سەركۆ جەمال بڵاوبوونەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كاری میدیایی، كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە، سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت لایەندار نین تێیداو پاش كۆبوونەوەی فراوان رای خۆیان لەبارەیەوە دەڵێن، وەزارەتی رۆشنبیریش چاوەڕێی كاردانەوەكان دەكات. رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 لەبارەی كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان (تایبەت بەڕێكخستنی فریكوێنسی رادیۆو تەلەڤزیۆن) كە لەڕۆژی 22ی 5ی 2023 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، چەندین رێنمایی بڵاوكراونەتەوە كە لە 17 ماددە پێكهاتووەو لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە. لەڕێنماییەكاندا دەسەڵاتێكی رەها بەحكومەت دراوە، لەناویاندا وەزارەتی رۆشنیبری لەپێدانی مۆڵەتدا ئەوەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو ژینگە، بەپێی رێنماییە نوێیەكە ئاماژە بەوەكراوە كەئەگەر لەماوەی 90 رۆژدا وەڵامیان نەبوو، ئەوە داواكە بەپەسەندكراو دادەنرێت. وەزارەتی رۆشنبیری مەرجی بۆ كوالێتی ناوەڕۆكی بابەتە رۆژنامەوانییەكان داناوەو لەبەشێكیدا هاتووە «پابەندبوون بەپێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەردەچێت»، لەكاتێكدا ئەو فەرمانگەیە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەو هێشتا روون نییە كەی و چۆن ئەو پێوەرانە دەنووسێت. هەروەها لەبەشێكی تردا هاتووە: «دووركەوتنەوە لەو كارە میدیایانەی كە دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان»، بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی تیابێت. رێنماییەكان كۆت و بەندی زۆری بۆ كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان تێدایە، كە بووەتە هۆی ناڕەزایی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن. رۆژنامەنووس شوان محەمەد پێی وایە دەبێت ئەم یاسایە رابگیرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەرئەوەی سنوری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی پێشێل كردووەو ناوەڕۆكەكەی نەهێشتووەتەوە. ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یاسای ژمارە 35 میدیا داناخات بەڵكو سزاكەی داراییە، بەڵام ئەم رێنماییانە میدیا دادەخات و ئەگەر سەرپێچی بەردەوام بوو لیستی رەشی بۆ دەكاتەوەو داوا لەحكومەتیش دەكات مامەڵەی لەگەڵ نەكات». هەروەها باسی لەوەشكرد كە بەپێی یاسای ژمارە 35 مۆڵەت وەرگرتن نییە تەنها ئاگاداكردنەوەیە لەڕێگەی سەندیكاوە، بەڵام لەم رێنماییە نوێیەدا كۆمەڵێك شوێنی زیادكردووە وەك وەزارەتی ناوخۆ، جگە لەوەی لەكاتی پەخشدا كۆمەڵێك كەناڵی داناوە بۆ مۆنیتەرینگ كە یەكێك لەوانە فەرمانگەی میدیاو زانیارییە. نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: لایەندار نین تێیداو لەگەڵ ئەوەدان کاری میدیایی ڕێکبخرێتەوە «لەسەرەتادا رێنماییەكە وادەریدەخات تەنها بۆ كاری میدیاییە، بەڵام دواتر سۆشیال میدیاشی بۆ زیاد دەكات و دەشڵێت دواتر رێنمایی نوێ دەردەچێت لەفەرمانگەی میدیاو زانیارییەوە، ساڵی 2014 رێنماییەك هەبووە كەئەویش پێشێلكاری تیایە، بەڵام زیاتر تەكنیكییە، ئەمە 17 ماددەو بەهەموو پێوەرەكان دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری یاسای ژمارە 35 جێبەجێ بكات و ئەم بیدعەیەمان لەكۆڵ بكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت. شوان محەمەد وتیشی «وەزارەتی رۆشنبیری بووەتە شوێنی كادرەكانی حزب و بووەتە چەكوش بەسەر ئازادی میدیاو رۆژنامەوانییەوە، ناتوانن كۆت و بەند بۆ میدیای پارتی و یەكێتی دابنێن، چونكە ئەمە تەنها بۆ ئەو میدیایانەیە كە پاڵپشتی بەهێزیان نییە». سەرنووسەری دەزگای میدیایی «كەركوك ناو» باس لەوەدەكات لەگەڵ ئەو رێنماییە نوێیانەدا هەست بەئارامی ناكەن. شۆڕش خالید، سەرنووسەری دەزگای میدیایی كەركوك ناو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نائارامییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەكاتێكدا یاسای كاری رۆژنامەوانیمان هەیە كەدەتوانین بڵێین یاسایەكی تاڕادەیەك باشە، بەڵام هاتوون رێنمایی نوێتر دەردەكەن، ئەمە جێی گومانە». وتیشی:» لەڕابردودا دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم لەدەرەوەی كاركردن بەیاساكە هاتووە رۆژنامەنووسانی بەیاسای تر دادگایی كردووە، لەوانەش یاسای سزادانی عێراقی و تەنانەت یاسای توندتر، ئەی ئەگەر دادگاكان كار بەم رێنماییانە بكەن، حەتمەن ئەركەكە بۆ ئێمە زۆر قورستر دەبێت». «هەستدەكەین بیانەوێت زیاتر كۆت و بەندمان بكەن و بمانترسێنن، بەتایبەت