هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە مانگی 02ـی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو." ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مادەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە. ئەوەشی خستە روو، هەردوو تۆمەتبار لە ئیستادا دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، چەندین جار لە سنووری دهۆک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەسگیر کراوە و چەند جارێکیش رووبەڕووبوونەوە روویداوە، لە یەکێک لەو رووداوانەدا مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە سێمێل باندێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان تەقەیان لە هێزێکی ئەمنی کرد و هەڵهاتن و یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە کە دەستگیرکرا و 45 کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبوو بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا هاوڕاین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق. بهپێی راگهیهندراوی وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێم تیایدا هاتووه، ئهمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، بەئامادەبونی شاندی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو. ئاماژەبەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتیی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا. راگهیهندراوهكه باسی لهوهشكردووه، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.
هاوڵاتی موعین تۆفیق پوور، کاسبکارێکی ناوچەیەکی سنووریی سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دوێنێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024، هێزە ئهمنییهكانی ئێران جێگیر لە سنووری چۆمان-ی سەر بە شاری بانە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی بەناوی موعین تەوفیق پوور گیانی له دهستداوه. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانە، موعین تەوفیق پوور، تەمەن 24 ساڵ و خێزاندار بووەو هێزە چەکدارەکانی ئێران ناوبراویان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی (تۆیۆتا) بەبێ هۆشداریی پێشوەخت و بە بیانووی گواستنەوەی شت و مەکی قاچاخ بە چەکی کڵاشینکۆف داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و گیانی له دهستداوه. ناوبراو خەڵکی گوندی چۆمانی شاری بانەی رۆژههڵاتی كوردستانە و لە ئێستادا تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە بۆ نەخۆشخانەی بانە گوێزراوەتەوە و تائێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا شەش کەس لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، دووانیان کاسبکار و چوار کەسیش کۆڵبەرن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئایار، ئهو شۆفێرەی كه تۆمهتباره بهوهى دوێنێ دهستى شكاندووهته سهر ئهو مینی پاسهى كه به ژمارهیهك خوێندكارهوه له رێگاى كهلار- كفری وهرگهڕا، دەستگیرکراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستیبەسەرداگیرا. لهوبارهیهوه موقەدەم سامان عهلی وتهبێژی هاتوچۆی گهرمیان ڕایگەیاند، ئهو ئۆتۆمبیلهى تۆمهتباره بهوهى دوێنێ دهستی شكاندوهتهسهر ئهو مینی پاسهى كه بهژمارهیهك قوتابییەوە لهڕێگهى كهلار ـ كفری وهرگهڕا، دهستی بهسهرداگیراوهو شۆفێرهكهیشی دەستگیركراوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە شۆفێرەکەیان لەڕێی کامێراى چاودێرییەوە دۆزیوەتەوە و لە ئێستادا شۆفێرەکەی دەستبەسەرە و ئەو چوار سەرنشینەکەی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون بانگ دەکرێن و وتەیان لێوەردەگیرێت و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت. دوێنێ سێشەممە، لەسەر رێگەی کەلار- کفری بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە چوار خوێندکار گیانیانلەدەستدا و حەوت خوێندکاری دیکە و شۆفێری پاسەکە برینداربوون، خوێندکارەکان خوێندکاری ئامادەیی باکووربوون لە کەلار وهەموویان کچبوون بۆ گەشتی زانستی چووبونە کفری. هاوکات هەر دوێنێ دوا بەدوای ڕوداوەکە شۆفێری مینی پاسەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو،" ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی حەسیرە، لە نێوان کەلار و کفری دەستی شکاندووە بەسەر ماندا و کۆنترۆڵمان لەدەستداوە و مینی پاسەکە وەرەگەڕاوە".
