دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا لە ریاز رایگەیاند، "رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی". لەکاتى بەشداریکردن لە لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا وتارێکى پێشکەشکرد، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترامپ ڕایگەیاند، دەمەوێت لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک بکەم، بەڵام دەبێت واز لە پشتیوانیکردنی تیرۆر بهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. هەروەها ترەمپ لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتی: دەبێت ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ شەڕی بەوەكالە لە ناوچەكە راگرێت. ڕاشیگەیاندووە کە ئەمریکا گورزێکی قورسی لە حوسییەکان داوە بەهۆی ئەوەی کەشتییەکانیان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج. سەرۆکی ئەمریکا لەو لووتکەیەدا، باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، لەبارەى هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاش وتی، بۆ ئەوە قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد: کار دەکەین بۆ هەڵگرتنی تەواوی سزاکان لەسەر سووریا. ترەمپ، حیزبوڵڵای لوبنانی بە "تیرۆریست" ناوبرد و گوتی، "دەرفەتێكی زێڕین بۆ لوبنانییەکان هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاشتی بژین". لەبارەی حووسییەکانیش گوتی، ئەوان رازی بوون هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بووەستێنێنن، بۆیە ئیدارەکەی بڕیاری داوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاش بۆ سەریان بووەستێت.
دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا کۆبوونەتەوەو باس لەچەند پرسێکى جیاوازکراوە. کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕیازى پایتەختى سعودیە بووە، بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیاش ڕەجەبە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاش لە رێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەی شەرع و ترەمپی کردووە، هەروەها محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەشی تێدابووە. لە دواى کۆبونەوەکەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسان کردو ڕایگەیاند لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوومەوە و بڕیارمدا هەموو سزاکانى سەر سوریا هەڵبگرم. دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا لە ریاز رایگەیاند، "دوای ڕاوێژ لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانم دا سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێن". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا کە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەرفەتێکی گەورەیان پێدەبەخشێت و ئاماژەی بەوەدا کە هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە واشنتۆن هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ئاسایی بکاتەوە. لەلایەکى دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەمریکا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بە سووریا داوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پۆستێکی لەگەڵ کلیپێکی ڤیدیۆیی وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە ڕیاز بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەمریکا دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەداتە گەلی سوریا و سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت. شازادەی جێنشینی سعودیەش ڕایگەیاند ئێمە لە پێناو سەقامگیری ناوچەکەدا حەز دەکەین بەردەوام بین لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا. ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە فەرمانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدات، ئەمەش دوای داوایەکی شازادەی جێنشینی سعودیە و محەمەد بن سەلمان، سەرۆکوەزیرانی سعودیە. هەروەها ڕایگەیاند کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دواتر لە تورکیا چاوی بە هاوتا سورییەکەی دەکەوێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، ڕایدەگەیەنێت ئامانجی ئێران لە دانوستانەکاندا پاراستنی دەستکەوتەکان و کۆتایی هێنانە بەو گەمارۆیانەى کە بە ناڕەوا بەسەر نەتەوەی ئێراندا سەپێنراون. ئەمڕۆ سێشەممە ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانى دایەوە، لەبەشێکیدا وتى: چوونە ناو