هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای شەهیدی ڕاگەیاند، کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 26-01-2022 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل -هەپەگە- لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی پێنج شەڕڤانی بە ناوەکانی (رەوان عەلی، سوڵتان داڤچک، مەد بارش کەسیجی، مەلیک ئەرسلان و دەلیل تەکین) بڵاوکردەوە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رەوان عەلی لەدایکبووی سلێمانییە و نازناوی ئەکین کوردستانی لە ریزەکانی پەکەکە هەبووە و، ناوی دایکیشی پەرژینە. چوار کەسەکەی دیکە کە ناویان بڵاوکراوەتەوە لەدایکبووی باکووری کوردستانن و خەڵکی شرنەخ، جۆلەمێرگ، بەدلیس و ئیلێهـن. ناسنامەی شەهیدەکان: ناسناو: ئەکین کوردستان ناو و پاشناو: ڕوان عەلی دایک و باوک: پەرژین و عەلی شوێنی لەدایکبوون: دەربەندیخان/سلێمانی کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناو: ستێرک کائوڕۆژ ناو و پاشناو: سوڵتان داڤچیک دایک و باوک: فاتمە – جەمیل کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: مەد مەزداهـ ناو و پاشناو: مەد بارش کەسیجی شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ دایک و باوک: قادر/ بەرهەم کاتو شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: ڕۆستەم گارزان ناو و پاشناو: مەلیک ئەرسەلان شوێنی لەدایکبوون: بەدلیس دایک و باوک: فاتمە – مەندوهـ کات و شوینی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: چیاگەر دەلیل ناو پاشناو: دەلیل تەکین شوێنی لەدایکبوون: ئێلـهـ دایک و باوک: کەزیبان-مەدەنی کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین
هاوڵاتی پاش ئەوەی عەلی حەمەساڵح سکاڵای لەسەر تۆمار کرا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگای باشماخ بە تۆمەتی ئەوەی لەسەر دۆسیەی قاچاخیی زانیاری ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە؛ ئەمڕۆ پەرلەمانتارەکە ڕایگەیاند دۆسیەکەی بردووەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کە دۆسییەکەی لە بەردەم دادوەری دادگای پێنجوێن بردووەتەوە. پاش ئەوەی لە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 دادوەر داوای پارێزبەندی لە سەرۆکی پەرلەمان کرد و دۆسیەکە برایە دادگا، لە ڕۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2022، بێتاوانیی عەلی حەمەساڵح سەلمێندرا. لە هەژماری تایبەتی خۆی، عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، "ڤیدیۆ و وێنەی 38 بارھەڵگرمان خستەڕوو، کە ژمارەی بارھەڵگرەکان دەرچوو بوون، دوای ئەوەی لە سیستمی گومرگی لێکۆڵینەوە کرا، 36 بارھەڵگریان گومرگیان نەداوە، واتە بە "قاچاخ" داخڵ بوون".
هاوڵاتی سوپای توركیا لەسەر سنووری رۆژئاوا و باكووری كوردستان تەقەیان لە هاوڵاتییەكی كورد كرد و كوشتیان. بەپێی هەواڵێی ئاژانسی هاواری رۆژئاوای كوردستان، دوێنێ هاوڵاتییەكی تەمەن 26 ساڵ كە لە كێڵگەكەی خۆ لە گوندی كۆر عەلی لە ڕۆژئاوای شاری كۆبانێ كاری دەكرد، لەلایەن سوپای توركیاوە تەقەی لێكراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. وەك ئەو ئاژانسە دەڵێت :محەمەد ئەحمەد باوكی چوار منداڵ بووە و لە كێڵگەكەی خۆیدا كاری كردووە و سەربازانی توركیا كردوویانەتە ئامانج و كوشتوویانە، تەرمەكەشی لەلایەن كەسوكارەكەیەوە رۆژێك لە دوای كوژرانی بەخاك سپێردراوە. كۆبانێ لەم مانگەدا چەندین جار لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا و تۆپخانەكانی سوپای توركیا كراوەتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەك هاوڵاتی شەهید و برینداربوون.
هاوڵاتی سەرچاوەكانی هەواڵی عێراق بڵاویانكردەوە، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنیی و پاراستنی سنورەكان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سنورەكانی عێراق و سوریای كردووە. وەك ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان پێداوە، مستەفا كازمی بەیاوەری جومعە عیناد وەزیری بەرگریی عێراق، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق و چەند ئەفسەرێكی سوپا سەردانی سنوری سووریای كردووە. لەسەردانەكەیدا بۆ سنووری سوریا كازمی لەگەڵ ئەو فەرماندانەی سوپای عێراق كۆبووەتەوە كە چاودێری سنورەكانی نێوان عێراق و سوریا دەكەن. سەردانەكەی كازمی بۆ سنووری سوریا لەكاتێكدایە ماوەی هەفتەیەكە داعش هێرشیكردووەتە سەر زیندانی پیشەسازی لە حەسەكە،بەڵام هێرشەكەی شكستیهێنا و دەنگۆی هەڵاتنی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ عێراق هەیە.
