هاوڵاتی ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانە وهاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ دۆخی منداڵانی ئیشکەر کردووە لەشەقام و بازاڕەکانی هەرێمدا و منداڵپارێزی کوردستانیش دەڵێت، ئەو سزایەی دەدرێت بەسەر دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا کە کاردەکەن بڕەکەی زۆرکەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە دووبارە نەخرێنە بەر کار لەلایەن دایک و باوکیانەوە. نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری منداڵپارێزی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، "لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بەردەوام چاودێری ئەو منداڵانە دەکەن کە کاردەکەن و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە دایک و باوکی ئەو منداڵانە ئاگادار دەکرێنەوە" باسی لەوەشکرد، "بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی کاردەکەن بە پلەی یەکەم منداڵی ئاوارەکانن کە لە هەرێم نیشتەجێن بە تایبەت منداڵی پەنابەرە سورییەکان و بە پلەی دووەم منداڵی کۆچەرییەکانن (قەرەج) و کەمترین ریژەی منداڵی ئیشکەریش سەربە دانیشتوانی ناوخۆی هەرێمن هاوکات ئەو منداڵانەی کاردەکەن کچ و کوڕیشیان تێدایە". منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن کەمدەبێتەوە و بە گوێرەی نوێترین داتاکانی ئەو ڕێکخراوە ژمارەی ئەو منداڵانەی ئیشیان لەسەرکراوە و بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێم کاردەکەن بەم شێوەیە دابەشبوون: - پارێزگای سلێمانی : 443 منداڵ. - پارێزگای هەولێر: 390 منداڵ. - پارێزگای دهۆک: 414 منداڵن. وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە منداڵانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەرزترەو منداڵپارێزیش هۆکاری بەرزی ژمارەکە بۆ هەبوونی کێشەی تەکنیکی وەک دابینکردنی سەیارە و کاتەکانی کۆکردنەوەی داتاکان و نەبوونی ژمارەی پێویستی پۆلیسی نەوجەوانان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەگەڕێنێتەوە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە منداڵپارێزەوە دەستی کەوتووە زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە کاریان پێدەکرێت لە لایەن دایک و باوکیانەوە "ئیستیغلال" کراون و کاریانپێدەکرێت لە کاتێکدا خۆیان توانای کارکردنیان هەیە. هەروەها بە شێکی زۆری ئەو منداڵانەی بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێن زیاتر منداڵی ئاوارەوپەنابەرەکانن و منداڵپارێزدەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەردەوام شوێنی نیشتەجێبونیان دەگۆڕن ئاسانتر دەتوانن ئیستیغلالی منداڵەکانیان بکەن و خۆیان لە سزا و ڕێکارە یاساییەکان بدزنەوە". لە ئێستادا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە دوای دەستنیشانکردنی منداڵەکان لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە لێپێچینەوەی یاسای لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا دەکرێت و بەڵێننامەیان پێپڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەخرێنەوە سەر کار و لە کاتی پێشێلکردنی ئەمەدا دایک و باوکەکان سزای مادی دەدرێن. سەرچاوەیەکیش لە منداڵپارێزی کوردستان بە هاوڵای وت، "ئەو بڕە پارەیەکی لە دایک و باوکی منداڵەکان وەردەگیرێت بڕەکەی زۆر کەمە و یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بەڵام بەهۆی کارنەکردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کە مندال هەیە دایک و باوکی زیاتر لە جارێک بەڵێنامەیان پێپڕکراوەتەوە سزا دراون بەڵآم دووبارە خراونەتەوە سەر کارکردن". لە رۆژی جیهانی مداڵاندا، بەهۆی کەموکورتی و بێباکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبونی ڕێکار و یاسای پێویست بۆ پارێزگاری کردن لە منداڵانی ئیشکەر لە بازاڕەکان و شوێنە جیاجیاکانی هەرێمدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ کاردەکەن و مەترسی توندو تیژی سێکسییان لەسەرە و لە بەشێکی زۆری مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون.
