هاوڵاتی پۆلیسی چالاکەمەدەنییەکانى سلێمانى ڕێگەینەدا مامۆستایانى ناڕازى کۆنگرەى رۆژنامەنوسی ئەنجامبدەن لەسەر دەستگیرکردنى مامۆستایان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییە. بریاربوو کاتژمێر ٨ی ئەمشەو مامۆستایانی ناڕازی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکەن لەبارەی ھەلوێستییان بەرامبەر دەستگیرکردنی بەشێک لە ھاوڕێکانیان کە ئەمرۆ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر ڕاگیران، بەڵام ھێزە ئەمنیەکان ڕێگەیان نەدا کۆنگرەکە بکرێت و ھێزێکی زۆر لە شوێنی دیاریکراوی کۆنگرەکە کۆکراوەتەوە. سەڕەڕای ڕێگرییەکان مامۆستایان لە ڕەوشێکی ئەمنی تونددا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام داو ڕایانگەیاند،" سبەینێ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا بە دروشمی بەردەوامی و کۆڵنەدان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین ". ڕاشیانگەیاند، " داوا لە فەرمانبەران و کاسبکاران و بەخێوکەری خوێندکاران دەکەین بەشداربن وهەموان پێکەوە دژی زوڵم و ستەم لەسەر شەقام  دەوەستینەوە ". سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆنگرەکەیان لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا مامۆستایان ڕایانگەیاند لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە ڕێگرییان لێکراوەو دەشڵێت،" نوێنەرانی مامۆستایان لە ئوتومبێلی جیاجیادا ڕۆشتون و بە دوای ئوتومبێلەکانیانەوە بوون". جێگەیباسە چەند سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانییەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە ، لە سبەینێوە مامۆستایان غیاب دەدرێن گەر لە بایکۆت بەردەوام بن؛ مامۆستایانی وانەبێژ تا ٢٣ ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن و مامۆستایانی میلاکیش گەر لە بەیانییەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن. بڕیاریشە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە."  رۆژی 8ـی ئەم مانگە پەروەردەی گشتیی سلێمانی ساڵنامەی نوێ خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، بڕیار بوو رۆژی 9ـی ئەم مانگە دەوام لە سنوورەی پارێزگای دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 دەبێت تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەبچێت.  ئەم رێکارە تووندانەی پەروەردەی گشتیی سلێمانی لە کاتێکدایە،  بەیانی ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستایان لە شاری سلێمانی و پارێزگاو قەزاو ناحییەکان بانگێشتی ئاسایشی سلێمانی کران و مامۆستایانی سلێمانی بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر لە ئاسایش دەستبەسەربون.  

هاوڵاتی دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو  تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت کردن." نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای بانگێشتکردنیان بۆ ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکران. لەم بارەیەوە ئاوات ئازاد یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵآتی وت، " نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشەوە پەیوەندیمان پێکرا داوایان لێکردین سەردانی بنکەی ئاسایشی سلێمانی بکەین بەو پێیەی ئێمە لە ڕێگەی بەغدا بوین و هەشت نەفەر بوین نەڕۆشتین بەڵآم پەیوەندی بە هاوکارانمانەوە کراوەو دوای سەردانکردنیان دەستبەسەرکراون". وتیشی،"  ئاسایشی سلێمانی تەنها لە سنوری سلێمانی بانگی مامۆستایانی نەکردووە و لە سەرجەم قەزاو ناحیەکان و شارەکانی دیکەی هەرێمیش نوێنەری مامۆستایان بانگی ئاسایش کراون و دوای دووکاتژمێر مانەوەیان ئازادکراون". بەرپرسێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانیش بە هاوڵاتی راگەیاند، هیچ مامۆستایەک دەستگیرنەکراوە، تەنیا ژمارەیەک مامۆستا بانگهێشتکراون و بە بڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە راگیراون. و دواتر ئازادکراون . سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵآتی وت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیراون." سەبارەت بە هۆکاری بانگکردنی ئەو مامۆستایانە بۆ ئاسایشی سلێمانی وتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە ". ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ڕونکردەوە کە لە ئێستادا سەرجەم ئەو مامۆستایانە گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان و لە ئاسایش نەماون. ئەمەش لە کاتێکدایە، ، بڕیارە سبەی لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان بەڕێوەبچێت و لە بارەی خۆپیشاندانەکەشەوە ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، " بەڵێ لەناو گفتوگۆکانماندا باس لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێش کراوە". هاوکات بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر هەشت مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی خۆیان سەبارەت بە بایکۆت و پێشهاتەکانی ئەمڕۆ بگەیەنن ،چاوتان لەسەر هاوڵاتی بێت  

