ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پلە بەرزکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە سەر ناگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارە و هەبونی چوارچێوەی یاساییە. جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمان و کاندیدی دەرچوو، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: باوەڕ ناکەم، پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەران سەر بگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارەیە، خەرجکردنی پارەش چوارچێوەی یاسایی دەوێت، چوارچێوەی یاساییش دەبێت بخرێتە نێو یاسای بودجەوە. دەشڵێت: ئەو پارەی ئێستا لەبەردەست وەزیری داراییە لە یاسای بودجەی 2025 پەسەند کراوە، بۆیە پلە بەرز کردنەوە پارەی دەوێت، خەرجکردنی پارەش پێویستی بە یاسایە. ئەمەش لەکاتیکدایە، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ساڵی 2026 دەستپێکرد. وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات لە ماوەی 20 ڕۆژدا زانیارییە پێویستەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن. بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە. مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوەی (سەربازی و شارستانی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026.
ئایا کوردستانی بە قیبلەی موسڵمانان شوبهاندووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەسەروربەندی یەکەم ساڵیادی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد گوتارێکی د.مورشید خەزنەوی لە نەرویج بووە بابەتی رۆژ، بەشێک لە خەڵکی دەستخۆشیان لێدەکرد و بەشێکی دیکەیان بە توندی رەخنەیان لێگرت و وەڵامیان دایەوە، تەنانەت هەندێک میدیای هەرێمی کوردستان قسەکەیان گۆڕی و بەلارێیاندا برد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێرشێکی ناڕەوای بکرێتەسەر. د.مورشید مەبەستی چی بوو؟ د.مورشید لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆرێکی لە ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بۆ رێکخرابوو و تێیدا باسی دۆخی رۆژاڤای کوردستان و سوریای کرد دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد. ئەو وەڵامی هەندێک کەسی دایەوە کە دەیانوت خاکی کوردستان خاکێکی ئاساییە حکومەتی سوریا دەستیبەسەردا بگرێت بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات. لە وەڵامدا د.مورشید گوتی، کوردستان ناوی لە قورئاندا هاتووە و لە قورئاندا سێ شوێنی پیرۆز هەیە، لە دوای مەککە و قودس، کوردستانە. دواتر ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە. لە میدیای کوردی خوێندنەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کرا یاخود بەئەنقەست شوێندرا چونکە قسەیەکیان بەدەمی د.مورشید خەزنەوییەوە دەنووسی کە هەرگیز شتی وای نەگووتوە. میدیای کوردی دەیانووسی، د.مورشید خەزنەوی دەڵێت: کوردستان سێیەم قیبلەی موسڵمانانە. بەڵام لەراستیدا ئەگەر بەوردی گوێ بۆ قسەکانی بگیرێت، د.مورشید دەڵێت، نوح پێغەمبەر دوعای کردووە کەشتییەکەی لە شوێنێکی پیرۆز بگیرسێتەوە، خوای گەورەش لە جودی گیرساندییەوە، لە قورئاندا ناوی جودی هێنراوە بۆیە خاکی کوردستان پیرۆزە و دەبێت پارێزگاری لە خاکەکەی بکرێت دژی داگیرکەران. -------- بەهۆی پیشەیی نەبوونی میدیاکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، د.مورشید خەزنەوەی هێرشێکی ناڕەوای کرایەسەر و چەندین تۆمەت درایەپاڵی و قسەی ناشرینی بەرامبەر کرا، لەکاتێکدا مامۆستایەکە هەمیشە رێزی سرووتە ئاینییەکانی گرتووە و بەردەوام ئایینی ئیسلام بە جوانترین شێوە بۆ خەڵک رووندەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریکارێکی سەرسەختی نەتەوەکەی خۆیەتی. د.مورشید خەزنەوی، کوڕی محەمەد مەعشوق نەقشبەندییە کە ساڵی 2005 لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رفێنراو دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. د.مورشید، لە گوندی تەلمەعروفی شاری قامیشلۆ لە دایک بووە. لە شەقام، مزگەوت و هەرکۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆی بچێت باسی کوردستان بابەتی سەر زارییەتی. د.مورشید خەزنەوی، بەردەوام بە مامۆستاییەکی ئاینی پشتیوانیکاری رۆژاڤای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر دادەنرێت، لە کەم لێدوان و چاوپێکەوتنی هەیە باسی رۆژاڤا و دۆخی کورد نەکات.