بەشێك لەڕێنماییەكان زۆر لاستیكی و روونكردنەوەی تیا نییە، بۆ نموونە لەبابەتە قەدەغەكراوەكانی رێنماییەكانی وەزارەت داوا دەكات دووربكەوینەوە لەو كارە میدیایانەی «دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان، نازانین مەبەستیان لەمە چییە» شۆڕش خالید وادەڵێت. سەرنووسەری كەركوك ناو دەشڵێت :»هەر بابەتێك ناوزڕاندنی كەس و سیمبولی نیشتیمانی لێبكەوێتەوە، قەدەغەیە، وای لێتێدەگەم ئەگەر سبەی من بەبەڵگەوە سەلماندم كەگریمان سەرۆكی حكومەت یان هەر بەرپرسیكی باڵا گەندەڵی كردووە، دوایی دەمدەنە دادگا و دەڵێن تۆ ناوت زڕاندووین». شۆڕش خالید ئەوەی دووپاتكردەوە كە رۆژنامەنوسان بێدەنگ نەبوون و رۆژانە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان لەو پرسە ئاگاداردەكەنەوە، داواشدەكەن كۆدەنگی زیاتر دروستبێت بۆ راگرتنی، چونكە لەهەرێم دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە. سەنتەری میترۆو سەندیكای رۆژنامەنووسان كەوەك رێبەری داكۆكیكردن لەكاری رۆژنامەنووسی ناودەبرێن بۆچوونیان لەبارەی رێنماییەكانەوە جیاوازە. رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» رێنماییەكان گوزارشتە لەسیاسەتی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەئازادیی كاری رۆژنامەگەری و رادەربڕین، كە بەمەش ناوەڕۆكی یاسای رۆژنامەگەری بەتاڵ دەكاتەوە.» وتیشی:»لەیاسای رۆژنامەگەریدا (35ی ساڵی 2007)دا رۆژنامە قەدەغەناكرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت، بەڵام لەم رێنماییەدا، وەزارەت ماف بەخۆی دەدات هەر لەڕاگرتنی كاتییەوە و لەكاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، مافی درێژكردنەوەی راگرتنیش دەدات بەخۆی تادەگات بەلیستی رەش». ڕەحمان غەریب، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ: ڕێنماییەکان ناوەڕۆکی یاسای ڕۆژنامەگەری بەتاڵ دەکاتەوە لەبەرامبەردا ئازاد حەمەئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا ئێمە بەتەواوی دەقی رێنماییەكانمان نەخوێندووەتەوەو لەڕاستیشدا ئێمە تەرەف نین تێیدا، هەرچەندە پێشتر بۆ ئێمەیان ناردبوو، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەكی فراوان رای خۆمان بەفەرمی دەڵێین، بەڵام بەگشتی لەگەڵ ئەوەداین كاری میدیایی رێكبخرێتەوە». لای خۆیەوە، نامیق هەورامی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوای ئەوەی لەوەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوەو جێبەجێدەكرێت دواتر لەبارەیەوە قسە دەكەین، چونكە لەكاتی جێبەجێكردندا دەردەكەوێت باشە یان خراپ». وتیشی:»بۆیە ئێستا هیچ لێدوانێكمان نییە لەسەری و بەپێی یاساش دەبێت چاوەڕێ بكەین تادەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە».
سوپای پاسداران رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ئامانجی پاکسازیی ناوچە شاخاوییەکانی سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێم دەست پێکردوە و سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاشکرای دەکەن چوار ئەندامی ئەو سوپایە بریندار بون. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی رابردوەوە دەستی کردوە بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی کۆساڵان و شاهۆ لە سنە و کرماشان و بە وتەی فەرماندەیەکی ئەو سوپایە ئۆپەراسیۆنەکە تا پاکسازیی ناوچەکە لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت. فەرماندەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە ناوچەی کۆساڵان شوێنێکی ستراتیژی و گەشتیارییە بۆیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (موحەڕەم) هەوڵی پاکسازیی ناوچەکە دەدرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندوە؛ دوێنێ سێشەممە ئەندامێکی سوپای پاسدران بەهۆی پێکدادان لەگەڵ گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کوژراون و هاوکات چوار ئەندامی برینداری ئەو سوپایەش رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کراون. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاندوە؛ لە پێکدادانێکی نێوان گەریلاکانی یەرەکە لەگەڵ چەکدارانی سوپای پاسدراندا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. لای خۆیەوە سوپای پاسدارن رەتی کردوەتەوە هیچ ئەندامێکیان لەو ئۆپەراسیۆنە یان پێکدادانانەکانیان لەگەڵ گەریلاکانی پەژاک کوژرابێت بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات جەختیان لەوە کردوەتەوە کە سەرەڕای کوژراوێک چوار ئەندامی سوپای پاسداران پاسداران بە برینداریی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کراون.
