هاوڵاتی ئه‌ندامێكی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت، موچه‌ی مانگی (نیسان/4)ی 2024ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ده‌ستپێكردنی ته‌وتین و ڕاده‌ستكردنی داهاتی ناوخۆ، ره‌وانه‌ ده‌كرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە. بەگوتەی سۆران عومەر لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سوودانی گوتوویەتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تازە رازیی بووە کە داهاتی نانەوتی رادەست بکات و بانکی TBIیش دەست بە تەوتین بکات؛ مووچەی مانگی نیسان بە دەستپێکردنی تەوتین و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت". سۆران عومه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "پرسیم ئایا ته‌نها بانكی TBI ده‌توانێت ته‌وتین بكات، وتی به‌ڵێ له‌گه‌ڵیان دانیشتوم ئاماده‌ییان هه‌یه‌، ده‌رباره‌ی قبوڵكردنی (هه‌ژماری من) ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد جارێ ئه‌وه‌ی له‌وێ حسابی بۆكراوه‌ته‌وه‌ قبوڵی ئه‌كه‌ن، ئه‌وی دیكه‌ له‌ تی بی ئای حسابی بۆ ده‌كرێته‌وه‌، موچه‌ی مانگی (نیسان/4)یش به‌ده‌ستپێكردنی ته‌وتین و ڕاده‌ستكردنی داهاتی ناوخۆ دێت". حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی هەیە و عێراقیش پڕۆژەی 'تەوتین'. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هاوئاهەنگی دەکات کە بەشدار بێت لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وەزیری دارایی هەرێمیش  ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە  ئاماژەی دا بەوەی "بانکی TBI بەشدارە لە پڕۆژەی 'هەژماری من'." ئاوات شێخ جەناب گوتی ''هەژماری من، بانک نییە، بەڵکو سیستمە و چەندین بانک لەخۆدەگرێت کە سەرجەمیان متمانەپێکراوی بانکی ناوەندیی عێراقن.''   

هاوڵاتی لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار کاسبکارێک بەهۆی کەوتی کەلەی بارهەڵگر بەسەردیدا گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار لەکاتی گۆڕینی چوپی هەوای ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کەلەی ئۆتۆمبێلەکە بەسەر شاگردی دوکانەکەدا کەوت و لەئەنجامدا گیانی لەدەستدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوەی گیانی لەدەستداوە بەناوی (غەزوان غازی خلیل) لەدایکبووی 2005 دانیشتوی قەزای کەلارە، لەئێستادا تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلارکراوە و خاوەنی دوکانەکەش راگیراوە".

