فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشدارییەکی تووندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، "ئەو رژێمە چەند رۆژێکی ماوە [زۆری نەماوە]." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستوەردانی لە دژی تاران نوێ کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کات خەریکە تەواو دەبێت." مێرتس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئیلی بۆلۆجان، سەرۆکوەزیرانی رۆمانیا گوتی: "رژێمێک کە تەنیا لەرێگەی تووندوتیژی و تیرۆرەوە دژی دانیشتووانەکەی خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چەند رۆژێکی کەمی ماوە. رەنگە ئەوە بابەتێکی چەند هەفتەیی بێت، چونکە ئەم رژێمە هیچ شەرعییەتێکی بۆ حوکمڕانیی وڵات نەماوە." راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بە کوژرانی هەزاران کەس کرد لە خۆپێشاندانەکانی دواییدا و گوتی، ئەمە نیشانەی ئەوەیە "رژێمی مەلاکان تەنیا لەرێگەی تیرۆرەوە دەسەڵاتی گرتووە". بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی (HRANA)، زیاتر لە شەش هەزار و 200 کەس لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، کە زۆربەیان لە رۆژانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بووە. مێرتس پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکارییەکەی ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا "سوپای پاسدارانی ئێران" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت. راوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە هێشتا یەک یان دوو وڵات لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا ئامادە نین پشتگیری لەو هەنگاوە بکەن. لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوان و بێ وێنەی خۆپێشاندان بووەتەوە. خۆپێشاندانەکان لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026 گەیشتنە لووتکە و هێزە ئەمنییەکان بە تووندی بەرپەرچیان دانەوە. بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان، ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، بەڵام بڕینی ئینتەرنێت پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی ئامارەکانی قورستر کرد. گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، بووەتە هۆی گەڕانەوەی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر تاران. ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا رێگە نادات دەسەڵاتی ئێران بەو شێوەیە بەردەوام بێت و هەڕەشەی دەستوەردانی کردووە ئەگەر "سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی خەڵک" رانەگیرێت. هەڵبژاردنی مێرتس وەک راوێژکاری ئەڵمانیا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی بەرلین بەرامبەر تاران دروست کردووە. ئەڵمانیا کە پێشتر رۆڵێکی میانڕۆی هەبوو، ئێستا بووەتە یەکێک لە تووندترین رەخنەگرەکانی ئێران لە ئەورووپا و بە ئاشکرا داوای رووخانی دەسەڵاتی ئایینی لەو وڵاتەدا دەکات.
سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆککۆماری سووریا لە مۆسکۆ جەخت لە گێڕانەوەی سەروەریی خاکی سووریا و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەنەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ڕووسیا پیرۆزبایی خێرابوونی پڕۆسەی یەکخستنەوەی سووریای کرد و جەختی کردەوە مۆسکۆ هەمیشە پشتیوانی گێڕانەوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بووە و دەمێنێتەوە. ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لە كۆشكی كرملین چاوی بە ڤلادیمیر پۆتین-ی سەرۆكی روسیا كەوت. پۆتین راگەیاند: 🔹روسیا چاودێری هەوڵەكانی ئەحمەد شەرع دەكات بۆ گەڕاندنەوەی یەكپارچەیی خاكی سوریا. 🔹پەیوەندییەكانی روسیاو سوریا بەهۆی هەوڵەكانی ئەحمەد شەرعەوە گەشەی كردووە. 🔹جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی یەكێتیی سوریاو سەلامەتی خاكەكەی دەكەین، پشتیوانی هەوڵەكانی ئەحمەد شەرع دەكەین بەم ئاڕاستەیەدا. 