی "تەڵە"، واتە هێزێکی زۆر بچووکتر لە ژمارەدا. بەڵام ناتوانێت بە توندی هێزەکانی ئۆکرانیا بەهێز بکات و پشتیوانیان بکات لە پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی بەرچاوی ڕێگریکردن. بەڵام ئەوروپییەکان پێیان وایە کە ڕووسەکان لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوودا ئامادە نابن مەترسی کوشتنی سەربازە ئەوروپییەکانی غەیرە ئۆکراینی بکەن. پێشنیاری چوارەم بریتییە لە دامەزراندنی "هێزێکی چاودێری". دەکرێت بچووک بێت، چەند سەد سەربازێک یان زیاتر، کە ئەرکی سەرەکییان ڕاپۆرتکردنی هەر چالاکیەکی سەربازیی داهاتوو بێت. بەڵام ئەم ئەرکە دەتوانرێت بە بەکارهێنانی مانگی دەستکرد و کامێرای زەمینی بە ئەنجام بگەیەنرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە چاودێر یان هێز لەسەر زەوی هەبێت. هەروەها ئەم هێزە ئەوەندە گەورە نەدەبوو کە بتوانێت هەر جۆرە بەرگرییەک دابنێت. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە دابینکردنی گەرەنتی ئاسایشی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا دەکات بۆ یارمەتیدانی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا.
ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمشەو بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی دوای ڕووبەڕووبوونەوەو توڕەبونە بەناوبانگەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا، کە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیان. بەڵام ئەمجارەیان زێلێنسکی لانیکەم پێنج سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتی ئەوروپی لەگەڵیان دەبێت، کە لە دەوری سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ترەمپ لەکاتێکدا پێدەچێت سەرۆک بە تامەزرۆییەوە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕابگەیەنێت. زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لە لایەن کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپاوە دەبن، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، مارک ڕەوتە سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کییەر ستارمەر، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر ستوب سەرۆکی فینلاند. پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، کۆشکی سپی پرسیاری لە ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کردووە ئاخۆ بۆ دیداری ئەمجارەی لەگەڵ ترەمپ قاتی فەرمی لەبەر دەکات یان نا، دوو راوێژکاری ترەمپیش دەڵێن، باشترە زێلینسکی قاتی فەرمی لەبەربکات. بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئەگەری زۆرە ئەمجارە زێلێنسکی چاکەتێکی ڕەش لەبەر بکات - هەمان ئەو چاکەتەی کە لەبەری کردبوو کاتێک دۆناڵد ترەمپی بینى لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوو. زێلینسکی چەند کاتژمێرێکە گەیشتووەتە واشنتن و بڕیارە ئەمشەو چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بکەوێت کە ئەمە دووەمجارە لەمساڵدا لەگەڵ یەکدی لە کۆشکی سپی کۆببنەوە. کۆبوونەوەی جاری پێشوو، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، قسەوباسی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ترەمپ بە زێلینسکی گوت، “بۆچی قاتی فەرمیت لەبەر نییە چونکە بەشێکی زۆری خەڵكی ئەمریکا کێشەیان هەیە لەگەڵت کە رێزی کۆشکی سپی ناگریت؟” لە وەڵامدا زێلینسکی گوتی: رەنگە دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی بێت قاتی فەرمی لەبەربکەم. ترەمپ خۆشی جلوبەرگی زێلینسکی بەدڵ نەبوو، هەربۆیە بە گاڵتەپێکردنێکەوە گوتی، “ئەمڕۆ چاک خۆی گۆڕیووە.” لە سەرەتای جەنگەوە لە شوباتی 2022، ڤۆلۆدمیر زێلینسکی قات و بۆینباخی بۆ هیچ بۆنەیەکی فەرمی لەبەر نەکردووە و بە ستایلێکی سەربازییەوە دەرکەوتووە، بەڵام لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە هۆڵەندا زێلینسکی بۆ یەکەمجار چاکەتێکی رەشی لەبەرکرد کە ستایلەکەی نزیکبوو لە ستایڵی قاتی فەرمی.