هاوڵاتی دوای شكستهێنانی پلانە گەورەكەی زیندانی غوێران بە سەركردایەتی مەڵوم عەیدی پۆپەراسیۆنی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا فراوان دەكرێت. لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا كە لە ژمارە (1953) ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە 26/1/2022 بڵاوكراوەتەوە تێیدا ئاماژە بە فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی سوریای دیوكرات دەكات. ئەوەی ئەو پلانە وردو تۆکمەیەی تێکشکاند، بەرەنگاری و فیداکاری و گیان لەسەر دەست بوونی شەڕڤانان و هەڵمەتەکەیان بوو بۆ دەستگیرکردنەوەی چەتە هەڵاتوەکانی داعش لە ناوچەی غوێران و سەناعەی حەسەکە. لە ماوەی چوار رۆژدا زیاتر ١٧٥ چەتە کوژراون، ١٢ چەتە دەستگیرکراون. نزیکەی ١٠٠ هەڵاتووی تر لە پەسێو و پاسارەکان دا دەستگیرکراون. ٣٠٠ چەتەی تریش لەدوای ئەوەی هەموو رێگاکانی هەڵهاتنیان لێ گیرا و خۆیان لە بینایەکەی نوێ تازە دروستکراو لە حەوشەی زیندانەکەدا حەشار دابوو، خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە. ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان لە دژی چەتە هەڵاتوەکانی داعش بەردەوامە و گەرچی بەشێکی زۆری زیندانەکە لە کۆنترۆڵی شەڕڤاناندایە، بەڵام بە وتەی داعش ٨٠٠ چەتە لە زیندانەکە هەڵهاتوون، ئەەش لە کۆی ٥ هەزار زیندانی دەکاتە سەدا ١٦ی زیندانیکراوەکانی ئەو زیندانە. شەڕڤانان بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو چەکدارانە و هەروەها دەستگیرکردنەوەیان سنووری ئۆپراسیۆنەکانی تاوەکو رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و باکووری رەققا و بەری رووباری خابوور بەرفراوانکردووە. لە حەسەکەشدا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆی راگەیاندووە و هەڵمەتی گەمارۆدان و پشکنینی ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی غوێرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، زوهرو سەناعەی بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکانی داعش بەردەوامە. لەو بەرەنگارییە چارەنووسسازەدا نزیکەی ٥٠ شەڕڤان، ئاسایش، دژەتیرۆر، هاووڵاتیی مەدەنی و پاسەوان و خزمەتگوزار شەهید بوون.
هاوڵاتی بۆ یەکەمجار نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێلەیی لەناوەندی شەنگال بەهاوبەشی حکومەتی فەرەنساو عیراق دروست دەکرێت، كە ئەمە یەكێكە لە دەستپێشخەریەكانی نادیا موراد و رێکخراوی (سلسلە الامل). فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بە هاوڵاتی ی وت:"بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە لەمانگی 11ی ساڵی 2020دانراوە بەڵام بەهۆی چەند رێکارێکی ئێداری نزیکەی دووساڵ دواکەوت، خۆشبەختانە دوای چاوەروانیەکی زۆر چەند رۆژێکە بە شێوەیەکی کرداری دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە کراوە". فەهد حامد وتیشی:"نەخۆشخانەکە 100قەرەوێلەیی یە، نزیکەی28دونەم زەوی بۆی دابینکراوە،بەتەواوکردنی پڕۆژەکە خزمەتێکی یەکجار گەورە دەگەینێتە خەڵکی شەنگال و دەوروبەری، هیوادارین هیچ کێشەی تر بۆی دروست نەبێت و لەکاتی خۆیدا تەواو بێت ". لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەرشەنگال نەخۆشخانەی گشتی وێران کرا بوویە دوای رزگارکردنی شوێنێکی تر کرا بە نەخۆشخانە، لەسنوری ناحیەی سنونێ سەر بە قەزایەکە بنکەی تەندروستی هەیە جگە لەمەش ژمارەیەک بنکەی تەندروستی بچووک هەن.
هاوڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە فەرماندەیی جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ پیلانە گەورەكەی توركیاو سووریایان تێكشكاند بۆ لەناوبردنی رۆژئاڤای كوردستان كە لەڕێگەی چەكدارانی داعش و زیندانییەكانیانەوە ئەنجامیاندا. هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو كە لەڕێگەی سەدان چەكدارەوە ئەنجامیاندا كە لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە هەوڵیانداوە دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕن و كۆنترۆڵیان بكەن و توانیان دوو ئوتومبێلی بارهەڵگری سوتەمەنی بتەقێننەوە تا فرۆكەی هاوپەیمانان نەتوانێت ناوچەكە بۆردومان بكات. وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت:» ئەو چەكدارانە لەڕێگەی هەردوو شاری سەرێكانی و گرێ سپی هاتوونەتە حەسەكە كە هەردوو شارەكە لەلایەن توركیاوە داگیركراون». نوری مەحمود، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»هێرشەكەی داعش لەدرەنگانی شەوی پێنجشەممە بەبەشداری نزیكەی 200 چەكدار كە 100 یان خۆكوژبوون بۆ سەر زیندانی غوێران (پیشەسازی) لەحەسەكە دەستیپێكرد، بەپێی دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی دەستگیركراون داعش شەش مانگ سەرقاڵی پیلان دانان و راهێنان بووە بەو چەكدارانەی هێرشەكەیان پێ سپێردراوە». وەك ئەو بەرپرسەی یەپەگە بۆ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەكاتژمێرەكانی سەرەتای هێرشەكەدا نەتوانراوە بەفڕۆكەی هاوپەیمانان بۆردوومانی زیندانەكەو چەكدارانی داعش بكرێت چونكە هێزەكانی خۆشیان لەناو زیندانەكە بوون و داعش دوو تانكەر سوتەمەنی تەقاندووەتەوە تا ئامانجەكان بۆ فڕۆكە روون نەبێتەوە، وتیشی:»سەرەتا تەنیا هەسەدە ئاسایشی خۆسەر دژی چەكدارەكان شەڕیان كردووە تا بەشێك لەچەكدارەكان چوونەتە ناو گەڕەكی غوێران، پاشان فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەستیان بەبۆردوومانی ئەو چەكدارانەو بەشێك لەزیندانەكەش كرد». وەك نوری مەحمود باسیكرد كەداعش لەڕێگەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە ویستوویەتی دەرگا سەرەكیەكانی زیندانەكە ببڕێت و كۆنترۆڵیان بكات، بەڵام توانیویانە تەنها دوو ئۆتۆمبێلیان بتەقێننەوە و ئەوانی دیكە لەلایەن ئاسایشی زیندانەكەوە چەكدارەكانی ناویان كوژراون و وەستێندراون. ئەو زیندانەی داعش لە حەسەكە هێرشیكردەسەرو شكستیهێنا لە كۆنترۆڵكردنی لەبنەڕەتدا ناوی زیندانی پیشەسازییە، دەكەوێتە گەڕەكی غوێرانی