هاوڵاتی هەپەگە رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا کە بەهۆی بومەلەرزەکەی شەشی شوبات و هەڵبژاردنەکانەوە، بێچالاکیان راگەیاندبوو، ٣٢ گەریلایان لەلایەن سوپای تورکیاوە شەهید کراون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری چوار مانگی رابردووی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر گەریلاکانیی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، کەجەکە بێچالاکی راگەیاندبوو و گەریلاکانیش هێرشیان نەدەکردە سەر سوپای تورکیا. هەپەگە دەڵێت، لەو ماوەیەدا، سوپای تورکیا لەو ماوەیەدا چوار هەزار و ٨٤٨ جار بارەگاکانی ئەوانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. هەروەها ٢٢٤ جار بە چەکی فسفۆڕ، جۆمبی قەدەغەکرا و چەکی کیمیایی هێرش کراوەتە سەریان. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، 32 گەریلا شەهید بوون، ٨٤ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەرباز بریندار بوون.
شەنای فاتیح پشكی حاجیانی هەرێم وەك پشكی بودجە كەمكرایەوەو 13%ی سەرجەم حاجیانی عێراق پێكدەهێنن كە لەكۆی ٣٧ هەزار حاجی تەنها چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیان بەر هەرێم كەوتووە. زیاتر لەدوو ملیۆن موسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج روویان لەوڵاتی سعودییە كردووە، لەو ژمارەیەش نزیكەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی كوردستانن، وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆ ساڵی ئایندە ناونووسین دەبێتە ئۆنلاین. نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمساڵ حاجیانی عێراق ٣٧ هەزار حاجین و لەو ژمارەیەش چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیانی هەرێمی كوردستانن. هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە ناونووسین بۆ حەج ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدراو ٨٦ هەزارو ٨٦٧ كەس ناویان نووسی و تیروپشكیان بۆ كرا، كەمەرجی سەرەكی بۆ ئەو كەسەی ناوی دەنووسی نەدەبوو تەمەنی لە ١٨ ساڵ كەمتربێت، ساڵەكانی ٢٠١٧و ٢٠١٨و ٢٠١٩ نزیكەی ١٨ هەزار حاجی لەو ژمارەیە گەشتیان كردووە. وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوەشكرد كە ساڵی ٢٠٢٠و ٢٠٢١ بەهۆی كۆرۆناوە حەج بۆ هەموو جیهان راگیراو ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە ئەو ناوانەی لەساڵی ٢٠١٧ تیروپشكیان بۆ كرابوو راكێشرایەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٥ساڵ زیاتر بوو سعودیە رێگای نەدا بچنە خاكی سعودیەوە، بەڵام ئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە. زیاتر لە دوو ملیۆن مسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوویان لە وڵاتی سعودیە کردووە، لە ژمارەیەش نزیکەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی کوردستانن سەبارەت بەشێوازی گەشتی حاجیانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە نەبەز ئیسماعیل هێمای بۆ ئەوەشكرد كەحاجیانی هەرێمی كوردستان بەدوو شێواز گەشت دەكەن، شێوازی یەكەمیان رێگای وشكانییە كەژمارەیان ٦٩٠ حاجییە، شێوازی دووەمیان رێگای ئاسمانییەو لە 11 بۆ 18ی حوزەیران بەهەشت كاروان دەگەنە سعودیە. سەبارەت بەپشكی پارێزگاكان لەمساڵدا، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو كە حاجیانی هەولێر زیاتر لەهەزارو ٥٠٠ حاجی و سلێمانی نزیكەی هەزارو ٦٠٠ حاجی و دهۆك نزیكەی هەزار حاجی و هەڵەبجەش زیاتر لە ٨٠ حاجین. «ساڵی ئایندە بۆ ناونووسینی حەج میكانیزمێكی نوێ بەكاردێت و لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی ئۆنلاین لەڕێگای بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە دەبێت، تێچووی حەج گرانتر بووە ئەویش بەهۆكاری جیاواز، لەسعودیەش شوێنی حەوانەوەو رێكارەكان گرانتر بووەو داخوازی حەج لەسەرانسەری جیهان زۆربووە» نەبەز ئیسماعیل وای وت. بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ژمارەی حاجیان گۆڕانكاری ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە، تەنها ساڵی 2019 نەبێت كە دوو هەزار حاجی بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردووە. حاجیانی هەرێمی كوردستان تەمەنی جیاواز لەخۆدەگرن و بەشێوەیەكی گشتی تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵە، بەهۆی ئەوەی كەئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە، بەتەمەنترین حاجی هەرێمی كوردستان خانمێكی ناوچەی گەرمیانە، تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە، بچووكترین حاجیش گەنجێكی تەمەن ٢٢ساڵی شاری هەولێرە. محەمەد یەحیا گەنجێكی شاری هەولێرەو لە ١\٧\٢٠٠١ لەدایكبووەو دەرچووی بەشی شەریعەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینە، نازناوی بچووكترین حاجی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵی ٢٠١٧ ناوەكان نووسران و من ئەوكات تەمەنم ١٦ ساڵ بوو، نەمدەتوانی ناو بنووسم تەنها ناوی خانەوادەكەم هاتەوە. هەروەها وتیشی:» ئەم حەجەی من بەشی باوكمەو ئەو پێشتر حەجی كردبوو، بۆیە تەنازولی بۆ من كرد كەگەشتەكە ئەنجامبدەم، بەڕاستی هەستێكی تایبەت و خۆشەو وەسف ناكرێت كەبەم تەمەنەوە ئەم فەریزەیە ئەنجامبدەم». فەریزەی حەج یەكێكە لەڕوكنەكانی ئیسلام، یەكجار لەژیاندا لەسەر هەر موسوڵمانێك ئەركە، بەچەند مەرجێك ئەوانیش: پێگەیشتن، واتە لەسەر منداڵ ئەرك نییە- ئاقڵ- ئازادبێت- توانای جەستەیی و ماددی هەبێت، هەرچەند بەشێك لەموسوڵمانان چەندجارێك لەژیانیاندا حەج ئەمجامدەدەن بەڵام تەنها یەكجار ئەركە.