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزێکی چەکداری یەکێتییەوە هێرشکرایە سەر میران بەکر، ڕۆژنامەنووس و کادیری پێشکەوتووی ئەو حزبە، لە کاردانەوەی دا ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەکە ڕاگەیاند. دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەنووس میران بەکر، لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە پەرەی فەیسبووک ڕایگەیاند: دوای 20 ساڵ لە نێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بەخشینی تەمەنی گەنجی بەو حزبە، بەڵام لە باتی وەفا و ڕێزگرن لە ماندووبوون لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بەشێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی بێڕیزی کرامەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، کەرامەتی خۆم و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆست و ئینتیمایەکی سیاسییەوەیە، و ئامادەنیم یەک چرکە لە شوێنێکدا بمێنمەوە، کە شکۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت. دەقی دەستلەکارکێشانەوەی میران بەکر (نامەی دەست لە کارکێشانەوە) ۲۰ ساڵ تەمەنم بەخشی، بەڵام کەرامەتم نابەخشم ! «لێدان چارەسەر نییە، نیشانەی ترس و شکسته.» ژیانئاوا ( سەرۆک مام جەلال) دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە (۲۰ ساڵ) لە تەمەن و گەنجێتیم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە تێیدا بە دڵسۆزی و پاکی ئەرکەکانم ڕاپەڕاندووە، بیست ساڵ لە هەڵکشان و داکشان، لە سارد و گەرمی، لە بەخشینی گەنجێتی و وزەم لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئەمڕۆ ئەم کاروانە کۆتایی پێدەهێنم. جێهێشتنی ئەم حزبە بۆ من، تەنها جێهێشتنی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو جێهێشتنی بەشێکی گەورەی تەمەن و یادگارییەکانمە. بەڵام کاتێک وەک پاداشتی ئەو هەموو ساڵەی خزمەت و وەفا، لەبری ڕێزگرتن لە ماندووبوونەکانم، لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بە شێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی لێدان و بێڕێزی و ئیهانە بوومەوە. ئیتر ، کە کار گەیشتە ئەوەی لە ناو حزبێکدا پەنا بۆ "دەمامک" دەبرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کادیرە دڵسۆزەکان، ئەوا زمانێک بۆ گفتوگۆ و مانەوە نامێنێتەوە. کەرامەتی من و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆست و ئینتیمایەکی سیاسییەوەیە، و ئامادەنیم یەک چرکە لە شوێنێکدا بمێنمەوە، کە شکۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت. لێرەشەوە بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەمەوە: ـ بڕیاری وازهێنانم بڕیارێکی کۆتایی و بێگەڕانەوەیە. ـ لە داهاتوودا کار بۆ هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی ناکەم. من تەمەنێکم لەپێناو فکرەیەکدا بەسەر برد، ئێستاش دەمەوێت، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و دوور لە جەنجاڵی سیاسیی، تەنها ڕێزی خۆم و مێژووەکەم بگرم. بۆ من، ۲۰ ساڵ خزمەت شانازییە، بەڵام بێدەنگبوون لە ئاست سوکایەتیکردن بەو مێژووە، شکاندنی خودی خۆمە. بۆیە لێرەدا خاڵی کۆتایی دادەنێم و سەربەخۆیی خۆم ڕادەگەیەنم. لەگەڵ ڕێزدا.. رۆژنامەنووس (میران بەکر پاڵانی ) ٢٢ / ١٢ / ٢٠٢٥ هەولێر
هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق 5 کەسی سڤیل برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە. هەسەدە دەڵێت، هێرشی ئەو گروپانە بە چەکی قورس بۆ سەر گەرەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بەردەوامە. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت: بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، بە بەکارهێنانی هاوەن و چەکی قورس پێنج هاوڵاتی مەدەنی برینداربون كە یەكێكیان منداڵە. هەسەدە راشیگەیاندوە: دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمنكارییەو، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان و گیانی هاوڵاتیان. ئێوارەى ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دیسان هێرشیان بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردەوە و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە خاڵێکی پشکنینی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە برینداربوون. هەروەها دەشلێت ئەم هێرشە بەردەوامی چاودێرینەکرددنی ئەو گروپانە دەسەلمێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی شارەکە و ژیانی خەڵکی سڤیل. ♦️ هێرشەکە سەلمێنەری ئەوەیە دیمەشق ناتوانێت گرووپە چەکدارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات. ♦️ ئێمە دمیەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشانە دەزانین.