🔹گەڕانەوەی خۆرهەڵاتی فورات بۆ باوەشی دیمەشق هەنگاوێكی گرنگ بوو. لەبەرامبەردا ئەحمەد شەرع وتی: 🔸دڵخۆشم بەم سەردانەم بۆ مۆسكۆ، زۆر بابەتی هاوبەش لەنێوانماندا هەیە. 🔸سوریا لە ساڵی رابردوودا زۆر بەربەستی بڕی، دواینیان یەكخستنی خاكەكەی بوو. 🔸روسیا پشتیوانی یەكێتیی و سەقامگیری خاكی سوریا دەكات و، رۆڵی مێژوویی هەیە لە سەقامگیری ناوچەكە بەگشتی، هیوادارین ئەم هەوڵە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە باشترین حاڵەتی پەرەپێدان و گەشەكردندا بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، پەیوەندی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نەکردووە. رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێمە هیچ داواکاریەکمان بۆ دانوستاندن نەکردووە، بەڵام نێوندگیرەکان هەن و لە رێگەی ئەوانەوە پەیوەندیمان هەیە." عێراقچی گوتی، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو و ستیڤ ویتکۆڤ نییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دانوستاندن بنەمای تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت لە پێگەیەکی یەکسانەوە بەڕێوەبچێ، هەروەها لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکدی و بۆ سوودی هەردوولا بێ؛ قبووڵ ناکرێ لایەنێک هێز بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی." وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "وڵاتان ویستی نێوەندگیرییان لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەیە و هەڵوێستی ئێمەش روونە. دانوستاندن بە هەڕەشە ناکرێ. دەبێ دانوستانەکان لە هەلومەرجێکدا بکرێن کە واز لە هەڕەشە و داخوازییە زێدەڕۆییەکان هێنرابێ." ئەم قسانەی عەباس عێراقچی لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی دەستوەردانی سەربازی لەبەرامبەر ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە. لەلایەکى دیکەوە جێگری وەزیری دەرەوی ئێران دەڵێت، لەم کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەن و هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت. رۆژی چوارشەممە، 28ی کانووی دووەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر تاران و واشنتن لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشن، ئەوە بەو مانایە نییە کە تاران ئامادەیی خۆی بۆ هەر شەڕێکی ئەگەری کەم بکاتەوە." کازم غەریب ئابادی گوتی: "لەو کاتەدا کاری لەپێشینەی تاران دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو 200٪ ئامادەییە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان." جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هێرشێکی سنوورداری ئەمریکا وەڵامێکی بەهێز وەردەگرێت." جێگری وەزیری دەرەوی ئێران دەشڵێت، لەو کاتەدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەڵام "هەندێک پەیام لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت." ئەوە لە کاتاێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار [یەکلاییکەرەوە]ـیە."
"كەشتییەكی جەنگی جوانی تر ئێستا بەشێوەیەكی جوان بەرەو ئێران دەڕوات، هیوادارم رێككەوتن بكەن" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. ترەمپ بەم پەیامە هەڕەشە ئامێزە، دواین دەرفەتی خستە بەردەم تاران بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتن بكات. هەر لە پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئێرانەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران قسەی كرد. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسەكانی سعودیە (واس)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێنشینی پادشای سعودیە؛ سەرۆكی ئێرانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی شانشینی سعودیە رێگە نادات بواری ئاسمانی یاخود خاكی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ هیچ كردەوەیەكی سەربازی دژ بە تاران. "هەڵوێستی شانشینی سعودیە رێزگرتنە لەسەروەری كۆماری ئیسلامی ئێران و، پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكەین كە بتوانێت لەرێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بەهێز بكات" شازادەی جێنشینی سعودیە وا دەڵێ؛ كە رۆژانێك وڵاتەكەی نەیاری سەرسەختی ئێران بووە لە ناوچەكەو، گۆڕانكارییەكانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئێستا هەڵوێستی بەم شێوەیە پێ گۆڕیوە. لەبەرامبەردا بەپێی ئەوەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ محەمەد ین سەلمان، سەرۆكی ئێران وتوویەتی: تاران تائێستاش پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكات كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا كە رێگری لە جەنگ بكات. قسەكەی محەمەد بن سەلمان كە بە دەسەڵاتداری راستەقینەی سعودیە ئەژماردەكرێت، دوای راگەیەندراوێكی هاوشێوە دێت لەلایەن ئیماراتی عەرەبییەوە كە دەڵێ: رێگەنادەین ئاسمان و خاك و ئاوە هەرێمایەتییەكانمان لە هەر كردەوەیەكی سەربازی دژ بە ئێران بەكاربهێنرێت. دۆخی نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری وەشاندی گورزی سەربازی لە ئێران وەكو خۆی بەردەوامە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ترەمپ وتی كەشتییەكی جەنگی بەرەو ئێران بەڕێوەیەو خوازیارە ناچار نەبێت بەكاری بهێنێت. ترەمپ پێشتر چەند هۆشدارییەكی بە تاران داوە سەبارەت بە كوشتنی خۆپیشاندەران یاخود بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكە، بەڵام لەوكاتەوە ئیتر خۆپیشاندانەكان كە سەرتاسەری ئێرانیان گرتبووەوە، دامركایەوە. ئاژانسی (رۆیتەرز) لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە دەڵێ: كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی و چەندین كەشتی جەنگی تر گەیشتونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش توانای ترەمپ بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە یاخود ئەگەری كاری سەربازی دژ بە تاران بەهێز دەكات. كۆماری ئیسلامی بەمدواییە یەكێك لە توندترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی لە مێژووی خۆیدا بەخۆوە بینی، سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییە خراپی دۆخی گوزەران و بازاڕ بوو، بەڵام دامركایەوە، بەقسەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان كوشتووە، نەك تەنیا لە خۆپیشاندەران، تەنانەت لەناو خەڵكی ئاسایدا؛ ئەمەش لە گەورەترین هەڵمەتی سەركوتكاریدا لەدوای ساڵی 1979وە كە تێیدا دەسەڵات لە ئێران كەوتە دەست ئاخوندەكانەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەو كوژرانی خەڵكك دەخەنە ئەستۆی "تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ"ەكان، كە بەوتەی ئەوان لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات و ئەمریكاو ئیسرائیلەوە هاندراون.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەبێت ڕۆدریگێز وانە لە چارەنووسی نیکۆلاس مادۆرۆ وەربگرێت و بەتەواوی لەگەڵ داواکارییەکانی واشنتۆن هاوکار بێت. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاربەڕێکەری ڤەنزوێلا کرد. ڕۆبیۆ ڕایگەیاند: "وەک چۆن سەرۆک ترامپ ئاماژەی پێ کردووە، ئەگەر ڕێگە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا، ئێمە ئامادەین هێز بەکاربهێنین بۆ دڵنیابوون لە زۆرترین هاوکاری." - ڕۆبیۆ بە توندی بەرگری لە ئۆپەراسیۆنی 3ی کانوونی دووەم کرد (کە تێیدا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکران) و گوتی مادۆرۆ "بازرگانێکی ماددەی هۆشبەربووە، نەک سەرۆکێکی شەرعی." بڕیارە ڕۆبیۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025، کۆببێتەوە. دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، هەرچەندە ڕایگەیاندووە کە "فەرمان لە واشنتۆن وەرناگرێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا خەریکی گفتوگۆیە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ڤەنزوێلا.
