سەركۆ جەمال بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی  ئاشكرایدەكات، حكومەتی هەرێم لەكۆی 400 ملیار تێچووی پرۆژەكە تەنیا 27 ملیار دیناری ناردووەو دەشڵێت:» حكومەتی هەرێم پێشتر ئامادەبووە پارەی پێشەكی بداتە چەند كۆمپانیایەكی توركی بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام پارەی كۆمپانیایەكی ناوخۆی راگرتووە». رۆژی 11/7/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو لەمەراسیمێكدا بەردی بناغەی پرۆژەكەی دانا. بودجەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە واتە ئەو رێگایەی كە لە تاسڵوجەوە بۆ نزیك بازگەی عەربەت دروستدەكرا (469 ملیار) دینار بوو، بەڵام تێچووی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كەمكراوەتەوە بۆ (400 ملیار) دینار، واتە بڕی (69 ملیار) دیناری لێبڕا. شاباز صدیق، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى  ئاماژەی بەوەكرد  تائێستا 40%ی پرۆژەكە تەواوكراوە، بڕیاروابووە تەواوی بودجەی پرۆژەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تەرخان بكرێت كە پرۆژەكە 400 ملیاری پێویستە. ناوبراو باسی لەوەشكرد كە زیاتر لە 170 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای قەیوان كە جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەترییە خەرج كراوە. بەڵام حكومەت 35 ملیاری بۆ دابین كردووەو تەنها 27 ملیار دیناریشی نێردراوە، وتیشی:» ئەگەر پارەكە بەمشێوەیە خەرج بكرێت هەڕەشەی جددی لەسەر پرۆژەكە هەیە». وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە دەڵێت:» لەمانگی چواری ئەمساڵ دەستدەكەین بە قیرتاوكردنی پرۆژەكەو بەردەوام دەبین لەكاركردن تێیدا، بەدڵنیاییەوە پرۆژەكە هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە ئەگەر رێگری دیكە دروست نەبێت ئەوا پێش كاتی خۆی واتە 2023 پرۆژەی شاڕێی بابان تەواو دەبێت». هەروەها شاباز سدیق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە مەسەلەی خەرجنەكردنی پارە بۆ پرۆژەكە پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە هەیەو تائێستا وەڵامی نووسراوەكانیان نەدراوەتەوە «پرۆژەكەش تائێستا نەوەستاوە بەهۆی ئەوەیە كە كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات». بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری ئەوەشی روونكردەوە كە شارەوانی تەنها كاری ئەوەیە سەرپەرشتی پرۆژەكە بكات و رێكارە یاساییەكانیشی دەكات، ئەو كەسانەشی كە زەویەكانیان بەردەكەوێت هەموو رێكارێكیان بۆ كراوە تا قەرەبوو بكرێنەوە، كۆنووسی تایبەتیان بۆ كراوەو دۆسیەكانیان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵە. شارەوانی سلێمانی دەڵێت ئەوان چاودێری و سەرپەرشتی كاری جێبەجێكردنەكەی دەكەن لەڕووی ئەندازیاریەوە. زەردەشت رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» شارەوانی سلێمانی پەیوەندی بەوەوە نییە، حكومەتی هەرێم پارە بۆ ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەدمەتری)دابین دەكات یاخود نا، تەنها ئەركی ئێمە ئەوەیە سەرپەرشتی كارەكانی پرۆژەكە بكەین». پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بۆ یەكەمجار لەساڵی 2011دا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بەڵام دوای دوو ساڵ ‌و لە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ساڵی 2013دا یەكەمین بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمەوە دانرا. وەك رێبین عومەر، بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بۆ هاوڵاتى  ئاماژەی بەوەدا، پرۆژەكە بەشی یەكەمی «ROAD C» بڕی 400 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو پێویستە لەماوەی هەزار و 100 رۆژدا تەواو ببێت و كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش سەرپەرشتی دەكات و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی وەك بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەباو هاتووچۆو ئاو بەشداری تێدا دەكەن. هەروەها وتیشی:» پرۆژەكە بریتییە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا بەپانی 100 مەتر كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گوندی (دەمركان) لەشەقامی عەربەت- سلێمانی و درێژییەكەی 43 كیلۆمەترە، لەوێ كۆتایی دێت». رێبین عومەر ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی پلانی پرۆژەكە شاڕێی بابان چوار سایدی هاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت و پانی سایدی سەرەكی 21 مەترەو سایدی خزمەتگوزاریش 10 مەترە، سایدی سەرەكیش لەچوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبێل و لاینێكیش بەپانی سێ مەتر بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كتوپڕ دەیانەوێت بوەستن. بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رێگاكەش لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی 12 مەترو لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاریش جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی حەوت مەتر كە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆیە. هاوكات حەوت یەكتربڕی تێدایە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس لەخۆدەگرێت و پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروست دەكرێت كە پێكدێت لەچوار پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان، هەروەها تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا. وەك بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری باسی دەكات، تەواوبوونی پرۆژەكە ئاماژە بە پەرەپێدان و پێشكەوتنی شاری سلێمانی دەكات،» پێدانی سیمایەكی جوانیشە بەشاری سلێمانی بوژاندنەوەی ئەو ناوچانەی كە پێیدا دەڕوات لەهەموو روویەكەوە، هەروەها كەمكردنەوەی ماوەی گەیشتن لەو شوێنانەی كە دیاریكراون كەئەوەش دەبێتەهۆی زوو گەیشتن بەو شوێنانەو پاراستنی ژینگە بەكەمكردنەوەی سوتانی بەنزین واتە پاكڕاگرتنی ژینگە». لەبەردی یەكەمی بناغەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی كابینەی پێشووی حكومەتەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن، بڕیاربوو سێ كۆمپانیای توركی بەناوەكانی (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام لەبەردی دووەمی بناغەدا پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای (قەیوان) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە.  

