هاندەرانی یانەی زاخۆ زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا و بوونە براوەی فیفا بۆ باشترین هاندەری ساڵی 2025. بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ راگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكە كەوتەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم خەڵاتە بباتەوە. بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 08:00 بە کاتی هەولێر، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی زەبێست بە ئامادەبوونی نزیکەی 800 کەس لە هۆڵی هۆڵی فایرمۆنت کاتارا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە بچێت، باشترینەكان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان خەڵات دەكرێن، بەڵام فیفا پێش ڕێورەسمەكە براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی ئاشكرا كرد كە تێیدا هاندەرانی زاخۆ بە زۆرترین دەنگ بوونە براوەی خەڵاتەكە. بڕیارە ئەمشەو نوێنەری زاخۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە رێورەسمەكەی فیفا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بكات و لە لایەن سەرۆكی فیفا پیرۆزبایی لێ دەكرێت. هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رۆژی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدود لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هەزاران بوکەڵەیان فرێدایە ناو یاریگا، هەر ئەمەش وایکرد فیفا ئەو هەڵوێستەی هاندەرانی یانەکە بەرز بنرخێنێت و بۆ خەڵاتی زە بێست بەربژێر بکرێن.
کەمێک لەمەوبەر لە پیرمام، کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو. بەپێی زانیارییەکان، وەفدی یەکێتی پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران. لە بەرامبەردا وەفدی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەت، هاوکات پرسی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبن.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لە گیانلەدەستدانی 5 هاووڵاتی و برینداربوونی 19ی دیکە، زیانی ماددی بە 2376 ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتووە، کە پشکی شێری زیانەکان بەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کەوتووە. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەشڵێت: ئەم داتایانە ئەگەری گۆڕینانیان هەیە، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی پێ نەهاتووە. پارێزگای هەولێر: بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی (2025/12/8) لە سەنتەری شار (25,6) ملم باران بووە. ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەولێر (14,1) ملم بووە. بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نە کراوە، تەنیا ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە. لە گوندی قوشتەپە سەر بە ناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (24 تاوەکوو 48) کاتژمێر بەردەوام دەبێت. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن. بەهۆی هەورە بروسکەوە (6) پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوونە، کە برینەکانیان سووکن و (5) لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان، و تەنیا یەکێکیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بە مەبەستی چارەسەر. لە قەزای تەق تەق زیاتر لە (107) باخ و دانەوێڵەی هاووڵاتییان زیانی بەرکەوتووە و (87) بیری ئاو زیانی بەرکەوتووە، و (14) ماڵ لەو قەزایە زیانی بەرکەوتووە و (78) پرۆژەی ماسیش لەناوچوون کە (379،900) ماسی تێدا بووە، دوو تراکتۆری هاووڵاتیش زیانی پێگەیشتووە. پارێزگای سلێمانی: بە شێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (61,3) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا. لە ڕێکەوتی (2025/12/9) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکوو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە (122,7) ملم، کە بووە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون، ئاو لە چەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە. بەڵام لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆڕش، ڕێژەی دابارینی باران بە شێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی (80) ملم بووە، کە تەنیا لەو ڕۆژەدا (127,1) ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەکیە (173,5) ملم باریووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە. زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن: دوو کەس گیانی لەدەستداوە. (12) کەس بریندار بووە. یەک کەس بێ سەر و شوێنە. (600) ماڵ لە قەزای چەمچەماڵ و (600) ماڵ لە شۆڕش و (400) ماڵ لە تەکیە زیانی بەرکەوتووە. و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. زیاتر لە (100) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. و (5) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە. و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە. و بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لە قەزای چەمچەماڵ زیان بە (8) قوتابخانە کەوتووە. تەنها لە قەزای چەمچەماڵ نزیکەی (200) ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتووە. لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (400) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون. لە هەرێم کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای شارەزوور و چەمچەماڵ و دووکان و شارباژێڕ و پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە بە پشووی فەرمی بۆ ڕێکەوتی (2025/12/9). دیواری قوتابخانەیەک لە قەزای تەکیە ڕووخاو و زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لە ناوچووە. لە ناحیەی پیرەمەگروون، زیان بە (118) ماڵ کەوتووە و هەروەها (46 دوکان و (12) مەخزەن ئاو چووتە ناوی، و (4) ئۆتۆمبێل و (1) تراکتۆر زیانی پێگەیشتووە. بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگروون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحموود ڕووخاوە. لە قەزای دوکان (7) ماڵ و (15) دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت زیانیان بەرکەوتووە. نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچووک، زیانی ماددی بە گوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتووە. پردی مەڵەتەبە لە قەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتووچۆی ماوەت ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان. لە ناحیەی تەکیە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە (15) هەزار جوچکە مرداربووەتەوە بەهۆی لافاوەوە. ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە (10) گوند لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوتووە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەروو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن. لە قەزای دوکان، پردی زەرزی لە نێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕووخاوە. ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوە، و ڕێگەیەک لە ناو گوندی شاقوڵی تێکچووە. لە قەزای شارەزوور، (14) ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (3) پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەووف بەگ زیانی پێگەیشتووە لە بازیان، (91) یەک ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (108) خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و (66) خانووی پلاستیکی ئاو چووتە ناویان و زیانیان بەرکەوتووە لە قەزای بازیان، (12160) مریشک و (6) پڕۆژەی هەنگی و (33) عەلەشیش و (7) کۆتر و (6) مانگا و (65) سەر مەڕ و بزن خنکاون. پارێزگای دهۆک: بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23,6) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. و ڕێژەی دابارین لە ڕێکەوتی (2025/12/9) بە بڕی (1,8) ملم بووە. پارێزگای هەڵەبجە: بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (54) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نە کراوە. ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەڵەبجە (92,5) ملم بووە، و لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. (6) ماڵ لە ناوەندی هەڵەبجە زیانی بەرکەوتووە. کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە هاوکاری کراون. و خاوەن کێڵگەیەکش (8) سەر مەڕ و بزنی خنکاوە. ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە. پارێزگای کەرکووک: بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26,7) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و لە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگاکە (39,4) ملم باران باریووە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:- ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردوویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە. لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی لەیلان نزیکەی (400) ماڵ زیانیان پێگەیشتووە. بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ لە گوندی فرقانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە. پردێکی ستراتیجی لە قەزای داقوق دارماوە بەهۆی ئەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکووک و بەغدا نەماوە بەشی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە گەڕەکی شۆرجە ئاو چووەتە ناوی و زیانی بەو نەخۆشخانانە گەیاندووە. ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکی شۆراوە، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە بەهۆی تەزووی کارەبا. هەر ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) کارمەندێکی شارەوانی لە کاتی کارکردن لە گەڕەکی ڕەحیماوا، کارەبا گرتوویەتی و بەسەختی بریندار بووە. نزیکەی (35) ماڵ لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە ماڵیان و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندوون. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە. بەڵام ڕێژەی دابارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (2025/12/9) زۆر بووە کە بە نزیکەیی (76,6) ملم بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:- لە ڕێکەوتی (2025/12/10) منداڵێک لەسەر پردێکی ناو کەلار کەوتە خوارەوە و لەناو ئاوی لافاودا خنکا. زیانێکی بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتووە و و (5) دووکان زۆر زیانی پێگەیشتووە. ئاو چووتە ناو (167) ماڵ و زیانی ماددی بەر هاووڵاتییان کەوتووە. ڕێگەی نێوان هەر دوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە. ڕێگەی نێوان کەلار – کفری داخراوە. هاتووچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخران، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت. لە گەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چووەتە ماڵەکانیان. (4) ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتووە. بەشێکی پرۆژەی ئاو دێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سوورەیە بەتەواوەتی ئاو بردوویەتی. پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. پرۆژەی باوەجۆ و سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بووەتەوە. بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە. زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتووە. پردی پێکەوەبەستنی هەر دوو قەزای کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا دارووخاوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.
