هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگهیاند، نرخی ئهمپێرێك كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی لهنێوان 13 ههزار و 500 دینار بۆ 14 ههزار و 250 دینار دهبێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، ئهمڕۆ یەکشهممه لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبوەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێڕ (44) دینارە، بهوهش نرخی ئهمپێرێك كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی لهنێوان 13 ههزار و 500 دینار بۆ 14 ههزار و 250 دینار دهبێت. بههۆی جیاوازی كارکردنى موهلیدهكان له گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه، نرخی ئهمپێڕێك كارهبای موهلیدهی گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. هاوكات، خشتهی كارپێكردنی موهلیده و پێدانی كارهبا بهجێگیری دهمێنێتهوه، ههر كاتێك كارهبای نیشتیمانی كوژایهوه دهبێت موهلیده ئههلییهكان كارهبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكهن. لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان، له كۆنوسهكهدا جهختیان لهوه كردوهتهوه كه لهكاتی كوژاندنهوهی كارهبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موهلیده و پێدانی كارهبا بههاوڵاتیان له (10) خولهك زیاتر بخایهنێت، بهپێچهوانهوه خاوهن موهلیدهكه سزا دهدرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەسەدە و سەرۆك هۆزەكانی دێرەزوور كۆبوونەوە. باڵیۆزخانهی ئهمریكا بۆ سوریا له پهیامێكدا له پێگهی فهرمی خۆی له فهیسبوك بڵاویكردهوه، ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و جهنهڕاڵ جۆڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ هەسەدە، مەسەدە و سەرکردەی هۆزەکانی دێرەزور کۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر گرنگی چارەسەركردنی سكاڵای دانیشتوانی دێرەزوور، هەروەها هەمووان كۆكبوون لەسەر مەترسییەكانی دەستوەردانی دەرەكی لە دۆخی دێرەزوور، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هەسەدە بۆ تێكشكاندنی داعش کردەوە. له 28ی (ئاب/8)ی ئهمساڵهوه شهڕو ئاڵۆز له دێرهزور هاتوهته ئاراوه و دوای ئهوهی هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده) ئەحمەد خبێل ناسراو بە "ئەبو خەولە" سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوری دەستبەسەر کرد، كه ههوڵی ههڵگهڕانهوهی دهدات و چهكدارانی ئهنجومهنهكه هێرشیانكرده سهر ژمارهیهك بارهگای ههسهده. هاوکات یهكی ئهم مانگه، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لهبارهی شەڕو پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە دێرەزور، رایگهیاند، "ئەو پێکدادانانە روداوێكی نامۆ و ناڕون نین، بەڵگە هەیە کە ئەوە پیشان دەدات ئەو ئاژاوەگێڕییە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران و رژێمی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، کە دەیانەوێت نائارامی و ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دروست بکەن".
هاوڵاتی بهیانی ئهمڕۆ قهدهغهی هاتوچۆ له كهركوك ههڵگیراوه و دۆخهكه تاڕادهیهك باشتر بوه، دوای ئهوهی بۆ كۆتاییهێنان به خۆپیشاندانهكانی دوێنێ قهدهغه راگهیهندرا كه بههۆیهوه چوار كهس گیانیان لهدهستدا و 15 كهسیش برینداربون، چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن لەسەر تەقەکردنەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون. سەرەڕاى گرژییەکانى ئێوارەى دوێنێى خۆپیشاندانەکانى کەرکوک و شەهیدبونى گەنجێکى کورد، خۆپیشاندەرانى کورد قەدەغەى هاتوچۆیان شکاند و تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، بەهۆى ئەوەشەوە گرژى و روبەڕوبونەوەى توند و زیاتر لە نێوان هیزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بەردەوام بو. عامر نوری، وتهبێژی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی كهركوك رایگهیاند، بهیانی ئهمڕۆ قهدهغهی هاتوچۆ له كهركوك ههڵگیراوه هاتوچۆ ئاسایی بوەتەوە و له ئێستادا دۆخی شارهكه له شهو باشتره و ورده ورده سهقامگیری دروستدهبێت. لە خۆپیشاندانەکانى ئێوارەى دوێنێى و شەوى رابردو، زیاتر لە 20 گەنج و خۆپیشاندەرى کورد برینداربون کە 15 برینداریان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و چوار خۆپیشاندەرى کوردیش بە تەقەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان، شەهیدبون و ئەو قەدەغەی هاتووچۆیەی دوێنێ بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە کەرکووک راگەیێندرا، ئەمڕۆ هەڵگیرا و کۆتاییهات. هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان بە تۆمەتی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک، لە دوێنێ شەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ حەوت کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون. تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەستگیرکردنی هیچ ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیان بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن "حەوت کەس دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدان".
