هاوڵاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، لەبەرئەوەی تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە میدیای فەرمی یەكێتی وتوە" كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە پێی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، هاوكات كۆمسیۆن كۆمەڵێك ڕێنمایی و بڕیار دەردەكات، لەگەڵ ئەو تۆمارو ئامێرانەی لەبەردەستدا هەیە، گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەدات". وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو " كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، چونكە پێیوایە تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادەو هەروەها لەدایكبوانی ساڵی 2006یش كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە زیاد كراون". " كۆمسیۆن مافی خۆیەتی رێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەژماركردنی دەنگەكان بە هەردوو سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی دەبێت، وەك چۆن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پەیڕەو كرا"جومانە غەلای وا دەڵێت.
هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كار دەكەن لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندی داڤۆسی سویسرا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی لەبارەی دەستپێكردنەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم رایگەیاند "ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان، هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە نزیكەی 10 مانگە راگیراوە". سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو "كۆمپانیاكانی نەوت، پرسێكیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە رێككەوتنێكی فەرمی". سودانی باسی لەوەشكردوە "لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێكن بۆ گۆڕانكاری لە بودجەی عێراق، تاوەكو لە رێگەی گۆڕانكارییەكانەوە بتوانن پارەی كۆمپانیا بیانییەكان بدەن". رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارێكی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
هاوڵاتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی راگەیاند كە چەند ئامێرێكی دۆزینەوەی شوێنەواریان پێبوە بەمەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان شوێنەوار. بەپێی راگەیەنراوێكی ئاسایشی شارەزوور لەبارەی دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێك رایگەیاند "لەدوای چاودێریكردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی وورد، هێزەكانی ئاسایش لە سنوری ناحیەی وارماوا بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر چەند ئامێرێكی دۆزینەوەی شوێنەوار، بەنیازبوون بۆ مەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان بەكاریبهێنن". رونیشیكردوەتەوە "لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٢٤ی شوێنەوار ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوام".
هاوڵاتی لەسەر ھێرشەکەی ھەولێر، ئێران وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەداتەوە و دەڵێت، ھیوادارن عێراق بەتەواوی پابەندیی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان بێت. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوەکەی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی ھێرشەکەی ھەولێر رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ھێرشەکە بەپێی مافی مەشرووعی ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و دەستوپێوەندەکانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئیرانیان کردووەتە ئامانج و ھاووڵاتییانی ئیرانیان رووبەرووی ھەرەشە و مەترسی کردووەتەوە. كەنعانی دەشڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوودڵ نابێت لە مامەڵەکردن بەشێوەیەکی تووند لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن، هەروەها لە بەرگریکردن لە ئاسایشی هاووڵاتییانی و سزادانی تاوانباران." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد کە وڵاتەکەی رێز لە سەروەری و یەکێتیی خاکی عێراق و "دراوسێیتی باش لە پرەنسیپە جێگیرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەبارەی عێراقەوە." لە دوای وڵامەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە پەیامنێری میدیایەکی عەرەبی ڕاگەیاند، "ئێمە هەموومان شەڕی ئیرهاب و تیرۆرستان دەکەین، بەڵام منداڵێکی یەک ساڵ ئایا تیرۆرستە؟ شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن. بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی تەنیا ساڵێک و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
هاوڵاتی رۆژی یەکشەممە دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق پێنج سکاڵای سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، یەکێک لە سکاڵاکانیش لەدژى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. ەپێی خشتەی دانیشتنەکە، سێ دۆسییەیان سکاڵایە لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کە تایبەتن بە ناردنی شایستە داراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. یەکێک لە سکاڵاکانیش تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. جێگەیباسە لە دانیشتنى پێشوویدا لە 27ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى، داواى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردبوو روونکردنەوەى بداتێ لەبارەى ئەوەى بە چى شێوازێک دەکرێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات بەتایبەت لە دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردندا.
هاوڵاتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی میسر و سعودیە و مەغریب تۆمەتبارکردنی رۆژنامەنوسانی بە تیرۆر و دژە دەوڵەت دژی ڕۆژنامەنووسان فراوانتر کردووە. بەپێی راپۆرتێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی)، ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی میسر، سعودیە، مەغریب لەم ساڵانەی دواییدا بەکارھێنانی ھەواڵی ناڕاست، تیرۆر و تۆمەتی دژە دەوڵەتی لە دژی رۆژنامەنووسان فراوانتر کردووە. دەشڵێن، لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست میسر خراپترین وڵاتە بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ھاوشێوەی تورکیا، پلەی ھەشتەمی لە جیھاندا گرتووە بە دەستگیرکردنی ١٣ رۆژنامەنووس و سعودیە لە ریزبەندی نۆیەمدایە بە دەستگیرکردنی ١٠ رۆژنامەنووس. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژى ١٧ى ئەم مانگە سهنتهری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بە پێی ئامارەکان، له ساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ پێشێلكاریی بهرامبهر به ٢٤٧ ڕۆژنامهنووس و دامهزراوهی میدیایی ئهنجامدراوە، جەختیش کراوەتەوە، کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای ڕۆژنامەگەریی جێبەجێ ناکرێت.
هاوڵاتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کە لە هەفتەی ئایندەوە كامێرا جێگیرەكان دەخرێنەكار و سەرپێچی و خێرایی شۆفێران تۆماردەکەن. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکات کە لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 23/01/2024 کاتژمێر 10:00 ی سەرلەبەیانییەوە کامێرا جێگیرەکانی ناو سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەونە بواری جێبەجێکردن و تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی. هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، داوا لەسەرجەم شۆفێران دەکەین پابەندی ئەو خێراییە دیاریکراوانە بن کە لەسەر شەقامەکان بۆیان دیاریکراوە بەپێی هێما و تابلۆکانی هاتووچۆ. رونیشیکردەوە، هەروەها وەک بەرچاو ڕوونیەک بۆ هەموو لایەک ئەم کامێرایانە سیستەمی پۆینت تو پۆینت نییە و بە سیستەمی یەک خاڵ خێراییەکان تۆمار دەکات.
هاوڵاتی کۆریای باکوور ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاوی تاقیکردۆتەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن لەم هەفتەیەدا، هاوکات بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ڕکابەرەکانی بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. ئەم تاقیکردنەوەیە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ڕایگەیاند چیتر کار بۆ مانەوەی ئاشتی لەگەڵ کۆریای باشور ناکەن و و وڵاتەکەی دەستووری خۆی دەنووسێتەوە بۆ ئەوەی کۆریای باشوور بە دوژمنترین دوژمنی بیانی وڵاتەکەی پێناسە بکات. لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا کیم چالاکییەکانی تاقیکردنەوەی چەکی خێراتر کردووە و هەڕەشەی ناکۆکی ناوکی دەکات. ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی وەڵامی دەدەنەوە بە بەهێزکردنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانیان کە کیم بە مەشقی داگیرکاری ناوی دەبات. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاوی کۆریای باکوور یەکێکە لەو سیستمە فراوانانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا نیشاندراوە لە کاتێکدا کیم سیستەمی چەکی ئەتۆمی فراوان دەکات. سوپای کۆریای باشوور جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆریای باکوور توانای ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی زیاد کردووە کە وا پێشبینی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتی و بەندەرەکانی ڕکابەرەکانی .
هاوڵاتی مقاومەی ئیسلامی کە گروپێکی چەکداری شیعەیە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر فڕۆکەخانەی هەولێریان گرتە ئەستۆو ڕایانگەیاند هێرشیان کردۆتە سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر. دژەتیرۆرى کوردستانیش رایگەیاند، درۆنەکە خراوەتە خوارەوە. شەوى پێنجشەممە 18ى کانوونى دووەمى 2024، "مقاوەمەى ئیسلامى - شیعە" رایگەیاند، بە درۆنێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر. هەر ئەمشەویش دوای هێرشەکە دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوى پێنجشەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشێندرا و خرایە خوارەوە کە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو. بە گوێرەی زانیارییەکان درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخی خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە. لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس و پشتیوانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ ئسرائیل هێرشەکانی سەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ڕۆی لە زیادبونێکی بەرچاو کردووە بەتایبەت لە سوریا و عێراق. جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و لە رۆژی 17ـی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان هۆشداری دەدەنە مامۆستایانی ئاینی و وتاربێژانی سەرجەم مزگەوتەكانی گەرمیان. مامۆستایانی ناڕازی گهرمیان لهپهیامێكدا بڵاویانكردهوه، به پێی زانیاریهكانمان ئهوقافی گهرمیان داوایان كردوه له سهرجهم مزگهوت و مامۆستایانی ئاینی گهرمیان و ناوچهكانی دهوروبهری بۆئهوهی له وتاری ههینیدا داوا له مامۆستایان بكهن بایكۆت بشكێنن و بگهڕێنهوه هۆڵهكانی خوێندن". دەشڵێن "بۆیە لێرەوە داوا لە مامۆستایانی ئاینی بەڕێز دەكەین بە ھیچ شێوەیەك نەچنە ژێر باری جێبەجێ كردنی داواكاریەكەی ئەوقاف و بە گوێیان نەكەن، چونكە ئەو بایكۆتەی ئێمە درێژەمان پێ داوە تەنھا بۆ داوای مافی مامۆستایانی كەرتی پەروەردە نییە، بەَلكو داوای مافی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانمان كردووە كە خۆی لە گواستنەوەی موچەدا دەبینێتەوە بۆ سەر بەغداد و مامۆستایانی ئاینی بەڕێزیش بەشكێن لە بابەتەكە" . ئاماژەیان بەوەشكردووە "مامۆستایانی ئاینی بەرێز شوێنگرەوەی پێغەمبەرن (د.خ)و لە سۆنگەی بیرو باوەڕی پتەویان بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئێستاش بە ھەمان نەفەسی پێشو دژی ستەم و ستەمكاران بوەستنەوە و پاڵپشتی ستەمكاران نەبن و بەرگریكارێكی بوێر بن لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران" .
هاوڵاتی سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەرایەتیەکەی لەو وڵاتە. ئەمرۆ پێنج شەممە هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد دەربارەی ئەگەری کشاندنەوەیان لە تاران و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بە تاران، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات. شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران، بەچەندین موشەکی زیرەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوارکەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٦ کەسیش بریندار بوون. دوا بەدوای هێرشەکەش هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە. هاوکات عێراق وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکەی باڵوێزی خۆی لە تاران بانگهێشتکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بڕیاری بۆ گەڕاندنەوەی نوینەرایەتی خۆی نەداوە.
هاوڵاتی تەڤگەری ئازادی ڕەتیدەکاتەوە فریاڵ سلێمان خالیدە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کەرکوک بە دەستڕێژی گولە کوژرا ئەندامی تەفگەری ئازادی بێت و دەڵێت،ئەو ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە، ئێمە هەموو ئەو چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە. جومعە کەریم وتەبێژەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بە ڕۆژ نیوسی ڕاگەیاندووە،" ئەو ژنەی کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە کردەوەیەکی تیرۆریدا شەهید بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە." وتیشی: لە میدیاکانی باشووری کوردستان وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە، ئێمە هەموو ئەو چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە. وتەبێژی تەڤگەر ئاماژەی بەوەشداوە،" ئیدانەی هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی دەکەین، بەرامبەر هەر هاووڵاتییەک بکرێت." ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه لهگهڕهكێكی شاری كهركوك دهستڕێژی گوللـه له فریاڵ سلێمان خالیدەی خەڵی ڕۆژئاوای کوردستان کرا لەلایەن دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێکەوە و شەهید کرا و بکەرانی کردەوەکە هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.
هاوڵاتی ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه لهگهڕهكێكی شاری كهركوك دهستڕێژی گوللـه له ژنێك كرا دهستبهجێ له شوێنی روداوهكه گیانی لهدهستدا. سهرچاوهیهكی ئهمنی له پارێزگای كهركوك رایگهیاند، له گهڕهكی سهرچنار لهنزیك قوتابخانهی سهگرمه لهلایهن ماتۆڕسكیلێكهوه دهستڕێژی گوللـه له ژنێك كرا و دهستبهجێ له شوێنی روداوهكه گیانی لهدهستدا. ئەو ژنە چالاکوانە سیاسییە ناوی فریاڵ سلێمان خالیدە و لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری حەسەکەى ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ سەردانیکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە. دوای رووداوەکەش تەرمی ژنەکە گەیەندراونەتە پزیشکی دادی کەرکوک پۆلیسی کەرکوکیش رایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و بەپێی فەرمانی دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانى تاوەنەکە دەرکراوە.
هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیاریدا بورهان نهمراوی كاندیدی ههڵبژاردنی پێشوهختهی پهرلهمانی عێراق كه له مانگی (تشرینی یهكهم/10)ی 2021 بهڕێوهچو، وهك پهرلهمانتار له ئهنجومهنی نوێنهران له شوێنی محهمهد حهلبوسی دهستبهكاردهبێت. بەگوێرەى بڕیارەکە، بورهان ناسر محەممەد فەهد نەمراوى لە لیستى تەقدووم دەبێتە پەرلەمانتار و جێگەى محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە. كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان لهراگهیهندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردهوه، "كۆمسیۆن له دهستهی كۆمسیاران تاوتوێی یاداشتنامهی دیوانی سهرۆكی ئیدارهی ههڵبژاردنهكانی سهبارهت به پهرلهمانتاری جێگرهوه بۆ محهمهد حهلبوسی كردووه و لهو چوارچێوهیهدا بڕیاریداوه به كاندیدی جێگرهوه بۆ شوێنی محهمهد ڕیكان حهلبوسی له لیستی پارێزگای ئهنبار. بورهان نەمراوى لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراقدا شەش هەزار و 716 دەنگى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار بەدەستهێنا کە بەگوێرەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک خاوەنى زۆرترین دەنگ لە نێو کاندیدە سەرنەکەوتووەکانى ئەو بازنەى هەڵبژاردنە دیاریکراوە کە حەلبووسی تیایدا کاندید بوو و سەرکەوت. رۆژی 14ی (تشرینی دووهم/11)ی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی بهتۆمهتی ساختهكاری، ههڵوهشاندنهوهی ئهندامێتی محهمهد حهلبوسی سهرۆكی پێشوی پهرلهمانی ڕاگهیاند، ئهمهش له پاشخانی سكاڵایهكی یاسایی هات كه لهلایهن پهرلهمانتار لهیس دلێمی له دژی تۆماركرابو.
هاوڵاتی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو گۆڕان کۆنفڕانسی نیشتیمانی دەبەستێت. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی بڕیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی ٦ی ١ی ٢٠٢٤ بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە (٢٠ و ٢١ی ١ی ٢٠٢٤) لە ژێردروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان) لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دوهەمین کۆنفرانسی نیشتمانی خۆی گرێدەدات. چۆمان محەمەدیش کە بە وتەبێژی دوەمین کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە سەبارەت بە کۆنگرەکە ڕایگەیاند، کۆنفڕانسەکە لەژێر ناونیشانی گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەکان بەڕێوەدەچێت و لە پێنج ڕاپۆرتدا بە وردی پێداچونەوە بۆ هەیکەلییەت و دۆخی بزوتنەوەکە دەکرێت. وتیشی، دەیانەوێت بۆ شێوازی سیاسەتکردن بچنە قۆناغێکی نوێوە و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و ڕابردوی نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن. جێگەیباسە بزوتنهوهی گۆڕان ئێستا بهدۆخێكی نائاساییدا تێدهپهڕێت، له دوایین ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراقدا كه له 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021دا بهڕێوهچوو، نهیتوانی هیچ كورسیهك بهدهستبهێنێت، له ههڵبژاردنی 18ی 12ی 2023ی ئهنجومهنی پارێزگاكانی عێراقیش بهشداری نهكرد. له ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراقدا له ساڵی 2010 بزوتنهوهی گۆڕان وهك سێیهم گهورهترین هێزی سیاسی ههرێمی كوردستان دهركهوت، لهسهر ئاستی عێراقدا 487 ههزار و 181 دهنگی بهدهستهێنا و ههشت كورسی مسۆگهر كرد.