بڕیارەكانی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی (ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری) بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە (كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان): 🔹پێداچوونەوەی خێرا بكرێت بە دەرماڵەو موچەی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی كۆمار- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران)و، كاربكرێت بۆ یەكسانیی لە موچەو دەرماڵەی هەموو كارمەندانی سێ سەرۆكایەتییەكە. 🔹لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی پلاندانان نوێكردنەوەی پێویست بكات بۆ راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلە بۆ هەموو فەرمانبەران و، لەبەرچاوگرتنی ئەو راسپاردانەی لەوبارەیەوە بەرزكراونەتەوە. 🔹كەمكردنەوەی تەرخانكراوی تایبەت بە (ئیفاد)ی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەرێژەی 90%و قەدەغەكردنی مەگەر بە مەرج و بە ڕەزامەندی وەزیر. 🔹كەمكردنەوەی رێژەی سەرپەرەشتی و چاودێری پرۆژە نوێیەكان، هەروەها دانان و كاراكردنی پرۆگرامێكی هاوردەی نیشتمانی كە تەنیا كاڵا بنەڕەتییەكان لەخۆبگرێت. 🔹بەرزكردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتی بەرهەمی گەنم، بەشێوەیەك كە زامنی پاڵپشتی حكومەت بكات بەرێژەی (170%)ی نرخی بۆرسەی جیهانیی. 🔹وەزیری بازرگانی راسپێردرا بە چاوخشاندنەوە بە كۆبۆنی خۆراك و چاكسازیكردن تێیدا، ئاڕاستەكردنی بۆ ئەو كەسانەی كە بەڕاستی شایستەن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگا. 🔹لیژنەی وزاری پێكهێنراو بەگوێرەی بڕیاری (550) ئەنجومەنی وەزیران، راسپێردرا بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەئێستادا وەكو بڕە پارەیەكەی دیاریكراو دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی. 🔹بەهێزكردنی كاركردن بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە دەستەی گومرگەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و پەرەپێدانی كۆكردنەوەی پارەی كارەباو چاوخشاندنەوە بە پێناسی ئێستاو پشتبەستن بە وەرگرتنی ئۆتۆماتیكی لە هەموو كەرتەكان؛ بەتایبەتیش كۆكردنەوەی پارەی كارەباو شارەوانی بەغدادو شارەوانییەكان لەسەرتاسەری وڵات، كە دەبێت پارەدان تەنیا بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.
کەشناسی عیراق ئاشکرایکرد، لەسبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە کاتەکانی بەرەبەیانی سبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە و مەودایی بینین بە تەواوەتی کەمدەبێتەوە. کەشناسی هۆشدارییدا لە سەختی و مەترسی لە هاتوچۆکردن لەسەر رێگاوبانەکانی دەرەوە بەتایبەت لەکاتەکانی بەرەبەیاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکەی نیوەڕۆ کاریگەری تەمەکە بەرەو لاوازبوون دەڕوات. هاوکات کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو تەم ومژەی ئێستا کە سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتوەتەوە تاسبەی بەیانی سەعات 10 بەردەوامی دەبێت، هەروەها ئەمشەو کاریگەریەکەی زیاد دەبێت و بەگشتی مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ یەک کم، لە هەندێک شوێن کەمتردەبێتەوە بۆ کەمتر لە 100 مەتر.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئیدارەی گەرمیان کرد کە پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ئاماژەی بە کارەساتی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنووری گەرمیان کرد و خەم و دڵتەنگیی خۆی بۆ ئەو زیانە زۆرەی بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە دەربڕی. بەتایبەتی، هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە نیشاندا کە لە شاری کەلار بەهۆی لافاوەکەوە گیانی سپارد. قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی خێرای دامودەزگاکانی گەرمیان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشە ژێرخانییانە دووپاتکردەوە کە هۆکاری دووبارەبوونەوەی لافاون. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانی لە گەرمیان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە کردەوە و داوایکرد گرنگیی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی بدرێت. لەلایەن خۆیەوە، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پوختەیەکی لەسەر پلانی ئیدارەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئێستای سنوورەکە خستەڕوو. لە کۆتاییدا، شاندی ئیدارەی گەرمیان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ بەدەمەوەهاتنە بەردەوامەکانی.