هاوڵاتی سهرۆكى هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبە دەکات. ئەمڕۆ شەممە 1ی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "يادى 49 ساڵهى دامهزراندنى يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان به گهرمى له بهڕێزتان و مهكتهبى سياسى و سهركردايهتى و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تهواوى ئهندامان و لايهنگران و جهماوهرى يهكێتى پيرۆز دهكهم، هيواى سهركهوتن و پێشكهوتنى بهردهوامتان بۆ دهخوازم". دەشڵێت، "لهم يادهدا به ڕێزهوه دامهزرێنهرى يهكێتى، خوالێخۆشبوو سهرۆك مام جهلال و ههموو ئهو تێكۆشهرانه به بير دههێنينهوه كه لهپێناو ئازاديى كوردستان له ريزهكانى يهكێتيى نيشتمانيى كوردستاندا، خهباتيان كردووه و دهكهن. مێژووى خهبات و تێكۆشانى يهكێتى بهرز ههڵدهسهنگێنين". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ههر بهم بۆنهيهوه جهخت له ئامادهيى و رۆڵى گرنگى بهڕێزتان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان له پرۆسهى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستاندا دهكهينهوه. هيوادارين ئهم ياده ببێته هاندهرى لێكگهيشتن و تهبايى و پێكهوهييى لايهنه سياسييهكان لهپێناو پاراستنى قهوارهى فيدراڵى و مافه دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستاندا".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد سەرژمێری ئەزموونی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ماوەی 14 رۆژ بەردەوامی دەبێت. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە هاوڵاتی رایگەیاند، "دوێنی 31ی ئایاری 2024 لە 18 لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێری ئەزموونی دەستیپێکرد و ماوەی 14 رۆژ دەخایەنێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم سەرژمێری ئەزموونییە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە توانای ئەو کادرانەی کە راهێنراون و سەرژمێری ئەمجارە سەرژمێرییەکی ئەلیکترۆنییە و لە دوای تەواوبوونی ئەو 14 رۆژە پێداچوونەوەی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی هەر کەموکوڕییەک هەبێت چارەی بکەین". بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی وتی، "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 هەزار مامۆستا و لە عێراق زیاتر لە 120 هەزار مامۆستا بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی سەرژمێری دادەنرێن". وتیشی، "لە 15ی تەموز قۆناغێکی دیکەی ژمارە لێدان و گەمارۆسازی دەستپێدەکات و ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، دواتر لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕم بەسەر خێزانەکاندا بۆ سەرژمێری گشتی دەستپیدەکات".
هاوڵاتی بەمەبەستی رێگریکردن لە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ چیای گۆیژە و ئەزمەڕ ئەنجامدا. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە بەفەرمانی قائیمقامی لیژنەکان بەهاوکاری لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بەشی زیادەرۆیی لە شارەوانی و دارستان و پاوان، هەڵمەتێکیان ئەنجامدا". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لەهەڵمەتەکەدا، سەرجەم کۆشک و کەپر و دەستگێڕەکان ئاگادارکرانەوە کە ئاگرکردنەوە قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات روبەڕوی سزا یاساییەکان دەکرێتەوە". ئەم بڕیارەش دوای ئەوەدێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە کەوتەوە و زیانێکی زۆری بە سەوزایی ناوچەکە گەیاند.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەرێم وردەكاریی مەرج و رێنمایی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و بەپێی رێنماییەكان، ئەو كەسانە سودمەنددەبن كە پێشتر شووقە یان زەوییان لە دەوڵەت یان كۆمەڵەكانی هەرەوەزیی نیشتەجێكردن وەرنەگرتبێت. بەپێی رێنماییەكانی ژمارە 2ی ساڵی 2024 كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمیی كوردستان بڵاویكردووەتەوە و تێیدا وردەكاریی رێنماییەكانی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران خستەڕوو, هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو داواكارییە لەلایەن ئەو فەرمانبەرانەوە پێشكەشدەكرێت كە خزمەتیان لە 8 ساڵ بەرەو سەرەوەیە.