هاوڵآتی كهشناسی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پهڵه ههور دهبێت و پلهكانی گهرما روو له بهرزبوونهوه دهكهن. بهپێی راپۆرتی كهشناسی ههرێم، ئهمڕۆ چوارشهممه 15ی ئایاری 2024، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، له ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت. هاوكات پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە. ئەمڕۆ پلەکانی گەرمان بەم شێوەیە دەبێت: سەبارەت بە کەشی سبەی پێنجشەممە کەشناسی ئەوەی خستووەتە روو، بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ پێنجشەممە : هەولێر : ٢٨ سلێمانى: ٢٨ دهۆک : ٢٧ هەڵەبجە : ٢٨ کەرکوک: ٣١ گەرمیان : ٣٣ زاخۆ : ٢٧ سۆران : ٢٤ حاجی ئۆمەران: ١٦
هاولاتی لە راگەیەندراێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد سبەی دەست بە دابەشکردنی مانگی چوار دەکرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024، نزیکەی 168 ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەش دەکرێت کەلە بەغداوە تەمویلەکانیان گەیشتووە".
هاوڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران دەستیپێکردووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی رێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت". ئاماژە بەوەشکرد، "دابەشکردنی زەوی، فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە ژیانی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوون". ئەوەشخراوەتەڕوو، "بە گوێرەی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبوونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن".
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد. وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ، فەرمانگەی ژمێریایی دەستیکردوە بە تەمویلکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ (فەرمانبەرانی مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی و کەمئەندامان و خانەنشینانی سەربازیی و مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و فەرمانبەرانی گرێبەست). ئاماژهی بهوهشكردوه، پارهكه بۆ موچهی مانگی (نیسان/4)ی 2024 خهرجكراوه، له چوارچێوهی پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی فیدڕاڵی عێراقدا. جێگەیباسە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە ناردنی موچە بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە نەکردوە.
هاوڵاتی د.بریار رهشید، پهرلهمانتاری فراكسیۆنی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له پهرلهمانی عیراق ڕایگەیاند، بانكی TBI نەچووەتە ناو پرۆژەی هەژماری من و بە بانكیكردن تەنها لەرێگەی بانكە عیراقیەكانەوە دەبێت. د. بڕیارە رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جۆرێک لە فشار یان لۆبی هەیە بۆ ئەوەی بانکە راسپێردراوەکانی تەوتینی موچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەکرێنەوە. ئەوەشی خستەڕو، بۆیە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق بۆ تەوتینی موچە هەڵبژێدراون، بۆ ئەوەیە ئەو کێشەیەی ماوەی 10 ساڵە فەرمانبەرانی هەرێم پێوەی دەناڵێنن، دوبارە نەبێتەوە لەلایەن ئەو بانکانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رێککەوتنیان لەگەڵ کراوە. ئەوەشی ئاشکراکرد، بەرێوەبەری بانکی بازرگانی عێراق (TBI)ی پێی وتون، بانکی بازرگانی عێراق بەشداری لە پڕۆژەی "هەژماری من" نەکردوە و ناشی کات، هێستا دەست بە بە نیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکراوە، بەڵکو تەنها چەند گفتوگۆیەک لە نێوان هەردولا کراوە.