هەردوو کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلال لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی پیڕڵ پترۆلیۆم، بڕی دوو ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزای چەمچەماڵ تەرخان دەکەن. بەپێی راگەیێندراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەو دوو کۆمپانیایە رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی رووی لە ناوچەکە کردووە و زیانی گیانی و مادیی لێکەوتووەتەوە، بڕیاریان داوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار (کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار و 800 ملیۆن دیناری عێراقی) پێشکێشی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هاوکارییە بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دابەش دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییەی بەهۆی کارەساتەکەوە دروستبووە. شاکر واجید شاکر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لە عێراق رایگەیاندووە، "وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مرۆیی و نیشتمانی، ئەم دەستپێشخەرییەمان کردووە، بۆئەوەی لەپاڵ خەڵکی چەمچەماڵ بین لەم دۆخە سەختەدا و کار دەکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە مرۆییە." شەوی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ەوە، کە پێشکێشکاری نێوداری کورد رەنج سەنگاوی پێشکێشی دەکات، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی سنووری گەرمیان، سلێمانی و کەرکووک راگەیاند و بڕی 5 ملیار و 887 ملیۆن دیناری بۆ زیانلێکەوتووان کۆکردەوە. رۆژی 07-12-2025 شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو؛ بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان، لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروستبوو.
بەپێێ ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەکەنەوە. ڕۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق کرد. بەپێێ ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتی کوماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا خرانە بەر باس و گفتوگۆ. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی، هەر لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا و هەردوولا جەختیان لە برەودانی زیاتر بەم پەیوەندیانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا کردەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری 120 ملیار دینارەکەی ئامادە کردووە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی 12ـش ڕادەستی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن تا دەست بە ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی مووچەی مانگی 10 بکات؛ کە کردیان، ڕاستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ. لەبارەی لیستی مووچەی مانگی 12، هەمان سەرچاوە گوتی: "لیستەکە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێت." ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا. کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی و نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، دابین بکات.
هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند: تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سوریا دەکات و وەک ویلایەتێکی خۆی سەیری دەکات، هەر ئەویش رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار، سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام تورکیا سورە لەسەر ئەوەی هەسەدە بێ چەک بێت. غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ماوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتی کاتی سوریادا تێپەڕیوە، بەڵام خەڵکی سوریا بەدەر لە ئازار هیچ شتێکی لەم حکومەتە نەچنیوەتەوە، چونکە باوەڕی بە فرەڕەنگی نییە. هەموو گروپە توندڕەوەکان بە داعشیشەوە لە خۆیدا کۆکردوەتەوە. نازانین حکومەتی راگوزەر چی سودێک لەم کارانەدا دەبینێت. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز، غەریب حەسۆ رایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانر 10ـی ئادار لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و ئیدارەی خۆبەرێوەبەرییدا واژۆ کراوە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیشی دەرکەوتن، بەڵام دیمەشق هەنگاوی پێویستی نەگرتوەتەبەر. بەوتەی حەسۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەن بۆ چارەسەر، بەڵام تورکیا رێگرە، وتیشی: "بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار شاندەکانمان ئامادەن، چونکە بە تەنها بابەتی بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژن و گەنجانیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر تەنها جەخت لەسەر