شاری حەسەكە لە باكووری سوریاو رۆژهەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤای كوردستان كە هاوسنووری عێراق و توركیایە. زیندانەكە جگە لە لایەنگران و ئەندامانی پێشووی داعش ژمارەیەكی زۆر سەركردەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەی تێدایە، بەگەورەترین زیندانی داعش لەجیهان دادەنرێت و نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدا دەستبەسەرە كە سەرجەمیان لەمیانی شەڕی داعش لەگەڵ هێزە كوردییەكان بەتایبەتیش هێزەكانی سوریای دیموكرات «هەسەدە» دەستگیركراون. زیندانەكە پێشتر پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەسازی بووە، بەڵام بەهۆی گونجاوی شوێنەكە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەسەدە لەساڵی 2017 كردوویانە بەزیندان و ئێستا ئەندامانی داعشی لەنزیكەی 60 وڵاتی جیا تێیدان كە بەشێكیان خێزانەكانیان لەكەمپەكانی «هۆل» و «رۆژ» كە هەر لەپارێزگای حەسەكەن لەژێر مانەوەی ناچاریدان. شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، بەیاننامەیەك لەڕێگەی تیلیگرامەوە بەشێوەی نافەرمی بەناوی داعش بڵاوكرایەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە «هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر زیندانی پیشەسازی لەگەڕەكی غوێران لە حەسەكە» دەستپێكردووە، كە بەوتەی خۆیان ئامانج لێی «رزگاركردنی دەستبەسەركراوانی ناو زیندانەكە» بووە. فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەو دانپێدانە سەرەتاییانەی چەكدارانی داعش كە دەستگیركراونەتەوە درك بەوە دەكرێت، كە هێرشەكە ماوەیەكی زۆر ئامادەكاری بۆ كراوەو پلانەكەی لە سەرێ كانیەوە دانراوە كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركراوە». هەروەها وتیشی:» چەند مانگێگ بەر لەهێرشەكە چەكدارەكان یەك یەك یا بەگروپی بچوك هاتن و لەگەڕەكی غوێران نیشتەجێ كران و لەوێ دەستیان بەكاری رۆژانە كردووە». «بە رێگەی جیاجیا چەك و تەقەمەنی بۆ ئەو چەكدارانە رەوانەكرابوو، بەشێك لەچەكدارەكان لەگرتووخانەش هەمان ئامادەكارییان دەكرد، ئەو چەكدارانە زۆرجار هەوڵیانداوە یاخیبن، چاوەڕێبوون كە لەگەڵ هێرشەكەدا بكەونە جوڵەوە «، فەرهاد شامی وای وت. هەروەها فەرهاد شامی ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ فەرمانی هێرشەكە لەسەرەتادا لەچوارڕێیانی غوێران ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنرایەوە، لەگەڵ تەقینەوەكەدا شانە نووستووەكان كە پێشتر لەگەڕەكەكان جێگیركرابوون كەوتنە جوڵەوەو لەهەندێك شوێن مەدەنیەكانیان بەدیل گرت، بەڵام هێرشەكە بۆ سەر زیندانەكە نەك لەدەرگاكەوە، بەڵكو لەناو گەڕەكەكەوە كرا، بەئۆتۆمبێلی بیناسازی دیواری زیندانەكە رووخێنراو شانە نووستووەكان چوونە ناو زیندانەكەوە، چەك بەسەر زیندانیانی گرتووخانەكەدا دابەشكراوە و هەندێك لەكارمەندانی زیندانەكە بەدیل گیران. لەگەڵ هێرشەكەدا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو هەسەدە پێكەوە كەوتنە جوڵەوە و هەوڵیاندا مەدەنییەكان بپارێزن، بۆ ئەوەش گەمارۆی گەڕەكەكانی غوێران و زهوریاندا، لەلایەكەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەكدارەكان لەناوچەیەكی بەرفراوان گیرا، لەلایەكی تریشەوە مەدەنییەكان بۆ شوێنێكی پارێزراو گواسترانەوە. فەرهاد شامی بۆ هاوڵاتی ئەوەشی ئاشكراكرد بەپێی چەندین زانیاری چەكەكانی ناتۆ كە بەژمارەی دەوڵەتی توركیا بەدەست داعشەكانەوەن، تۆمارە دەنگیەكانی پەیوەندی تەلەفونی داعشەكان لەزیندانەكە لەگەڵ توركیا، دانپێدانانی ئەو چەكدارانەی داعش كەگیراون، ئەو دانپێدانانەی كە دەیانویست بچنە سەرێكانی، ناسنامە سورییە نوێكانی ئەو شانە نوستووانەی چوونە ناو هەرێمەكەوە، جموجۆڵەكانی رژێمی سوریا لەهەرێمەكە، دەریدەخەن كە «دەوڵەتی توركیاو حكومەتی دیمەشق لەپشت ئەو پلانی كۆمەڵكوژی- هەڵاتن-یاخیبوونەی داعشەوەن، بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەست بەو بابەتە زانیاری، داتاو بەڵگەی زیاتر بەدەستدەكەون و بڵاودەكرێنەوە». هێزەكانی سوریای دیموكرات كە خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریایان پێكهێناوە لەشەڕی ناوخۆی 11 ساڵەی سوریاوە تائێستا چەندین هێرشیان تێكشكاندووەو توانیویانە داعش لەناوچەكانی باكورو رۆژهەڵات لەناوببەن. غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی تەڤدەم لەلێدوانێكدا بە وت :»ئەو هێرشەی لەسەر زیندانی حەسەكە دروست بوو كە نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و لایەنگری داعشی تێدایە، ئەمە بەتەنیا داعش نەیكردووە، چونكە هێرشێكی گەورەبوو، دەوڵەتی توركیا لەپشتی ئەم هێرشەوەیە لەگەڵ هەندێك لایەنی هەواڵگری دیكەی وڵاتان». هاوسەرۆكی تەڤدەم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ناكرێت لەناوەڕاستی شارێك زیندانێك هەبێت و گروپێك بتوانن بەو ئاسانییە هێرش بكەنە سەری، وتیشی:» ئەوان ویستیان تەواوی زیندانیەكان بەربدەن، ئامانجەكە لەوەش گەورەتر بوو دەیانویست حەسەكە كۆنترۆڵ بكەن و كۆمەڵكوژی گەورە ئەنجام بدەن». هاوشێوەی كۆبانێ كە لە 2016 ئەنجامیانداوە». غەریب حەسۆ پێشیوابوو كە بەهێزی ئاسایش و هەسەدەو هێزەكانی دژە تیرۆر بە بەرخۆدانێكی گەورە توانرا ئەو پیلانە پوچەڵ بكرێتەوە، بەتەواوی چەكدارەكان گەمارۆدران و زۆرێكیان كوژران و زۆرێكیشیان دەستگیركرانەوە. لەوكاتەی داعش هێرشیكرد فرۆكەی توركیا لەچەند ناوچەیەكی جیاواز لە تلتەمر و عەین عیسا هێرشیكردە سەر رۆژئاڤای كوردستان ئەوەشی وەك پشتیوانییەكی ئاشكرای توركیاو پارتەكەی ئەردۆغان بۆ داعش وەسف كرد تا بەرەی شەڕ گەورەتر بكەن كارەكەی داعش ئاسانتر بكات. وەك هاوسەرۆكی تەڤدەم دەڵێت :»ئەو چەكدارانە زۆرێك خەڵكی مەدەنییان بەشێوەیەكی وەحشیانە كوشت، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەزموونە نوێیەی گەلان لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا تێكبشكێنن، نایانەوێت سیاسەتێكی ئاشتییانەو ئیرادەی كورد بەردەوام بێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێكی لەڕێگەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و داعش و تەنانەت حكومەتی سوریاش خستووەتەگەڕ تا ئەزموونی رۆژئاڤا تێكبدات». غەریب حەسۆ جەختی لەوەشكردەوە كە توركیا دەیەوێت میساقی میللی بخاتەوەگەڕ لەسوریا و عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، بۆ ئەو مەبەستەش داعش بەكاردەهێنێت و دەستی وڵاتێكی دیكەشی تێدایە جا عێراق بێت یاخود سوریا ئەو كارە بەتەنیا ئەنجام نەدراوە و توركیا یەكێك لەو وڵاتانەیە هاوكاری داعشی كردووە. بەپێی راپۆرتی میدیاكانی رۆژئاڤای كوردستان، حكومەتی سوریا بەماوەیەكی كەم بەر لەهێرشەكەی داعش لە حەسەكە دەستی بەجموجۆڵێكی نائاسایی كردووە، ئەوەش دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریای بە بیرهێنایەوە. لە 30ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو هەواڵگری توركیاو هەواڵگری سوریا لەشاری عەقەبەی ئوردن كۆبوونەوەتەوە، لەدیدارەكەدا بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەدژی باكور- رۆژهەڵاتی سوریا، بە بەرفراوانكردنی چوارچێوەی رێككەوتنی ئادانا دەوڵەتی توركیا لەقوڵایی 35 كیلۆمەتر ئۆپراسیۆن ئەنجامبدات، لەدێرەزور، رەققەو حەسەكە چەند هێرشێك دەستپێبكەن، ئازادكردنی زیندانییەكان و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی حەڵەب تاووتوێ كران و سوریاو روسیا بەئەرێنی پێشوازیان لەوەكردووە. بەرپرسەكانی رۆژئاڤا ئەوە دووپاتدەكەنەوە، «ئەگەر هێرشەكەی حەسەكە سەركەوتوو بوایە، دەبوایە دەوڵەتی توركیا لەباكوری تلتەمرو رژێمی سوریاش لەهەرێمەكانی وەك تەبقاو دێرەزورەوە دەستی بەهێرش بكردایە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا».
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند:" ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەولێرو لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دوو پارێزگایە باران و بەفر دەبارێت و لە ئێوارەشدا بەفر لە سەنتەری هەردوو پارێزگاکە دەبارێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2022، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەووە: '' ئەمڕۆ لە سلێمانی و هەولێرو لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دوو پارێزگایە باران و بەفر دەبارێت و لە ئێوارەشدا بەفر لە سەنتەری هەردوو پارێزگاکە دەبارێت، دەشڵێت، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو بەگشتی 6 پلە ژێر سفرە و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو 8 پلەی سیلیزییە''. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەوەشخراوەتەڕوو: '' لە دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی باران و بەفر دەبارێت و لە ئێوارەشدا بەفر لە سەنتەری پارێزگاکە دەبارێت و نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو 6 پلەی سیلیزی و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو پلەی سیلیزی دەبێت''. کەشناسی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە:'' لە کەرکوک باران دەبارێت، لە هەڵەبجەش لای ئێوارەوە بەفر بارین دەست پێدەکات". دەشڵێت:" ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو 5 پلەی سیلیزی و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو 8 پلەی سیلیزییە".
هاوڵاتی ئەندامی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "گرتووخانەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵماندایە، زیندانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. نزیکەی 10 هەزار شەڕڤان و ئەندامی ئاسایش بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە." دوای نزیكەی هەفتەیەك لە شەڕ و پێكدادان لە گەڕەكی غوێران لە شاری حەسەكە، شەڕڤانان بە تەقەی خۆشی ئاهەنگی سەركەوتنیان بەسەر داعشدا گێرا. دوێنێ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی "چەكوشی گەلان" دوایین بەشی زیندانی غوێرانی لە حەسەكە كۆنتڕۆڵكردەوە و لە دەستی بەندكراوانی داعشی دەرهێنا. نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "گرتووخانەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵماندایە، زیندانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. ئەمە دۆخی نێو گرتووخانەکەیە. نزیکەی 10 هەزار شەڕڤان و ئەندامی ئاسایش بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە." نەورۆز ئەحمەد وتیشی: "ئەو هێزانەی لەوێبوون، ژمارەیان بەتەواوی نازانین بەڵام هەندێکیان کوژران. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دەزانین 550 کەس لە دەرەوەی گرتووخانەکە دەستگیرکران. ئەوانی دیکەش لەنێو گرتووخانەکە دەگوازرێنەوە. ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە کوژران ئێمە بەتەواوی نازانین، چونکە هێرشێکی فراوانبووە." نەورۆز ئەحمەد، دەڵێت: "ئەم هێرشە بەتایبەت بەشێکی لە عێراقەوە، بەشێکی لە تورکیا و هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەتەکانیان وەکو سەرێکانیێ و گرێ سپیێ و بەشێکیشی لە سووریاوە ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەو هێرشە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری داعشەوە کە لە دەرەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو، نزیکەی 200 بۆ 300 چەتە دەبوون و پەڕیبوونەوە ناوچەکە، هەروەها لەنێوخۆشدا شانەی خەوتوویان هەبوو کە پێشتر خۆیان یەکخستبووەوە." لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە ئاسمانەوە بەشداربوو، ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران، بەڵام نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت بە دروستی نازانن چەند کەس کوژراون. لە شەڕەکەدا بە دەیان چەکداری داعش کوژران، هەدەسەش دەڵێت لە شەڕەکەدا ژمارەیەک شەرڤانیان گیانیان لەدەستداوە. هەسەدە گومانی لە هێرشەکە هەیە و دەڵێت دەستێکی گەورەتری لەپشتبووە.
