هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، رۆژی هەینی ڕێککەوتی 02-02-2024 دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت . لیستەکە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 08-02-2024 بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت. وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 618 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کەدەکاتە 65%یکۆی شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان". ئاماژهی بهوهشكردوه، دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی 325 ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بوە، لە سبهی هەینی دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە لە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون و ٩٢٪ ی قوربانییەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانەوە بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا، ٦ کۆڵبەر کوژراون و ٤٤ی دیکەش بریندار بوون, هەروەها لە ناویشیاندا ٦ کۆڵبەری منداڵیش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون. ئەو مناڵانەی بریندار بوون ،دوانیان خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوانیان خەڵکی شاری سەقز و دوو کەسیان خەڵکی شارەکانی پاوەو شاهۆ بوون، هەروەها ٤ کەسیان لە سنووری نەوسوود و ٢ کەسیان لە سنووری بانە بریندار بوون. ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ، زۆرترین قوربانیش لە سنووری پارێزگای کرماشان بووە کە ٢٩ کەس کوژراون و بریندار بوون. جێگەیباسە هەر لەم مانگەدا و رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەم، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی شمشێری پاوە، بە ناوی هۆشیار مەحموودی تەمەن ٤٠ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە تەوێلە کوژراو دوو کۆڵبەریتریش بریندار بوون. هەر لەم پەیوەندەشدا دوو رۆژ پێشتریش ٨ کۆڵبەر کە زۆربەیان مێرمنداڵ بوون لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە لە سنووری تەوێڵە دەستبەسەر کران و سووکایەتیان پێکراو ئەشکەنجە دران و سەریان تاشرا. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی ناوەندی پیشەسازی لە کوردستان، بە ناچار روو ئەکەنە کاری کۆڵبەری و لە لایەن هێزە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە تەقەیان لێئەکرێت و ئەکوژرێن و بریندار ئەکرێن. ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کۆڵبەری ئەکەن خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان هەیە.
هاوڵاتی نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدە لە شارى سلێمانى دیاریکرا، بۆ مانگى رابردوش نرخى هەر ئەمپێرێک لەنێوان 13 هەزار و 500 بۆ 23 هەزار دینارە. ئهمڕۆ پێنجشهممه 1ی شوبات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبوونەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێڕ (42) دینارە. بهمهش نرخی یهك ئهمپێڕ كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی لهنێوان (13.500) بۆ (14.500) دیناره، بەوپێیەى موەلیدەکان لە نێوان (320 بۆ 345) کاتژمێر کاریان کردوە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئهمپێڕێك كارهبای موهلیدهی گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. ئاماژە بەوەکراوە، هەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە (7)ى بەیانى بۆ (1)ى شەو بووە، نرخى ئەمپێریان (18.000 بۆ 19.000 ) دینار، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان (21.000 بۆ 23.000) دینارە.
ئیمان زەندی «ئەمساڵ نەمانتوانی کرێی جێگاکەش دابینبکەین، چونکە کەباب و جگەرو خواردنی کۆری تێکەوت، ئەمانە کەی کاری کوردەوارییە!، فیستیڤاڵ واتە خواردن و جلوبەرگی کوردەواریی». ئەمە وتەی (لولو گیان)ە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵەمێخەک لەگەرمیان بۆ خواردن و کاری دەستی، رێکخراوەکەی لولو لە ٢٥ ئەندام پێکھاتووە، ئەو کە بۆ هاوڵاتی قسەیکردووە دەڵێت، «پار لەگەرمیان کرێی کەپر بۆ سێ رۆژ ٦٠ ھەزارمان دەداو دواتر بۆمان دەگەڕێندرایەوە، بەڵام ئەمساڵ ١٦٢ ھەزاریان لێوەرگرتووم و دوو ھەزاریان بۆ گەڕاندومەتەوە بۆ شەش رۆژ، ئەمساڵ دەگەیەکی گەورەمان لێدرا». لولو ناڕازییە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکانی گەرمیان، چونکە «بەناوی کوردەواری شتی نوێ نوێ پەیا بووە، ھەیە دێت بۆ پاقلە فرۆشتن ١٦٢ ھەزار دەدات، رێکخەری فیستیڤاڵەکان دەڵێن؛ شوێنەکان باجیان لەسەرە، لەسەر ئەوە رۆشتین بۆلای قائیمقام وتی؛ لەسەر شوێنەکان ھیچ باجێکمان دانەناوە. بەڵام دەزانم پارەکە بۆ خۆیانە چونکە بەجۆرێک قسە دەکەن وەکو ئەوەی کەسێکیان لەپشتبێت، منیش نازانم چ کۆمپانیایەکە!». «پار ٢٥ کەس بووین خواردن و شیرینیمان دروستدەکرد، بەڵام ئەمساڵ ١٠٢ کەس بووین، باوەڕ ناکەم کەپرێک ٢٠دۆلاری تێبچێت، بەس تەنیا ئەوەیە سەریان تێکردووەو تەواو!، بەڵێ بەدڵنیاییەوە رێککەوتنێک ھەیە». لەبەرامبەردا عومەر نەجم، سەرپەشتیاری گشتی فیستیڤاڵی بازاڕ لەگەرمیان سەبارەت بەوەی لەگەرمیان فیستیڤاڵەکان دراوە بەکۆمپانیاکان؟ بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «نەخێر، ھیچ کۆمپانیایەک فیستیڤاڵەکەی بەڕێوەنەبردووە». عومەر نەجم نموونەیەک لەسەر شێوازی بەکرێدانی کەپرەکان رووندەکاتەوەو دەڵێت، لەکەلار شوێنیان ھەبووە مەتری بەھەزارو ٥٠٠ دینار بۆ رۆژێک، یان کۆشکێکی سێ بەسێیان ھەبووە بەدوو ھەزار دینار، «بەپێی شوێن نرخەکەشی دەگۆڕێت، نرخەکان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ ١٠٠دۆلاردایەو بۆماوەی سێ بۆ شەش رۆژە، بەنسبەت خۆمەوە ئەو نرخەم پێ زۆر نییە». «شوێنی پارکی شاری یاری کەلار ئەھلییەو ستافەکەمان رێککەوتوون لەگەڵیاندا، ئێمە چەند جۆرێک کرێمان ھەیە، کرێی کۆشکەکانمان و تێچوی ئاوو کارەبا لەگەڵ ستافەکەمان و رێکلام و مارکێتین، سەر بەھیچ جیھەتێکی حکومی و کۆمپانیایەک نیین، بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی دانەمەزراوین ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکردووەو ھەلیکارمان بۆ خۆمان و گەنجی دەوروبەر درووستکردووە»، عومەر نەجم وا دەڵێت. سەرۆکی گروپێکی سەربەخۆ لەپارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت یەکێکی دیکەیە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکان و بەهاوڵاتی دەڵێت، «ئەمە دیاریدەیەکەو دروستبووەو شارەوانیش بەکتابی فەرمی و بەپێی یاسا خەمڵاندن دەکات کە ئایا کۆمپانیا یان رێکخراوێکی فەرمیی بەڕێوەی ببات؟». «پێشتر فیستیڤاڵەکان بێبەرامبەر بوو یان بڕە پارەیەک وەرگیراوەو سەرکەوتوو نەبووە، ئەم پارە زۆرەش بەداخەوە خاوەنکارو کەمدەرامەتەکان ناتوانن بەشداریبکەن». ئەو دەستڕەنگینە وای وت. ئەو خانمە ٢٥ ساڵە بەخۆبەخشی فیستیڤاڵ و پێشانگای بۆ ئەندامەکانی رێکخستووەو ناوبراویش بەکارە دەستیەکانی بەشداریکردووە، چونکە «زۆر دەمێکە تێکەڵم لەگەڵیاندا هەستیانپێدەکەم دۆخیان باش نییە لەڕووی تەندروستی