هاوڵاتی محەممەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە روداوەکانی ئەمڕۆ کەرکوک بلاوکردەوە و رایگەیاند، کێشەکان لە کەرکوک گەشتووەیە ئاستێک "جێگەی قبوڵ نییە"، دەشڵێت، "هاوخەمی گەلەکەمانین لە شاری کەرکوک و ئامادەین بۆ هەرکات و ساتێک بگەنە لاتان." محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، "گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت." دەقی راگەیاندراوەکەی سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن هەندێک لە عەرەبە هاوردەکانەوە رێگای سەرەکی کەرکووک هەولێر گیراوە و بونەتە رێگر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان، لەبەرامبەردا کاربەدەستانی ئەمنی و حکومی ئەو شارە نەک هیچ لێپرسینەوەیەکیان نەکردووە، بگرە هاوکاری ئەو تاقمەش دەکەن، سەرئەنجام ئەمڕۆ هاووڵاتیانی کورد ناچارکران خۆپیشاندان سازبکەن بۆ کردنەوەی رێگاکان، کەچی حکومەت و دەسەڵاتدارانی کەرکووک تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و چەندین قوربانی و شەهیدی لێکەوتهوه. بەداخەوە کێشە و ململانێکان لە شاری کەرکووک و ناوچەدابڕێندراوەکان گەیشتوەتە ئاستێک کە هیچ جێگای قبوڵ نییە، گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت. لەکاتێکدا تاوانکارییەکەی ئەمڕۆ شەرمەزار دەکەین، لەهەمانکاتدا پشتیوان و هاوکار و هاوخەمی گەلەکەمانین لەشاری کەرکووک و ناوچەدابڕێنراوەکان و دووپاتیدەکەینەوە، کە ئامادەین بۆ هەرکات و ساتێک بگەینە لاتان. ئەو سوکایەتییەش بە پەیکەری پێشمەرگە کرا هەرکەس و لایەنێک بێت ئەبێت باجەکەی بدات. نووسینگەی رۆژنامەوانی محەممەد حاجی مەحموود 2023/9/2
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ئەمڕۆی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خەڵکی کەرکوک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و دەستکەوتە تایبەتییەکان دەکرێنە قوربانی، دەشڵێت، "قبوڵی ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت." بافڵ تاڵەبانی داواش دەکات حکومەتی عێراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت، هاوکات هۆشداریشیدا "لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە." دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی: رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکانی کەرکوک و شەهیدبوونی گەنجێكی کورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە. وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە دەکەین بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک، دەشبێت بەزووترین کات تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. کەرکوکییە سەربەرزەکان ئێوە شایەنی رێزی بێسنوور و خزمەتکردنێکی بەرچاون نەک بەکارهێنانتان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و بکرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە تایبەتەکان. ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت. داواکارم هەموو لایەنەپەیوەندیدارەکان بەتایبەت حکومەتی عیراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هەروەها هۆشداری دەدەین لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە. بۆیە داواکارین هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی بکەن. دەبێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگبن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بکرێت. رۆحی شەهید هاوکار شادبێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەکەیم. لەخوای گەورە داواکارم سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت و شیفای بریندارەکان بدات. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکی لەبارەی ئاڵۆزیەکانی ئەمڕۆی کەرکوک بڵاوکردەوە و تێیدا بەتوندی سەرۆکنەی تەقەکردنی بۆ سەر خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت، "ئهركى هێزه ئهمنييهكانه بێ جياوازى پارێزگارى له ئاسايشى ههموو پێكهاتهكانى كهركوك بكهن و تهقهکهران ڕووبهڕووى ياسا بكرێنهوه." دەقی راگەیاندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی: گرتنی ڕێگەی سەرەکيی هەولێر ـ کەرکووک لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کارێکی نایاسایی بوو، بەداخەوە ئەو کارە نایاساییە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لانەدراوە! کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە کاری زياترى نایاسایی نییە! دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەهێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانيشتووانى شارهكه بەگشتی، هاووڵاتييانى کورد لە کەرکووک ئەمڕۆ ناڕەزایييان بەرامبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، كهچى جێگەی داخە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە و گەنجێک شەهید بووه و چەندانی دیکەش بریندارن. له كاتێكدا به نيگهرانييهكى زۆرهوه لهو گرژييه ئهمنييانه دهڕوانين و به وردى چاودێريى دۆخهكه دهكهين. به توندى سهركۆنهى تهقهكردن و دهستڕێژيى چهك بهرامبهر به خۆپيشاندهرانى سڤيل دهكهين. نانهوهى ئاڵۆزى و پشێويى ئهمنى له كهركووك، ههڕهشهى جددى له پێكهوهژيان و ئاسايش و سهقامگيرى دهكات. لايهنه پهيوهنديدارهكانى حكوومهتى عێراقى فيدراڵى دهبێ ڕێكارى خێراى پێويست بگرنه بهر و ئهركى هێزه ئهمنييهكانه بێ جياوازى پارێزگارى له ئاسايشى ههموو پێكهاتهكانى كهركووك بكهن و تهقهکهران ڕووبهڕووى ياسا بكرێنهوه. بهرپرسياريهتيى ههموو لايهكه ئارامى و سهقامگيريى ئهمنى بپارێزن و ڕێگه نهدهن به هيچ پاساوێك دۆخى ئهمنى له كهركووك و سنوورى پارێزگاكه ئاڵۆز ببێت. ههموو لايهك دان به خۆياندا بگرن، ڕێگهكان بكرێنهوه و ئارامى و ژيانى ئاسايى بۆ هاووڵاتييانى كهركووك بگهڕێتهوه.
هاوڵاتی ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نوێ بەیاننامەیەکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەنی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بێت یان سبەی تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە، دەشڵێت، ئەم کارانە بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کەرکوک نەکرێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵك، حیزبە شۆڤێنییە عەرەبەکان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی کوری کورد بە کوشت دەدەن، دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی. دەقی راگەندراوەکەی نەوەی نوێ: دیسانەوە حیزبە شۆڤێنییە عەرەبی و نەتەوەییەکانیتر لەگەڵ دەسەڵاتی شکستخواردوی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و لەبیربردنەوەی فرۆشتنی ئەم شارە و خزمەتنەکردنی لەسەر دەستی ئەوان. کە دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی. ئەمانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت و پارێزگارێکی کورد دانەنرێت. چونکە باش دەزانن هەڵبژاردن بکرێت ئەوە کورد دەیباتەوە و پارێزگارێکی کوردی دەرەوەی دەسەڵاتی دوو حیزبی شکستخواردوو دادەنرێت. بۆیە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەم کارە دەکەن. ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حیزبە شۆڤێنییە شەریکەکانیان پارێزگاری هەر نەتەوەیەکی تریان پێباشترە وەک لە پارێزگارێکی کورد کە لە حیزبەکەی خۆیان نەبێت. بۆیە ئامادەن کەرکوک بسوتێنن و خەڵکەکەی بە کوشت بدەن لە پێناو ئەم نیەتە گڵاوەیاندا. سەرباری هەموو ئەوانە، هەر هێز و لایەنێک خوێنی یەک هاوڵاتی کورد بڕێژێت و ئەوانەی تەقەیان لەو گەنجە کوردە کردوە دەبێت دادگایی بکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە خەڵکی کەرکوک تۆڵەی ڕۆڵەکانی خۆیان دەکەنەوە بە هەر جۆرێک بێت، جا ئەمرۆ بێت یان سبەی. ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ 2-9-2023