هاوڵاتی بەتۆمەتی فێڵکردن تۆمەتبارێک لە لایەن، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق دەستگیرکرا، کە بەفێڵ پارەی لەچەند کەسێک وەرگرتبوو. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی سێ هاوڵاتی سکاڵایان لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد کە بڕی 40 هەزار دۆلار ( 4 دەفتەر دۆلار)ی بەناوی ئیشکردنەوە لێ وەرگرتوون، بەڵام دواتر تۆمەتبار فێڵی لێکردون و پارەکەی خواردووە. ئەوەشیخستۆتەڕوو، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق توانیان تۆمەتبار بدۆزنەوەو دەستگیری بکەن. دەشڵێت، لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە بەفێڵ پارەی لەچەندین کەس وەرگرتووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، ف) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم، سبەی شەممە پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە و ئاسمانیش ساماڵ دەبێت. ئهمڕۆ ههینی 31ی ئایاری 2024، كهشناسی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ دهبێت لهگهڵ بوونی تۆزێكی سووك، سبەی شەممەش پلهكانی گهرما نزیك دهبنهوه و ئاسمان ساماڵ دهبێت لهگهڵ بهرزبوونهوهی تۆز و خۆڵ، له تۆماركراوهكانی دوێنێ. دەشڵێت، رۆژی شهممه 1ی حوزهیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرما نزمتر دەبێتەوە بە رێژەى چوار بۆ پێنج پله لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. دەستەى گشتى کەشناسیى عێراقیش لای خۆیەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینى پلەکانى گەرما بەراورد بە رۆژانى پێشتر لەناوچەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق نزمدەبنەوە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان هاوشێوەى رۆژانى پێشتردەبێت، بۆ رۆژی شەممەو یەکشەمەش دەڵێت، رۆژى شەممە، پلەکانى گەرما لەتەواوى وڵات نزمدەبنەوە، خێرایی با زیاد دەکات و تۆز و خۆڵ لەهەوادا دەبێت و رۆژى یەکشەممە پلەکانى گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە هەرێمی کوردستان، هەولێر: 35 سلێمانى: 35 دهۆک: 33 زاخۆ: 34 هەڵەبجە: 37 کەرکوک: 37 سۆران: 33 حاجی ئۆمەران: 24 گەرمیان: 39.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، رایگەیاند، بەرنامەی کارکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024, دەگۆڕێت و دەبێت بە 24 کاتژمێری. ئەمڕۆ هەینی30 ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت، کە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024, دەگۆڕێت و دەبێت بە 24 کاتژمێری. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە دەبێت کاربکەن و کارەبا بەهاوڵاتیان بدەن.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری دەنگدەران دەکاتەوە، بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە سەردانیکردنی نزیکترین بنکەی تۆمارکردنی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ تۆمارکردنی داتای بایۆمەتری. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر رایگەیاند، "لە دوای 2ی6ی2024 ناتوانیت داتای بایۆمەتری خۆت تۆمار بکەیت و بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانى – عێراق 2024 پێش ئەو وادەیە خۆیان تۆماربکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "رۆژی هەینی 31ی5 و رۆژی شەممە 6ی1 دەوامی فەرمییە لە بنکەکانی تۆمارکردنی سەر بە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئامادەبوونى بریکار، راوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێکی گرنگی تێدا درا. بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان درا. یەکێکی تر لە بڕیارەکان برتیبوو لە زیادکردنی کارەبا و لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین. وەزارەتى کارەبا دەشڵێت، "تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، هەرلە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دراوە".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دوای نزیکەی مانگێک لە بێسەروشوێنی نەجمەدین محەمەد تەمەن 75ساڵ لە شاخی قەرەداغ، تەرمەکەی درایەوە دەستی کەسوکارەکەی. جێگای ئاماژەیە، نەجمەدین محەمەد تەمەن 75ساڵ نزیکەی مانگێک لە بێسەروشوێن بوونی لە شاخی قەرەداغ، دوێنێ 29ی ئایاری 2024 لە رێگەی دوو هەنگەوانەوە تەرمەکەی دۆزرایەوە و ئەمڕۆش گەیەندرایە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی و درایەوە دەست کەسوکارەکەی. پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بەناوی (نەجمەدین محەمەد ساڵح) تەمەن 75 ساڵ لەڕۆژی 1ی ئایاری 2024ەوە لەماڵ چوبوە دەرەوەو چارەنوسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاووڵاتییەکە و سەرەنجام 29ی مانگ تەرمی هاووڵاتییەکە لەقۆپییەکانی قەرەداغ دۆزرایەوە. وتیشی، لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە. هاوكات ئهمڕۆ پێنجشهممه 30ی ئایاری 2024، كوڕی، هاووڵاتییه كۆچكردووهكه لە بەردەم پزیشکی داد، رایگهیاند: باوکیان لە 1ی ئایارەوە لە باخەکەی خۆیانەوە رووی لە کەژوکێوی ناوچەی قەرەداغ کردووە، دوای پچراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا و بەدواگەڕانێکی زۆر بۆماوەی 29 رۆژ، دوێنێ چوارشەممە ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێک لەو ناوچەیە کە گوماندەکرا باوکیان بێت، دواتر بەهاوکاری قایمقامی قەرەداغ و لایەنەپەیوەندیدارەکانی توانراوە ئەو تەرمە لە شاخەکە بهێنرێتە خوارەوە چونکە لە شوێنێکی سەختدا بووە.