و کەمدەرامەتی و کەمئەندامی، تەنانەت توانای مێزێکیشیان نییە». لەسەر بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، ئەو رایگەیاند، «بەهیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە فیستیڤاڵ بخرێتە بەردەست کۆمپانیا، چونکە هەستیان بەرامبەر هەژاران نییەو تەنیا هەوڵی گیرفانی خۆیان دەدەن و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری دەستیەوە نییە، ئەندامەکانم خەریکە واز لەکارەکانیان دەهێنن، چونکە بەردەوام زەرەر دەکەن». پەیوەست بەژمارەو ناوی کۆمپانیاکان، ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت، «بمبورە ناتوانم ناویان بهێنم، ناترسم! بەڵام حەزناکەم ناوی هیچ کەس بەرم، کۆمپانیاکان زەق و دیارن، رێکخراوەکانیش دیارن». لەسەر هەڵبژاردنی کەپرەکانیش وتی، «ژمارەکان هەڵدەدەن بەسەرمانداو بەپاڵنان و هاوار هاوار لەسەر زەویەکە هەڵمانگرتووەتەوە، حکومەتیش بۆیان ئیفتیتاح دەکات و دەستخۆشیان لێدەکات». ناوبراو چەند نهێنیەک دەدرکێنێت کەچۆن فیستیڤاڵێک دەکرێتەوەو ئاشکرایکرد، بۆکردنەوەی فیستیڤاڵێک شارەوانی ٦٠٠ هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار وەردەگرێت، «شارەوانی ئەو خەمڵاندنە دەکات، ئەویش یەک مانگ دەتبەن و دەتھێنن، جاری واش ھەیە کتابەکەت ون دەبێت یان دەچێتە بەریدەوە، بۆ بەستنی کارەباش کارەباچیەکانی پارکی باخی گشتی سلێمانی ١٠٠دۆلار دەسەنن، ٤٠ دوکانیان بەملیۆنێک بۆ بەستووم، ئەو پارەی وەریدەگرن بۆ سودی باخەکەیە، بەڵام ھەر زیانێک بگەیەندرێت بەباخەکە سزاکەی زیندانیشی تێدەکەوێت». ئەو خانمە دەستڕەنگینە زیانێکی گەورەی ئەو فیستیڤاڵانە باسدەکات و دەڵێت، «لەھەولێر لەگەڵ خاتونێکدا بەشداریمانکرد بۆ سێ رۆژ ٥٠٠دۆلارماندا بۆ کاری دەستی، ھەبووە ٨٠٠دۆلاری داوە، یەک چێشتخانە بەشداریکردبوو بەنیو دەفتەر دۆلارو یەک قازانجیشی نەکردووەو ھەمووی کرد بەخێر. ئەو فیستیڤاڵەی بەشداریمانکرد مەسرور بارزانی کردبوویەوە لەپارکی شانەدەر». هاوڵاتی لەبەدواداچوونەکانیدا نرخی بەکرێدانی کۆشکی فیستیڤاڵەکانی بۆ دەرکەوتووە، کە کەپرێک بۆ پێشانگایەکی ئاسایی (ڤی.ئای.پی) بە ٢٥٠ ھەزارە، بۆ کارە دەستیەکانیش بە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینارە. هەروەها فیستیڤاڵەکانیش دوو جۆرە، فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، فیستیڤاڵە ناوخۆییەکان کرێی کەپرەکانیان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ زیاتر لە نیو دەفتەردایە، فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش شەوی بەکرێگرتنی هوتێلێکی بەرپرسێک بەدەیان دەفتەر دۆلار بووە. خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکان گلەیی لەوەدەکەن کەڕۆژێکیان بەسەرهێنراوە کەسێکی دیکە دەهێننە شوێنیان و دەیانکەن بەخاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکانیان، قەیسەر رەحمان، خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنارو خۆراکی گیاییە لەهەڵەبجە، لەوبارەیەوە تایبەت بۆ هاوڵاتی قسەیکردووەو دەڵێت، «لەساڵی ٢٠١٢ لەتۆڕی رێکخراوەکان ھەستمکرد دوای ساڵێک کارکردن لەوێ حزب دەستیگرتووە بەسەریدا، چونکە ھەڵبژاردنەکانیان بەشێوەی حزبی بوون ھەر ساڵەو بۆ لایەنێک بوو بێ لایەنەکانیش مافیان دەخورا، دواتر ھاتینەدەرەوە لەو تۆرە». دەشڵێت: «ئێستا کشتوکاڵی ھەڵەبجە کەسێکیان دروستکردووە وەکو فکرەی فیستیڤاڵی ھەنار، منیش بەزیاتر لەسێ بەڵگە سەلماندووەمە کەخاوەن فکرەکە قەیسەر رەحمانە». سەبارەت بەچۆنیەتی بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار، قەیسەر رەحمان ئاشکرایکرد، «لەکۆبونەوەیەکدا داوای فکرە دەکرا، پاشان یەک مانگ گەڕانمکرد کەھەڵەبجە بەچی دەوڵەمەندە؟ پاوەرپۆینتێکی ٢٢ سڵایدیم دروستکردو بیرۆکەکەم پێشنیارکرد، یەک ساڵ فیستیڤاڵەکەمان کرد ئەویش ساڵی ٢٠١٥ بوو، دواتر رێکخراوی (نوێی ئێمە) لەتۆڕی رێکخراوەکان دەرچوو، ئەنجام لەساڵی ٢٠٢١ درا بەکۆمپانیاکان، گەندەڵیەکی گەورە ھەیە لەوەی کەناھێڵن بزانرێت کۆمپانیاو داھاتەکە چەندەو کێیە؟». «بۆنهی میللی و فیستیڤاڵ و كولتوری كۆمهڵگایهك لهجیهاندا بهپاره نهفرۆشرا، بهڵام لهههڵهبجه فرۆشرا!»، خاوەن بیرۆکەی هەنار وادەڵێت. بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان، فیستیڤاڵی ھەنار ئەمساڵ نزیکەی ١٩ ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لەکەپرەکان لەو گوژمەیە کۆشکی پێ دروستنەکراوە. حەسەن فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری لەپارێزگای دهۆک لەسەر دیاردەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەئەو فیستیڤاڵانەی ئەوان رێکیدەخەن نەیانداوە بەکۆمپانیا، بەڵکو وەکو حکومەت سازیدەکەن و بودجەی بۆ دابیندەکرێت، «یەک کەپریشمان بەکرێ نەداوەو نەشمانداوە بەکۆمپانیا، تەنانەت شوێنەکانیش، تەحەدا دەکەین ئەگەر کارێکی لەو جۆرەمان کردبێت». لەبارەی تێچوی فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیش، حەسەن فەتاح ئاشکرایکرد، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کە لەدهۆک کرا ٣٥ وڵات بەشداربوون، ھەشت رۆژ بەردەوام بوو، تێچووەکەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دینار بوو، بەڵام فیستیڤاڵی لۆکاڵی ١٥ ملیۆنە». بەگوێرەی داتایەکی نافەرمی کەهاوڵاتی لەبەدواداچونەکانیدا دەستیکەوتووە، لەهەرێمی کوردستان پێنج بۆ ١٠ کۆمپانیا فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان بەڕێوەدەبات، کە تیایدا کۆمپانیای عێراقیش بوونی هەیە، بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان بەجۆرێکە کەچەند کۆمپانیایەک ناو تۆماردەکەن و دواتر بەتیروپشک دەردەچن و دەبن بەڕێکخەری فیستیڤاڵەکان. چەندین رێکخراو پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەی لەفەرمانگەکانی حکومەت و چالاکییەکاندا دەکرێت، رێکخراوی هەڵوێستیش یەکێکە لەو رێکخراوانە لەهەڵەبجەو بەڕێوەبەری پڕۆژەکانیشی سەروەت محەمەدەو لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «بۆ فیستیڤاڵی ھەنار نزیکە ٤٥ ملیۆن داواکرابوو، حکومەت نەیتوانی دابینیبکات و نزیکەی ١٩ ملیۆنی دابینکرد، هەروەها لەفیستیڤاڵی ھەنار سێ کۆمپانیا تیروپشکی بۆ کراو یەکێکیان دەرچوو». لەسەر ئەوەی ئایا کۆمپانیاکان سەر بەلایەنێکی حزبین؟ نابراو نەیشاردەوەو ئاشکرایکرد، «بەدڵنیاییەوە وەهایە کەدەستی بۆ پرسێکی لەوشێوەیە بردووە، چونکە لەبازاڕی نیشتیمانیدا مامەڵە بەدینار دەکرێت، ھەر خاوەنکارێک چوبێتە ژێر باریەوە ھەم بەلاڕێدابردنی فیستیڤاڵ و کەیسەکەیەو ھەم بەکارھێنانی خاوەن کارەکەیە بەداخەوە، ئەگەر ھەرشتێک کرا بەدۆلار دەچێتە چوارچێوەی بەکارھێنانەوە». «سەبارەت بەوەی کەحکومەت نایەوێت پارەیەکی زۆر بۆ ئەم فیستیڤاڵانە خەرجبکات، دوو ھۆکار ھەیە، حکومەت نایەوێت خۆی بخاتە نێو گێژاوی پارەدان، دووەمیش ئەو کۆمپانیایانەی دەست بۆ ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبەن؛ کۆمپانیایەکن ھەم لەڕووی حزبی و ھەم حکومی دەستیان دەڕوات و دواجار دەبنەوە خاوەن کەیسەکە». سەروەت محەمەد وا دەڵێت. لەسەر فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش دەڵێت، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەس مانەوەی کۆمەڵێک لەبەرپرسەکان لە١٥ بۆ ٢٠ دەفتەر زیاترە، نادادپەروەرییەکی زۆر بەڕووی فیستیڤاڵەکانەوە دەبینرێت». لەبارەی ئەوەی بۆچی حکومەت فیستیڤاڵەکان دەدات بەکۆمپانیاکان؟ هێمن خۆفیا، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆربەی سێکتەرەکان لەلایەن کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، ئەگەر بمانەوێت لەقۆناغێکی پێشکەوتوودابین دەبێت وابیربکەینەوە کەحکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکاری یەکترین». دەشڵێت، «لەو ڤێستیڤاڵانەی پێشتر کراوە لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەهەمامەنگی و چاودێری دەستەی گەشتوگوزار ئەنجامدراون، چەندین ئامانجی گرنگیان پێکاوە». «هەر کۆمپانیاو لایەن و کەسایەتییەک دەیەوێت فێستیڤاڵی بازاڕو چالاکی گەشتیاری ئەنجامبدات، وەک دەستەی گەشتوگوزار هەردەم هاوکارو هەماهەنگ دەبین»، هێمن خۆفیا وا دەڵێت. لێپرسراوی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر کۆمپانیاکان زیاتری روونکردەوەو ئاماژەی بەوەشدا، هیچ کۆمپانیایەک دەستنیشاننەکراوە بۆئەوەی فێسیڤاڵێک بەڕێوەببات، «دەرگامان واڵایە بۆهەر کۆمپانیاو لایەنێک کە بییەوێت خزمەت بەبواری گەشتوگوزار بکات، ئەو پێشانگایانەی تائێستا کراون زۆربەیان لەلایەن کۆمپانیاکان ئەنجامدراوون». باسی لەوەشکرد، لەلایەن حکومەتەوە پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرجنەکراوە، بەڵکو «کۆمپانیاکان دەستپێشخەربوون و تەواوی تێچوو داهاتی هەرچەند بووبێت بۆخۆیان بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ گەشتوگوزار». لای خۆشیەوە، ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «هەوڵدەدەم هاوکاریت بکەم، بەدواداچوونێکە منیش دەبێت کاری لەسەر بکەم، رەنگە هەموو شت لای من نەبێت». هاوڵاتی پاش ناردنی نامە لەسەر ئاراستەی بابەتەکەمان و چەندینجار پەیوەندیکردن بەڕێکخەری فیستیڤاڵی پێشانگای کتێب لەسلێمانی، کەکۆمپانیای (اتڵس اصیل)ە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیەکەو نامەکەی نەدایەوە.
عەمار عەزیز كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك لەلیواری مەرگدان،ئەوەش بەهۆی پشتگۆیخستنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كێشەی ستاف و شوێن دیارترین كێشەن كەدەیان ساڵە رووبەڕووی كتێبخانەكانی پارێزگای دهۆك بووەتەوە، هیچ ئاسۆیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دیارنیە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لەساڵی 2023دا لەسنوری پارێزگای دهۆك 900 پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراون . كتێبخانەی ئاكرێ لەساڵی 1963 دروستكراوە یەكێكە لەكۆنترین كتێبخانە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كەشوێنی دانانی كتێب نەماوە، هاوكات كتێبخانەی ئامێدیش بەهەمانشێوە بەبێ پاسەوانە، هەروەها كتێبخانەكانی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستاف ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە . عەبدولقەهار ئەحمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی وت « بینای كتێبخانەكە زۆرخراپە و بەشی زۆری كتێبەكان تێكچوون ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، نزیكەی 25 هەزار كتێبمان هەیە، دەستمانكردووە بەجەردی ساڵانەو بەپێی تایبەتمەندی و زمانە جیاوازەكانی جیاكاری بۆ دەكەین، بەشی زۆری كتێبەكان مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە». عەبدولقەهار ئەحمەد دەشڵێت « بەفەرمی داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە بیانەیەكی تازەمان بۆ دروست بكەن تا لەم كێشەیە رزگاربین، ئەگەر بینایەكی تازەمان بۆدروستكرا ئەوا ئەوكات دەتوانین هەموو كتێبەكانمان لەشوێنی باش دابنێن و رێكوپێكتر دەبێت، هاوكات خوێندنكاران و كەسانی گشتی سەردانمان دەكەن». هەرچی كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدییە زیاتر لەساڵێكە بەبێ پاسەوان ماوەتەوە، هاوكات بیناكەش هی شارەوانییەو چەند جارێك داوایانكردووە بیناكە خاڵی بكەن بۆ شارەوانی . سەلمان زۆبێر، بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئامێدی بەهاوڵاتی وت: كتێبخانەی ئامێدی دوو پاسەوانی هەبوو بەڵام لەماوەی ساڵانی 2021 و 2022 هەردووكیان خانەنشین بوون، تائێستا هیچ كەسێك لەشوێنیان دانەنراوە، كێشەی گەورەتر لەمە ئەو بینایەی كەئێستا دەوامی تێدا دەكەین هی شارەوانییە ئێمە وەكو میوانین، بەفەرمی داوایان لەئێمە كردووە شوێنەكە خاڵی بكەین نازانین چی بكەین، داوامانكردوە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن بەڵام تائێستا چارەسەرنەكراوە». كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدی لەساڵی 1989وە كراوەتەوە، 12 هەزار و 200 ناونیشانی جۆراجۆری تێدایە، لەئێستادا مانگانە تەنها 75 هەزار دینار بۆ كتێبخانەكە خەرجدەكرێت ئەوەش بەشی هیچ ناكات. مەسعود خالد حەسەن، بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەکان لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: لەپارێزگای دهۆك هەشت كتێبخانەمان هەیە كەئەوانیش دهۆك ، زاخۆ، ئاكرێ، ئامێدی، شێخان، سێمێل، مانگێش و بامەڕنێ، بەڵام هەریەك لەكتێبخانەی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستافی كارو كەلوپەل كارا نین و ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە،حكومەتی هەرێم بۆ كتێبخانەكانی كارا بەتایبەت ئەوانەی پێش 2014 دامەزراون ، پێشینەی مانگانەی بۆ خەرج دەكردن ، بەڵام بۆ كتێبخانەكانی سێمێل مانگێش و بامەرنێ پێشینەیان خەرج نەكردووە چونكە ستافیان نیە». هەرێمی كوردستان بەگشتی 92 كتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەن ، 30 یان دەكەونە سنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، 26یان لەسلێمانی و هەشتیان لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەشیان لەپارێزگای هەڵەبجە، 12 لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و 10 لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن. لەپارێزگای دهۆك ساڵی 2022، 502 ژمارەی سپاردن درابوون بەنووسەران و ساڵی 2023 ژمارەی سپاردن گەیشتووەتە 556، لەم ژمارەیە 299 كتێب دوای چاپكردنیان بۆ كتێبخانەی بەدرخان لەدهۆك نێردراون، لەساڵی 2022 ئەوانەی سەردانی كتێبخانەی بەدرخانیان لەسەنتەری دهۆك كردووە حەوت هەزار و 722 كەس بوون، لەساڵی 2023 ژمارەیان گەیشتووەتە 14 هەزار و 193 كەس. «بەدواداچوونمان بۆ كێشەكانی كتێبخانەی ئاكرێ و ئامێدی كردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی خرابی ئابووری هەرێمی كوردستان كێشەكان هەروەكو خۆیان ماونەتەوەو چارەسەرنەكراون، لەناوەڕاستی ساڵی 2023و لەسەر داواكاری پارێزگاری دهۆك پلانی ستراتیجیمان بۆ دروستكردنی بینای تازە لەهەموو قەزاو ناحیەکان رادەستی پارێزگاری دهۆك كرد تاوەكو لەماوەی سێ ساڵدا بەشێك لەبیناكان دروستبكرێن « مەسعود خالد وای وت.
