ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سوریا پلانێکی ستراتیژی پەسەند دەکات لەبارەی رێگەدان بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا تاوەکو وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی سوریا بکەن. رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەى ئەحمەد شەرع لە پێناو باشکردنى پەیوەندییەکانى سوریایە لەگەڵ ئەمریکا. پێشتر رۆژنامەی واڵ ستریتی جۆرناڵ رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی ئەوەدایە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی بکات سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگرێت، لەبەرامبەردا هەندێک کار دەکات کە واشنتن دەیەوێت، لەوانە دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردە فەڵەستینییەکان لە سوریا، دڵنیایی کردنەوەی واشنتن لەوەی خۆی دوورپەرێز دەگرێت لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و رێدان بە وەبەرهێنانی ئەمریکا لە کەرتی نەوت و گازی سوریا. لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، ئەمریکا هێشتا سیاسەتێکی روونى بەرامبەر دەسەڵاتى نوێى سوریا نییە و ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە روانگەى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکات. باس لەوەشکراوە ئەحمەد شەیبانى وەزیرى دەرەوەى سوریا لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە و شەیبانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو هەنگاوانەی دیمەشق گرتوویانەتەبەر هێشتا لەئاست چاواڕوانی واشنتۆندا نین.
سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت ئێمە لە دانوستانى جددیداین و بەدوای ڕێککەوتنداین، بەڵام گفتوگۆی وازهێنان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە. بە پێی ڕاپۆرتێکى ئاژانسی هەواڵی تەسنیمى ئێران، لە کۆبوونەوەى کابینەی حکوومەتی ئێران مەسعود پزیشکیان وتەیەکى پێشکەشکردوەو جەختی لەوە کردوەتەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان، وتیشى: دڵنیاتان دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە، هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، وە بە پێی فەتوای ڕێبەری باڵاى ئێران هەر کارێک بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەغەیەو ئەوان ئەوکارە ناکەن. سەرۆک کۆمارى ئێران لەسەر ئەوەى کەداواکارى ئەمریکا ئەوەیە وازیهێنرێت لەهەموو دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتى: ئەوە لای ئێمه قبووڵ نییه، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و دەستکەوتەکانی زانایانی وڵاتەکەمان لە بواری وزەی ئەتۆمی ئاشتیانەدا بەکارهێنانیان هەیە لە کەرتە جیاوازەکاندا، لەوانە پزیشکی و چارەسەرکردن، کشتوکاڵ، ژینگە، و پیشەسازی و ئێمە بە توندی بەدوای چالاکیی ئەتۆمی ئاشتیانەدا دەگەڕێین. یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕیوەچوو. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای کرد. دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکان، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان، سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر دەبێت." عەباس عێراقچی گوتی: "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستانەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە." بە گوتەی عێراقچی، لەم گەڕەی دانوستاندندا پرسەکانی جێی ناکۆکیی دوو وڵات زیاتر باس کران و جەختی کردەوە، "هەڵوێستی هەردوولا تا رادەیەک لە یەکدی نزیکتر بووەتەوە."
حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی، بەشێک دەبێت لە ئاگربەستی سەر غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەو کەرتە. حەماس ڕایدەگەیەنێت: ئامادەن بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئامادەی دانووستانی بەپەلەن، دەڵێت:پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەپێناو ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییەکانە بە کەرتی غەززە، لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان بەرانبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکات، سبەی ویتکۆف دەگاتە ئیسرائیل بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر، دەڵێت: ئاماژە هەن کە حەماس ئەلیکسەندەر ئازاد دەکەن. یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای بزووتنهوهی حەماسی فهڵهستینی ڕایگەیاند، لە دەوحەی پایتهختی قهتهر لە بارەی ئاگربەستی غەززە و دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکی دەست پێ کردووە و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن. هەر ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی قەتەر و میسرەوە لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی چاوەڕێی ئاگربەستی تەواوەتی دەکات لە سبەینێوە، بۆ دەستپێکردنی رێکارە