هاوڵاتی  لە قوتابخانەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵان بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدا و چەند منداڵێکی دیکەش تووشی هەناسەتووندی بوون. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی غازی سۆپاوە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ڕەگەزی نێر گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک قوتابی دیکەش بەهۆی غازی سۆپاکەوە تووشی هەناسەتووندی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بە مەبەستی چارسەرکردن، هەروەها تەرمی ئەو قوتابییەی گیانی لەدەستداوە براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی". هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ڕەتیدەکاتەوە ئەو قوتابییە بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدابێت، بەڵکو ئاماژەی بەوەکردووە کە خۆی نەخۆشی لەگەڵ بووە.  

هاوڵاتی هەردوو مەکتەبی سیاسییی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان ئاشکراکرد. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە دەباشان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری  هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە : ١ - هەردوولا کۆکبووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان . ٢ - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین . ٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتووچودا لەسەر ڕێگەی هەولێر – دهۆک لە نزیک سنووری ناحیەی ڕۆڤیا کەسێک گیانی لەدەستدا.  بەرێوەبەری بنکەی هاتۆچووی ڕۆڤیا بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١١:٠٠ لەسەر ڕێگەی هەولێر - دهۆک ئۆتۆمبێلێکی جۆری کامری خۆی کێشا بە ئۆڤەر پاسی چەمە لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا، لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلە گیانی لەدەستداوە". لەبارەی ناسنامەی شۆفێرەکەوە بەرێوەبەری بنکەی هاتۆچووی ڕۆڤیا وتی "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (عەبدولخالق محەمەد ساڵح)ە و خەڵکی شاری دهۆکە".

هاوڵاتی دادگای فیدراڵی عێراق دووبارە بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکلایینەکردەوە و دانیشتنەکەی بۆ ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست. ئەمە نۆیەمین جارە دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دوابخات، رۆژی ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری هەشتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخستبوو، بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دیکە دواخرا. سکاڵاکە لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت. مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات. مادەی ٢٢: ١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن. ٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون. مادەی ٣٦: ١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوڵاتی ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە هەزار و 180 کەس، بەڵام لەو سنوورە تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە نییە. ئەمڕۆ 4ی شوباتی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی جهانی شێرپەنجە دیاریکراوە د.چەکدار ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادی بە هاوڵاتی وت "لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە گەیشتووەتە هەزار و 180 تووشبوو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک لە ١٢٪یە، شێرپەنجەی مەمک لە ئاستی یەکەمە و شێرپەنجەی سییەکانیش لە ئاستی دووەمە". ناوبراو وتیشی "تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان نییە بە تووشبووانی شێرپەنجە، تەنها سەنتەری تایبەت هەیە لە نەخۆشخانەی ئازادی، سەڕەرای ئەمە هەموو شتێک بۆ تووشبووان دابیندەکەین".    

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد، یەکێکیان لەمانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوت دزی لە نوێژخوێنان کردبوو. ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوای لێکوڵینەوەیەکی ورد توانیمان دوو کەس دەستگیربکەین بە تاوانی دزیکردن یەکێکیان هاوڵاتی بیانییە له مزگەوتەکانی زاخۆ دزی لە گیرفانی نوێژخوێنان کردووە، پارە و کاتژمێر وشتی دیکەی دزیوە، ئەوەی دووەمیش لە دوکانەکانی زاخۆ لاپتۆپ و کاتژمێری ئەلیکترۆنی گرانبەهای دزیوە". وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەوەشی ئاشکراکرد "تاوانباری دووەم لەماوەی مانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، هەردووکیان بەرامبەر دادوەر دانیان بە ئەنجامدانی کردەی دزیەکە ناوە و بەپێی مادەی ٤٤٣ و ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی زیندانی کراون". بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ئەو تاوانبارەی دزی لە نوێژخوێنان کردووە هاوڵاتی تورکیایە.

هاوڵاتی بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە بێت ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی کەمئەندامان دابەشدەکرێت، بەڵام کەمئەندامان ناڕەزایەتییان هەیە لە بڕ و شوێنی دابەشکردنی مووچەکەیان. موسلیم شارباژێڕی، کەمئەندام بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بڕەکەی ١٥٠ هەزار دینارە کە بڕێکی زۆر کەمە و چەند مانگ جارێک وەریدەگرین، هەروەها ئەو شوێنەی کە مووچەی کەمئەندامانی لێ دابەشدەکرێت شوێنێکی باش نییە و تەنانەت کەسانی ساغیش ناتوانن لەوێ مووچە وەربگرن". لەبارەی رۆڵی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان موسلیم شارباژێڕی ئاماژەی بەوەکرد "یەکێتیی کەمئەندامان رۆڵی لە ١٠٠٪ ی هەبووە". ناوبراو وتیشی "داواکارییەکانمان لەبارەی چارەسەکردنی کێشەی کەمئەندامان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی پێویست وەڵامان نەدراوەتەوە".

هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، لەسەر دۆخی خراپی مووچەخۆرانی هەرێم و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان، بە یارمەتی ڕێکخراوی داکۆک سکاڵایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات. سکاڵاکە لە لایەن ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە ئامادە کراوە کە نوێنەرایەتی ١٣ شارو شارۆچکە دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا و بڕیاریان داوە لە ڕێگەی ڕێخراوی داکۆکەوە بگەیەندرێتە پەرلەمانی بەریتانیا. مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوەکەیاندا  لەگەڵ ئاماژەدان بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان و گوێنەگرتنی حکومەتی هەرێم لە داواکارییەکانیان و جێبەجێنەکردنیان باسیان لە هۆکاری قەیرانەکانی ڕوی لە هەرێمی کوردستان کردووە دەکەن . وێنەیەک لەو سکاڵایەی بڕیارە ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا بکرێت:

هاوڵاتی بڕیارە سبەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستێکی باڵادا کۆببنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و نەینەوا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن بە گوێرەی زانیارییەکان ، کۆبوونەوەکە سەعات ١١ ی پێش نیوەرۆی رۆژی  یەک شەممە ٤/٢/٢٠٢٤ لەدەباشان دەبێت و تیایدا دۆخی ئێستای ھەرێم و عیراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکرێت. ھەروەھا پرسی پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و نەینەواو پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن. شانده‌كه‌ی پارتی پێكدێت له‌ فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مه‌حمود محه‌مه‌د و جه‌عفه‌ر ئیمینکی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، شاندی یه‌كێتیش له‌لایه‌ن بافڵ جه‌لال تاڵەبانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاسۆ مامەند و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی ئەندامی شاندەكه‌ ده‌بن. دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لە ئاستی باڵادا. دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، 7ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو کە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لە پیرمام کۆبوونەوە.

هاوڵاتی دوای شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلایەکانی ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەوتنە خوارەوە. ڕەفعەت ساڵح، موختاری گوندی ڕاڤینایە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ شەڕێکی زۆر سەخت لەنێوان سوپای تورکیا گەریلایەکان لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ روویدا، ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینا کەوتوونەتە خوار، گولـلە تۆپێک بە دووروی ١٠ مەتر لە دەوروبەری ماڵەکەم کەوتە خوار، دەیان تۆپی دیکە لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە". موختاری گوندی ڕاڤینایە ئاماژەی بەوەشکرد "زیانی گیانی نەبووە، دەنگی شەڕ و تەقە بەردەوام دەبیستین، یەکەمجارە گولـلە تۆپ بەو نزیکیە بکەوێتە خوارەوە". گوندی ڕاڤینا بەدووری ١٢ کێلومەتر دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانێ ماسێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی ٥٠ خێزان تیادا دەژین.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوونی چوار ئەندامی ڕاگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیادا. لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "دوێنێ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای تورکیا ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج لە  ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ". ئەوەشخراوەتەڕوو، بە ئامانجگرتنەکە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار لە ئەندامەکانی ئاسایش و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاشیگەیاند، ناوی ئەو کەسانەی شەهیدبوون بریتین لە "عەبدولسەلام حەمەد، ڕەبا حسێن، محەمەد یوسف، یامەن شەداد".

هاوڵاتی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کە کامێراکانی  تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار. بەێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ھەولێر شوفێران ئاگاداردەکاتەوە و ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار تا ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١٢ی شەو، لەدوای ئەو کات و رێکەوتەوە سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی تۆماردەکرێن لە سیستمی سزادانی ھاتووچۆ". هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە "بەرزترین خێرایی ڕێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان ۱٠٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورەش ٨۰ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکراوە".

هاوڵاتی  گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکەی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانییان لە سەرسنووری سوریا و عێراق، بنکەی ئاسمانی هەریریان لە پارێزگای هەولیر بە ئامانج گرتووە . ئەمرۆ شەممە ٣/٢/٢٠٢٤ میدیاکانی نزیک لە گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی ئاشکرایان کرد، کە چەکدارەکانی ئەو گروپە بە چەند درونێکی بۆمبرێژکراو هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی ئاسمانی هەریر کە هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆ دەگرێت. جێی ئاماژەیە دوا بە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خوێناویترین هێرشی ئەو گروپانەش ، هێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی  و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکە. ئەمەو تادانانی ئەم هەواڵە هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دژە تیرۆری کوردستان و هێزەکانی جێگیر لە بنکەی حەریری ئاسمانی نەخراوەتەڕوو.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمرۆ بوومەرلەزەیەک بە گوڕی ٤.٢ پلە لە سنووری پارێزگای دهۆک روویدا، بەشێک لە هاوڵاتییان بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی هەستیان پێکردووە. محەمەد شەوکەت، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ بە هاوڵاتی وت "بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤هەستم بە بوومەلەرزە کرد، بەڵام ئەوەندە بەهێز نەبوو، زۆرێک لە خەڵک هەستیان پێنەکردووە، بەهۆی ئەوەی لەخەودا بوون". هەروەها ئومێد مەعسوم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەی دهۆک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "جارێ چاوەرێی وەرگرتنی زانیاری وردیین، بەڵام ئەوەندە دەزانین کە هیچ زیانی نەبووە". بوومەلەرزەزانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٦:٠٩ خولەک لە نزیک سنووری عێراق و تورکیا بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنووری دهۆک بوومەلەرزەکە روویداوە.

هاوڵاتی نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات ئێران بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگی خستووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە. عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە و بازاڕیان سستە". ئاماژەی بەوەشکرد "لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەئێستادا هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغەکراوە، چونکە لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی هەرێمی کوردستان عێراقیش بەهەمان شێوە هاوردەی تەماتەی قەدەغەکرد، بەڵام بەهۆی کەمی بەرهەمی تەماتەی عێراق لەئێستادا بە ڕێژەی لە ١٥٪ نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە". ڕوونیشیکردەوە "قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیارە، بەڵام ئەگەر نرخی تەماتە زۆر بەرزبێتەوە ئەوکاتە دەبێت کۆتایی بە بڕیاری قەدەغەکردنەکە بهێنرێت". لەبارەی نرخی بەرهەمەکانی دیکە لە عەلوە عەتا محەمەد وتی "تاڕادەیەک نرخی بەرهەمەکانی دیکەی سەوزە و میوە جێگیرن و هیچ هەڵئاوسانێک نییە". وتیشی "پێشتر هێنانی بەرهەم لە سنوورەکانی ئێرانەوە گومرگی نەبوو، بەڵام لەئێستا بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگ چووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە، تاوەکو هەڵئاوسان لە ئێران دروست نەبێت".