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت هەموومان خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە بە خێرایی، سوپاسگوزاری سەرۆک ترەمپم بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە کە خواستی ئەوەی هەیە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و گرەنتییەکان، سەرۆکانی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەورووپا، لە ئەمەریکا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زەمینەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان، ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا خۆشبکەن. ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەورووپا، چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکەوێت، سەرۆکی ئەمەریکاش پێشتر گوتبووی، ئەو چاوپێکەوتنە، بۆ ڕێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان من و زێلینسکی و پوتندا بکرێت. چاوەڕێ دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرەتا لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆکانی ئەورووپا و زێلینسکیش بەیەکەوە کۆببێتەوە. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای گەیشتنی بە واشنتۆن بۆ وتووێژ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی، دووپاتی کردەوە: هەموو لایەنەکان دەیانەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن و داوای ئاشتییەکی بەردەوامیشی کرد. زیلینسکی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی، هەموومان خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە بە خێرایی و بەشێوەیەكی متمانەپێکراو. رونیشیکردەوە، من سوپاسگوزاری سەرۆکی ئەمریکام بۆ ئەو بانگهێشتە، هەموومان دەمانەوێت بە خێرایی کۆتایی بەم شەڕە بهێنین. وتیشی: هیوادارم هێزی یەکگرتوومان لەگەڵ ئەمریکاو دۆستە ئەوروپییەکانمان، روسیا ناچار بکەن ئاشتییەکی راستەقینە قبوڵ بکات. بڕیارە ئەمڕۆ زیلینسکی لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپا لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکەیان، پەیامێکی بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین ناردووە و پێی گوتووە، نە باسی گەڕانەوەی خاکی نیمچەدوورگەی کریمیا دەکەیت، نە بوونە ئەندام لە ناتۆ. زێلینسکى چەند کاتژمێرێکە گەیشتووەتە واشنتن و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دووقۆڵی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، دواتریش کۆبوونەوەیەکی فراوانتریش دەبێت لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا، چارەنووسی شەڕى سێ ساڵە و پرسى خاک و راگرتنی جەنگ تاوتوێ بکەن. لەگەڵ ئەوەى زێلینسکى لە رابردوودا چەند جارێک پرسى دەستبەردان لە خاکەکەى رەتکردووەتەوە، بەڵام ترەمپ لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ بۆى نووسىوە، سەرۆکى ئۆکراین دەتوانێت دەسبەجێ جەنگ رابگرێت یاخود بەردەوامیی پێبدات، ناگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتەى ئۆباما بێ تەقاندنى یەک فیشەک کریمیاى پێشکەش کرد و بەهیچ جۆرێکیش ئۆکراین ناچێتە ناتۆوە.