هاوڵاتى  سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:"دەست بەسەر مووچەی مانگی 11 دا گیراوە و لە داهاتی ناوخۆش هیچ پارەیەک بۆ مووچە تەرخاننەکراوە." دەشڵێت "ئەگەر بێت و داهات نەگەڕێنرێتەوە خەزێنەی گشتی بە دڵنیاییەوە مووچەی مانگی داهاتووش دابەشناکرێت." ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2021   عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی سستی و دواکەوتنی مووچەی ئەنجام دا و وتی "هیچ مەنتقێکی تێدا نییە ئێستا 15-12-2021ـە، بەڵام داهاتی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی حکومەت. ئەوەی ئێستا بۆ دابەشکردنی مووچە دراوە 535 ملیار دینارە کە نزیکەی 515 ملیار دینار هی نەوتە."  عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، لە رۆژی 24-2-2021دا "374 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دراوەتە مووچە، مەعقوولە داهاتی مانگی 11 دوای 45 رۆژ کەمتر لە 20 ملیار دینار گەڕابێتەوە." سەبارەت بە داهاتی سلێمانیش، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات "لە مانگی 2 داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ تەمویلی مووچە 161 ملیار دینار بووە، لە بڕیاربەدەستەکان دەپرسم ئێستا سفر درابێت بە مووچە، مەعقوولە ئەگەر سلێمانی بڵێ داهات نانێرم هەولێریش بڵێ ناینێرم؟" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح دەڵێت "هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە ئەوەیە مانگی دووی ئەمساڵ 374 ملیار داهاتی ناوخۆ بووە بۆ تەمویلی مووچە، بەڵام ئێستا 15-12یە و تاوەکو ئێستاش داهاتی مانگی 11 نەگەڕاوەتەوە." سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "رۆژی 3-11 وەزارەتی دارایی بە فەرمی نووسراوی کردووە کە ئیدارەی سلێمانی لە 161 ملیار دینار تەنیا 70 ملیار بدە بۆ دابەشکردنی مووچە بەڵام نەگەڕاوەتەوە، بە ئیدارەی هەولێر و دهۆک دەڵێت 90 ملیار بنێرە تەنیا نزیکەی 20 ملیار دینار گەڕاوەتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی زۆر روونە کە دەستبەسەرداگرتنی داهاتە." تاوەکو ئێستا 200 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، عەلی حەمەساڵح دەڵێ "نابێ هەمووشتێک ببەسترێتەوە بە 200 ملیار دینارەکەی بەغداوە، ئەگەر بێت و لە داهاتی ناوخۆ کە مانگی 2ی ئەمساڵ 374 ملیار بووە بگەڕێنرێتەوە و هەروەها لە بەرمیلێک نەوتیش 27 دۆلار بێتەوە مووچەی هەموو فەرمانبەران دابین دەکرێت." تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دابەشنەکراوە.

