رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ کە ئەمڕۆ بڕیارە پۆستەکەی بۆ بەکر مستەفا بە جێبهێڵێت دەڵێت: داوای لێبوردن لە خەڵکی چەمچەماڵ دەکەم کە نەمتوانی بەگوێرەی پێویست خزمەتیان بکەین، ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بەڵام پارەمان نەبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەنجامدرا. لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئاسۆ بەکر مستەفا بە وەکالەت پۆستی قائیمقامی نوێی وەرگرت و جێگەی ڕەمەک ڕەمەزانی قائیمقامی پێشووی گرتەوە. ئاسۆ بەکر مستەفا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرکی ئەوان خزمەتکردنە و داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەن هاوکاریان بن لە دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکان و چارەسەرکردنیان. قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ، پێشتر چەندین پۆستی هەبووە: - پارێزەر لە دادگای سلێمانی (1991-1997) - بەڕێوەبەری ناحیەکانی هێرۆ، بنگرد و خەلەکان (1997-2011) - قائیمقامی قەزای دووکان (2011-2017) - پلەی قائیمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی (لە 2017ـەوە) دانانی ئاسۆ بەکر لە پۆستە نوێیەکەیدا دوای ئەوە دێت کە بەهۆی لافاوەکەی ڕۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگە لە چەمچەماڵ و دروستبوونی زیانی گیانی و ماددی، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان پێکهێنرا. دوای بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، ژمارەیەک بەرپرسی ناوچەکە لە پۆستەکانیان بەخشراون، لە نێویاندا ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی پێشووی قەزاکە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر و بڕیارە لەو سەردانەدا لەگەڵ عەبدولفەتتاح ئەلسیسی، سەرۆک کۆماری میسر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری کۆ دەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلای ئەحمەد فوئاد هنو وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا. بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح ئەلسیسی و بەرپرسانی باڵای دیکە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەکات .
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر وەڵامی قسەکانی میران بەکری دایەوە و دەڵێت، لە ژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان هاتۆتە لای مەکتەبی سیاسی و سوکایەتی بە ئومبیلێک کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. ڕاگەیاندنی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – هەولێر، لەبارەی ڕووداوەکەی کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە، میران بەکر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ناوبراو لەژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا سوکایەتیی بە پاسەوانانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە و لە دوای ڕوونبوونەوەی ناسنامەی ناوبراو داوای لێبوردنی لە هێزەکان، بە ڕێزەوە بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەجێهێشتووە. لە ڕوونکردنەوەکەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دا هاتووە، میران بەکر کاتژمێر 12:30 ی شەو چووەتە کۆڵانی مەکتەبی سیاسیی و لە ژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا، سوکایەتیی بە پاسەوانانی مەکتەبی سیاسیی کردووە. بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، لەلایەن مەفرەزەی مەکتەب سیاسییەوە ناوبراو براوەتە ژووری ئەفسەری بەرپرس و لە دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی و داوای لێبوردنکردنی، بەرێزەوە بارەگای مەکتەب سیاسیی بەجێهێشتووە. لە بەشی کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا باسی ئەوەکراوە، جگە لەوەی بەشکێک لە خەڵکی گەڕەکەکە شاهیدی ڕووەداوەکەن، بەڵگەی ڤیدیۆیی ڕووداوەکەش لەلایان پارێزراوە و هەموو بەڵگەکەکان دەدەنە دەست لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەپێی یاسای سەربازی رێککاری پێویست ئەنجام دەدرێت.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى یەکێتى، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی موچە پەلە بکرێت و مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێن سبەی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بکات و ئەوکات ئەوانیش راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماریان. رۆژی شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە، ئەگەر سبەی بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکرێت، "راستەوخۆ 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ." بە گوتەی سەرچاوەکە: "ئەگەر سبەی دوای ئاگادارکردنەوەمان رێکارەکان تەواو بوون، ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەمان رۆژ، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین." ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم یەک دوو رۆژە ئاگادار دەکرێینەوە و داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق و مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت و دواتر راستەوخۆ دابەش دەکرێت." 16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا. 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژانەوەی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 ملیار دینار بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە. کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی کارەساتەکەی چەمچەماڵدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست بە قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان دەکرێت. ئەحمەد ئەنوەر، کە وەک سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی هاوکارییەکان دیاریکراوە، ڕایگەیاند: "ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە قەرەبووی ئەو خێزانانە دەکرێتەوە کە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە بە سێ هەنگاو بەڕێوەدەچێت و هیوای خواست ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە بتوانێت ئەرکی سەرشانی زیانلێکەوتووان کەم بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد ئەنوەر، ئاشکرایکرد، "بەڕێز قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت."هەروەها جەختی کردەوە، ئەو هەژمارە بانکییەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دانراوە، دانەخرێت. لەلایەن خۆیەوە، عەتا محەممەد، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: "هاوکارییەکانی عێراق هێشتا نەگەیشتوونەتە دەستمان و چەند ڕێکارێک ماون تەواو بکرێن." ناوبراو دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و وتی: "سەرجەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە وردبینی و بە چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێن."
