ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی باڵای تورکیا لەبارەی چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی لە سوریان. شاندەکەی تورکیا پێکهاتووە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی، ئیبراهیم کاڵن، بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگیری، یەشار گولـلەر، وەزیری بەرگری چەند کەسێکی دیکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی سەردانەکە پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] و جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی 10ـی ئازارە، چونکە تورکیا بە هاوسنووری خۆی دەزانێت پەرۆشی سەقامگیری سنوورەکەیەتی. هەروەها بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکان، پرسی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر سنووری ئیسرائیل و بەزاندنییەتی. ئەنادوڵۆ دەڵێت: هێرشەکانی داعش لە ماوەیەی رابردووە و کوژرانی دوو سەرباز و هاوڵاتییەکی ئەمریکی و هاوپەیمانی هێزەکانی ئاسایشی سوریا و ئەمریکا لە ناوچەکە. بەگوێرەی هەواڵەکە، پرسی دەستوور بەشێکی دیکە گفتوگۆکان دەبێت.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی بۆردی هاوکاریی زیانلێکەوتووانە، وردەکاریی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 1,302 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکەش بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێت. ئەنوەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا 600 بۆ 650 خێزان چەکی بانکییان بۆ دەکرێت و بڕی ئەو هاوکارییەی بۆیان تەرخان کراوە وەریدەگرن. ناوبراو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تەنانەت ئەو خێزانانەی لە کاتی سەردانی لیژنەکە لە ماڵ نەبوون، مافیان نافەوتێت و سەرجەمیان قەرەبوو دەکرێنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شێوازە کارکردنەی کۆمیسیۆنەکە دەبێتە بنەمایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە داهاتوودا. لای خۆیەوە عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ مژدەی دایە ئەو هاووڵاتییانەی کە زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە. بەگوتەی ئەو، هەر هاونیشتمانییەک خانوو، ئۆتۆمبێل و دووکانەکەی زیانی بەرکەوتووە، بۆ هەر سێ زیانەکە بە جیا قەرەبوو دەکرێتەوە. سەبارەت بە ڕیزبەندییەکەش ڕوونی کردەوە کە سەرەتا ماڵەکان، دواتر دووکانەکان و لە کۆتاییدا ئۆتۆمبێلەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، کە ئێستا خەمڵاندنی زیانەکانیان تەواو بووە. سەبارەت بە خشتەی دابەشکردنی پارە بۆ سبەی، عەتا محەممەد ئاشکرای کرد کە نۆرەی دانیشتووانی ناوچەکانی تەکیە، ئاغجەلەر و شۆڕشە. بۆ ئاگادارکردنەوەیان، ئەمڕۆ لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی سبەی ئامادە بن و شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

سۆزدار حاجی، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رەشبینی خۆی لە بارەی دانوستانەكانی ئێستا لەگەڵ دیمەشق دەربڕی و رایگەیاند: رێککەوتنە راگەیەندراوەکان وەرنەگێڕدراون بۆ هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی، لە کاتێکدا ترس لە نوێبونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەک لە باکوری سوریا ل هەڵكشاندایە. سۆزدار حاجی، کە هاوکات ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی تیمی دانوستانکارە لەگەڵ حکومەتی سوریا، لە لێدوانێكدا بە پێگەی هەواڵی "theamargi"ی وتووە: گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبیینوەو پەیوەندییەکانیش بواری گفتوگۆ تێنەپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەشکرد: وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار نزیک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە ئاردابێت و، دۆخی سەر زەوییش رەنگدانەوەی كەشوهەواوی هێوربونەوەی راستەقینە نییە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پێکدادانە بچڕپچڕەكان لە بەرەكانی روباری فورات. فەرماندەی گشتی پەپەژە باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ناتوانرێت بە دانوستان وەسف بکرێت، بەو پێیەی لایەنی بەرامبەر هەوڵدەدات دیدگای خۆی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە پێکهاتەیەکی سەربازی نوێدا بسەپێنێت، بەبێ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی روون، کە گەرەنتی هاوبەشی و نوێنەرایەتی بکات. رونیشی کردەوە: ناکۆکی سەرەکی لە بارەی میکانیزمی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەسەدە، ل بەر رۆشنایی پێشنیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی و تێکەڵکردنی ئەندامەکانی بە تاک لە سوپای نوێدا، لەبری ئەوەی پێکهاتەی ئێستای بپارێزێت.