هاوڵاتی بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت لەبەرامبەر ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو 50% داهاتە فیدڕاڵییەكان كە مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات. بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت و كەبڕیارە دوای گەڕانەوەی دكتۆر لەتیف رەشید لەئیتاڵیا لەگەڵ راوێژكارە ئابورییەكانی كۆببێتەوەو لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پەسەندی بكات، دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت. لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە. هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە. هەرێم پابەند كراوە پارەی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە كە سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینارە، كە لەماوەی حەوت ساڵدا بیداتەوە كە بە 84 مانگ دەدرێتەوەو مانگانە دەكاتە 46 ملیارو 428 ملیۆن دینار. لەماددەی 13ی یاسای بودجەی عێراق، هەرێم پابەندكراوە كە 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان بدات كە بە 780 ملیار دینار بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە كە مانگانە 65 ملیار دینار دەكات بیداتە بەغداد. واتا هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا دەبێت بڕی ترلیۆنێك و 337 ملیار دینار پارەی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە. واتا هاوكێشەكە دوای دەركردنی قەرزی بانی بازرگانی عێراق و داهاتە فیدراڵییەكان لەساڵێكدا دەكات هەرێم لە ساڵێكدا 16 ترلیۆن و 973 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كەمانگانە ترلیۆنێك و 414 ملیار دینار دەكات. هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچەو 75 ملیار دینار بۆ وەزارەتەكانی خەرج دەكات كە 987 ملیار دەكات، واتا مانگانە دوای دەركردنی مووچە 427 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە. هەرێمی كوردستان مانگانە لەنێوان 200 بۆ 250 داهاتی نانەوتی هەیە، ئەگەر تەنها 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ئاماژە پێبكەین، ئەوا هەرێمی كوردستان مانگانە بەزیادەی پارەكەی بەغداد دوای دەركردنی مووچە، مانگانە بەكۆی گشتی هەرێمی كوردستان مانگانە 577 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، رێكخستنەوەی دارایی هەرێم كە لەنێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیدا رێككەوتن كراوە ئاماژە بەوە كراوە كە 50%ی ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بدرێتەوە بە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزارن. هەروەها 50%كەی دیكەی كەمانگانە دەكاتە 268 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت بەڕەچاوكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كەنزیكەی 226 ملیار دینارە لەپشكی بودجەی هەرێم. لەماددەی 13ی یاسای بودجە ئەوە جێگیركراوە كە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بە مەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت و ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ناوخۆ بەمەبەستی پاڵاوتن بۆ سوتەمەنی ( بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی) بەكاریدەهێنێت. هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق كە بەغدا بۆ هەر بەرمیلێك چوار تا شەش دۆلار دەدات، بەڵام هەرێمی كوردستان لەسەدا 51ی داهاتی نەوتی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان رۆشتووە، بۆیە بەشێك لەو پارەیە بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت دەڕوات. یاسای بودجەی عێراق كە 198 ترلیۆن و 900 ملیار دینارەو 64 ترلیۆن و 357 ملیار دینار كورتهێنانی هەیەو پشكی هەرێم دوای خەرجی سیادی و حاكیمە بە 12.67% پەسەند كراوە. لەبودجەی عێراق نرخی نەوت بە 70 دۆلار دانراوەو عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل و هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل بەرهەمیان دەبێت، هەروەها یەك دۆلار بە هەزارو 300 دینار دانراوە. لە پاکتاوی حساباتی شەش مانگی ئەمساڵدا پێویستە بەغداد ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دیناری دیکە بداتە هەرێمی کوردستان دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: »پارەی كاش كە بگاتە دەست حكومەتی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەبێت». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی حاكیمە بەشێوەی كاش نییەو لەرێگەی بایەعی و دەرمان و شتی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، وتیشی:» هەردوولا پابەندی یاسای بودجەی عێراق بن، هەرێمی كوردستان دۆخی دارایی زۆر باش دەبێت». ئەندامێكی دیکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپشكی هەرێمی كورردستان ساڵانە 12 ملیارو 615 ملیۆن دۆلاری پێدەگات كەمانگانە یەك ملیارو 51 ملیۆن دۆلارە. جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێك دەنێردرێتە هەرێم 16 ترلیۆن و زیاترلە 400 ملیار دینارەو مانگانە نزیكەی یەك ترلیۆن و 367 ملیار دینار دەكات». هەروەها وتیشی:»ئەگەر رێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت هەم بەشی مووچەی فەرمانبەران و هەم پرۆژەكانیش دەكات، دەتوانین بڵێین ئەوكات دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014و هیچ كێشەیەكی مووچەو پرۆژە لەهەرێمی كوردستان نامێنێت». جەمال کۆچەر: لانی کەم ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ساڵێک دەنێردرێتە هەرێم زیاتر لە ١٦ ترلیۆن دینارە دوای ئەوەی یاسای بودجە لەڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بەجێبەجێكردنی دەكات كە چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی تەمموز بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە 25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس كە بەغداد زیاتر لە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلاری شایستەی قەرەبووكردنەوەیە كەتوركیا بیدات. بە پێی یاسای بودجە پێویستە عێراق و هەرێمی كوردستان لە 1/1/2023 تا یەكی تەمموز پاكتاوی حسابات بكەن كەهەرێم تا 25ی ئازار نەوتی هەناردە كردووە، دوای ئەو بەروارە هەناردەكردنی راگیراوە. هەرێمی كوردستان لەشەش مانگی رابردوودا بەبەهای پێنج ترلیۆن دینار داهاتی نەوت و نانەوتی هەبووەو بڕی ترلیۆنێك و 600 ملیار دیناریشی بەقەرز بۆ هاتووە. لەبەرامبەردا پشكی هەرێم بەلایەنی كەمەوە كە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی بۆ هاوڵاتی خستووەتەڕوو، كە پشكی هەرێم مانگانە ترلیۆنێك و 367 ملیار دینارە، كەواتە بۆ شەش مانگ هەشت ترلیۆن و200 ملیار دەكات، واتا دەبێت بەغداد زیاتر لەترلیۆنێك و 600 ملیار دیناری دیكە بداتە هەرێمی كوردستان. ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق تایبەت بەشایستەو پابەنـــــدییەكانی هەرێمی كوردستان ماددەی 12 -پشكی هەرێم 12.67% مادەی 13 -ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار بۆ هەرێم دیاریكراوە -نۆ ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە -ساڵانە دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێم تەرخانكراوە -بڕی 276 ملیارو 550 ملیۆن دیناریش وەك پشكی هەرێم لەخەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاكان جێگیركراوە -داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ساڵێك بە ترلیۆنێك و 560 ملیار دینار خەمڵێندراوە -لەو بڕە 780 ملیار دینار لەداهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ هەرێم دەمێنێتەوە -بڕی 228 ملیارو 304 ملیۆن دینار لەبودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ موچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە مادەی 14 -شایستە داراییەكانی نێوان عێراق و هەرێم لە 2004 تا 2022 یەكلایی دەكرێنەوە -وردبینیكردن لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی عێراق و هەرێم - حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ بەمەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت - ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك وەزارەتی نەوتی عێراق لەناوخۆ بەكاریدەهێنێت - عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق -حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی كە بەمەستی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكانە - قەرزەكانی بانكی عێراقی بازرگانی و بانكە ئەهلییەكان مانگانە بەقیست لەپشكی هەرێم دەبڕدرێت - پێدانەوەی ئەو قەرزانە لە 2023ەوە دەستپێدەكات و لەماوەی حەوت ساڵدا دەدرێنەوە.
هاوڵاتی هەسەدە رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی سوپای تورکیادا، ٤ شەڕڤانیان شەهید بوون. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا و چەکدارەکانی گوندی دەندەنیێ منبجیان تۆپباران کردووە و لە بۆردومانەکەدا دوو منداڵ بریندار بوون." هەسەدە باسی ئەوە دەکات کە گروپێک لە شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج هەوڵیانداوە، منداڵەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و رزگاریان بکەن، بەڵام درۆنێکی دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەریان. هەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکەدا ٤ شەڕڤانیان شەهید بوون و ٢ شەڕڤانیش بریندار بوون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە گوندی عەرەب حەسەنی منبجیش بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی تورکیاوە هاوڵاتیەکی مەدەنی شەهید بووە. ئاژانسی هاوار نیوزیش ئەمڕۆ هەواڵێکی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری ئاژانسەکە دوێنێ و شەوی رابردوو ٢ شەڕڤان شەهید بوون و ٤ سەربازی سوریا کوژراون و ٨ سەربازیش بریندار بوون.