سەركۆ جەمال یەكێتی و پارتی دڵنیان لە دەرچوونی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان لای خۆیانەوە خەریكی لۆبی كردن و دەنگ كۆكردنەوەن بۆ ئەوەی ببنە براوەی كێبڕكێكەیان لە بەغدا. رۆژی سێشەممە 25-1-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاریدا كە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق كە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تێیدا هەڵبژێردران و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد دەستووری و یاساییە. بەپێی دەستووری عێراق، دوای مانگێك لەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەوپێیەش دەبێت 8-2-2022 سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت. لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بە زۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلاكرایەوەو ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ سووربوونی پارتی لەسەر نەكشاندنەوەی كاندیدەكەی كە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە. لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەنە پارتیو یەکێتی کە بەهۆی پرسی سەرۆک کۆمارەوە یەکڕیزیی کورد لەبەغدا تێکدەچێتو ئەوەش دەرەنجامی نەرێنی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لێدەکەوێتەوە. هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئەمە پرۆسەیەكە وا رێكەوت كە بەڕێكەوتن نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردی، كاندیدی دیكەی لایەنەكان هەیە، سەرەتا لەگەڵ پارتی پێكەوە هاتین بۆ بەغدا، وابڕیاربوو نەبینە بەشێك لەو كێشانەی لەناو ماڵی شیعە هەیەو بوەستین تا چارەسەری كێشەكانی خۆیان بكەن». هەرێم كەمال ئاغا دەشڵێت :»ئێستا ئێمە كاندیدی خۆمان هەیەو كاری بۆ دەكەین ئەگەر سەركەوتنی بەدەستهێنا وەكو فەلسەفەكەی مام جەلال كاری لەسەر كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەكانمان بەردەوام دەبین، لەگەڵ چەند لایەنێكیش لێكنزیكی لەبیروبۆچوون هەیەو پێیان وایە ئەو سیاسەتەی یەكێتی گرتوویەتیە بەر دروستە». «پارتی هەموو بەرژەوەندییەكانی لەپۆستی سەرۆك كۆماردا دەبینێتەوە، بەڵام بیریان لەوە نەكردووەتەوە كوردستان هەرچی بەسەر دێت»، هەرێم كەمال ئاغا وا دەڵێت. هاوكات، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە باوەڕمان بەتواناكانی یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و كاندیدەكەی خۆشمان هەیە كە سەركەوتوو دەبێت لەگەڵ فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی یەكێتی لەدەرەوەی هەر فشارو رێككەوتنێك كە لیستەكانیان بیخەنە سەریان و رێككەوتنی پێشوەخت بكەن». هەروەها پێشیوابوو پەرلەمانتارانی عێراق دەزانن پێویستە دەنگ بەكێ بدەن بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دەنگ بەكاندیدی یەكێـتی و مۆدێلی تێڕوانینەكانی یەكێتی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، وتیشی:» هەموو گرنگی یەكێتی لەم قۆناغەدا سەرخستنی كاندیدەكەیەتی، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیەیە و زۆر گوێ بە ئەگەری دیكە نادەین لەم قۆناغەدا». سەبارەت بە حزبەكانی دیكەی كوردستانی كە خاوەنی 14 كورسی پەرلەمانی عێراقن، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی روونكردەوە كە نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت كە دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن. بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەڵێت:» پارتی بە مافێكی شەرعی خۆی دەزانێت بچێتە كێبڕكێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». شوان محەمەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە وەكو پارتی بەمافێكی شەرعی خۆمان و بەسنگێكی فراوان دەچینە ئەو كێبڕكێیەی پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرئەوەی یەكێتی نەهاتە ناو كۆدەنگی نیشتیمانییەوە». هەروەها وتیشی:»ئێستا دوو رێگا هەیە یان دەبێت رێككەوتنی پێشوەخت هەبێت یاخود دەبێـت هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە». بەرپرسی لقی پارتی لەبەغدا دەشڵێت :»دەرگای گفتوگۆ دانەخستن تەنها بە قسە نییە ئەگەر پێشوەختە بڕیاری دابێت ئەو پۆستە بۆ یەكێتییە ئەی دانەخستنی دەرگای گفتوگۆ مانای چییە؟، دەتوانین بڵێین یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گەواهی ئەوەیە كە پارتی چەند پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە دانوستانەكاندا». هێشتا فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن، نەوەی نوێ لای خۆیەوە كاندیدی بۆ پۆستی سەركۆ كۆمار دیاری كردووە. جەمال كۆچەر ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تەنیا ئەوەندەیان بە ئێمە وتووە كە لەسەر ئەو پرسە قسە دەكەین ئێمەش وتمان هێشتا نەچووینەتەوە بەغدا، تا نەچینە ئەوێ و ناوی كاندیدەكان نەیەنە بەردەستمان بڕیاری خۆمان لەسەر ئەوە نادەین دەنگ بە چی كاندیدێك دەدەین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوكات، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت ب"ە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم لەسەر ئەو پرسە قسە بكەم".