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ساڵی 2026 دەستپێکرد. وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات لە ماوەی 20 ڕۆژدا زانیارییە پێویستەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن. بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە. مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوەی (سەربازی و شارستانی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026. وەزارەتی دارایی داوای لە گشت وەزارەتەکان کردووە کە خشتەی هاوپێچ پڕبکەنەوە و بڕی شایستە داراییە پێویستەکان دیاری بکەن. جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە لە ماوەی 20 ڕۆژدا لە ڕێکەوتی دەرچوونی نووسراوەکەوە (27-11-2025) وەڵامەکان ڕەوانە بکرێنەوە، بە پێچەوانەوە لایەنی کەمتەرخەم بەرپرسیار دەبێت لە هەر دواکەوتنی شایستە داراییەکان. هەر لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە پێویستە خشتەی هاوپێچی پلەبەرزکردنەوەی سەربازی و شارستانی بە جیاواز و بە شێوەیەکی ورد ئامادە بکەن و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن. پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەکانی بوودجە لەگەڵ بەغدا ڕاگیرابوو. ئەم هەنگاوەی ئێستای وەزارەتی دارایی وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و جێگیرکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەران لە بوودجەی فیدراڵیدا، تاوەکو لە ساڵانی داهاتوودا کێشەی نەبوونی تەرخانکردنی دارایی بۆ پلەبەرزکردنەوە نەمێنێت.
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دیسان هێرشیان بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردەوە و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە خاڵێکی پشکنینی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە برینداربوون. هەروەها دەشڵێت ئەم هێرشە بەردەوامی چاودێرینەکرددنی ئەو گروپانە دەسەلمێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی شارەکە و ژیانی خەڵکی سڤیل. هێرشەکە سەلمێنەری ئەوەیە دیمەشق ناتوانێت گرووپە چەکدارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات، ئێمە دمیەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشانە دەزانین. بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند گەڕەکێکی ستراتیژی دەستیپێکردووە. لە کاتێکدا شەڕی چەکداری لە ئارادایە، نیشانەشکێنەکان جموجۆڵیان لە ناوچە سەرەکییەکان پەکخستووە و مەترسییان بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان دروست کردووە. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوودانی ئەو شەڕ و پێکدادانە چەکدارییانەی لە سنووری باکووری حەلەب پشتڕاست کردەوە، کە بووەتە هۆی تێکچوونی تەواوی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە هەسەدەدان و هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا. بازنەی شیحان وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان ئەو ناوچانەدا دەبینرێت. دروستبوونی شەڕ لەم تەوەرانەدا و بەکارهێنانی نیشانەشکێن، مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر سەلامەتی مەدەنییەکان دروست کردووە و ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێی گرژییەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناو سووریا. بەپێی نوێترین زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب لە ئارادایە. هاوکات لەگەڵ ئەم شەڕە، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە لە دەوروبەری بازنەی شیحان جێگیر بوون و هێزە ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی مەدەنی و هەر جموجۆڵێک لەو ناوچەیەدا بێت دەکەنە ئامانج. ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایانگەیاندبوو کە بازگەیەکی هاوبەشی ئەوان و هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە بازنەی شیحان کەوتووەتە بەر هێرشێکی چەکداری و بەهۆیەوە 2 کارمەندیان بریندار بوون. هەرچەندە ئاسایشی ناوخۆی حەلەب گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام میدیا فەرمییەکانی سووریا و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەکەن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق تەنها موچەی مانگی دەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، دەنگۆی ئەگەری ناردنی موچەی مانگەکانی 11 و 12 ڕەتدەکاتەوە. سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەبارەی موچەی مانگەکانی 11 و 12 لە وەزیری دارایی عێراقم پرسی، لە وەڵامدا وتی موچەی ئەو دوو مانگە لای عێراق نییە و ڕەوانەی ناکات. دەشڵێت: ڕێوشوێنەکانی ناردنی موچەی مانگی دە کۆتایی هاتووە و بەم نزیکانە حکومەتی عێراق ڕەوانەی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەرانا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، هەروەها ٢١ حاڵەتی پێشێلکاریی دژ بە ژنان تۆمار کراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ٢١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تا ٢١ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٥ حالەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراون. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو ماوەیەدا ٢١ حاڵەتی پێشێلکاریی سیستماتیکی لە ئەنجامی یاسایی جیاکاری ڕەگەزییەوە تۆمار کراون کە ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، تۆمەتبارکردن بەهۆی نەبوونی پابەندبوونی باڵاپۆشی زۆرەملێ و داخستنی شوێنی کارەکانیان بوونەتەوە. جێگای ئاماژەیە، لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، ژنان ڕووبەڕووی گرفت و بەربەست، توندوتیژی و سووكایەتی زۆر بوونەتەوە،هەتا دێت ئەم پێشێلكارییانە زیاتر و زیاتر دەبن و ئازادییەكانیان زیاتر بەرتەسك دەبێتەوە.
دوو شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکەن، لە 26ـی ئەم مانگەوە ناسەقامگیری لە کەشوهەوای باشووری کوردستان دروستبێت و لە رۆژانی دواتریدا لە بەشێکی ناوچەکان باران و لە هەندێک ناوچەش بەفر ببارێ. ئاسۆ کەمال، پسپۆڕی کەشناسی و بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ لە 26ـی ئەم مانگەوە بارستە هەوای ساردی جەمسەری، ناوچەکەمان بگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری سلێمانی بەفر ببارێ". وتیشی: "شەپۆلەکە تاوەکو سێی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێ. پلەی گەرما لە یەک بۆ سێی مانگی داهاتوو بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێ و لە هەندێک ناوچە دەگاتە پلەی بەستن". ئەو پسپۆڕەی کەشوهەوا دەڵێ: "جگە لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک سۆران و حاجی ئۆمەران، پێشبینی دەکرێ بەفر لە چەند ناوچەیەکی دیکەش ببارێ، وەک پیرەمەگروون، ئەزمڕ و گۆیژە لە سلێمانی". هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، وتى: "لە 27ـی ئەم مانگەوە شەپۆلی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە". ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، لە 27ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ئێوارەی 01-01-2026 "لە تەواوی باشووری کوردستان باران ببارێ، بڕی کەمترین 25 ملیمەتر و زۆرترین 50 ملیمەتر دەبێ؛ هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێ". لەبارەی بارینی بەفرەوە لە شارەکان، محەممەد کەمال گوتی: "جگە لە پێنجوێن و سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی هاوشێوەیان، ئەگەری لاواز هەیە لە چەند شارێکی دیکەش بەفر ببارێ، بەڵام هێشتا کات ماوە و روون نەبووەتەوە، ئەگەری گۆڕانیش هەیە". کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئاسمان هەور دەبێت، لە شەودا ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچەکانی باشووری عێراق، پاشان بۆ کاتەکانی درەنگ کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و چوارشەممە کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت". بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و بەمشێوەیە دەبێت: هەولێر؛ 15 پلەی سیلیزی سلێمانی؛ 12 پلەی سیلیزی دهۆک؛ 13 پلەی سیلیزی زاخۆ؛ 14 پلەی سیلیزی کەرکووک؛ 16 پلەی سیلیزی هەڵەبجە؛ 14 پلەی سیلیزی سۆران؛ 11 پلەی سیلیزی گەرمیان؛ 17 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ شاندی دەمپارتی، سەردانی ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپەیان کرد، ا شاندی دەمپارتی رایانگەیاند، دەمانەوێت گفتوگۆکان بەردەوام بێت، پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە خاڵێکی مێژوویی. کۆبوونەوەی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی کۆتایی هات و هەردوولا جەختیان کردەوە، کاتی ئاشتییە و پێویستە چیدیکە شەڕ سەرهەڵنەداتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند؛ سەرۆکی جەهەپە و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی؛ لە کۆنفرانسێکی هاوبەشیی ڕۆژنامەوانیدا، باسیان لە پرۆسەی نوێی ئاشتی کرد. ئۆزگور ئۆزەل: ئاشتی بۆ سووریا و تورکیا دەخوازین ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "هیوادارین ڕشتنی فرمێسک لەم وڵاتە بوەستێت و برایەتی و ئاشتی باڵادەست بێت. ئاواتەخوازین لە داهاتووی تورکیادا لە ئاشتیدا، دەست لەناو دەست و شانبەشانی یەکتر بین. تورک و کورد و هەموو کەس دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، باشترین پەروەردە وەربگرن، پێکەوە بە خێرایی پێشبکەوین و داهاتوویەکمان هەبێت بە دادپەروەری دابەشی بکەین." بە گوتەی ئۆزەل: "هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا، بۆ تورکەکان، بۆ کوردەکان، بۆ درووزییەکان، بۆ عەلەوییەکان و بۆ تورکمانەکان، هیوای دوو دەوڵەتی دەستووری، دیموکراتیک و ئاشتیانە دەخوازین. هیوادارین ئاشتی، برایەتی و دیموکراسی هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا باڵادەست بێت. لە هەردوو وڵاتدا ژینگەیەکی ئاشتیی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە، پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و سووریا دروست ببێت و برایەتی لە هەردوو دیوی سنوور بەهێزتر بێت." پەروین بوڵدان: پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە دوای ئۆزگور ئۆزەل، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـین. بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک و شاندەکەی دەکەم. دەمەوێت جەخت بکەمەوە دیدارێکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان ئەنجام دا. بە وردی گفتوگۆمان لەبارەی قۆناغەکانی پڕۆسەکەوە کرد. لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری دەدەین." بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا: "هۆکاری بوونمان لێرە ئەوەیە پرسی کورد پرسێکی سەروو سیاسەتە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە. ئاشتی، بێگومان، شایستەی تورکیایە. ساڵانێکی دوورودرێژ پڕۆسەیەکی پڕ لە پێکدادان بەڕێوەچوو. لەم جوگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژا، دایکان گریان، گەنجان چوونە ژێر خاک و لاشەی گەنجەکان نێژران." ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی جەختی کردەوە "بۆ ئەوەی چیتر پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە ڕوونەداتەوە، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان دەست و جەستەمان بخەینە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە. دەمەوێت بڵێم هەوڵی هەموو ئەو کەسانەی لەم پرسەدا کاریان کردووە، بەنرخە. پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە."
ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی باڵای تورکیا لەبارەی چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی لە سوریان. شاندەکەی تورکیا پێکهاتووە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی، ئیبراهیم کاڵن، بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگیری، یەشار گولـلەر، وەزیری بەرگری چەند کەسێکی دیکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی سەردانەکە پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] و جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی 10ـی ئازارە، چونکە تورکیا بە هاوسنووری خۆی دەزانێت پەرۆشی سەقامگیری سنوورەکەیەتی. هەروەها بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکان، پرسی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر سنووری ئیسرائیل و بەزاندنییەتی. ئەنادوڵۆ دەڵێت: هێرشەکانی داعش لە ماوەیەی رابردووە و کوژرانی دوو سەرباز و هاوڵاتییەکی ئەمریکی و هاوپەیمانی هێزەکانی ئاسایشی سوریا و ئەمریکا لە ناوچەکە. بەگوێرەی هەواڵەکە، پرسی دەستوور بەشێکی دیکە گفتوگۆکان دەبێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی بۆردی هاوکاریی زیانلێکەوتووانە، وردەکاریی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 1,302 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکەش بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێت. ئەنوەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا 600 بۆ 650 خێزان چەکی بانکییان بۆ دەکرێت و بڕی ئەو هاوکارییەی بۆیان تەرخان کراوە