لایەنی سەربازی دەکەنەوە." ووتیشی: "کورت و پوخت تورکیا رێگرە لە بەرکاربوونی رێککەوتنی 10ـی ئادار، قسەی سەر زمان و بن زمانی تورکیا بچووکردنەوەی هەسەدەیە، هەسەدە لەگەڵ دیمەشقدا گەیشتە ئاستێک لە رێککەوتن، بەڵام تورکیا و دیمەشق رێگرن لە کردەیبوونی رێککەوتنەکە. هاکان فیدان هەڕەشە لە ئیدارەکەمان دەکات، وتەبێژی ئاکەپە هەمانشێوە. ئەم دۆخە لە سوودی گرووپە توندڕە و نەژادپەرستەکانە. لە دژی ئێرادەمان دەوەستنەوە و پەرە بە گوتاری رقئامێز دەدەن، تورکیا دەستوەردان دەکات، بەڕاستی بەم شێوەیە هاوپەیمانی درووست نابێت." سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، غەریب حەسۆ نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: تورکیا دەستی داوەتەوە پرۆسەیەک و تاوتوێی چارەسەری دەکات. بێگومان ئێمەش پشتگیری دەکەین و هیوادارین بگات بە ئامانج، بەڵام راستییەکی تاڵە، ئەو سیاسەتەی تورکیا لە سوریادا بەڕێوەی دەبات مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەکە." غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتی پەیەدە جەختی لەوەکردەوە چارەسەری لە سوریادا بە دیالۆگ دێتە ئاراوە ووتی: “ترسی تورکیا لە کشانی مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریە بەسەر هەموو سوریادا. گەر تورکیا دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئاشتییدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان دیالۆگ بکات. دەبێت دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بکاتەوە و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە سوریادا بهێنێت و لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە.”
هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی هەستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر بۆ بەدەنگەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕێکاری نوێی بۆ چۆنیەتیی کۆکردنەوەی کۆمەک ڕاگەیاند و بڕیاریدا بە توندی ڕێگری لە هەر کەمپینێک بکرێت کە بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان. نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی وەک هەمیشە پێشەنگ بوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام تێبینیی ئەوە کراوە دیاردەیەک سەریهەڵداوە کە تێیدا کەسانێک بە ناوی کەمپینەوە شەقامە گشتییەکان دەگرن و قەرەباڵغی و بێزاری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەکەن. بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی شەقامە گشتییەکان بۆ کاری خێرخوازی بەبێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، لەم ڕووەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچیی ئەم بڕیارە دەکات. هاوکات هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانیش کە بەشداری لەو جۆرە کەمپینە هەڕەمەکییانە نەکەن، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە پارە و کۆمەکەکانیان بە دەستی زیانلێکەوتووان بگات. سەبارەت بە میکانیزمی ڕاست بۆ ئەنجامدانی کەمپین، پارێزگای هەولێر ڕوونیکردووەتەوە، هەر کەسایەتی، لایەن یان ڕێکخراوێک بیەوێت کەمپین ڕابگەیەنێت، دەبێت داواکاریی فەرمی پێشکەش بە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دواتر شوێنی تایبەت و گونجاویان بۆ دیاری دەکرێت کە کاریگەری لەسەر جوڵەی هاتوچۆ و ژیانی خەڵک نەبێت. ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە یەکشەممەی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەڤەری گەرمیان دروست بوو، زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی خێرخوازان و ڕێکخراوەکانی لێکەوتەوە و لە چەندین شوێنەوە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕاگەیەندرا، بەڵام بەشێک لەو کەمپینانە بەهۆی نەبوونی ڕێکخستنەوە بوونەتە هۆی گرفت لەسەر شەقامەکان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لافاوەکەی چەمچەماڵ هەرچەند کارەساتێکی سروشتی بووە، بەڵام دەکرا زیانەکانی کەمبکرێتەوە، بۆیە لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی خۆجێی ئەنجامدراوە و ژمارەیەک بەرپرس داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردووە. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند، هەریەک لە قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری شارەوانی شارەدێی شۆڕش داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردووە. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، بەڕێوەبەری شارەدێی شۆڕش ئامادەنەبوو داوای بەخشین لە پۆستەکەی بکات، هەرچەندە کەمتەرخەم بووە، بەڵام ڕێوشوێنی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