هاوڵاتی  دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو  تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت و دەشڵێن فشارەكانتان رابگرن، چونكە بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان و پاشەكشە ناكەین و رۆژی یەكشەمە هەموان لەسەر شەقام دەبین" ئەمڕۆ دەستگیركران.    بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتون، "ژمارەیەك مامۆستای ناڕازی و وانەبێژ لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەناوی چاوپێكەوتنەوە بانگهێشتی ئاسایشی سلێمانی كراون و تائێستا دەستبەسەرن". هاوكات عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمڕۆ ژمارەیەكی دیار لەمامۆستایان و وانەبێژانی هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەكان دەستگیر كراون". ئەوەشی خستوەتەڕوو "زیاتر لە 100 ڕۆژە مامۆستایان بەشێوازێكی مەدەنی و شارستانیانە داوای مافی یاسایی خۆیان دەكەن لەمووچەو پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی وانەبێژان، حكومەتی هەرێم یەك هەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان". "حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لەبری جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، پەنای بردوەتە بەر دەستگیركردن و هەڕەشەكردن، مامۆستا شایانی ڕێزلێگرتنە نەك بێ ڕێزی پێكردن". عەتا ئەحمەد وا دەڵێت.

هاوڵاتی  ژووری بازرگانی دهۆك رایگەیاند لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بەرهەمی ئێرانی دەكەن بۆ بازرگانەكانیان تا بە بەرهەمی وڵاتانی دیكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك پڕبكەینەوە. ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك ئەمڕۆ 20ی كانونی دووەمی 2020، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی كاڵای ئێرانی لە بازاڕەكانی دهۆكدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بەووردی لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەكەین، تاوەكو بە بەرهەمە خۆماڵییەكان و بەرهەمی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك و كوردستان پڕبكرێنەوە". ئەوەشی خستوەتەڕوو "یەكێك لە پلان و كارەكانی ئێمە ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەكان بەگوێرەی ستانداردی جیهانی ببەینە ئاستی بەرهەمی وڵاتان، تا لەساڵانی داهاتوودا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ببەستین لە جیاتی بەرهەمەكانی دەرەوە". شەوی رابردوو ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر لە راگەیەنراوێكیدا بڕیاریدا بەهۆی هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر بایكۆتی كاڵای ئێرانی بكەن ئەوەشی راگەیاندبوو "داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەكەین، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێت، بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن"    