  هاوڵاتى  سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند:" ئه‌و ده‌قه‌ شیعریه‌ نادروسته‌و وه‌ك دزیه‌كی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی خۆیه‌وه‌ ده‌ستكاری كراوه‌". دەڵێت:" ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مو سێكته‌ره‌كان شكۆ و ڕێزی بپارێزن". ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2021 عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری لە پەرلەمانی کوردستان له‌ یاداشتێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانی كردوه‌، رایگه‌یاندوه‌، "ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مو سێكته‌ره‌كان شكۆ و ڕێزی بپارێزن هه‌روه‌ك له‌ مادده‌ی 2ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی ساڵی 2005 هاتوه‌، ئه‌م جۆره‌ تێكستانه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ رونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌شدا هاتوه‌ كه‌ لاده‌برێت، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ره‌وته‌ دژه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وی ده‌كات، ته‌نانه‌ت خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ ره‌وتی (خطاب الكراهیة) ده‌كات". عه‌بدولستار مه‌جید، ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئه‌و ده‌قه‌ شیعریه‌ نادروسته‌و وه‌ك دزیه‌كی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی خۆیه‌وه‌ ده‌ستكاری كراوه‌، ئه‌و بڕگه‌یه‌ی لاوكی (ده‌روێش عه‌بدی) له‌ كتێبی (زمان و ئه‌ده‌بی كوردی) پۆلی ده‌یه‌می ئاماده‌یی دانراوه‌، ئه‌ویش گۆڕین و ده‌ستكاریكردنی ده‌قه‌ فۆلكلۆریه‌كه‌یه‌، واته‌ ده‌قی لاوكه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ نه‌قڵی كردوه‌". عه‌بدولستار مه‌جید باسی لەوەشکردوە، "لە كتێبی (زمان و ئه‌ده‌یی كوردی) ده‌بینێ له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ به‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كراوه‌ كه‌ لاوكه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌، ئه‌ویش كتێبێكه‌ به‌ناوی  (كۆمه‌ڵێك لاوك و حه‌یران) كۆكردنه‌وه‌ی: محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، كاتێك ده‌چینه‌وه‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی محه‌مه‌دی مه‌لاكه‌ریم، ده‌بینی ئه‌و به‌شه‌ی لاوكه‌كه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ی ناوه‌ته‌وه‌ له‌وێ به‌جۆرێكی دیكه‌ نوسراوه‌". سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری لە پەرلەمانی کوردستان رونیشیکردوەتەوە، ده‌قی لاوكه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیدا هاتوه‌ و لێیوه‌رگیراوه‌ نوسراوە، "منێ رۆژێ سێ جاران كه‌ره‌م نه‌كه‌ن بده‌روێشێ عه‌بدی، حاشادكه‌م لدینێ محه‌مه‌دی، ساف ئێزیدیمه‌"، بەڵام ده‌قی لاوكه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كتێبی (زمان و ئه‌ده‌بی كوردی) پۆلی 10 دا هاتوه‌، "(منێ رۆژێ سێ جاران كه‌ره‌م دكه‌م ب(ده‌روێشێ عه‌ڤدی) حاشا دكه‌م ل دینێ (موحه‌مه‌دی)، ساف ئه‌ز (ئێزدی‌)مه‌)". سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری دەپرسێت، "بۆچی (نه‌كه‌ن) كراوه‌ به‌ (دكه‌م)؟، بۆچی (ئه‌ز) بۆ ده‌قه‌كه‌ زیادكراوه‌؟، جگه‌ له‌وانه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی خودی ئێزیدییه‌كان كه‌ لاوكه‌كه‌ی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناو كتێبی پۆلی 10 تێك ناكاته‌وه‌".

