هاوڵاتی لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە، کە دابەشکردنی ئاو بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوەستێت. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024, بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، "بەهۆی گواستنەوەی بەشێک لە بۆری ئاوی هێڵی سەرکی 12ی شەقامی 40 مەتری فیدڕاڵی، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی ئاو دەوەستێت". لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە رۆژەکانی (27-28-29)ی ئایاری 2024 واتە رۆژانی (دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە) دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی (گردی، سەرباغ، حاجی قادر(جمعیە)، فیدڕاڵی، شەوگێراوە، سەیران سیتی، ناوداران، گردی عەرەبیان، ئەندازیاران، بەشێک لە گەڕەکی کەکۆن، ماڵەکانی هەردوو بەری شەقامی 40 مەتری، زانست) دەوەستێت، بەڵام لە ڕۆژانی (25-26)ی ئایار دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێت و بەپێی بەرنامەی رۆژانە ئاو دابەش دەکرێت". ئەوەش خراوەتەڕوو، "گەڕەکەکانی (فلکەی گردی، شەقامی هەرمۆتە نزیک گەڕەکی کە کۆن، گردی عەرەبیان و شاری ناوداران) ئاویان پێ نادرێت، چونکە ئاویان لە رێگەی ئەم هێلە سەرکییەوە بۆ دەگوازرێتەوە".
هاوڵاتی بازرگانێکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا لە دەروازەکان بڕی پێنج هەزار دینار زیادەمان لێوەردەگیرێت و بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان پێبدەن. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، یەکێک لەو بازرگانانەی کە هاتووچۆی ئێران دەکات کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشتر کاتێک هاتووچۆمان دەکرد بڕێکمان وەک گومرگ لێوەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا پێنج هەزار زیادەمان لێوەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان بدەنێ". ئاماژەی بەوشکرد، "ئێمە پرسیارمان کردووە دەڵێن ئەو پارەیە بۆ حکومەتی عێراقییە، بەڵام پێمان ناڵێن وەرگرتنی پارەکە بۆ چ مەبەستێکە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە". ئەو بازرگانە ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت هیچ ئاسانکارییەکمان بۆ ناکات بگرە رۆژ بە رۆژ ئەرکەکانی سەرشانی بازرگانان زیاتر دەکەن". هەروەها ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هیچ گومرگێک زیادنەکراوە و پێدەچێت ئەو پارەی وەردەگیرێت تایبەت بێت بە زیادکردنی خزمەتگوزارییەک، ئەگەرنا بڕی گومرگ هەر وەک خۆیەتی".
هاوڵاتی شەوی رابردوو لە گەڕەکی شاخکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەوی رابردوو تەرمی منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان لە گەڕەكی شاخكێ لە دهۆك بە كوژراوی دۆزراوەتەوە. بەڵام تائێستا هۆكاری كوژرانی نەزانراوە. بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژرانەكەی تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی داد كراوە، پۆلیسی دهۆكیش دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە بە مەبەستی هۆکاری کوژرانەکەی.
هاوڵاتی 47 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کردووە بۆئەوەی هەموارکردنەوەی دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەعێراق، بە شێوەیەک تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە بکرێتە 63 ساڵ. لەناوەرۆکى پرۆژەى هەموارەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە گرنگى بەژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێش بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە. بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ. کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لەعێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە. هەر لەسەر ئەم پرسە یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لەچەند رۆژى رابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لەهەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی چالاکبوونی بای ڕۆژئاوا کە خێرایی لە 25 کلم بۆ 45 کلم دەبێت لە کاتژمێرێکدا بە پێی ناوچەکان بەو هۆیە لە دەرنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە 24-25/ 5 /2024 خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان دەگرێتەوە". ئەو شارەزای کەشناسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "شە]پۆلەکە لاواز بۆ مامناوەند دەبێت و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگڕێتەوە".