كاوە رەش. بەریتانیا خانمە پزیشكێكی كورد، لەنووسینێكدا بۆ رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، نیگەرانیی و ترسی قوڵی خۆی دەربارەی ئایندەی خۆی و كۆچبەرانی وڵاتی بەریتانیا، لەسەر پڕۆژەیاسای نەتەوەیی سنورییەكانی بەریتانیا دەردەبڕێت و دەڵێت:» وا هەست دەكەم پێشوازی لێ نەكراوم و دەڵێن بەخێر نەهاتی». بنار تاڵەبانی، كەپزیشكێكی كوردەو لەتەمەنی 10 ساڵییەوە هاتۆتە بەریتانیا، ئەو ئێستا لەشاری كاردیف، سەرقاڵی پزیشكی و خوێندنیشە لەزانكۆی ئەو شارە دەڵی، رەنگە لەهەر كاتێكدا رەگەزنامەی وڵاتی بەریتانیام لێ وەربگیرێتەوە، بەبێ ئاگاداری خۆم بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایەی گەڵاڵەكراوە دەربارەی پەنابەرو كۆچبەران (پڕۆژەیاسای نەتەوەیی و سنوریەكان) بەپێی ئەو یاسایانەی تێدا هاتوون، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، دەستكراوە دەبێت كە بەبێ ئاگاداركردنەوە، دەتوانێت پاسپۆرت یاخود رەگەزنامەی هاووڵاتی بوونی پەنابەران بەتاڵ بكاتەوە. دكتۆر بنار تاڵەبانی دەڵێ، هەرچەندە من یەكێك بووم لەوانەی لەكۆتایی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو دەستنیشانكراوم كەخەڵاتی كۆشكی شاهانەی بەریتانیام (MBE) پێ بەخشراوە لەپای ئەو ئەركەی لەسەروو وەختی پەتای كۆڤید ١٩وە ئەنجامم داوە، بەڵام هێشتا وەك هاووڵاتیەكی بەریتانیی و پەنابەرێك، واهەست دەكەم پێشوازی لێكراونیم و دەڵێن (بەخێر نەهاتی). بەگوتەی بنار تاڵەبانی پزیشك، بەڕێگریكردن و رەتكردنەوەی رەگەزنامەی پزیشك و زانای خەڵكانی پسپۆڕ، هیچ بەهایەك بۆ سەنگی ئەوان دانانرێت. ئەو دەشڵێت: »هێشتا، ئەزموونی ئەوەم لەیادەوەریدایە، كەناچاركراین ماڵ و وڵاتەكەم بەجێبهێڵم، دوای ئەو هەموو نیگەرانیانەی بینیومانە لێرەش لەداهاتوویەكی نادڵنیایی دەخولێینەوە. بنار تاڵەبانی، لەدرێژەی سەرگوزشتەی نەهامەتی و سەختیەكانی ژیانیدا دەڵێ، كە لەساڵی 1988 لەكوردستانی باشور، لەباكوری عێراق لەدایكبووە، باوكی و باپیری چالاكوانێكی دیاری دژ بەسەدام حوسێن بوون و ئەگەری هەبوو لەهەر كاتێكدا كوژرابان « وەك منداڵێك، هەموو كات چەكم لەبەرچاو بووە، كەبەدەستی باوكمەوە دەمبینی دەبوو هەڵیبگرێت، بۆ سەلامەتی و بەرگریكردن، شاهیدی كوشتنی خەڵك بووم لەو تەمەنە بچووكەدا». «لەكاتی راپەڕینی خەڵكی باشور، ئێمەیش لەنێو ئەو پەنابەرانەدا بووین كە لەساڵی 1991دا بەپیادە بۆ ئێران رامان كرد. لەسەر سنورەكان ناچاربووین لەئەشكەوتەكانداو لەچیاكان خۆمان بشارینەوەو هەموو شتێك لەدوای خۆمان بەجێبهێڵین»، بنار تاڵەبانی وا دەڵێت. دایكم بۆی گێڕاومەتەوە كە من دوو ساڵان بووم، تەنانەت فریای پێچانەوەی خواردنیش نەكەوتووین لەكاتی كۆڕەوەكەدا، بۆیە لەناو ئەشكەوت و چیاكاندا بەدوای پاشماوەی خواردن و بەری درەختەكان دەگەڕاین بۆ ئەوەی بیخۆین. هەر لەسەرووەختی جەنگ و كۆڕەوەكەدا، برایەكی تەمەن نۆ مانگانم گیانی لەدەستداوە، تەنها یادەوەری لەگەڵ ئەو برایە نۆ مانگەم ئەوەیە كە لەیادم مابێت، كاتێك لەئەشكەوتدا مابووینەوە ئەو بەگاگۆلكە بەسەر مندا هەڵدەگەڕا، لەیادمە كەدایكم دەیگوت وەرە لای من لێگەڕێ با ئەو بخەوێ. كاتێكیش هەرێمی كوردستان لەباقی عێراق، نیمچە ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا، دوابەدوای ئەو راپەڕینانەی كەباوكم و باپیرم رۆڵی سەرەكیان تێدا هەبوو، توانیمان بگەڕێینەوە باشووری كوردستان (باكوری عێراق) و لەسەرەتاوە دەستمان بەژیان و ئاوەدانكردنەوە كرد. هەرچەندە لەوكاتەشدا ئێمە لەناوچەیەكی دەرەوەی نفوزی سەدامدا دەژیاین، بەڵام هەمیشە ترسی ئەوە هەبوو كەڕژێمی بەعس دووبارە هەوڵی گرتنەوەی بدات. لە ٣١ی ئابی ساڵی 1996دا، رژێمی دیكتاتۆری سەدام هەوڵیدا دەست بەسەر كوردستاندا بگرێتەوە، بۆیە دایكم و دوو خوشك و برام كەخۆشم كە لەتەمەنی هەشت ساڵیدا بووم، بەرەو سوریا هەڵاتین، باوكم لەكوردستان مایەوە، بۆ درێژەدان بەبەرخۆدانی خۆی لەدژی رژێمی عێراق. ئێمە لەدیمەشقی پایتەختی سوریا بووینە دراوسێی ماڵێكی میهرەبانمان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بۆ دایكم و سێ منداڵی گەنج زۆر زەحمەت بوو. لەوێ لەڕێگای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە داواكاریمان پێشكەشكرد بۆ گەیشتن بەدەرەوە، هەرچەندە دایك و باوكم دەیانزانی كە چانسی وەرگرتنمان زۆر كەمەو زۆر كەسی دیكە داواكانیان رەتكرابووەوەو سەركەوتوو نەبوون لەپلانی نیشتەجێكردنی پەنابەریان لەدەرەوە. بەڵام دواجار بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر، ئێمە قبوڵكراین و بووە هۆی گۆڕانی ژیانمان. ئەوە بوو ئێمە لەساڵی ١٩٩٨ لەڕێگای (یو ئێن)ەوە، گەیشتینە شاری بێرمینگهام، لەبەریتانیا، كاتێك من ١٠ ساڵان بووم. باوكیشم چەند ساڵێك دواتر توانی بگاتەوە بەئێمە. بۆ یەكەم جارم بوو، كەچووم بۆ سوپەرماركێتێك، من تووشی سام بووم. زۆر گەورە و خاوێن بوو، هەموو ئەو خواردنەی كە بیرت لێدەكردەوە لەوێ هەبوو. ئەوەش جیاوازیەكی زۆری هەبوو لەگەڵ ئەو قەیرانی خۆراكەی، كەئێمە لەكاتی جەنگی كەنداودا ئەزموونمان كردبوو لەنەبوونیدا. بەدەستپێكردنی ژیان لەبەریتانیادا، توانیم سەرنج بدەمە سەر خوێندنەكەم و بۆ دواجاریش، چێژ لەتەمەنی منداڵبوون وەربگرم. ئەوەی بۆ ئێمە هاوكاربوو، پێشتر خێزانمان هەبوو لە بەریتانیا، ئەوان بەڕاستی یارمەتی باشیان كردین. بۆیە پاش ماوەیەكی كورت كەگەیشتم، دایكم و پورەكەم، دانیشتن و پێیان وتم: «پێویستە زمانی ئینگلیزی فێربیت. تاقیكردنەوەیەك هەیە، كەپێویستە تێیپەڕێنیت، پێی دەگوترێت، یازدە پڵس، ئەوە تاقیكردنەوەی