دانوستانەکانی ئێران تەنها لە ئێستادا نییە، بەڵکو هەمیشە جدییە و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنجام. ئێمە دانوستان وەک ئامرازێک بۆ شانازیکردن و کات بەفیڕۆدان بەکارناهێنین. لە وەڵامی پرسیارى پەیامنێری ئیرنا سەبارەت بە چوونە ناو وردەکارییەکانی دانوستانەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: ئێمە هێشتا لەم ماوەی دانوستانەدا نەچووینە ناو وردەکارییەکان. ئیسماعیل بەقائی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بنەڕەتدا پرسێک نییە لە دانوستانەکاندا، وتی: بە دڵنیاییەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێمە بە جددی بەردەوام دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە: گرنگە ئەزموونی پێشوو لەبەرچاو بگرین و بزانین لە کوێدا پێویستە ڕێوشوێن بگرینەبەر یان بەڵێن لە لایەنەکانی دیکە وەربگرین، بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو. دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت." ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دۆناڵد ترەمپ لە سعودیەوە رایگەیاند، فەرمانێک دەردەکەم بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت، تاوەکو هەلێکیان بدەینێ کارێکی تایبەت بکەن لە پێناو داهاتووی خۆیان. سەرۆکی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، ئیدارەکەی بڕیاری داوە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی پێشوازیی لە بڕیارەکەی کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد." ئەمریکا لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاند، لە دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ شەڕ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە دەسەڵات لادرابوو، سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاندبوو. سعودیە دەنگێکی پێشەنگ بووە و داوای هەڵگرتنی سزاکان دەکات. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم سزاکانی سەر سوریا لادەبەن و ڕایگەیاند، ئەرکێکی گرنگیان ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سوریا هەنگاو بنێتە پێشەوە. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی وەبەرهێنان لە ڕیاز وتی: من فەرمانی وەستاندنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدەم بە مەبەستی پێدانی شانسی گەورە بۆیان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە،" هیوادارن ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، بە گوتەی خۆیشی، یەکەم هەنگاویان ناوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا.
ماڵپەرى ئەکسیۆس بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو پلانە، ترامپ بەنیازە سبەی چوارشەممە لە ڕیاز لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرا، سەرۆکی سوریا کۆببێتەوە، کۆشکی سپییش ڕایدەگەیەنێت ترەمپ ڕازیبووە لە سعودیە سڵاوێک لە سەرۆکی سوریا بکات. کۆبوونەوەکەى ترەمپ لەگەڵ شەرع - کە بەهۆی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە و داعش لە لیستی تیرۆریستی ئەمریکادا دەمێنێتەوە - دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکێکی ئەمریکا و سوریا لە ماوەی ٢٥ ساڵدا. دوایین کۆبوونەوەی لەم جۆرە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بوو، کاتێک بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا لە جنێڤ لەگەڵ حافز ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتی سوریا کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەڵاڵیکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوریا. بەشار ئەسەدی کوڕی ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمدا لە هێرشێکی بەهێزى یاخیبوواندا ڕووخێنرا کە دوای ١٤ ساڵ شەڕی ناوخۆی ماڵوێرانکەر، شەرعی هێنایە سەر دەسەڵات. بەرپرسێکی باڵاى کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕیوە ڕۆژی چوارشەممە سڵاو لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بکات لە سعودیە، لە میانی گەشتە ناوچەییەکەی سەرۆکی ئەمریکادا کە بە وەستانێک لە ڕیاز دەستیپێکرد. دوێنێ دووشەممە، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری سووککردنی سزاکانی سەر سوریا کرد بۆ ئەوەی بتوانێت "سەرەتاییەکی نوێ" بەدەستبهێنێت. دیمەشق پێشوازی لە لێدوانەکەی ترەمپ کرد و بە هەنگاوێکی هاندەرانە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی سوریا وەسفی کرد. کاتێک ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی سێشەممە پرسیاریان لێکرد کە ئایا پێشبینی دەکات لەگەڵ شەرع کۆببێتەوە، ترەمپ وەڵامی دایەوە و وتی: بەڵێ، پێموایە. لە 8-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع کە ئەو کات زیاتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرا بوو، و بەشێک لە گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. تەحریری شام لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی پێشتر لەگەڵ قاعیدە هەیبوو. لەم چەند مانگەی رابردووشدا حکومەتی ئەمریکا خۆی دوور گرتووە لە مامەڵەکردنی فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو وڵاتانە دەکات کە ڕەنگە ئامادەبن فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە وەربگرن. ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا بۆ کۆمەڵێک سەربازی بریندار کە لە ئۆفیسەکەی کۆبوونەتەوە، وتی "ئێمە ئیدارەیەکمان دامەزراندووە کە ڕێگە بە ڕۆشتنیان (دانیشتووانی غەززە) دەدات، بەڵام پێویستمان بە وڵاتانێکە کە ئامادەبن قبوڵیان بکەن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە ئەوەیە کە ئێستا کار لەسەر دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە مەزەندەی کردووە "زیاتر لەسەدا ٥٠یان دەڕۆن" ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە سوپا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا "بە هەموو توانایەوە" دەچێتە ناو کەرتی غەززە. ئاماژەی بەوەشکرد، "سیناریۆیەک نابینێت کە هێزەکانی ئیسرائیل شەڕەکە بوەستێنن" لەسەر کەرتی وێرانکراوی فەلەستین. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هەموو هێزمانەوە دەچینە ناو غەززە بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە. تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بە واتای شکستپێهێنان و لەناوبردنی حەماسە. ئاماژەی بەوەشکرد: هیچ دۆخێک نییە کە شەڕەکە ڕابگرین. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "ڕەنگە ئاگربەستێکی کاتی ڕووبدات". لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، حەماس ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمریکی عیدان ئەلێکساندەر "بەرهەمی" پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بووە، نەک دەرئەنجامی فشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل. بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا وتی: گەڕانەوەی ئەلێکساندەر لە ئەنجامی پەیوەندیی جیددی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و هەوڵی ناوبژیوانەکانە و دەرئەنجامی دەستدرێژیی زایۆنیستەکان یان وەهمی فشاری سەربازی نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ کردووە.
سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت دانوستانەکان بە ئاگادارى و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕێبەری باڵاى ئێران ئەنجام دەدرێن، ڕێنماییەکانیشی دەبێتە چرای ڕێنماییکارمان لەسەر ئەم ڕێگایە، ئێمە ژیان و بژێوی میللەتمان بە دانوستانەوە نەبەستووەتەوە و نایکەین. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیران لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانى وڵاتەکەى ئاماژەی بەوەکرد هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی پەرلەماندا ناکەین. هەروەها لەبارەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا جەختی کردەوە لە دانوستاندا بە هیچ شێوەیەک لە پرەنسیپەکانمان پاشەکشە ناکەین و لە هەمان کاتدا گرژیمان ناوێت. سەبارەت بە قەیرانی ناهاوسەنگی بەتایبەت لە کەرتی وزە، سەرۆک کۆمار هەروەها وتی: چارەسەرکردنی ئەم ناهاوسەنگیانە پێویستی بە کات و حیکمەتی بەکۆمەڵ و کاری پسپۆڕانە هەیە. تا ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ شارەزایانی پشتیوان و ڕەخنەگرانە ئەنجام دراون و بۆچوونەکانیان لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەتدا لەم بارەیەوە لەبەرچاو گیراوە. لێدوانی سەرۆک کۆمار لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوانی ئێران و ئەمریکا بە سەرپەرشتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانیش، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر بێت." عێراقچی گوتیشی، "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستاندنەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە." ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