هاوڵاتی سەرئەنجام دوای ساڵێك دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان قسەیكردو رایگەیاند پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆكراو تەندروستی باش بوو هەموو شتێك لەبارەی ژەهرخواركردنەكەی ئاشكرادەكات، بەناڕاستەوخۆش پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی لایەنێكی سیاسی كردووە. د.كازم فاروق پێش ماوەیەك لەنەخۆشكەوتنی دەستی لەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كشاندەوە، جوڵانەوەكەش چەند جارێك بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ تۆمەتباریان كرد بەوەی دەوام ناكات و مووچەش وەردەگرێت، ئەمەش پەردەی لەسەر ناكۆكیی نێوان جوڵانەوەكەو د.كازم هەڵدایەوە. دوای نزیكەی ساڵێك لەدیارنەمانی، دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رۆژی 12-6-2023 لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا بەجەستەیەكی لاوازو لەنەخۆشخانە دەركەوت و چەند راستییەكی ئاشكراكرد. لەوتەكانیدا د.كازم فاروق وتی:»دوای ئەوەی ماوەیەكە لەخزمەت ئێوەی خۆشەویست دابڕاوم ئێستا پێمخۆشە لەخزمەتانابم، لەدوای زیاتر لەساڵێك لەچارەسەر وەرگرتن پزیشكەكان لەئوردن پێیان راگەیاندم كەمەترسی لەسەر ژیانم نەماوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئیزنم دەدەن». هەروەها وتیشی: «ئەوەی دەمێنێتەوە نەشتەرگەرییەكی وردە كە تائێستا بڕیارم نەداوە لەچ نەخۆشخانەیەك و لەچی وڵاتێك بیكەم، هەندێك شتم بیستەوە، بیرم لەوە دەكردەوە ئەوانەی كەكاتی خۆی تیرۆركران و بوونە قوربانی، بەشێكیان لەدوای خۆیان هەندێك درۆو سینارۆشیان بۆ بڵاوكردنەوە, بیرم لەوە دەكردەوە كە چ نهێنی و حەقیقەتێكیان لەگەڵ خۆیاندا بردە ژێرخاك». « دیارە خوای گەورە ئەمجارە نەیهێشت ئەو دەستە رەشەی خۆی وەك فریادڕەسی خەڵك ناساندووە نهێنییەكەی بچێتە ژێر خاكەوە، ئەگەر خوای گەورە دەرفەت بدات پاش نەشتەرگەرییەكەم هەموو بەڵگەو نهێنییەكان بۆ خەڵكی كوردستان و رای گشتی بڵاودەكەمەوە لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی دیكە كە بەڕاستی گرنگە خەڵكی كوردستان و رای گشتی بیزانن». دكتۆر كازم فاروق وا دەڵێت. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:» دوای ئەم قسانەو ئەم ڤیدیۆیەی من هەر كەسێك هەر لایەنێك هەر تەلەڤزیۆن و میدیایەك بەم قسەو نەخۆشیانەی من قەڵس بوو ئەوە بیناسنەوە خۆیەتی، با بمێنێت بۆ پاش نەشتەرگەرییەكەم». هەر لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا دایكی د.كازم فاروق وتی:» زۆر شكور بۆ خوای گەورە كە دكتۆر ئێستا تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوات، بەڕاستی ئەم دەستە رەشە كەویستی ئەم ناهەقییە بەرامبەر د.كازم بكات، بەڵام نەیپێكا، خوانەخواستە بیپێكایەو ببوایە بەزەرەری رۆحی ئێمەش وەك خانەوادەی د.كازم بۆمان قبوڵ نەدەكرا». قسەکانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەن بۆ تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی لایەنێکی سیاسی بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، دكتۆر كازم فاروق خوێنی جەستەی بە تەواوی بۆ گۆڕدراوەو نەشتەرگەری جگەریشی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام نازانرێت ئەو نەشتەرگەرییەی كە بڕیارە ئەنجامی بدات چییە. هەروەها لەماوەی ئەو ساڵەدا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بووەو بەردەوام براكەی و هاوسەرەكەی لەلای بووە. هاوڵاتی پەیوەندی بەكەسوكاری دكتۆر كازم فاروقەوە كرد، بەڵام ئەوەیان دووپاتكردەوە كە هەموو بەڵگەكان بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو. 30 ئۆكتۆبەری 2022 دایكی د.كازم فاروق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كەكوڕەكەی ژەهرخوارد كراوە، وتیشی:»لەمانگی یەكی 2022 سەرەتای نەخۆشیەكەی دەركەوت و پاشان لەمانگی دوو بەتەواوی بێتاقەت بوو جاروباریش تووشی خوێنبەربوون بوو، لەپڕ بەهیلاك چوو كە گەیاندمانە نەخۆشخانە پزیشكەكان وتیان چی دراوتێ و بۆچی وای لێهاتووە». بەوتەی دایكی د.كازم فاروق، پزیشكەكان وتوویانە دەبێت راپۆرتی پزیشكی بهێنن ئینجا چارەسەری بۆ دەكەن، دواتر كە راپۆرتیان برد دووجار پشكنینیان بۆكرد نەیاندەزانی چی لێبكەن، لەبەرئەوە وتیان» واباشە چاوەڕێی پزیشكێك بكەن لەدەرەوەی وڵاتە ئەویش هاتەوەو پشكنینی بۆ كرد لەنەخۆشخانەی شۆرش وتیان پشكنینەكەی پاك نییە». «بیرمان لەوەكردەوە بیبەین بۆ دەرەوەی وڵات و لەوێ پشكنینیان بۆكرد و وتیان ژەهرخوارد كراوەو دواتر رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو، هەر رۆژەو شوێنێكی بەرەو خراپ بوون چوو دواتر لەقسەكردن كەوت، كاتێك پرسیارمان لەهاوڕێكانی كرد لەنەوەی نوێ ئەوان شڵەژان و وتیان ساڵ و نیوێكە لەگەڵ ئێمە نەماوە جگە لەوەش رۆژ بەڕۆژ شتی خراپیان لەسەر بڵاودەكردەوە». هاوكات، عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی:» شەوێكیان كاتژمێر ١١ بوو ژمارەیەكی بەریتانیا بە واتس ئەپ تەلەفونی كرد، وتی من د.زوهێرم برای د.كازم فاروق، بەناوی خانەوادەكەمان پەیوەندیت پێوە دەكەین، دەزانین تۆ دۆستایەتیەكی نزیكت لەگەڵ د.كازم نەبووە، بەزۆر كەسمان لەهاوڕێكانی وتووە ئامادەنین لەسەری هیچ بڵێن، كازم لەدۆخێكی خرپدایە… دكتۆر ٧٢ كاتژمێری بۆ داناوە ئەگەر لەم ٧٢ كاتژمێرەدا نەمرێت… ئەگەری ژیانی بەهێزە». عەلی حەمەساڵح هەروەها نووسیویەتی:» وردەكاری دۆسیەكەیان پێیوتم، لەوە نیگەران بوون وتبوویان كوڕەكەیان رۆشتووەتە ئەوروپاو موچەش وەردەگرێت، قەناعەتیان پێهێنام بۆ نەخۆشیەكەی، دواتر لەگەڵ دایكی و براكانی د.