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار روونکردنەوە دەدات و هۆکاری دواکەوتنی بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە و هۆکاری دواکەوتنی مووچە، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقە، هەروەها دەبێت ئەم هەفتەیە پارەی مووچە بگات". ئاماژەی بەوەداوە، "بەراورد بە مانگەکانی دوو و سێ، نەخێر هیچ پارەیەکی زیادە داوانەکراوە لە حکومەتی عێراق"، روونیشیکردەوە، "ژمارەکە کەمێک زیاترە لەوەی دێت ئێمە 969 ملیار دینارمان داوا کردووە و ئەم مانگەش 970 ملیارمان داوا کردووە، بەڵام عێراق نزیکەی 20 ملیارێکی لێ دەبڕێت کە بەشی خانەنشینانە".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئاشکرادەکات و دەڵێت "دوو شەپۆلی دیکەی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشبینیدەکرێت بەهۆی هاتنی هەور لە تورکیا و دروستبوونی هەوری ناوخۆیی ئەمرۆ یەکشەممە تاوە باران و هەوره بروسکە دەستپێبکاتەوە سەرەتاش لە ناوچەکانی بادینانەوە دەبێت و دواتر بۆ سنوری هەولێر و ئینجا کۆیە و ئیدارەی راپەرین، دواتر ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و دەوروبەریان دەگرێتەوە ئەگەری هەیە بەشێکی ناوچەکانی گەرمیانیش بگرێتەوە". ئاماژەی بەوەشکر، "چەقی کاریگەری ئەم حاڵەتە بە زۆری کاتەکانی نیوەڕۆ و دوانیوەڕۆ بۆ کاتەکانی مەغریب دەبێت لە بەشێک شوێن ئەگەری تاوەبارانی بەهێز هەیە لەگەڵ روودانی هەوره بروسکە و تەرزە وە تەرزەی قەبارە گەورەش ئەگەر کراوەیە بۆ هەندێک شوێنی دیاری نەکراو هاوکات لەکاتی تاوەکاندا خێرایی با زیاد دەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیه لە هەندێک شوێن و دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێن ئەگەرێکی کراوەیە تایبەت ئەو شوێنانەی تاوەی بەهێز دەیانگرێتەوەو مەترسییان لەسەرە". ئەو شارەزای کەشناسە وتی، "دووبارە لە درەنگانی ئەمشەوە بۆ سبەی دووشەممە بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی تری بەرفراوان و چالاکی دەریای ناوەڕاست کە بارانی تر بەو هۆیەوە دەستپێدەکاتەوە بەشێوەی گشتگیر کە تا چوارشەممە کاریگەری دەمێنێتەوە ناوبەناو بۆ چوارشەممەش ئەگەری رێژنەی لابەلا هەیە لەمەودای کاریگەری ئەم شەپۆلەشدا پێشبینی بارانێکی زۆر باشی لێدەکرێت، هەروەها بارانی زۆریش لەو ناوچانە دەبارێت کە لە حاڵەتی پێشتر تێیاندا کەمتر باری بەنسبەت ناوچەکانی تر وەک بیتوێن و پشدەرو کۆیە  پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 4 پلە دادەبەزێتەوە لە شاخە زۆر بەرزەکان ئەگەری بارینی بڕێک بەفر هەیە لەگەڵ رودانی هەورە بروسکەی بەهێز و ئەگەرەکانی روودانەوەی لافاو لەسەر بەشێک ناوچە تایبەت ئەو شوێنانەی مەترسیان لەسەرە". وتیشی، "لە هەفتەی دوا تریشدا شەپۆلێکی دیکەی باران دەرکەوتووەتەوە، بەڵام بەهارە و گۆڕانکاریەکان خێرا رووەدەن لەگەڵ جێگیربوونی باسی دەکەین".

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی  هەپەگە رایگەیاند هێزەکانیان هێرشیان کردوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە هەرێمی مەتینا و لە ئەنجامی هێرشەکە 15 سەربازی تورکیا کوژراون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی  هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 5/4/2023 کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیدا هێزەکانیان چاودێری جموجوڵی سەربازەکانی تورکیایان لە هەرێمی مەتینا دەکرد. لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتژمێر 7:45 لە مەودایەکی نزیکەوە بە نارنجۆک، چەکی سوک و چەکی نیو ئۆتۆماتیل هێرشکرایە سەر هێزەکانی تورکیا و 15 سەربازی تورکی کوژران و پێنج کەمپ و دو سەنگەر تێکشکێندران. هەپەگە ئەوەشیخستۆتەڕووکە ، لە رۆژانی 2، 3 و 4ی مانگی (ئایار/5) چیای شەهید رەشید، دەشتی کافیا لە هەرێمی گارە شەش جار بۆردومانکران، هەروەها لوتکەی مەتینا و دەرگەلێی مەتینا سێ جار بۆردومانکران، جگە لەوەش هەرێمی ئاوی لۆلانی خواکورک یەکجار لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە بۆردومانکرا.  