دۆناڵد ترەمپ، پۆستێکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بیستوومە وڵاتێکی مەزنی وەک عێراق، رەنگە بڕیاری زۆر هەڵە بدات بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆکوەیزران. کۆتاجار، کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو وڵاتەکە لەنێو هەژاری و ئاژاوەدا بوو، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە رووبداتەوە لەبەر سیاسەت و بیرکردنەوە شێتانەتەکانی. ئەگەر رووبدات، ئەمریکا چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات، ئەگەر ئێمەش هاوکاری نەکەین، چانسی سەرکەوتنی سفر دەبێت. تەواوى پەیامەکە.. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، دەبیستم دەوڵەتی عێراقى مەزن بژارەدیەكی زۆر خراپی هەبێت بە سەرلەنوێ دانانەوەی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق. ترەمپ لە سەكۆی "تروس سۆشیال" نوسیویەتی: دوایین جار کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵات دابەزییە ناو هەژاری و ئاژاوەیەکی تەواو، نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەر هه ڵبژێردرێتەوە، ئه مریکا چیتر هاوکاری عێراق ناکات بەهۆی سیاسه ت و ئایدۆلۆژیای شێتانەكەی. ئەگەر ئێمەش لەوێ نەبین بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی، عێراق هیچ دەرفەتێكی نابێت بۆ سەركەوتن و گەشەسەندن و ئازادی، عێراق جارێكی تر مەزن بكەنەوە.
تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا. لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی دۆخی سووریا و پەرەسەندنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان کردەوە، بەتایبەتی بۆ شاری کۆبانێ کە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان هەیە. باڵیۆزی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی سەقامگیری لە سووریا و ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە ئەولەویەتەکانە، هەروەها لە تەوەری دووەمی پەیوەندییەکەدا، باسیان لە دۆخی سیاسیی عێراق کرد و تۆم بەڕاک هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا لە کاتێکدایە کە عێراق و سووریا لەبەردەم گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەدان و ململانێی نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان بۆ فەرزکردنی هەژموونی خۆیان گەیشتووەتە لوتکە، واشنتن لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە دەیەوێت پەیامی ڕوونی خۆی بگەیەنێت کە تەنها پشتگیری لەو حکومەت و لایەنانە دەکات کە سەربەخۆیی بڕیار و بەرژەوەندیی گەلەکانیان دەپارێزن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق "رەتکردنەوەی تووندی" خۆی بە رووسیا راگەیاند بۆ پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ نێو سوپای ئەو وڵاتە و دەڵێت، یاسای عێراقی سزای بۆ ئەو کارە داناوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت: "رێگە نادەین عێراقییەکان ببنە سووتەمەنیی شەڕێک کە پەیوەندی بەوانەوە نییە". بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کۆبووەتەوە. هەرچەندە باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کراوە، بەڵام تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی "پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ ناو سوپای رووسیا" بووە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەحرولعلووم پەیامی بەغدای گەیاندووەتە مۆسکۆ و "رەتکردنەوەی تووندی عێراق"ی بۆ هەر هەوڵێکی ناونووسکردنی گەنجانی عێراقی لە ریزی سوپای رووسیا یان هەر سوپایەکی دیکەی بیانی دەربڕیوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە باڵیۆزی رووسیای راگەیاندووە: "یاسای عێراقی ئەم کارە وەک تاوان دەناسێنێت و سزای بۆ داناوە". جەختیشی کردووەتەوە، پاراستنی هاووڵاتییان لەوەی "بخرێنە ناو ململانێ و شەڕی وڵاتانی دیکە" لە کارە لەپێشینەکان و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی حکومەتی عێراقە. لای خۆیەوە، ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، بەبێ ئەوەی وردەکاریی وەڵامی مۆسکۆ بۆ داواکارییەکەی عێراق بخاتەڕوو، تەنیا ستایشی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی عێراقی کردووە و ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی نیشانداوە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 14-01-2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بە فەرمی داوایان لە ئۆکراینا و رووسیا کردووە ئەو عێراقییانەیان رادەست بکەنەوە کە لە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەشدارن. پێشتریش لە 24-12-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکمان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە". بەگوێرەی یاساکانی عێراق، بەشداریکردن لە شەڕی وڵاتانی دیکە سزای هەیە. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو: "یاسای سزادانی عێراق سزای بەندکردنی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە پەیوەندی بە هێزی چەکداری دەوڵەتێکی دیکەوە دەکەن بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق".
