هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای راگەیاند، سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە خەڵکی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا لە ناوچەی زاپ گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی ئەو گەریلایانە بەمشێوەیەیە: - میلاد شێرکۆ زێڕین (دەنگتاڤ گیڤارا) - لەدایکبووی سنە - سەما داڵچیچەک (راپەڕین کاراز) - لەدایکبووی ئامەد - دیلشاه ئەحمەد (نوژیان ئاگیت) - لەدایکبووی تربەسپی - ئەحمەد فورکان کایا (رۆنی چیا ئالیداش) - لەدایکبووی ئامەد - حەسەن عەلی ئالیسوو (باوەڕ قامشلۆ) - لەدایکبووی قامشلۆ - مستەفا سەیدۆ (دڵسۆز کۆبانێ) - لەدایکبووی کۆبانێ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو گەریلایانە تێیدا گیانیان لەدەستداوە، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (چنگ - قوفڵ) کە سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو. راگەیاندنی ناسنامەی ئەم گەریلایانە لەکاتێکدایە، تورکیا و پەکەکە لە قۆناخێکی نوێی "پرۆسەی ئاشتیدان". رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە، پەکەکە لە ئایاری 2025ـدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری، رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە ئەندامێتی 51 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستا دەیان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

هێزێکی سەربازی لە کەرکووک رێگریی لە چەند گەنجێک کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بابەتی پەیکەری پێشمەرگە خۆمان وەکو حکومەت چارەسەری دەکەین." رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، رۆژی ئاڵای کوردستان، لە قوتابخانە، زانکۆ و دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکاندا بەرز رادەگیرێت و یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە کەرکووک رێگری کرا ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمەڵێک گەنج ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هێنا و دەیانویست بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک هەڵبکەن "لەلایەن هێزێکی زۆری سەربازیی دژەتیرۆر و هێزی تایبەتەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان هەڵبکەن".   ببینە هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن چواردەوری پەیکەری پێشمەرگەیان داوە لە کەرکوک و ناهێڵن چەند گەنجێکی کورد ئاڵای کوردستان بدەنە دەست پەیکەرەکە بۆ بینینى ڤیدیۆى زیاتر facebook.com/reel/1381893206709761/?s=single_unit  

دوو دەنگی نایاب لە کەشی نێو بەفر؛ گوێ لەم دوو گەنجەی باکووری کوردستان بگرە لەنێو بەفری وان گۆرانی "هەڤالا ئەڤیندار"ـی جوان حاجۆ دەڵێنەوە.    

