سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی جەژنی (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت: پیرۆبابی لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم لە کوردستان و هەموو جیهان، هیوادارم ئەم جەژنە خۆشیتان بۆ بهێنێت و جەژنتان بە ئارامی دڵخۆشی بکەن. ئەمە دەقی پەیامەکەیە: ب ناڤی خودێ مەزن و دلۆڤان ب هەلكەفتا هاتنا جەژنا (ڕۆژیێن ئێزی) پیرۆزباهیەكا گەرم ل خوشك و برایێت ئێزیدی ل كوردستانێ و هەمی جیهانێ دكەم. هیڤیدارم ئەڤ جەژنە خوەشی و بەختەوەرییێ بۆ تەڤایا خوشك و برایێت ئێزیدی بهینیت و خوشك و برایێت ئێزیدی هەمی جەژن و هەلكەفتێن خۆ ب ئارامی و دلخۆشی بگێڕن. جهێ شانازیێیە كو كوردستان وڵاتێ برایەتی و پێكڤەژیان و ئاشتیخوازیێیە دناڤبەرا هەمی پێكهاتێت ئایینی و نەتەوەیی و پێتڤیە ئەڤ فەرهەنگە كوورتر و بەرفرەهتر ببیت. بمینن د خێر و خۆشییان دا. مسعود بارزانی 18ی کانوونا ئێکێ 2025
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە". دەقی راگەیێندراوەکە: بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا. کۆبوونەوە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ و هەنووکەیی خرانە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا. تەوەری یەکەم: پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، جێگای داخی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت. پارتیمان هەر دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگای شاندێکی تایبەتەوە سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانی کرد و دەرگای گفتوگۆی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا. هاوکات گفتوگۆی نێوان پارتیمان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکانیان بە بێ پاساو درێژ کردەوە تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادار کرابوونەوە کە هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتی نیشتمانی بڕیاری خۆی دابوو. ئێستاش دەرگای گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بەگوێرەی ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان بگیرێت. پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە. تەوەری دووەم: بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کە لە ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەری کوردستان و عێراقی مسۆگەر کرد و ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و عێراقی بەدەستهێنا، ئەوەش بەرهەمی ڕەنجی خەبات و خوێنی شەهیدان و لێزانی و کارامەیی و ماندووبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەری پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە و ئاکامی متمانەی خەڵکی بەوەفای هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی پارتیمانە. بۆیە کۆبوونەوە سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری دڵسۆز و بەوەفا و لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانی هەڵبژاردن و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و تەواوی ئۆرگانەکانی کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەی کە بۆ سەرخستنی پارتیمان هەتیان بوو. هەروەها سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پیرۆزباییشی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشی لە تەواوی کاندیدەکانی پارتیمان کرد کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەوە هەوڵی سەرخستنی لیستی (٢٧٥)ی پارتەکەیان دا. هەروەها کۆبوونەوە وێڕای هیوای سەرکەوتن داوای لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتی ئیش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانی هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بکەن و هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و داڕشتنی یاسای گونجاو بۆ خزمەتی گەلانی عێراق و پڕۆسەی حوکمڕانییەکی باش لە وڵات و ببنە چاوی هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە. تەوەری سێیەم: کۆبوونەوە بە شایستەی خەڵکی کوردستانی دەزانی یەکدەنگ و یەکڕیز وەکو نەتەوەی کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت نەک وەکو پارتی سیاسی، کورد و کوردستانییان لەگەڵ برایانی شیعە و سوننە شەریکی ڕاستەقینەی حوکمڕانی عێراق بن بە لەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە هەروەک پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی (سازان) بوون و ئەو سێ چەمکە بوونە ڕۆحی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ. ئێستاش پتەوکردنی ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەی حوکمڕانی وڵات پێویستن. ئەو کارانەی کە دەبوو ئەنجامدرابان بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەک: جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای