هاوڵاتی رووفاتی 41 کوردی ئێزدی ئەمرۆ چوارشەممە لە رێوڕەسمێکدا گەڕێنرانەوە شەنگال کە سەرجەمیان خەڵکی سنوورەکەن و بە دەستی داعش لە ساڵی 2014 کۆمەڵکوژ کرابوون. سەرەتا رووفاتەکان برانە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی کوردانی ئێزدی، دوای تەواوکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکانیش، لە چوار گۆڕستانی ناوچەکە بە خاک دەسپێردرێن. رۆژانی 24 و 25 و 26ـی ئەم مانگە پرسەیان بۆ دادەنرێت. کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی شنگال و کەسایەتییە ئایینییەکان لە مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی ئێزدیان لە شنگال لە رێوڕەسمەکە ئامادەن و رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە. روفاتەکان خەڵکى ناوچەکانى (حەردان، کۆجۆ، خانەسۆر، قنێ)ـن، لەسەر تابوتەکانیان وێنە و ناویان نوسراوە و تابوتەکانیشیان بە ئاڵاى عێراق داپۆشراون. جێگەیباسە، ئەمە شەشەمین کاروانی رووفاتی کوردانی ئێزدییە دەگەڕێندرێنەوە و کۆی گشتییان 188 روفاتن، لە بەغداوە دوای رێکاری پشکنین رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەى نۆ ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش پرسى گەڕاندنەوەى روفاتەکان و دۆزینەوەى ونبوان بە تەواوەتى یەکلایی نەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئاوارەکانى ئەو ناوچانەیش نەگەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و بە ئاوارەیی ژیان بەسەر دەبەن.
هاوڵاتی بە بڕوای لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ، حکومەتی ناوەند لە ناردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان سەرپێچی یاسای کردووە . لەم بارەیەوە "موحەمەد نوری" ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاند،ئەمە یەکەم جار نییە کە حکومەتی ناوەند لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت و پێشتریش بڕی 7 ملیار دیناری بۆ هەریمی کوردستان ناردبوو." "حکومەتی ناوەند هەموو مادە یاساییەکانی ناو بودجەی گشتی کە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات گشت داهاتە نەوتیی و ناوخۆییەکانی خۆی تەسلیمی حکومەت بکات پشت گوێ خستووە و لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییەکانەوە هەنگاوی ناوە" (موحەمەد نوری) وای وتووە. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە ، کە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە کوبوونەوەکەی حەفتەی رابردوو لە گەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان پێی راگەیاندوون کە کە تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ یەک لەو داهاتانەی رادەستی بەغداد نەکردووە. ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عیراق وتیشی ،"سەرپێچییەکانی حکومەتی ناوەند کاریگەری دەبێت بە سەر بەشە بودجەی پارێگاکانی دیکەی عیراق ". ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی ناوەند بە بیانووی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم مووچەکانیان دابەش ناکات و بە پاشەکەوتی زۆرەملێ ناچاری کردوون". جێی ئاماژەیە لە 23ی کانونی یەکەمی 2023 ، وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند بڕی 700ملیار دینار وەک قەرز بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نارد و دوای ئەو برە پارەیەش تا ئێستا هیج برە پارەیەکی دیکەی بۆ هەرێم نەناردووە و هەرچەندە وا پێ دەنەینە مانگی شوباتی سالی 2024 ەوە بەلام موچەخۆرانی هەرێم هێشتا چاوەرێی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ێن.
هاوڵاتی ئەمەریکا ئەنجامدانى سێ هێرشى بۆسەر سێ ئامانجى کەتائیبى حیزبوڵا و حەشدى شەعبى راگەیاند و عێراقیش دەڵێت بە ئامانجگرتنی ئەو بارەگایانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا سێ پێگەى کەتایبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گروپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێرشەکەی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکرد. فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا شوێنی مەشقکردنی چەکداران لە سەر هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان کراوەتە ئامانج. یەکێک لە هێرشەکان بنکەیەکى حەشدى شەعبى لە ناوچەى جورف سەخڕ لە پارێزگاى بابل کردوەتەوە ئامانج و هێرشێکى دیکەیش کەتائیبى حیزبوڵاى لە قەزاى قائیم و یەکیک دیکەش لە بارەگاکان کە بۆردومانکراوە، لە دەروازەی ترێبیلی لە ڕۆژئاوای ئەنبار بووە جێگەیباسە ئەمە یەکەم جارە کە ئەمریکا بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوماندەکات لە ناوچەیەک کە هاوسنورە لەگەڵ ئوردن. هاوکات ،بەگوێرەى ئەو زانیارییە بەراییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێکى حەشدى شەعبی کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن. دوای ئەنجامدانی هێرشەکانیش لۆید ئۆستین وهزیری بهرگری ئهمریكا ڕایگەیاند، "به ڕێنمایی جۆو بایدن، هێزه سهربازییهكانی ئهمریكا هێرشی پێویست و ڕێژهیییان ئهنجامدا بۆ سهر سێ دامهزراوه كه میلیشیای كهتایبی حزبوڵای سهر به ئێران و گروپهكانی دیكهی سهر به ئێران له عێراق بهكاریان دههێنن". باسی لەوەشکرد،" کە ئەو هێرشانە وهڵامێكی ڕاستهوخۆیه بۆ زنجیرهیهك هێرش له دژی كارمهندانی ئهمریكا و هاوپهیمانان له عێراق و سوریا لهلایهن میلیشیاكانی سهر به ئێرانهوه". هاوکات قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراقیش رایگەیاند؛ بە ئامانجگرتنى بنکەکانى حەشدى شەعبى لە قائیم و جورف سەخر دەستدرێژیی و شکاندنى رونى سەروەریی عێراقە. دەشڵێت: ئەم هێرشانە یاریدەدەرى هێورکردنەوەى دۆخەکە نین و پێویستە لەجێی ئەم هێرشانە بۆسەر دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق؛ ئەمەریکا هەوڵى وەستاندنى هێرشەکانى ئیسرائیل بدات لە غەززە.
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێمی كوردستان رایگهیاند، هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لهناو لیستی فهرمانبهران و موچهخۆرانی ههرێمدا نییه، دهشڵێت، "ناوه ناوه وروژاندنی بابهتی تازه سهرههڵدهدهن كه ئێمه به گێچهڵی دهزانین و بۆ تهگهره خستنه بهردهم پێدانی موچهیه كه مافی رهوا و سادهی موچهخۆرانی كوردستانه". وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێمی كوردستان ئهمشهو له رونكردنهوهیهكدا باسی لهوهشكردوه، "لهماوهی رابردو تیمی هاوبهشی دیوانی چاودێری دارایی حكومهتی فیدڕاڵ و ههرێمی كوردستان ماوهی مانگێك له ههرێمی كوردستان سهرقاڵی وردبینیبون له ژمارهی فهرمانبهران و موچهخۆرانی ههرێمی كوردستان و بهمهیدانی سهردانی سهرجهم وهزارهت و دامهزراوهكانییان كردوه". ئاماژهی بهوهشكردوه، لهلایهن ئەوانەوە "هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لهناو لیستی فهرمانبهران و موچهخۆرانی ههرێمدا نییه و ناوه ناوه وروژاندنی بابهتی تازه به جۆرێك له گێچهڵ دهزانین بۆ تهگهره خستنه بهردهم پێدانی موچه كه مافی ڕهواو سادهی خهڵكه". دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبارەی لیستی مووچە: ڕوونكردنەوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە لەماوەی ڕابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان کردووە. لەلایە ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییەو ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی موچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە. ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە ڕابردوو وامان كردووە،بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین. لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە میدییاكان نیشتیمانییانەو پیشەییانە ڕووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە! ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/١/٢٣