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەی ئەنکادەر نارد، ڕایگەیاند کە "وەفاداری بۆ شەهیدان" بریتییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و وتی: "بیرهێنانەوەی ڕاستەقینە، بردنی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر." کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوانی ئەنادۆڵ (ئەنکادەر)، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوچەی ئۆکمەیدانیی ئەستەنبوڵ ساز کرد. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دانش بەشتاش هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەستەنبوڵ عارفە چنار و چنار ئاڵتان ، نوێنەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان  نوێنەرانی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و تەڤگەری ژنانی ئازاد ئامادەی کۆنگرەکە بوون. لە کۆنگرەکەدا چەندین جار دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە. کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان دەستی پێکرد.  مەراڵ دانش بەشتاش لە کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "چیتر نامانەوێت خوشک و براکانمان لەدەست بدەین. سەرمان بە شەهیدەکانمان بەرزە، ئەوان هەموویان بەهای ئەم گەلەن. ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانین باس لە دیموکراسی و ئازادی بکەین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەوە بەهۆی ئەوانەیە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لە ناو بەرخوداندایە. هیوامان زۆرە، هەروەها لە قۆناغێکی هەستیارداین. ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا دەستی پێکرد. من لەو بڕوایەدام ڕێبەریش بیر لەوە دەکاتەوە کە چ باجێکی قورس دراوە. ئەگەر ئەو تێکۆشانەی تێیداین سەربکەوێت، هەموومان پێکەوە پێدەکێنین. لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین گۆشەگیری کۆتایی هاتووە. دیدارەکانی ئیمراڵی هێشتا بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت ئەنجام نادرێن، بەڵام بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ دیدارەکان ئاسانترن. بیروڕا و وتەکانی بەڕێز ئۆجالان ڕێ نیشاندەرن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەیام، فکر و کتێبەکانی ئەو جیهان ڕووناک دەکەنەوە. با گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرین. ئێمە ئەم پڕۆسەیە بەبێ چەک، بەبێ ڕشتنی خوێن و بەبێ لەدەستدانی مرۆڤەکانمان، لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیکەوە ڕێکدەخەین."  پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە  پاشان دەقی کوردیی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن محەمەد بوڵوت و دەقە تورکییەکەی لەلایەن دایکی ئاشتی ڕەوشان دۆنەر خوێندرایەوە.  دەقی پایەمەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: "وەفاداریی ئێمە بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانمان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە لە ناو ئاشتیدا. یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشان کە لەم خاکانەدا لە پێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان گیانیان بەخشیوە، بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەمەوە. فیداکاریی ئەوان لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا وەک هۆشیاری، ئیرادە و میراتێکی مێژوویی دەژی. ئەوان ویژدانی تێکۆشانی ئێمە و ڕاستییە مێژووییەکانن کە لە یادەوەریی گەلەکەماندا شوێنەواری پڕ بایەخیان جێهێشتووە. بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی بوترێت کە لە قۆناغی ئێستادا، تێکۆشانی ئازادی هونەری زیادکردنی مردن نییە، بەڵکو هونەری ڕێکخستنی ژیانە. یادی شەهیدەکانمان نەک بە لەدەستدانی کەسی نوێ، بەڵکو بە بنیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراتیک و یەکسان و سەربەرزانەیە واتا پەیدا دەکات کە ئەوان لە پێناویدا بەرخۆدانیان کردووە. هەر لەدەستدانێک، چەندە بۆ من دەبێتە هۆکاری تێکۆشان، هێندەش ئازارێکی قورسە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێت ڕێگری لە شەهیدبوونی تەنانەت یەک گەنجیش بکەم و نەهێڵم دایکێکی تر لە دوای ڕۆڵەکەی شین بگێڕێت.  وەفاداریی ڕاستەقینە کردنەوەی ڕێگە نییە بۆ لەدەستدانی نوێ؛ بە پێچەوانەوە، نیشاندانی بوێرییە بۆ بنیاتنانی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تێکۆشانێکی ئاشتییانە. ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین بەردەوامبوونی شەڕ نییە، بەڵکو نیشاندانی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکە. ئەوان تێکۆشانیان کرد چونکە باوەڕیان وابوو دواڕۆژێک کە گەلان تێیدا پێکەوە و بە ئازادی بژین مەحاڵ نییە. ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شانمان، تاجدارکردنی ئەم ڕەنجە مێژووییەیە بە ئاشتی و کردنەوەی دەرگای سەردەمێکی نوێیە کە لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراتیک بنیادنرابێت. ڕێزی ڕاستەقینە، ڕێگریکردنە لە لەدەستدانی نوێ. یادی ڕاستەقینە، بردنەپێشەوەی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر. وەفاداری بۆ شەهیدان ئەوەیە کە مرۆڤ ئەو بوێرییەی هەبێت لەو شوێنەی ئەوان لێی وەستاون، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکتر، ئازادتر و مرۆییتر بنیات بنێت. بەم هەست و بەرپرسیارێتییەوە، سەری ڕێز لەبەردەم یادی هەموو پاکڕەوانانی تێکۆشان دەچەمێنمەوە و سڵاوی ڕێز و خۆشەویستی بێپایانم بۆ کەسوکاریان دەنێرم."  'فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە'  پاشان هاوسەرۆکی ئەستەنبوڵی دەم پارتی عارفە چنار وتی: "لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ٥٢ ساڵە بەردەوامە، باجی قورس دراوە و لەدەستدانی گەورە هەبووە. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک هەمیشە لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان بووە، بەڵام ئەوەی ڕاستی دەخاتە ڕوو و مانا بە ژیان دەبەخشێت، تێکۆشانی شەهیدەکانمانە. بەڕێز ئۆجالان بەو بانگەوازەی بۆ ئاشتی لە ٢٧ی شوباتدا کردی، نەخشەڕێگایەکی بۆ ئاشتییەکی خێرا خستە ڕوو و لە پێناویدا لە زیندانی ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات. فەلسەفەی قووڵی بەڕێز ئۆجالان تەنیا لە باکوور نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندایە و ڕووناکییەکەی لەم جیهانە تاریکەدا دەدرەوشێتەوە."  دوای وتارەکان، لە هەڵبژاردنێکدا ئیلهام کورت و هولیا ئیلبارس وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنکادەر هەڵبژێردران. کۆنگرەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.  