شەنای فاتیح لەسەر داواکاری ژووری بازرگانی هەولێر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لەلایەن هاووڵاتیانی کوردستانەوە دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ موشەکبارانکردنی شاری هەولێرو گیانلەدەستدانی (پێشڕەو دزەیی) سەرمایەداری ناوداری شارەکە. شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەم، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ١٠ موشەک چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەولێر بۆردوومان کران، لەو ژمارەیەش سیانیان بەر ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر کەوت و خۆی و منداڵێکی تەمەن یەک ساڵی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، پاش ئەم رووداوە وەک کاردانەوەیەک ژووری بازرگانی هەولێر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لەهاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ژووری بازرگانی سلێمانی بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بە ناتەندروست ناودەبات. عەبدولواحید تەها، بەڕێوبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لەدیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا نزیکەی نۆ ملیارە، دەتوانین بڵێین ساڵانە دوو ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. وتیشی:ئەم بایکۆتە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کاریگەری دەبێت، لەبازاڕەکانی هەرێمدا بۆشاییەک دروستدەبێت لەکەمبوونەوەی ئەو پێداویستیانەی کەخەڵکی پێویستیانە، پێداویستییەکانیش زیاتر کەرەستەی خۆراکی و بیناسازی و کەرەستەی خاوە بۆ ژمارەیەک کارگەو پڕۆژە لەهەرێمی کوردستاندا. هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی هەولێرەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ کامێکیان وەڵامیان نەدایەوە. نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەچاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی پەیوەندی نییە بەژوورە بازرگانییەکانەوە، بەڵکو ئەمە بڕیارێکە دەبێت حکومەت بەڕاوێژ لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان پاش هەڵسەنگاندنەکان بیدات، بەڵام هاووڵاتی خۆی دەتوانێت بڕیاری بایکۆتکردن بدات، کەکاڵاکەی نەکڕی لەناو بازاڕ دەمێنێتەوەو ئەوکات بازرگانەکەش هاوردەی ناکات. وتیشی: بەدیلی وڵاتانی سعودیەو تورکیا باش نین و کاڵاکان پێنج هێندە لەسەر هاووڵاتیان دەکەون، بۆ نموونە ئەگەر کیلۆیەک تەماتەی ئێران لەسەر هاووڵاتی ٥٠٠-١٠٠٠ دیناری عێراقی بکەوێت، لەسعودیە یان تورکیاوە بێت نزیکەی ٣٠٠٠-٥٠٠٠ هەزار دەکەوێت چونکە کرێی گواستنەوە و کاڵاکەش لەو وڵاتانە گرانترن، هەربۆیە بڕیاری بایکۆتکردن ئاسان نییە، چونکە لەم سنوورە بایکۆتکردن ببێتە بڕیار، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لەخاڵە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی هەلی کار لەدەست دەدەن. بایکۆت بریتییە لەخۆگرتنەوە یان بەکارنەهێنانی کاڵای وڵاتێکی دیاریکراو بەمەبەستی ئابوری یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئاینی. ئابووریناسێک: «ئەگەر بایکۆتکردن نەبێتە بڕیارو باج و گومرگ لەسەر کاڵای ئەو وڵاتە زیاد نەکرێت، تەنها نمایشی راگەیاندنەو هیچی تر». د.ماردین مەعسوم، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو کاڵایانەی دێنە هەرێمی کوردستانەوە جۆراوجۆرن، بەڵام ئەو کاڵایانەی کەتورکین رێژەکەیان زیاترە لەکاڵای ئێرانی، ئەگەر بەپێی داتاکان کاڵای تورکی لەساڵی ٢٠٢٣ تامانگی ئاب بەبەهای نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەوانەی لەئێرانەوە هاتوون نزیکەی شەش ملیار دینار بووە. وتیشی: ئەو کاڵایانەی لەئێرانەوە دێن رۆژانەین و زۆر بەکاردەهێندرێن گرنگترینیان خۆراکە، بەڵام ئەو کاڵایانەی لەتورکیاوە دێن فرەچەشنن و بەشێکیان بریتین لەبەروبوومی خۆراکی، زیاتر ٢٠%ی ئەو کاڵایانەی لەتورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستانەوە جلوبەرگ و مۆبیلیاتن، بۆ سەرچاوە خۆراکییەکان خەڵک زیاتر پێویستی بەکاڵای ئێرانییە، ئەگەربێتو بەراوردی نرخی کاڵای ئێرانی و تورکی بکەین، نرخی کاڵای تورکی گرانترە، بۆیە خواستی خۆراکی لەسەر کاڵای ئێرانی زۆرە. «ژووری بازرگانی هەولێرو دهۆک داوایان کردووە کاڵای ئێرانی بایکۆت بکرێت و داواکارییەو نەکراوە بەبڕیار، زیاتر بۆ راگەیاندنەکانەو نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر خەڵک بایکۆت بکات دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری تاکەکان، ئەگەریش ژوورە بازرگانەکان لەڕێی داواکارییەوە داوای بکەن، نەکریت بەبڕیاری فەرمی و باج و گومرگی لەسەر زیاد نەکرێت کەواتە بایکۆتکردنەکە تەنها نمایشی راگەیاندنەو هیچی تر.» ماردین مەعسوم وای وت. ئەو ئابووریناسە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بۆچوونە سیاسیانەیە، تەنانەت لەبایکۆتکردنەکەشدا رەنگیداوەتەوە وەک چۆن دوو دەسەڵاتی حزبیمان هەیە بایکۆتەکەش حزبییە، کاتێک کەکۆمەڵکوژی عەفرین چەندین جار بۆردومانکردنی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئایا ژووری بازرگانی هەولێرو دهۆک و سلێمانی داوایان کردووە بایکۆتی کاڵای تورکی بکرێت؟ یان خەڵک خۆی بایکۆتیان کردووە؟ بۆیە هەر شوێنەو ئینتیمای بۆ شوێنێک هەیە لەسلێمانی ئینتیماکە بۆ ئێران زیاترەو لەهەولێر ئینتیماکە بۆ تورکیا زیاترە. سەبارەت بەهەرێمی کوردستان ماردین مەعسوم وتی: بایکۆتی رەها لەم قۆناغەدا بەتەواوی زیان بەهەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە بەرهەمی ناوخۆمان هێندە زۆر نییە تابتوانین پێداویستییەکانمان لەجلوبەرگ و خۆراک و شمەک و خزمەتگوزاری پڕبکەینەوە، بۆیە ناچار لەوڵاتانی دراوسێوە دەیهێنین، ناشتوانین لەوڵاتانی دوورترەوە بیهێنین چونکە تێچووەکەی زیاتردەبێت، واتە: بەدیلی کاڵای تورکی و ئێرانی هەیە، بەڵام بەو نرخەو بەئاسانی دەست هاووڵاتیان ناکەوێت. سەبارەت بەچارەسەرەکان ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەهەرێمی کوردستان دەتوانێت بایکۆتی کاڵای ئێرانی یان تورکی بکات، بەڵام پێویستی بەپڕۆسەیەکی درێژخایەنە پێویستە بەروبوومی ناوخۆ زیاتربکرێت و هانی کارگە بچووک و گەورەکان بدرێت بۆ دروستکردنی بەروبوومی ناوخۆ، واتە: یەکەم: بەروبوونی ناوخۆ زیادبکرێت، دووەم: پیشەسازیەکان بەهێزبکرێن، سێیەم: ئەو کاڵایانەی لەئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێن لەکوردستاندا بەرهەم بهێندرێن. هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش دەروازەی سنووری سەرەکییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوانیش دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لەپارێزگای هەولێر، دەروازەی سنووری باشماخ- پەروێزخان- کێلێ لەپارێزگای سلێمانی، دەروازەی سنووری پشتەو شۆشمێ لەپارێزگای هەڵەبجە کەڕۆژانە کەلوپەل و پێداویستی هاووڵاتیانی لێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هاوڵاتی رۆژی ٢٤ی کانوونی دووهەم ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەرەو تورکیا بەڕێکەوت و سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاو ژمارەیەک لەبەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پێش سەفەرەکەی بۆ تورکیا، لەفڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بەمیدیاکانی راگەیاند:» ئەم سەفەرە لەسەر داوای