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەڵسەنگاندنێکى بۆ لۆرا لومەر (٣٢ ساڵ) کرد، کە یەکێکە لەو کەسانەى کە قسەکانى کاریگەرى تەواوى هەیە لەسەر ئیدارەى ترەمپ، ئەوژنە چالاکوانێکی سیاسی ڕاستڕەوی توندڕەو و جێگاى متمانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. بەهۆى پۆستێکى لۆراوە رۆژى شەممە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا ڕایگەیاند، هەمو ئەو ڤیزای سەردانیکردنە ڕادەگرێت کە بەو کەسانە دەدرێت کە لە غەززەوە دێن بەمەبەستی پزیشکی و مرۆیی. هۆكارەكەشی بۆ "پێداچونەوەیەکی تەواو و گشتگیر بۆ ئەو پرۆسە و ڕێکارانە" دەگەڕێنێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، "هەمو ڤیزای سەردانیکردنێک بۆ ئەو کەسانەی لە غەززەوە دێن ڕاگیراوە". ئەو بەڵگەنامانەی لۆمەر بڵاوی کردەوە، وایکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چیدیکە ڤیزە نەداتە فەلەستینییەکان بچنە ئەمریکا. ئەو ژنە جولەکەیە چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە باس لە گەیشتنی خەڵکی غەززە دەکات گەشتیان کردوە بۆ ئەمریکا بە هۆکاری پزیشکی و وەرگرتنى چارەسەرـ لۆمەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "گەلی ئەمریکا هاوڕان: ئێمە نامانەوێت خەڵکی غەززە بهێنرێنە وڵاتەکەمان، ئەوان پزیشکیان لە وڵاتانی دیکە هەیە". لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی "منداڵانی موسڵمان ئەوروپایان لەناوبردووە"، هەروەها "هەر هاولاتیەکى غەززە کە دەچێتە ناو ئەمریکاوە، پێویستە دیپۆرت بکرێتەوە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خێرایی خۆی لەگەڵ قسەکانى لۆمەر هاوڕاکردووەو ڕایگەیاند کە ڤیزاکان ڕادەگرن، تاوەکو "پێداچوونەوەیەکی ورد و گشتگیر" تەواو دەبێت. لۆرا هەرچەندە پۆستێکی فەرمی لە ئیدارەی ترەمپدا نەبوو، بەڵام وەک هاوکارو ڕاوێژکارێکى ترامپ دەردەکەویت، لە پشت پەردەوە کاریگەری لەسەر حکومەت هەبووە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمریكا زیاتر لە سێ هەزار و 800 ڤیزای سەردانیکردنی لە جۆری "بی1" و "بی2" دەرکردوە کە ڕێگە بە بیانییەکان دەدات چارەسەری پزیشکی لەناو ئەمریكا وەربگرن و لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینییەوە دەرچوە، كە بەگوێرەی شیكارییەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە مانگی (ئایار/5)ـدا 640 ڤیزای دەرکراوە. دەشڵێت، "بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ڕاگرتنی ڤیزای سەردانیکردن بۆ ئەو کەسانەی لە غەززەوە دێن، دوای لێدوانەکانی لۆرا لومەر، چالاکوانی ڕاستڕەوی توندڕەو و هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتوە". دوابەدواى ئەو بڕیارە لۆرا لومەر، لە سۆشیال میدیاکەیدا پۆستێکى کردوەو شانازى بەوەوەدەکات کە بەهۆى قسەکانى ئەوەوە بڕیارەکە دەرکراوە. لومەر نووسیویەتی: ئەمڕۆ دەیان هاوڵاتی ئەمریکیم لە کوشتن ڕزگارکردوە لەلایەن جیهادییەکان و لایەنگرانى حەماسەوە. خودا تەنها دەزانێت ئەمڕۆ من بە شێوەیەکی شەخسیی چەند ژیانم ڕزگار کرد ڕووى ئەو کەسانە ناپاکانەم دەرخست لە وەزارەتی دەرەوە کە ڤیزە دەدەن بە خێزانەکانی غەززە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر. هێزەکانى ئەمەریکا مانگى داهاتوو سێ بنکەى سەرەکى لە عێراق جێدەهێڵن و بەرەو هەولێر دەجوڵێن، ئەوەش بە هەنگاوێکى "پێشبینینەکراوى" واشنتن لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پڕۆسەى کشانەوەکە بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕاگەیاند، لە مانگى داهاتووەوە هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە بۆ هەولێر و تەنها راوێژکارە سەربازییەکان دەمێننەوە. سەباح نوعمان گوتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەوەشی وت، تەنها هێزەکانی ئەمریکا نییە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە. لەبارەی مانەوەی هێزەکان لە هەولێر باسی لەوەکرد، ئەو هێزانە کە کاریان راوێژکارییە بەگوێڕەی ئەو رێککەتنەی کە کراوە بۆ ماوەی ساڵێک لە هەولێر دەمێننەوە. گوتیشی، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر بڕیارێکی کتوپڕ نەبووە پێشووتر رێککەوتنی لەبارەوە کراوە. رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەر دوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.