كازم لەسلێمانی دانیشتین (جارێك بەتەنیاو جارێك لەگەڵ كاك سۆران عومەر) زۆر بەڵگەو نووسراویان پیشانداین». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، تائێستا ئەوە پشتڕاستبووەتەوە كە د.كازم فارووق ژەهرخوارد كراوەو كەسوكارەكەشی گومانیان هەیەو بەڵگەشیان لەبەردەستدایە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارای هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچە پارەی پێویستی لەبەردەستدا نییە و چاوەڕێی بەغدایە، بەغداش بۆ دابەشکردنی مووچە ئەمڕۆ بڕیاریداوە 400 ملیار ڕەوانەی هەرێم بکات. بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی تائێستا وەزارەتی دارایی و ئابوری وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دیارینەکردووە، بۆ دابەشکردنی مووچەش چاوەڕێی گەیشتنی ٤٠٠ ملیارەکەی بەغدا دەکەن تا دەست بەدابەشکردنی بکەن. مانگانە بەغدا بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم 400 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات بۆ ئەم مانگە هێشتا ڕەوانەی نەکردووەو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردوە ئەو پارەیە خەرج بکات.
هاوڵاتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغێکی گرنگی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ پیدرۆ مارتینیز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و خولیان گارسیا ڤاڵڤێرد خاوەنی کۆمپانیای کونسوڵ ترانسی ئیسپانی، گفتوگۆیانکرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و بەشداری کۆمپانیا ئیسپانییەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم. بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان خراوەتە بەرباس و کۆمپانیا ئیسپانییەکەی جێبەجێکاری پرۆژەکە دڵنیایی داوەتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی کەڵکی ئابووری پرۆژەکە تەواو دەکەن، کە قۆناغێکی گرنگی پرۆژەکەیە و راپۆڕتی کۆتاییش پێشکەشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکەن. ھاوکات ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی، جێبەجێکردنی پرۆژەکە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوو کاری ھاوبەش و پرۆژەی زیاتر بۆ خزمەتی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت
هاوڵاتی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە بڕیارە عێراق و تورکیا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆی تەکنیکی بکەن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیواکان بۆ چارەسەرێکی خێرا کەمن. ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، گفتوگۆی هونەری نێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هەفتەی داهاتودا دەستێدەکات. ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە، دەڵێت، ئەم هەنگاوە بە مانای ئەوە نایەت بەمزوانە دەستدەکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆیە لەسەر ئاستی باڵا. ڕاشیگەیاند، ماوەی 80 ڕۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا ڕاگیراوە و زیانەکەشی گەیشتوەتە دوو ملیار دۆلاری ئەمەریکی. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ژوری نێوبژیوانی نیودەوڵەتی سەر بە دادگای پاریس بڕیاریدا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە نادەستورییە و لە دوای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکی ڕاگیرا. پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی چاککردنی بۆرییەکانەوەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی مانگی شوبات زیانی بەرکەوتووە لەم بارەیەوە بەرپرسێک لە کۆمپانیای وزەی دەوڵەتی تورکیا BOTAS بە ڕۆیتەرزی وتووە ،بۆرییەکە پێویستی بە پشکنینی تەکنیکی زیاترە پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە و لە ڕۆژانی داهاتوودا تێبینیەکان سەبارەت بە دۆخی بۆرییەکە بڵاودەکرێتەوە. تورکیا لە ساڵی 2014ەوە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی جیهان بکات و بەو هۆیەوە دادگا بڕیاریدا کە پێویستە تورکیا بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات کە سەربەخۆ ڕێگەی داوە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەبکات.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی پەسندکردنی بودجەی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پێشوازى لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكهوتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات". دەقی پەیامەکەی: پێشوازى لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵي عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكهوتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە ههموو ئهو بهڕێزانه دهكهين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد". جێگەی داخه لە گفتوگۆکانی پهرلهماندا، هەندێ له پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئهوهى ڕوويدا لهگهڵ بنهماكانى ڕێككهوتنى سياسيى هاوپهيمانيى بهڕێوهبردنى دهوڵهتدا نايهتهوه و ئهو ئاراسته و شێوهيه له كاركردن، خزمهت به پرۆسهى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات. پێويسته ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه كێشه لهسهرهكان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. دهبێ دڵنیایيی تەواو هەبێ لەوەی شايسته داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن. ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايهى نيگهرانييهكى قووڵه و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییهى سهلماند كه دابهشبوونى لايهنه كوردستانييهكان زيان به ههرێمى كوردستان دهگهيهنێت. وێڕاى ئهمهش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئهمه بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 2023/6/13
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لەسبەینێ چوارشەممەوە پلەکانی گەرما رو لەنزمبونەوە دەکەن بەجۆرێک لە لەسەنتەری پارێزگاکان (3-4) پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان (4-6) پلە نزم دەبنەوە. بەشی پێشبنییەکانی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند "سبەى چوارشەممە ناوچەکەمان نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بەخۆوە دەبینێت، ئاستى دابەزینى پلەکانى گەرما بەتایبەت بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەنتەرى پارێزگاکان (3-4) پلە وە لە ناوچە شاخاوییەکان (4-6) پلە نزم دەبێتەوە، ماوەى ئەم نزمبوونەوەیە چەند رۆژێک بەردەوامى دەبێت، لەگەڵ نزبوونەوەى پلەکانى گەرما پێشبینى کەمبوونەوەى تۆزو خۆڵ هەیە". سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ کەمێک زیادبوونی خیرایی با. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 37 پلەی سیلیزی سلێمانی : 35 پلەی سیلیزی دهۆک : 35 پلەی سیلیزی کەرکوک : 39 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 36 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 24 پلەی سیلیزی زاخۆ : 36 پلەی سیلیزی سۆران : 32 پلەی سیلیزی گەرمیان : 40 پلەی سیلیزی
هاوڵاتی کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتەئاراوە،بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە. کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەرەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی. کەجەکە وتیشی، " بە گوێرەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ رێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو. بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لە سەر رێبەرمان زیاتر دژوارکرا. لە سلێمانی بە کوشتنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو کە ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە. پێویستە کە لە دژی ئەو هێرشانە لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە رایدەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین."
هاوڵاتی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە، ٢٢ سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سەنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە ١١ی ئەم مانگەدا لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە هێلیکۆپتەرێکیانەوە ٢٢ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. راشیگەیاند، لە ئێستادا سەربازەکان چارەسەر وەردەگرن و ١٠ کەسیان تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و وتی، لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە.
ئێران دەستی بە تۆپبارانی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و سەرچاوەکانی هەواڵی ئەو بەشە لە کوردستان ئاماژەی بەوە دەکەن سوپای پاسداران لەشێوەی لەشکرکێشی جموجۆڵەکانی زیاد کردوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە: سوپای پاسدارانی ئێران لە 24 کاتژمێری رابردودا ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆپباران کردوە و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی ئەو شارانە کردوە. رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە کە دوێنێ دووشەممە سوپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ لە نێوان شارەکانی سەوڵاوا و روانسەر و پاوە-ی بە چڕی تۆپباران کردوە و دواتر هێزی زۆری سەربازیی بۆ ئەو ناوچانە گواستوەتەوە. رێکخراوەکە رایگەیاندوە؛ رون نەبوەتەوە کە هیچ جۆرە پێکدادانێکی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزێکی دیکەی سەربازیدا روی دابێت تەنها لەگەل بۆردومان و تۆپباراندا چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناوچەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێم گوازراوەتەوە. باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵات پێکدادانە لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو شەڕەدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (خۆکوژ) هێرش کراوەتە سەر سێ ناوچەی شاخاویی نزیک شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا. پێشتر رۆژنامەی هاوڵاتی لە زاری سێ سەرچاوە لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردبوەوە کە سوپای پاسداران لە ماوەی هەفتەی رابردودا دەستی کردوە بە جموجۆڵی سەربازیی و سەکۆی موشەکیی لەو ناوچانەی رۆژهەڵات جێگیر کردوە کە سنوریان بە هەرێمی کوردستانەوەیە.