عەمار عەزیز نزیكەی دوو هەفتەیە سوپا پەیكەری زەردەشت شەنگالی رادەستی یەبەشە نەكردووەتەوەو سوپاو یەبەشە نەگەیشتوونە رێككەوتن، بەڵام بەهۆی مەترسییەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە گرژییەكانیان خاوبووەتەوە. زەردەشت شەنگالی لەگەڵ سێ شەڕڤانی تر لە 15ی كانوونی دووەم بە فرۆكەی توركیا شەهیدكراون، وەك رێزلێنان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەركردەكەیان پەیكەرێكیان بۆ دروستكرد دواتر لە 14ی كانوونی دووەم لەدەوری سەركەوتن لەناوەندی شەنگالیان دانا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك سوپا پەیكەرەكەی بردووەو ئەوەش ئاڵۆزی دروست كردووە. حەیدەر شەشۆ، بەرپرسی فەرماندەی پێشمەرگە لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»زۆرجار ناكۆكی لە نێوان سوپاو یەبەشەدا دروستبووە، بەڵام بەهۆی پشتگیری كردنی بەشێك لەحەشدی شەعبی بۆ یەبەشە سوپا هیچی پێنەكراوە». هەروەها وتیشی:» بەهۆی مەترسییەكانی داعش هێزێكی زۆری سوپای عێراق رەوانەی سنوری قەزاكە كراوە ، ئێمە پشتگیری ئەو هەنگاوەی حكومەت دەكەین، لەبەر ئەو بارودۆخەی رۆژئاوایە، هەرچەندە سیناریۆی 2014 قەد دووبارە نابێتەوەو داعش بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت شەنگال دووبارە داگیربكات، بەڵام ئەو ئامادەكارییە شتێكی زۆر باشە «. بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات دەڵێت:» ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ هەر هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال». خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خوسەری دیموكرات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان ئێمەو سوپا لەسەر پەیكەری هێنانە خوارەوەی پەیكەری زەردەشت شەنگالی دروستبووە». لە 14 و 15 ئەم مانگە هێزێكی زۆر لەموسڵ و كەركوكەوە رەوانەی سنون و دەوروبەری كرا، ژمارەی ئەو هێزە نزیكەی 9 هەزار سەربازە لەگەڵ دەیان هەمەری سەربازی سوپا لەهەموو لایەكی سنون بڵاوە پێكرا. خودێدا ئەلیاس ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ هەر هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال، هەرچەندە بەمەحاڵی زانی جارێكی تر داعش بتوانێت شەنگال داگیربكاتەوە، وتیشی:» ژمارەی شەڕڤانانی سەر بە یەبەشە نزیكەی 12 هەزار شەڕڤانن كە هەموویان ئامادەن بەرگری لەخاكی شەنگال بكەن». خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەم گرژی و ئاڵوزییانەی بەم دووایە روویداوە پەیوەندی بە پێكهێنانی حكومەتی نویێ عێراقەوە هەیە ، هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت شەنگال وەك كارتێكی بازرگانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیان بەكاربێنن، حكومەتی ئێستای عێراق دەیەوێت رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر جێبەجێ بكەن ئەوەش شتێكی مەحاڵە و قبوڵ كراو نیە». خودێدا چوكی وتیشی: « ئەو هێزانەی ئێستا لەشەنگالن بەهەموو توانایەكیان بەرگری لە خاكی شەنگال دەكەن، ئەوانەی باس لە نائارامی شەنگال دەكەن هیچ راست نیە و ئەمە تەنها خزمەت بەدوژمن دەگەیەنێت».