دوای کۆبوونەوەی لووتکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ڕووسییەکەی بڕیارە ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرایناش کۆببێتەوە. ۆژی هەینی 15-8-2025، کۆوبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ڕووسیا بە یاوەریی شاندی باڵای هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئۆکراینا و چەند پرسێکی دیکە بەڕێوە چوو لە دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو لایەن ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف کرد و هەر لەسەر هەمان پرس بڕیارە ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی کۆببێتەوە. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی "خاڵە سەرەکییەکانی" گفتوگۆکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە ئەلاسکا ئاگاداری کردوومەتەوە و ڕۆژی دووشەممە 18-8-2025، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەرەو واشنتن دەچم'. زێلێنسکی لەئەکاونتى تیلگرامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە گەشت دەکات بۆ واشنتۆن بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک ترامپ و "باسکردن لەسەر هەموو وردەکارییەکان" سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهاتنی ململانێکان. زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکردووە ، "گفتوگۆیەکی دوور و درێژ و جەوهەری" لەگەڵ ترەمپدا کردووە و لەو ماوەیەدا سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین ئاگاداری کردووەتەوە. هاوکات مالپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریكی ئاشكرایدەكات: دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفونییەكەی لەگەڵ فلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆكی ئۆكرانیاو سەرکردەکانی ناتۆ راگەیاندووە: پۆتین نایەوێت ئاگربەست بکرێت و رێککەوتنێکی گشتگیری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێ باشترە، دەشڵێت: ترەمپیش هەمان رای هەیەو پێیوایە رێککەوتنی ئاشتی خێرا باشترە لە ئاگربەست لە ئۆکرانیا. ئەمڕۆ کۆشکی سپی رایگەیاند: ترەمپ لەناو فڕۆکەكەیدا پەیوەندییەکی تەلەفونی دوورو درێژی لەگەڵ زیلینسکی ئەنجامداوە، لەكاتی گەڕانەوەی لە ئەلاسکاوە . لە تازەترین لێدوانیشدا زیلینسكی رایگەیاندووە: دووشەممەی داهاتو لەگەڵ ترەمپ لە واشنتۆن كۆدەبێتەوەو، پاڵپشتی لە پێشنیازی ترەمپ دەكات بۆ كۆبونەوەی سێقۆڵی .
سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی ئامۆژگارییەکی روونی ئاراستەی ئۆکراینا کرد و داوای لێکرد "رێککەوتنێک بکات." ئەمە لە کاتێکدایە کە لووتکەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لە ئەلاسکا بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییهات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، بە كەناڵی "فۆکس نیوز"ی وت: بەپێوەری لە یەكەوە بۆ دە، دە لە دە بە كۆبونەوەكەم دەدەم لەگەڵ پۆتین. دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ پۆتین دانوستانم کرد لەسەر چەند پرسێک لەوانە، ناتۆ، رێوشوێنە ئەمنییەکان و خاک، پێموایە ئێمە زۆر لە رێککەوتن نزیک بووینەتەوە. سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد، رێککەوتن بكات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا . ترەمپ لەوباریەوە رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت رازی بێت، رەنگە رازی نەبێت، ئامۆژگاری من بۆ زيلينسکی ئەوەیە رێککەوتن ئەنجام بدات. دوای نزیکەی 3 کاژێر لە گفتوگۆی لووتکەی نێوانیان؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا ئاماژەیان بە "پێشکەوتن" و بووژانەوەی "هاوڕێیەتی" کرد، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، بەتایبەتی لەسەر ئاگربەست لە ئۆکراینا، رانەگەیێندرا. ترەمپ، کە پێشتر خۆی وەک مامۆستای رێککەوتنەکان ناساندبوو، لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەلاسکا پێشوازییەکی گەرمی لە پووتین کرد، کە ئەمە یەکەمجار بوو سەرۆکی رووسیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 پێ بنێتە سەر خاکی رۆژئاوا. دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ و پووتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کورتدا کە تەنیا 12 خولەکی خایاند، قسەیان کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان نەدایەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی نامۆ بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە دوای چوار ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی کابول لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنانی ئەفغانستان رووبەڕووی دوورخستنەوە لە ژیانی گشتی