رێكخەری گشتی گۆڕان رایگەیاند بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی ئەو كارنامەیەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەم كابینەیەدا كردویەتی رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكە،  بەشێكیش لەگۆڕانەكانیش بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە، دەشڵێت لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێكیدا لەدووەمین كۆنفرانسی بزوتنەوەكەیان رایگەیاند "هیوادارین كۆنفرانس سەكۆی كاری پێكەوەیی و بەخۆداچونەوە بێت لەشێوازی كاركردندا، داوای لێبوردنیشتان لێدەكەین كۆنفرانسی دووەم لەبەر زۆر هۆكاری ناوخۆی و بابەتی لەكاتی خۆیدا نەبەسترا، بەڵام بۆ كاری هەستانەوەی گۆرَِان هیچ كات درەنگ نیە، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەئیرادەكی پتەوەوە هەنگاو بۆ رۆژگارێكی باشتری بزوتنەوەی گۆڕان بنێین"، " مەرگی نەوشیروان مستەفا بۆشاییەكی جەرگبڕ بوو، بزوتنەكەمانی روبەڕووی كۆمەڵێك تەنگەژەو ئاڵنگاری كردەوە كە تائێستاش ئاسەوارو كاریگەرییەكانی ماون". عومەر سەید عەلی وای وت. رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند" مامەڵەی یەكێتی و پارتی لەبەغداد بۆ خۆیان یان هەریەكەیان بەتەنها وایانكردوە رۆڵی لایەنەكانی تر پشتگوێ بخەن و لەهەوڵی پلەو پۆستدابن بۆ خۆیانن". وتیشی "ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان لەژێر بارێكی دارایی قورسدا دەژین و مووچەو بودجە بەسیاسی كراوەو ئەوەش بەهۆی سیاسیەتی هەڵەی بەناو ئابوری سەربەخۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن". عومەر سەید عەلی ئاشكراشیكرد "لەبەردەم لێكەوتەوەو مەترسی نوێداین، بەهۆی ناتەبایی و پەرتەوازەی هەرێمەوە دەشێت پریشكی شەڕ هەرێم بگرێتەوە كە هیچ گەرەنتیەك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەئارادا نیە". ئەوەشی خستەڕوو "لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووەو مەترسی وڵاتانی هەرێمی لەسەر حكومەتی هەرێم زیاتر بووە، بەتایبەت دابەشبوونی دوو حزبەكەی هەرێم بەسەر وڵاتانی هەرێمی". ئەوەشی وت " گەندەڵی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و بنەماڵەی هۆكاری سەرەكی لاوازبوونی پێگەی هەرێم، بێباكی پارتی و یەكێتیش بەرامبەر داخوازی خەڵك مەترسیەكی جدییە لەسەر هەرێم بەئاڕاستەی روكردنە  بەغداو پشتكردنە دەسەڵاتی خۆماڵی". لەبەشێكی تری وتارەكەیدا رێكخەری گشتی گۆڕان رەخنەی توندی لەئەدای تیمی حكومی بزوتنەوەكەی گرت و وتی "بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی كارنامەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی گۆڕان لەحكومەت، بەئاڕاستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی هاووڵاتیان". ئەوەشی وت"بەشێك لەگۆڕانەكان بەهۆكای شەخسی و بەرژوەندی تایبەت پابەند نەبوون بە بەڵێنی سیاسی و یاسای و ئەخلاقیەكان و بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە".  

هاوڵاتی  گوڵاڵە وەتەندوست، پارێزەرو چالاكی بواری ژنان و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵكی مەریوان و دانیشتوی سنە، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بە پێی هەواڵێك كە ناوەندی هەواڵی كوردپا بڵاویكردۆتەوە "لقی یەكی دادگای ئینقلابی سنە بەسەرۆكایەتیی دادوەر كەرەمی، بەتۆمەتەكانی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی دروستكردنی گروپ و بەڕێوەبردنی دەستە و گروپ، كۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و خراپ نیشاندانی دۆخ، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندكرانی هەڵپەسێردراوی بەسەر ئەم چالاكە كوردەدا سەپاندووە". كۆتاییەكانی مانگی 6ی ساڵی 2023، كۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بەتۆمەتەكانی ئەم پارێزەرە لە لقی ناوبراودا بەڕێوەچوو، دۆسییەی گوڵاڵە وەتەندوست پاش ناڕەزایەتی دەربڕین ڕادەستی دادگای پێداچوونەوە كراوە. گوڵاڵە وەتەندوست، لەڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی 3ی 10ی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانەوە لە سنە دەستبەسەر كرا، دواتر  بە دانانی بارمتەی یەك ملیار تمەن لە بەندیخانەی سنە ئازاد كرا. هەروەها رۆژی22ی 2ی 2021، گوڵاڵە وەتەندوست بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەتی پێوەندیدار بەداكۆكی لە مافی ژنان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان  كراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرا.\