ئێران لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ژیان و ناسنامەی خێزانی قوباد تاڵەبانی دەیەوێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟   ئامادەکردنی هاوڵاتی.   درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات. مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟ سەرەتای راپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە باسی سەردەمی پێش رووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن دەکات و دەڵێت: لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد، پێش ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئیسرائیل لەقوبادی کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی نزیک بووەتەوە، کە لەئەمریکا خەریکی خوێندن بووە و توانیویەتی بەژنێکی جووی بناسێنێت بەناوی "شێری گراهام". شێری بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند ساڵێکیش لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە. لەو کاتەدا باوکی شێری جوویەکی بەناوبانگ بووە لە ئەمریکا لۆبی بۆ گرووپێکی ئیسرائیل کردووە بە ناوی ئەیپاک کە گەورەترین گروپی لۆبیی ئیسرائیلە لە ئەمریکا.   بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە شێری چەند ساڵیک لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە، بەڵام لەڕێی مۆسادەوە داوای لێکراوە بە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ شێری رازییببێت و ئەوانێش لەڕێی خەزوری و ئەیپاکەوە رۆڵیان هەبێت لە عێراقی نوێدا. میهر دەڵێت: قوباد تاڵەبانی دوای رازیبوونی بە هاوسەرگیرییەکە، بەرێنمایی مۆساد قوباد تاڵەبانی و شێری گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی شێری حەزی لە سلێمانی نەبووە و بە شوێن پێگەی ئێرانی زانیوە ماڵیان بردووەتە هەولێر.   ئاژانسە ئێرانییە دەڵێت، بە هەوڵی نهێنی مۆساد و ئەیپاک  قوباد تالەبانی کراوە بە جێگریی سەرۆکوەزیران، شێریش لە کوردستان بەردەوام بووە لەو ئەرکەی مۆساد پێیسپاردووە ورێکخراوێکی بەناوی ‘SEED’ دامەزراندوو.   بەگوێرەی راپۆرتەکە، شێری کاری لەسەر پلانێک کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی چەند رێکخراوێکی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ، ئەم رێکخراوانەش کاری سەرەکییان لەبارەی هاورەگەزخواز، فێمینیزم، توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بووە. مێهری ئێرانی هەر بەوەندەشەوە ناوەستێت و باسی منداڵەکانیان دەکات و دەڵێت، قوباد و شێری خاوەنی دوو منداڵن، کە کوڕ و کچێکن، مادەم دایکیان جووە کەوایە نەوەکانی مام جەلالیش جوون. لەبارەی ناکۆکییەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئاژانسی میهر دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی رێگرە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆساد لە ناوچەکە بۆیە مۆساد دەیەوێت شوێنی بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برا پڕ بکاتەوە تاوەکو سلێمانی بکەوێتە ژێر دەستی ئیسرایل، ئەمەش بەشێوەیەکی کارا سلێمانی و زۆنی سەوزی بەغداد پێشکەشی ئیسرائیل دەکات کە دوو ناوچەی ئەمنی گرنگ و حەوشەی پشتەوەن بۆ ئێران.   ئاژانسی میهر سەرەتا ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد و دواتریش هەمان بابەت لە چەند میدیایەکی دیکەی ئێران بڵاوبوویەوە و دەگوترێت، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە فشار لە قوباد تاڵەبانی بکرێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەرنەگرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بەغدای پێشنیازی کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، ئێرانیش دەیەوێت لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەکە ناشێت چونکە خێزانەکەی جووە.

بەمە دەوترێت شێرەژن؛ ببینە بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەمپارتی، چۆن لەسەر خوێندنی زمانی کوردی لە وەزیری پەروەردەی تورکیا تووڕە دەبێت    

تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانە لە داوایەكی یاسایی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دژ بە 54 پزیشكی دەرچووی دەرەوە وڵات، داوا دەكات لەبری پەنابردن بۆ یاسا پەنا بۆ گفتوگۆی بابەتییانە قایلكردنی هاوڵاتیان ببرێت، وەڵامدانەوەی داخوازییە رەواكانی هاوڵاتیان رێگا راستەكەیە. ئالان جەلال، بە تۆڕی19ی راگەیاند:داوا یاساییەكە پەیوەندی بە كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممە، 20ی تەمووزە هەیە ، كە پاش تەواو بوونی كۆبوونەوەی نێوان وەزیری تەندروستی و پزیشكانی دانەمەزراو، لەناو پرسگەی وەزیر، دەمەقاڵێ و پشێوی لە نێوان چەند پزیشكێكی دانەمەزراو و كارمەندانی ئۆفیسی وەزیر دروست بوو، هێرش كرایە سەر ژمارەیەك پزیشك و چەند پزیشكێك بریندار بوون، ووتی " ئێستا هەر 54 پزیشكەكە داوای یاساییمان لەسەر تۆماكراوە" ئەم پزیشكانە نوێنەری 54 دەرچوون كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنیان تەواو كردووە، چەندین جار لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی چالاكییان ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن، بەڵام وەڵامێكی قایلكەریان دەستنەكەوتووە. لەبارەی ئەو روداوە 20 تەمووز 2025 د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە لێدوانێكی رەسمیدا ووتی" ژمارەیەك گەنج بۆ داواكاری دامەزراندن سەردانی وەزارەتی تەندروستییان كرد، دوای پێشوازیكردن و چاوپێكەوتن و ڕێزگرتن و گوێگرتن لە داواكاریەكانیان، بەداخەوە لە پرسگە بووەتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ چەند كارمەندێك، پاشان پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان داوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕێككاری یاسایی بەرانبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە بوونەتە هۆی پشێوی. بەپێی ڕێككارەكانی لێكۆڵینەوە، مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە شكۆی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان بگرێت". ئەو كات تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بەرانبەر بە پزیشكانی دانەمەزراو لەناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئیدانە كرد ، داوای كرد رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرانبەر ئەو كارمەندانە بگیرێت كە بەشەق و بۆكس وەڵامی داواكاری رەوای پزیشكانیان داوەتەوە. لە بری ئەوە وەزیری تەندروستی داوای یاسایی دژ بە 54 پزیشك تۆمار كردووە و لە نوسراوێكدا كە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ناردووە ئەو رووداوەی بە " نانەوەی ئاژاوەو راگرتنی ئیش و كاری هاوڵاتیان" وەسفكردوەو بۆ سەلماندنی داوا یاساییەكە وەزیر دەڵێت " چەندین بەڵگەو گرتەی ڤیدۆیی هەیە" و رەوانەی دادگای كردووە. دەكرا وەزیری تەنروستی و ستافەكە سنگییان فراوان بوایە رەخنە و داخوازییەكانیان بەهەند وەربگرن، ئەو گەنجانەی كە ببۆ داوای هەلی یەكسان چووبونە ئۆفیسەكەی دەرگای گفتوگۆی بكردایەتەوە نەك پەنا بۆ دادگا بەرێت، كە دەكرێت خوێنەوە بۆ پەیامەكەی ئەوە بێت "بە هێزی یاسایی بێدەنگتان دەكەم " تۆڕی هاوپەیمانی19 جەختدەكاتەوە : یاسا پێویستە بۆ پاراستنی كۆمەڵگا، بەڵام تاكە رێگا نییە كە كەسایەتی گشتی و بەرپرسان پەنای بۆ بەرن، گفتوگۆی بابەتییانە قایلكردنی هاوڵاتیان و وەڵامدانەوەی داخوازییە رەكانایان رێگا راستەكەیە.

مامۆستا ئامەد، پێشوازی لە وەزیری پەروەدەی هەرێم دەکات و بە دڵی پڕەوە دەڵێت: زۆر خۆشحاڵم، گەورەترین خەڵاتە.    

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووس میران بەکر لەلایەن چەکدارانی یەکێتییەوە دەستگیر کرابوو و دووپاتیشی دەکاتەوە "ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەولێر بدەن." ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا وردەکاریی دەستگیرکردن و ئازاردانی کارمەندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیس، هاووڵاتیی 'میران بەکر عەبدولڕەحمان'، کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە بووە، درەنگانی شەوی هەینی، 19ی کانوونی یەکەمی 2025، لە نزیک بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، لەلایەن "چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیر کراوە و ئازاردراوە". پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، میران بەکر، کە ئەندام و کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دوای ماوەیەک ئازاد کراوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە "لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و لایەنە پەیوەنددارەکان ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە و ڕێکارەکانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی ڕاستی و سەروەرکردنی یاسا." لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان "بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادیی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتییان بە هیچ بیانوویەک پێشێل بکات."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میسرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە. هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد."