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهەماهەنگی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، گەورە بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا کە لە سنورەکانی نێوان عێراق و سووریا کاری بازرگانیی کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 05-04-2024، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو گەورە بازرگانەی مادەی هۆشبەر، دەستیش گیراوە بەسەر "سێ کیۆگرام و نیو" ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچەی چەک. باسی لەوەشکردووە کە بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا کاری بازرگانیی کردووە و لە هەفتەی رابردوودا مادەی هۆشبەری ناردووەتە بەغدا و دەستی بەسەرداگیراوە. ئاسایشی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ورد لەسەر بوونی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ٢٠٢٤/٥/٤ توانرا تۆمەتبار (ئ ، م ، ح)دەستگیربکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر بڕی ( سێ کیلۆ گرام و نیو )ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەکی تۆمەتباردا گیرا.  له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمدا ئەوەش هاتووه‌، "تۆمەتبار لە ڕابردوودا چەندین جار لەهەوڵی دەستگیرکردنیدا بەچەک ڕووبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بۆتەوە و هەڵاتووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی (٢٥)لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە."

هاوڵاتی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شاد له‌ شاری هه‌ولێر، شه‌ڕ له‌ نێوان دوو خێزان روویداوه‌و سێ کەس برینداربووه‌، هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش چونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و دۆخه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵ كردوه‌.  موقه‌ده‌م ئه‌رده‌ڵان فاتیح گوته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر شەوی شەممە 5/4/2024 به‌ میدیاکانی راگه‌یاند، شه‌ڕه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی شادی له‌ نێوان دوو خێزان به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بووه‌. وتیشی، كه‌سێك له‌ شه‌ڕه‌كه‌ بریندار بووه‌ و هێزه‌كانمان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ بوونه‌ و كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌یان كردووه‌. ئەوەشی روونكرده‌وه‌، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاوبه‌شی شه‌ڕه‌كه‌ بوون، له‌لایه‌ن ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌‌ ده‌ستگیركراون. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، لەروداوەكەدا سێ ئەندامی یەك خێزان برینداربون، برینی كەسێكیان سەختە.

هاوڵاتی ته‌ندروستیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا نوێترین زانیارییەکانی سەبارەت بەو هاوڵآتییە بڵاوکردەوە کە لە نەخۆشخانەی شار گومانی توشبوون بە تایخوێنبەربونی لێدەکرا. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 4/5/2024 لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هاوڵاتیەكی تەمەن 23 ساڵ دانیشتووی پارێزگای کەرکوك کاتژمێر 3ی شەو سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار-ی كرد کە تەندروستی ناجێگیر بوو. لە راگەیەنراوی تەندروستی سلێمانی ئاماژەبەوەکراوە ،دوای ئەنجامدانی پشکنینە سەرەتاییەکان و دەرکەوتنی نیشانەکانی کە هەمان نیشانەی تای خوێنبەربوونە، ڕاستەوخۆ خرایه‌ قاوشی تایبەت و جیاکراوە و پشکنینی تایبەتی لێ وه‌رگیرا و پشكنینه‌كانی بۆ تاقیگەی تەندروستی ناوەندنی  لەبەغدا ره‌وانه‌كرا. ئەوەشخراوەتەڕو، دوای گەڕاندنەوەی ئەنجامەکان دەرەوکەوت ئەو هاوڵاتیە توشبوی ڤایرۆسی تای خوێن بەربونە ڕاستەوخۆ دەستکرا بەچارەسەرەکانی بەپی پرۆتۆکۆڵی زانستی دوای وەرگرتنی چارەسەر بۆ ماوەیهەشت ڕۆژ ئەمڕۆ شەممە بەتەندروستیەکی باشەوە  ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.  