هاوڵاتی بانکی بازرگانی عێراق (TBI) رایگەیاند، هێشتا چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی داتای ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بنڕێت تاوەکو دەست بە تەوتینی موچەکانیان بکەن، هەموان دڵنیا دەکەنەوە کە بانکەکە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەو پڕۆسەیە بەشداری دەکات. بانکی بازرگانیی عێراق TBI ئەمڕۆ سێشەممە راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، جهخت لهسهر پابهندبوونمان دهكهینهوه به بڕیاری دادگای فیدراڵی سهبارهت به تهوتینی موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان كه دهڵێ:" موچهی فهرمانبهرانی ههرێم له بانكه فیدراڵییهكانی دهرهوهی ههرێم تهوتین بكرێت، بۆیه بهشداری بانكی بازرگانی عیراق لهچوارچێوهی بانكه حكومییهكاندا پشتبهست به بڕیاری دادگای فیدراڵی. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، " جهخت دهكهینهوه كه بانكی بازرگانی عێراق توانای پراكتیكی بهرزو تۆكمهی ههیه بۆ تهواوكردنی پرۆسهی تهوتینی موچهی فهرمانبهرانی ههرێم، ئهوانهی ئارهزووی ههڵبژاردنی بانكهكهمان دهكهن لهچوارچێوهی بانكه حكومییه بهشدارهكان له پرۆسهی تهوتینی موچه." ئەوەسی ڕونکردەوە کە، " بانكهكهمان هێشتا چاوهڕوانی ئهوهیه حكومهتی ههرێم لیستی ناوی ئهو فهرمانبهرانهی بۆ بنێرێت كه موچهكانیان لای ئێمه تهوتین دهكرێت، هاوپیچ لهگهڵ بهڵگهنامهكان بۆ ئهوهی دهستبكرێت بهجێبهجێكردنی پرۆسهی تهوتین." دەقی ڕاگەیەندراوەکە المصرف العراقي للتجارة يوضح بخصوص توطين رواتب موظفي إقليم كوردستان العراق بيان صحفي العراق – بغداد 14 أيار 2024 لكثرة الاستفسارت الواردة الينا حول الية توطين رواتب موظفي إقليم كوردستان العراق في المصرف العراقي للتجارة. نؤكد التزامنا بقرار المحكمة الاتحادية العليا حول توطين رواتب موظفي إقليم كوردستان العراق والذي ينص على توطين رواتب موظفي الإقليم لدى المصارف الحكومية الاتحادية العاملة خارج الإقليم، حيث ستكون مشاركة المصرف العراقي للتجارة ضمن المصارف الحكومية استناداً إلى قرار المحكمة الاتحادية العليا في توطين رواتب موظفي إقليم كوردستان العراق. ونود أن نؤكد أيضاً أن المصرف العراقي للتجارة TBI يمتلك القدرة العملية العالية والرصينة لإتمام عملية توطين رواتب موظفي الإقليم الراغبين في اختيار مصرفنا ضمن المصارف الحكومية المشاركة في عملية توطين الرواتب خدمة لأهلنا في إقليم كوردستان، وان المصرف ما يزال بانتظار إرسال حكومة إقليم كوردستان العراق قوائم بأسماء الموظفين الذين سيتم توطين رواتبهم لديه مرفقة بالوثائق الثبوتية، ليتم البدء والمباشرة بتنفيذ عملية توطين الرواتب. - انتهى - #المصرف_العراقي_للتجارة
هاوڵاتی مینی پاسێكی گواستنهوهی خوێندكاران له رێگهی نێوان كهلار_ كفری وهرگهڕاو بههۆیهوه ژمارهیهك خوێندكار گیانیان له دهستدا. بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی گهرمیان رایگهیاند، ئهمڕۆ سێشهممه 14ی ئایاری 2024، بههۆی وهرگهڕانی مینی پاسێكی خوێندكارانهوه له رێگهی نێوان كهلار_ كفری، چوار خوێندكار گیانیان له دهستداوە و حەوتی دیكهش بریندارن. لە ئێستادا تەرمی ئەو چوار خوێندکارە رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراون، ئەو حەوت خوێندکارەی دیکەش کە بریندار بوون گواستراونەتەوە بۆ بەشی فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کفری. خوێندکارەکان خوێندکاری ئامادەیی باکوورن لە کەلار وهەموویان کچن بۆ گەشتی زانستی چوونەتە کفری، لە رێگەی گەڕانەوە مینی پاسەکەیان وەرگەڕاوە. هاوکات بەگوێرەی قسەکانی شۆفێری مینی پاسەکە،" ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی حەسیرە، لە نێوان کەلار و کفری دەستی شکاندووە بەسەر ماندا و کۆنترۆڵمان لەدەستداوە و مینی پاسەکە وەرەگەڕاوە". لە ئێستاشدا، لێكۆڵینهوه لههۆكارى ڕوداوهكه دهستى پێكردوهو بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی گهرمیانیس دەڵێت، لە ناوچەکەدا کامێرای چاودێری هەیە و هۆکاری ڕوداوەکە بەم زووانە ئاشکرا دەکەن.