هاوڵاتى ئەمڕۆ لیوای پۆلیس 'خۆشەویست جمال ئەحمەد' وەک بەڕێوەبەری نوێی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ''بە وەکالەت'' دەست بەکار بوو.  ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2021 ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویکردەووە، ''ئاماژە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیوای پۆلیس 'خۆشەویست جمال ئەحمەد' وەک بەڕێوەبەری نوێی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ''بە وەکالەت'' دەست بەکار بوو.  دوێنێ 14ی کانوونی یەکەمی 2021، وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا عه‌مید فه‌ره‌یدون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بگوازێته‌وه‌ بۆسه‌ر میلاكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێم. نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم به‌ ژمارە 25311 لە رۆژی دووشه‌ممه‌ 13ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ركراوه‌ و تیایدا بڕیاردراوە بە گواستنەوەی عەمیدی هاتووچۆ فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ سەر میلاکی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان. به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه‌، لیوا خۆشەویست جەمال ئەحمەد، کە بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش ( PJCC)یە وەک بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە وەکالەت لە شوێنی عەمید فەرەیدون عومەر دەستبەکاردەبێت.

شاناز حەسەن خوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی لەگەڕەكی راپەڕینی سلێمانی زیاتر لەهەزار و 100 خوێندكاری هەیە، بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو كۆمپانیای سابیس دامەزراوەو تێكڕا سیستمی ئینگلیزی لەخوێندنگەكەدا پەیڕەو دەكرێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانیانەوە چەند رۆژێكە مامۆستیان مانگرتنیان ئەنجامداوەو بەڕێوەبەرەكەشی چووەتەوە بۆ ماڵەوە. لەهەرێمی كوردستاندا حەوت خوێندنگە بەهاوبەشی لەنێوان كۆمپانیای سابیس و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم خزمەت بەمنداڵان دەكەن كە بەسیستمی ئینگلیزی دەخوێنن و خوێندكاران تەنها پارەی هاتوچۆ دەدەن كە یەكێكیان لە سلێمانی و ئەوی دیكەیان لە كەلارو پێنج خوێندنگەكەی دیكە لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆكدایە. مامۆستایان لەم خوێندنگەیەدا تا كاتژمێر چوار وانە دەڵێنەوە، بۆیە بێجگە لە موچەكانیان بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجدەكرێت و زیاتر لە 10 مانگە وەریاننەگرتووە. مامۆستایەك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، ئاماژە بەوە دەدات زیاتر لە 10 مانگە موچەكانیان بۆ خەرج نەكراوە و وتی:» وابڕوات لەم بارودۆخە قورسەی ژیاندا ناتوانین وانە بڵێینەوە». ئەم مامۆستایە پێنج ساڵە لەم خوێندنگەیە وانە دەڵێتەوە بە وت:» ئەم خوێندنگەیە خزمەتێكی باش بەمنداڵەكانمان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە پەروەردە پشتگوێیان نەخات». مامۆستایەكی دیكەش هاوڕا بوو كە پێویستە پەروەردە گرنگی زیاتر بەم خوێندنگایانە بدات و وتی:» هەم بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار سودی هەیە، هەم بۆ خوێندكاریش سودێكی زۆری لێوەردەگرێت». بەختیار عەبدوڵا باوكی دوو خوێندكار لەخوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە لەو كاتەوەی بودجەی خوێندنگەكە دابین ناكرێت، هەم مامۆستاكان كێشەیان بۆ دروست بووە و خزمەتگوزاری خوێندنگەكەش تەواو خراپ بووە و كاریگەری كردووەتە سەر خوێندكارەكان». باوكی ئەو دوو خوێندكارە ئەوەشی روونكردەوە، ساڵانی پێشوو سیستمەكە زۆر پێشكەوتوو بووەو وتی:» هیچ كێشەمان نەبوو، ئێستاش تەنیا كێشە خەرجكردنی بودجەكەیە تابتواننن منداڵەكانمان پەرە بەخوێندنی ئەمساڵیان بدەن». جەسام بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی فێركردنی بنەڕەتی و باخچەكانی ساوایان لە وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كارمان كردووە بۆ دابینكردنی موچەكانیان و لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، كە لەئێستادا سەرقاڵی رێكارە ئیدارییەكانین و نووسراومان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران». ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كە هەموو شایستە داراییەكانیان دوابەدوای یەك بۆ خەرجدەكرێت و رەزامەندییەكەی لەئەنجومەنی وەزیران هاتووەتەوە و كێشەی تێدا نەماوە، تەنیا رێكارە ئیدارییەكان دوایخستووە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەكاندا هەیەو دڵنیاییان پێدەدەن لەدابینكردنی بودجەی تایبەتی خوێندنگەكان. لەبارەی كێشەی ئەو خوێندنگایانەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە چارەسەری كێشەكانیان دەكرێت.