دەبنەوە. ئاژانسەکە دەڵێت، تاڵیبان نزیکە لە سڕینەوەی ژنان و تەنانەت قسەکردن لەبەردەم خەڵک لەلایەن ژنانەوە قەدەغە دەکات. فەرمانە نوێیەکانی تاڵیبان داوا لە ژنان دەکەن کە سەرپەرشتیاریان لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی بچنە ناو شوێنە گشتییەکان و ئەو ژنانەی کە رووپۆشی تەواویان نییە، لە شوێنە گشتیەکان قەدەغە دەکرێن. تاڵیبان رێگری دەکات لە چوونی کچان بۆ قۆناغی ناوەندی یان زانکۆ کە ئەمەش دەرفەتی کار و راهێنان بە ژنان نادات. ئێستا نزیکەی لەسەدا 80ـی ژنانی ئەفغانستان لە دەرەوەی خوێندن، دامەزراندن، یان راهێنانن ماونەتەوە و ئەمەش خەڵکی ئەفغانستانی هەژارتر کردووە. دەستڕاگەیشتنی ژنان بە چاودێری تەندروستی تێکچووە و تاڵیبان نزیکەی 100 فەرمانی دژی ژنان دەرکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەیەکى تایبەتەوە ئاسمانى وڵاتەکەى بەجێهێشت و بەرەو ئەلاسکا بەڕێکەوت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەى کەبڕیارە ئەمشەو کاتژمێر دە بەکاتى هەرێم بەڕێوەبچێت. ترەمپ لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەیەوە قسەى بۆ رۆژنامەنووسان کرد، سەبارەت بە هاوتا ڕووسیەکەی وتی: تێبینیم کرد کە خەڵکی بازرگانی زۆر لە ڕووسیا دەهێنێت بۆ کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ و ئەوەش شتێکی باشە. وتیشى: من ئەوەم پێ خۆشە، چونکە دەیانەوێت بازرگانی بکەن، بەڵام بازرگانی ناکەن تاوەکو شەڕەکە یەکلایی نەکەینەوە." پێشتر ڕۆژنامەی تەلەگراف ئاشکرایکردبوو ترەمپ بە پاکێجێک لە هاندانە داراییەکانەوە بەرەو ئەنکۆرەیج دەڕوات کە بۆ ئەوەی ڕێگای ئاگربەست ئاسانتر بکات. سەرۆکی ئەمەریکا قسەکانی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی ئۆکرانیا، پوتین ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی "زۆر سەخت" دەبێتەوە. نرەمپ بەردەوامبوو لەقسەکانى ئەوەشى خستەڕوو کە پۆتین پێیوایە بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر ئۆكرانیا لە دانوستاندا هێزی پێدەبەخشێت، بەڵام من وای ئەبینم ئەوە زیانی پێئەگەیەنێت. وتیشى: پۆتین زیرەكەو دەیەوێت مامەڵەی ئابوری لەگەڵ ئێمە بكات، بەڵام ئەمە ناكرێت تاوەكو لە شتە خراپەكە رزگارمان نەبێت كە جەنگە، پۆتین روبەڕووی سزای زۆر توند دەبێتەوە ئەگەر بایەخ نیشان نەدات بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ. دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ پوتن، هەوڵی پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئەورووپا دەدەین، بەڵام لە دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ. باسیشی لەوە کرد، ڕەنگە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت. ترەمپ دووپاتیشی کردووە، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی نەیەیت و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بێت، ئەوا دەرەنجامێکی خراپی بۆ ئابووری ڕووسیا دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا لەبارەی پرسی ئۆکرانیا و باشترکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان کۆببنەوە.
بڕیارە سبەینێ هەینى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان دەبێت لە دوای ساڵی 2018 کە ئەو کات لە هیلسنکی کۆبوونەوە. بەرپرسێکى باڵاى ڕوسیا ناوى ئەو پێنج کەسەى ئاشکراکردوە کە یاوەرى پووتین دەکەن کاتێک لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە. یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە پێکهاتەی شاندەکانی ڕووسیا و ئەمریکا دیاری کراوە. یاریدەدەری کرێملین ڕایگەیاند، لوتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی ڕۆژی هەینی، نەک تەنیا لەسەر ململانێی ئۆکرانیا بەڵکو کارنامەیەکی ئەمنی فراوانتر دەبێت و چەندین بەرپرسی باڵای ڕووسیا تێیدا بەشدار دەبن. ئوشاکۆڤ وتی: بەشداربووان دەستنیشانکراون و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسە زۆر گرنگ و هەستیارانەی باس دەکرێن، مەودای بەشداربووانی دانوستانەکان فراوان نییەو چەند کەسێکى دیاریکراو دەبن, بەرپرسەکەى ڕوسیا وتى: شاندەکە جگە لەسەرۆک پێکهاتون لە سێرگی لاڤرۆڤوەزیرى دەرەوە، یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەر لەسەرۆکایەتى ڕوسیا، ئاندرێ بیلۆسۆڤ وەزیری بەرگرى و ئەنتۆن سیلوانۆڤ وەزیرى دارایی و کیریل دیمیتریڤ نوێنەرى تایبەتی سەرۆک کۆمار بۆ وەبەرهێنان و هاریکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە. یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن ناو شاندە بەشداربووەکەى ئەمریکاشى دەستنیشانکردووە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە ناوەکانیان ئاشکرابکات و دەڵێت "باشترە چاوەڕێی ڕاگەیاندنێک بکەین لەلایەن