چوونەژوورەیە بۆ قوتابخانەكانی رێزمان لەئینگلتەرا. دكتۆر بنار پەسنی دایكی دەكات و دەڵێ، كاتێك ئێمە گەیشتینە بەریتانیا، دایكم بەتەنها ئەركی سەرپەرشتیكردنی سێ منداڵی خوار دەساڵانی لەئەستۆ بوو، سەرباری ئەمەش هێشتا هەوڵی فێربوونی زمان و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی چاودێری منداڵانی دەدا. منیش هەر كە لەقوتابخانە دەگەڕامەوە ئێواران، هەوڵی بەهێزكردنی ئینگلیزیەكەم دەدا، تابتوانم بۆ تاقیكردنەوەی ئەزموونەكان خۆم ئامادە بكەم. دوای هاوكاری باشی مامۆستا دڵسۆزەكان لەگەڵم لەكاتی گرفتی زماندا، دواجار قۆناغی ئامادەیم تێپەڕاند. دواتریش بڕیارمدا كەببم بەپزیشك، ئەوەبوو لەساڵی ٢٠٠٧، لەقوتابخانەی پزیشكی شاری كاردیف وەرگیرام، كەزۆر پێی خۆشحاڵبووم. دوای ئەوەش بڕیارمدا وەك پسپۆری بواری چاندن و چارەسەری گورچیلە راهێنان بكەم تا لەو رێگایەوە چاودێری نەخۆشەكان بكەم، كەئەوانەی رەوشێكی دیاریكراویان هەیە، لەهەمانكاتدا بەردەوامی بدەم بە تووێژینەوەو یارمەتیدان و دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ نەخۆشەكان. لەسەرووەختی سەرهەڵدانی پەتای كۆڤید١٩، دەستمكرد بەخوێندنی دكتۆراكەم، لەزانستی ئیمۆنۆلۆجی، لەزانكۆی كاردیف. بەهۆی ئەوەی خێزانەكەم لەشارێكی دیكە دەژیان و هاوسەرەكەشم پزیشكی ددان بوو، لەوكاتەدا وەك زۆر كەسی دیكە تووشی نیگەرانی بووم، بەهۆی مەترسی كۆرۆناوە. كاتێك لەدیسەمبەری ٢٠٢٠ ڤاكسینی دژ بەكۆڤید ١٩ پەسەندكرا، خۆم و بەشێك لەهاوكارەكانم كەدكتۆر بوون لە(كاردیف)، ئێمە گروپێكمان لەدكتۆرە موسڵمانەكان پێكهێنا، بۆ هۆشیاركردنەوەی سوودەكانی كوتان. دەستمانكرد بەكاركردن بۆ رەواندنەوەی دوودڵی لەسەر ڤاكسینەكە، لەنێو كەمینە رەگەزییەكانی وێڵز. ئێمە بەشێوەیەكی رێكخراو ئەمەمان كرد، بەگەیاندنی وێبینارەكان بەچەندین زمانی جیاواز، ئامادەكردنی مزگەوتەكان، وەك ناوەندی كوتان، هاوكاری كردن لەگەڵ ببیرو باوەڕو ئاین و گرووپەكانی تر. هەرچۆنێك بێت، پێم وایە هاوكارەكانم هەموویان بەیەكسانی شایستەی پێدانی خەڵاتی (MBE)، لەوانە زۆرێك لەدەزگای تەندروستی نیشتمانی كاردەكەن، زۆر ماندوونەناسانە ئەركەكانیان راییكردوەو گرنگیان بەنەخۆشەكان داوە. هەروەك باشترین كاراكتەری ئەم وڵاتە وەك من، كەپەنابەرێكی پێشوو بووە، دەتوانێت بەردەوام بێت بۆ خزمەتی تەندروستی و دەستنیشانیش كرام بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئێم بی ئای، بەڵام لەگەڵ ئەوە ئەو پڕۆژە یاسای نەتەوەیی و سنوورییەی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، بەبۆچوونی من، دژ بەبەرگی ئەم كۆمەڵگایە هەڵچنراوە. دكتۆر بنار تاڵەبانی، نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەو بەجیاوازی كردنی دەزانێت لەسەر هاووڵاتیانی نیشتەجێی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیاو پێی وایە; ئەوە ئەگەر یاسا هەبێت دەبێت یەك شت بێت بۆ هەمووان، پڕۆژە پێشنیاركراوەكانی لێسەندنەوەی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو كەسێك بێت، نەك تەنها پەنابەرەكان، بەڵام وا دیارە تەنها بۆ ئەو كەسانە بێت، كە باوك و باپیرانیان، بەڕەچەڵەك بەریتانی نین، بەم شێوەیە هەست بەبێگانەبوون دەكەین. تاڵەبانی دەڵێ،»زۆر سوپاسگوزارم كە لێرە بژیم و هەموو كارێك بكەم كە بتوانم یارمەتی هەمووان بدەم، بەڵام دەزانم كە شتەكانیش چەند جیاواز دەركەون. زۆر كەس نەبوونن، یان بەبەخت نین». ئەو پەنابەرو پەناخوازانەی كە لەترس و نائومێدیدا دەژین، و هانا بۆ زەحمەتترین و قورسترین رێگا دەبەن بۆ دۆزینەوەو بۆ گەیشتن بەڕێگای وڵاتانی ئارام، ڕەنگە بەشێكیان چانسی ئەوەیان نەبێت وەك ئێمە بەڕێگا سەلامەتەكان بۆ بەریتانیا بێن وەك ئەوەی ئێمە لەڕێگەی پلانی نیشتەجێكردنی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە ئەنجامماندا بگەنە ئێرە. ئەم پرۆژەیاسایە هەوڵدەدات رێگا لەو كەسانە بگرێت كە لەڕێگەی نایاساییەوەو بەبەلەمە چوپەكان، دەیانەوێ بێنە ئەم وڵاتەو وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ، كە لەبنەڕەتەدا سەرەتاییترین مافی مرۆڤ- مافی ژیان لەسەلامەتی و شكۆمەندیە. لەبەر ئەوەیە كەمن زۆر بەنیگەرانی دەزانم، ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوە بیری خەڵكی وەك ئێمە دەهێنێتەوە، كە بێگوێدانە ئەوەی كە ئێمە چەند بەشداریمان لەبەڕێوەچوونی جومگەكانی ژیان لەم وڵاتە كردووە، هێشتا هەست بەهاووڵاتی پلە دوو دەكەین. دەزگای خزمەتگوزاری تەندروستی (ئێن ئێچ ئێس) نمونەیەكی باشە بۆ ئەوەی ببینین كەئەم وڵاتە چەندە فرە كولتورە. ئەگەر من تەنها بگەڕێمەوە بۆ هەر رۆژێك لەناو ئەو شوێنانەی كە لە ئێن ئێچ ئێس، كارم لەسەر كردووە وەك خوێندكارێكی پزیشكی، یان پزیشك - ناتوانم بیر لەكەسێك بكەمەوە یان ئەندامێكی تری ستافەكان كەخەڵكی وڵاتێكی دیكە نەبووبێ. لەكۆتاییدا دكتۆر بنار تاڵەبانی، نووسیویەتی; من و خێزانەكەم هەموو شتێكی ژیانمان تەرخان دەكەین بۆ خزمەتكردنی ئەم وڵاتە سەرسوڕهێنەرە، چونكە كاتێك هیچمان نەبوو، ماڵێكی میهرەبانی پێبەخشین. بەڵگەكانیش دیارن و رەنگیان داوەتەوە كەدەریدەخات، كۆچبەران و پەنابەرو پەناخوازان، زۆر زیاتر لئەوەی وەریدەگرن، دەیخزێننە ناو ئابووریی ئەو وڵاتەوە. بەگوتەی تاڵەبانی. لەكۆتاییدا نووسیویەتی:» پڕۆژەی نیشتمانی و سنوورەكان ئەوەمان وەبیردەهێنێتەوە، كەگرنگ نییە خەڵكی وەك ئێمە چی بكەین، یان چەندە بەزەحمەتی كار بكەین، دواجار ئێمە بەتەواوی سەر بەئێرە نین و بەو وڵاتەوە پەیوەست نین، چونكە دەوڵەت دەتوانێت لەهەركاتێكدا هەمووی پوچەڵبكاتەوە».