شاناز حەسەن، عەمار عەزیز بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاووڵاتیان پەنا دەبەنەبەر كڕینی نەوت بەدەبە كە لەئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوەو نرخی بتڵێك غازی ماڵان بە دوو هێندەی نرخە فەرمییەكەی لەبازاڕی رەشدا دەفرۆشرێت. رێبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەبوونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لەبازاڕدا بەرزببێتەوە بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە». هاوكات غازفرۆشێك لەدهۆك ئاماژە بەوە دەدات حكومەتی هەرێم هاوكاریان ناكات و وتی:» كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاووڵاتیان». ئەم فرۆشیارە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو رۆژە نرخی بتڵێك غاز لەبازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت. بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی دەڵێت:» هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لەهەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت». محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:»خواست لەسەر غازی ماڵان زۆر بووەو پشكی غازی پارێزگای سلێمانیش كەمە بۆیە ئەو گرفتە دروستبووە». هەروەها وتیشی:»هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لە هەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت و لەماوەی رابردووشدا كۆمەڵێك بریكاری غاز دراون بەدادگا و بەشێكیشیان زیندانیكراون». كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسیاری یەكەم لەدروستبوونی كێشەی نەوت و غاز حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە». سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ساڵ بەساڵ پێداویستی خەڵك زیاد دەكات و حكومەت هەر بەو رێژەیەی 10ساڵ لەمەوپێش بۆ سلێمانی داناوە غاز دابەشدەكات، كە ئێستا سلێمانی دوو هەزار تۆنی پێویستەو تەنیا یەك هەزار تۆنی بۆ دابیندەكرێت. ناوبراو وتیشی:» لەهەرێمدا بەرهەمی غازی یەدەگی زۆر زیادمان هەیەو بەداخەوە كەڕێژەی لەسەدا 30 بەپێی گرێبەستەكان دەنێردرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی پاكستان و ئەفغانستان و ئەرمنستان لەكاتێكدا هاووڵاتیانی خۆمان پێویستیان پێیەتی». هاوكات، لەبارەی دابەشكردنی نەوتی ماڵانەوە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئەوەشی روونكردەوە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوت هەیە كە تائێستا نزیكەی 40ملیۆن لیتر بڕیاری ناردنی دراوەو وتی:» ئەو بڕە زۆر كەمترە لەپێداویستی، بۆیە گەر هەر وابڕوات ئەمساڵیش هەموو مەڵبەندەكان نەوت وەرناگرن». لەئێستادا 17 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە ئێستا دابەشكردنەكە لەمەڵبەندی حەوتدایە. كۆمپانیای مزگین هات، تاكە كۆمپانیە لە سنوری پارێزگای دهۆك غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات، پارێزگای دهۆك رۆژانە پێویستی بە 180تۆن غازی شلە. فەرمان حەسەن، نوێنەری كۆمپانیای غازی مزگین هات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت»لە هەفتەی رابردوو بەهۆی بارینی رێژەیەكی زۆر لەبەفر هاتوچۆكردن سەخت بوو، ئەو غازەی بۆ ئێمە دەهات زۆر بە زەحمەت دەگەیشتە ئێمە یەك دوو رۆژ نەهات بۆیە غاز كەمبوو، دوای پاكکرنەوەی رێگایەكان لە بەفر ئێستا رۆژانە بەبێ كێشە 180تۆن غاز بۆ ئێمە دێت، ئێمەش بەسەر خەڵكدا دابەشی دەكەین». فەرمان حەسەن وتیشی»ئێستا بۆتڵی غازی ماڵان بە 9هەزاردینارە، غازی بازرگانیش یەك بۆتڵ لەنێوان 11و12هەزارە». هاوكات، هۆكارێكی دیكەی كەمبوونی غازی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەوەرزی زستان داواكاری خەڵك لەسەر غاز زۆر بەرزدەبێتەوە ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی غاز بۆ خۆگەرمكردنەوە لەجیاتی بەكارهێنانی نەوت و لەسەدا 90%ی فڕن و نانەواكانی سنوری پارێزگای دهۆكیش غاز بەكاردەهێنن
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند:" 23 کارمەند کە لەلایەن داعشەوە وەکو دیل دەستگیرکرابوون، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو گرتووخانەی غوێران رزگارکران". ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ١٧ کارمەندی دیکەی زیندان رزگارکران، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دیلکرابوون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازیی ئەم بەیانییەی هێزەکانمان دا ٦ کارمەندی زیندان رزگارکران، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دیلکرابوون. لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ دا هێزەکانمان ١٧ دیلی دیکەیان ڕزگارکرد و بەوەش ژمارەی ئەو دیلانە، کە لە بەیانیی دوێنێوە ڕزگارکراون گەیشتووەتە ٢٣ کەس. ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ئاسایشی هێزەکانمان لە زینداندا بەردەوامە". گرتووخانەی غوێران گەورەترین گرتووخانەی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە. لە دوای هێرشی چەکدارانی داعشەوە کە 20-1-2022 کردیانە سەر گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە، تاوەکو ئێستا 175 چەکداری داعش کوژران، 27 شەڕڤانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون؛ 500 چەکداری داعش خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە و زیاتر لە 300 چەکداریش لەنێو گرتووخانەکەدا ماون. ئەمە بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە
هاوڵاتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" شەپۆلێکی بەفر و باران بارینیش هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە جۆرێک لە سلێمانی بەفر دەبارێت و لە هەولێریش باران". بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە 26-1-2022 نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و رۆژی پێنجشەممە کاریگەری شەپۆلەکە چالاکتر دەبێت و لەگەڵ بارانبارین و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات. لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەدا لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمەباران دەبێت و دواتر بۆ بارانی ئاسایی دەگۆڕدرێت بەفربارینیش دەبێت. لە سەنتەری دهۆک لەگەڵ نمەباران هەندێکجار ئەگەری کەمی بەفربارین هەیە، لە سەنتەری کەرکووکیش نمەباران دەبارێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.