دیپلۆماسییەکان، وتيشى: درێژەكێشانی جەنگ هیچ سودێکی نییە. زیلینسکی جەختیشكرد لەوەی، رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین، هاوتا روسیەكەی دەکەوێت. لێدوانەكەی زیلینسكی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت دەستبەجێ داواكەی پوتین قبوڵ بکات بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا کۆببێتەوە بۆ دانوستان. سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆڵاند رۆژی یەکشەممە بە شەمەندەفەر گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێیان بەسەر مۆسکۆ دا کرد، ئەگەر رووسیا بەو پێشنیازە نوێیەیان رازی نەبێت. لە هەفتەکانی سەرەتای ئەم جەنگە، کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، رووسیا و ئۆکراینا، راستەوخۆ لە تورکیا گفتوگۆیان کرد، بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبوو، جەنگیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی چوارەمی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ڕایدەگەیەنێت دەتوانین بڵێین بەراورد بە سێ گەڕی پێشوو، دانوستانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمریكا جدیترو راشكاوانە تر بوو. هەروەها وتیشى: تاڕادەیەك لە بوارە گشتییەكان دوركەوتینەوەو چوینە ناو وردەكارییەوە، لەم دۆخەدا دانوستان قورس دەبێت، بابەتی مشتومڕاوی زیاتر تاوتوێ کراوەو هەڵوێستەکان نزیکتر بوونەتەوە، دەتوانرێت ئەم قۆناغە بە هەنگاونان بۆ پێشەوە هەڵسەنگێندرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان، عێراقچی ئەوەى خستەڕوو پێدەچێت گەڕی داهاتووی دانوستانەکان نزیکەی هەفتەیەک تر یەك رۆژ زیاتر یان كەمتر ئەنجام بدرێت. وتیشى: بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكرێت و دەبێت بەردەوام بێت، دەكرێت لە هەندێك رووەوە هەندێك كتۆبەندی سنوردار قبوڵ بكرێت وەكو بڕو ئاست و توانا بۆ ئەوەی لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا متمانە دروست ببێت، هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو كراوە، بەڵام بابەتی بنەڕەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم قایبلی دانوستان نییە. وەزیرى دەرەوەى ئێران لەبارەی سزاكانی سەر ئێرانەوە هەڵوێستی ئێمە رۆشنە، ئامانجی سەرەكی دانوستان هەڵگرتنی سزاكانەو ئەم بابەتە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانمان بووەو هەیە، خۆشبەختانە ئەم بابەتە لەنێوان هەردوولا رێككەوتنی لەسەر كراوە. ئەمڕؤ خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکان سێ کاتژمێریان خایاندووە و تێیدا رێککەوتن کراوە کە هەنگاوەکانی داهاتوو بە لیژنەی تەکنیکیی هەردوولا بسپێردرێن.
ڕاوێژکارێکی محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا داوای لێبوردنی کردووە لە بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا ئامادە نابێت. لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە سەرۆک و دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربن. عەدنان سەرراج، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند: شەرع داوای لێبوردنی کردووە کە بەشدار نابێت لە لووتکەکەدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سووریا لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان عەلەوی و درووزەکان لە لووتکەکەدا سەرکۆنە دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵی عەرەبیەى ڕاگەیاندووە، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەجیاتی سەرۆککۆمار ئامادە دەبێت. ئەمڕۆ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، ڕایدەگەیەنێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوەزری سووریا لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن لە لووتکەی عەرەبی بەغدا، داواشی لێ دەکەن سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق. هەروەها وتیشى:هاتنی شەرع بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد سەرچڵییە، سەردانی شەرع بۆ بەغداد بە تەواوی رەتدەکەمەوەو لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەوەم وتووە. بانگهێشتکردنی شەرع کاردانەوەی لایەنە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە شەرع پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە فەرمانی دەستگیر کردنی هەبووە، بە تۆمەتی شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2003 لە سەربەندی هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق. ئەحمەد شەرع، پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراو بوو، پێشتر لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق شەڕی دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق کردووە و دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە، دوای ئەوەش لەو ڕێکخراوە جیابووەوە و گرووپێکی چەکداریی بە ناوی "جەبهەی نوسرە" دامەزراند.