هاوبەشە ئەمریکییەکانمانەوەو خۆیان ناوى ئەوان ڕابگەیەنن". بڕیارە دوابەدوای کۆبوونەوەکە هەردوو سەرۆکى ئەمریکا و ڕوسیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن، کە ڕەنگە ئەو کەشوهەوایە ئاشکرا بکات کە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا زاڵ بووە. سەبارەت بە ماوەى کۆبونەوەکانیان لەو چوارچێوەیەشدا یاریدەدەری پوتین ڕوونیشیکردەوە کە "ماوەی دانوستانەکان پەیوەستە بە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆک، هەربۆیە پەیوەستە بە هەردوو سەرۆکەکەوە" ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی ڕووسیا لەدواى کۆتاییهاتنی دانوستانەکاندا شوێنە بەجێدەهێڵن و دەڕۆن. بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لووتکەکە لە بنکەی سەربازی ئیلمۆندۆرف ریچاردسن لە نزیک شاری ئەنکۆرەیجی پایتەختی ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت. بنکەکە بەرپرسە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئاسمانی و دەریاییانەی رووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە. بەرپرسانی ئەورووپا رەخنەیان لە لووتکەکە گرتووە بەوەی، کە نابێت بەبێ بەشداری سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکراینا بڕیار لەبارەی جەنگەکەوە بدرێت. شوباتی 2022، رووسیا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا کرد و دواتر ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. ئەم ساڵ چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کراون، بەڵام جگە لە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی بارمتە و تەرم نەبوونە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
میدیاکانى ئیسرائیل، لەچەند سەرچاوەیەکى باڵاى ئەمریکاوە ئەوەیان ئاشکراکردوە ئێستا کۆشکی سپی سەرقاڵى ئەوەیە گەشتێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا ڕێکبخات تا سەردانى ئیسرائیل بکات، ئەگەر هەلومەرجەکان دروست بکرێن و دانوستانەکان لەگەڵ حەماس ڕێککەوتن و ئاگربەستیان بەدوادابێت، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردوەتەوەو دەلێت: ئەم ئەگەرە هەیە. سەرچاوەکانی کۆشکی سپی دەڵێن، ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو بن، ڕەنگە مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات، ئەمەش پێش سەردانەکەی بۆ بەریتانیا کە پلانی بۆ داناوە، لە دوایین سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکی ئەمریکا چووە سعودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. بڕیارە لەڕۆژانى 17-19ی ئەیلولى داهاتوودا ترەمپ لەسەر بانگهێشتی شا چارڵز سەردانی بەریتانیا بکات. لە ئێستادا کۆشکی سپی بەدواداچوون بۆ ئەگەری سەردانی ترەمپ دەکات بۆ ئیسرائیل پێش ئەو کاتە – ترەمپ پێی خۆشە سەردانی ئیسرائیل بکات ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو بن. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی قسەکانی پشتڕاستکردەوە و وتی "بەڕاستی قسە و باس لەسەر سەردانەکەی ترەمپ هەیە، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی کۆنکرێتی نییە، شتێکە لە هیشتا گفتوگۆى لەسەرە". هاوکات ئەمریکییەکان فشار دەخەنە سەر بۆ پێشخستنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە. پێشبینی دەکەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران پێشکەوتن بەدەست بهێنێت، وەک لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکادا هەیە کە ڕێککەوتنێکی بەشەکی پەیوەندیدار نەماوە و تاکە بژاردەی سەر مێزەکە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەیە. مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، وەک باسکرا، ترەمپ یەکەم سەردانی دیپلۆماسی خۆی لە خولی دووەمی خۆیدا ئەنجامدا - بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زنجیرەیەک گرێبەستی ئابووری و چەکی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار واژۆ کرد، بەڵام کۆمەڵێک لێدوان و ڕاگەیاندنی دراماتیک و مێژووییشی کرد. لە نێوان شتەکانی تردا، هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای ڕاگەیاند و بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی ٢٥ ساڵدا کە لەگەڵ سەرۆکەکەی کۆببێتەوە - ئەحمەد شەرع جیهادی پێشوو. ترامپ پێشبینی کرد کە دیمەشق ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بکات کاتێک بارودۆخی ئەوێ "سەقامگیر دەبێت" و مانگێک پێش ئۆپەراسیۆنەکەى سەر ئیران کە ئەمریکاش بەشداری تێدا کرد، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران "زۆر نزیکە"، لە هەمان کاتدا بەردەوام بوو لە هەڕەشەکردن لە هێرشکردنە سەری ئەگەر ڕازی نەبێت "بڕیاربێت لەسەر ڕێگایەکی نوێ".
میدیاکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی پێشبینیکراوی نێوان ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە بنکەیەکی سەربازی بەڕێوەدەچێت. لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، هاوتا روسییەکەی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین. شوێنی کۆبوونەوەکە بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسن"ە، کە دامەزراوەیەکی سەربازیی ستراتیژییە. هەڵبژاردنی ئەم لوتکەیە چەندین رەهەندی مێژوویی، جوگرافی و ئەمنی لەخۆدەگرێت. ئەم بنکەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی شەڕی سارد دەگەڕێتەوە، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەلاسکایە و رووبەرەکەی 64.000هێکتارە. بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، بە پێگەیەکی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ئامادەباشی سەربازی لە ناوچەی جەمسەری باکوور دادەنرێت. بنکەکە لە ساڵی 1940دروست کراوە و لە سەردەمی شەڕی سارددا، وەک ناوەندێکی گرنگی بەرگریی ئاسمانی و فەرماندەیی بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە. لە ساڵی 1957 گەیشتە لوتکەی توانای خۆی کاتێک 200 فڕۆکەی جەنگی و چەندین سیستەمی راداری پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو، بەهۆیەوە نازناوی "سەقفی پارێزەری ئەمریکای باکوور" (Top Cover for North America)ی وەرگرت. کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 سەردانی بنکەکەی کرد، وتی سەربازانی ئەوێ "لە دوا سنووری وڵاتەکەمان وەک یەکەم هێڵی بەرگریی ئەمریکا خزمەت دەکەن." زیاتر لە30،000 کەس لەم بنکەیەدا دەژین، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج. ئەمڕۆش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و ئاسانکارییەکانی مەشق و راهێنانەوە، بنکەکە بەردەوامە لە گەشەکردن. هەڵبژاردنی ئەلاسکا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چەند هۆکارێکی هەیە: رەهەندی مێژوویی: ئەمریکا لە ساڵی 1867ویلایەتی ئەلاسکای لە روسیای قەیسەری کڕی، ئەمەش رەهەندێکی مێژوویی بە کۆبوونەوەکە دەبەخشێت. نزیکیی جوگرافی: یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو وڵات دراوسێن و تەنها گەرووی بێرینگ لێکیان جیا دەکاتەوە. وتیشی: "زۆر لۆژیکییە کە وەفدەکەمان بەسەر گەرووی بێرینگدا بفڕێت و لوتکەیەکی وا گرنگ لە ئەلاسکا بەڕێوەبچێت." هۆکاری لۆجستی و ئەمنی: بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاندووە کە بنکەکە مەرجە ئەمنییە توندەکانی بۆ میوانداریکردنی دوو سەرکردەی جیهانی تێدایە. هەروەها، لەبەر ئەوەی وەرزی گەشتیارییە و کۆبوونەوەکە بەپەلە رێکخراوە، بژاردەی دیکەی گونجاو کەم بوون. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، وەک بەڵێنێکی هەڵبژاردن، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەرچەندە تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەو پێشتر وتبووی دەتوانێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا جەنگەکان بووەستێنێت. ترەمپ کۆبوونەوەکە وەک "کۆبوونەوەیەکی تێگەیشتن" وەسف دەکات کە ئامانج لێی هاندانی پوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی هەوڵیداوە چاوەڕوانییەکان کەم بکاتەوە و رایگەیاندووە "ئەمە بۆ سەرۆک پرۆسەیەکی گوێگرتنە." چاوەڕوان ناکرێت ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئامادە بێت، بەڵام ترەمپ وتوویەتی یەکەم کەس دەبێت کە دوای کۆبوونەوەکە پەیوەندی پێوە دەکات. زێلێنسکی جەختی کردووەتەوە کە هەر رێککەوتنێک بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانیا "بڕیارێکی مردوو" دەبێت. هەردوو لایەنی روسیا و ئۆکراین خواستی ناکۆکیان هەیە. ئۆکراین سوورە لەسەر گەڕانەوەی تەواوی خاکەکەی، لە کاتێکدا پوتن لە داواکارییەکانی بۆ خاک و بێلایەنیی ئۆکراین پاشگەز نەبووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیوز، ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر رێککەوتنێک دەکات کە رێگە بە روسیا دەدات کریمیا و هەرێمی دۆنباس بهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا لە ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێتەوە. ئەمە ئەو خاڵە شیکارییە هەستیارەیە کە چارەنووسی دانوستانەکان دیاری دەکات.