هاوڵاتى وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:"لەكاتی ئێستادا بە تێكڕایی 13 كاتژمێر كارەبا دەدرێت و نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی داراییش رێگرە لەبەردەم بەگەڕخستنی چەندین یەكەی وێستگەكانی بەرهەمهێنان". ئەمڕۆ 14-12-2021، ئەندامانی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بۆ بەدواداچوونی دۆخی كارەبا سەردانی وەزارەتی كارەبایان كردو لەگەڵ كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا كۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، كەمال محەمەد ساڵح لەوەڵامی ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەی پەرلەمانەوە ئاراستەی كرابوو، رایگەیاند: ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم بە 13 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە 6900 مێگاواتەو لەئێستادا، بڕی 3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێت، لەكاتێكداخواست لەسەر وزەی كارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە. وەزیری كارەبا هۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ئاشكراكردو وتی:" نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی دارایی، رێگرە لەبەردەم بەگەڕخستنی چەندین یەكەی وێستگەكانی بەرهەمهێنان، هەربۆیە لەكاتی ئێستادا، بە تێكڕایی 13 كاتژمێر كارەبا دەدرێت، لەكاتێكدا لەماوەی ئەمساڵ بە تێكڕایی، 17 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دراوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری كارەبای هەرێم، پلان و بەرنامەی وەزارەتەكەی و هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خستەڕوو، راشیگەیاند: تائێستا 18هەزار و 562 سەرپێچی لەسەر كارەبا لابراون و سەرپێچیكارانیش سزا دراون، هاوكات بەهۆی پێوەری زیرەكەوە، بە فیڕۆچوونی كارەبا لە %48 بۆ %34 كەمكراوەتەوە.

هاوڵاتى   جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هاکان کاراچای، کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر کرد دۆخی ئەمنی هەرێم تاوتوێ کرا. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا تیشکی خستووەتە سەر هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان، هەروەها بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسییەكانی "تیرۆر" و سەقامگیریی ناوچەكە، پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و بەردەوامیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی بە پێویست زانیوە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاکان کاراچای بەردەوامی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردووەتەوە و باسی لە گرنگی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی عێراق بۆ ناوچەکە كرد و لەو بارەیەوە جەختی لە هاوكارییان لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا كردووەتەوە.

    هاوڵاتى بافڵ تاڵەبانی دەڵێت:" بەڵێن دەدەین پەند لە رێبازەکەی مام جەلال وەربگرن بۆ راستکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕییەکان".  ده‌شڵێت: "ناهێڵین یەکێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاربھێنرێت". به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی، ئەمڕۆ سیشەممە 14ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی لە مەکتەبی سیاسی حزبه‌كه‌ی لە شاری هەولێر چاوی کەوت بە ژمارەیەک لە لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند: "بەڵێن دەدەین یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزین و پەند لە رێبازەکەی مام وەربگرین بۆ گەشەپێدانی یەکێتی و راستکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕییەکان". به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: "لە دیدارێکدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، د. رێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر و چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەیبوون، بافڵ تاڵەبانی وتی: "ئێوەی تێکۆشەران سەرمایەیەکی گرنگ و بەنرخی یەکێتی و ماندووبوون، خەباتتان جێگای ستایشی بەردەواممانە و رابردووتان جێگای شانازییە نەک ھەر بۆخۆتان بەڵکو بۆ یەکێتیش، بۆیە ئێمە ئەرکمانە خزمەتتان بکەین و وەفاداری خەباتی ئێوە بین". بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "لەئاست قوربانیدانەکانتاندا بەڵێن دەدەین یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزین و پەند لە رێبازەکەی مام وەربگرین بۆ  گەشەپێدانی یەکێتی و راستکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕییەکان، نەھێڵین یەکێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاربھێنرێت و لەبەرامبەر ئێوەشدا دووپاتی دەکەینەوە ئێستا یەکێتی یەکێتی مام، تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەسوکاری شەھید، زیندانیانی سیاسی و یەکێتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و بەروئیایەکی نوێوە حزب دەکەینە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی زیاتر خەڵک".