ڕۆژنامەنووسێكی ئەمهریکی کە لە ساڵی 2012 لە سووریا ڕفێنرا، ڕوفاتهكهی لهنێو گۆڕێكی به كۆمهڵ له باكووری ئهو وڵاته دۆزرایهوه. یهكشهممه، 11ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامهی "میرهر"ـی بهریتانی بڵاوی كردهوه، ڕوفاتی ئۆستن تایس، ڕۆژنامهنووسی ئهمهریكی لهگهڵ ڕوفاتی دوو كهسی دیكه له گۆڕێكی به كۆمهڵدا له باكووری سووریا دۆزرایهوه. ڕۆژنامهی میرهری بهریتانی ڕوونیشی كردووهتهوه، ئۆستن تایس له لایهن چهكدارانی ڕێكخراوی داعش له ناوچهی دابق له ڕیفی باكووری حهلهب كوژراوه. هاوكات چهند كهناڵێكی تهلهفزیۆنی ئاماژهیان بهوه كردووه، تیمێكی پسپۆری قهتهری به ههماههنگیی لهگهڵ تیمێكی ئهمهریكی و هێزه ئهمنییهكانی سووریا توانیویانه ڕوفاتی ئهو سێ كهسه كه یهكێكیان ئۆستن تایسه له گۆڕه به كۆمهڵهكهدا بدۆزنهوه. سهرچاوهیهكی سووری لهم بارهوه گوتوویهتی، ئهندامێكی پێشووی داعش ڕێبهری تیمه قهتهری و ئهمهریكی و سوورییهكهی كردووه و شوێنی ناشتنی تهرمی تایس و ژمارهیهك قوربانی دیكهی پێ نیشانداون. تایس كه لهگهڵ چهند كهناڵێكی ههواڵ كاری كردووه لهوانهش تۆڕی ههواڵی (بی بی ئێس)ـی ئهمهریكی و ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆژنامهی واشنتن پۆست، له ئابی 2012ـدا لهلایهن لایهنگرانی ڕژێمی بهشار ئهسهد له دهوروبهری دیمهشق ڕفێنرا و لهو كاتهوه دیار نهمابوو. هەینی، 7ـی كانوونی یهكهمی 2024، دێبرا تایس، دایکی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستن تایس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پشتڕاستی کردەوە کوڕەکەی باشە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات. دێبرا تایس گوتیشی، دەمانەوێت زۆر وریا بین لەوەی کە هاوبەشی دەکەین، چونکە ئۆستن چاودێریی دەکرێت. باسی لهوهش كردبوو، ئۆستن بە ڕێگهی دیپلۆماتی ئازاد دەبێت نەک بە بۆمب و بە چەک. دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی ئهمهریكا لە ساڵی 2020 نامەیەکی تایبەتی له بارهی ڕۆژنامەنووسەکە بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا نارد. خێزانی تایس هیوایەکی زۆریان پێی هەبوو ، بەڵام بەشار ئەسەد گوتی، نازانێت تایس هێشتا زیندووە یان نا.
چوارەمین خولی وتووێژی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، دواى سێ کاتژمێر کۆبوونەوە کۆتایی هات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت دانوستانی گەڕی چوارەم قورس بوو بەڵام سوودمەند بوو. هاوشێوەى جارەکانى دیکە هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەرى ترەمپ سەرۆکی شاندی ئیران و ئەمریکا یان کرد، لە عومان بەڕێوەچوو. بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات، بەئاژانسى ئەی ئێف پى وتووە: ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە بچن بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لە ڕێگەی گروپە تەکنیکییەکانەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە بە ئەنجامی کۆبونەوەى ئەمڕۆ دڵخۆش بووین چاوەڕێی کۆبوونەوەی داهاتوومان دەکەین، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت. لاى خۆشیەوە، ئیسماعیل ئاقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت دانوستانی گەڕی چوارەم قورس بوو بەڵام سوودمەند بوو، عومانییەکان کات و شوێنی گەڕی داهاتووی دانوستان رادەگەیەنن، گەڕی داهاتووی دانوستان بەمزووانە دەکرێت. چوارەم گەڕی دانوستاندنەکان بڕیاربوو لە 3ی ئایار لە رۆما بکرێت، بەڵام عومانی نێوەندگیر رایگەیاند، لەبەر "هۆکاری لۆجستی" دواخرا. دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 ئەمریکای لە رێککەوتنێکی ئەتۆمی کشاندەوە کە لە ساڵی 2015 لە لایەن ئێران و زلهێزەکانی جیهان واژۆی لەسەر کرابوو. بە گوتەی ویتکۆف، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "رێککەوتنێکی بەهێزتر" لەوە لەگەڵ تاران بکات، بە جۆرێک کە رێگە بە تاران بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکاربێنێت و ئەو توانای دروستکردنی یۆرانیۆمی پێویست بۆ بۆمبی ئەتۆمی نەمێنێت.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە کەناڵی ئێن بی سییان ڕاگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ هێزێکی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕاپپۆرتێکدا کەناڵى ئێن بی سی لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند پەیوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا گرژی تێکەوتووە، ناکۆکی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گەشەسندندایە لەبارەی پرسی غەزە و ئێران. هەروەها ئەو بەرپرسانە، دەڵێن: تەنها لە هەفتەی رابردوو ترەمپ دوو جار لێدوانی داوە کە نەتانیاهۆی بێزار کردووە. بەرپرسانی ئەمەریکا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشیان زیادیان کرد: ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادار کردەوە کە ئێستا "کاتی ئەوەیە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوببرێت، ناتانیاهۆ چەند جارێک ئەوەى خستوەتەڕوو کە دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کات بەفیڕۆدانە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە ترامپ ئامادەیی خۆی بۆ ئێران دەربڕی کە بەرنامەی ئەتۆمی بپارێزێت. لە کاتێکدا واشنتۆن و تاران گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی وڵاتەکەی کرد کە ئێران خاوەنی "مەترسیدارترین چەکی جیهان" بێت. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ساعر لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە بۆ مەترسیدارترین ڕژێم کە مەترسیدارترین چەک لە جیهاندا بەدەستبهێنێت. "دەبێت دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنرێنەوە". لێدوانەکانی ساعر هاوکات بوو لەگەڵ خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سوڵتانییەتی عومان.
نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسیەکەی ڕاگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی". سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن ڕایگەیاندووە، "لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەیشتە ئەنجام". ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سود لەم دەرفەتە وەربگیرێت، تورکیاش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی بەردەوام. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە وردی باسی دەستپێشخەریی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێڤ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کرێملین دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دەستپێشخەریی سەرۆکی ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە پێشنیازکراوە لە 15ی ئایارەوە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، بە وردی گفتوگۆی لەسەر کراوە. کرێملین زیادی کرد: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم پێشنیازە ڕووسیایە دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی سەکۆی ئیستەنبوڵ دووپاتکردەوە. لایەنی تورکیا هەموو هاوکارییەکی مومکین لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێشکەش دەکات. کرێملین هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەردوو سەرۆک هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەربڕیوە، لەوانە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی هاوبەش لە کەرتی وزەدا. سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." تاوەکو ئێستا ئۆکراینا وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی پووتینی نەداوەتەوە. سەرکردەکانی رۆژئاواش رایانگەیاند، داوکاریی ئاگربەستی 30 رۆژە، پێشنیازێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسیان کردووە و ئەویش هاوڕایە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو داواکارییەیان بۆ ئاگربەست "دەبێت قبووڵ بکرێت."
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی تەواو لە پلانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی غەززە، کە ئیسرائیل بەشێک نابێت لێی. ساعر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: ئیسرائیل بە تەواوی پشتگیری لە پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ دەکات، ڕۆژى هەینی لەلایەن مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل پێشکەشکرا. ترەمپ لەم دواییانەدا بەڵێنێکی ئەمریکای نوێکردەوە بۆ یارمەتیدانی گەیاندنی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. هەروەها نوێنەری واشنتۆن لە ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە میکانیزمێک کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لایەکى دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "رێوشوێنی تاکلایەنە" دەگرێتەبەر لە بەرامبەر هەر دانپێدانانێک بە دەوڵەتێکی فەلەستین، ئەمەش دوای لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە. ساعر وتی: هەر هەوڵێک بۆ دانپێدانانی تاکلایەنە تەنها زیان بە ئاسۆی داهاتووی پرۆسەیەکی دوولایەنە دەگەیەنێت و پاڵمان پێدەنێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەنگاوی تاکلایەنە بگرینەبەر. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی لە غەززە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، پێیوابوو چارەسەری سیاسی دەبێت هەنگاوى یەکەم بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی "ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر بکات"، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکەی "ناتوانێت ڕەخنە لە ڕێبازی حکومەتی ئیسرائیل بگرێت".
شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیندستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناڕەوا. هاوکات پیرۆزبایی لە گەلی پاکستان کرد بۆ ئەو سەركەوتنەی بەدەستیانهێنا لە شەڕی چەند رۆژەیان لەگەڵ هیندستان، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. شەریف لە وتارێکدا وتی: ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ هێزە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ سەركەوتنی تەواوی گەل و مێژوو باسی دەكات كە چۆن هێزە چەکدارەکانی پاکستان و فڕۆکە جەنگیەکانی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سوپای هیندستانیان بێدەنگ کرد. سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە دیارترینیان، دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و، ناوچەی کشمیری کێشە لەسەرە، داوای دیالۆگی جدیشی لەگەڵ نیودەلهی کرد. گرژییەکانی نێوان پاكستان و هیندستان لە دوای هێرشێکی چەکداری پەرەیسەند كە لە (22)ی نیسانی رابردوو لە ناوچەی کشمیر بەشە هیندیەكە روويدا، بەهۆیەوە (26) کەس کوژران، كە زۆرينەیان گەشتیارانی هیندستان بوون. لە كاردانەوەی هێرشەکەدا، هیندستان مانگی رابردوو بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی سندی راگەیاند، کە رێککەوتننامەی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات. شەریف لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، هاوكات سوپاسی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانەى كرد بەشدارییان لە رێککەوتنەکەدا کردووە، رۆڵی چین و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پاکستان بەرز نرخاند.