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستان رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە نیشانەی گۆڕاگریی گەلەکەمانە." جەختی کردەوە کە "هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە." 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە کوردستان یادی ئاڵای کوردستان دەکرێتەوە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە دەبێ هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر." سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کوردستان بە زانست و ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە." دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:  کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان پێشمەرگە قارەمانەکان رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموولایەکتان پیرۆز بێت، ئەمڕۆ کە یادی رۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنیا یادکردنەوەی رۆژێک نییە، لە ساڵنامەدا، بەڵکو ئەمڕۆ رۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە، بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات  ئاڵای کوردستان ناسنامە و کۆکەرەوەی گەلی کوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە، ئەم ئاڵایە شاهێدی رێگەیەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. لە رۆژانی سەختی خەبات دا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، رۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی راگرت و بەخوێن و خەباتی خۆیان پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەکەیان کرد.  ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین، لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە، ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدەستهاتووە.  کوردستانیانی ئازیز..  لە رۆژی ئاڵادا پەیامی ئێمە روونە، هێزی راستەقینەی کوردستانییان لە تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیماندایە، ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە بە جیاوازیی بە جیاوازیی بیروڕا، سیاسی و ئایینی و هەموو ئەو نەتەوانەی لە کوردستان دەژین لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شانبەشان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە، ئایین و پێکهاتەکانی کوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان، وەفاداری راستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کوردستان تەنیا و تەنیا بە دروشم نابێت. بەڵکو بە پاراستنی دەستکەوتەکان بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیادنانی دامەزراوەی بەهێز بۆ خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت. گەنجانی خۆشەویستیی کوردستان ئاڵای کوردستان تەنیا سیمبووڵی رابردوو نییە، بەڵکو ئاڵای داهاتووە، ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە، نیشتمان پێویستی بە زانست و بە وزە و بە داهێنان و خەونی ئێوەیە، کوردستان بە زانست و زانین، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز ئاوەدان دەکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، پەیامی خۆمان بۆ هاوبەشیی دەستووری لە عێراقی فیدراڵیی و دیموکراسی دا دووپات دەکەینەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتی باش بگەیێنێت. کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت.  لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بەخوێنی خۆیان نەخشاندووە، سڵاو و رێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کە پارێزەری ئەم خاک و ئاڵایەن، پەیمان دەدەین، کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزیی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی رابگرین.  بەرز و شەکاوە بێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لە کورتخایەندا قەیرانێکی تووندی کاش نییە، هاوکات ئاماژە بەوە دەدات حکومەت خەریکی ئامادەکردنی بودجەی 2026ـە لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی مامناوەنددا. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکان کاتێک ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە پەنا دەبەنە بەر کەم کردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەت لەو ئابوورییانەی پشت بە نەوت دەبەستن. ساڵح دووپاتی کردەوە "پێشبینی ناکرێت حکومەت لە کورتخایەندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی تووندی کاش ببێتەوە، بە مەرجێک داهاتەکانی نەوت لە ئاستی ئێستای خۆیدا بمێننەوە و هەماهەنگیی نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەییش بەردەوام بێت." بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر خەرجییەکانی بەکاربردن لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕێژەییی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2026، مەگەر هاوکات بێت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان.   ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2026، پێشبینیشی کرد پڕۆژەکە تیشک بخاتە سەر هاوسەنگیی نێوان بەردەوامبوونی دارایی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستگیرکردنی 6 ''تیرۆریست''ـی لە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکووک و نەینەوا راگەیاند و دەڵێ، بە هاوئاهەنگی هێزەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان لە سنووری دوبز لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام داوە. دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رۆژی چوارشەممە، 17-12-2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی جیاجیایان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری کردووە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق 4 داعشیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە، کە لەنێو پاشماوەکانی رێکخراوی داعش وەک ''گوێزەرەوە و دابینکەر'' کاریان کردووە. هەروەها لە دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی جیادا، 2 داعشی دیکە دەستگیرکراون کە یەکێکیان لە سنووری موسڵ و ئەوی دیکەیان لە بەغدا بووە. دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ''بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی کۆماندۆی سلێمانی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی بەرفراوان لە قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکووک کراون.'' هەروەها لە زنجیرەچیای حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کراوە و تێیدا ''6 مۆڵگە و ئەشکەوتی پاشماوەکانی داعش خاپوور کراون.''

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێورەسمی بەرزراگرتنی ئاڵای کوردستان لە قەڵای هەولێر لەگەڵ نوێنەران و کەسایەتییە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکان بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی لە گوتەیەکیدا جەختیکردەوە، ئاڵای کوردستان هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە.  

لەیادی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا جەختی لە پیرۆزیی ئاڵای کوردستان کردەوە و بە هێمای ناسنامە، مانەوە و قوربانیدانی گەلی کوردی وەسفکرد.   سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە ڕۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین."  لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو شەکاوەیی ئاڵای کوردستاندا بەخشیوە و وتی: "ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون."  لە کۆتاییدا، سەرۆک بافڵ پەیامێکی سیاسیی ئاراستەی لایەنەکان کرد و نووسیویەتی: "لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیردەهێنمەوە، پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین." پەیامەکەی بە دروشمی "بەرز و پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای کوردستان" کۆتایی پێهێنا.

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ چوارشەممە   17-12-2025 کەش /ئاسمانی هەرێم بە گشتی لە نێوان نیمچە هەور ر هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمە بارانی کەم لە هەندێ کات لەسەر ناوچە شاخاویەکان هەیە لەگەڵ ئەگەری بەفرێکی کەم لەسەر ناوچە شاخاویە سنووریە بەرزەکان. خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک.  لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ڕاپەرین خێرایی با هەندی کات چاڵاک دەبێت بۆ سەرووی 30کم/ک.   ئاراستەی با /  باکووری خۆرهەڵات. پلەکانی گەرما /  بەرز دەبێتەوە بە (2- 4) پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. مەوداى بینین /   (7-9) کم . سبەى پێنج شەممە 18-12-2025 کەش/ ئاسمان  ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا لە ناوچەشاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 10– 20) کم/ک. لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ڕاپەرین خێرایی با هەندی جار چاڵاک دەبێت بۆ سەرووی 30کم/ک.   ئاراستەی با /  باکووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین /  لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 15 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی دهۆک : 13 پلەی سیلیزی زاخۆ  :13  پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی سۆران: 12 پلەی سیلیزی گەرمیان  : 16 پلەی سیلیزی  