هاوڵاتی ئاسیاسێڵ ئەمڕۆ ئەنجامی زیاتر لە 240,000 تێستی ڕایگەیاند کە بەشداربووان ئەنجامیانداوە بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی تێستی خێرایی کە سەلماندوویەتی ئاسیاسێڵ خاوەنی "خێراترین تۆڕی مۆبایل" و "باشترین ڕووماڵی تۆڕی مۆبایل"ــە لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2021 کە ئەو ڕاستییە پشتڕاستدەکاتەوە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایلە لە سەرتاسەری عێراقدا. دەقی بەیاننامەی ئاسیاسیڵ: ئاسیاسێڵ، گەورەترین کۆمپانیای پەیوەندییەکان لە عێراق وەکو "باشترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایل" پۆلێندەکرێت دوای ئەوەی دوو خەڵات لە ئۆکلا “Ookla®” دەباتەوە بەغداد، 25 كانونی دووەمی 2022 – ئاسیاسێڵ ساڵی 2022 ی بە بردنەوەی دوو خەڵاتی گەورە دەستپێکرد کە بووە مایەی بەهێزترکردنی پێگەی وەکو پێشەنگی تۆڕەکانی مۆبایل لە سەرتاسەری عێراقدا. ئاسیاسێڵ ئەمڕۆ ئەنجامی زیاتر لە 240,000 تێستی ڕایگەیاند کە بەشداربووان ئەنجامیانداوە بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی تێستی خێرایی کە سەلماندوویەتی ئاسیاسێڵ خاوەنی "خێراترین تۆڕی مۆبایل" و "باشترین ڕووماڵی تۆڕی مۆبایل"ــە لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2021 کە ئەو ڕاستییە پشتڕاستدەکاتەوە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایلە لە سەرتاسەری عێراقدا.* بەخشینی ئەم ڕیزبەندییە نایابە دوای بەگەڕخستنی هەوڵێکی ئێجگار زۆر دێت لەلایەن ئاسیاسێڵەوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی گەورە کە یارمەتی کۆمپانیاکەیدا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی 4G+ بۆ بەشدرابووانی. هیچ کام لەمانە کاری کردە نەبوو ئەگەر ئەو سەرمایەگوزارییە گەورەیە نەبوایە کە ئاسیاسێڵ لە ژێرخانی کەرتی پەیوەندییەکانی عێراقدا ئەنجامیدا کە خۆی لە خۆیدا بوونێکی ئەوتۆی نەبوو، شانبەشانی ئەو لە خۆبوردوویی وکارە جددییەی کارمەندانی ئاسیاسێڵ ئەنجامیانداوە بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە خزمەتگوزارییەکانیان بە نایابیی بمێنێتەوە تەنانەت لە کاتی بڵابووبەوەی پەتای کۆرۆناشدا. ئەنجامەکانی تێستەکانی خێرایی سەلماندیان کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵی باشترین ڕووماڵی تۆڕی پەیوەندی مۆبایلی هەیە لە عێراقدا بە هۆی ڕووماڵی تۆڕەکەیەوە کە زیاتر لە 99٪ ی عێراق دەگرێتەوە. هەروەها ئاسیاسێڵی وەکو خێراترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایل پۆلێنکردووە بە هۆی ئەو ئاستی خێراییەی بەدەستیهێناوە کە گەیشتووەتە 48.73. وە ئەم دوو ڕیزبەندییەش ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە ئاسیاسێڵ باشترین ئەزمونی بەکارهێنانی مۆبایل وباشترین ڕووماڵی تۆڕی مۆبایلی بۆ بەشداربووانی لە عێراقدا دابینکردووە. هەمووان دەزانن کە کەرتی پەیوەندییەکان ماوەیەکی زۆر بوو ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووبووەوە. کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەڵسا بە یارمەتیدانی حکومەت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەدا لە ڕێگەی کارکردن لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیی لە ژێرخانی پەیوەندییەکان وسەرمایەگوزاری کردن لە بواری باشترکردنی کوالیتی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێشکەشی دەکات. ئەم خەڵاتە لە کاتێکدایە کە بەشداربووان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستن بە خێرایی ئینتەرنێتی مۆبایل بۆ ئەوەی لە پەیوەندیدا بمێننەوە لەگەڵ خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا. ئاسیاسێڵ توانی پێگەی پێشەنگیی خۆیی بسەلمێنێت بەو سیفەتەی کە دابینکاری تەنها و ڕاستەقینەی خزمەتگوزاریی پەیوەندی مۆبایلە کە لە یەک کاتدا خێراترین پەیوەندی و باشترین ڕووماڵ بۆ بەشداربووانی دابیندەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2021. بەڕێز عومەر فالح، بەڕێوەبەری میدیا وپەیوەندییە گشتییەکان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بۆنەی بردنەوەی ئەم دوو خەڵاتە گەورەیە لە ئۆکلا "Ookla" ـەوە وتی: "جێگەی خۆشحاڵیمانە دوو خەڵاتمان بردووەتەوە وەکو خێراترین تۆڕی مۆبایل وباشترین ڕووماڵی تۆڕی مۆبایل لە عێراق. ئەم دانپێدانانە گەواهی دەدەن بۆ ئەدای ناوازەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەر بنەمای شیکردنەوە ووردەکانی ئۆکلا 'Ookla' بۆ ئەو تێستانەی بەکارهێنەران خۆیان ئەنجامیانداوە. ئاسیاسێڵ بە بەردەوامی خێراترین ئەزموونی 4G دابیندەکات، ئەمەش شانبەشانی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ پێشکەشکردنی ئەزمونێکی پێشکەوتوو وباڵا. لەگەڵ خستنەکاری 4G+ تۆڕەکەمان ئێستا بووەتە خێراترین تۆڕی مۆبایل لە عێراق، وە هەروەها ئەم ڕاستییە لە ڕێگەی تێستەکانی ئۆکلا 'Ookla'شەوە سەلمێنراوە. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە یارمەتی بەشداربووانمان بدەین بۆ گەشەکردن لە سەردەمی دیجیتاڵیدا – چ بۆ فێربوون و پەرەپێدان بێت یاخود بۆ ئیشکردن و کاتبەسەربردن." دوغ سەتڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆكلا “Ookla” لەمبارەیەوە وتی: "خەڵاتەکانی تێستی خێرایی "Speedtest Awards" کە لەلایەن ئۆکلا "Ookla" وە پێشکەشدەکرێن بەتایبەتی تەرخانکراون بۆ دەستەبژێرێك لە کۆمپانیاکانی مۆبایل کە ئەداکردنێك و ڕووماڵێکی نایابی ئینتەرنێتیان پێشکەشی بازاڕێکی دیاریکراو کردووە. وە جێگەی خۆشحاڵیمانە کە دوو خەڵات: خەڵاتی خێراترین تۆڕی مۆبایل و خەڵاتی باشترین ڕووماڵی تۆڕی مۆبایل لە عێراقدا پێشکەشی ئاسیاسێڵ بکەین. ئەم دانپێدانانە گەواهیدەری ئەدای ناوازەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵە لە چارەکی سێهەم و چارەکی چوارەمی ساڵی 2021 لەسەر بنەمای شیکردنەوە ووردەکانی ئۆکلا 'Ookla' بۆ ئەو تێستانەی بەکارهێنەران خۆیان ئەنجامیانداوە لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنی تێستی خێرایی "Speedtest"ی تایبەت بە ئۆکلا 'Ookla'وە". *هەموو ئەمانە بە پێی ئەو شیکارییانەی کە دامەزراوەی Ookla® ئەنجامیداوە بۆ ئەو داتا بەردەستانەی کە Speedtest Intelligence® دابینیکردوون بۆ هەردوو چارەکی سێهەم و چوارەمی ساڵی 2021. براندی بازرگانی ئۆکلا "Ookla" بەپێی مۆڵەتی فەرمی بەکاردهێنرێت، هەروەها چاپکردنەوەشی بەپێی مۆڵەت دەبێت. ---تەواو--- دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل وخزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق، وله 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژمارهى بهشدرابووانی ڕەزامەندی 16 مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزای 4G بە کوالیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته فراوانترين تۆڕى مۆبايل له بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندی: ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان (پشکداری تایبەت)، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیار زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com دەربارەی ئۆکلا Ookla: Ookla® یەکەمین دامەزراوەی جیهانییە کە کۆمەڵێك ئەپلیکەیشن و تەکنۆلۆجیای هەیە کە تایبەتن بە کۆکردنەوەی زانیاری و تێستکردنی تۆڕی مۆبایل و برۆدباند. Speedtest® "تێستکردنی خێرایی" کە پلاتفۆرمی سەرەکی تێستکردنی تۆڕی مۆبایل و برۆدباندە، ڕۆژانە سەدان ملیۆن پێوانەکردنی خێرایی کۆدەکاتەوە لەسەر ئەداکردن و کۆالیتی تۆڕەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. کۆمپانیاکان، بزنس و دەزگا حکومییەکان هەموویان وەکو یەك پشت بەOokla دەبەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاری بێ وێنە و گەرماوگەرم لەسەر ڕەوشی تۆڕەکان وخزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان. پاکێجی چارەسەرەکانی Ookla بۆ کۆمپانیاکان "Downdetector®"یش لەخۆدەگرێت کە شیکردنەوە لە کاتی فیعلی "real-time"دا دابیندەکات بۆ بارودۆخەکانی تایبەت بە ڕەوشێکی دیاریکراو وپچڕانی تەزووی کارەبا لە سەرجەم پیشەسازییەکاندا خزمەتگوزارییەکانی تۆڕ و دارایی و یاریکریکردن "گەیمین". Ookla بەشێکە لە Ziff Davis کە کۆمپانیایەکی سەر بە کۆمپانیای J2 Global, Inc. (بۆرسەی نازداک: JCOM) کە کۆمپانیایەکی جیهانی پێشەنگە لە بواری میدیای دیجیتاڵی کە لە سێ کەرتی سەرەکیدا کاردەکات: تەکنەلۆجیا، یاریکردن، بەبازاڕکردن، تەندروستی، ئاسایشی سیبرانی وتەکنۆلۆجیای بەبازاڕکردن. بارەگای سەرەکی Ookla لە سیاتڵ، واشنتۆن، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە ولە سەرتاسەری جیهاندا نوسینگەی تری هەیە. هەموو ئەمانە بە پێی ئەو شیکارییانەی کە دامەزراوەی Ookla® ئەنجامیداوە بۆ ئەو داتا بەردەستانەی کە Speedtest Intelligence® دابینیکردوون بۆ هەردوو چارەکی سێهەم و چوارەمی ساڵی 2021. براندی بازرگانی ئۆکلا "Ookla" بەپێی مۆڵەتی فەرمی بەکاردهێنرێت، هەروەها چاپکردنەوەشی بەپێی مۆڵەت دەبێت. زانیاری زیاتر بەردەستە لە: speedtest.net/awards
هاوڵاتی سهرۆكى ههرێمى كوردستان و کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی کانونی دووەمی 2022، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازى له چۆی کوان ژین، كۆنسوڵى گشتيى كۆرياى باشوور له ههولێر كرد كه ئهركهكهى كۆتايى دێت. بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ماڵئاوايى، سوپاسى كار و ههوڵهكانى كرد بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان لهگهڵ كۆرياى باشوور و هيواى سهركهوتنى له ئهركى تازهيدا بۆ خواست." سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژهى به رۆڵى تيمى زهيتوونى سهربازيى كۆرى و ئاژانسى كۆيكا و گهل و حكومهتى كۆرياى باشوورى كرد كه هاوكارييان پێشكهش به ههرێمى كورستان كردووه. هەروەها چۆی کوان ژین، كۆنسوڵى گشتيى كۆرياى باشوور سوپاس و پێزانينى بۆ " نێچيرڤان بارزانى و لايهنه پهيوهندارهكانى ههرێمى كوردستان دووپاتكردهوه كه له ماوهى ئهركهكهيدا، هاوكار و پشتيوانى بوون و هيواى خواست پهيوهندييهكانى وڵاتهكهى لهگهڵ ههرێمى كوردستان له برهودان بن."