له یهكهم گهشتیدا بۆ دهرهوهی وڵاتهكهی دوای ههڵبژاردنهوهی به سهرۆكی ئهمهریكا، دۆناڵد ترهمپ ئهمڕۆ سێشهممه 13ـی ئایاری 2025 گەیشتە خۆرههڵاتی ناوهڕاست و سهردانی سعودیه و قهتهر و ئیمارات دهكات. سەرۆکی ئەمەریکا، گەیشتە سعوودیە و گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد، هاوکات بەگوێرەی ئاژانسەکان پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنی ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکات و لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا بکرێت. سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودییە پێشوازی لێ کرا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕۆژ دەبێت و سەرەتا دەچێتە سعوودییە و ڕۆژی چوارشەممەش بۆ قەتەر و پێنجشەممەش بۆ ئیمارات بەڕێ دەکەوێت. پێشبینی دەکرێت گەشتەکە دۆناڵد ترەمپ بۆ سعوودییە، ئیمارات و قەتەر زیاتر بەمەبەستی ڕێککەوتنی ئابووریی بێت، نەک چارەکردنی قەیرانە ئەمنییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، لەوانە شەڕی غەززە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. بەگوێرەی ئاژانسەکە شاندێکی باڵا یاوەری دۆناڵد ترامپ دەکەن لەوانیش ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و بەڕێوبەری وەزارەتی کارامەیی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێت هێکسێت، وەزیری بەرگری و سکۆت باسن، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەش. هەروەها دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر پێنجشەممە گفتوگۆی باش لە نێوان شاندی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستەنبۆڵ بکرێت، ئەوە بە دووری نازانێت بچێتە تورکیا. ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت سعوودییە و قەتەر و ئیمارات بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە ئەمەریکا ڕابگەینن. بەگوێرەی ئاژانسی "SPA"ـی سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی سعوودییە و سەرکردەکانی کەنداو 10 پرس تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگریی و هاوکاریی ئابووریی دەبێت. هاوکات واشنتن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجیی خۆی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەنداودا بەهێز بکات لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای بارودۆخی نێودەوڵەتیدا. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ سعوودییە و وڵاتانی کەنداو تیشک دەخاتە سەر ئەو بایەخەی کە ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیدات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ یەکەم سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، واشنتنی بەجێهێشت و بە فڕۆکەی AIR FORCE ONE بەڕەو سعوودیە بەجێهێشت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "بیر لەوە دەکاتەوە" ڕۆژی پێنجشەممە گەشت بۆ تورکیا بکات بۆ بەشداریکردن ئەگەری دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر بە سوودی بزانێت ئەو کارە دەکات. ترەمپ لە کۆشکی سپی پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بەڕێبکەوێت لە دەستپێکی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، لە ڕاستیدا بیرم لەوە کردۆتەوە گەشتێک بۆ ئەوێ بکەم. "نازانم ڕۆژی پێنجشەممە لە کوێ دەبم، کۆبوونەوەیەکی زۆرم هەیە، بەڵام پێم وابوو سواری فڕۆکەیەک بم و بچمە ئەوێ، پێموایە ئەگەرێک هەیە ئەگەر ببینیت شتەکان ڕوودەدەن". ناوبراو زیادی کرد: پێموایە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی تورکیا لە تورکیەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەتوانێت دەرئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و پێموایە هەردوو سەرکردە بەشداری دەکەن، بە ئاماژەدان بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەر پوتین بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی نەبێت سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت یان نا، لە وەڵامدا وتی "هەستێکم هەیە ئەوان ڕازی دەبن، بەڵێ هەستێکم هەیە". لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی هاکان فیدان قسەی کردووە و سوپاسی تورکیەی کردووە کە "میوانداری و ئاسانکاری بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە". ڕوبیۆ کە یاوەری ترەمپە لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، پێشوازی لە "ئەگەری ئاگربەستی دەستبەجێ" کرد.