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەست پێ دەکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکی ڕایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە نیازە ئەمڕۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات." گەڕی چوارەمی دانوستانەکان، لە سەرەتادا بڕیار بوو لە 3ـی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بەڵام دواخرا و عومان "هۆکاری لۆجستی"ی بۆ ئەو کۆبووەیە هێنایەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران بێبەشکردنی "مافی ئەتۆمی" بێت، تاران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت. عراقچی، وتەکانی ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دانوستانە ئەتۆمییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان هات. میدیای فەرمییەکان لە زاری عراقچیەوە نووسیویەتی: ئەگەر ئامانجی دانوستانەکان بێبەشکردنی ئێران بێت لە مافە ئەتۆمییەکانی، بەڕوونی باس لەوە دەکەم "ئێران دەستبەرداری هیچ مافێکی خۆی نابێت." ئێران چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان ناکات، هەروەها داواکارییەی "پیتاندنی سفر"ی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکاوە پێشکەشی کراوە. بەڵام نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "دامەزراوەکانی پیتاندن لە ئێران "دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە" بەپێی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا کشانەوەی واشنتنی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگەیاند، ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، بەڵام هێرشى هەردوولا بەردەوامەو ناوببەناو دەنگی تەقینەوە دە بیسترێت. وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، پاکستان چەند جارێک ئاگربەستی پێشێلکردووە و هێزە چەکدارەکانمان وەڵامی پێویست و گونجاوی ئەو پێشێلکارییانە دەدەنەوە. سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێزە چەکدارەکانی هیندستان دەستیان کردووە بە وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی پاکستان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتن بەو ڕێککەوتن لە ڕۆژی شەممە. ئەو دووپاتیکردەوە کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شارەکەیان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکان ڕێنمایییان پێگەیشتووە کە "بەخێراو بەهێرشى خێرا مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکان بکەن"، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس. هەروەها داوای لە پاکستان کرد پێشێلکارییەکە ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە پاکستان ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە کە ئەمڕۆ لەسەری ڕێککەوتوون. سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە بیستنی تەقینەوە و بینینی موشەک لە جامو و کشمیر کردووە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز. ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست. رۆژی 22ـی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا داخست. هیندستان و پاکستان ڕۆژی شەممە لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، ئەمەش دوای خراپترین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا. بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان لە کشمیر نیگەرانییەکانی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئیسرائیل خراپە و تاوانکاری ناوچەکەیەو، لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا هەمیشە بۆ وڵاتانی دراوسێ مایەی نائارامی و هەڕەشە و شەڕ بووە. لە دەوحەی پایتەختی قەتەرو لە وتارەکەیدا لە لوتکەی وتووێژی جیهانی ئێران و عەرەبی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وتى: ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، سووریا و لوبنانی کردووەتە پەناگەیەک بۆ دەستدرێژی و هێرشە تیرۆریستییەکانی و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، ئێستا ئیسرائیل گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە بە پشتیوانی ئیسرائیل ئەمریکا خۆی خستۆتە پێگەی هاوبەش و هاوبەشێک لە تاوانەکانی، وتیشى: بیرۆکەی دوو دەوڵەت کە بۆ دەیان ساڵ بەهۆی وەهمی دروستبوونیەوە دواکەوتبوو، بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی فەلەستین، باشترین هەنگاوە. سبەی یەکشەممە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی تاران دەستپێدەکەنەوە و بەگوێرەی ئەوەی لایەنەکان ڕۆژی هەینی پشتڕاستیان کردەوە، خولی چوارەمیش بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا میوانداریکردنی مەسقەتی پایتەختی عومان. عەباس عەرەقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتوو، سبەی یەکشەممە، لە شاری مەسقەت، کە چەند هەفتەیە بەردەوامە. پێچەوانەی سێ دانیشتنەکانی دیکە، ئەمجارە دیارە ئەمریکا خۆی لە ئاست یۆرانیۆمی ئێران، یەکلاکردووەتەوە، ترەمپ ئێرانێكی سفر یۆرانیۆم و سفر ژێرخان و سەرخانی ئەتۆمی دەوێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بەرنامەی پیتاندن نابێت هەرگیز لە دەوڵەتی ئێراندا هەبێت. ئەمە هێڵی سوورە، کەواتە دەبێت بەرنامەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، واتە هەرسێ بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فوردۆ و ئەسفەهان هەڵبووەشێندرێنەوە". ئەو هەڵوێستە تووندەی ترەمپ لە دوای تێپەڕبوون بە چەند فلتەرێكی هەڵۆ نزیکەکان لە لۆبی ئیسرائیلدا گەڵاڵە بووە.