  هاوڵاتى جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند:" له‌ رابردووشدا په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌ نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا هه‌بووه ‌و خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش، بۆ داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت".  دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە داوە، "له‌ رابردووشدا په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌ نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا هه‌بووه ‌و خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش، بۆ داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت." هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتووشیەتی، "ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌م كاره‌ش پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به ‌رێگه‌ی دادوه‌ران له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و لیژنه‌ی پسپۆری په‌رله‌مان دیراسه‌ بكرێن و بڕیاری پێویستیان بۆ ده‌ربچێت". دادوەر عەبدولجەبار عەزیز رۆژی چوارشەممە 08-12-2021 لە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و و دەستبەکاربوو، لە رێورەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، نابێت دەسەڵاتی دادوەری لەژێر کاریگەریی سیاسی و حزبی بێت.  لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەداوە، "ده‌بێ هه‌ر هاوئاهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ تایبه‌ت دادوه‌ری و یاسادانان، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری بێت و رێگه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان و پێشێلكردنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگیرێت". لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دادوەر عەبدولجەبار عەزیز ئاماژەی بەوە داوە، "په‌رله‌مان یاسا ده‌رده‌كات و له‌سه‌ر دادگاكانیش پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام له‌ رووی پراكتیكی و جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایانه‌‌ له‌ دادگەكان، هه‌ندێ جار تووشی كێشه ‌و گرفت ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش پێویستی به‌ هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی زیاتری نێوان هه‌ردوولا هه‌یه". هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، له‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا، دادوه‌ران و په‌رله‌مانتاران باس و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تی هاوبه‌شی نێوانیان كرد به‌ تایبه‌ت ژماره‌یه‌ك یاساكان كه‌ پێویستیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی نوێ و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ردوولا پێداگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ قۆناخی داهاتوو به‌ رێگه‌ی دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و كێشه‌ و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك یاساكان هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

هاوڵاتى بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەکارەکەی گواسترایەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.  بەپێی نووسراوی ژمارە 25311ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە 13-12-2021 دەرچووە بڕیاردراوە بە گواستنەوەی عەمیدی هاتووچۆ فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ سەر میلاکی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان. هەر بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا خۆشەویست جەمال ئەحمەد، کە بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش PJCCیە وەک بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بەوەکالەت لە شوێنی عەمید فەرەیدون عومەر دەستبەکاردەبێت.

هاوڵاتى لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 لە چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات.  بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بکوژەکەوە 13 کەس دەستگیرکران، دوای چەند هەفتەیەک دایک و باوک و هاوژینی بکوژەکە و دواتریش سەرجەم گومانلێکراوەکانی دیکە ئازاد کران.  ئێوارەی رۆژی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دامڕکێندرا.  دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی تووندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.  لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن. 

   هاوڵاتى وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت:" ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەو خێراییەی بەردەوامبێت، ئەوکات هیچ بژارەمان نییە ئەوە نەبێت رێکاری زیاتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرانەی داهات بۆ ئێران کۆدەکەنەوە بەرتەسکتریان بکەینەوە". جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، "ئەگەر بەمزووانە رێگەی دیپلۆماسی لەسەر رێچکەی خۆی بەردەوام نەبێت، ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەو خێراییەی بەردەوامبێت، ئەوکات هیچ بژارەمان نییە ئەوە نەبێت رێکاری زیاتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرانەی داهات بۆ ئێران کۆدەکەنەوە بەرتەسکتریان بکەینەوە." وەفدی دانوستاندنکاری ئێران لە ڤیەننا نایانەوێ هەروا بەئاسانی جارێکی دیکە قەدەری خۆیان بدەنە دەست رێککەوتنێکی ناجێگیر. عەلی باقری، سەرۆکی وەفدی دانوستاندنکاری ئێران لە ڤیەننا گلەیی زۆری هەیە، دەڵێت، هەندێ لایەنی بەشدار لە گفتوگۆکە داوای زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکەن، لە دەرەوەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو ئیسرائیلە بەهێزدەکەن کە دووژمنی سەرسەختی ئەوانە. سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئێران لە ڤیەننا دەڵێت، "پێموایە ئەمە شتێکی ئاساییە کە دوولایەنەکە خاڵی دژ بە یەکیان هەیە و ئەو رێگەیەی لەسەری دەڕۆین هەندێجار هێواش دەبێتەوە و هەندێکجاریش خێرادەبێت. ئەمە شتێکی نامۆ نییە. بەڵام ئەوەی گرنگە نیازی لایەنەکانە تاوەکو لەسەر ئەم رێگەیە پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینن."