هاوڵاتی ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:" ئەم سیاسەتەی پارتی کەپەیڕەوی دەکات، تورەکردن و لێکترازانی زیاتری ھەردوو شەقامی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانێت سیاسیەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵام لە کۆتایی دا ئەو سیاسیانەش دەبێت ملکەچی شەقامی خۆیان بن.'' ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و هاوکات ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، ''عیراق وڵاتێکی فرە نەتەوەیەو لە دێرزەمانەوە ھەوڵدراوە برایەتیەک لەنێوان پێکھاتەکانیدا بچەسپێنرێت ولە ئێستاشدا سیاسەتی دروست و ستراتیژی دەبێت بە ئاراستەی نزیک کردنەوەی شەقامی عەرەبی و عیراقی بێت لە شەقامی کوردی.' دەشڵێت، ''ئەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان کەپەیڕەوی دەکات، تورەکردن و لێکترازانی زیاتری ھەردوو شەقامی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانێت سیاسیەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵام لە کۆتایی دا ئەو سیاسیانەش دەبێت ملکەچی شەقامی خۆیان بن.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''پێشتر پارتی بە کاندید کردنی فواد حسین ھەموو شەقامی عێراقی دژی خۆی ھاندا، بەوەی کە دەوترا مسعود بەرزانی سکرتێری خۆی ناردوە بیکات بە سەرۆکی ھەموو عێراق، شەقامی عیراقی ئەمەی بە ئیھانەیەکی گەورە زانی و دەنگیان نەدا بەوەی سکرتێری کاک مسعود ببێت بە سەرۆککۆمار.'' ئەوەشی نوسیووە، ''ئێستاش ھەمان سیناریۆ دوبارە دەکاتەوە بەوەی کەسێک کاندید کردوە کە ناوو ناوبانگی لە رووی قانونیەوە باش نیەو لەسەر گەندەڵی متمانەی لێوەرگیراوە لەپەرلەمان ئەمە لەلایەن شەقامی عەرەبیەوە بە ئیھانەیەکی گەورە وەرگیراوە و بەم شێوەیە ناکۆکیەکانی کورد و عەرەب گەورەتر ئەبێ.''
هاوڵاتی گرانبوونی نرخی غازی ماڵان و ئارد بووە هۆی داخستنی بەشێك لەفڕنی سەمونخانەو نانەواخانەكان و داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن كێشەی سووتەمەنی و نرخی ئاردیان بۆ چارەسەر بكەن، ئەگەرنا ناچارن بەتەواوی كاركردنیان رابگرن. یاسین محێدین، خاوەنی نانەواخانەی دێرین لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی نەبوونی غازەوە، ماوەی سێ رۆژ نانەواكەی داخستووە و دەڵێت:» زیانێكی زۆرم كردووە، چونكە كرێی دوكان و شاگرد و وەستا لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا لە گیرفانی خۆم داومە». خاوەنی نانەواخانەی دێرین، بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا زۆر بە گران غازمان دەستدەكەوێت، ئەوەش بووەتە كێشەیەكی سەرەكی بۆمان و ناچار بەگران غازەكە دەکڕین و قازانجی نابێت بۆمان». هێمن جەزا، خاوەنی سەمونخانەی ماد لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات گرانی نرخی غازو دەستنەكەوتنی كێشەی بۆ دروستكردوەو وتی:» چەندین جار پەنامان بردووەتە بەر قایمقامیەت و داوای هاوكاریمان لێكردووە». ناوبراو وتیشی:» ئێستا ئەوەی كێشەی سەرەكیمانە گرانبوونی نرخی ئاردیشە، كە بەهۆی سەرماو سۆڵەوە دەروازەكان هاتوچۆی راگیراوە و نرخی ئاردەكەش گران بووە». ئەم خاوەن سەمونخانەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە دوكانەكەی تەنیا بەشی كرێكارو مەسرەفی رۆژانە دەردەكاتەوە و وتی:» هیچ قازانجێكم لێ دەستناكەوێت». دیمەن رەزا، جێگری لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی نەوت و وزە كردووە و داوامان كردووە كێشەی كەمی غازی سنورەوكەمان بۆ چارەسەر بكەن و كێشەی خەڵكی كۆتایی بێت». باسی لەوەشكرد بە زیادكردنی رێژەی پێویستی غاز بۆ پارێزگاكان كێشەی كەمی غاز چارەسەر دەكرێت و وتیشی:» بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ كۆمپانیای سارپ كوردستان كۆدەبینەوە و بزانین كێشەكانی بەردەم زیادكردنی رێژەی غازی پارێزگاكان چیە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بكرێت». هاوكات لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردو گرانبوونی غاز ژمارەیەك فڕن و نانەواخانە داخران ئاراس مەهدی، خاوەن نانەواخانەیەكە لە شاری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا فەردەیەك ئارد بە 40 هەزار دینارەو پێشتر بە 20 هەزار دیناربووە» وا بڕوات منیش فڕنەكەی خۆم دادەخەم». ئاراس وتیشی:»كەس حەزناكات دوكانەكەی خۆی دابخات، بەڵام ئەگەر هیچ قازانج نەكەین و كریێ دوكانەكە لەسەر حسابی خۆمان بێت ناچارین ئێمەش دایدەخەین». ئەحمەد مەلا وەحید مزوری، نوێنەرێ خاوەن فڕن و سەمونخانەكانی دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تا ئەمڕۆ 47 فڕن و سەمونخانە لە سنوری دهۆك و ئیدارەی زاخۆ داخراون وابڕوات ژمارەكە هێشتا زیاتر دەبێت، هۆكارەكان دیارو ئاشكران هیچ كەس و لایەنێك هاوكاریمان ناكات». ناوبراو وتیشی:» ئێستا یەك لیتری گازوایل بە 850دینارەو پێشتر حكومەت بە 250دینار دەیدایە خاوەن فڕن و سەمونخانەكان دواتر كردی بە 500 دینار». لەسنوری دهۆك 129 سەمونخانە، 204 نانەواخانە، لە سنوری ئیدارەی زاخو 300 نانەواخانە و فڕن هەیە. ئەحمەد مەلا وەحید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد چەندینجار داوایان لەبەرپرسان كردووە هاوكارییان بكەن بەڵام هیچ كەس ئامادە نیە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكات، لەئێستادا جگە لە داخستن هیچ بژاردەیەكی تریان نیە