هاوڵاتی   دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەنە حکومەت و دەڵێن، "گەورەترین ناڕەزایی لە سەرشەقامەکان پیشانی ناوخۆ وعێراق دەدەین". ئەمڕۆ شەممە، 4ی ئایاری 2024، لە راگەیەندراوێکدا دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مامۆستایانی سەرمەشق و هەڵگری. مەشخەڵی گۆڕانکاری راستەقینە بزوێنەر وداینەمۆی خەباتی مەدەنی سەربەخۆ فەرمانبەرانی ستەملێکراو خانەنشینانی دووجار قوربانیی دەستی دەسەڵاتی کوردی؛ دەسەڵاتی مووچە دزی کوردی، وادیارە هێشتا تێری نەخواردووە لە ئازاردانی مەبەستداری هەمووان بێ جیاوازی". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەبەرئەوە پێداگرە لەسەر عینادی و سوورن لەسەر تاڵانکردنی گیرفانتان و سەپاندنی هەژماری بەدناویان لەژێر ناوی جیاجیادا ئەم دەسەڵاتە بە مەبەست نایەوێت بانکەکانی رەشید و رافیدەین بە کاری تەوتینی مووچەکانتان هەستن و لەمپەر وڕێگری جۆراوجۆر دروستدەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە تەوتین وهاوتاكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبانکە عێراقییەکاندا". ئەوەشخراوەتەڕوو، "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی مژدەی رزگاربوونی یەکجاری بوو لە دەست چەتە سیاسیەکان ،بەڵام بەداخەوە هەر رۆژە و بە بیانوویەک رێگری دروست دەکەن لەبەردەم بڕیاری دادگەدا. دەستەکەمان پشت ئەستور بە ئیرادەی خۆپیشاندەران و ئێوەی ئازیز دژی سەرجەم پیلانگێڕی و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی دەسەڵاتی مووچە دزی کوردیە لەگەڵ ئەو هێزە عێراقییانەی موجامەلە و هاوکاریانن لەو کارە نەگریس ودژ بە یاسایەدا". باس لەوەشکراوە، "هەموومان بەیەک دەنگ رایدەگەیەنین کە ئامادەین ئەم پیلانگێڕییەی دەسەڵات لەگۆڕ بنێین و گەورەترین ناڕەزایی لە سەرشەقامەکان پیشانی ناوخۆ وعێراق بدەین، هەتا هیچ کەس و لایەنێک جورئەتی ئەوە نەکات ویستی نەگریس و حەزی نەخۆشی بسەپێنێت بەسەر هەموواندا ئێمەی چینی مامۆستایان و فەرمانبەران وخانەنشینان، تەنها و تەنها بە تەوتین کردنی مووچەکانمان لە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین رازی دەبین و سەرجەم بانک و هەژمارەکانی تری دوکانە سیاسی و بازرگانییەکان رەتدەکەینەوە بانکێک پێشتر نەیتوانیبێت پارەکانی خۆی لەدەستی چەتەکانی هەرێم بپارێزێت، چۆن گەرەنتی موچەی سەدان هەزار فەرمانبەردەکات، لەکۆتاییدا هۆشداری ئەدەینە هەمووان کە یاری بە ئاگر نەکەن و ئارامی مامۆستایان وفەرمانبەران تاقی نەکەنەوە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە، 4ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ لێزمە باران و هەورە بروسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها ئاراستە با بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەبێت و پلەکانی گەرمای ئەمڕۆکەش هاوتای دوێنێ دەبێت، واتە بەشێوەیەکی گشتیی کەشەوهەوای هەرێمی کوردستان فێنک دەبێت". سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەی یەکشەممە 5ی ئایاری 2024 ئاماژە بەوەکراوە، "ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی تاوە باران لە هەندێ کات و شوێن، بەڵام ڕیژەی باران لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت بەراورد بە سەنتەری شارەکان، هەروەها پلەکانی گەرما بە نزیکەی سێ پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆماری ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی  بەم شێوەیە دیارکراوە: هەولێر : 25  سلێمانی : 21  دهۆک : 23 کەرکوک : 26 هەڵەبجە : 24 زاخۆ : 23 سۆران : 20 حاجی ئۆمەران : 15 گەرمیان : 29

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد  لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی قەیوان لە شاری سلێمانی کرێکارێک لە نهۆمی 17ی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ شەممە، 4ی ئایاری 2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرێکارێک لەکاتی کارکردن کەوتەخوارەوە و لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد، "کرێکارەکە تەمەنی لەنێوان 23 بۆ 24 ساڵانە و خەڵکی کۆبانێیە و پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە". بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بێت لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا له شارەکانی هەرێمی کوردستان 12 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.  