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران گەیشتۆتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی شیعە کۆببێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2022، سەرچاوەیەک بەئاژانسی ڕوسیا تودەیی ڕاگەیاندووە: "ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران ئەمرۆ بەیانی گەیشتۆتە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی شیعە کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق" پێشتریش دوو جار ئیسماعیل قائانی، فهرماندهی فهیلهقی قودسی سهربه سوپای پاسدارانی ئێران لهگهڵ موقتهدا سهدر، رابهری رهوتی سهدر كۆبوهتهوه. هاوکات، دوای كۆبونهوهكهی لهگهڵ سەدرو سهركردهكانی چوارچێوهی ههماههنگی، قائانی سهردانی حهنانه-ی له شاری نهجهف كردهوه و كۆبونهوهی دووهمی لهگهڵ موقتهدا سهدر، رابهری رهوتی سهدر ئهنجامدا.
هاوڵاتی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایگهیاند:" لەدارشتن و دیاری كردنی بودجە و پرۆژەكان، وەزارەتی پلاندانان دادپەروەری پەیرەو دەكات بەشێوەیەك پرۆژەكان خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بگەیەنێت". ئەمڕۆ سێشەممە 25ی کانونی دووەمی 2022، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی ، دهۆك ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و گەرمیان كۆبووە. وەزارەتی پلاندانان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"لەوكۆبونەوەیە گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەكان كرا بەتایبەت پرۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ، وەزیری پلاندانان ڕای گەیاند لەدارشتن و دیاری كردنی بودجە و پرۆژەكان وەزارەتی پلاندانان دادپەروەری پەیرەو دەكات بەشێوەیەك پرۆژەكان خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بگەیەنێت." دارا ڕەشید داوای كرد لیستی پرۆژەكان ئامادەبكەن بەمەرجێك پرۆژەكان سوود بە هاوڵاتیان بگەیەنێت و بەجێبەجێكردنی لەخزمەت دانیشتوان بێت." دواتر تاوتوێ پرۆژەی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت (PPP) كرا كە وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتی دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە گرنگ و ستراتیژیەكان بۆ ئەمەش داوا لە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆكان كرا بە گوێرەی پێویستی پرۆژەكان دیاری بكەن بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت. پاشان پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان راوبۆچونیان لەبارەی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان پێشكەشكرد.
هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند :" سوورین لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و دەرگامان بۆ هەمووان کراوەیە". ئەمڕۆ سێشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند: "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە بێگەردی و سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و ملکەچ نەبوو بۆ ئەو گوشارانەی لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە ئاراستەی دەکرا". سەدر دووپاتیکردەوە سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و لە هەمانکاتدا دەرگایان بۆ هەمووان کراوەیە. سەدر نووسیویەتی: "هەمووان برای ئێمەن ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بن یاخود بایکۆت بکەن، مادام کار بۆ چاکسازی و عێراق دەکەن. ئەمڕۆ سێشەممە 25-01-2022 دادگەی فیدراڵی لە دووەمین دانیشتنیدا تانەکانی لەسەر یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بە یاسایی لە قەڵەمدا. موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، کە رەوتەکەی خاوەنی 73 کورسییە لەم خولەی پەرلەمان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی " زۆرینەی نیشتمانی" دایە.
شاناز حەسەن بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر كڕینی نەوت بە دەبە كە لە ئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوە. ڕیبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" نەبونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزببێتەوە بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە". هاوكات خاوەنی كارگەیەكی غازفرۆشتن لە دهۆك ئاماژە بە ئەوە دەدات حكومەتی هەرێم هاوكاریان ناكات و وتی:" كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاوڵاتیان". ئەم خاوەن كارگەیە كە نەیوست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو ڕۆژە نرخی بتڵێك غاز لە بازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت. هاوكات نرخی نەوتیش لە بەرز بونەوەدایە و دەبەیەك نەوتی 20 لیتری بە 15هەزار دینارە. حسێن، فرۆشیارێكی نەوتە و ئاماژە بەوە دەدات، خەڵكەكە بۆ خۆ گەرمكردنەوە تەنیا سەرچاوەی نەوتە، بۆیە نەوت گران بووە و نرخەكەی گەیشتوەتە 15هەزار دینار بۆ یەك دەبە. ئەم فرۆشیارە وتیشی:" ماڵ هەیە لەبەر گرانی نرخەكەی وەك پێداویستی ڕۆژانە بە دەبە نەوت دەكرێت". محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی رایگەیاند لە ئێستادا لەهەوڵدان كێشەی كەمی غازی ماڵان چارەسەر بكەن، وتیشی:" سلێمانی له 12 پشكهوه بۆ 15 پشك زیادی كردوه و دۆخهكه بهرهو باشبون دهڕوات، ههر پشكێكیش واته تانكهرێك كه له 20 تهن غاز پێكدێت، ههر تهنێكیش ههزار و 650 بتڵ غازه واتا رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار بتڵ غاز زیادی كردووە".