هاوڵاتی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگهیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش به فڕۆكهیهكی تایبهت گهیهنراوهته ئامهد، ئهوهش لهسهر داوای سەدیە دەمیرتاش-ی دایكی ناوبر كه تهندروستی تێكچوه و له نهخۆشخانه چارهسهر وهردهگرێت. پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەناوی سەدیە دەمیرتاش بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە، هەڤاڵمان سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر داوای دایکی برایە دیاربەکر و سەردانی دایکی کرد، دوعاکانمان لای دایکمان سدیهیە، ئاواتمان ئەوەیە کە بە زوترین کات چاكببێتهوه". سەدیە دەمیرتاش دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە و دوای تێکچونی تەندروستی داوای بینی کوڕەکەی کردووە کە لە زیندانی ئەدیرنهدا دەستگیرکراوە. هاوکات میدیاكانی توركیا دەڵێن، لهكاتی گواستنهوهی سهڵاحهدین دهمیرتاش بۆ نهخۆشخانه رێوشوێنی ئهمنی توند گیراوهتهبهر و بڕیاریشه ههر ئهمڕۆ دهمیرتاش بگهڕێنرێتهوه بۆ زیندان.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تووندی راگەیەندراوی سەرکردایەتی یەکێتییان دایەوە کە داوای شکاندنی بایکۆتیان کردبوو. دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، بایکۆتی مامۆستایان جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەو دەڤەرە "زەرەرمەندی سەرەکی دەبن"، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە. لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە". ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئهمشهو له بهیاننامهیهكدا وەکو وەڵامێک بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێن، "بایکۆت پرسێکی سیاسی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن و بەبێ ئەنجام کۆتاییان نایەت". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: وەڵامێک بۆ بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕۆژی ٢٢/١/٢٠٢٤ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێکی گەورە و کاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار مانگ و نیو لە بایکۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێکی تەواوی خوێندن و لەسەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە پەراوێز و کۆتا خاڵی کۆبوونەوەکەیاندا، زۆر بە لاستیکیی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێک و بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی(بایکۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێکی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە مامۆستایان ئەکەن کە بایکۆت بشکێنن! کۆبوونەوە و داواکارییەکانی ناو کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە کەسی دووەمی ئەو حیزبە جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستانە و بە فیعلییش سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی زۆنەکەیانە، ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی ڕابردوودا جگە لە کۆمەڵێک لێدوان، هیچ هەنگاوێکی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە لە قەڵەمڕەوییەکەیاندا، کە لایەنی کەم ئەیتوانی بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک لە پێنج خاڵی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، مامۆستایانیان دڵخۆش بکردایە و ئومێدێکی بۆ شکاندنی بایکۆت دروست کردبا ! یەکێتیی ئەتوانێت خەڵکیتر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بە کۆمەڵگا ئەڵێنەوە، بەرچاویان ڕوونە کە یەکێتیی خۆی بەشێکە لە کێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان ئەتوانن بەشێک بن لە چارەسەر. یەکێتیی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە زۆنەکەدا و لە کۆی هەرێمیش وەک پارتیی بەرپرسیارە و ناتوانێت خەڵک بەلاڕێدا ببات و وەک ئۆپۆزسیۆن لەلایەک موخاتەبەمان بکات و لەلایەکیترەوە مەڵبەند و کۆمیتەکانی و بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەمان بۆ بخاتەگەڕ تا ناچار بە دەوامکردنمان بکات! لە بەلاغەکەدا ناوی سەرۆکی یەکێتیی(بافڵ تاڵەبانیی) هاتووە کە داکۆکیکار بووبێت لە مافەکانمان، ئەو بەڕێزە بە هەندێ جووڵە و لێدوان، بڕوایەکی لای خەڵک دروستکرد کە ببێت بە سەرەتایەکی ئەوتۆ کە ئومێد بگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵام دیسان ئەویش جگە لە دیاردەیەکی میدیایی، چی دیکەی لێ شین نەبوو ! ئێمە لەوان ئەپرسین؛ باس لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتیی دەکرێت لە بەغدا، ئایا هەوڵەکانی چیبوون و ئەنجامەکانی چی بوو؟! بە پێچەوانەوە، ئێستا بڕوایەک لەناو خەڵکدا هەیە، کە یەکێتیی پێنج مانگە پرسی(بایکۆتی مامۆستایان)ی بۆ دوو مەبەست ڕاگرتووە و فشارێکی ئەوتۆی لە مامۆستایان ننەکردووە تا بایکۆت بشکێنن : یەکەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی ڕادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات. دووەم: وەک فشارێک و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەست بهێنن! ئێستاش کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوکە و پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە فشار و چاوسوورکردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و کۆمەڵێک دەسەواژەی چەواشەکارانە، پرسەکە