فیدراڵی بەگوێرەی کە لە دەستووردا هاتووە، یاسای نەوت و گاز ئەنجامبدرێن، هەروەها هەوڵی جدی بدریت یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نادادپەروەری تێدایە بگۆڕدرێت و چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێت کە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا بگونجێت. هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتی دیکە کە ماوەیەکی زۆرە بە چارەسەرنەکراوی و هەڵواسراوی ماونەتەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای پارتیمان دەستنیشانکراوە. تەوەری چوارەم: دۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی تاووتوێکران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەەیە. ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا سەبارەت بە چارەسەری دۆزی کورد و پڕۆسەی ئاشتی جێگای ئومێد و دڵخۆشییە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و پەیوەندیی وڵاتان. هەروەها گۆڕانکارییەکانی وڵاتی سوریا و تێڕوانینی وڵاتان بۆ سەقامگیری سوریا و چۆنیەتی دابینکردنی ئەو سەقامگیرییە کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستی دەکەن بە ئاستی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەنێویشیاندا گەلی کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو ببنە هۆکاری دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان و پێکەوە ژیانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە. تەوەری پێنجەم: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان شڕۆڤەیەکی ڕوونی کاروچالاکی و گرفتەکانی سنوورەکانی خۆیان کرد و دواتر هەڤاڵان گفتوگۆی چەند پێشنیارێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری شار و لادێکان. هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکی خێراتری گەیاندنی داواکاری و ڕاو پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتی تا لە ڕێگای سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیاریەتییان لە حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنی گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان. لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بەو بابەتانەی پێویستییان بە بڕیار بوو وەرگرت. کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
بارەگای بارزانی، لەبارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕایدەگەیەنێت سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو گەیاندنی هاوکارییەکان نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوابەدوای بارینی بارانێکی زۆر و ڕوودانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و دەورووبەری، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتیی لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی ئەو ڕووداوەیان دا، لێرەدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە، ئەوە نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. هیوای ئارامی و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازین. بارەگای بارزانی 18ی کانوونی یەکەمی 2025
جوان رۆژبەیانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندنی پارتی دەڵێت: دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران. شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن دەبێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لەوبارەوە جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران. سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان، جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن. لەسەر پرسە سیادییەکان، ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت." لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، میدیاكانی توركیاو نزیك لە دەسەڵاتی دیمەشق، تەپۆزێكی میدیایی گەورەیان دروستكردووە بەبڵاوكردنەوەی جۆرەها پڕوپانگەندەی جیاواز بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ملدان بە مەرجەكانی دیمەشق، هەر لە تۆمەتباركردنی بەردەوامی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم و عەبدی ئەحمەد شەرع، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جوڵانی هێزی توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و هەڕەشەی پەلاماری سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، وێڕای بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جیاواز و تەمومژاوی لەبارەى ئەو دانوستانە نهێنیانەی لە ئێستادا لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "Türkiye Today" لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دیمەشق دوا پێشنیازی خۆی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە، کە بریتیە لە نەخشەڕێگایەك