هاوڵاتی/شوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، تۆمارکردنی بایۆمەتری کارتی دەنگدەرانی لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستپێکردەوە. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 14/5/2024 لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، کۆمسیۆن بڕیاری داوە ناونوسکردن بۆ کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. وتیشی، داوامان لە هەموو بنکەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە دوبارە کارەکانیان بە مەبەستی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەستپێبکەنەوە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کرد، هێشتا وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ کۆتایهێنان بە وادەی تۆمارکردنی بایۆمەتری. ناوبراو داواشی لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوانەی کە پەنجەمۆرەکانیان کێشەیان تێدا هەبووە یاخود کارتەکانیان وەرنەگرتۆتەوە، یان هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتی دەنگدانیان نییە، سەردانی نزیکترین بنکەی سەر بە کۆمسیۆن بکەن.
هاوڵاتی بەرێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی رابردودا کورێکی تەمەن 19 ساڵ لەلایەن هاورێییەکیەوە بە چەکی کڵاشینکۆڤ بریندارکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و لە ئێستادا هاورێکەی دەستگیرکراوە. هێمن سولەیمان بەرێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، لە رۆژی رابردو لە سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ کوڕێکی تەمەن 19 ساڵ دوای ئەوەی تەقەی لێکرا بە سەختی برینداربو. باسی لەوەشکردووە کە،ئەو کورە 19 ساڵە لەلایەن هاورێییەکی تەمەن 18 ساڵی خۆی بە چەکی کڵاشینکۆڤ بریندارکرابو و دوای رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. هاوکات، لە ئێستادا لەلایەن بنکەی پۆلیسی بامەڕنێوە لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری کوشتنەکە.
هاوڵاتی لەکاتێکدا بڕیاربوو خەڵاتی وەرگێڕی نمونەیی بدرێت بە عەبدوڵڵای حەسەن زادە، نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چالاکییەکەیان راگرت. دوێنێ یەکشەممە 12ی ئایاری 2024، بڕیاربوو دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بە دروشمی "وەرگێڕان پردە بەهێزەکەی پەیوەندیی نێوان کەلتوورە جیاوازەکان" لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی خەڵاتی وەرگێڕی نمونەیی ببەخشێتە عەبدوڵڵای حەسەن زادە، نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام نیو کاتژمێر پێش مەراسیمەکە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە رێکخەرانی مەراسیمەکە کرد ئەو چالاکییە رابگرن. دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە بارەی سازنەکردنی دیدارەکەوە ڕایگەیاند، لەبەر هۆکارێکی نادیار دیدارەکە دواخرا بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهۆکارەکەی بدات، بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆکارەکەی بۆ ئێران دەگێڕنەوە، چونکە عەبدوڵڵای حەسەن زادە، سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتە و ئەوە لەم کاتەدا بە باش نەزانراوە چونکە لەسەر بابەتی حزبەکانی رۆژهەڵات ئێران رێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ هەرێم و عێراق هەیە. عەبدوڵڵای حەسەن زادە، نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی زیاتر لە 60 ساڵە خەباتی سیاسی و ئەدەبی هەیە.
هاوڵاتی ئەمساڵ بەڵگە فیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی، بەڵگە فیلمەکە سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە (Travel and Lifestyle) لەنێو هەزاران بەڵگە فیلمێکی ئەمەریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە. سی ئێن ئێن و بلوومبێرگ دوو میدیای نێوداری ئەمریکی و جیهانی لەگەڵ رووداو لە رکابەریی بەدەستهێنانی وێبی بوون، رووداو بە دەنگی خەڵک لەو دوو میدیایەی بردەوە. بەڵگە فیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە. رۆژ عەلی زاڵە کە دەرهێنەری بەڵگە فیلمەکەیە رایگەیاند "سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی پێیوتم، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر و فیلم و بەڵگە فیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دا، کە رووداو بردییەوە. دەیان هەزارانی دیکە بە هیوای ئەوەبوون لە وێبی کارەکانیان هەر تەنیا ناویان بهێنرێت". خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە، خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا، بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