سەرۆککۆماری تورکیاو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی دوو وڵات و هەروەها گفتوگۆکردن بۆ پەرەپێدان بەپەیوەندییە دوولایەنەکانیان و پرسە ئابوورییەکان، رێکخراوە. رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا وتی: پرسی گرنگی ناوچەکە کەموسڵمانەکان و مرۆڤە بەئاگاکانی لەهەموو دونیا نیگەران کردووە، پرسی فەلەستینەو ئێران و تورکیا وەک یەک بیردەکەنەوە لەسەر پشتیوانیکردن لەفەلەستین و بەرگرییەکەیان. هەوڵدراوە بەوەی بۆمبارانەکان رابگیردرێت، بەڵام بەهۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا لەڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوام دەبینین کەژن و مناڵی فەلەستین دەبن بەقوربانی. رەئیسی هەروەها وتی:» بەستینەکان بۆ پەیوەندی ئێران و تورکیا لەبارەو وەک دوو وڵاتی دراوسێ، هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا وەک وڵاتێکی ئیسلامی دراوسێ هەبێت و پەرە بەپەیوەندییەکانمان دەدەین. سەرۆككۆماری ئێران و توركیا لەئەنكەرە كۆبوونەوەوەو رێككەوتنێكی 10 خاڵیان لەبوارە جیاوازەكانی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی و رۆشنبیری واژۆ كرد. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاری بڕیارەكانیان رایگەیاند «هەردوو وڵات چەند بڕیارێكی گرنگیان لەبارەی رووبەڕووبونەوەی تیرۆریزمداوە». ئامانجی سەفەرەکە کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی وڵات تووشی کێشەی قووڵی ئابوورییەو لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتە کەم و زۆر بوونی هەیە. مانگرتنی مامۆستایان، کرێکاران و خانەنشینکراوەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەپەرەسەندندایە. بەهای تمەن بەرامبەر بەدراوەکانی تر رۆژ لەگەڵ رۆژ لەدابەزینە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئەم دۆخە ئامادەبوو لەگەڵ تورکیا لەسەر مێز دابنیشێت. ئەمە جگە لەوەی هەردوو وڵات سەرەڕای کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر هەرکات باسی پرسی کورد هاتووە، هاوپەیمان و کۆک بوون. هەر لەپەیمانی سەعدئابادەوە لەساڵی ١٩٣٧ تائێستاکە تورکیاو ئێران ئەوەیان خستۆتەڕوو سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان یەکجۆر روانینیان هەیە بۆ پرسی کوردو هەردوو وڵات کوردو بزووتنەوەکەی بەتیرۆریست ناودەبەن. بەڵام لەم دیدارەدا پرسی سەرەکی بۆ لایەنی ئێرانی وەک چۆن ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسیکردبوو، پرسی ئابووری بوو. هەر لەم بوارەدا بەپێی وتەی «حوجەتوڵڵا عەبدولمەلەکی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران، تاران پێشنیاری سەرمایەگوزاری ٢٠ میلیار یۆرۆی ئامادە کردووە بیخاتە بەردەم تورکیا. بەڵام میدیا تورکییەکان پرسێکی تریان زەق کردووەتەوە. بەپێی وتەی میدیا تورکییەکان وەستانەوە بەرامبەر بەکوردو بزووتنەوەی کوردستان پرسی سەرەکی باسەکەیان بووەو میدیا تورکییەکان باسکردن لەپرسی کوردیان وەک پرسی تیرۆریزم ناوبردووە. تورکیا لەچەندمانگی رابردوودا بەردەوام بووە لەهێرشکردن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پ.ک.ک لەباشووری کوردستان، بەڵام جگە لەوەی نەیانتوانیوە بەوتەی خۆیان پ.ک.ک لەناوببەن، چەندجار لەلایەن گەریلاوە هێرش کراوەتەسەریان و لەنزیک بەدوو مانگی رابردوودا دەیان سەربازیان لەباشووری کوردستان بەدەستی گەریلا کوژراون. ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی تورکیا لێکەوتووەتەوە. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە دەستەودامانی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئێران بووە بەوەی بەهاوکاری ئێران بتوانێت دژی پ.ک.ک بوەستێتەوە. ئێرانیش بەهەمانشێوە پرسی کورد وەک پرسێکی تیرۆریستی دەبینێت. لایەنی ئێرانی لەقسەکانیاندا جەخت لەسەر ئەم کێشە هاوبەشەی دوو وڵات دەکەنەوە، بەڵام لایان وایە پەیوەندی دوو وڵات بەرفراوانتر لەم بابەتەیە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەپەیوەند لەگەڵ هاوکاری ئێران و تورکیادا وتی :» پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیا بەتەواوەتی روون و ئاشکرایە. دوو وڵات لەبواری جیاوازدا پەیوەندی نزیکیان هەیەو هەوڵدەدەین ئەم پەیوەندییە پەرە پێبدەین». دوو وڵاتی تورکیاو ئێران سەرەڕای ئەوەی کەپەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵێک کێشەش لەنێوانیاندا هەیە کەچارەسەر نەکراوە. ئەو راگەیاندنەی کەدوای ئەم دیدارە بڵاوکرایەوە دەرخەری کەڵەکەبوونی ئەم رسانەیە. هەروەها یادداشتێکی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدەماودەمی سەفەرەکەدا لەڕۆژنامەی « میللیەت»ی تورکیا چاپ بوو کەدەرخەری ئەو کێشانەیە کەپێویستە چارەسەربکرێن. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەژمارەیەکی زۆر لەو کێشانە کرد کە لەنێوان دوو وڵاتدا بوونی هەیەو پێویستە بڕیاری لەسەربدرێت. ئەو پرسانە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، هەر لەباری کەلتووری و سنووری و سەربازییەوە بگرە تا دەگاتە پرسی ئابووری. وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو وڵات کردووەو جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەئێستادا یەکێکە لەسەرەکیترین دابینەکەرانی غازی سروشتی تورکیاو هێڵی بۆری غازی نێوان دوو وڵات لەساڵی ٢٠٠١ەوە یەکێکە لەڕەمزە گرنگەکانی هاوکاری بەردەوامی ئابووری نێوان دوو وڵات. بەڵام بەوردبوونەوە لەئاستی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ تۆرکیا، ئەوە دەکەوێتە روو، ئەوەی ئێران بەگرنگی دەزانێت بەلای تورکیاوە وەک ساڵانی زووتر گرنگ نەماوەو فرۆشتنی گازی ئیران بۆ تورکیا لەساڵی رابردوودا ٥٠ لەسەد کەمی کردووە. هەر ئەم جیاوازی ژمارەو وتانە، بەشێک لەکێشەکانی نێوان دوو وڵات دەخاتەڕوو. سەرەنجام سەفەرەکە کرا تورکیاو ئێران وەک دوو وڵاتی دراوسێ کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو کۆمەڵێک پرسی هاوبەش هەیە کەکۆیان دەکاتەوە. لەساڵی رابردوودا چەندجار لەمیدیاکانی دوو وڵات باس لەوەکرا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی کردووە سەردانی تورکیا بکات. بەڵام ئەو سەفەرە هیچکات رووینەدا. دوایین جار کەسەفەری بەرنامە بۆداڕێژراوی رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشایەوە، رۆژی ٤ی کانوونی یەکەم بوو، کە بەهۆی تەقینەوەکانی کرمان کەزیاتر لە ٩٠ کەس تێیدا کوژراو زیاتر لە ٢٠٠ کەس برینداربوون، سەفەرەکە هەڵوەشایەوە. بەڵام بۆ جارەکانی تر نەزانراوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا چی بووە. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا لەمانگی تشرینی دووهەم وتبووی، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەفەرەی رەئیسی بۆ تورکیا ئەوە بووە کەوەزیری دەرەوەی دوو وڵات لەو کاتەدا لەئەمریکا بوون. بەڵام ئەم وتەیەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەڵامێکی گونجاو نەبووە بەلای شارەزایانی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە. لەبەرئەوەی لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بەدرێژایی ئەو هەفتەیەی بەرنامەی سەفەرەکەی رەئیسی بۆ چنرابوو لەدەرەوەی تورکیا بوو، لەبەرئەوەی دەیانتوانی سەفەرەکە لەکاتێکی تردا دابنێن. هەربۆیە شارەزایانی بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی و بەتایبەت سیاسەتی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئەو سەفەرەی رەئیسی لەو سەردەمەدا نەکراوە. لایەنە ئێرانییەکان لایان وابوو سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشاوەتەوە لەبەرئەوەی تورکیا پەیوەندی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش پێچەوانەی داواکاری خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بوو کەداوای لەوڵاتانی ئیسلامی کردبوو پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. بەڵام میدیا تورکییەکان جۆرێکی تر بۆ بابەتەکەیان دەڕوانی. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی لەو کاتەدا بۆ تورکیا بۆ جیاوازی روانینی دوو وڵات دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی وەستانەوە دژی تیرۆریزم لەناوچەکە. میدیا تورکییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئێران لەم بارەوە وەڵامی داواکارییەکانی تورکیا ناداتەوە. بێگومان مەبەستی میدیا تورکییەکان لەوشەی تیرۆریزم، کوردو پرسی کوردە لەباکوورو رۆژئاوای کوردستان. تورکیا بەتایبەت هەوڵدەدات لەڕۆژئاوای کوردستان ئێران بکات بەهاوهەڵوێستی خۆی و بەهۆی پەیوەندی نزیکی ئێران و ئەسەد، هەوڵبدات دەسەڵاتی ئەسەد ناچاربکات و هانی بدات دژ بەڕۆژئاوای کوردستان بوەستێتەوەو هێرشی سەربازی بکاتە سەر رۆژئاوا. لە ئێستادا تورکیا هەموو هەوڵی خۆی ئەدات ئەزموونی رۆژئاوا لەبار ببات و لەهەمانکاتدا بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر پ.ک.ک لەباشووری کوردستان. کێ بوو مەبەستی فاڵەکەی رەئیسی؟ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەبەشێک لەسەفەرەکەی خۆیدا لەدیوانێکی کۆنی حافز فاڵێکی گرتەوەو دێڕێک لەشیعرێکی حافزی خوێندەوە. زۆر کەس لایان وایە خوێندنەوەی ئەو شیعرەو ئاماژەکانی دوو وڵات دەرخەری کێشەو جیاوازییەکانی نێوان دوو وڵاتە. لەو دێڕە شیعرەی حافزدا کە رەئیسی خوێندییەوە ئەمە نووسراوە :» خوش باش کە ظالم نبرد راە بە منزل» واتە « گەشبین بە زاڵم بە مەنزڵ ناگات». ئەردۆغان بەئاماژەی قامکی ئیبراهیم رەئیسی کرد وەک بەردەنگی ئەو دێڕە شیعرە ناوبرد کە لەفاڵەکەدا دەرهاتبوو. بەڵام رەئیسی وای دەڕوانی مەبەستی ئەو لە «زاڵم» ئیسرائیلە. ئایا پرسی کورد دوو وڵات دەباتەوە سەر مێز؟ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەهەر شتێکدا پێکەوە ناکۆک بووبێتن لەسەر پرسی کوردو وەستانەوە دژی ئەزموونی کورد لەهەر پارچەیەک هاودەنگ و کۆک بوون و هەن. دەربارەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان رەنگە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لەئێستادا روانینی جیاوازیان هەبێت بەرامبەری، بەڵام سەرەنجام هەردوو وڵات سەقامگیری ئەو ناوچەیە و دروستبوونی هەرێمێکی ئارام و سەقامگیر لەبەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. لەپەیوەند لەگەڵ باشووری کوردستانیش بەهەمانشێوە. بەشێکی گەورەی ئامانجی ئەم سەفەرە کە رەنگە کەمتریش هاتبێتە ناو میدیاوە لەوەی باسی کراوە باسکردنی پلان و بەرنامەکانیانە دژی هەر ئەزموونێکی کوردی. هیوا ئەحمەد لەڕاپۆرتێکدا لە ANFNEWS لەپەیوەند لەگەڵ سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا نووسیویەتی :» بەچالاكییەكانی گەریلاكان لەبەرەكانی شەڕو بەرخۆدان ئەردۆغان و حكومەتەكەی لەژێر زەخت و گوشاری زۆردایە، بۆیە لەلایەك پەنای بۆ رژێمی ئێران و دەوڵەتی ئێران بردووەو لەلایەك راستەوخۆ لەگەڵ ئیستخباراتی سوریا و گروپە چەتەكان لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی هەسەدە ئاژاوەگێڕی و فیتنە دەنێتەوە و لەلایەكی تر هەموو شتێكی توركیای خستووەتە گرەوو مەزادەوە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی سیاسی، سەربازی، ئابوری بۆ لەناوبردنی گەلی كوردو بزوتنەوەی ئازادی كوردستان، وەك ئەوەی لەقبوڵكردنی وڵاتانی سویدو نەرویج بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە بینرا». هیوا ئەحمەد لای وایە ئامانجی سەرەکی بانگهێشتکردنی رەئیسی لەلایەن تورکیاوە ئەوەیە ئەردۆغان دەیەوێت بەو فێڵ و پێشنیارە، رژێمی ئێران رووبەڕووی بزوتنەوەی گشتی ئازادی گەلی كوردستان «پەكەكە»و گەلی كورد بكاتەوە. بێگومان ئەگەر رژێمی ئێران بكەوێتە داوی پیلانەكانی دەوڵەتی توركەوە ئەوا بەدەستی خۆی گیرۆدەی ئاگرەكە دەكات. رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد:» ئێران ئاسایش و ئەمنییەتی تورکیا بەئاسایش و ئەمنیەتی خۆی دەزانێت و نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەم ئاسایشە بکەوێتە مەترسییەوە» ئەمەش بەو مانایە ئێران رازی بووە هاوکاری تورکیا بکات بۆ وەستانەوە دژی پ.ک.ک. بەڵام میدیا تورکییەکان بەگومانەوە لەقسەکانی رەئیسی دەڕوانن و ئەوان پ.ک.ک بەهاوپەیمانی ئێران دەزانن و لایان وایە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. تورکیاو میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن هێزەکانی پ.ک.ک لەناوچەی سەوزو لەسلێمانی چالاکی بەردەوامیان هەیەو بەردەوام لەهاتووچۆدان. لەهەمانکاتدا لایان وایە ئێران لەم ناوچەیە دەستی دەڕوات. چاوەڕوانی ئەوەیان لەئێران بووەو هەیە هەموو رێگایەک بگرێتەبەر بەوە بەر بەچالاکییەکانی پ.ک.ک بگرێت لەم ناوچەیە. پرسی فەلەستین رەئیسی پێش سەفەرەکەی جەختی لەوە کردەوە سەفەری بۆ تورکیا، سەفەرە بۆ وڵاتێکی دراوسێی موسوڵمان بۆ ئەوەی لەئێستادا هاودەنگ بین لەمەڕ پرسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو وەک خۆی دەڵێت، پشتیوانی لەخەڵکی فەلەستین. تورکیا زۆر جار لەمیدیاکانەوە هەڵوێست دەگرن دژی ئیسرائیل. بەڵام بەئێستاشەوە پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بەشێکی زۆری نەوتی ئیسرائیل لەڕێگای تورکیاوە دابین دەکرێت. تورکیا لایەنگری پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینە هاوشان لەگەڵ ئەوەی کەئیسرائیل بوونی هەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمی نەمانی ئیسرائیلی هەیەو تەنها بە نەمانی ئیسرائیل رازییە. پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسی لەوە کرد ئامانجی سەرەکی ئەم سەفەرەی پرسی ئابوورییە. ئەو وتبووی :» ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی نێوان دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار، کە بەهۆی تواناکانی دوو وڵاتەوە ئامانجێکە دەتوانین پێی بگەین». لەئەنقەرەو لەدانیشتنی هاوبەشی چالاکانی ئابووری دوو وڵاتیشدا وتی :» ئەم بڕیارە کەپەرە بەبازرگانی و پەیوەندی نێوان دوو وڵات بدەین لەبەڵگەنامەو رێککەوتننامەکانی ئەمڕۆی نێوان دوو وڵاتدا باسی لێوەکراوە». رەئیسی تەنانەت زیاتر لەمەشی باسکردو بەئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی قسەکانی خۆی هێنایە باس و وتی :» پەیامی ئامادەیی بەرپرسانی دوو وڵات لەم کۆبوونەوەیەدا دەرخەری ویستی ئێران و تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی کاری جیهادی و هەنگاوی جیددی هەڵگرتن بەمەبەستی چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم گەشەی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان بەتایبەت لەبواری ئابووری و بازرگانیدا». لەبەرامبەردا ئەردۆغانیش لەکۆبوونەوەیەکدا کە ٤٠٠ کەس لەبازرگان و چالاکانی ئابووری ئێران و تورکیا تێیدا ئامادە بوون وتی :» بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دژی گەمارۆ یەک لایەنەکانین دژی ئێران. هیچکات پەیوەندی ئابووری و بازرگانی خۆمان لەگەڵ ئێران بەهۆکاری گەمارۆکان نەپچڕاندووەو لەمەو بەدواش بەردەوام دەبین. سوورین لەسەر ئەوەی ئاستی بازرگانی دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار». تورکیاو ئێران هەوڵیان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەساڵی ٢٠١٢ زیاتر پەرە پێبدەن. لەو ساڵەدا بازرگانی دوو وڵات گەیشتە ٢٢ ملیار دۆلار. بەڵام دواتر بەهۆی گەمارۆکانەوە ئاستی بازرگانی تورکیاو ئێران دابەزی بۆ کەمتر لە ١٥ ملیار دۆلار. هەردوو ولآت بیانووی ئەوەیان هەیە کەکرۆنا کاریگەری بووە لەسەر دابەزینی ئاستی بازرگانی دوو وڵات. بەڵام ئەم دابەزینە تەنها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا نەبووە.
هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی مووچە هاتووە، "ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت." ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا لهبارهی كۆبونهوهی ئهمڕۆ چوارشەممەی رایگهیاند، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە بودجە و موچە و تێچوی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا . ئهوهشخراوهتهڕو، ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردوە و پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵی کردوە بە ئاڕاستەی لابردنی هەمو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بودجە، لەپێش هەمویشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجیى موچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕبونی 17 رۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشەبودجە و موچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت دەقی راگەیێندراوەکە: ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، تیشکمان خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15 تا 19ی ئەم مانگە. ئاماژەمان بەوە دا کە کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لە سەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بۆ یەکەم جاریش ئەمساڵ لە داڤۆس، ( ماڵی کوردستان )مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری زیاتر. دووپاتیشمان کردەوە کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم، جەختیشمان کردەوە کە هاوسۆزییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بە تایبەتی کە هێرشی ناڕەوا و بێ پاساو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان. دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پێشڕەوی دزەیی و هەموو شەهیدانی دیکە کرد کە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان. لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە ومووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد کە لەلایەن بەڕێز کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو. ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە، لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجی مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێویی دروست کردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێكکەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی ئەم بابەتە بکرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێکراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینی چاودێری دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە. بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار خرایەڕوو، کە تێیدا کێشە وگرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانەڕوو بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماستەرپلان لە چوارچێوەی نەخشەی پەسەندکراو کە گرنگیەکی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەکی درێژخایان بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابووریی و ژینگەیی وکۆمەڵایەتیەکان و دوور لە بەکارهێنانی نادروستی زەوی گشتیی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی وگەشەسەندنی هەڕەمەکی و بێ پلانیی سێکتەرەکان. وێڕای ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی دارايی تێدەپەرێت ، بەلام بە هۆی کاریگەری ماستهرپلان وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و ڕێكخستنی تهواوی سێكتهره خزمهتگوزارییهكانی شار و ڕێكخستنهوهی بەكارهێنانی زهوی و ئاراستهی فراوانبوون و بووژاندنهوهی شار ، هەروەها بابهتهکە كاریگهری لهسهر ئهرك و ئهدای وهزارهتی شارەوانی و گەشتوگوزار ههیه و ئهو پڕۆژانهی كه گرێبهستیان لهسهر ئهنجامدراوه به ڕاگیراوی ماونهتهوه بارگرانی له ههموو ڕوویهكهوه لهسهر حكومهت دروست كردووه. بۆیە لە دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاریی پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە گوێرەی تایبەتمەندیی و توانای دارایی بەردەست ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکان بگیرێنەبەر. لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەمان، ڕەشنووسی کۆتایی ( ڕێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ) خرایەڕوو کە لە لایەن لیژنەیەکی وەزاریی هاوبەش ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانەکرابوو کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو. . ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەکەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانیە لە هەرێم بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستیی نێوان خاوەنکار و کرێکاریی بیانی و کۆمپانیای هێنەری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەکانی هەمووان ئاشکرا بێت و لە کاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، و لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بنەماکانی پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی لەخۆگرتووە و پێدانی هەلی کار بە کرێکاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت کە کرێکاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان بەشێکی گرنگی ڕێنماییەکە پێک دەهێنێت.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق/ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی سلێمانی بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەستپێدەکات. لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق/ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی سلێمانی ڕایگەیاند "پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بەڕووی دەنگدەران واڵادەکرێت و تیایدا لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰٦ و هەموو ئەو دەنگدەرانەی کە پێشتر خۆیان تۆمارنەکردووە بەشێوەی بایۆمتری دەگرێتەوە". ئاماژە بەوەشکراوە "پڕۆسەکە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠ی شوبات بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بەردەوام دەبێت، ئارەزوومەندانی پڕۆسەکە دەتوانن سەردانی یەکێک لە ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنیان و دروستکردنی کارتی دەنگدانی بایۆمتری بۆیان". پێداویستییەکانی پڕۆسەکە: ١- کارتی نیشتیمانی یان ناسنامەی باری (شارستانی و ڕەگەزنامە). ٢- فۆڕمی خۆراک. ٣- بەڵگەنامەی نیشتەجێبون.