بۆ یەکگرتن (13) خاڵ لەخۆدەگرێت. لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەك دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی دیاریکراوە. بەوتەی سەرچاوە توركییەكە، دیمەشق لە دوایین پێشنیازی خۆیدا کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو چەقبەستووییە كردوویەتی، پێشنیاری ئەوە دەکات هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا یەکبخرێن. هاوشانی ئەوەش، پێشنیازە نوێیەکە بڕگەیەکی لەخۆگرتووە کە تێیدا هاتووە فیرقەکانی دیکەی سوپای سوریا دەچنە ناو باکووری رۆژهەڵاتی سوریا. لەبەرامبەردا هێزەكانی سوریا دیموكرات پێداگری دەکات کە تەنها ئەو سێ فیرقە لە هێزەكانی پێکهاتوون، لە باکوری سوریا جێگیر بکرێن، رێگە نادات هێزەکانی حکومەتی سوریا بچنە ئەو ناوچانە. سەرچاوەكە دەڵێت: بۆ دیمەشق زۆر گرنگە هەڵوێستێکی بونیادنەر بۆ ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات بەوەی کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دیمەشق ئەنكەرە رازی بکات کە نەرمی لە هەندێک وردەکاریدا نیشان بدات، سەرەڕای ئەو سازانەش، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە لە پێداگری لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدان. میدیا توركییەكە باس لەوەش دەكات، دوای ئەوەی هەسەدە پێشنیازێکی پێشوی رەتکردەوە، دیمەشق ئەم پێشنیازە نوێ (13)خاڵیەی ئامادەکرد، ئەم پێشنیازە گرنگە، چونکە ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دەدات خۆی لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا رێکبخاتەوە. بەڵام پێدەچێت خاڵی سەرەکی مشتومڕەكە لەبارەی سنورەکان بێت، هەسەدە پێداگری دەکات لەسەر سنوردارکردنی بوونی سوپای سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و داوای ئەوە دەکات سێ فیرقەکەی تەنها لە رۆژهەڵاتی روباری فورات جێگیر بکرێن، ئەمەش هێڵی سورە بۆ دیمەشق و ئەنكەرە. ئاماژە بەوەشدەكات: خاڵی دووەمی سەرەکی ناكۆكى نێوانیان پەیوەندی بە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنەوە هەیە، دیمەشق پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو سێ فیرقەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریدا بن، لەکاتێکدا هێزەکانی سورياى دیموکرات هەوڵدەدات پێکهاتەیەکی فەرماندەیی سەربەخۆ بپارێزێت، ئەمەش بەشێوەیەکی کاریگەر سوپایەک لەناو سوپایەکدا دروستدەکات. لەلایەكی ترەوە، كەناڵی "روناهی" لەزار سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەرەوە ئاشکرای کردووە، حکومەتی کاتی، بۆ یەکەمجار، لە چوارچێوەی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، رەشنوسی نوسراوی دانوستانی پێشکەش کردووە. سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەو رەشنووسەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستانەکاندا زانیووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی کاتی دیمەشق پێداگری لەسەر حوکمڕانی ناوەندی دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو رووبدات لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان کە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا یان هەر پێشنیازێکی جەوهەری سەبارەت بەو خاڵانە.
کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیێنێت، حیزبەکەی ئامادە نییە "تەنازوول" لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن بکات و کێشەی ئەوانیش لە دانوستانەکاندا تەنیا لەسەر یەک پۆست و یەک پلە نییە. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی ڕوونی کردەوە، یەکێتی بە دیاریکراوی یەک کێشەی نییە کە تەنیا بریتی بێت لە "یەک پۆست" و ئەوە بووبێتە گرێکوێرە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە "هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکومڕانی بن". کاروان گەزنەیی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق: هێشتا کاندیدمان بۆ پۆستەکە دیارینەکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا رایدەگەیەنین سەبارەت بە داواکارییەکانیان، گوتەبێژی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، پاشگەز نابنەوە لە هیچ خاڵێکی وەرەقەی دانوستانەکانیان. ڕاشیگەیاند: "ئەو پۆستانەی بە مافی خۆمانی دەزانین وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن، مافی یەکێتییە و تەنازوولی لێ ناکەین". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەزنەیی ئاماژەی بەوە دا کە زەرووریەتێک هەیە و هەردوو لا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدان بۆ "پێکهێنانی دوو حکومەت". بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بە یەک گوتاری، یەکدەنگی و نەرمی نواندن هەیە، دەبێت سازش بۆ "سازانی نیشتمانی" و ڕێککەوتنێکی باش بکرێت کە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستاندا بێت.
کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، بۆ یەکەم جار ماڵپەڕێکی بەناوی "هاوکاریی کوردانە" خستە کار. لە ماڵپەڕەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرجەم داتا و ژمارەی ئەو پارانە نیشان دەدرێت کە وەکو هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەو شارە کۆکراونەتەوە. ماڵپەڕی هاوکاری کوردانە بۆ تۆمارکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کاراکرا، سەرجەم داتاکانی بەخشەرەکان و هاووڵاتیان لە خۆدەگرێت. ماڵپەڕی ' هاوکاری کوردانە - Hawkary Kurdana' ماڵپەڕێکی 24 سەعاتییە و سات بە ساتی هەر بڕە پارەیەک بۆ سەر هەژماری بانکیەکای 'کۆمسیۆنی دریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ؛ لەبانکی چەرموو هەروەها بانکی جیهان نوێ دەکرێتەوە. عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەوان لە کۆمسیۆنەکە لە پێناو پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی شەفافیەتدا سەرجەم داتا و زانیاریەکانمان دەخەنە بەردەست راگەیاندنەکان و دامەزراوە رەسمییەکان و خەڵکی کوردستان، تا هەمووان وەک چۆن بەشداربوون لە پشتیوانی زەرەرمەندانی لافاوەکە، بەهەمان شێوەش ببینن کە هاوکاریە داراییەکانیان چۆن تۆمار دەکرێت و چۆن خەرجیش دەکرێت بۆ خەڵکی چەمچەماڵ. لەم لینکەوە دەتوانن ئاگاداری کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و چۆنییەتی خەرجکردنی ببن... https://hawkary-kurdana.com/
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 18-12-2025 کەش / ئاسمانی هەرێم بە گشتی لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێ ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. مەوداى بینین / ( 8 - 10 ) کم . سبەى هەینی 19-12-2025 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 10– 20) کم/ک ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی سۆران : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری." ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ. عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە." لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە." بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە. قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن: قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان. قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان. قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان. سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو: 1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. 210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە. 569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە. عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: ماوەی زیاتر لە مانگێکە داهاتی نانەوتی هەرێم (120 ملیار دینارەکە) ئامادەیە، بەڵام، چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـن لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە. دەبێت هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت، ئەگینا ناردنی مووچەی مانگی 10 دوادەکەوێت و زەحمەتە پێش سەری ساڵ دابەش بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان بە ئاڤای وتووە، زیاتر لە مانگێکە 120 ملیارەکە ئامادەیە، بۆ ناردنیشی چاوەڕوانی ئیعازی وەزارەتی دارایی عێراقین کە ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچە دا، دەستبەجێ 120 ملیار دینارەکە بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەکەین، بەڵام دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان فەرمانمان پێ بکات. سەرچاوەکە وتیشی، هەفتەی داهاتوو دەینێرین بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ پارە بنێردرێت و دابەش بکرێت. لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت تەیف سامی گوتوویەتی، ئەم سێ مەرجە جێبەجێبکەن هەفتەی داهاتوو مووچە دەنێرم. هەروەها ئەوەش دەڵێت: یەکەم مەرج: داهاتی نانەوتی (120 ملیار دینارەکە) بنێرن. دووەم مەرج: تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە)ـی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان بنێرن. سێیەم مەرج: نوسراوێک بهێنن لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە بڵێت نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەبێ کێشە رەوانە دەکرێت و داهاتەکەشی دیار بێت.
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای راگەیاند، سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە خەڵکی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا لە ناوچەی زاپ گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی ئەو گەریلایانە بەمشێوەیەیە: - میلاد شێرکۆ زێڕین (دەنگتاڤ گیڤارا) - لەدایکبووی سنە - سەما داڵچیچەک (راپەڕین کاراز) - لەدایکبووی ئامەد - دیلشاه ئەحمەد (نوژیان ئاگیت) - لەدایکبووی تربەسپی - ئەحمەد فورکان کایا (رۆنی چیا ئالیداش) - لەدایکبووی ئامەد - حەسەن عەلی ئالیسوو (باوەڕ قامشلۆ) - لەدایکبووی قامشلۆ - مستەفا سەیدۆ (دڵسۆز کۆبانێ) - لەدایکبووی کۆبانێ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو گەریلایانە تێیدا گیانیان لەدەستداوە، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (چنگ - قوفڵ) کە سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو. راگەیاندنی ناسنامەی ئەم گەریلایانە لەکاتێکدایە، تورکیا و پەکەکە لە قۆناخێکی نوێی "پرۆسەی ئاشتیدان". رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە، پەکەکە لە ئایاری 2025ـدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری، رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە ئەندامێتی 51 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستا دەیان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