شوان عەباس بەدری  لەبەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 2024/1/15 ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەتۆڵەی کووشتنی فەرماندە باڵاکانی سووپای پاسداران و بەرەی بەرگری لەسووریا و لوبنان و بەمەبەستی داکووتینی بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەناوچەکە، چەند هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش بۆ سەر هەولێر  ئەنجامداوە. هەرچەندە ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تازە نین و لەماوەکانی رابردووشدا سوپای پاسداران بەبیانووی داکووتینی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی هاوشێوەی ئەنجامداوە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە هێرشەکە لەگەرمەی کەف و کوڵ و کۆڵانی ناوچەکەو ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلیدا، جیاوازترو پەیامەکەی بۆ لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم و هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا تووندترو روونتر بێت، بەتایبەتیش کەئێران ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی ئەو ئەرکە بەباڵە چەکدارییەکانی خۆی لەناو عیراق بسپێرێت، راستەوخۆ خۆی ئەم ئەرکەی گرتەئەستۆو هێرشەکانی ئەنجامدا. هەتا ئێستاش دیار نییە کەئێرانییەکان وەک هێرشە مووشەکییەکەی  8ی کانوونی دووەمی 2020ی  سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار کە لەتۆڵەی کووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سووپای قودس  لەژیر ناوی "چالاکی شەهید سولەیمانی"، پێشتر ئەمریکییەکانی ئاگادارکردووەتەوە یان خود نا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە رەنگە دوای ئەم هێرشانەی ئێران، جەنگی بەوەکالەتی وڵاتە ئیقلیمییەکان و ئێران لەلایەک و ئەمریکاو ئێران لەلایەکی ترەوە لەڕێی باڵەکانیان لەناو عیراق بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی و سوریاو لوبنان و یەمەن تووندترو چڕتربێتەوە . ئاشکراشە گەر ئەو گریمانەیەی پێکدادنی باڵانە رووبدات، ئەوا کوردو قەوارەی هەرێم  یەکەم زەرەرمەندی ئەو جەنگە بەوەکالەتەی نێوان زلهێزە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێت، بە تایبەتیش کەکورد ئەزموونێکی ناخۆشی لەگەڵ ئەم جۆرە ململانێ بەوەکالەتەی هەیە. هەرچەندە دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەولێر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئەمریکاو بەریتانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکانیان کردو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی کردو تۆمەتەکانی ئێرانی رەتکردەوەو هێرشەکانی بەکاریکی دوژمنکارانە وەسفکرد، بەڵام ئاخۆ ئەم ئیدانە و رەتکردنەوانەی تۆمەتانە تاچەند لەرزە بەگیانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستە باڵاکانی ئێراندا دەهێنێت، بەتایبەتیش ئیران کە لەڕێی گروپ و میلیشیا شیعەکانی پەیوەست بەخۆیەوە، لەڕێی درۆنی بۆمبرێژکراوو موشەکەوە ماوە ماوە هیرش دەکاتەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەک چۆن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەدوای هێرشەکان رایگەیاند، لەساڵی 2020 وە هەولێر لەلایەن سووپای پاسدارانەوە بەبیانووی جیا جیا، کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەک و درۆنەوەو دان بەخۆداگرتنمان سنووری هەیە.  بەڵام لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، چۆن و بەچ شێوەیەک وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە دەداتەوە کەدەکرێتە سەر شارەکانی ژێر دەسەڵاتییەوەو توانای بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و هێرشی هەیە بۆ ناوخۆی ئێران و بنکەو بارەگاکانی سوپای پاسداران و باڵە چەکدارەکانی لەناوخۆی عێراق؟ خۆ گەربێتو بەنیازبێت کارتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێرانی ناو هەرێمی کوردستان لە دژی ئیران بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ هەموان روون و ئاشکرایە کەوەڵامی ئێران چۆن و بەچ شێوەیەک دەبێت، هەرچەندە بەبڕوای زۆربەی چاودێرەکان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، نە توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارەیان هەیەو نە هێزو چەکێکی ئەوتۆیان هەیە کەبتوانن بەپێی پێویست بەرگری لەخۆیان بکەن.  هەرچی ئەمریکاشە هەرگیز بەرژەوەندییە باڵاکانی نە لەبەر کوردو نە لەبەر هیچ لایەن  و دەوڵەتێکی دیکە ناخاتە مەترسییەوە.  لەلایەکی دیکەوە دوای هێرشەکان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ڵێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکان دەرکرد، بەڵام روون و ئاشکرایە کەئەم فەرمان و بڕیاڕە تەنها بۆ سڕینەوەی عارەقی شەرمەزاری حکومەتی ناوەندە لەبەرامبەر بەزاندنی بەردەمی ئاسمان و خاکی عێراق و هیج شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نابێتەوەو تەنها بۆ ئیستهلاکێکی ناوخۆییەو هیچی تر. هەرچەندە مێژووی پەیوەندییەکانی  کورد لەکوردستانی عیراق و ئێرانییەکان چ لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی و چ لەسەردەمی دوای رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنەکایەی کۆماری ئیسلامی ئێران، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیەو مێژووی ئەم پەیوەندیانەش بەپێی پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم هەورازو نشیوی بەخۆوە بینیوە ، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە سەرەڕای نشێوییەکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەو پەیوەندییانە تا رادەیەکی باش پاریزراون و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی نەیانهێشتووە داری ئەو پەیوەندیانە لەڕەگەوە وشک ببێتەوە. لەڕاڤەی پەیوەندییە سیاسییەکانیشدا قسەیەکی کلاسیکی باو هەیە کەدەڵێت: لەسیاسەتدا کەس تاسەر دۆست و دوژمن نییە. ئەم قسەیەش لەئێستادا پراوپڕ پڕ بەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیرانە.  بەتایبەتیش وەک باسمان کرد، گەر بیتۆ چاوێک بەمێژووی ئەم دوو لایەنە ناکۆکە رووکەشە دۆستەی پشت پەردەکە بخشێنین، ئەوا دەبینین کە لایەنی ئێرانی چەندین جار لەمیژووی شۆڕشەکانی کوردی باشوور، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی  پشتی کوردەکانی بەرداوە، بەڵام بەرپرسە باڵا پلە یەکەکانی ناو شۆڕشەکەی بەپێی گرنگییان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران چ لەو سەردەمە و چ لەئەگەری داهاتوو لەناو خاکی خۆی داڵدە داوەو زەقترین نموونەی ئەو پشتبەردان و دەستهەڵگرتنە ئاشبەتاڵی 1975 و رێکەوتنی نێوان موحەمەد رەزا شای پەهلەوی و رژێمی بەعسی پێشوو بوو و دەتوانین جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقی سەردەمی سەدام و خومەینیش بەفریادڕەسێکی باش بۆ پشتگیریی هەمەلایەنەی شۆڕشی کورد لەو سەردەمە بزانین، گەر نا رەنگە ئاخوندەکانی ئێرانیش، هاوشێوەی رژێمەکەی پەهلەوی، بەڕێکەوتنێکی ستراتیژی سنوورەکانی خۆیان بە رووی کورددا دابخستایەو بەپێی پێویست یارمەتی لۆجیستی شۆرشەکەیان نەدایە. هەرچەندە لەئێستادا ئێران زۆنی زەرد بەناوچەیەکی بەهەشت ئاسا بۆ بنکە سیخوڕی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا راڤە دەکات و تێبینییەکی زۆریشی لەسەر زۆنی سەوز هەیەو هاوشێوەی زۆنی زەرد، بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوردومان کردووە، بەڵام دەبێت راستییەک بزانین کەمانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی بەم هێرش و پەلامارانە کۆتایی نایەت و بابەتی پشت پەردەکان زۆر زیاترن لەو بابەتانەی کە لەمیدیاکان باس دەکرێن و تیشکیان دەخریتەسەر. لەکۆتاییدا لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و کێشەو جەنگ و ململانییەی ناوچەکە پرسیاریک خۆی قووت دەکاتەوە کەئاخۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان لەئەگەری ئەو جەنگە بەوەکالەتە سووتینەرە بەدووربگرن و درێژە بەمانگی هەنگوینی پەیوەندییە ئاشکراو نهێنییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بدەن، یان خود نا لەژێر گووشاری وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان کۆتایی بەو هاوسەرگیرییە کاتۆلیکییە دێنن و مانگە هەنگوینییە چەندین ساڵەکەیان پێش دڵنیابوون لەڕووخاندنی کۆماری ئێران دەکەن بەخەزانی هێرشی مووشەکی و درۆنی؟ بێگومان هێرشی دوای کۆتایی هاتنی مانگە هەنگوینییەکەش وەک هێرشەکانی پێشووتر نابێت و بەرپرسانی هەریمیش باش ئەم راستییە دەزانن.      