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی گرژی و خۆپیشاندانەکانی کەرکوک ىلاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی شەڕکردن لەسەر بارەگای حزبی روداوەکە رویداوە، داواش دەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بکات "لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن." دەقی راگەیاندراوەکەی مەکتەب سیاسی یەکێتی: بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە گەیشتە پێکدادان و بەریەک کەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عیراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی بارەگا تەشەنە نەستێنێ کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن . مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢/٩/٢٠٢٣
هاوڵاتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، پەیامێکی توندی لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی شاری کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن کە خوێنی گەنجیکی کورد رژاوە و "باجێکی قورسی دەبێت." مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا رێگری لەو کەسانە نەکراوە کە رێگەی سەرەکی کەرکوک-هەولێریان داخست بەڵام "ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركوك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و باجی قورسی دەبێت." ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت. دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە. ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت. لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج. مسعود بارزانی 2ی ئەیلوولی 2023
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانیکرد بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە کەرکوک و دەستپێکردنی ئۆپەرایسۆنی فراوان بۆ رێگرتن لە دروستبونی "پشێوی"، داواش دەکات ئارامی و سەقامگیریی کەرکوک بپارێزرێت. نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سودانی، لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، "محەممەد شياع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ لە کەرکوک و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی فراوان لەو ناوچانەی پشێوییان بەخۆیەوە بینی بۆ ئەوەی بە وردی بیانپشکنن." لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان دەکات بە رۆڵی خۆیان هەستن بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی پشێوی و پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی پارێزگەی کەرکووک.
هاوڵاتی عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند کەسێک لە خۆپیشاندانەکان کوژراوە و 12 کەسی تریش بریندارن. بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکەی کەرکوک، پۆلیسی کەرکوک قەدەغەی گشتی راگەیاند. لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی کەرکوک دەڵێت، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان و شەقام چۆڵ بکەن، بە هوتاف و گوتەی ناڕاست هەڵنەسووڕێن." بەپێی وتەی عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، لە خۆپیشانداکەی ئەمڕۆ کەسێک کوژراوە و 12 کەسی تریش بریندارن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات کە کوردن یان عەرەب خۆپیشندانەکەی کوردانی کەرکوک دوای ئەوە دێت کە ماوەی پێنج رۆژە رێگای سەرەی کەرکوک-هەولێر لەلایەن چەند هاوڵاتیەکی پێکهاتەی عەرەبەوە گیراوە.
هاوڵاتی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی کوردانی کەرکوک تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و هێزەکانی سوپای عێراق تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد، تا ئیستاش خۆپیشاندەرێک برینداربووە. ئەمڕۆ هاوڵاتیانی كورد کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجمدا لەدژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر بەڵام هێزە ئەمنییەكان تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەكەن بۆ بڵاوەپێكردنیان و کەسێکیش برینداربووە و بەپێی ئاماری نافەرمیش چەند کەسێکی تریش برینداربوون. خۆپیشاندانەکە دوای ئەوە دێت کە ماوەی پێنج رۆژە ژمارەیەك هاولاتی پێكهاتەی عەرەب كە میدیای پارتی بە لایەنگری حەشدی شەعبی ناویان دەبات لە دژی كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوشارە رێگەی سەرەكی نێوان كەركوك - هەولێریان داخستووە.