سەرچاوەیەکی حكومی سوریا رایگەیاندووە: هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سوریا لەسەر پرۆسەی یەكگرتن گەیشتوونەتە رێککەوتن. ئەو سەرچاوەیە كە بۆ ماڵپەڕی (963) قسەیكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە: لە چەند رۆژی داهاتوودا میکانیزمی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی رادەگەیەنرێت. رۆژی شەممەی رابردوو، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموكرات جەختیكرد: رێککەوتنی (10)ی ئازار کە لەگەڵ حکومەتی کاتیی واژۆ کراوە، بناغەی سوریایەکی نوێیە. عەبدی لە وتارێکدا لە میانی ئاهەنگی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە شاری حەسەکە راشیگەیاند: بڕگەكانی رێککەوتنی مانگی ئازار مێژوویین و بنەمای سوریایەکی بەهێز پێکدەهێنن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمیش پشتیوانی ئەم رێککەوتنە دەکەن.

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، دەڵێت: "ئاڵای کوردستان هێما و سیمبوڵێکی پیرۆزی گەلەکەمانە و هەڵگری پەیام و خەون و ئاواتی هەموو کوردستانیانە".  سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "ڕۆژی ئاڵا لە کوردستانیانی ئازیز پیرۆز بێت". په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنی ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 1999 یاسای ژماره‌ (4)ی تایبەت بە ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی عێراقی ده‌رچوواند، دواتر پەرلەمان به‌ بڕیارى ژماره‌ (48) لە 19 حوزەیرانی 2009 ڕۆژى 17ى كانوونى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێكى به‌ ڕۆژى ئاڵاى هەرێمی كوردستانی ناساند. ھۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان هێنرانە خوارەوە و پارێزگاریان لێکرا.

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم نزیکەی 400 ملیۆن دیناری وەک هاوکاری دارایی و کۆمەک گەیاندە چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 16.12.2025 د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی چەرموو و بە ئامادەبوونی سەرۆک و راگری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی، “هاتنمان بۆ چەمچەماڵ دڵنیاییدانە بە خەڵکی چەمچەماڵ، ئەوان تەنیا نین و هەمومان لە زاخۆوە تاکو خانەقین بە دڵ و گیان لەگەڵتانین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەزارەت بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دینار هاوکاری دارایی و کۆمەک پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ و دەورووبەرى و زانکۆی چەرموو دەکەن، بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازار و مەینەتییەکانی زیانلێکەوتوان کەم بکەنەوە. پاش لافاوەکەی هەفتەی رابردووی چەمچەماڵ، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەڵمەت بۆ کۆکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیەنراوە و جگە لە کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆر، بە ملیاران دیناریش وەک هاوکاری دارایی بۆ خەڵکی لێقەماوی ئەو قەزایە کۆکراوەتەوە.

سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی زاخۆ و هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ دەکات.  ڕۆژی سێشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی زاخۆ و هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهانی FIFA بۆ ساڵی 2025 بە هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ بەخشرا.  سەرۆک بارزانی ئەو نازناوەی بە مێژوویی وەسفکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ یاریزانان و یانەی وەرزشیی زاخۆ خواست.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوادا دێت و لە بەشێک لە ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025، لە هەندێک ناوچە تەمێکی چڕ دروست دەبێت کە کاریگەرییەکەی تا کاتەکانی نیوەڕۆ دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر. هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران و بارینی بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان. کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لەسەر بەشێک لە قەزای شنگال و شاخی شنگال لە بەرزی 1400 مەتر دەردەکەوێت و ئەگەری بەفربارین هەیە، ئەم دۆخەش تا کاتەکانی شەو بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. پێشبینیش دەکات کەشوهەوای سبەی چوارشەممە 17-12-2025، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور بێت و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفربارین هەیە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر: 13 پلەی سیلیزی سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی دهۆک: 12 پلەی سیلیزی زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی کەرکوک: 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی سۆران: 9 پلەی سیلیزی

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.   رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم تەواو کرا؛ ئەمڕۆ لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا." جگە لە لیستی مووچەی مانگی 12، رۆژی 7-12-2025، لیستی مووچەی مانگی 11ـیش رادەستی بەغدا کرا؛ هەروەها رۆژی 25-11-2025 لیستی مووچەی مانگی 10ـیش رادەستی بەغدا کرا، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "هەموو رێکارەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە." ئەو بەپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە؛ ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات." دوایینجار رۆژی شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، دوو مەرج جێبەجێ کراون کە بریتین لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.