هاوڵاتی سێ وەزیری حکومەتی عێراق دەستلەکاردەکێشنەوە و سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دەکەن. بە گوێرەی زانیارییەکان،  وەزیرانی پلاندانان و رۆشنبیری و پیشەسازی دەست لە پۆستەکانیان دەکێشنەوە و چاوەڕواندکرێت ئەو سێ وەزیرە سبەینێ نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بکەن بۆ پەسەندکردنیان. ئەمەشدوای ئەوەهات دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمان و دوورخستنەوەی ئەو بڕیارە لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووە کە بەگەندەڵی و کاری ساختە تۆمەتباری حەلبوسی کردووە. لە بەرامبەردا محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە و رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی هاوکات، بەپێی زانیارییەکان، سبەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە هێزە شیعییەکان جگە لە رەوتی سەدر پێکدێت لەبارەی کۆتا پێشهاتە سیاسییەکان و دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسیەوە کۆدەبنەوە..

هاوڵاتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ته‌مه‌ن 43 ساڵان له‌كاتێكدا له‌ رێگه‌دا بوه‌ له‌ نێوان قەڵادزێ - ژاراوە تەقەی لێکراوە و به‌هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئه‌مڕۆ تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی ( ئـ . ر . م ) لە ڕەگەزی نێر، لەدایکبوی ساڵی 1980، دانیشتوی ناحیەی سەنگەسەر، پیشەی پێشمەرگە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری گولله‌ بەسەر جەستەیەوە هەیە. پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت: بە گوێرەی زانیاریە سەرەتایەکان ئەو هاوڵاتیە ویستوویەتی بێتە قەڵادزێ، بەڵام لە ڕێگای نێوان قەڵادزێ - ژاراوە تەقەی لێکراوە. دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتونەتە شوێنی مەبەست. سەبارەت بە دەستگیرکردنی تاوانبارەکە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ،دوای گەیشتنی تەرمەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و تەندروستی بەڕێکرا وە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی، بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 406 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژ دەرچووە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.  

هاوڵاتی لە یەکەم کاردانەوەی دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، ناوبراو لە لێدوانێکدا سەرسوڕمانی خۆی لەو بڕیارە پیشاندا. محەممەد حەلبوسی رایگەیاند، "دادگای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامییەتیم هێناوە، بڕیارێکی نامۆیە، سەرم سوڕماوە لەو بڕیارە و نازانم لەکوێوە هاتوە"، وتیشی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستوریم". ئەمرۆ دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی چاوخشاندنەوەی بە دۆسیەی سكاڵا لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە. دوای بڕیارەکەی دادگاش پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە. سکاڵاکە لەلایەن لەیس مستەفا حەموود دلێمی، ئەندامی پێشوو پەرلەمان پێشکەش کرابوو کە ئەویش سوننەیە و پێشتر لەلایەن حەلبووسیەوە لە هاوپەیمانی تەقەدووم و پەرلەمانیش دوورخرایەوە. ئەمڕۆ  سێشەممەش، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی ساختەکاریی کردووە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دا. ئێمە دوای ساڵێک لە تۆمارکردنی سکاڵاکەماندا سەرکەوتین". هاوکات باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق کە لەنێو دادگا لەگەڵ پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەرکەوت، وتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئازایانەیە. شانازی دەکەین کە دادگایەکمان هەیە بەهێزترینە لە ناوچەکە".  

هاوڵاتی  ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان لە ساڵی 2018 داندراوە و جێبەجێ ناکرێت بەهۆی ئەوەی "زانیمان رای خەڵکی لەگەڵ نییە." ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2023، ئومێد خۆشناو لەسەر پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان لە شاری هەولێر وتی، "ئەوە تەنها دیراسەیەک بوو و هی ئەمڕۆ نییە، لەساڵی 2018ەوە کراوە." ئومێد خۆشناو وتیشی، "هەموو رێکخستنێک یەکەم کەس هاوڵاتی تێیدا سوودمەند دەبێت و تەنها دیراسەیەکە ئامادە کراوە، ئێمە گوێبیستی خواستی هاوڵاتیان بووین و زانیمان رای خەڵکی لەگەڵ نییە بۆیە جێبەجێ ناکرێت." بڕیاربوو بەپێی بڕیارێکی بەرێوبەرایەتی شارەوانی هەولێر، وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان بکرێتە بە پارە و لە قۆناغی یەکەمدا لە شەقامی 60 مەتری هەولێر جێبەجێ بکرێت و دواتر تەواوی شەقامەکان بگرێتەوە. پرۆژەکە بەپێی کاتژمێری وەستاندن پارەی زیاتری لە شۆفێران وەردەگرێت. هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم دوێنێ دووشەممە روونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و وتی، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی شەست مەتری لە هەولێر، بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