شاناز حەسەن  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی بنکەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستان راگەیاند پەرلەمانتارێك دەڵێت:" بە ئەلیكترۆنیكردنی یاساكان رێكارێكی ئیدارییە و بكرێت باشترە". ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمەراسیمێكدا كردنەوەی بنكەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند و وتی:" "بنکەکە داتابەیسێکی پێشکەوتوی ئەلیکترۆنییە بە ئامانجی کۆکردنەوە و ھەڵگرتن و خستنەڕوی سەرجەم یاساکانی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، تیایدا سەرجەم یاساکانی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا بەردەستە بۆ پەرلەمانتاران، یاساناسان ، رۆژنامەنوسان و تەواوی ھاوڵاتیان". لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:" ئەم بنکەیە دەبێت بە سیمایەکی شارستانی بۆ هەرێمی کوردستان لەدەرەوە و رۆشنبیرییەکی یاساییش لەکۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەنجام گەیشتنی ئەو پڕۆژەیەش سوپاسی سەرجەم راوێژکار و کارمەندانی دیوانی پەرلەمان دەکەن". جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"لەهەموو سەردەم و كاتێكدا بە ئەلیكترۆنیكردنی داتا و زانیاریەكان بۆ كۆكردنەوە و زوو دەستخستنی یاساكان گرنگە". زیاتر رونیكردەوە و وتی:" لە پێشتردا كاتێك كەسێك دەگەرا بەدوای یاساكاندا دەستكەوتنی گران بوو، بەڵام بە كردنەوەی ئەم  بنكەیەكە هەموو كەسە یاساییەكان و ئەوانەی دەیانەوێت دەستیان بە یاساكان بگاـ ئاسانترە".

 هاوڵاتى ئەرشەد ساڵحی سەرکردەی بەرەی تورکمانی رایگەیاند:" توانیومانە لەکۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پاش دروستکردنی هاوپەیمانێتی، وەک تورکمانەکان حەوت کورسی بەدەستبهێنین، بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین دوو پۆستی باڵا وەربگرین". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئەرشەد ساڵحی لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "توانیومانە لەکۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پاش دروستکردنی هاوپەیمانێتی، وەک تورکمانەکان حەوت کورسی بەدەستبهێنین، بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین دوو پۆستی باڵا وەربگرین". لەبارەی پۆستەکانەوە ئەرشەد ساڵحی وتی:"جێگرێکی سەرۆک کۆماری عێراق‌و وەزارەتێک لەحکومەتی داهاتوو بەمافی خۆمان دەزانین". سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق ساڵحی ڕەتیکردەوە ئەوان وەک تورکمانەکان لەگەڵ حکومەتی تەوافوقی بن، جه‌ختیكرده‌وه‌، "حکومەت دەبێت یان سەدرییەکان پێکیبهێنن، یان ئەوان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن".

  هاوڵاتى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند:"هێزەکانی ئاسایشی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و سەرکردەیەکی داعشیان لە نزیک هەڵەبجە دەستگیرکرد". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شه‌ڕی دژی داعش له‌ تویتێكدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی بڵاویكرده‌وه‌: "لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان لە نزیک پارێزگای هەڵەبجە سەرکردەیەکی داعش دەستگیرکراوە". پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا ئاشكرایكردبوو، "گروپێكی 25 كەسی سەر بەچەكدارانی داعشی لەهەڵەبجەو دەروبەری ده‌ستگیركراون‌و ئەو گروپەش لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای داعش دەستگیركراون".