بێنێتەوە گۆڕێ! ئێمەش بە خەڵکی کوردستان ئەڵێین : ١- بە ڕاوێژ و پرسکردن بە هیچ کەس و لایەنێک بایکۆتمان نەکردووە، تا بە خواست و ویستی ئەویش بیشکێنین! ٢- بایکۆت پرسێکی سیاسیی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسیی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت! بۆ یەکێتییش وا باش بوو کە لەبری کۆبوونەوەی خۆی، فشاری لە(قوباد تاڵەبانیی) کردبا تا ببێتە فریادڕەسی(خوێندنی ئەم ساڵی خوێندکاری هەژار و نەداران) بەوەی کە ئەگەر (مەسرور بارزانیی) و پارتیی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ نەکات، ئەوا لە کابینە وزارییەکەی ئەکشێنەوە، نەک وەک ئۆپۆزسیۆن و تەنێکی نامۆ بە جەستەی حکومەت چەواشەکاریی بکەن! ٣- داخوازییەکانمان ڕوونن، ئێستاش نەچووە و بچێت، ئەتوانن دڵی شکاوی مووچەخۆران بە دەست بێنن و لە هەمان کاتدا دڵی خوێندکاران و کەسوکاریشیان خۆش بکەن. بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ئەبن و بەبێ ئەنجام کۆتایی نایەت.. دروود بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و وانەبێژان.. سەربەرزیی بۆ خەڵکی بەهەڵوێستی چین و توێژەکانی دیکە.. ( ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ) ٢٣ / ١ / ٢٠٢٣
هاوڵاتی پاسەوانی سنورى عێراق لەبارەى سوکایەتیکردن بە ژمارەیەک کۆڵبەر ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و قژتاشینی چەند کۆڵبەرێک لە سنوری بیارە پێکھێنراوە و ئەوانەی کەمتەرخەمبوون سزا دەدرێن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نیگەرانین لەو رووداوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە سنوری بیارە روویداوە، لیژنەی لێکۆڵینەوەشمان لە سەر رووداوەکە پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لە سەر رووداوەکە . ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەکەمان سزاى سەرجەم ئەو کەسانە دەدات، کە کەمتەرخەم بوون. ڕاگەیەندراوەکە دوای ئەوە هات یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنور لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كربوو و سەریان تاشیبون و ئەشكەنجەیان دابوون. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو دوێنێ دووشەممەش 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو ڕوداوە نەکراوە.
هاوڵاتی كەشناسی هەرێم رایگەیاند ئەمشەو و سبەینێ لە شارەكان باران و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكانیش بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم لەبارەی پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی رایگەیاند" لەدوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە لە ناوەندی پارێزگاكان نمە باران دەبارێت و لە شەویشدا بەفر لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبارێت". ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێشبینی دەكرێت سبەینیش لە هەرێم بەگشتی بەشێوەی نمە باران، باران ببارێت و لە هەندێك ناوچەش بارانی مامناوەند دەبێت، هاوكات بەفریش لە زۆربەی لووتكەی شاخە بەرزەكان دەبارێت
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لیستی مووچەی مانگی یەك لەگەنجینەكانی هەرێم و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەكات و بۆ مانگەكانی داهاتووش دەبێت پێش هەموو 5ی مانگێك لیستەكە ئامادە بكرێت. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەڕێی دوو نووسراوەوە كە یەكێكیان بۆ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) و ئەوی تریان بۆ گەنجیەكانی ناردوە داوایان لێدەكات لیستی مووچەو جۆری دەرماڵەكان، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەتی فەرمانبەران بە وردبینی و پەسەندكراوی وەزارەتەكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەت بەزووترین كات بۆ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2024 رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەیان بكرێت بەمەبەستی خەرجكرنی مووچە. هەر بەپێی نوسراوەكە، دارایی داواش دەكات مانگانە پێش هەموو پێنجی مانگێك لیستی مووچە بگاتە دەستیان بۆ كاری پێویست. وەزارەتی دارایی عێراقیش رۆژی 16ی كانوونی دووەمی 2024، بەنوسراوێك كە ئاڕاستەی سەرجەم دامەزراوەكانی عێراقی كردوە، داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان لێدەكات، نووسراوەكە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایەو دەبێت لیستەكە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و سەرجەم دەرماڵەكان و پارەی لێبڕینی خانەنشینی تێدابێت لە دوای وردبینیكردنی لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتی یان بەشی ژمێریاریی وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی لە خەرجیی مانگانەی پارەكانیان پشتی پێ ببەسترێت.
هاوڵاتی بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەهاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند لەئەمڕۆوە لەسلێمانی كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی دەكەونە كارو لەشەقامی مەلیك مەحمودیش كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە تا 69 تۆمار ناكرێت. رائید فەرهاد گرون بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند " سەرجەم كامێراكان لەناو سلێمانی و شەقامی راپەڕین بۆ تاسڵوجە هەفتەیەك وەك تێست تاقیكراونەتەوە تا شۆفێران ئاگادار بكرێنەوە بۆ خستنەكاریان". وتیشی: لەشەقانی بازنەی مەلیك مەحمود كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لەكاتی خێرایی شۆفێراندا تا 69 تۆمار ناكرێت، بەڵام كە خێراییەكەی گەیشتە 70 كامێراكان تۆماری دەكەن". ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم ئەو كامێرایانەی ئەمڕۆ دەست بەتۆماركردنی سەرپێچی دەكەن بەسیستەمی (پۆینت توو پۆینت) كار ناكەن". بەپێی بڕیارەكەی هاتووچۆی سلێمانی لە كاتژمێر 10ی بەیانییەوە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی شۆفێران، لەشاری سلێمانی كە ژمارەیان 23 كامێرایەو لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی- تاسڵوجەو چەند شەقامێكی تر جێگیركراون دەكەونەكار.
هاوڵاتی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە تەقەیان لەسێ كۆڵبەر كردو یەكێكیان گیانی لەدەستداوەو دوانەكەی دیكەش بریندار بوون. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون. بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە"ئەو كۆڵبەرە فیشەك بەر سەری كەوتوەو راستەوخۆ گیانی لەدەستداوەو دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناسنامەی یەكێكیان ئاشكرا كراوە بە ناوی رزگار فەرەجی بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسكردن بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوسوو گواستراونەتەوە". كوژرانی ئەم كۆڵبەرانە دوای ئەوە هات، كە دوێنێ یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كردوەو سەریان تاشیون و ئەشكەنجەیان دابوون.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە دوو بڕیاری لەبارەی سزای گرێبەستە ئەلکترۆنییەکان و سەرپێچی هاتوچۆی شۆفێران دەرکرد و ڕایگەیاند، بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی كەم دەرامەتی و بێئاگایی لە رێنماییە یاساییەكان، سزا دراون، سزای گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان هەڵگیرا. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/١/٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری نوێی لەبارەی سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی و سەرپێچی هاتووچۆی شۆفێران دەرکرد : بڕیاری یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە رێکخراوە بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی 2021 و هەموارەکانی. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم لێخۆشبوونە، هەموو ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو 31-12-2023 سزای داراییان هاتووەتەسەر بەهۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بەهۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێ ئاگایی لە رێنماییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە، "پێویستە لەمەو بەدوا هاووڵاتییان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدووربن". بڕیاری دووەم: راگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاری ژمارە 25582 لە 10-09-2023 کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (20) لە یاسای هاتووچۆ ژمارە (86)ـی ساڵی 2004 لە دوای 28-02-2024. ئەمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لەکاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتووچۆ. ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە: لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە: یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن. دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ. داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