هاوڵاتی  بەرێوبەری هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگای کەلار-دەربەدیخان چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە سەرجەمیان بە رەگەز عەرەبن. جاسم محەممەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان دەڵێت، رووداوەکە لە ئەنجامی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل روویداوە کە تێیدا چوار كەس گیانیان لەدەستدا.  بەرێوبەری هاتووچۆی دەربەندیخان باسی لەوەشکرد، ئەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە سەرجەمیان بە ڕەگەز عەرەبن و خەڵکی شاری دیالەن.

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق "تێگەشتنی باش"یان هەبووە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ڤیستیڤاڵی پەیمانگەی هنورە جوانەکانی هەولێر رایگەیاند، "لەگەڵ شاندى عێراق گەیشتینە زۆر تێگەیشتنى باش، ئەگەرى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم هەیە، بەڵام دەبێت مافە دەستورییەکانمان دابین بکرێت." بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2023 شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا. لەسەر کۆبونەوەکان مەسرور بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن."

هاوڵاتی  بریندارێکی تری روداوی تەقینەوەکەی شەوی رابردوو لە ناحیەی سنونی شەنگال گیانی لەدەستدا و ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە بووەتە دوو کەس کە گومان دەکریت هێرشی تورکیا بووبێت. کاتژمێر 10:30ی خولەکی شەوی رابردوو لەمەفرەقی زراعە کە دەکەوێتە سنوری ناحیەی سنون، بەهۆی بۆردومانی فرۆکەی تورکیا کەسێکی تەمەن 20 ساڵ گیانی لەدەستدا و دوو کەسی تر برینداربوون، بەهۆی سەختی برینی یەکێکیان ئەمرۆ بریندارێکی تر گیانی لەدەستدا. خودێدا چوکی ، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی سەختی برینی یەکێک لەبریندارەکان، ئەو بریندارە گیانی لەدەستدا، بەو شێوەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بوون بە دوو کەس و بریدارەکەی تر دۆخی تەندروستی جێگیرە." شەوی رابوردوو خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆکرات لە ناحیەی سنون بە هاوڵاتی وت، "ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوته ئامانج هی هێزەکانی یەبەشە بووە، سێ کەس تیادابوون، هێشتا نازانرێت روداوەکە بەهۆی بوردومانی تورکیا بووە یان تەقینەوەی مین بووە."

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، لە یادی دامەزراندنی سلێمانیدا پیرۆزبایی لە خەڵکی شارەکە کرد و رایگەیاند، سلێمانی هەمیشە شارێکی زیندوو بووە و پێگەیەکی دیاری هەبووە لە خەبات و قوربانیدان. سەرۆکی هەرێم لە پەیامێکدا دەڵێت، "بە بۆنەی 239هەمین ساڵیادی بنیاتنانی پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان، شاری سلێمانیی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خه‌ڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم. نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "سلێمانی هەمیشە شارێكی زیندوو بووە و ڕۆڵ و پێگەیەكی كاریگەر و دیاری هەبووە لە خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان.بە ئومێدی ئاوەدانی و گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ سلێمانی و سەرجەم شارەكانی دیكەی كوردستان." شاری سلێمانی  لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای باباب لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 دامەزرا، کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە ئەردەڵانەوە گواستووە بۆ سلێمانی.

هاوڵاتی بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا چوار جار لەلایان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێزەکانیان لە سوریا کراونەتە ئامانج. اژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمریکییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی رۆژئاوای کوردستان تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردو چوار جار هێرشیان کراوەتە سەر. ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشی سەر هێز ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەک بەکارهاتوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشانە تۆمار نەکراوە، تەنها چەند زیانێکی ماددی بچوک هەیە. هاوکات لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت ئەو هێرشانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوەستێنرێن، ئەگەر نا لە بەرامبەردا بۆ پاراستنی هێزەکانیان هەرچی پێویست بێت دەیکەن. لە چەند هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەکرد بەهۆی هێرشەکانەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و ٢١ هاوڵاتی ئەمریکیش بریندار بوون . پێستریش گروپی چەکداری "المقاومة الاسلامیة فی العراق" رایگەیاند، لە هێرشێکدا بنکەی هێزە ئەمریکییەکانیان لە گوندی خەزرای سەر بە پارێزگای دێرەزۆری رۆژئاڤای کوردستان بە ئامانج گرتوە.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، نووسەر و شاعیر هێمن قەرەداخی بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا. ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە کاتی میوە کڕیندا ئەو شاعیرە گیانیلەدەستدا ، بە گوێرەی زانیارییەکان هێمن لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزیوە بۆ کڕینی میوە بارهەڵگرێک پێیدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. هێمن قەرەداخی، نوسەر و شاعیر و سینەماکار، دەرچوی کۆلێژی هونەرە بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی، چەندین پەرتوکی چاپکردووە کە دیارترینیان 'یەک هەناسە، هەریەکەمان لە باخێکدا یاقوتەکانمان لێ کەوت و مەعریفە و ئیمانن'. لە پاڵ پەرتوکەکانیشدا سیناریۆی بۆ چەندین شانۆگەری و کورتە فیلم نوسیووە و لە کۆتا کاریدا، نوسین و دەرهێنانی بۆ كورتە فیلمی 'ماسكی چوارەم' کردووە. هاوکات لەبارەی ئەم رووداوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسە و پەژارە و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی نووسەری بەڕێز و ئازیزمان هێمن قەرەداخی دەردەبڕین. داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و جێگای بەڕێزیان بەهەشت بێت".