نرخى بیتکۆین بۆ 124 هەزار و 533 دۆلار بەرزبووەوە، ئەو نرخە بەرزترینە لە مێژووى دروستبوونییەوە. قەبارەى سەرمایەگوزارى لە بیتکۆین گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و 450 ملیار دۆلار، لە ریزبەندى ئەو کۆمپانیا و کانزایانەى لە جیهاندا زۆرترین سەرمایەگوزارییان تێداکراوە هاتووەتە ریزبەندى پێنجەم، لە پێش کۆمپانیاى گووگڵ و ئەمازۆنەوەیە، زیو و کۆمپانیاى مێتا و ئارامکۆى سعودیش لەدواى ئەوانەوە دێن. ئەم بەرزبوونەوەیەى بیتکۆین دواى ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە فیدراڵى ئەمریکا رێژەى سوودى بانکى لەسەدا دوو بۆ سێ دابەزێنێت و لە ئاستى لەسەدا یەک جێگیری بکات. پێشتریش ترەمپ پرۆژەیاسایەکى واژۆکرد، رێگەى بە سندوقەکانى خانەنشینى دا وەبەرهێنان لە بیتکۆیندا بکەن، هەروەها بڕیاریدا لێپێچینەوە لە هەموو ئەو بانکانە بکرێت کە بیتکۆین بۆ بەشداربووەکانیان دەستەبەر ناکەن.
بەهۆی نقومبوونی كەشتییەكى کۆچبەرانەوە لە كەناراوەكانی ئیتالیا تائێستا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن. ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لەزاری وتەبێژى وتەبێژی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردەوە کەشتییەک لە دورگەی لامپێدوسا لە ئیتاڵیا، نوقومبووەو نزیکەی ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. فیلیپۆ ئونگارو، وتەبێژەکە لە ئەکاونتی فەرمى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتی "بەئازارێکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنن دوای ئەوەی کەشتیەک نوقمبووە، کارمەندانمان یارمەتی ڕزگاربووان دەدات" و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت "تائێستا تەرمى 20 لەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکى دیکەش بێ سەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنووسێکی ڕادیۆ ڕادیکاڵ بە ناوی سێرجیۆ سکاندورا لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردەوە کە بەلەمەکە ٩٧ کەسی هەڵگرتبوو کاتێک لە نزیک ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لامپێدوسا نوقم بووە. بەپێى ئەو زانیاریانەى بڵاوکراونەتەوە 12 بۆ 17 کۆچبەر بێسەروشوێنن، باس لەوەدەکرێت تا ئیستا 60 ڕزگاربوو بە سەلامەتی هێنراونەتە دوورگەکە. ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا دەدەن لە ڕێگەی لامپێدوسا لە باکووری ئەفریقاوە زۆرجار بە بەلەمی باری زۆرەوە دەپەڕنەوە یان لە ڕێگەی ڕێگای دەریایی مەترسیدارەوە لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست هەڵدێن. فیلیپۆ ئونگارو لە پەیامەکەیدا لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٧٥ حاڵەتی مردن لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا تۆمارکراوە" و داوای "بەهێزکردنی کەناڵە یاساییەکان" بۆ کۆچبەری کردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ئەمساڵ ٣٨ هەزار و ٢٦٣ کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.