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە مانگی ئابدا زیاد لە 130 سەربازی تورکیا کوژراون و 23ی تریش برینداربوون، دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا 10 گەریلا شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەراگەیاندراوێکدا ئاماری کوژرانی سەربازانی تورکیای لە مانگی ئابدا خستەڕوو و دەڵێت، لە ئەنجامی 232 چالاکی گەریلا ، 134 سەربازی تورکیا کوژراون و 23 سەربازی تریش بریندار بوون، هەروەها "چەندین کەلوپەلیان تیکشکێندراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و گورزی قورسیان لێوەشێندراوە." هاوکات لە راگەیەندراوەکەذا ئەوەش هاتووە کە تورکیا لە مانگی رابردوو "لە هەرێمی پاراستنی مەدیا 113 جار بە فڕۆکەی جەنگی، 40 جار بە هێلیکۆپتەری هێرش، بە سەدان جار بە زریپۆش، تانک و چەکی قورس تۆپباران کردووە، جارێکیش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و دوو جاریش بە چەکی قەدەغەکراو هێرشیان کردۆتە سەر سەنگەرەکانمان، هەروەها جێگا و ناوچەکانی گەلەکەمانیان لە باشووری کوردستان چەندین جار تۆپباران کردووە و هاوڵاتییان شەهید بوون." لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە مانگی رابردوو 10 گەریلا شەهید بوون.
هاوڵاتی سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند موچەی مانگی ئابی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە گەیشتووە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لهلێدوانێكدا بۆ میدیاى پارتی دەڵێت، "تەمویلی موچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، كە لەلایەن ئەمریكاوە دابیندەكرێت گەیشتوە و لەم هەفتەیەدا موچەی لیوا هاوبەشەكان دابهشدهكرێت". سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە کە موچەكە تەنها لیوا هاوبەشە كۆنەكان دەگرێتەوە و جارێ لیوا هاوبەشە تازەكان نەخراونەتە چوارچێوەی ئەو لیوایانەوە. لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە ژمارەیان 44 هەزار پێشمەرگەیە و بودجەیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە دابین دەکرێت کە مانگانە نزیکەی 32 ملیۆن دۆلارە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی کێشەکانی هەولێر و بەغداوە لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی ناوەند دەیەوێت سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم ببات و تەنهاش 10% موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات. شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەو پارەیەی عێراق دەیەوێت مانگانە بیداتە هەرێم ناکاتە 10%ی کۆی موچەی موچەخۆران، عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم هەر لە ئاو و کارەباوە تا دەگاتە هەموو داهاتەکان ببات، تەنها 50%ی پارەی دەروازەکان بداتەوە هەرێم." لە چەند رۆژی رابردوو وەفدێکی هەرێم لە بەغدا بەبێ ئەنجام گەڕانەوە و نەگەشتنە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا. تا ئێستا چەندین جار حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و پشکی هەرێم لە بودجە شاندی ناردووە بۆ بەغدا. تا ئێستا موچەی مانگی تەمموز لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە کە حکومەتی هەرێم پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دیناری مانگانەیە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران. پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاترە لە 16 ترلیۆن دینار. سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندەکەی هەرێم رایگەیاندووە، "عێراق دەیەوێت مانگانە 548 ملیار دینار بداتە هەرێم، لە کاتێکدا موچەی مانگێکی فەرمانبەران 900 ملیار دینارە، لەو 548 ملیار دینارەش، عێراق دەیەوێت بڕێکی بەناوی قەرزی پێشووتر و بڕێکیشی بە ناوی قەرزی بانکی بازرگانییەوە لێببڕێت، بۆ ئەو بانکە قەرزی لای هەرێمە. گەر وا بڕوات ئەو پارەیەی دەیەوێت ڕەوانەی هەرێمی بکات کەمترە لە 200 ملیار."