هاوڵاتی  كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان رایگەیاند هەرێمی كوردستان لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە كە بەتۆمەتی تیرۆرو دژە دەوڵەتبون دەخرێتە پاڵ رۆژنامەنوسان و دەخرێنە زیندانەوە. كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە "هەرێمی كوردستان هاوشێوەی میسر، سعودیە، مەغریب لەم ساڵانەی دواییدا تۆمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، تیرۆرو تۆمەتی دژە دەوڵەتی لە دژی رۆژنامەنوسان فراوانتر كردوە". كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردوە "لەمەغریب و جەزائیر هیچ حاڵەتێكی نوێی زیندانی كردنی رۆژنامەنوسان تۆمار نەكراوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان چوار رۆژنامەنوس لە زیندانن كە یەك حاڵەتیان نوێیە". هەریەك لە رۆژنامەنوسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوكری بە تۆمەتی جیاجیا لە زینداندان و ماوەی نزیكەی سێ مانگیشە سلێمان ئەحمەد لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتی رفێندراوەو بێسەروشوێنكراوە. ئەوەشی خستوەتەڕوو " لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میسر خراپترین وڵاتە بۆ زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان و هاوشێوەی توركیا، پلەی هەشتەمی لە جیهاندا گرتوە بەدەستگیركردنی 13 رۆژنامەنوس و سعودیە لە ریزبەندی نۆیەمدایە بە دەستگیركردنی 10 رۆژنامەنوس".  

هاوڵاتی  بزوتنەوەی گۆڕان دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەكات و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش چاودێری كارەكانی دەكات. ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی بڕیار و ڕاسپاردەی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژانی شەممەو یەكشەممە بەدروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێكی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان) دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی سازدەكات. بەپێی زانیارییەكانیش نزیكەی 900 ئەندام بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش چاودێری كارەكانی دەكات، لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكەشدا راپۆرتی لیژنەكان دەخرێتەڕوو، لە دووەم رۆژیشدا راپۆرتەكان دەخرێنە دەنگدانەوە.  چۆمان محەمەدیش کە بە وتەبێژی دوەمین کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە سەبارەت بە کۆنگرەکە ڕایگەیاند، کۆنفڕانسەکە لەژێر ناونیشانی گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەکان بەڕێوەدەچێت و لە پێنج ڕاپۆرتدا بە وردی پێداچونەوە بۆ هەیکەلییەت و دۆخی بزوتنەوەکە دەکرێت. وتیشی، دەیانەوێت بۆ شێوازی سیاسەتکردن بچنە قۆناغێکی نوێوە و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و ڕابردوی نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن.  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌دۆخێكی نائاساییدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ له‌ 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021دا به‌ڕێوه‌چوو، نه‌یتوانی هیچ كورسیه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی 18ی 12ی 2023ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش به‌شداری نه‌كرد. له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ ساڵی 2010  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك سێیه‌م گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت، له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا 487 هه‌زار و 181 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و هه‌شت كورسی مسۆگه‌ر كرد.

هاوڵاتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێت، داوا لەبازرگانان و هاووڵاتییان دەكات بایكۆتی كاڵاكانی ئێران بكەن ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێرو بایكۆتی كاڵای ئێرانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند " بەتوندی سەركۆنە و ئیدانە و شەرمەزاری ئەو پەلامار و هێرش و تاوان و زوڵم و تەعدایەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین بۆ سەر شاری هەولێر كە بەداخەوە جگە لە شەهید بوونی پێشڕەو دزەیی كە سەرمایەدارێكی ناودارو دیاری شارەكەمان و ئەندامێكی كارای ژوورەكەمان بوو، ژینای تەمەن كەمتر لە یەك ساڵەی كچی و كەرەم میخائیل كە بازرگانێكی دیكەی دیاری عێراق بوو شەهید بوون و چەندین كەسی دیكە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەكەشی بریندار بوون". ئەوەشی وتوە"داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەكەین، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێت، بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن".

هاوڵاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، لەبەرئەوەی تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە میدیای فەرمی یەكێتی وتوە" كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە پێی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕ‌ێوەدەبات، هاوكات كۆمسیۆن كۆمەڵێك ڕ‌ێنمایی و بڕ‌یار دەردەكات، لەگەڵ ئەو تۆمارو ئامێرانەی لەبەردەستدا هەیە، گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەدات". وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو " كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، چونكە پێیوایە تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادەو هەروەها لەدایكبوانی ساڵی 2006یش كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە زیاد كراون". " كۆمسیۆن مافی خۆیەتی رێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەژماركردنی دەنگەكان بە هەردوو سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی دەبێت، وەك چۆن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پەیڕ‌ەو كرا"جومانە غەلای وا دەڵێت.

هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كار دەكەن لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندی داڤۆسی  سویسرا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی لەبارەی دەستپێكردنەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم رایگەیاند "ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان، هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە نزیكەی 10 مانگە راگیراوە".   سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو "كۆمپانیاكانی نەوت، پرسێكیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە رێككەوتنێكی فەرمی". سودانی باسی لەوەشكردوە "لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێكن بۆ گۆڕانكاری لە بودجەی عێراق، تاوەكو لە رێگەی گۆڕانكارییەكانەوە بتوانن پارەی كۆمپانیا بیانییەكان بدەن".   رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارێكی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.    

هاوڵاتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی راگەیاند كە چەند ئامێرێكی دۆزینەوەی شوێنەواریان پێبوە بەمەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان شوێنەوار. بەپێی راگەیەنراوێكی  ئاسایشی شارەزوور  لەبارەی دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێك رایگەیاند "لەدوای چاودێریكردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی وورد،  هێزەكانی ئاسایش لە سنوری ناحیەی وارماوا بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر چەند ئامێرێكی دۆزینەوەی شوێنەوار، بەنیازبوون بۆ مەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان بەكاریبهێنن". رونیشیكردوەتەوە "لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٢٤ی شوێنەوار ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوام".  

هاوڵاتی لەسەر ھێرشەکەی ھەولێر، ئێران وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەداتەوە و دەڵێت، ھیوادارن عێراق بەتەواوی پابەندیی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان بێت. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوەکەی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی ھێرشەکەی ھەولێر رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ھێرشەکە بەپێی مافی مەشرووعی ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و دەستوپێوەندەکانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئیرانیان کردووەتە ئامانج و ھاووڵاتییانی ئیرانیان رووبەرووی ھەرەشە و مەترسی کردووەتەوە. كەنعانی دەشڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوودڵ نابێت لە مامەڵەکردن بەشێوەیەکی تووند لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن، هەروەها لە بەرگریکردن لە ئاسایشی هاووڵاتییانی و سزادانی تاوانباران." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد کە وڵاتەکەی رێز لە سەروەری و یەکێتیی خاکی عێراق و "دراوسێیتی باش لە پرەنسیپە جێگیرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەبارەی عێراقەوە."  لە دوای وڵامەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی  ئێرانیش فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە پەیامنێری میدیایەکی عەرەبی ڕاگەیاند، "ئێمە هەموومان شەڕی ئیرهاب و تیرۆرستان دەکەین، بەڵام منداڵێکی  یەک ساڵ ئایا  تیرۆرستە؟ شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن. بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی تەنیا ساڵێک و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.  

هاوڵاتی رۆژی یەکشەممە دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق پێنج سکاڵای سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، یەکێک لە سکاڵاکانیش لەدژى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. ەپێی خشتەی دانیشتنەکە، سێ دۆسییەیان سکاڵایە لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کە تایبەتن بە ناردنی شایستە داراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.  یەکێک لە سکاڵاکانیش تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. جێگەیباسە لە دانیشتنى پێشوویدا لە 27ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى، داواى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردبوو روونکردنەوەى بداتێ لەبارەى ئەوەى بە چى شێوازێک دەکرێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات بەتایبەت لە دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردندا.