هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاردا بەهۆی یادەکانی راپەڕین و نەورۆز حکومەت شەش رۆژ پشووی فەرمی رادەگەیەنێت. له ماڵپەڕی فهرمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، پشووه فهرمییهكانی ساڵ دیاری كراوه، بهپێی خشتەی پشووەکان بێت، له مانگی سێدا شهش رۆژی پشوو دیاری كراوه. رۆژەکانی پشوو لە مانگی 3ی 2024دا: - 5ی ئادار، پشووی یادی دهستپێكی ڕاپهڕینی بههاری 1991ه. - 11ی ئاداری ساڵڕۆژی بهیاننامهی مێژوویی 11ی ئاداری 1970ە. - 14ی ئادار ساڵڕۆژی لهدایكبوونی بارزانیی نهمره - رۆژانی 21، 22 و 23ی ئهم مانگهش، پشووی جهژنی نهتهوهیی نهورۆزه.
هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە. عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە هاوڵاتی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کراوەتە ئامانج، بەهۆی بۆردوومانەکەوە تەنها یەک کەس گیانی لەدەستداوە". وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە". بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکی تایبەت دەستی کەوتووە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج بنکەی تەڤگەری ئازادی بووە لە قەزای کەلار.
هاوڵاتی دوێنێ فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالیان کردە ئامانج و دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا. ناتق عەلو، لە راگەیاندنی پۆلیسی شنگال بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا". ئەو کارمەندەی راگەیاندنی پۆلیسی شنگال ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەعدون میرزا-یە و ئەندامی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالە". پێشتر خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بە هاوڵاتی وت بوو "دوای نیوەرۆی رۆژی 29ی شۆبات فرۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال کرده ئامانج".
هاوڵاتی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٦٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و برینداربوون و لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون. بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوورەکانی کوردستان چوار کۆڵبەر کوژراون و ٦٣ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون، هەروەها لانیکەم ٢ منداڵی خەڵکی شارەکانی بۆکان و دیواندەرە لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکان بریندار بوون. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون، هەروەها بەراورد بە مانگی رابردوو ژمارەی کوژراو و بریندارانی کۆڵبەران لە ٣٤٪ زیادی کردووە. لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدراوە، نزیکەی لە ٥٤٪ی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی لە پارێزگای کرماشان بوون.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە کە کارمەندی یەکێک لە رێستۆرانتەکانی ئەو گەڕەکەیە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە گەڕەکی بەختیاری تیمەکانمان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری". بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، گەنجەکە تەمەنی ٢٣ ساڵە و بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە، ئەو گەنجە کارمەندی رێستۆرانتی دەنیزە لە گەڕەکی بەختیاری، پێشتریش خاوەنی ئەو رێستۆرانتە بە دەستڕێژی گولـلە لەبەردەم شوێنی کارەکەی کوژراوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو تونێلەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەخرێت، ئاماژە بەوەشدەکرێت رێگە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆی ناو تونێڵ تێکچووە و جاری پێشوو کە نۆژەنکرایەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تونێلەکە داخرا ئەوەش وایکرد بە باشی وشک نەبێتەوە و دووبارە تێک بچێتەوە، هەر بۆیە ئێستا داوای داخستنی تونێلیان کردووە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر تا بەشێوەیەکی باش نۆژەن بکرێتەوە و کارەکە سەرکەوتوو بێت". ئاماژە بەوەکراوە "هەربۆیە رۆژی شەممە لە (٨:٠٠)ی بەیانییەوە تا (٨:٠٠) بەیانی رۆژی یەکشەممە تونێل بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت، هەروەها رێگە بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنێت و ئۆتۆمبێلی بچوکیش دەتوانن لە بەنداوی دەربەندیخانەوە هاتووچۆ بکەن".
هاوڵاتی مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە دزی لە چەند مارکێتێک کردبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی خاوەنی چەند مارکێتێک سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوەو پارەو کەلوپەلی جۆراوجۆریان لێدزراوە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی ئیبراهیم ئەحمەد بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت". ئاماژە بەوەکراوە "لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستیشگیرا بەسەر بڕێک لەو کەلوپەلانەی تۆمەتبار دزیبوی، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بە تۆمەتبار بووە و تاوانەکانی پێ ئەنجامداوە". لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی هاتووشە "لەئێستادا تۆمەتبار (ش، م، ع) لەدایکبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادان راگیراوە و دانی بەوەدا ناوە کە دزی زیاتر لە 10 مارکێت کردووە".