هاوڵاتی دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، راپۆرتێكی له بارهی وهرگرتنی مووچهی نایاسایی لهلایهن پهرلهمانتارانی كوردستان بڵاوكردهوه و رایگهیاند، پهرلهمانتارانی كوردستان 30 ملیۆن دینار مووچه بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و 265 ملیۆن و 500 هەزار دینار. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن. راپۆرتهكهی دامهزراوهی پهى رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تێدەپەڕێت، كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستووری داناو لە ئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، "بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن". دهشڵێت، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا". دهشڵێت: "هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!". دهقی راپۆرتهكهی دامهزراوهی ئینستتیوتی پەی: ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری داناو لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن. یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی تری وڵات مولزەم دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركێكی تری چاودێری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبوونە بەیاساوە یا پێشێلكاریان كردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات. بەڵام بەداخەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوەو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویان كردووە، دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا، دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕیان بكەینەوە: یەكەم: وەرگرتنی مووچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە (6/11/2022)ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 4.265.500.000 چوار ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوەتەوەو بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە هاووڵاتییان دەدەن گوایە ئەو مووچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان مووچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە. دووەم: یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی مووچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە مووچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نیە، ئێمە پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت رابگیرێت و بڕی ئەوپارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێرایەوە ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە. سێیەم: لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسلەتی یاساییان نەماوەو هەر بۆیەش دەبوایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوققەو خانووەكانی پەرلەمانیان چۆل نەكردووەو بەكاری دەهێنن. چوارەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواو بوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆل نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەست کردەوە بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردۆتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردوەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوەو لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە! پێنجەم: پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوەو ئەنجوەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن! پەندێكی كوردی هەیە دەلێت "ئەگەر خەڵك شێت بن دەچن بۆسەر ئۆمەرمەندان، بەڵام ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بچێت بۆ كوێ؟"، پەرلەمانیش لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردووەو لەسەریشی بەردەوامە! حكومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵی گرتووەو باسی چاكسازی دەكات، كەچی رێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسیانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن. لێرەدا پرسیارێك رووبەڕووی سەرۆكی حكومەت دەبێتەوە كە هەمیشە وتوویەتی كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازییە! دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەموو گەندەڵی و لەیاسادەرچوون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارەنایاسایی و رێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟ هەموو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نیە لێپێچینەوەو رێگرییان لێ بكات، لەچەند مانگی رابردوودا دامەزراوەی پەی بەفەرمی چەندین یادداشتی لەبارەی هەریەك لەم دۆسیانە پێشكەشی دامەزراوەكانی (دیوانی چاودێری دارایی) و (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی) كردووە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی ئیجرائاتی پێویست بكەن و رێگربن لێیان، بەداخەوە هیچ كامیان لەئاست ئەو ئیلتیزامە یاسایی و مۆڕالییەدا نەبوون كە سوێندیان لەسەری خواردبوو و بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیەش هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و متەقیان لێوە نەهات! رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتووە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان موچەیان پاشەكەوت كراوە، بوونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بووەستێ، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاوڵاتیان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوەو رێز لە یاسا بگرن. بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات. دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 30/5/2024
هاوڵاتی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەتۆمەتی کوشتن دەستگیرکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک لە دەورووبەری هەولێر دەکوژرێت و دوای رووداوەکە و لەماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێردا، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر تۆمەتباریان دەستگیرکرد". ئاماژە بەوەشکراوە، "تۆمەتبار لەسەر مادەی هۆشبەر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئامۆزاکەی خۆی و کووشتوویەتی، دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکرا".
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژۆ کرا". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته". دوێنێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بە زووترین کات لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکرێت". ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی ئه و بڕه ی له یاسای بودجەدا جێگیركراوه".
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان پەسەندکراوە و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە. هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە دەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.