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە 200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025 بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ناسنامەی چوار شەڕڤانی ئاشکرا کرد، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا بەدیهێنانی خەونەکانیان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵی شەهیدمان 'شوکری حامی بەشار'، بەردەوام دەستپێوەگری بەها نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکانی بووە و ئەمەی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەشی گواستەوە، بەجۆرێک کە چەندین ڕۆڵەی لە ڕێڕەوی شۆڕشگێڕیماندا شەهید بوون، یەکێکی تریان لە یەکێک لە شەڕەکاندا بریندار بوو و بووە برینداری جەنگ، و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانماندا بەردەوامن لە کارەکانیان. هەروەها هەڤاڵمان 'ئەبو حەجی/ محەمەد حەنان بیلال'، ئەویش باوکی چەندین شۆڕشگێڕە کە لە سەرەتای شۆڕشەوە چوونەتە ناو ڕیزەکانەوە. ئەو ڕۆحیەتە نیشتمانییەی لە ناو خێزانەکەیدا چاندبووی بووە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی دەیناسن. سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوچەکانی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداری کرد و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی چەتەکان بووەوە، لە کاتێکدا خۆی و کوڕەکانی پێکەوە لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون و هەمیشە سەرچاوەی ورە و ئیلهام بوو بۆیان. هەروەها هەڤاڵمان 'عەلی / حوسێن عەلی حوسێن'، لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانمانەوە پەیوەندی پێوە کرد و لێهاتوویی خۆی لە کار و خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی سەلماند. ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی باوەڕی پێیان هەبوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە تیرۆر و داگیرکاری. هەروەها هەڤاڵمان 'عەگید تۆڵهەڵدان'، هەرچەندە بەم دواییانە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە کردبوو، بەڵام بەرگرییەکی گەورەی لە بەنداوی تشرین کرد و لە هێزی دوژمن و چەتەکان نەترسا، بەڵکو هێزی خۆی لە باوەڕبوونی بە دۆزە ڕەواکەی وەردەگرت. ئەزموونێکی فراوانی لە کاتی کارکردنی لە ناو هێزەکانی پاراستن لە چەندین شاردا هەبوو و لە تاکتیکەکانی شەڕی ناو شاردا شارەزا بوو. ئەوەی باوەڕی ئەوی بە شۆڕش قووڵتر کردەوە، کاریگەریی براکانی و خزمەکانی بوو کە لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدابوون". لە کۆتاییدا قەسەدە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکە هەموو بنەماڵەی شەهیدان کردووە و بەڵێنی دووپاتکردۆتەوە کە تێکۆشان بەردەوام بێت تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان.
رائید سەربەرز عومەر، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر روداوەکەی دوێنێ پێنج کەس دەستگیرکراون. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان روونیکردەوە، لەو پێنج کەسە؛ سێ کەسیان لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراون و دوو کەسەکەی دیکەشیان خۆیان رادەست کردووە. جێگەی ئاماژە پێدانە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان لەڕاگەیێنراوێکدا لەبارەى روداوەکەوە رایگەیاند، لەسەر کێشەى زەوى و زار دوو بنەماڵە بووەتە شەڕیان و چوار کەس لەلایەک کوژراون و یەکێکی دیکەیان برینداربووە و شەش کەسى دیکەش لە بنەماڵەى بەرامبەر برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردا دەمێننەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرهەڵاتە، سەبارەت بە پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت نزیکبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەی یەکشەممە، 21-12-2025، سەرەتا ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر : 17 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
میران بەکر کە کادری یەکێتییە و بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەیە لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی: هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی، کاتژمێر یازدە و نیوی شەو، لەنزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر تورەگەی رەشییان خستەسەرم، دوای کەلەبچە کردنم بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەشەق و بۆکس تێیانهەڵدام، هەموو کەلوپەلەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکەیان بردم و پاشان وتیان: هەڵەمان کردووە. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم". بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن". سکرتێری وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە، بەڵام پێمگوتن ئێوە بێتاوانن و دەزانم ئاراستە کراون". بە گوتەی میران بەکر، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەری خۆشیان نیگەران بوون و دەشڵێت: "من مەکتەبی سیاسی و ئەو سنوورەم بە ماڵی خۆم زانیوە، ئەگینا هیچ کاتێک بەبێ چەک ناسووڕێمەوە". بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و بزانین چی روویداوە". ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".
بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نەبێت و کار بە سیستەمی 1/12 بکرێت، لەم دۆخەشدا هەرێمی کوردستان داوای هەموو پشکەکەی دەکات نەک تەنیا مووچە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەهۆی ئەوەی حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر، هیچ ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکراوە. بۆیە خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 دەبێت، کە ژمارەکان بەم شێوەیەن: کۆی گشتیی بودجە: 211 تریلیۆن و 86 ملیار دینار. بودجەی بەکاربردن: 156 تریلیۆن دینار. بودجەی وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن دینار. لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %12.67 دیاری کراوە، کە دەکاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینار. هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی چارەسەر کردووە و دەبێت ساڵی داهاتوو پشکی تەواوەتی بۆ بنێردرێت، بەو پێیەی: ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەست بکات. تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەداتەوە. لە ئێستادا هەناردەی نەوت نزیک بووەتەوە لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پەیوەندیی دارایی هەولێر و بەغدا بۆ ساڵی 2026 لەبەردەم دوو ئەگەردایە: سیناریۆی یەکەم: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (ناردنی تەنیا مووچە)، کە هەرێمی کوردستان ئەمەی ڕەت کردووەتەوە. سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و وەرگرتنی پشکی تەواوەتی (12.67%)، کە ئەمە ئامانجی هەرێمی کوردستانە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: كۆمەڵێك گروپی توندڕەو لەناو حكومەتی دیمەشق چارەسەرو رێككەوتنیان ناوێت، بە تایبەت ئەو گروپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووەو ئێستا تێكەڵاوی هێزەكانی حكومەت بوون، لە نمونەی، ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو "سوپای نیشتمانی" ئەوانەی عەفرینیان و عەزازو ناوچەكانی تریان داگیركرد. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتێندا لەگەڵ كەناڵی " aryen tv" وتیشی: ئەوانە ئێستا بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمەو دژی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گروپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەراربێت. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرێك لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئازارو كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاواو هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكی نوێیەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت. ساڵی (2026) بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی، ئێمە لەهەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا یەكێتی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان (2026) دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستوری سوریادا.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی).، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی) و هیوای جەژنێکی پڕخۆشی و کامەرانییان بۆ دەخوازم. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال تاوەکو چیدیکە ئێزدییە سەربەرزەکان نەبنە قوربانی ململانێکان و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هەر لە جەژن و شادیدا بن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: لەسەرکێشەی زەوی وزارچوار کەس کوژراو حەوت کەسیش برینداربوون. بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ سەربە قەزای ڕزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن ڕویدا کە خزمی یەکترن لەئەنجامدا چوارکەس لەیەک تەرەف گیانیان لەدەستدا کەسێ دانەیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە وەبرایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە. لەتەرەفی بەرامبەریش شەش کەس برینداربوون ، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون . لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، چونکە ئەمەتەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی ڕووداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تاوەکو هەموو بڕیارەکانی تر لەلایەکى دیکەوە شایەتحاڵێک: لە مزگەوتی تەقوا کەسوکاری کوژراوەکان و بکوژەکان بە چەک رووبەرووی یەک بوونەتەوە و هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تەوقی شوێنەکەیان کردووە. وتیشی، “کەسوکاری کوژراوەکان دەڵێن تەرمەکان دەبەینەوە بۆ ماڵەوە و بەخاکیان ناسپێرین، تاوەکو تۆڵەیان دەکەینەوە.”