هاوڵاتی . بەهۆی پێنەدانی مووچەی چوار مانگەوە لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژ و هەمیشەییەوە زیاتر لە چوار مانگە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامی هەیە. هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەر یەک لە دادگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و کارمەندانی تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین چەند فەرمانگەیەکی دیکەش بەهۆی نەبوونی مووچەوە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و تادێت بازنەی بایکۆت و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان فراونتردەبن. سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانییش دەڵێت "تاوەکو هەفتەی داهاتوو مووچە دابەشنەکرێت، ئەوا بایکۆتی دەوام دەکەین". ئێوارەی ئەمڕۆ ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند "لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت". هەرچەندە بڕیارە لە سبەینێوە دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات، بەڵام دیارنییە کە فەرمانبەران و مامۆستایان کۆتایی بە بایکۆت دەهێنن یاخود نا.
هاوڵاتی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم بیانوەکانی حکومەتی عێراقیان بڕیوە و لە سبەینێوە دوای گەیشتنی ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغداوە بێت وبە بەکارهێنانی 618 ملیار دینارەکە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا ئەوەی لە توانایاندا بێت کردویانە، هەمو بەربەستەکانیان حکومەتی بەغدایان تێپەڕاندوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەر قسەوباسێک لە بارەی کەمی پارەی پێویست بۆ موچە کراوە دورە لە راستییەوە، چاوەڕوان بن لە دوای گەیشتنی ئەو 618 ملیار دینارەی بریارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری دارایی حکومەتی هەرێم دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت. سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی تایبەت بە هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد، وەزارەتی دارایی ههموو ئامادهكارییهكی كردوه بۆ دابهشكردنی موچهو ههموو پلانهكانیش بهوشێوهیهن لە چەند ڕۆژی داهاتودا دوای خستنە سەری پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، دهست بهدابهشكردنی موچهی فهرمانبهران بكرێت، و لەنزیكترین كاتدا لیستی موچە رادەگەیەنرێت . لای خۆشیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی پابەندە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی ناتوانێت بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ نەکات. پێشی وایە، تێکەڵییەک لەنێوان بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دروستبووەو دەڵێت، ئەم شەش سەد و هەژدە ملیار دینارە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە نەک مووچە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی ناوخۆ بڕیارە ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە کە بەهۆی ناردنی پارە لە بەغدا دروست دەبێت، چونکە مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە. گهیشتنی 618 ملیارهكهی بهغدا لەکاتێکدایە، زیاتر لە50 ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتوەو چارەنوسی موچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوشیان تائێستا بهنادیاری ماوهتهوه.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەغدا پارە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت، پێویستە ئەندامانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن. کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە "هیچ مانایەکی نییە بڕیاری تەمویلکردنی مووچەی هەرێم جێبەجێ نەکرێت کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە". ئاماژەی بەوەشکردووە "هەتا رۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی حکومەتی ئیتحادی ٦١٨ ملیارەکە نەنێرێت و گرەنتی نەدات کە مانگەکانی داهاتووش دوایناخات، پێویستە پەرلەمانتارانی کورد و هەموو فراکسیۆنە کوردستانیەکان وەک فشار بایکۆتی دانیشتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن، بەمەش دەتوانین دانیشتنەکان پەکبخەین و گرفت بۆ رێژەی یاسایی دانیشتنەکان دروست بکەین".
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوێکی تەقەکردنی ڕاگەیاند کە لە گەڕەکی ئەقاری شاری سلێمانی تەقەی لە هاوڵاتییەک کرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد "هێزەکانی بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر، توانیان تۆمەتباری رووداوێکی تەقەکردن لە هاوڵاتییەک دەستگیربکەن، کە ڕووداوەکە لە گەڕەکی (ئەقاری) سلێمانی لە شەوی ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە کاتژمێر ١٢:٤٥ خولەک ڕوویداوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش چوونە شوێنی ڕووداوەکە، هاوڵاتییەک بریندارکرابوو، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ئەنجامدرا و توانرا تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە بەناوی (أ.ع .ع) دەستگیربکرێت". دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە "لەئێستادا تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ڕاگیراوە".
هاوڵاتی سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە ڕایدەگەیەنێت گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەگەیەنێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا. لە دوای هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ شاری هەولێر هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و دهۆک بایکۆتی کاڵای ئێرانیان ڕاگەیاند، لەوبارەیەوە سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای سنە بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە " ئەو ڕووداوانە لێکەوتەی باشیان بۆ بازرگانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی بازاڕی کاڵاکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نابێت". ئاماژەی بەوەشکردووە "تورکیا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزەوە کاردەکات و ئەم گرژییانەی ئەم دواییە هێندەی تر کاڵای ئێرانی لاواز دەکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەمەش ئێران بەرژوەندییەکانی لە بازاڕەکانی هەرێم لەدەستدەدات". شەوی 19ـی کانوونی دووەمی 2024، ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بە "تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێری کرد و داوای لە بازرگانان و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کرد، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانی ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن. سێ رۆژ دوای داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لە 19ـی ئەم مانگە، ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی "زۆر جێگەی داخە." ژووری بازرگانیی تاران راشیگەیاند، "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێک بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو لایەن بگەیێنێت" و داوای کرد، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کەلوپەلی ئێرانی بایکۆت نەکەن.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر یاسای بودجە لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەی بەوەشکرد هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان پابەندنابن بە یاساکانەوە. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی کێشەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق بە هاوڵاتی راگەیاند "هەردوو حکومەت مووچە و قوتی خەڵکیان کردووەتە قوربانی ململانێ سیاسییەکانی نێوان خۆیان". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو "ئەگەر یاسای بودجە لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان ئەوا شتێکی باشە، ئەوکات هەر لایەنێک پابەندنەبێت بە یاساکەوە دەتوانرێت سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە زۆرجار پابەندنەبوون بەو یاسایەوە". هەروەها روونیشیکردەوە "گرفتە کەڵەکەبووەکانی رابردوو، پابەندنەبوون بە یاسا و رێککەوتنەکان و نەبوونی متمانە کێشەی سەرەکی نێوان هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانە". لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغداوە سێکانیانی وتی "هەر خولەکە و بڕیارێک دەدرێت، بۆیە دیارنییە بەغدا کەی پارەکە دەنێرێت".