ڕۆژنامەی تایمز ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشتگیری لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع هاوتا سورییەکەی لە ڕیاز لە کاتی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە دەکات. ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە شەرع ڕێکەوتنێکی کانزاکان پێشکەش بە ترەمپ بکات، هاوشێوەی ئەوەی ئۆکرانیا کردوویەتی و ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی سوریا دەیەوێت هاوتا ئەمریکییەکەی سزاکان هەڵبگرێت لە بەرامبەر هەندێک دەستکەوتدا، وەک ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە. بەپێی هەواڵێکی تایمز، ویتکۆف کۆبوونەوەی ترەمپ و شەراع بە "دەرفەتێک بۆ شکاندنی نەریت" دەبینێت. سەرچاوەکانی تایمز ڕایانگەیاندووە ڕەنگە شەرع دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل پێشکەش بە ترەمپ بکات، ڕەنگە ڕازی بێت بە ناوچەیەکی بێ سەربازی لە نزیک بەرزاییەکانى جۆلان، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی سوریا ڕەنگە ڕازی بێت بە مانەوەی ئیسرائیل لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا. لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، "کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ڕێگەدان بە ئەمریکا دەستڕاگەیشتن بە نەوت و غازی سوریا، بەشێکە لە پلانێکی ستراتیژی" کە شەرع بۆ گەیشتن بە واشنتۆن پەسەندی کردووە. جۆناسان باس، چالاکوانێکی ئەمریکی لایەنگری ترەمپ کە لە ٣٠ی نیساندا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە دیمەشق لەگەڵ شەرع کۆبووەوە، لەگەڵ چالاکوان و بەرپرسانی دیکەی سوریا، هەوڵدەدات لەم هەفتەیەدا لە پەراوێزی سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک ڕێکبخات.
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سوریا پلانێکی ستراتیژی پەسەند دەکات لەبارەی رێگەدان بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا تاوەکو وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی سوریا بکەن. رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەى ئەحمەد شەرع لە پێناو باشکردنى پەیوەندییەکانى سوریایە لەگەڵ ئەمریکا. پێشتر رۆژنامەی واڵ ستریتی جۆرناڵ رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی ئەوەدایە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی بکات سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگرێت، لەبەرامبەردا هەندێک کار دەکات کە واشنتن دەیەوێت، لەوانە دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردە فەڵەستینییەکان لە سوریا، دڵنیایی کردنەوەی واشنتن لەوەی خۆی دوورپەرێز دەگرێت لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و رێدان بە وەبەرهێنانی ئەمریکا لە کەرتی نەوت و گازی سوریا. لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، ئەمریکا هێشتا سیاسەتێکی روونى بەرامبەر دەسەڵاتى نوێى سوریا نییە و ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە روانگەى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکات. باس لەوەشکراوە ئەحمەد شەیبانى وەزیرى دەرەوەى سوریا لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە و شەیبانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو هەنگاوانەی دیمەشق گرتوویانەتەبەر هێشتا لەئاست چاواڕوانی واشنتۆندا نین.
سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت ئێمە لە دانوستانى جددیداین و بەدوای ڕێککەوتنداین، بەڵام گفتوگۆی وازهێنان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە. بە پێی ڕاپۆرتێکى ئاژانسی هەواڵی تەسنیمى ئێران، لە کۆبوونەوەى کابینەی حکوومەتی ئێران مەسعود پزیشکیان وتەیەکى پێشکەشکردوەو جەختی لەوە کردوەتەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان، وتیشى: دڵنیاتان دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە، هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، وە بە پێی فەتوای ڕێبەری باڵاى ئێران هەر کارێک بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەغەیەو ئەوان ئەوکارە ناکەن. سەرۆک کۆمارى ئێران لەسەر ئەوەى کەداواکارى ئەمریکا ئەوەیە وازیهێنرێت لەهەموو دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتى: ئەوە لای ئێمه قبووڵ نییه، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و دەستکەوتەکانی زانایانی وڵاتەکەمان لە بواری وزەی ئەتۆمی ئاشتیانەدا بەکارهێنانیان هەیە لە کەرتە جیاوازەکاندا، لەوانە پزیشکی و چارەسەرکردن، کشتوکاڵ، ژینگە، و پیشەسازی و ئێمە بە توندی بەدوای چالاکیی ئەتۆمی ئاشتیانەدا دەگەڕێین. یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕیوەچوو. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای کرد. دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکان، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان، سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر دەبێت." عەباس عێراقچی گوتی: "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستانەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە." بە گوتەی عێراقچی، لەم گەڕەی دانوستاندندا پرسەکانی جێی ناکۆکیی دوو وڵات زیاتر باس کران و جەختی کردەوە، "هەڵوێستی هەردوولا تا رادەیەک لە یەکدی نزیکتر بووەتەوە."
حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی، بەشێک دەبێت لە ئاگربەستی سەر غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەو کەرتە. حەماس ڕایدەگەیەنێت: ئامادەن بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئامادەی دانووستانی بەپەلەن، دەڵێت:پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەپێناو ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییەکانە بە کەرتی غەززە، لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان بەرانبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکات، سبەی ویتکۆف دەگاتە ئیسرائیل بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر، دەڵێت: ئاماژە هەن کە حەماس ئەلیکسەندەر ئازاد دەکەن. یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای بزووتنهوهی حەماسی فهڵهستینی ڕایگەیاند، لە دەوحەی پایتهختی قهتهر لە بارەی ئاگربەستی غەززە و دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکی دەست پێ کردووە و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن. هەر ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی قەتەر و میسرەوە لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی چاوەڕێی ئاگربەستی تەواوەتی دەکات لە سبەینێوە، بۆ دەستپێکردنی رێکارە دیپلۆماسییەکان، وتيشى: درێژەكێشانی جەنگ هیچ سودێکی نییە. زیلینسکی جەختیشكرد لەوەی، رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین، هاوتا روسیەكەی دەکەوێت. لێدوانەكەی زیلینسكی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت دەستبەجێ داواكەی پوتین قبوڵ بکات بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا کۆببێتەوە بۆ دانوستان. سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆڵاند رۆژی یەکشەممە بە شەمەندەفەر گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێیان بەسەر مۆسکۆ دا کرد، ئەگەر رووسیا بەو پێشنیازە نوێیەیان رازی نەبێت. لە هەفتەکانی سەرەتای ئەم جەنگە، کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، رووسیا و ئۆکراینا، راستەوخۆ لە تورکیا گفتوگۆیان کرد، بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبوو، جەنگیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی چوارەمی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ڕایدەگەیەنێت دەتوانین بڵێین بەراورد بە سێ گەڕی پێشوو، دانوستانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمریكا جدیترو راشكاوانە تر بوو. هەروەها وتیشى: تاڕادەیەك لە بوارە گشتییەكان دوركەوتینەوەو چوینە ناو وردەكارییەوە، لەم دۆخەدا دانوستان قورس دەبێت، بابەتی مشتومڕاوی زیاتر تاوتوێ کراوەو هەڵوێستەکان نزیکتر بوونەتەوە، دەتوانرێت ئەم قۆناغە بە هەنگاونان بۆ پێشەوە هەڵسەنگێندرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان، عێراقچی ئەوەى خستەڕوو پێدەچێت گەڕی داهاتووی دانوستانەکان نزیکەی هەفتەیەک تر یەك رۆژ زیاتر یان كەمتر ئەنجام بدرێت. وتیشى: بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكرێت و دەبێت بەردەوام بێت، دەكرێت لە هەندێك رووەوە هەندێك كتۆبەندی سنوردار قبوڵ بكرێت وەكو بڕو ئاست و توانا بۆ ئەوەی لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا متمانە دروست ببێت، هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو كراوە، بەڵام بابەتی بنەڕەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم قایبلی دانوستان نییە. وەزیرى دەرەوەى ئێران لەبارەی سزاكانی سەر ئێرانەوە هەڵوێستی ئێمە رۆشنە، ئامانجی سەرەكی دانوستان هەڵگرتنی سزاكانەو ئەم بابەتە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانمان بووەو هەیە، خۆشبەختانە ئەم بابەتە لەنێوان هەردوولا رێككەوتنی لەسەر كراوە. ئەمڕؤ خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکان سێ کاتژمێریان خایاندووە و تێیدا رێککەوتن کراوە کە هەنگاوەکانی داهاتوو بە لیژنەی تەکنیکیی هەردوولا بسپێردرێن.