هاوڵاتی دواجار بەندیخانەی غوێران لەحەسەكە كۆنترۆڵكرایەوە و هیزەكانی سوریای دیموكرات توانییان دوای شەش رۆژ دەست بەسەر تەواوی بەندیخانەكەدا بگرنەوە . بۆ شەشەم رۆژی لەسەریەكە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەردەوامبوون لە هەڵمەتی گەڕان و پشكنین بۆ پاككردنەوەی شوێنە كۆنتڕۆڵكراوەكان و دوجار توانییان كۆتایی بە شەڕەكە بهێنن. اوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانیان سەركەوتووبون لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوەتی بەندیخانەی غوێران. بەپێی بەیاننامەكە، هەسەدە باسی لەوە كردووە لەچوارچێوەی هەڵمەتی "هێزی گەل"ی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان بەتەواوی بەندیخانەی غوێرانیان لە حەسەكە لەدەست چەكدارانی داعش سەندەوە. هاوكات فەرھاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەسەدە، ڕایگەیاندووە، تەواوی بەندیخانەی غوێرانیان كۆنتڕۆڵكردەوە و سەرجەم تیرۆریستەكانی داعشیش خۆیان ڕادەستی ھێزەكانیان كردووە. بەپێی دواین ئامار تا ئێستا زیاتر لە هەزار چەكدار دەستگیر كراون و ٢٣ كارمەند و شەڕڤان كە دیل بوون ئازاد كراون. بەپێی ئاماری روانگەی سوری، ژمارەی قوربانییەكان لەم شەڕە شەش رۆژییەدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٨١ كوژراو كە ١٢٤یان داعشن و ٥٠یان شەڕەڤان و هاوڵاتی مەدەنین.
هاوڵاتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" دانیمارک، فینلاند، نەرویج، سەنگافورە، سوید، سویسرا، هۆڵندا، لۆکسمبۆرگ، ئەڵمانیا لەریزبەندی باشترین وڵاتانی جیهانن بۆ شەفافیەت و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی". "عێراقیش 23یەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە". ئەمڕۆ سێشەممە 25ی کانونی دووەمی 2022، رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لەئێستادا پرسی گەندەڵی بابەتێکی جێگەی ناکۆکییە لەنێوان وڵاتان و کێشەکانی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی تایبەت بەم پرسە بەردەوام بون و لەهەندێک وڵاتیش سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. لەراپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە: ئەو وڵاتانەی ئازادییە مەدەنییەکان و مافەکانیان تێدا پارێزراوە و خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتی بەهێزن لەگەڵ بونی سیستەمی دیموکراسی لە حکومڕانییەکەیاندا کەمتر گەندەڵیان تێدا تۆمارکراوە، بەپێچەوانەوە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکور و ناوەڕاستی ئەفریقا کەمتر دامەزراوەکانی روبەڕوبونەوەی گەندەڵییان تێدا کارایە. لەریزبەندییەکەدا باس لەوەکراوە، دانیمارک، فینلاند، نەرویج، سەنگافورە، سوید، سویسرا، هۆڵندا، لۆکسمبۆرگ، ئەڵمانیا لەریزبەندی باشترین وڵاتانی جیهانن بۆ شەفافیەت و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی. ریزبەندییەکە بەسەر ئاستی یەکەم (88) پلە ، ئاستی دوەم 86 پلە دابەشکراوە و 20 وڵاتیش کەوتونە دەرەوەی ریزبەندییەکە و بە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاریکراون، لەریزبەندییەکەدا ئیمارات یەکەم وڵاتی عەرەبییە لەڕوی شەفافیەت و لەپلەی 24 دێت لەئاستی جیهان، دوای ئەویش قەتەر دوەم وڵاتی عەرەبییە و لەپلەی 31 دێت.
هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای شەهیدی ڕاگەیاند، کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 26-01-2022 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل -هەپەگە- لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی پێنج شەڕڤانی بە ناوەکانی (رەوان عەلی، سوڵتان داڤچک، مەد بارش کەسیجی، مەلیک ئەرسلان و دەلیل تەکین) بڵاوکردەوە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رەوان عەلی لەدایکبووی سلێمانییە و نازناوی ئەکین کوردستانی لە ریزەکانی پەکەکە هەبووە و، ناوی دایکیشی پەرژینە. چوار کەسەکەی دیکە کە ناویان بڵاوکراوەتەوە لەدایکبووی باکووری کوردستانن و خەڵکی شرنەخ، جۆلەمێرگ، بەدلیس و ئیلێهـن. ناسنامەی شەهیدەکان: ناسناو: ئەکین کوردستان ناو و پاشناو: ڕوان عەلی دایک و باوک: پەرژین و عەلی شوێنی لەدایکبوون: دەربەندیخان/سلێمانی کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناو: ستێرک کائوڕۆژ ناو و پاشناو: سوڵتان داڤچیک دایک و باوک: فاتمە – جەمیل کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: مەد مەزداهـ ناو و پاشناو: مەد بارش کەسیجی شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ دایک و باوک: قادر/ بەرهەم کاتو شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: ڕۆستەم گارزان ناو و پاشناو: مەلیک ئەرسەلان شوێنی لەدایکبوون: بەدلیس دایک و باوک: فاتمە – مەندوهـ کات و شوینی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین ناسناو: چیاگەر دەلیل ناو پاشناو: دەلیل تەکین شوێنی لەدایکبوون: ئێلـهـ دایک و باوک: کەزیبان-مەدەنی کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧/ هەفتانین
هاوڵاتی پاش ئەوەی عەلی حەمەساڵح سکاڵای لەسەر تۆمار کرا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگای باشماخ بە تۆمەتی ئەوەی لەسەر دۆسیەی قاچاخیی زانیاری ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە؛ ئەمڕۆ پەرلەمانتارەکە ڕایگەیاند دۆسیەکەی بردووەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کە دۆسییەکەی لە بەردەم دادوەری دادگای پێنجوێن بردووەتەوە. پاش ئەوەی لە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 دادوەر داوای پارێزبەندی لە سەرۆکی پەرلەمان کرد و دۆسیەکە برایە دادگا، لە ڕۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2022، بێتاوانیی عەلی حەمەساڵح سەلمێندرا. لە هەژماری تایبەتی خۆی، عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، "ڤیدیۆ و وێنەی 38 بارھەڵگرمان خستەڕوو، کە ژمارەی بارھەڵگرەکان دەرچوو بوون، دوای ئەوەی لە سیستمی گومرگی لێکۆڵینەوە کرا، 36 بارھەڵگریان گومرگیان نەداوە، واتە بە "قاچاخ" داخڵ بوون".