هاوڵاتی  جێگری بەڕێوەبەر ئۆفیسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامانجی حکومەت لە پرۆژەی هەژماری من سوودمەندبوونی هاوڵاتییانە لە پاکێجەکانی بانکە حکومی و ئەهلییەکان. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەر ئۆفیسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "ئامانجی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی "هەژماری من" ئەوەیە کە هاوڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن". ئاماژە بەوەشدەکات، "لە بابەتی پڕۆژەی هەژماری من حکومەت دەیەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکومی، ئیسلامی، نیودەوڵەتی و تایبەتەکان بخاتە بەردەستی هاوڵاتییان، تاوەکو سوودمەندبن لە پاکێجەکان". حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی پێدانی مووچە لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" کردووە و پرۆسەکە بەردەوامی هەیە و بەشێکی زۆری فەرمانبەران بوونەتە خاوەنی ئەو هەژمارە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمشەو ئاسمانى هەرێم نیمچە هەور بۆ هەورى تەواو دەبێت لە دوای نیوە شەو بارانى بەلێزمەو هەورە تریشقەى بچڕ بچڕ دەبێت بەتایبەت لە کاتەکانى بەرەبەیاندا لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم". بارانى 12 کاتژمێرى هەندێک لە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان: هەولێر 2.2 ملم پیرمام دڵۆپ دڵۆپ سلێمانى 13.7 ملم چەمچەماڵ 24.2 ملم دهۆک 2.5 ملم زاخۆ 0.8 ملم  شەقڵاوە 0.5 ملم شەمامک 1.9 ملم ئاکرێ 4.4 ملم ئامێدى 4.4 ملم بامەرنێ 8.4 ملم بارزان 0.4 ملم بازیان 23.3 ملم دەربەندیخان 22.4 ملم حاجى ئۆمەران 1.0 ملم هەڵەبجە 35.6 ملم هەڵشۆ 7.2 ملم خەبات 3.6 ملم مەیدان 21.6 ملم سۆران 1.0 ملم پێنجوێن 8.4 ملم ماوەت 17.2 ملم سیدەکان 10.2 ملم کەرکووک 27.6 ملم دووز 4.6 ملم خانەقین 4.8 ملم

هاوڵاتی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسایبوونەوەی دۆخی کارەبای راگەیاند و ئاماژە بەوەدەکات، رۆژانە 17 بۆ 19 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دەدرێت. ئەمشەو هەینی 3ی ئایاری 2024، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ بەتەواوی توانای خۆی بەرهەمهێنانی غازی دەستپێکردەوە، لەئێستادا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و رۆژانە 17 بۆ 19 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دەدرێت". هەروەها هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای دانە غاز رایگەیاند "بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکەدا ئاسایی بووەتەوە و بەرهەمهێنانی غاز گەیشتووەتەوە 500 ملیۆن پێ سێ جا، کە هەمان ئاستی پێش هێرشەکەی سەر کۆرمۆرە". ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو هۆشداری بە هاوڵاتییانی سنووری قەزای دەربەندیخان و ئیدارەی گەرمیان دەدات. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو رایگەیاند "لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارین و دروستبوونی لافاو بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاد دەکرێت و ئاستی ئاوی رووباری سیروان بەرز دەبێتەوە، هەربۆیە داوا لە دانیشتوانی سنووری گەرمیان و دەربەندیخان دەکەن لەپێناو سەلامەتی و دووربوونیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە روبارەکە و بەنداوەکە دوور بکەونەوە تا ئەو کاتەی شەپۆلەکە ئاسایی دەبێتەوە". ئاماژە بەوەکراوە "لە لەگەڵ کردنەوەی ئەو دوو دەرگایە، سپیلوەی دێوانە و تەواوی چەمەکانی تر لە بەری باوەنور و بەری مەیدان کە راستەوخۆ دەڕژێنە رووبارەکەوە دەکرێنەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاو لە رووباری سیروان بەرز دەبێتەوە". باس لەوەش کراوە، پێویستە دانیشتوانی سنووری گەرمیان بەتایبەت ئەوانەی لە نزیک چەمی ئەو رووبارەن یاخود لە خوارەوەی بەنداوەکەن لە رێڕەوی روباری سیروان دوور بکەونەوە و خۆیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بپارێزن.