وەریدەگرن. ناوبراو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تەنانەت ئەو خێزانانەی لە کاتی سەردانی لیژنەکە لە ماڵ نەبوون، مافیان نافەوتێت و سەرجەمیان قەرەبوو دەکرێنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شێوازە کارکردنەی کۆمیسیۆنەکە دەبێتە بنەمایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە داهاتوودا. لای خۆیەوە عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ مژدەی دایە ئەو هاووڵاتییانەی کە زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە. بەگوتەی ئەو، هەر هاونیشتمانییەک خانوو، ئۆتۆمبێل و دووکانەکەی زیانی بەرکەوتووە، بۆ هەر سێ زیانەکە بە جیا قەرەبوو دەکرێتەوە. سەبارەت بە ڕیزبەندییەکەش ڕوونی کردەوە کە سەرەتا ماڵەکان، دواتر دووکانەکان و لە کۆتاییدا ئۆتۆمبێلەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، کە ئێستا خەمڵاندنی زیانەکانیان تەواو بووە. سەبارەت بە خشتەی دابەشکردنی پارە بۆ سبەی، عەتا محەممەد ئاشکرای کرد کە نۆرەی دانیشتووانی ناوچەکانی تەکیە، ئاغجەلەر و شۆڕشە. بۆ ئاگادارکردنەوەیان، ئەمڕۆ لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی سبەی ئامادە بن و شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
سۆزدار حاجی، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رەشبینی خۆی لە بارەی دانوستانەكانی ئێستا لەگەڵ دیمەشق دەربڕی و رایگەیاند: رێککەوتنە راگەیەندراوەکان وەرنەگێڕدراون بۆ هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی، لە کاتێکدا ترس لە نوێبونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەک لە باکوری سوریا ل هەڵكشاندایە. سۆزدار حاجی، کە هاوکات ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی تیمی دانوستانکارە لەگەڵ حکومەتی سوریا، لە لێدوانێكدا بە پێگەی هەواڵی "theamargi"ی وتووە: گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبیینوەو پەیوەندییەکانیش بواری گفتوگۆ تێنەپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەشکرد: وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار نزیک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە ئاردابێت و، دۆخی سەر زەوییش رەنگدانەوەی كەشوهەواوی هێوربونەوەی راستەقینە نییە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پێکدادانە بچڕپچڕەكان لە بەرەكانی روباری فورات. فەرماندەی گشتی پەپەژە باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ناتوانرێت بە دانوستان وەسف بکرێت، بەو پێیەی لایەنی بەرامبەر هەوڵدەدات دیدگای خۆی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە پێکهاتەیەکی سەربازی نوێدا بسەپێنێت، بەبێ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی روون، کە گەرەنتی هاوبەشی و نوێنەرایەتی بکات. رونیشی کردەوە: ناکۆکی سەرەکی لە بارەی میکانیزمی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەسەدە، ل بەر رۆشنایی پێشنیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی و تێکەڵکردنی ئەندامەکانی بە تاک لە سوپای نوێدا، لەبری ئەوەی پێکهاتەی ئێستای بپارێزێت.
ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەی ئەنکادەر نارد، ڕایگەیاند کە "وەفاداری بۆ شەهیدان" بریتییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و وتی: "بیرهێنانەوەی ڕاستەقینە، بردنی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر." کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوانی ئەنادۆڵ (ئەنکادەر)، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوچەی ئۆکمەیدانیی ئەستەنبوڵ ساز کرد. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دانش بەشتاش هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەستەنبوڵ عارفە چنار و چنار ئاڵتان ، نوێنەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان نوێنەرانی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و تەڤگەری ژنانی ئازاد ئامادەی کۆنگرەکە بوون. لە کۆنگرەکەدا چەندین جار دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە. کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان دەستی پێکرد. مەراڵ دانش بەشتاش لە کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "چیتر نامانەوێت خوشک و براکانمان لەدەست بدەین. سەرمان بە شەهیدەکانمان بەرزە، ئەوان هەموویان بەهای ئەم گەلەن. ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانین باس لە دیموکراسی و ئازادی بکەین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەوە بەهۆی ئەوانەیە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لە ناو بەرخوداندایە. هیوامان زۆرە، هەروەها لە قۆناغێکی هەستیارداین. ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا دەستی پێکرد. من لەو بڕوایەدام ڕێبەریش بیر لەوە دەکاتەوە کە چ باجێکی قورس دراوە. ئەگەر ئەو تێکۆشانەی تێیداین سەربکەوێت، هەموومان پێکەوە پێدەکێنین. لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین گۆشەگیری کۆتایی هاتووە. دیدارەکانی ئیمراڵی هێشتا بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت ئەنجام نادرێن، بەڵام بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ دیدارەکان ئاسانترن. بیروڕا و وتەکانی بەڕێز ئۆجالان ڕێ نیشاندەرن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەیام، فکر و کتێبەکانی ئەو جیهان ڕووناک دەکەنەوە. با گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرین. ئێمە ئەم پڕۆسەیە بەبێ چەک، بەبێ ڕشتنی خوێن و بەبێ لەدەستدانی مرۆڤەکانمان، لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیکەوە ڕێکدەخەین." پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە پاشان دەقی کوردیی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن محەمەد بوڵوت و دەقە تورکییەکەی لەلایەن دایکی ئاشتی ڕەوشان دۆنەر خوێندرایەوە. دەقی پایەمەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: "وەفاداریی ئێمە بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانمان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە لە ناو ئاشتیدا. یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشان کە لەم خاکانەدا لە پێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان گیانیان بەخشیوە، بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەمەوە. فیداکاریی ئەوان لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا وەک هۆشیاری، ئیرادە و میراتێکی مێژوویی دەژی. ئەوان ویژدانی تێکۆشانی ئێمە و ڕاستییە مێژووییەکانن کە لە یادەوەریی گەلەکەماندا شوێنەواری پڕ بایەخیان جێهێشتووە. بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی بوترێت کە لە قۆناغی ئێستادا، تێکۆشانی ئازادی هونەری زیادکردنی مردن نییە، بەڵکو هونەری ڕێکخستنی ژیانە. یادی شەهیدەکانمان نەک بە لەدەستدانی کەسی نوێ، بەڵکو بە بنیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراتیک و یەکسان و سەربەرزانەیە واتا پەیدا دەکات کە ئەوان لە پێناویدا بەرخۆدانیان کردووە. هەر لەدەستدانێک، چەندە بۆ من دەبێتە هۆکاری تێکۆشان، هێندەش ئازارێکی قورسە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێت ڕێگری لە شەهیدبوونی تەنانەت یەک گەنجیش بکەم و نەهێڵم دایکێکی تر لە دوای ڕۆڵەکەی شین بگێڕێت. وەفاداریی ڕاستەقینە کردنەوەی ڕێگە نییە بۆ لەدەستدانی نوێ؛ بە پێچەوانەوە، نیشاندانی بوێرییە بۆ بنیاتنانی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تێکۆشانێکی ئاشتییانە. ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین بەردەوامبوونی شەڕ نییە، بەڵکو نیشاندانی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکە. ئەوان تێکۆشانیان کرد چونکە باوەڕیان وابوو دواڕۆژێک کە گەلان تێیدا پێکەوە و بە ئازادی بژین مەحاڵ نییە. ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شانمان، تاجدارکردنی ئەم ڕەنجە مێژووییەیە بە ئاشتی و کردنەوەی دەرگای سەردەمێکی نوێیە کە لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراتیک بنیادنرابێت. ڕێزی ڕاستەقینە، ڕێگریکردنە لە لەدەستدانی نوێ. یادی ڕاستەقینە، بردنەپێشەوەی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر. وەفاداری بۆ شەهیدان ئەوەیە کە مرۆڤ ئەو بوێرییەی هەبێت لەو شوێنەی ئەوان لێی وەستاون، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکتر، ئازادتر و مرۆییتر بنیات بنێت. بەم هەست و بەرپرسیارێتییەوە، سەری ڕێز لەبەردەم یادی هەموو پاکڕەوانانی تێکۆشان دەچەمێنمەوە و سڵاوی ڕێز و خۆشەویستی بێپایانم بۆ کەسوکاریان دەنێرم." 'فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە' پاشان هاوسەرۆکی ئەستەنبوڵی دەم پارتی عارفە چنار وتی: "لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ٥٢ ساڵە بەردەوامە، باجی قورس دراوە و لەدەستدانی گەورە هەبووە. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک هەمیشە لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان بووە، بەڵام ئەوەی ڕاستی دەخاتە ڕوو و مانا بە ژیان دەبەخشێت، تێکۆشانی شەهیدەکانمانە. بەڕێز ئۆجالان بەو بانگەوازەی بۆ ئاشتی لە ٢٧ی شوباتدا کردی، نەخشەڕێگایەکی بۆ ئاشتییەکی خێرا خستە ڕوو و لە پێناویدا لە زیندانی ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات. فەلسەفەی قووڵی بەڕێز ئۆجالان تەنیا لە باکوور نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندایە و ڕووناکییەکەی لەم جیهانە تاریکەدا دەدرەوشێتەوە." دوای وتارەکان، لە هەڵبژاردنێکدا ئیلهام کورت و هولیا ئیلبارس وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنکادەر هەڵبژێردران. کۆنگرەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
ئێران لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ژیان و ناسنامەی خێزانی قوباد تاڵەبانی دەیەوێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات. مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟ سەرەتای راپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە باسی سەردەمی پێش رووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن دەکات و دەڵێت: لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد، پێش ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئیسرائیل لەقوبادی کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی نزیک بووەتەوە، کە لەئەمریکا خەریکی خوێندن بووە و توانیویەتی بەژنێکی جووی بناسێنێت بەناوی "شێری گراهام". شێری بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند ساڵێکیش لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە. لەو کاتەدا باوکی شێری جوویەکی بەناوبانگ بووە لە ئەمریکا لۆبی بۆ گرووپێکی ئیسرائیل کردووە بە ناوی ئەیپاک کە گەورەترین گروپی لۆبیی ئیسرائیلە لە ئەمریکا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە شێری چەند ساڵیک لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە، بەڵام لەڕێی مۆسادەوە داوای لێکراوە بە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ شێری رازییببێت و ئەوانێش لەڕێی خەزوری و ئەیپاکەوە رۆڵیان هەبێت لە عێراقی نوێدا. میهر دەڵێت: قوباد تاڵەبانی دوای رازیبوونی بە هاوسەرگیرییەکە، بەرێنمایی مۆساد قوباد تاڵەبانی و شێری گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی شێری حەزی لە سلێمانی نەبووە و بە شوێن پێگەی ئێرانی زانیوە ماڵیان بردووەتە هەولێر. ئاژانسە ئێرانییە دەڵێت، بە هەوڵی نهێنی مۆساد و ئەیپاک قوباد تالەبانی کراوە بە جێگریی سەرۆکوەزیران، شێریش لە کوردستان بەردەوام بووە لەو ئەرکەی مۆساد پێیسپاردووە ورێکخراوێکی بەناوی ‘SEED’ دامەزراندوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، شێری کاری لەسەر پلانێک کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی چەند رێکخراوێکی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ، ئەم رێکخراوانەش کاری سەرەکییان لەبارەی هاورەگەزخواز، فێمینیزم، توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بووە. مێهری ئێرانی هەر بەوەندەشەوە ناوەستێت و باسی منداڵەکانیان دەکات و دەڵێت، قوباد و شێری خاوەنی دوو منداڵن، کە کوڕ و کچێکن، مادەم دایکیان جووە کەوایە نەوەکانی مام جەلالیش جوون. لەبارەی ناکۆکییەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئاژانسی میهر دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی رێگرە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆساد لە ناوچەکە بۆیە مۆساد دەیەوێت شوێنی بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برا پڕ بکاتەوە تاوەکو سلێمانی بکەوێتە ژێر دەستی ئیسرایل، ئەمەش بەشێوەیەکی کارا سلێمانی و زۆنی سەوزی بەغداد پێشکەشی ئیسرائیل دەکات کە دوو ناوچەی ئەمنی گرنگ و حەوشەی پشتەوەن بۆ ئێران. ئاژانسی میهر سەرەتا ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد و دواتریش هەمان بابەت لە چەند میدیایەکی دیکەی ئێران بڵاوبوویەوە و دەگوترێت، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە فشار لە قوباد تاڵەبانی بکرێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەرنەگرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بەغدای پێشنیازی کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، ئێرانیش دەیەوێت لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەکە ناشێت چونکە خێزانەکەی جووە.