هاوڵاتی سوپای توركیا لەسەر سنووری رۆژئاوا و باكووری كوردستان تەقەیان لە هاوڵاتییەكی كورد كرد و كوشتیان. بەپێی هەواڵێی ئاژانسی هاواری رۆژئاوای كوردستان، دوێنێ هاوڵاتییەكی تەمەن 26 ساڵ كە لە كێڵگەكەی خۆ لە گوندی كۆر عەلی لە ڕۆژئاوای شاری كۆبانێ كاری دەكرد، لەلایەن سوپای توركیاوە تەقەی لێكراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. وەك ئەو ئاژانسە دەڵێت :محەمەد ئەحمەد باوكی چوار منداڵ بووە و لە كێڵگەكەی خۆیدا كاری كردووە و سەربازانی توركیا كردوویانەتە ئامانج و كوشتوویانە، تەرمەكەشی لەلایەن كەسوكارەكەیەوە رۆژێك لە دوای كوژرانی بەخاك سپێردراوە. كۆبانێ لەم مانگەدا چەندین جار لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا و تۆپخانەكانی سوپای توركیا كراوەتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەك هاوڵاتی شەهید و برینداربوون.
هاوڵاتی سەرچاوەكانی هەواڵی عێراق بڵاویانكردەوە، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنیی و پاراستنی سنورەكان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سنورەكانی عێراق و سوریای كردووە. وەك ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان پێداوە، مستەفا كازمی بەیاوەری جومعە عیناد وەزیری بەرگریی عێراق، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق و چەند ئەفسەرێكی سوپا سەردانی سنوری سووریای كردووە. لەسەردانەكەیدا بۆ سنووری سوریا كازمی لەگەڵ ئەو فەرماندانەی سوپای عێراق كۆبووەتەوە كە چاودێری سنورەكانی نێوان عێراق و سوریا دەكەن. سەردانەكەی كازمی بۆ سنووری سوریا لەكاتێكدایە ماوەی هەفتەیەكە داعش هێرشیكردووەتە سەر زیندانی پیشەسازی لە حەسەكە،بەڵام هێرشەكەی شكستیهێنا و دەنگۆی هەڵاتنی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ عێراق هەیە.
سەركۆ جەمال یەكێتی و پارتی دڵنیان لە دەرچوونی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان لای خۆیانەوە خەریكی لۆبی كردن و دەنگ كۆكردنەوەن بۆ ئەوەی ببنە براوەی كێبڕكێكەیان لە بەغدا. رۆژی سێشەممە 25-1-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاریدا كە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق كە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تێیدا هەڵبژێردران و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد دەستووری و یاساییە. بەپێی دەستووری عێراق، دوای مانگێك لەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەوپێیەش دەبێت 8-2-2022 سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت. لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بە زۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلاكرایەوەو ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ سووربوونی پارتی لەسەر نەكشاندنەوەی كاندیدەكەی كە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە. لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەنە پارتیو یەکێتی کە بەهۆی پرسی سەرۆک کۆمارەوە یەکڕیزیی کورد لەبەغدا تێکدەچێتو ئەوەش دەرەنجامی نەرێنی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لێدەکەوێتەوە. هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئەمە پرۆسەیەكە وا رێكەوت كە بەڕێكەوتن نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردی، كاندیدی دیكەی لایەنەكان هەیە، سەرەتا لەگەڵ پارتی پێكەوە هاتین بۆ بەغدا، وابڕیاربوو نەبینە بەشێك لەو كێشانەی لەناو ماڵی شیعە هەیەو بوەستین تا چارەسەری كێشەكانی خۆیان بكەن». هەرێم كەمال ئاغا دەشڵێت :»ئێستا ئێمە كاندیدی خۆمان هەیەو كاری بۆ دەكەین ئەگەر سەركەوتنی بەدەستهێنا وەكو فەلسەفەكەی مام جەلال كاری لەسەر كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەكانمان بەردەوام دەبین، لەگەڵ چەند لایەنێكیش لێكنزیكی لەبیروبۆچوون هەیەو پێیان وایە ئەو سیاسەتەی یەكێتی گرتوویەتیە بەر دروستە». «پارتی هەموو بەرژەوەندییەكانی لەپۆستی سەرۆك كۆماردا دەبینێتەوە، بەڵام بیریان لەوە نەكردووەتەوە كوردستان هەرچی بەسەر دێت»، هەرێم كەمال ئاغا وا دەڵێت. هاوكات، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە باوەڕمان بەتواناكانی یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و كاندیدەكەی خۆشمان هەیە كە سەركەوتوو دەبێت لەگەڵ فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی یەكێتی لەدەرەوەی هەر فشارو رێككەوتنێك كە لیستەكانیان بیخەنە سەریان و رێككەوتنی پێشوەخت بكەن». هەروەها پێشیوابوو پەرلەمانتارانی عێراق دەزانن پێویستە دەنگ بەكێ بدەن بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دەنگ بەكاندیدی یەكێـتی و مۆدێلی تێڕوانینەكانی یەكێتی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، وتیشی:» هەموو گرنگی یەكێتی لەم قۆناغەدا سەرخستنی كاندیدەكەیەتی، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیەیە و زۆر گوێ بە ئەگەری دیكە نادەین لەم قۆناغەدا». سەبارەت بە حزبەكانی دیكەی كوردستانی كە خاوەنی 14 كورسی پەرلەمانی عێراقن، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی روونكردەوە كە نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت كە دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن. بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەڵێت:» پارتی بە مافێكی شەرعی خۆی دەزانێت بچێتە كێبڕكێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». شوان محەمەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»ئێمە وەكو پارتی بەمافێكی شەرعی خۆمان و بەسنگێكی فراوان دەچینە ئەو كێبڕكێیەی پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرئەوەی یەكێتی نەهاتە ناو كۆدەنگی نیشتیمانییەوە». هەروەها وتیشی:»ئێستا دوو رێگا هەیە یان دەبێت رێككەوتنی پێشوەخت هەبێت یاخود دەبێـت هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە». بەرپرسی لقی پارتی لەبەغدا دەشڵێت :»دەرگای گفتوگۆ دانەخستن تەنها بە قسە نییە ئەگەر پێشوەختە بڕیاری دابێت ئەو پۆستە بۆ یەكێتییە ئەی دانەخستنی دەرگای گفتوگۆ مانای چییە؟، دەتوانین بڵێین یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گەواهی ئەوەیە كە پارتی چەند پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لە دانوستانەكاندا». هێشتا فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن، نەوەی نوێ لای خۆیەوە كاندیدی بۆ پۆستی سەركۆ كۆمار دیاری كردووە. جەمال كۆچەر ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»تەنیا ئەوەندەیان بە ئێمە وتووە كە لەسەر ئەو پرسە قسە دەكەین ئێمەش وتمان هێشتا نەچووینەتەوە بەغدا، تا نەچینە ئەوێ و ناوی كاندیدەكان نەیەنە بەردەستمان بڕیاری خۆمان لەسەر ئەوە نادەین دەنگ بە چی كاندیدێك دەدەین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوكات، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت ب"ە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم لەسەر ئەو پرسە قسە بكەم".