تەرمی ژنێک لە زێی گەورە لە نزیک قەزای هەریر دۆزراوەتەوە. باوکی ئاڤێستا، ئەو کچەی بەهاری رابردوو لە کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور دەڵێت: ئەو تەرمە کچەکەی منە. رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، یووسف، باوکی مامۆستا ئاڤێستا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلایەن شێخ بابۆوە [مەلا مستەفا مەسعود بارزانی] تەلەفۆنم بۆ کرا و گوتی، 'وەرە، تەرمێک دۆزراوەتەوە و کچەکەتە.' ئێستاش وا دەچمە ئەوێ." ئاڤێستا یوسف، تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 5ی نیسانی 2025 لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور. هاوکات، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئاڤێستایە." هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: "لێکۆڵینەوە بەردەوامە و پشکنین بۆ تەرمەکە دەکرێت، تەرمەکە لەلای زێی گەورە خوار بەنداوی بێخمە لە سنووری قەزای ئاکرێ دۆزراوەتەوە". بەگوێرەی زانیارییەکان دووری ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە لەگەڵ ئەو شوێنەی ئاڤێستا یوسف تێیدا کەوتە رووبارەوە، 119 کیلۆمەترە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەندكرد، بەمەش وادە دەستورییەكان بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش متمانەبەخشین بە حكومەت دەستپێدەكات. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی، دانیشتنێکی داخراوی کرد بۆ وردبینیکردن لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کە بە نووسراوی ژمارە (خ/25 ر.م/79) لە 8ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نێردرابوو. بەگوێرەی راگەیێدراوێکی دادگەکە، "دوای وردبینی و گفتوگۆ، بۆ دادگە دەرکەوت "پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (خولی شەشەم)، بەپێی مەرجە دەستووری و یاساییەکان بەڕێوەچووە و هیچ تێبینییەک لەسەر دروستییەکەی نییە." جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی دووشەممەی رابردوو (8ـی كانوونی دووەمی 2025) رایگەیاند: ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی كردوە بۆ پەسەندكردنی. بەپەسەندكردنی ئەنجامەكانیش خولی شەشەمی ئەنجومەنی عێراق دەستپێدەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان و رێكارەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی. بەپێی رێكارە دەستورییەكان، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆك كۆمار بانگهێشتی پەرلەمانتارانی خولی نوێ دەكات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەكە، پێویستە لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی كاندیدی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەویش لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەكات. بەپێی نەریتی سیاسی و سازانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە و دەرئەنجامی كۆتایی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شیعەكان كە ئێستا زۆرینەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبونەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرن، سوننەكانیش كە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی كۆبونەتەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەركەوتەی ئەوانە، لایەنە كوردییەكانیش كە تائێستا هیچ هاوپەیمانی تەنانەت كۆبونەوەیەكیشیان ئەنجامنەداوە، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی ئەوانە، بەڵام تائێستا قسەیان لەسەر هیچ كاندیدێك نەكردووە. رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، زیاتر لە 50% ی دەنگدەران بەشداری پڕۆسەكەیان كرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفر و نمەباران هەیە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-12-2025، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ دروستبوونی تەم لە ناوچە جیاجیاکاندا، لە دوای نیوەڕۆوە لە هەندێک ناوچەی شاخاوی سنووری ئەگەری بەفربارین هەیە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش ئەگەری نمەباران هەیە. سەبارەت بە سەنتەری پارێزگاکان، کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات، ئاسمان نیمچە هەور بێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت 5 - 10 کم لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەی بەرەو باکووری خۆرهەڵاتە. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ نزم دەبنەوە. کەشناسی سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی دووشەممە، 15-12-2025، ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر 13 پلەی سیلیزی سلێمانی 12 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 13 پلەی سیلیزی کەرکوک 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە 12 پلەی سیلیزی سۆران 9 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی ئامێدی 8 پلەی سیلیزی گەرمیان 15 پلەی سیلیزی