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا سەبارەت بە یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە. ئەمڕۆ دووشەممە لاهور شێخ جەنگی لە یادى دروستکردنى شاری سلێمانیدا،  پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت،" سلێمانی شارێکە کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە." لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە کە،" هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە." دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی:  سلێمانی تەمەنی بوو بە دووسەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینووی خزمەتگوزارین، سلێمانی کە زیاترە لە شارێک و گەورەترە لە هەموو ئەو ناو و پێناسانەی کە بۆی کراون، چونکە مێژووی خەبات و خوێندەواری و فیداکاریی سیاسیی و داهێنانی ڕۆژنامەوانی و فکری و ئەدەبی ئەو شارە لە ئاستێکدایە، کە بە بێ سلێمانی کەلێنێکی گەورە لە تێکڕای ئەو کایە سیاسی و ئەدەبی و فکری و ڕۆشنبرییە هەیە و هەمیشە لە مێژووی کۆن و نوێدا سلێمانی پڕی کردوونەتەوە. سلێمانی هەمیشە دڵی زیندووی باشووری نیشتمان بووە و لە هەموو ئاستەکاندا جێگا پەنجەی نەخش و داهێنان و ڕچەشکێنی دیاربووە بە جۆرێک بێ سلێمانی کوردستان وەک نیشتمانێکی بێ خۆر وایە. بەڵێ سلێمانی؛ شارێک کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە. بۆ من و دەیانیتر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبوونی جووڵانەوە و شۆڕش و نوێبوونەوەیە کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕوون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی بۆ سلێمانی و تەواوی کوردستان، چونکە لە مێژوودا ئەم شارە حەیاتە مەڵبەندێک بووە بۆ شۆڕش و خەباتی نوێ و کوردپەروەری. ڕۆڵ و پێگەی سەرکردە ژن و پیاوە دیارەکان و ڕووناکبیر و نووسەر و شاعیر و تێکۆشەر و کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی ئەم شارە لە مێژوودا نموونەبوون لە بەرەوپێشبردن و بونیادنانی سلێمانی و بە زیندووهێشتنەوەی ناوەکەی. ئێمەش قەرزداری ئەم شارە شکۆمەند و خۆشەویستەین، میهرەبانیی سلێمانی لێمان دەخوازێت کە هەمیشە لەبەرەی گەل و ڕاستی و حەقدا بین و خۆمان ساز و ئامادە بکەین، لە قۆناغی داهاتوودا شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هیممەتی هەمووان بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و گەشەپێدانی سلێمانی کە لە ئاست گەورەیی و مەزنی خەبات و خوێنی شارەکەدا بێت و شایستە بێت بە مێژووە پرشنگدارەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی تری کوردستان. پیرۆزبێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە، شاری ھەڵمەت و قوربانی. لاهور شێخ جەنگی

هاوڵاتی  ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان تەنها بڕیارێکی ئەزمونییە و بۆ وەرگرتنی بۆچوونی هاوڵاتییانە، وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت، پرۆژەکە "ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." بەپێی بڕیارێکی بەرێوبەرایەتی شارەوانی هەولێر کە دوێنێ یەکشەممە راگەیاندرا، وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان دەکرێتە بە پارە و لە قۆناغی یەکەمدا لە شەقامی 60 مەتری هەولێر جێبەجێ دەکرێت و دواتر تەواوی شەقامەکان دەگرێتەوە. پرۆژەکە بەپێی کاتژمێری وەستاندن پارەی زیاتر لە شۆفێران وەردەگرێت. لەوبارەیەوە ساسان عەونی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "وەرگرتنی پارە لەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان دەوەستن بڕیارێکى ئەزموونییە و بۆ وەرگرتنی بۆچوونی هاوڵاتییانە." وەزیری شاراوانی و گەشتوگوزاریی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، "ئەگەر زانیمان هاوڵاتیان بڕیارەکەیان پێباشە ئەوکات راگرتنی ئۆتۆمبێل لە زۆربەی شەقامەکان دەکەین بە پارە." هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی شەست مەتری لە هەولێر، بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