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە  21 /12 /2025 کەش / ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ، لەکاتەکانی ئێوارە دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (05-10) کم/ک ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە ، بەڵام نزمترین پلە بەرزدەبێتەوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10) کم دەبێت  سبەى دووشەممە   22 /12 /2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور و پەڵە هەور دەبێت.  خێراى با / لەسەرخۆ ( 05-10)  کم/ک ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10) کم دەبێت  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی گەرمیان : 19 پلەی سیلیزی

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ، ڕایدەگەیەنێت"سبەی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرین". هەوڵەکانی حکومەتی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 بەر لە سەری ساڵ بەردەوامن، تەیف سامی بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگە سێ مەرجی هەیە، کە میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆن هەردووکی ئامادەکراون و میزان نێردراوە و تەنیا داهاتی نانەوتی ماوە بنێردرێت. مەرجێکی دیکەش ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوتە کە ئەویش نێردراوە و ئێستا لە بەغدایە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی و دارایی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، ئێستا وەزارەت لە کۆبوونەوەدایە بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا. دەشڵێت: وەزارەت بڕیاری داوە سبەی دووشەممە 120 ملیارەکە بنێرێت بۆ بەغدا. سەرچاوەیەک لەبانکەکانی سلێمانی؛ 48 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی سلێمانی ڕەوانەی هەولێر کرا وەک ئامادەکاری بۆ ناردنی 120ملیار دینار بۆ بەغداد بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت، ئەگەر ڕۆژی یەکشەممە هەرسێ داواکارییەکە جێبەجێ بکرێن، لە دووشەممەوە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان دەکرێ و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پارە دەنێردرێت، ئەگەرنا دوادەکەوێت، ڕەنگە ناردنی مووچە لە بەغدا دوابکەوێت بۆ 28 و 29ـی ئەم مانگە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری بەغداد سەردانی نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای کرد و لە دیدارێکدا دۆخی سیاسی و پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد. لەو دیدارەدا کە هەریەک لە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی پرسەکان کرایەوە. تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. لەم چوارچێوەیەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار لە عێراق کە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بێت.

رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ کە ئەمڕۆ بڕیارە پۆستەکەی بۆ بەکر مستەفا بە جێبهێڵێت دەڵێت:  داوای لێبوردن لە خەڵکی چەمچەماڵ دەکەم کە نەمتوانی بەگوێرەی پێویست خزمەتیان بکەین، ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بەڵام پارەمان نەبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەنجامدرا.  لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئاسۆ بەکر مستەفا بە وەکالەت پۆستی قائیمقامی نوێی وەرگرت و جێگەی ڕەمەک ڕەمەزانی قائیمقامی پێشووی گرتەوە. ئاسۆ بەکر مستەفا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرکی ئەوان خزمەتکردنە و داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەن هاوکاریان بن لە دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکان و چارەسەرکردنیان. قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ، پێشتر چەندین پۆستی هەبووە: - پارێزەر لە دادگای سلێمانی (1991-1997) - بەڕێوەبەری ناحیەکانی هێرۆ، بنگرد و خەلەکان (1997-2011) - قائیمقامی قەزای دووکان (2011-2017) - پلەی قائیمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی (لە 2017ـەوە) دانانی ئاسۆ بەکر لە پۆستە نوێیەکەیدا دوای ئەوە دێت کە بەهۆی لافاوەکەی ڕۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگە لە چەمچەماڵ و دروستبوونی زیانی گیانی و ماددی، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان پێکهێنرا. دوای بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، ژمارەیەک بەرپرسی ناوچەکە لە پۆستەکانیان بەخشراون، لە نێویاندا ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی پێشووی قەزاکە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر و بڕیارە لەو سەردانەدا لەگەڵ عەبدولفەتتاح ئەلسیسی، سەرۆک کۆماری میسر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری کۆ دەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلای ئەحمەد فوئاد هنو وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا. بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح ئەلسیسی و بەرپرسانی باڵای دیکە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەکات .