رائید سەربەرز عومەر، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر روداوەکەی دوێنێ پێنج کەس دەستگیرکراون. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان روونیکردەوە، لەو پێنج کەسە؛ سێ کەسیان لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراون و دوو کەسەکەی دیکەشیان خۆیان رادەست کردووە. جێگەی ئاماژە پێدانە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان لەڕاگەیێنراوێکدا لەبارەى روداوەکەوە رایگەیاند، لەسەر کێشەى زەوى و زار دوو بنەماڵە بووەتە شەڕیان و چوار کەس لەلایەک کوژراون و یەکێکی دیکەیان برینداربووە و شەش کەسى دیکەش لە بنەماڵەى بەرامبەر برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردا دەمێننەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرهەڵاتە، سەبارەت بە پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت نزیکبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەی یەکشەممە، 21-12-2025، سەرەتا ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر : 17 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی

 میران بەکر کە کادری یەکێتییە و بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەیە لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی: هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی، کاتژمێر یازدە و نیوی شەو، لەنزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر تورەگەی رەشییان خستەسەرم، دوای کەلەبچە کردنم بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەشەق و بۆکس تێیانهەڵدام،  هەموو کەلوپەلەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکەیان بردم و پاشان وتیان: هەڵەمان کردووە. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم". بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن". سکرتێری وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە، بەڵام پێمگوتن ئێوە بێتاوانن و دەزانم ئاراستە کراون". بە گوتەی میران بەکر، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەری خۆشیان نیگەران بوون و دەشڵێت: "من مەکتەبی سیاسی و ئەو سنوورەم بە ماڵی خۆم زانیوە، ئەگینا هیچ کاتێک بەبێ چەک ناسووڕێمەوە". بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و بزانین چی روویداوە". ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".

بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نەبێت و کار بە سیستەمی 1/12 بکرێت، لەم دۆخەشدا هەرێمی کوردستان داوای هەموو پشکەکەی دەکات نەک تەنیا مووچە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەهۆی ئەوەی حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر، هیچ ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکراوە. بۆیە خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 دەبێت، کە ژمارەکان بەم شێوەیەن: کۆی گشتیی بودجە: 211 تریلیۆن و 86 ملیار دینار. بودجەی بەکاربردن: 156 تریلیۆن دینار. بودجەی وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن دینار. لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %12.67 دیاری کراوە، کە دەکاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینار. هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی چارەسەر کردووە و دەبێت ساڵی داهاتوو پشکی تەواوەتی بۆ بنێردرێت، بەو پێیەی: ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەست بکات. تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەداتەوە. لە ئێستادا هەناردەی نەوت نزیک بووەتەوە لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پەیوەندیی دارایی هەولێر و بەغدا بۆ ساڵی 2026 لەبەردەم دوو ئەگەردایە: سیناریۆی یەکەم: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (ناردنی تەنیا مووچە)، کە هەرێمی کوردستان ئەمەی ڕەت کردووەتەوە. سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و وەرگرتنی پشکی تەواوەتی (12.67%)، کە ئەمە ئامانجی هەرێمی کوردستانە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: كۆمەڵێك گروپی توندڕەو لەناو حكومەتی دیمەشق چارەسەرو رێككەوتنیان ناوێت، بە تایبەت ئەو گروپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووەو ئێستا تێكەڵاوی هێزەكانی حكومەت بوون، لە نمونەی، ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو "سوپای نیشتمانی" ئەوانەی عەفرینیان و عەزازو ناوچەكانی تریان داگیركرد. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتێندا لەگەڵ كەناڵی " aryen tv" وتیشی: ئەوانە ئێستا بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمەو دژی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گروپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەراربێت. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرێك لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئازارو كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاواو هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكی نوێیەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت. ساڵی (2026) بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی، ئێمە لەهەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا یەكێتی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان (2026) دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستوری سوریادا.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت:  لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی).، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی) و هیوای جەژنێکی پڕخۆشی و کامەرانییان بۆ دەخوازم. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال تاوەکو چیدیکە ئێزدییە سەربەرزەکان نەبنە قوربانی ململانێکان و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هەر لە جەژن و شادیدا بن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: لەسەرکێشەی زەوی وزارچوار کەس کوژراو حەوت کەسیش برینداربوون. بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ سەربە قەزای ڕزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن ڕویدا کە خزمی یەکترن لەئەنجامدا چوارکەس لەیەک تەرەف گیانیان لەدەستدا کەسێ دانەیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە وەبرایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە. لەتەرەفی بەرامبەریش شەش کەس برینداربوون ، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون . لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە،  لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، چونکە ئەمەتەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی ڕووداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تاوەکو هەموو بڕیارەکانی تر لەلایەکى دیکەوە  شایەتحاڵێک: لە مزگەوتی تەقوا کەسوکاری کوژراوەکان و بکوژەکان بە چەک رووبەرووی یەک بوونەتەوە و هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تەوقی شوێنەکەیان کردووە. وتیشی، “کەسوکاری کوژراوەکان دەڵێن تەرمەکان دەبەینەوە بۆ ماڵەوە و بەخاکیان ناسپێرین، تاوەکو تۆڵەیان دەکەینەوە.”