هاوڵاتی لەناو بازاڕى نیشتیمانى شارى هەولێر بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقە رویداوە و بەهۆیەوە فەرمانبەرێكی كۆمپانیای (دیناری عێراقی) بە سەختی برینداربووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناو بازاڕی هەولێر شەڕە تەقە ڕیداو لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی دیدار کە فەرمانبەر بووە لە کۆمپانیای "دیناری عێراقی" لە شاری هەولێر، کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن بەسەختی برینداربوو هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری هێرشەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوانەی تەقەیان کردووە دوو کەس بوون و لە ئێستادا ئەو کەسەی بریندار بووە لە ناخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، خاوەنی سێ منداڵە و دانیشتوانی گەڕەکی گەلاوێژە. هەروەها لەدوای رووداوەکەوە تۆمەتبارەکە رایکردووە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
هاوڵاتی خشتەى کارى نوێى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایەنێت و کۆمسیۆنیش دوو وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت کە ئێستا لە بەردەستى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندایە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 19 بۆ 30ی ئایارى وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشنیار کردووە. یەکێک لە گرنگترین ئامادەکارییەکان کە دەبێت ئەنجام بدرێت لەو خشتە نوێیەى کارى کۆمیسیۆندا بریتییە لە پێشکەشکردنى ناوى کاندیدان و دواتر چاپکردنى فۆڕمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. پێشتریش بە گوێرەى خشتەى کارى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبوو تاوەکو 4ی کانوونى یەکەمى 2023 ناوى کاندیدان رادەست بکرێت بۆ وردبینیکردنیان و لە 7ی هەمان مانگیشدا بە تیروپشک ژمارەى لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرایە، تاوەکو 12ی کانوونى یەکەمى 2023، فۆڕمى دەنگدان دروست بکرایە بەڵام بە پاساوى سەرقاڵى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق و نەبوونى پارەى پێویست کۆمیسیۆن ئەو هەنگاوانەى نەناوە. هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ دواکەوتنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایەیە کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەش بە دادگاى باڵاى فیدراڵى کراوە کە 21ی کانوونى دووەم دانیشتنێکى دیکەى لەسەر کرد و دواى خست بۆ 4ی شوباتى 2023.
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی گەیشتنى پارەکەى بەغداد و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى بۆ ئاژانسى بەغداد یەوم ئاشکراکرد و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت،" حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نەناردووە بۆیە 618 ملیار دینارەکە نەهاتووە”. ئاژانسی بەغداد یوم لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی عێراق بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە تا کۆتایی ئەم هەفتە، پارەکە دەنێرێت. سەرچاوەکە راشیگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ سەر حسابی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتە داراییەکانی تر کە لە باج و گومرگەوە دەستیکەوتووە، حکومەتی هەرێم بڕی 900 ملیار دینار تەواو دەکات و دەست دەکات بەخەرجکردنی مووچە لە کۆتایی ئەم هەفتە، یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو. هاوکات شەوی ڕابردوش لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق لهگهڵ تهیف سامی وهزیری دارایی عێراق كۆبووهوه، نەمرین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، " وەزارەتی دارایی جەختی لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگەو مانگەکانی دواتریش، بەڵام بەو مەرجەی هاوشێوەی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵی وردبینی بکرێت لە لیستی ناوی فەرمانبەران و مووچەکانیان وحکومەتی هەرێم داتا و زانیاری بدات بە حکومەتی فیدڕاڵ." سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی وتیشی: حکومەتی عێراق چاوەڕێی حکومەتی هەرێمە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەست بکات، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بنێرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ نزیکەی 300 فەرمانبەر کراوە و نیوەی دیکەی ماوە”. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی 10 ،11، 12ی ساڵی ڕابردوو مانگی 1 ی ئەمساڵ 2024 یان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمیش لەم بارەیەوە دەڵێت ئەو سێ موچەیەی ساڵی ڕابردوو قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەو 618 ملیارەن کە بڕیارە عێراق بینێرێت .