سوپای ئیسرائیل ئهمڕۆ دوشهممه ڕایگهیاند، روفاتی كۆتا بارمتهی به كوژراو له غهززهیان دۆزیوهتهوه، ئهمهش یهكهمجاره له دوای ساڵی 2014هوه هیچ بارمتهیهكی ئیسرائیلی لهو ناوچهیهدا نهبێت. ڕان گڤیلی ئهفسهرێكی پۆلیسی ئیسرائیلی كه له 7ی (تشرینی یهكهم/10)ی 2023 ڕفێندرا بۆ غهززه و دواتر كوژرا، ئهمهش دواههمین بارمته بو كه لهو كاتهدا ڕفێندرابو و روفاتهكهی نهدۆزرابۆوه. دوای پرۆسهیهكی ناسینهوه كه لهلایهن سهنتهری نیشتمانی پزیشكی دادوهری به هاوبهشی لهگهڵ پۆلیسی ئیسرائیل و شاباك ئهنجامدرا، بهرپرسان خێزانهكهیان ئاگاداركردهوه كه پاشماوهكانی ناسێنراون و دههێنرێتهوه بۆ تهلئهبیب. ئهوهش لهكاتێكدایه، ئیسرائیل مهرجی كردنهوهی تهواوی دهروازهی رهفح و پێشكهوتنی بۆ قۆناغی دوهمی پلانی ئاشتی غهززه به وهرگرتنهوه و گهڕانهوهی ههمو بارمته زیندو و مردوهكان دانابو.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەستبەردان لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "کارەساتێکی گەورە" دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێنێت. پۆمپەیۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، رایگەیاند، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژی داعش، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی". پۆمپەیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پۆستێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە "خواستی بەهێز و گەشەسەندووی هەردوو پارت"ی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کردبوو بۆ پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی یارمەتی ئەمریکایان دا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. پۆمپەیۆ لەسەر پۆستەکەی نووسیوە: "پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی دەبێت". مەترسیی لەسەر کۆبانێ و کۆتاییهاتنی ئاگربەست ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درەنگی شەوی شەممە کۆتایی دێت و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە هەیە. گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە. رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە. سەرچاوەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە کە "ئاگربەستەکە تەواو بووە" و دیمەشق خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە. لیندزی گراهام هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بەردەوام بن، سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تووندتر، لەوانەش یاسای قەیسەر، دەگەڕێننەوە. مێژوویەکی ئاڵۆز لە سەردەمی پۆمپەیۆ وەک وەزیری دەرەوە (2018-2021)، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا جێگیر نەبوو. لە ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد، ئەوەش رێگەی بۆ لەشکرکێشیی تورکیا خۆشکرد. لەو کاتەدا، پۆمپەیۆ نیگەرانییەکانی ئەنقەرەی بە "رەوا" ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بەشێوەی سەربازی بەرگری لە کورد ناکات؛ بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردەوە بە "ناپاکی" وەسفکرا و لە کۆنگرێسیش رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە. تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و دەستەڕاستی ترەمپ بۆ زۆر لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاندووە کە چیدیکە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک، پشتیوانی بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەسەدە لە دوو گەڕەک و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، پارێزگەی دێرەزوور، پارێزگەی رەققە و چەند ناوچەیەکی پارێزگەی حەسەکە کشاوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە کەنەدا لە ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین، ئاماژەی بەوەکردووە، لەوانەیە ئەمە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەوێتە بەر شاڵاوی کاڵا و کەلوپەلی چینی. شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ماەک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەوانەیە هەڵەیەکی مێژوویی ئەنجام بدات، بەو هەڵەیە چین دەتوانێت کەنەدا بە تەواوی بخوات، لەمبارەیەوە ترەمپ هۆشداری دەداتە کارنی کە هەڵەی لەو شێوەیە ئەنجام نەدات چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کەنەدا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئۆتاوا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ پەکین بکات، دەستبەجێ ئەمریکا باجی 100% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و بەرهەمە کەنەدییانەدا دەسەپێنێت کە دەچنە ناو بازاڕەکانی ئەمریکاوە. ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور گوتی: لەگەڵ چین ڕێگایەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر بنیاتنەر بووە. سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاشکراشی کرد لە لایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی پێگەیشتووە و دەشڵێت: وەزیران و بەرپرسەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان دەستنیشانکردنی هاوکاری و گەشەسەندنەکانی وڵات ڕاسپاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆریای باشوور لە میانی لووتکەیەکی ئاسیا-پاسفیکدا کۆبوونەوە، بەمەش ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار دوای ساڵی 2017 یەکەمین گفتوگۆی فەرمی خۆیان لەسەر پرسی بازرگانی کرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا کەنەدا لە بارەی کۆبوونەوکەدا ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکەیان خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. هەروەها میدیا فەرمی وڵاتی چین لە زاری شی جیپینگ بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەن لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ سەر ڕێڕەوێکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەوام لە زووترین کاتدا. هاوکات پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین لەنێو خراپترین پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە، بەڵام هەر دوو وڵات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە و باجی گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، وای کردووە دووبارە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا بچنەوە. پێشتر حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، کە لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت. ڕۆژی شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕێکلامەوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیادە کرد و هەموو گفتوگۆوە بازرگانییەکانی ڕاگرت. دوای ئەوا مارک کارنی، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ستایشی عێراق لە پرسی پاراستنی دەستگیرکراوانی داعش و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیە ئەمنییە هەستیارەدا دەکات. پیت هێگسێت لە پەیامێکیدا لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی(ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی عێراق دەکات لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەویش لە ڕێگەی پاسەوانیکردنی دەستگیرکراوانی داعش لە زیندانەکاندا. هێگسێت جەختی لەوە کردەوە، عێراق ئەرکی سەرشانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات،هاوکات ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بوونی تیرۆریستەکانی عێراقی نین لەناو خاکی عێراقدا، کاتی دەبێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە وڵاتانی جیهان هاووڵاتییە تیرۆریستەکانی خۆیان لەو بنکانە وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبووی دادگایان بکەنەوە. ئەم لێدوانانەی پیت هێگسێت لە کاتێکدایە کە پرسی زیندانیانی بیانی لە ناوچەکەدا بووەتە ئالنگارییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014ـەوە بۆ تێکشکاندنی داعش پێکهێنراوە، عێراق بە هاوبەشێکی دەبینێت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.
برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان هاتە دەنگ و بە بەرپرسانى واشنتن دەڵێت کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن. برێت مەکگۆرک لە تۆڕى ئێکسى خۆیەوە ڕایگەیاند، دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگەی نیگەرانییە، دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن و بەهۆی ئەوانەوە جیهان زیاتر پارێزراوە. مەکگۆرک، دۆخی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاى بە جێگەی نیگەرانی ناوبردووە و دەڵێت "پێویستە ئاگربەست بەردەوام بێت". مەکگۆرک، کە لە لە 2015 بۆ 2018 نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دژى داعش، دەڵێت "هەر داڕووخانێکی ئەمنی بە تایبەت لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی داعش، لێکەوتەی خراپی نێودەوڵەتی دەبێت". برێت ماکگۆرک دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن، پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەمڕۆ جیهان زیاتر بەهۆی ئەوانەوە پارێزراوە.
هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد ئامادەکردنی هاوڵاتی پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان. ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا. چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت. تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت. لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە. لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای. لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران. باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا. هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات. زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات. بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا. هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت. چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن
بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمەریکا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش ئەمڕۆ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە. سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق. براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و بە دڵەوە سوپاسی ڕۆڵیان دەکەین لە مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش. کوپەر جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی ئەم دەستگیرکراوانە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن لە گرتووخانەکان، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵی 2025دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.