هێزێکی سەربازی لە کەرکووک رێگریی لە چەند گەنجێک کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە خۆمان وەکو حکومەت چارەسەری دەکەین." رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، رۆژی ئاڵای کوردستان، لە قوتابخانە، زانکۆ و دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکاندا بەرز رادەگیرێت و یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە کەرکووک رێگری کرا ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵێک گەنج ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هێنا و دەیانویست بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک هەڵبکەن "لەلایەن هێزێکی زۆری سەربازیی دژەتیرۆر و هێزی تایبەتەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان هەڵبکەن". ببینە هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن چواردەوری پەیکەری پێشمەرگەیان داوە لە کەرکوک و ناهێڵن چەند گەنجێکی کورد ئاڵای کوردستان بدەنە دەست پەیکەرەکە بۆ بینینى ڤیدیۆى زیاتر facebook.com/reel/1381893206709761/?s=single_unit
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە نیشانەی گۆڕاگریی گەلەکەمانە." جەختی کردەوە کە "هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە." 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە کوردستان یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە دەبێ هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر." سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کوردستان بە زانست و ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە." دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان پێشمەرگە قارەمانەکان رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموولایەکتان پیرۆز بێت، ئەمڕۆ کە یادی رۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنیا یادکردنەوەی رۆژێک نییە، لە ساڵنامەدا، بەڵکو ئەمڕۆ رۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە، بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات ئاڵای کوردستان ناسنامە و کۆکەرەوەی گەلی کوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە، ئەم ئاڵایە شاهێدی رێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. لە رۆژانی سەختی خەبات دا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، رۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی راگرت و بەخوێن و خەباتی خۆیان پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەکەیان کرد. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین، لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە، ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدەستهاتووە. کوردستانیانی ئازیز.. لە رۆژی ئاڵادا پەیامی ئێمە روونە، هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە، ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە بە جیاوازیی بە جیاوازیی بیروڕا، سیاسی و ئایینی و هەموو ئەو نەتەوانەی لە کوردستان دەژین لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شانبەشان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە، ئایین و پێکهاتەکانی کوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان، وەفاداری راستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کوردستان تەنیا و تەنیا بە دروشم نابێت. بەڵکو بە پاراستنی دەستکەوتەکان بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیادنانی دامەزراوەی بەهێز بۆ خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت. گەنجانی خۆشەویستیی کوردستان ئاڵای کوردستان تەنیا سیمبووڵی رابردوو نییە، بەڵکو ئاڵای داهاتووە، ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە، نیشتمان پێویستی بە زانست و بە وزە و بە داهێنان و خەونی ئێوەیە، کوردستان بە زانست و زانین، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز ئاوەدان دەکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، پەیامی خۆمان بۆ هاوبەشیی دەستووری لە عێراقی فیدراڵیی و دیموکراسی دا دووپات دەکەینەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتی باش بگەیێنێت. کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت. لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بەخوێنی خۆیان نەخشاندووە، سڵاو و رێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کە پارێزەری ئەم خاک و ئاڵایەن، پەیمان دەدەین، کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزیی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی رابگرین. بەرز و شەکاوە بێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لە کورتخایەندا قەیرانێکی تووندی کاش نییە، هاوکات ئاماژە بەوە دەدات حکومەت خەریکی ئامادەکردنی بودجەی 2026ـە لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی مامناوەنددا. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکان کاتێک ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە پەنا دەبەنە بەر کەم کردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەت لەو ئابوورییانەی پشت بە نەوت دەبەستن. ساڵح دووپاتی کردەوە "پێشبینی ناکرێت حکومەت لە کورتخایەندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی تووندی کاش ببێتەوە، بە مەرجێک داهاتەکانی نەوت لە ئاستی ئێستای خۆیدا بمێننەوە و هەماهەنگیی نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەییش بەردەوام بێت." بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر خەرجییەکانی بەکاربردن لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕێژەییی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2026، مەگەر هاوکات بێت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان. ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2026، پێشبینیشی کرد پڕۆژەکە تیشک بخاتە سەر هاوسەنگیی نێوان بەردەوامبوونی دارایی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان.