هاوڵاتی  رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێکی کورد بە نایاسایی روو لە بەریتانیا بکات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بکاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی کە "سەلامەتن." رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە "سەلامەتن" بەمەش رێکارەکان بۆ وەزارەتی کۆچی بەریتانیا ئاسان دەکات تا هەر پەنابەرێک روو لە بەریتانیا بکات دەستبەجێ دیپۆرتی بکەنەوە.  بەپێی رۆژنامەکە، ئەم پلانە وەک بژاردەی دووەم سەیر دەکرێت لە حاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا کۆبوونەوەی لەسەر بکات.  بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی کۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا کۆتایی ئابی، چوار هەزار کەس بوون کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب، هەزار و 774 کۆچبەری بە نایاسایی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا.  رۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت، وەزارەتی کۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە داوای لێکراوە لێکۆڵێنەوە لە ئاسانی ئەو کارە بکات کە ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوکردنی ئەوەی کە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و داواکانیان رەتکراوەتەوە کوردن. رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، رۆبێرت یەنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە.

هاوڵاتی  بڕیارە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک تونێلێکی سێ کیلۆمەتری لە چیای پیرس لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک دروست بکرێت کە دوای زیاتر لە 50 ساڵ رەزامەندی لەسەر درا. بەپێی نوسراوێک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، رەزامەندی دراوە بە دروستکردنی تونێلێک بەدرێژای سێ کێلومەتر کە ئەمدیو و ئەودیوی چیای پیرس لەسنوری پارێزگای دهۆک پێکەوە دەبەستێتەوە. چیای پیرس دەکەوێتە سنوری قەزای ئاکرێ لەنێوان ناحیەی دینارتە و بلێ و شاری دهۆک. تونێلەکە هەر سێ ناوچەکە پێکەوە دەبەستێتەوە. بەپێی نوسراوەکە کە واژۆی جێگری پارێزگای دهۆکی لەسەرە، تێچووی پرۆژەکە 141 ملیار و 438 ملیۆن و 765هەزار و 575 دینارە کەلەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو حکومەتی عێراق رێگایەکی پڕ لە پێچوپەنای تەسکی سەربازی لەو ناوچەیە دروستکرد کە زیاتر لە  50 لۆفەی تێدایە و درێژییەکەی پێنج کێلومەترە. زیاتر لە 100 گوند هاتۆچۆیان لەسەر ئەم رێگایە کە دەکەوێتە سەر رێگای دانیشتوانی ناحیەی دینارتە، بلێ و ئاکرێ. نوسراوەکەی پارێزگای دهۆک: 

هاوڵاتی  بەرپرسی پرۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام' رایگەیاند، پرۆژەکە لە قۆناغی داهاتوودا سەرجەم شەقامەکانی هەولیر دەگرێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، لە شارەوانی یەکی هەولێر، بە میدیای پارتی راگەیاند، پرۆژەکە کە وەرگرتنی پارەیە لە شۆفیران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان، سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و جێبەجێکردنی لە شەقامی 60 مەتری تەنها قۆناغی یەکەمە. محەممەد جەواد دەڵێت، "پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، دەستمان کردووە بە هێڵکاریکردنی شەقامەکان و دانانی هێماکان."  بەرپرسی پرۆژەکە دەشڵێت،  "لە قۆناغی دووەمیدا، بۆ ماوەی مانگێک دەست دەکەین بە رێنوێنیکردنی شۆفێران لە چۆنیەتی راگرتنی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ تاوەکو شۆفێران ئاشناییان هەبێت بە پڕۆژەکە نەک دەستبەجێ بێنە نێو پڕۆسەی پارەدارکردن و سزادان." محەمەد جەواد باسی لەوەشکرد کە پرۆژەکە جەند سودێکی هەیە کە گرنگترینینا دابینکردنی هەلی کارە بۆ گەنجان، دایریکردنی شوێنی فەرمییە بۆ شۆفێران، هەروەها رێگریرکردن لە وەستاندنی ئۆتۆمبێل بە دوو ریز و سێ ریز.