هاوڵاتی جارێکی دیکە بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان". بەپێی زانیارییەکان، وەستایەکی ئیزوگام لە کۆگاکەدا کاری کردووە و هۆکاری ئاگرەکە ئەو پەرەمێزە بووە کە بەکاری هێناوە و لەئێستادا لە %70ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە ئاگرەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەهۆی تەقینی غازەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگای غازی نەورۆز لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
هاوڵاتی ئاگری كارگەی غازی سەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. ئێوارەی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە کارگەیەکی غاز لە سەر ڕیگای کەرکوک- هەولێر کەوتەوە، لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نێردران. لەم بارەیەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئاگرەكەی كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. شاخەوان سەعید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتیشی، ئاگرەكەی نێو كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی لە ئەركدا بوون. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئەوەی خستەڕوو، " بەهۆی رووداوەكەوە پاسەوانی كارگەكە و براكەی و شۆفێری بارهەڵگرێك بە سووكی برینداربوون".
هاوڵاتی بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکرێت لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024, وەزارەتی دارایی و ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان هەڵسا بە ناردنی ناو و زانیاریی ( 453 ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکی TBl. وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم رایگەیاند: " لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( 453 ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان". ئەوەیشی خستۆتەڕوو،"حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات".
هاوڵاتی ئهندامێكی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق رایگهیاند،”كه بودجهی 2024 هیچ دهقێكی نوێی تێدا نییهو هیچ دهقێكش ههموارنهكراوهتهوه”. ئهمڕۆ 23ی ئایاری 2024، لیژنهی دارایی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دووهم كۆبوونهوهی سازدا تایبهت به گفتوگۆكردنی ههمواری یاسای بودجهی گشتی بۆ ساڵی 2024. لە بارەوە د.نهرمین مهعروف له ئەندامی لیژنەی دارای لە پەرلەمانی عێراق راگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە: "ئهم بودجهیه تهنها بریتییه له چهند خشتهیهك كه بڕی داهات و خهرجییه خهمڵێندراوهكانی بۆ ساڵی 2024 تێدا خراوهتهڕوو، پشتبهست به بڕگهی دووهمی مادهی 77ی یاسای بودجهی سێ ساڵه كه پارساڵ پهسهندكرا، بۆ ههرسێ ساڵهكانی (2023، 2024، 2025)". د. نەرمین مەعروف، ئەوەشی خستووهتهڕوو كه "بهههمان شێوهی پارساڵ بڕی ههناردهی نهوتی خاو به سێ ملیۆن و پێنجسهد ههزار بهرمیلی رۆژانه و به نرخی 70 دۆلار بۆ ههر بهرمیلێك خهمڵاندنی بۆ كراوه و بهمانهوهی نرخی ئاڵوگۆڕی 1300 دینار بهرامبهر به یهك دۆلار". ڕۆژی سێشهممە 21ی ئایاری 2024 پرۆژه یاسای ههمواری یاسای بودجه بۆ ساڵی 2024 له دوای پهسهندكردنی له ئهنجومهنی وهزیران گهیشته ئهنجومهنی نوێنهران بهمهبهستی پهسهندكردنی.
هاوڵاتی بە سەرۆكایەتیی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و ئەندامێتیی نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی کەرکوک لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری دروستکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە23ی ئایاری 2023, بە سەرۆکایەتی لیوا عەلی متشەر، جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و ئەندامێتیی نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی کەرکوک لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک پێکهێنرا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر بڕێکی مادەی هۆشبەردا گرت و دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتنیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر رایگەیاند، "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، رۆژی رابردوو لە پارێزگای هەولێر دوو تۆمەتبارمان دەستگیرکرد بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستمان گرتووە بەسەر 20 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆرى کریستاڵ، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان تا رۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ 580 تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە لەو ژمارەیە 328یان لە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەرەوە تێوەگلاون".
هاوڵاتی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەلەبژاردنەکانی عیراق رایدەگەیەنێت، ژمارەی نوێ دەدرێتە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و وادەی ئەنجامدانیشی ئاشکرادەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەلەبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "دواى گەڕانەوەى پێنج کورسى کۆتا گۆڕانکارى لە کورسى پارێزگاکان دەکرێت و کورسیەکانی پارێزگای هەڵەبجەش هیج گۆرانکاریەکی بەسەردا نایەت، کۆمیسیۆنیش دەتوانێت لە مانگى تشرینى یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی نوێ دەدرێتە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و وادەی ئەنجامدانیشی ئاشکرا دەبێت و سەرلەنوێ تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێرەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنەکان دەکرێت". ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق تەمەنی کۆمیسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ و تاوەکو 6ی کانونی دووەمی 2025 درێژکردەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لەكاتی دزیكردنەكەدا، تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیر بكرێت". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێستا تۆمەتبار (ب، ل، ع) لەدایكبووی 2003، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لە لێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە، كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر، دزیی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە".
هاوڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو حەوت خەڵات لە یەک کاتدا بەدەستدەهێنێت، لەڕێگەی بەرنامەکانی دوا زەنگی زەوی، تێکست، بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر و بەڵگەفیلمی خانووی زەوی. رووداو لە خولی 45ی راگەیاندنی خەڵاتەکانی تێلی دا، لەنێوان 13 هەزار رکابەر لە 56 وڵاتی جیهانەوە، توانی 7 خەڵاتی زێڕین، زیوین و برۆنزی بباتەوە، رووداو لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای نێوداری جیهان دا بووە براوەی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی تێلی، لەوانەش: مێتا، نێتفلێکس، ناسا، فۆکس نیوز، بی بی سی، ئێن بی سی نیوز، ئێم تی ڤی، جەزیرە، سکای نیوز عەرەبیە، شەرق و چەندان دەزگا و کۆمپانیای نێوداری دیکە. لیژنەی داوەریی ئەم ساڵی خەڵاتی تێلی لە 200 جێبەجێکاری دەزگا و کۆمپانیا نێودارەکان پێکهاتبوو. دامەزراوەی خەڵاتی ساڵانەی تێلی، لە ساڵی 1979 دامەزراوە و ساڵانە خەڵات دەداتە باشترین بەرهەمە ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەکان، دامەزراوەی خەڵاتی تێلی دەڵێت "براوەکانی خەڵاتی تێلی نوێنەرایەتیی کاری هەندێک لە رێزدارترین دەزگاکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکەرەوەکان دەکەن لە سەرانسەری جیهان دا". ئەماندا نیدهام، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتەکانی تێلی لە نامەیەک دا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی رووداو خواست. بەرنامەی دوا زەنگی زەوی، خەڵاتی زێڕینی لە چوارچێوەی بەرنامە ژینگەییەکان بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتی بەرنامەکانی ژینگە و دارستان دا بردەوە، بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی) لە وەرزی رابردووی رووداو دا بایەخی بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەدا، ئەڵقەی تایبەت بە زۆنگاوەکانی جیایش لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، خەڵاتی بەدەستهێناوە. بەرنامەی تێکست خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی تەندروستیی گشتی و سەلامەتی دا بەدەستهێنا. بەرنامەی (نێکست)ی رووداو بایەخ بە پێشکەوتنەکانی جیهان دەدات لە بوارە جیاوازەکان دا و باسی ئاییندە دەکات، هەروەها بەڵگەفیلمی خانووی سپی خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دا بەدەستهێنا. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، چیرۆکی خانووێکە لە شاری موسڵ کە ژمارەیەک ژنی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە تێیدا دەستبەسەرکرابوون. بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی بڕۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کولتوور و شێوازی ژیان دا بردەوە. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، باسی هەنگوینێکی تایبەت لە وڵاتی نیپاڵ و چۆنیەتی دەرهێنانی لە شاخ و کاریگەرییەکەی دەکات. عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو، لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو 7 خەڵاتەی تێلی دەڵێت "ئەم خەڵاتانە نیشانەی ئاستی بەرزی کارکردنی هاوکارانی رووداوە، هەروەها بەڵگەی جیهانین لەسەر ئاستی بەرزی بەرهەمی رووداو. ئەم خەڵاتانە ناوی رووداو و میدیای کوردییان بردووەتە ریزی گەورەترین دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە، ئەو پێشەنگییە بۆ رووداو شانازییەکی گەورەیە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە. ئەمشەو چوارشەممە 22ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارینی 12 کاتژمێری رابردووی ناوچەکانی هەرێمی بە ملم بڵاوکردەوە، کە بەمجۆرە بووە: بامەڕنی 0.4 بازیان1.2 دەربەندیخان0.2 هەولێر دڵۆپ حاجی ئۆمەران 0.8 هەڵشۆ 0.2 خەبات 8.8 مانگیش 4 سۆران 0.4 پێنجوێن 8.2 رەواندز 0.2 شەمامک 5.8 سلێمانی 3 چەمچەمال دڵۆپ زاخۆ دڵۆپ