لە گوندی خاڵەبەو سەر بە قەزای رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەنێوان دوو بنەماڵە شەڕ روویداوە، جەمال مام ساڵح، قایمقامی رزگاری راگەیاند، چوار كەس كوژراون و دوو بریندارن. قایمقامی رزگاری گوتی، "كێشەی موڵكداری لەنێوان دوو بنەماڵەكە هەبووە و كەیسەكەیان لە دادگە بووە، بەڵام ئەمڕۆ پێش ئەوەی كەیسەكە یەكلابێتەوە بووە بە شەڕیان و چوار كوژراو و دوو برینداری لێكەوتووەتەوە".  د. ڕەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار وتى، چوار تەرم هێنراونەتە پزیشکی دادی و حەوت برینداریش هێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار و چارەسەریان بۆ دەکرێت.  بەپێی زانیارییەکان سێ براو ئامۆزایەک لە گوندی خاڵ بەگ لە سنووری گەرمییان لەکاتی نانخواردندا بوون، چەند کەسێک کە خەڵکی گوندەکەی خۆیانن هێرش دەکەنە سەریان و بە دەستڕێژی گوللە سێ برا و ئامۆزایەکیان دەکوژن و یەکێکیشیان بە سەختی بریندار دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی چەمچەماڵ، داوا لە سەرجەم پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی سنووری شارۆچکەکە دەکات، وتارى ئەمڕۆ هەینییان تەرخانبکەن بە ڕووداوى لافاوەکە، دەشڵێت با مامۆستاینی ئایینی داوا لە سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانە بکەن کە زیانیان بەرنەکەوتووە، خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوە تۆمار نەکەن، چونکە حەرامە. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: لەژێر ڕۆشنایی ئەو ناونیشانەی بۆردی وتاری هەینی کە دەڵێت (ژیان هەڵوێست و قوربانی دانە) تکا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین ئەمڕۆ هەینی لە وتارەکانتان ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بکەن کە ئەمە ئێستا داواکاریی زۆرینەی خەڵکی سنوورەکەیانە بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و چین و توێژەکانەوە. ئەوقافی چەمچەماڵ، بە پێویستی دەزانێت، سوپاس و دەستخۆشیی زۆر لە تەواوی خەڵکی شارەکان بکرێت بە دەوڵەمەند و خێرخوازەکان بە ڕێکخراو و لایەنەکان بە میدیاکار و بە تیمی حکومەت کە لە ماوەی ڕوودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆمەک و هاوکاریى زیانلێکەوتووانیان کردووە. هەروەها ئەوقافی چەمچەماڵ دەڵێت، با مامۆستایان لە وتارەکەى ئەمڕۆیاندا داوا لە خەڵکی سنوورەکە بکەن، هەر کەسێک زیانی بەرنەکەوتبێت لە لافاوەکەدا، حەرامە و دروست نییە خۆی تۆمار بکات بۆ وەرگرتنى قەرەبوو نابێت خۆی وەک زیانلێکەلوتوو تۆمار بکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سبەی شەممە، هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی د. بەرهەم ساڵح کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR). سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا، "نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە توانا و ئەزموون و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەڕێزیان". نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەڕێزیان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆییەکانی جیهان دەکات". هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "بەهۆی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی، د. بەرهەم ساڵح دەتوانێت رۆڵێکی کارا لە کەمکردنەوەی ئازاری پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان ببینێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی کوردستان "باشتر لە هەمووان دەرک بە ئازاری ئاوارەیی دەکەن"، هەر بۆیە هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ سەرکەوتنی لەم ئەرکە نوێیەدا دووپات کردەوە. د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرا. ئەوە دووەم باڵاترین پۆستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بڕیارە تاوەکو 5 ساڵی داهاتوو، کاروباری نزیکەی 120 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوەببات.

ئالدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)لە وەڵامی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتى، دان بەخۆگرتنیان بەرەو كۆتایی دەڕوات رایگەیاند: لەبنەمادا ئەگەر قسە لەسەر كۆتایهاتنی دان بەخۆگرتن بێت، ئەوا ئێمە جەخیتدەكەین لەوەی خەریكە دان بەخۆگرتنمان كۆتایی دێت، ئێمە دەیان ساڵە روبەڕوبەڕی ستەم و چەوساندنەوە دەبینەوە، دەمانەوێت سەرلەنوێ‌ وڵاتەكەمان بونیادبنێینەوە. ئالدار خەلیل، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند: وەزیری دەرەوەی توركیا وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیایە نەك وەزیری دەرەوەی توركیا، هێندەی ئەو دەستوەردان لەم پرسەدا دەكات و باس لە كۆتایهاتنی دانبەخۆداگرتن دەكات، وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی لەسەرناكات. وتیشی: ئێمە هاوڵاتی سورییاین و دەتوانین لەنێوان خۆماندا كێشەكانمان چارەسەربكەین، بۆچی ئەو دەستوەردان دەكات، بۆچی دان بەخۆداگرتنی كۆتایی دێت، ئەو دەتوانێت وەك وڵاتێكی دراوسێتی رای خۆی بخاتەڕوو ئەگەر مەترسی هەبێت، بەڵام قسەكردن بەوشێوازە دەبێتە هۆی دروستكردنی بەربەست لەبەردەم چارەسەر، ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەگەر دەستوەردانی توركیا نەبوایە تائێستا هەنگاوی گەورەمان بڕیبوو لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی (10) ئازار، بەڵام ئەوان دەستوەردان دەكەن بەشێوەیەكی نەرێنی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی جەژنا ڕۆژیێن ئێزی لە هاووڵاتییانی ئێزیدی کوردستان و جیهان دەکات. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بە بۆنەی جەژنا ڕۆژیێن ئێزی، گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و جیهان دەکەم، هیودارام بە خێرو خۆشی ڕۆژانی جەژن بەسەر ببەن. هەر لە پەیامەکەدا هاتووە "بەم بۆنەیەوە، خوشک و برایانی ئێزیدی دڵنیا دەکەینەوە، کە وەکوو هەمیشە لە پشتیوانی ماف و داواکارییەکانیان و بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین. ئەمە دەقی پەیامەکەیە: پەیاما سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ ب ھەلکەفتا جەژنا ڕۆژیێن ئێزی ب ھەلکەفتا جەژنا ڕۆژیێن ئێزی، گەرمترین پیرۆزباھییان ئاراستەی خوشک و برایێن ئێزیدی ل کوردستانێ و جیهانێ دکەم. ھیڤیدارم ب خێر و خۆشی ڕۆژێن جەژنێ ببورینن. دڤێ هەلکەفتێدا ، خوشک و برایێن ئێزیدی پشتڕاست دکەینەڤە، کو ئەم وەکوو هەردەم دێ د بەردەوام بین ل سەر پشتەڤانیا ماف و داخوازیێن وان و بهێزکرنا کلتوورێ پێکڤەژیانێ ل هەرێما کوردستانێ. جەژنا ڕۆژیێن ئێزی پیرۆز بیت و هەر د خێر و خۆشیاندا بن.

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وادەی ناردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەزانێت، 120 داهاتی ناوخۆ بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەنێرێت. تاوەکو ئێستا سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی نابێت مووچەکان بفەوتێت، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 فەرمانبەران دابەش بکرێت و دوو مووچەی ماوەش بکەوێت ساڵی داهاتوو.  بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات، دوای ئەوەی کاتی ناردنی مووچەی مانگی 10 دەزانرێت و کەی ڕێکارەکانی ناردنی پارە دەستپێدەکات.  - وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دوای وەڵامەکەی دارایی عێراق، 120 ملیار داهاتی ناوخۆ دەنێرێت، ئێستا نووسراو و هەموو شتێک ئامادەیە، تەنها ئەوە ماوە پارەکە بە کاش بگوازرێتەوە بۆ لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر. - تا ئێستا هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە دروست نەبووە،  بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەغدا هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەکات. دواتر مووچەی ئێمەش دەنێرێت.

ئاسۆ بەکر مستەفا، لە رۆژی یەکشەممە وەک قایمقامی نوێی چەمچەماڵ  لەبری رەمک رەمەزان، دەستبەکار دەبێت. پارێزەر ئاسۆ بەکر. ماوەی شەش ساڵ قایمقامی قەزای دوکان بووە و لە 2017ـەشەوە بە پلەی قایمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی دەوامی کردووە. لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە، ڕۆژى یەکشەممە قایمقامى نوێى چەمچەماڵ بە وەکالەت دەستبەکار دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیاری دەستبەركاربوون بۆ ئاسۆ بەكر مستەفا وەكو قایمقامی نوێى چەمچەماڵ دەرچووە و یەكشەممەى داهاتوو دەستبەكار دەبێت. قایمقامی نوێی چەمچەماڵ؛ ئاسۆ بەكر مستەفا لە 1991 تاوەكو 1997 وەكو پارێزەر لە دادگای سلێمانی كاری كردووە لە دوای 1997ـەوە تاوەكو 2011 بەڕێوەبەری هەریەكە لە ناحیەکانى هێرۆ، بنگرد و خەلەكان بووە لە 2011ـەوە تاوەكو 2017 قایمقامی دووكان بووە لە 2017شەوە لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە پلەى قایقمام دەوامی كردووە ئەم ئاڵوگۆڕە ئیداریانە دوای ئەوە هات، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی بەرپرسانی چەمچەماڵ پێکهات و ڕاپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی جێگری سەرۆکوەزیران کرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتبوو ژمارەیەک بەرپرس کەمتەرخەمیان کردوە و دەکرا هەندێک ڕێکار بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی زیانەکانی لافاوەکە کەمتر بێت. لەو چوارچێوەیەدا قایمقامى چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرى ناحیەى شۆڕش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ هەردوو سەرۆک شارەوانییەکانى چەمچەماڵ و شۆرش داواى بەخشینیان کرد.