هاوڵاتی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مێڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدابوون. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە. مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە. لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، وتیشی رێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە. گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانین.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند هاتووچۆی گەشتیاران بۆ ئێران رادەگیرێت، بەڵام دواتر ئێران بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم ھاوڵاتییان و گەشتیارانی دەکەین لە کاتژمێر ١٢ی شەوی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی ٢ی ٢٠٢٤ ھاتووچۆی گەشتیاری رادەگیرێت تاوەکو کاتژمێر ٧ی بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی ٣ی ٢٠٢٤، بەھۆی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران". بەڵام دواتر لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە "ئاگادارییەک لەبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان و گەشتیارانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو بڕیارەی پێشوو هەڵپەسێردراوە و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی دەبێت و راناگیرێت و بەردەوام دەبێت لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ".
هاوڵاتی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک نرخی گۆشتی سوور و مریشکی لە بازاڕەکاندا بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دیاریکرد و گۆشتی مەڕ بۆ هەر کیلۆیەک 18 هەزار دینارە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک نووسراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نرخی گۆشتی سوور و مریشکی لە بازاڕەکانی شارەکە بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دیاریکرد. وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە بە ئێسکەوە نرخەکەی تەنها ١٤ هەزار دینار دەبێت، هەروەها کیلیۆیەک گۆشتی نەرمەی گوێرەکە نرخەکەی ١٦ هەزار دینار دەبێت، کیلۆیەک گۆشتی بەرخیش، نرخەکەی ١٨ هەزار دینار دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی کەرکوک بە سێ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ مانگی ئازار دیاریکراوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن هاوڵاتییەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا کە پیشەی پزیشکە و خەڵکی باکووری کوردستانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە سلێمانی کوژرا ناوی "عەبدولقادر سەبری تۆپراق"ە و خەڵکی باکووری کوردستانە و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ساڵانێکە رووی لە باشووری کوردستان کردووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدولقادر خەڵکی شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە و ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان و ساڵانێكە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە رووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە سلێمانی کاری کردووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەوەش ئاشکرا کراوە، چەندینجار لەلایەن دەزگای میتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا و لەئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە.
هاوڵاتی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لە پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێم. دەشڵێت، "رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان کاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە". لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکاشدا هاتووە کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و لە توانای ئازادانە و سنووردارنەکراوی رۆژنامەنووسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێم بەشێوەی جیاواز تووشی رێگری و پێشێلکاری لە بەرامبەر بەجێهێنانی پیشەکەیاندا دەبنەوە، لەسەر ئەو پرسەش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دەرەوە چەندین جار هۆشداری توندیان داوەتە بەرپرسانی هەرێم. دەقی ڕاگەیاندنەکەی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا: نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلکاریەکانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، لەوانە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە شاری دهۆک لە هەفتەی ڕابردوودا و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕووماڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە، کەوا دەردەکەوێت بە پاڵنەری سیاسی کرابێت. کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە توانای ئازادانە و سنوردارنەکراوی ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات.
هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لەسەر شەقامی چوارتا لە ناوشاری سلێمانی بەردەم چێشتخانەکەی وەستا حەسەن، کەسێک گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکانیش، تەقەکەرەکە هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە شوێنی ڕوداوەکە ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ بووە و بە ڕەگەز تورکە هاوکات بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە فیشەک کوژراوە. هەروەها لە ئێستادا تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی داد و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، وتا ئێستا تاوانباری ڕوداوەکە دەستگیر نەکراوە .
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، خوێندکارانی خوێندنی عەرەبی و کەسوکاریان لە هەولێر و دهۆک، دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتی پەروەردەکانی عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گردبوونەوە. لەم بارەیەوە ئەسعەد سلێمان حەسەن، نوێنەری خوپێشاندەرانە لە دهۆک به هاوڵاتی وت" گردبوونەوەی ئەمرۆمان لەسەر بڕیارێکی حکومەتی عیراقە ، عیراق بڕیاری داوە لە1ی مانگی ئابی ئەم ساڵ سەرجەم نوێنەراتییەکانی خوی لە هەرێمی کوردستان دابخات، بەپێی بڕیارەکە سەرجەم خوێندکاران و مامۆستا و فەرمانبەران دەبێت بچنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ دەوام بکەن". وتیشی ،" جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی عیراق دەیەوێت بە زۆر ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان ئەوەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین" لە پارێزگای دهۆک 54هەزار خوێندکاری بەشی عەرەبی هەن کەدابەش بوونە بەسەر 137خوێندنگا. ئەسعەد سلێمان باسی لەوەشکرد کە ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوەو دەیان کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە بۆیە ناتواننن و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆی هاوکات جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە "ستەمکردن" لە ئاوارەکان وەسف دەکات.
شەنای فاتیح حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی ئایاری ٢٠١٩ دەستی بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادنووسی کوردستان کرد بەمەبەستی خێرا جێبەجێكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان- بەفیڕۆنەدانی کات و پارێزراوی زانیارییەكانی هاووڵاتیان و رێگرتن لەونبوون و ساختەکاری، بەڵام بەپێی زانیارییەکان مامەڵەکان بەو شێوەیە نین و تێچوویەکی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت کەنزیکەی سێ هێندەی نرخی سیستەمە کۆنەکەیە. پارێزەری راوێژکار نەریمان ئەحمەد، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: سیستەمی ئەلیکترۆنیش لەهەرێمی کوردستاندا بەشێوازێکی نوێ دەکەوێتە نێو دامودەزگاکانەوە، دەتوانین بڵێین هەندێک کارئاسانی کردووە بەڵام گرفتی سەرەکی ئێمە سیستەمی ئیدارییە، کەسیستەمی ئیداری زۆر خراپەو گەندەڵی ئیداری یەکێکە لەو گرفتە کە وایکردووە هاووڵاتیانی هەرێم وەک پێویست سود لەو سیستەمە ئەلیکترۆنییە وەرنەگرن. وتیشی:بەشیوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەبەرئەوەی لەدامودەزگاکانی هەرێـمدا کەسی شیاو لەشوێنی شیاودا نییە بۆ بەڕێوەبردن ئەوانەی کەدامودەزگاکان بەڕێوەدەبەن کەسانێک نین بەتوانای خۆیان خرابێتنەوە ئەو شوێنەوە، بەپێچەوانەوە بەهۆی ئەندام بوون لەپارتێکی سیاسی دەسەڵات چونەتە ئەو شوێن و پێگانەوە بۆیە کێشەی هاووڵاتیان قوڵتربووەتەوە. «رۆتینات بەشیوەیەکی زۆر لەدامودەزگاکانی حکومەتدا هەیە بۆیە نەتوانراوە سود لەم سیستەمە وەربگیرێت». نەریمان ئەحمەد وای وت. ئەو پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لەڕووی یاسایی و لەزۆرێک لەڕووەکانەوە ئەگەر کاروباری حکومەت بەئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت زۆرباشترە بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا زۆربەی کاروبارەکانی حکومەت بووەتە کەرتی تایبەت. « لەڕابردوودا ئەگەر عەریزەیەک لەناو دادگادا لای دادنووسدا بەدوو تاسێ هەزار بکرایە، ئێستا بە ١٥ تا ٢٠ هەزار دینارە، لەبەرئەوە ئەمان سیستەمی ئەلیکترۆنیان قۆستۆتەوە بۆ قازانجی کۆمپانیاکانی خۆیان و هەر یەکێک لەو کۆمپانیانایە کەئیشوکاری هاووڵاتیان بەڕێوەدەبەن بەرپرسانی حزبی و حکومی خاوەندارێتی دەکەن و دابەشیان کردووە لەنێوان خۆیاندا کەئەمەش بارگرانییە لەسەر هاووڵاتیان» نەریمان ئەحمەد وادەڵێت. بەپێی زانیارییەکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا ٦٤ فەرمانگەی دادنووسی لەسەرانسەری هەرێم، ٣٧ فەرمانگە لە هەر سێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک بەئەلیکترۆنی کراون، ١٥ فەرمانگە لەپارێزگای هەولێرو ١٢ فەرمانگە لەسلێمانی و نۆ فەرمانگە لەدهۆک و فەرمانگەیەکیش لەپارێزگای هەڵەبجە. د.ماردین مەعسووم، ئابووریناس لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: حکومەتی ئەلیکترۆنی مەبەست لێی سودوەرگرتنە لەتەکنەلۆجیای زانیاری لەڕێگای هێڵی ئینتەرنێتەوە، هەروەها خێرا بەڕێووەچوونی کاروبارەکانی حکومەت بەرامبەر دامودەزگاکان و هاووڵاتیان، بۆ ئەمەش پێویستە هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا باش بێت و سیستەمی حکومەت بەشێوازە تەقلیدییەکە سیستەمێکی باش بووبێت. وتیشی: لەبەرئەوەی ئێمە لەسەرەتای پڕۆسەکەداین و بەشێوەیەکی گشتیش ئەم پڕۆسەیە لەسەرەتادا بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەناچێت و کاتی پێویستە، چونکە هێڵی ئینتەرنێت لەهەموو شوێنێک وەک یەک نییەو هاووڵاتیانیش زۆر ئاشنای پڕۆسەکە نین. ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد لەهەرێمی کوردستاندا فەرمانگەی پاسپۆرت بووەتە ئەلیکترۆنی، زۆرجار کەسێک بۆ ماوەی مانگێک دەیەوێت کاتێک دابنێت تا پاسپۆرتەکەی نوێ بکاتەوە، دەڵێت سیستەمەکە رۆژانی پێنجشەممەو هەینی پاش کاتژمێر هەشتی شەو دەکرێتەوە ئەگەر لەو کاتەدا ئامادەنەبیت کاروبارەکانت خێرا ناڕوات و ئەرکەکەشت لەسەر زیاتر دەبێت. « ئەو حکومەتە ئەلیکترۆنییەی لەهەرێمی کوردستان یان لەبەشێکی فەرمانگەکانی عێراقدا جێبەجێدەکرێت زۆر جیاوازە لەوە کە لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو بەشێکی وڵاتە عەرەبییەکاندا جێبەجێدەکرێت». ماردین مەعسووم وای وت. سەبارەت بەکاروباری حکومەتی ئەلیکترۆنی ماردین مەعسووم رایگەیاند نرخی هەر خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی لەسەرەتادا زۆرە، چونکە تێچوونە جێگیرەکان زۆربوون بۆیە خاوەن کارەکە نرخی خزمەتگوزارییەکە بەرز دەکاتەوە، بەتێپەڕبوونی کاتیش خزمەتگوزارییەکان نرخیان دادەبەزێت، بەڵام پێویستە حکومەت خۆی ئەم نرخانە جێگیر بکات. « حکومەتی ئەلیکترۆنی رۆتینات و تێچوو کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر هات و حکومەت خۆی سەرجەم کاروبارەکانی سیستەمەکەی ئەنجام نەدا دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی کۆمپانیاکایەکی دیاریکراو و سودەکەشی زۆر بۆ حکومەت نییە، ئەم سیستەمە تێچوو دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت وەک تێچووی کاغەز و تێچووی ناردنی نێردراو ئەمانە هەمووی لەسەر حکومەت نامێنێت». ماردین مەعسووم وای وت. سەبارەت بەلایەنە نەرێنییەکانی ئەم سیستەمە ماردین مەعسووم وتی: ئەم سیستەمە لایەنی نەرێنیشی هەیە، تێچووی زۆرترە چونکە پێویستە سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتییەکان و کۆمپیوتەرەکان و پێویستە ببەسترێنەوە بەئینتەرنێتەوە، هەروەها فەرمانبەران رابهێندرێت لەسەر ئەم سیستەمە. « لایەنێکی دیکەی نەرێنی ئەوەیە ڤایرۆس لەکۆمپیوتەرەکە یان هێڵە ئینتەرنێتییەکە دەدات و رەنگە تەواوی سیستەمەکە تێکبچێت و بۆی هەیە مامەڵەکان زیانیان پێبگات و تێچوویەکی زیاتری بوێت تا چاک بکرێتەوە». د. ماردین وادەڵێت. پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەچەند قۆناغێک بەڕێوەدەچێت و لەقۆناغی یەکەمدا هەریەکە لەوەزارەتەکانی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوون و تەندروستی و شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم لەم سیستمەدا بەشدارن و لەقۆناغەکانی داهاتووشدا وەزارەتەکانی دیکە دەبنە بەکارهێنەری ئەم سیستمە.
